ناسیونالیزم وەکوو هزر و بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی، ئامانجی دەوڵەت و سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەییە. یەکێک لە بنەڕەتیترین ئەو ئامرازانەش بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە، هێنانە کایەی هەستی هاوبەشی نەتەوەیی و لە پێشینەگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەییە بەسەر هەموو هەست و بەرژەوەندییەکانی دیکە. ئەمەش پێویستی بە هۆشیاریی نەتەوەیی هەیە. بۆیە، ئەو نەتەوانەی کە کۆمەڵگەیەکی شاریی پێشکەوتوو و تازەگەریان هەیە و خاوەن دەوڵەتن و بە پڕۆسەی نەتەوەسازی و نیشتماسازیدا تێپەڕیون، تا ڕادەیەکی باش ئەم ئەرکە سووکە بۆیان، بە هۆی بەرزی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و هاوکات لاوازی هەست و دڵبەندییە لاوەکی و نەریتییەکان. بەڵام بۆ نەتەوەیەکی وەکوو کورد، بارەکە زۆر قورسە، چ بە هۆی نەریتیبوونی کۆمەڵگەی کوردستانی، چ بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەر، بە ئامانجی لاوازکردنی هەستی نەتەوایەتی لای تاکی کورد و سەرقاڵکردنی بەو هزر و ئایدۆلۆجیایانەی، کە خزمەت بە هێشتنەوەی داگیرکاریی ئەوان و ژێردەستەیی زیاتری کورد دەکات.
لەم سۆنگەیەوە، لەم وتارەدا هەوڵدەدەن باس لە سێ بەربەستی بەردەم ناسیونالیزمی/نیشتمانپەروەریی کوردی/کوردستانی بکەین؛ ئەوانیش “خێڵەکییبوون” و “چەپبوون” و ئیسلامییبوونە”. ئەمەش لە سۆنگەی ئەو گۆڕانکارییە نەرێنی و پاشەکشەیەی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان، بەڵام مەبەستی ئەو وتارە قسەکردن نییە لەسەر دەستنیشانکردنی هەموو هۆکار و ڕەهەندەکانی ئەوەی بۆچی لە ڕۆژاڤای کوردستان ئەوە ڕوویدا، بەڵکوو زیاتر مەبەست لێی تێگەیشتنە لە ئەقڵیەتی پێنەگەیشتوویی سیاسی کورد.
خێڵەکییبوون
لێرەدا، خێڵەکییبوون بریتی نییە لە جەستە و پێکهاتەیەکی نەریتی، بەڵکوو گوزارشتە لە ئەقڵیەتی نەتەوەیەک. ئەقڵی سیاسیی کوردی، ئەقڵی خێڵە نەوەکوو نەتەوە. مرۆڤی خێڵەکی نزمەفڕە و چاوەڕوانی کەمە و بە کەم قایلە، سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەبێت لەپاڵ دەوڵەتێکی داگیرکەر چیدیکەی ناوێت، بێخەم لێی پاڵدەداتەوە تاوەکوو لێی دەقەومێت. ئەوە میرنشینەکان نەبوون دژی دەوڵەتی عوسمانی وەستانەوە لەپێناوی سەروەریی و سەربەخۆیی نەتەوەییان، بەڵکوو ئەوە دەوڵەتی عوسمانی بوو، قبوڵی ئەو نیمچە سەربەخۆییەی میرنشینەکانی نەکرد و کۆتایی پێهێنان. ئێستاش ئەوە کورد نییە لەسەر داوای سەربەخۆیی کێشە دروست دەکات، بەڵکوو ئەوە وڵاتانی سەردەستن قبوڵیان نییە، کورد نیمچە سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەبێت لەژێر دەسەڵاتی ئەوان. ئەمە دوو دنیابینی زۆر جیاوازە، دنیابینی خێڵی نزمەفڕ، بەرانبەر دنیابینی نەتەوەی بەرزەفڕ.
کورد لەناو قەوارە نیمچە سەربەخۆیەکانیدا،چ لە میرنشینی کۆندا، یان هەرێم و خۆبەڕێوەبەری هەمیشە خۆی فریو دەدات، خەبات و ململانێکانی لە بەرانبەر دوژمن دەگۆڕێت بۆ هاونەتەوەکەی، چیدیکە شەڕ و خەبات بۆ ئەوە ناکەن ئەو قەوارە نیمچە سەربەخۆیە بگەیینە دەوڵەت، بەرزەفڕیان لێرەوە کۆتایی دێت، بەڵکوو هەوڵ و ململانێکانیان بۆ ئەوە دەبێت، کێ باڵادەست دەبێت بەسەر ئەو قەوارە نیمچە سەربەخۆییە، کە هیچ گرەنتیەکی ئاییندەیی نییە. ئیدی بەهۆی ململانێی ناوخۆیی، دوژمن لە بیر دەکات. وەکوو چۆن بە درێژایی چەندین سەدە، میرنشینە کوردەکان زۆر چێژیان لەو سەربەخۆییە ڕێژەییە وەردەگرت لەپاڵ دەوڵەتی عوسمانی، بەردەوام لەنێوان خۆشیان لە ململانێدا بوون، هەرگیز بیریان لە یەکانگیری نەدەکردەوە لەپێناو ئاواکردنی دەوڵەتی خۆیان. ئێستا هەمان شتە بە فۆڕمە نوێیەکە.
کورد بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی نەبووە، تەنیا میرنشینی هەبووە. کە بۆ ئێمەی کورد تەنیا شێوازێکی حکومڕانی نییە، بەڵکوو ڕیشەییەکی قووڵی سایکۆلۆجی هەیە، ڕەنگدانەوەی ئەقڵیەتی سیاسی نەتەوەیەکە، کە خواستەکەی هەر ئەوەندەیە، سەربەخۆییەکی ڕێژەیی لە پاڵ دەوڵەتێکی داگیرکار. بۆیە، کاتێک دەبینین کورد بە ئاسانی دەستبەرداری خەونی بەرەو سەربەخۆیی دەبێت، بەرانبەر کەمێک مافی کولتووری، دەبێت بزانین، ئەوە ڕیشەییەکی قووڵی نەریتی هەیە لە ئەقڵیەتی نەتەوەیەکی ژێردەستەی تێکشکاو، کە ئەزموونی دەوڵەتداری و سەرەوەری نەتەوەیی نەکردووە، سەروەریی بەلای ئەو تەنیا ئەو جوگرافیا خێڵەکییەیە، کە خۆی تیایدا فەرمانڕەوا بووە.
چەپبوون
ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوویدا، ڕەتکردنەوەی پڕۆژە و مۆدێلی چەپە. بزووتنەوەی چەپ دژایەتی سیستەمی زاڵی جیهانییە، ئەو سیستەمەی کە ئەمریکا بونیادی ناوە و سەرکردایەتی دەکات.
کورد لە ڕۆژاڤا زیاتر شەڕکەڕێکی چیایی بوون، کۆمەڵێک گەنجی بەشمەینەتی بێئەزموونی سیاسی چووبوونە چیا، لەوێ فێری هەندێک ئایدیا خۆشخەیاڵ کرابوون و هاتنە خوارەوە، پێیان وابوو دەتوانن جێبەجێی بکەن، بەبێ گوێدانە کەتواری سیاسی و سیاسەتی زاڵی جیهانیی و بەرژەوەندی هێزە باڵادەستەکان.
لەژێر پارێزبەندی ئەمریکای سەرمایەداری، خەریکی بونیادنانی سیستەمێکی چەپبوون لەسەر بنەمای هزری ئۆجەلان. هەموو ڕۆژاڤایان کردبووە وێنەی ئۆجەلان، کە لە تێزەکانی هەموو هەوڵێکی پەروەردەکردنی تاک و جڤاکێکە دژی سەرمایەداری و ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسرائیل، تەنانەت یەکێک لە چارەسەرییەکانی ئۆجەلان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە، دەوڵەتی نەتەوەیی ئیسرائیل دەبێت هەڵبووەشێتەوە، جووەکان کۆمەڵگەیەکی بێدەوڵەت پێک بهێنن و بە ئاشتی لەگەڵ ئامۆزا عەرەبە موسڵمانەکاندا بژین.
کورد دەرفەتی زۆر بوو، کە لە سووریا بگاتە هەرێمێکی فیدراڵی، وەکووهەرێمی کوردستان. وەلێ، جگە لەوەی کە خودی هەسەدە لە سەرەتاوە هەر گاڵتە و سوکایەتییان بە مۆدێلی هەرێمی کوردستان دەهات، دەیانگوت کیانێکی کۆنەپەرستانەی دەستکردی ئیپمریالیزم و سەرمایەداریە. لە بنەڕەتدا، لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجیایەکەیان، بە نزیکەیی هەر ئەوەیان دەویست، کە ئێستا ئەنجامیاندا، دژی هەموو جۆرە کیانێکی جیاکاری بوون، ئاشتی و پێکەوەژیانیان و تێکەڵبوونیان دەویست، تێکەڵیشبوون.
بەڵام جگە لەوەش، پێتان وابوو ئەمریکا و ئیسرائیل پاڵپشتی کیانێک دەکەن، کە نەوەکانی ئۆجەلان تیایدا مۆدێلێک دروست بکەن دژی دەوڵەتی نەتەوە و سەرمایەداریییە. ئەمریکا نیو سەدە جەنگی ساردی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و نیوەی جیهان کرد، تاوەکوو شکست بە مۆدێلی چەپ بهێنێت، ئێستا ڕێگە دەدا لەژێر دەسەڵات و پارێزبەندی خۆی مۆدێلێکی چەپ ئاوا ببێت، کە سەری زمان و بنی زمانیان بە شەیتانکردنی ئەمریکا و ئیسرائیلـە. هەر ئەوەی کە ئەمریکا ڕێگەی پێدابوون بە ئارەزووی خۆیان چەپخوازی بکەن، نیشانەی ئەوە بووە، کە هیچ داهاتووییەکی بۆیان نەبووە.
ئیسلامی سیاسی
ئیسلامی سیاسی زۆر شاگەشکە بووە بەو ڕادەستبوون و شکۆشکانەی کورد، هەر دەڵێی هەنگوینیان لە داردا دۆزیوەتەوە، وەکوو ئەوەی جەژنی قوربانیان بێت، هەموویان بەو سەربڕینەی کورد دڵخۆشن بە دەستی “برا عەرەبە مسوڵمانەکانیان”. بەلای ئیسلامییەکان، بابەتەکە شکانی شکۆی کورد نییە بەرانبەر بە عەرەب، بەڵکوو شکانی عەلمانیەت و مارکسی و بێدینە بەرانبەر برا جیهادییە دەست بەدەستنوێژەکانیان.
ئیسلامی سیاسی وەکووهەموو کوردێک، زۆر بە ترس و قەلەقبوون لە بەرانبەر شەڕ و پێکدانانی کورد و عەرەب لە سووریا، بەڵام نیگەرانی ئەوان ئەوە نەبوو، کە کورد زیان و کارەساتی پێ دەگات، بەڵکوو نیگەرانیان لەوەبوو، نەکا وێنەی کورد لەلای برا جیهادییەکانیان ناشرین ببێت، ئەوانیش شەرمەزار ببن. نەکا کورد وەکوو هەڵگەڕاوە لە دژی جیهانی ئیسلامی وێنا بکرێت، وەکوو پڕۆژەیەکی زایۆنی ببیندرێت. نەکا کورد لە ڕێگەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە مافەکانی بگات و ئەمانیش شەرمەزار ببن لە لای برا دینییەکانیان. بەڵام بۆ جۆلانیی جیهادی ئاساییە لە ڕێگەی ئەمریکا و ئیسرائیل بێتە سەر دەسەڵات. ئەوەندە شەرمن و خۆبەکەمزان بیت، حەز بە شکاندنی شکۆی نەتەوەکەت بکەی تەنیا بۆ ئەوەی داگیرکاری هاودینی جیهادی لێت ڕازی بێت و دڵی لێت نەشکێ! داخۆ ئیسلامییەکان ئەوە نابینن، کە جۆلانیی جیهادی هەرچی سازشە هەبوو بۆ ئیسرائیلی کرد تاوەکو کورد بە مافەکانی نەگات و بێپشتیوان بمێنێتەوە؟ بەم پێیە بێت، لە ڕوانگەی برا موسڵمانە جیهادییەکان، ئێمەی کورد لە جوو “پیسترین”.
ئەم سێ ئەقڵیەتەی سەرەوە، یەک شت کۆیان دەکاتەوە، ئەویش خۆبەکەمزانین و تێکشکاوییە، ئەمەش ڕیشەیەکی قووڵی مێژوویی هەیە لە سایکۆلۆجیەتی کوردان.
زۆربەی ئەو کوردانەی دەبنە چەپ و ئیسلامیی سیاسی و پێی مەست دەبن، خاڵێکی سەرنجڕاکێش کۆیان دەکاتەوە، ئەویش قەرەبووکردنەوەی هەستی پەراوێزخستن و بەشمەینەتییە. ئایین و هزری چەپ، دوو ئایدیۆلۆجی مژدەدەر و خۆشخەیاڵن بۆ خەڵک و جەماوەری چەوساوە و بەشمەینەت و پەراوێزخراو، وێنای داهاتوویەکیان بۆ دەکەن، کە هەموو ئازارەکانیان تیایدا کۆتایی پێ دێت. بۆیە گەر سەرنج بدەین زۆربەی ئەندامەکانیان هی ناوچەکانی دەورووبەری بەشمەینەتن لەڕووی ماددی و هزرییەوە.
ئەوە لەسەر ئاستی نەتەوەش هەر دروستە، ئایین و چەپ زیاتر لە نێو نەتەوە دواکەوتووەکان گەشەی کردوە و باوە، لیبڕالیزم لە لای نەتەوە پێشکەوتووەکان گەشەی کرد، کە تاکەکانی ژیاندۆست و سەرکەش و ئازادیخواز و تاکگەران.
کورد وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەستە و تێکشکا و بەشمەینەت، کوردستان وەکوو جوگرافیایەکی پەراوێزخراوی دواکەوتوو، زەمینەیەکی زۆر لەبارن بۆ گەشەکردنی ئەم دوو ئایدۆلۆجییایە.
کێشەکە لەوەدایە، ئەم دوو ئایدۆلۆجیایە هیچ ئاییندەکەیان نییە، لەسەر ئاستی جیهان نەخوازراو و قبوڵنەکراو و قێزەون و مەترسیدارن، سەری ئەو نەتەوانە دەخۆن، کە خاوەن دەوڵەتی خۆیانن، چ جای نەتەوەیەکی ژێر دەستەی وەکوو کورد، کە زیاتر سەری بە قوڕدا دەچێت. هەرگیز بەم ئایدۆلۆجیایانە ناگاتە ئامانجی نەتەوەیی خۆی. بۆیە دەوڵەتانی داگیرکەر زۆر گرنگی بە بڵاوبوونەوەی ئەم دوو ئایدۆلۆجیایە دەدەن لەناو کورد دا.



