بڕیارە بەپێی ڕێکكەوتنی ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق تاوەکوو ٣٠ ئەیلوول هێزەکانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بە یەکجاری پاشەکشە لە عێراق بکەن، ئەوکات لەوانەیە هەلێکی زێڕین لە پێشوازیی ڕێکخراوی داعش بێت بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنانە. ئاخر هێشتا هێزەکانی هاوپەیمانان ناوچەکانی عێراقیان بەجێ نەهێشتوە، داعش لێرە و لەوێ دەستیان بە جووڵە کردووە، ڕۆژانە چالاکی و پەلامارەکانیان ڕووی لە زیادبوون کردووە. داعش وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی جیهانی، کە سنووریان بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانیان نەهێشتووەتەوە، مەترسییان بۆ جیهان دروست کردووە، ئەوەش بە کردەوە قێزەونەکانیان لە کوشتن و بڕین و وێرانکردن و هەوڵی ڕووپۆشکردنی جیهان بە تەمێکی لێڵ و جەهل.
ئەمە پێشتر وای کرد هاوپەیمانەتیەکی نێودەوڵەتی دژیان دروست ببێت و ڕێگە لە کردەوەکانیان بگیرێت، کە ئەمەریکا سەرکردایەتیی دەکات، کوردیش لەو هاوپەیمانەتییە جیهانییە پشکی شێری بەرکەوت لە تێکشکانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، زۆرترین خوێنی بەخشی، چونکە داعش لە چەند ڕۆژێکدا و لە سەرەتای سەرهەڵدانیان ڕووبەرێکی فراوانیان لە عێراق و سووریا کۆنتڕۆڵ کرد و چی چەک و تەقەمەنی و ئیمکاناتی سوپای عێراق و سووریا هەبوو کەوتە چنگیان، وەکوو گرووپێکی بەهێز لە جیهان هاتنە مەیدان و دوژمنایەتیی خۆیان بۆ دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانیش خستەڕوو، بە تایبەتی دژی هەرێمی کوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستان.
بەڵام هەر زوو خۆیان لە بەرامبەر قارەمانی و بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی تێکۆشەری کوردستان بینی و وەک شوورایەکی پۆڵاین لە بەرامبەریان وەستان، بە جۆرێک لە شەڕی بەرگرییەوە چالاکیی پێشمەرگە گۆڕا بۆ ڕزگارکردن و پاکكردنەوەی نیشتمان لە شەمشەمەکوێرە داعشییەکان. بە شێوەیەک کە ئەمەریکا وەک سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، مژدەی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند و کورد و پێشمەرگەی وەک سەرەکیترین هاوپەیمان هەژمار کرد لە تێکشکاندنی داعش لە عێراق و سووریا.
بەڵام دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە موئامەرەیەکی جیهانی و ناوچەیی و پاشەكشەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی لە چنگی داعش دەری هێنابوون، بۆشاییەکی ئەمنی دووبارە ناوچەکەی گرتەوە و ناوچەكە بۆ تەراتێنی داعش فەراهام بووەوە، بە جۆرێك ئێستاش چالاکی و جموجۆڵیان هەیە و ناوبەناو خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.
هەر لە دوای ئەوەی سوپای عێراق ناوچەکانی کۆنتڕۆڵ کردەوە و حوکمی سەربازیی سەپاندە سەر ناوچەکە، داعش سوودی لە نەبوونی پێشمەرگە بینی و گەڕانەوە ناوچە دابڕێنراوەکان و دووبارە خۆیان ڕێکخستەوە، بە جۆرێک ئێستا ئیدارەدانی ئەمنیی ئەو ناوچانە پێویستی بەوە هەیە لێکتێگەیشتن لەنێوان سوپای عێراق و پیشمەرگەی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی دووبارە نەهامەتی ڕوو لە ناوچەکە نەکاتەوە، واتە پێویست دەکات هێزی پێشمەرگە ڕێگەی پێ بدرێت بە شێوەی فەرمی بگەڕێتەوە و هەماهەنگی لەنێوان سوپا و پێشمەرگەدا هەبێت، هاوکاریی پێشمەرگە لە پێداویستیی لۆجستی بکرێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسییەکانی سەر ناوچەکە بڕەوێنرێتەوە.
ئیستا داعش سەرەڕای ئەو چەكدارانەی لە ناوچە دابڕێنراوەکان مۆڵی داون، شانەی نووستووی لە شارەکانیشدا ڕێکخستووەتەوە، ئەو ناوچانەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، کە بۆشایی ئەمنیی لێ دروست بووە، ژمارەیەکی زۆر لە شانەی نووستووی لێ مۆڵ دراوە کە زۆربەیان لەژێر ناوی شوانی و مەڕلەوەڕێن و کاسبی لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک و دووزخورماتوو و دوبز خەواندووە و لە کاتی پێویست دەست بەفەرمان دەبن و ئەو کات دۆخەکە بەرەو لێواری غلۆربوونەوە هەنگاو دەنێت.
بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراقی ئەو ڕاستییە باش بزانێت، کە سوپاکەی هەمان ئەو سوپایەیە، کە لە ئان و سات ناوچەیەکی فراوانی بە هەموو ئیمکاناتەکەیەوە ڕادەستی چەکدارانی داعش کرد، ئێستاشی لە گەڵدا بێت حاڵی لەو کاتە باشتر نییە و بگرە خراپترە، دوژمنایەتیکردنی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دژ بە داعش لە لایەن گرووپ و ملیشیاكان و هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانان، بۆشاییەکەی فراوانتر کردووە، بە جۆرێک ئەگەر پێشمەرگەی لێ نەبێت، ئەمجارە داعش هەنگاوی وردتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە ئەنجام دەدەن و کارەساتی گەورەتر بەسەر خەڵک و ناوچەکە دەهێنن.
دەبێ حکوومەتی عێراق عەقڵانیتر لە بابەتەکە بڕوانێت لە چارەسەرکردنی بۆشاییە ئەمنیەکەی کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دروست بووە لە غیابی پێشمەرگە، دەبێت هەرچی زووترە پێشمەرگە بە هەماهەنگیی سوپای عێراق ناوچە گومانلێکراوەکان پاک بکەنەوە و مەترسیی داعش لەسەر ناوچەکان نەهێڵن، ئەوەش بە ڕێكکەوتنێک دەبێت بە هەڵگرتنی هێزی سەربازی لەسەر شار و ناوچەکان گەڕانەوە دۆخی شارستانی بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش لە سەرجەم ئەو شوێنانەی ئەرکیان پێ سپێردراوە.



