شیکاریی بۆ ڕەشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان
کاری ڕێکخراوەیی و چالاکوانی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، لوتکەی بەرپرسیارێتیی مەدەنی و ئەخلاقییە. ئەرکی سەرەکیی بزووتنەوە مەدەنییەکان پڕکردنەوەی ئەو درز و کەلێنە کۆمەڵایەتی و کارگێڕییانەیە، کە لەنێوان تاکەکان و دەسەڵاتە گشتییەکاندا بوونیان هەیە، واتە بوون بە پرد و دەنگی بێدەنگان. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری مافی مرۆڤدا، بریتیین لە هەموو ئەو ناوەندە سەربەخۆ و نەبەستراو و ناپیشەیییانەی کە لە دەرەوەی ڕکێفی دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتە گشتییەکان و کەرتی بازرگانیدا کار دەکەن، بە مەبەستی پاراستنی شکۆی مرۆڤ و بەهێزکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان و بەدۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان و چەسپاندنی دادپەروەریی ئەم ڕێکخراوانە وەکوو پردێکی هۆشیارکەرەوە لەنێوان هاووڵاتیان و ناوەندەکانی بڕیاردا ڕۆڵ دەگێڕن، تاوەکوو لە ڕێگەی چاودێریکردنی ڕەفتاری دەسەڵات، داڕشتنەوەی یاسا دادپەروەرەکان و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتیی و سەروەریی یاسا بپارێزن و ببەنە بەربەست لە بەرانبەر زۆرداری و زەوتکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتیمان لە ئاستی ناوەخۆیی و دەرەکیدا.
پووکانەوەی کاریگەریی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان و پارادۆکسی بەجیهانیبوون و هاوردەکردنی مۆدێلە دەرەکییەکان
کەمبوونەوەی کاریگەریی ڕاستەقینەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەنجامی ڕاستەوخۆی دابڕانی ستراتیجیی ئەم دامەزراوانەیە لە پێداویستییە کۆمەڵایەتییە ڕەسەنەکان و لۆکاڵییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی. ئەم ڕێکخراوانە، لەبری ئەوەی ببنە هێزێکی خۆماڵی ڕەگداکوتاو، کە لە هەناوی کولتوورو دابونەریت و ناخی کۆمەڵگەی لۆکاڵییەوە سەرچاوە بگرن، لەبری ئەوەی مەعریفەی کوردی هەناردە بکەن، بە ئاگایانە بووبێت، یان نائاگایانە خەریکی هاوردەکردنی کولتووری ئەوانیدی بوو. ئەمەشوایکردووە، کە سەربەخۆیی فکریی خۆیان لەدەست بدەن و توانای بڕیاردانی ڕەسەنی مەدەنییان نەمێنێت.
ئەم دابڕانە جەوهەرییە وایکردووە جەماوەری کورد ئەم ڕێکخراوانە وەکوو “پێکهاتەیەکی نامۆ لە هەناوی پەیپەری کۆمەڵایەتیدا ببینن، نەوەکوو وەکوو نوێنەری ڕاستەقینەی خواستەکانیان. کاتێک کاری مەدەنی لە “نوێنەرایەتیکردنی قووڵایی خەمە جەماوەرییەکان”ەوە دەگۆڕێت بۆ هاوردەکردنی بیرۆکەی دەرەکی “پیشەگەریی بازرگانیی ڕۆژانە” و هۆکارێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مۆدێلە ڕووکەشەکانی بەجیهانیبوون، متمانەی گشتیی لەنێوان تاک و ئەم ناوەندانەدا تووشی داڕمانی تەواوەتی دەبێت و توانای کاریگەرییان لەسەر کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەتاوەکوو دێت بەرەو لێژی دەچێت.
لەنێوان بە جیهانیبوونی ساختە و ڕەسەنایەتی چالاکوانی مافی مرۆڤ
لە سەردەمێکدا، کە چەمکی “مافی مرۆڤ” بووەتە زمانحاڵی گشتیی و پێوەرێکی سەرەکی بۆ دادپەروەری و تێڕامان لە ئاراستەی کارکردنی چالاکوانان لە کوردستاندا، پرسیاری ڕیشەیی و نیگەرانییەکی قووڵ دەوروژێنێت.
دیار نییە کێ ئەم تێگەیشتنە چەواشەکەرەی ڕاهێناون، کە بەرگریکردن لە «کوردستان»، یان نەتەوە و خاک و ڕەسەنایەتی و ناسنامە تاوانە. لە کاتێکدا لە ڕوانگەی فەلسەفەی مافی گەلانەوە، بەرگریکردن لە نیشتیمان و پاراستنی قەوارەی گوند و گەڕەک و شار، بنەڕەتیترین ئەرک و بەرپرسیاریەتیی شەرعی و ئەخلاقییە.
چونکە ڕاستییەکی نەگۆڕ هەیە: مافی مرۆڤ سەرەتا لە خاکی پارێزراو و سەرپۆشراوی تاکەوە سەرچاوە دەگرێت و گەشە دەکات، پاشان بەرەو ئاسۆیەکی جیهانیی گەورەتر پەڕگیر دەبێت. کەچی لە گۆڕەپانی کردەیی ئەمڕۆی کوردستاندا، دیاردەیەکی نامۆ دەبینین: چالاکوانێک ئامادەیە دەیان وۆرکشۆپ و سیمینار لەسەر یەک کەیسی ئاوارەیەک بەڕێوە ببات، یان کێشەی سەد ساڵەی پیش ئێستای کەمە نەتەوایەتییەکان بوروژێنیتەوە لە کوردستان. کەچی لە هەمان کاتدا، ئامادە نییە بچووکترین هەڵوێستی هەبێت، یاخود لێدوانێک لەسەر داگیرکردنی خاک و تێکدانی زمان و وێرانکردنی کولتوورو سڕینەوەی سیستەماتیکی نەتەوەیەک بدات. ئەم جۆرە لە پرسیاری مرۆیی لەسەر بێلایەنی و ڕەسەنایەتیی ئەم ڕێکخراو و تاکی چالاکوانە دروست دەکات. کورد بەشیکە لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بۆ تۆی چالاکوانی مافی مرۆڤ پێت وایە ناسیۆنالیستی و شۆڤینیزمی کار بۆ نەتەوەکەت بکەی؟ چالاکوانانی مافی مرۆڤی کورد کەوتۆنەتە ژێرکاریگەری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناو کۆڵۆنیالیزم.
پرسی داكۆكیكردن لە مافەکانی مرۆڤ و خەبات لەپێناو دۆزی نەتەوەییدا، هەمیشە یەکێک بووە لە بابەتە سەخت و هەستیارەکان. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت، کە هەموو چالاکوانێکی مافی مرۆڤی کورد لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن لە مافە سەرەتایی و نەتەوەییەکانی خۆیدا بێت، بەڵام زۆرجار دەبینین هەندێک لەم کەسایەتیانە لە ئاست پرسی نەتەوەیی خۆیاندا بێدەنگن، یان بە شێوازێکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. تێکەڵکردنی چەمکی مافی مرۆڤ لەگەڵ بێلایەنیی وایکردووە، بەشێک لە چالاکوانان بەهۆی ترسی تۆمەتبارکردنیان بە شۆڤینیزم و فاشیزم، یان بە بیانووی ئەوەی «مافی مرۆڤ بابەتێکی گەردوونییە و نابێت بخرێتە چوارچێوەی نەتەوەییەوە»، دەستبەرداری بەرگری لە گەلی خۆیان ببن، ئەم بێدەنگییە تەنیا لێکەوتەی خۆبەکەمبینی نییە، بەڵکوو زادەی کاریگەریی بازاڕی سیاسی ئازاد و نیولیبرالیزم و ئایدۆلۆجیای هاوردەیە، کە مافەکانی کورد لە چەمکی ئاسایی هاووڵاتیبوون لەناو ناوەنددا کورت دەکاتەوە و مافی سەربەخۆی نەتەوەیی فەرامۆش دەکات، ئەم نامۆبوونە فکری و ئایدۆلۆجییە وایکردووە، چالاکوانان بەرانبەر داگیرکاری و پێشێلکارییە سیستەماتیکەکانی ڕژێمەکانی دەوروبەر بێدەنگ ببن، لە کاتێکدا کێشەی بنەڕەتیی کوردستان نەبوونی کولتوری پێکەوەژیان، یان ئاشتی نییە. بەڵکوو کێشەی داگیرکاری و زەوتکردنی سەروەریی سیاسییە. لەبەر ئەوە، ئەرکی ڕاستەقینەی کاری مەدەنی و مافی مرۆڤ ئەوەیە، کە نیشتیمانپەروەری و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بباتەوە سەرووی هەموو ئەولەویەتێک و لەبری خۆخەڵەتاندن لە ناوخۆدا، دەنگی ڕەوای مافی مرۆڤ بەرانبەر ناوەندەکانی داگیرکاری و جیهان بڵند بکاتەوە.
ئەم ڕەفتارەی هەندێک چالاکوانە، کە لە بەشداریکردن لە بۆنە نەتەوەیی و نەریتییەکان خۆیان دەپارێزن و پێیان وایە بەمە جیهانییانە و پێشکەوتووخوازانە بیر دەکەنەوە، لە ڕوانگەی شیکاریی سیاسی و کۆمەڵناسییەوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دیاردەی «نامۆبوونی فیکری» (Intellectual Alienation) و دابڕانی مەعریفی. ئەم توێژە لەبری ئەوەی بەپێی واقیعی ناوچەکە پۆلێنکردن بۆ چەمکەکانی مۆدێرنێتە و مافی مرۆڤ بکەن، تێگەیشتنێکی ڕووکەشانەیان بۆ جیهانگیری وەرگرتووە؛ بەجۆرێک، کە پاراستنی ناسنامە و کارکردن بۆ داواکارییە ڕەواکانی نەتەوەیەکی ستەملێکراو بە پاشەکشەی فیکری دەبینن. لە هەمان کاتدا، نابینابوونیان بەرامبەر مێژووی دوورودرێژی داگیرکاری، قەدەغەکردنی زمان و سڕینەوەی کولتوور و زەوتکردنی خاک، جۆرێک لە «خۆبەکەمبینینی سایکۆلۆجی»ی بەرهەمهێناوە، کە بەهۆیەوە بەهاداری و مافداریی نەتەوەی خۆیان لەبەرچاو دەکەوێت.
پارادۆکسی سەرەکیی ئەم ڕەفتارە لەوەدا دەردەکەوێت، کە هەمان ئەم چالاکوانانە ئامادەن پانتاییە گشتییەکان بۆ دۆزی پێکهاتەکانی دیکە، یان ململانێ مێژووییە کۆنەکان بپۆشن و بەرگرییان لێ بکەن وەکوو کێشەیەکی هەنووکەیی زیندوویان دەکەنەوە، بەڵام بەرانبەر ئەو ستەمە پێکهاتەییەی لە لایەن دەسەڵاتە هەژموونگەرا دەرەکییەکانەوە بەسەر کورددا دەسەپێندرێت بێدەنگی هەڵدەبژێرن. لە بەرانبەردا، چالاکوانانی نەتەوە باڵادەستەکانی وەکوو تورک و فارس و عەرەب، بەبێ دوودڵی لەژێر چەمکی “نیشتیمانپەروەری”دا هێما و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیان دەپارێزن. ئەم ڕەوتە نیشانەی ناتێگەیشتنێکی قوڵە لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، چونکە جیاکردنەوەی دۆزی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت لە خەباتی مافی مرۆڤ و دابڕان لە ڕەمزە کولتوورییەکانی وەکوو جلوبەرگی نیشتیمانی نەوکوو هەر مۆدێرنێتە نییە، بەڵکوو تەسلیمبوونە بەو هەژموونە کولتوورییەی کە هەوڵی بەتاڵکردنەوەی نەتەوە ستەملێکراوەکان دەدات لە ڕەگوڕیشەی ناسنامەکەیان.
بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە خۆم بەکەم زانینەی چالاکوانانی مافی مرۆڤی کوردستان، پێویستە چەند ڕەهەندێکی فیکری و دەرونی هەڵسەنگێنین:
١. ڕەهەندە فکری و دەروونییەکانی خۆبەکەمزانینی چالاکوانان: یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکان، هاوردەکردنی دەستکردانەی ئەو بابەت و چەمکانەیە وەکوو «جێندەر» و «پێکەوەژیانی ئاشتییانە» و «برایەتی»، کە لە بنەڕەتدا کێشەی ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردستانی نین. دروستکردنی ئاریشە لە شوێنێکدا، کە بارودۆخەکە ڕەوانە و کێشەی ئاوا بوونی نییە، تەنیا خزمەت بە تێکدانی هاوسەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ڕاستەقینە دەکات. لەجیاتی ئەوەی ئەم ڕێکخراو و چالاکوانانە ڕووی دەنگ و داواکارییەکانیان بکەنە بەغدا و ئەنقەرە و تاران، کە ناوەندی ڕاستەقینەی داگیرکاری و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤن. دێن لە کوردستانێکی داگیرکراودا باس لە برایەتی و پێکەوەژیاندەکەن، کە ئەمەش هاوکێشەکە بە تەواوی سەراوژێر دەکات و هۆشیاریی نەتەوەیی بەلاڕێدا دەبات.
٢. دەستنیشان نەکردنی کێشەی ڕاستەقینە: چالاکانی مافی مرۆڤ بەشیكی زۆریان لە کوردستان زۆرجار لەسەر بنەمای «پڕۆژە و بودجەی دەرەکی» و لە چوارچێوەی فۆڕماتێکی ئامادەکراودا گۆشکراوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە تێگەیشتنێکی تەسک وتەنگەبەری بۆ مافی مرۆڤ هەبێت و تەنیا وەکوو خزمەتگوزارییەکی مرۆیی، یان کارێکی تەکنیکی سەیری بکات، کە ڕێکخراوی پارەبەخش ئامانجیەتی نەوەکوو خۆی وەکوو بزووتنەوەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ پاراستنی بوونی مرۆڤ لەسەر خاکی خۆی چ کیشەیەکی ڕاستەقینەی هەیە.
٣. ترس لە تێچووی سیاسی و بەرژەوەندیی کەسی: بەرگریکردن لە مافی تاکی ئاوارە، یان چەمکە گشتییەکان، زۆر جار هیچ مەترسییەکی سیاسیی ڕاستەوخۆی نییە و دەکرێت ببێتە مایەی بەدەستهێنانی ناوبانگ، یان سەرچاوەی دارایی. بە پێچەوانەوە، بەرگریکردن لە زمانی دایک و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری، «تێچووی بەرزی سیاسی» هەیە. لێرەدا، چالاکوان لەجیاتی ئەوەی ببێتە دەنگی زۆردارلێکراوان، دەبێتە بەشێک لە سیستمی بێدەنگکردن.
٤. شەرمکردن لە بەرگریی نەتەوەیی؛ لادان لە مافی مرۆڤ: مرۆڤ ناتوانێت بەبێ هێلانە خاک و ناسنامە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بپارێزێت. چۆن دەکرێت بە ناوی مافی مرۆڤەوە باسی ئازادی و مافی ژیان بکرێت، بەڵام بەرانبەر بڕینەوەی ڕەگ و ڕێشەی نەتەوەیەک لەسەر خاکی باوباپیرانی بێدەنگی هەڵبژێردرێت؟ وەکوو بڵێی هاوزمان و نیشتیمان و هاوماڵەکەی خۆی مرۆڤ نەبن و شایان بەداکۆکیکردن نەبن.
پشتگوێخستنی خاکی کوردستان؛ لادان لە دادپەروەریی ڕاستەقینە
پشتگوێخستنی خاکی کوردستان و زمان و فەرهەنگە ڕەسەنەکەی لەژێر پەردەی «مافی مرۆڤی گشتگیردا»، لە ڕاستیدا داماڵینی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی دادپەروەری و داڕنینی مرۆڤە لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی، چونکە مێژووی هاوچەرخی کوردستان گەواهی ئەوە دەدات زۆربەی بیرۆکە هاوردەکراوەکان لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتکردنی ناوەندە دەسەڵاتدارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان داڕێژراون، نەوەکوو بۆ بەرژەوەندیی گەلێکی بێدەوڵەت. لەم نێوەندەشدا، بەشێکی شەپۆلی ڕێکخراوە دەرەکییەکان لەبری بەهێزکردنی ئەو پێکەوەژیانە ڕەسەنەی کۆمەڵگەی کوردی بە درێژایی سەدان ساڵ بەرجەستەی کردووە، دەستیان دایە پیشەسازیی کێشە دروستکردن و گومان چاندن لەسەر کولتوری لێبوردەی کورد، لە کاتێکدا فەلسەفەی زانستیی کاری مەدەنی و مافی مرۆڤ لەسەر بنەمای «ناوچەی لۆکاڵییەوە دەست پێدەکات». مەحاڵە کەسێک نەتوانێت بەرگری لە هاونیشتیمانیی ژێردەستەی خۆی بکات، بەڵام ببێتە نوێنەری دادپەروەری لە جیهاندا. لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنەگرتن لە هاوردەکردنی کوێرانەی مۆدێلە دەرەکییەکان دژایەتیکردنی مافی مرۆڤ، یان دابڕان لە جیهانی هاوچەرخ نییە، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ «سەروەریی کولتوری» و هەبوونی «پاڵێنەرێکی فکریی بەئاگا»، تاوەکوو توانای وەرگرتنی زانست و ئامرازەکانی پێشکەوتن هەبێت بەبێ توانەوە لەناو کلتوری زاڵدا، چونکە مۆدێرنێتەی ڕاستەقینە ئەوە نییە، کە ببێتە سێبەری نەتەوە زلهێزەکان، بەڵکوو ئەوەیە، کە زمانی دایک و کولتوری ڕەسەنی خۆت بکەیتە ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری، لەبەر ئەوەی کاڵبوونەوەی ئینتیمای نەتەوەیی و توانەوەی نەرم، مەترسیدارترین و بێدەنگترین جۆری لەناوبوونی نەتەوەییە.
بەرەو چەمکسازییەکی نیشتیمانی بۆ کاری مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ
خۆداڕشتنەوەی نیشتیمانیی کاری مەدەنی و پرسی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا، پێویستی بە وەرچەرخانێکی زانستی و ڕیشەیی و هاوسەنگکراو لەگەڵ پێکهاتەی فەرهەنگیی کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە. چالاکوانی هوشیار و سەرکەوتووی مەدەنی، ئەو ئەکتەرە جڤاکیەیەیە، کە لە هەناوی کێشە ڕەواکان و گەنجینە کولتوورییەکەی نەتەوەکەی خۆیدا گەشە دەکات، کە کەسێک دەتوانێت پرەنسیپە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ واقيعی ئازارەکان و پێداویستییە هەنووکەیییەکانی گەلەکەی بگونجێنێت، نەوەکوو ببێتە ڕێڕەوێک بەبێ ئاگایی بۆ گواستنەوەی مۆدێلی هاوردەکراو و داسەپێنراوێک، کە لە ئاکامدا، خزمەت بە سڕینەوەی ناسنامەی سەربەخۆی نەتەوەیی بکات. بەهای ڕاستەقینەی پاراستنی ناسنامە و کەرامەتی نەتەوەیی، بەردی بناغە و جەوهەری هەموو ئازادی و مافێکە.
لەم سۆنگەیەوە، چالاکوانانی کورد نەوەکوو هەر دەبێت بە بوێریییەوە بەرگری لە مافە زەوتکراوەکانی گەلەکەیان بکەن لە بەرانبەر داگیرکردنی خاک و قەدەغەکردنی زمانی دایک و سڕینەوەی کولتور و پۆشاکی ڕەسەن، تاوەکوو دەگاتە ڕێگری لە بۆنە نەتەوەییەکان، بەڵکوو دەبێت ببنە داینەمۆیەکی چالاک بۆ قەناعەتبێژکردنی دامەزراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بەوەی، ئەگەر لە بانگەشەکانیاندا ڕاستگۆن، ئەوا کوردستان گۆڕەپانی سەربەخۆ و ڕاستەقینەی خەباتی مافی مرۆڤە. لەسەر ئەم خاکە، هەموو ڕەهەندەکانی پێشێلکاری لە داگیرکاریی نیشتیمانییەوە تاوەکوو دابڕینی منداڵان لە خوێندن بە زمانی دایک و کۆچپێکردنی زۆرەملێ پەیڕەو دەکرێن.
لەم ساتەوەختە مێژوویییەدا، پێویستییەکی حەتمی هەیە بۆ داڕشتنەوەی کاری مەدەنی لە هەناوی کۆمەڵگەدا، تاوەکوو چیدیکە سەنگەری مافی مرۆڤ بۆ لاوازکردنی گیانی بەرگری نەتەوەیی نەقۆزرێتەوە، بەڵکوو ببرێتە ئاستێک، کە داواکارییە نەتەوەییەکان بکاتە بەشێک لە ئەجێندای گشتگیریی جیهانی. ئەمە بەرزترین ئاستی تێگەیشتنە لە ئینتیمای نیشتیمانی و مافەکانی مرۆڤ.
ئەگەرچی ناتوانرێت هەوڵی ئەو چالاکوان و ڕێکخراوانە فەرامۆش بکرێت، کە لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بوونەتە دەنگی ڕاستەقینەی کێشەکانی نەتەوەکەمان، بەڵام ئەم ڕەوتە هێشتا دەنگێکی کزترە لەو ئاڕاستە زاڵەی کە جەوهەری پرسی نەتەوەیی فەرامۆشکردووە. لەمەودوا کاتی ئەوە هاتووە مۆدێلێکی نوێی کارکردن لە گوند، گەڕەک و شارەکانمانەوە دەست پێ بکات. مۆدێلێک، کە تێیدا هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنی و نێودەوڵەتی، لە فلتەری بەرژەوەندی و ناسنامەی نەتەوەییدا بپەڕێنرێتەوە.
لە کۆتاییدا، ئەم جووڵە و کارکردنە خۆڕسکە جەماوەرییە دەبێتە هەوێن و دەستپێکێک بۆ بەگەڕخستنەوە و گەرموگوڕکردنەوەی کاری ڕێکخراوەیی لە قووڵایی کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەم ئاڕاستەیە، بۆ ئاستێک کێشە و داواکارییە ڕەواکانی کۆمەڵگە سەر دەخات، کە دەنگیان دەگەیەنێتە بەرزترین ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
لە دەرئەنجامی ئەم وەرچەرخانەدا، کاری ڕێکخراوەیی دەبێتەوە بە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی کۆمەڵگە و وەکوو دەسەڵاتێکی کاریگەر و سەربەخۆ ڕۆڵی خۆی لە ڕاییکردن و پاراستنی مافەکاندا دەگێڕێت، دەبێتەوە بە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەکیدا. بێگومان دوای ئەم هەنگاوە خۆڕسکانە، پێگە و تەوژمی کاری ڕێکخراوەیی دەگاتە ئاستێک، کە دەسەڵاتە گشتییەکان ناچاری ئەوە دەکات، تاوەکوو هاوتەریب و لەسەر ئاستێکی بەرز مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، کە ئەمەش کاریگەری و سەنگێکی نوێ بە کاری ڕێکخراوەیی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان دەبەخشێتەوە.



