تەحسین وسو عەبدوڵڵا
چەمکی ڕیەلپۆلەتیک (Realpolitik) یان سیاسەتی ڕیالیزم، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ڕووت و هێزی سەربازی و ململانێی جیۆپۆلەتیکی و لادانی بەھاکان و ئەخلاق لە کایەی گشتییدا بنیاتنراوە، هەمیشە وەکوو بزوێنەری سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ماوەتەوە. لەم تەوەرەدا پرسی کورد، بە تایبەتی لە ڕۆژاڤا، نموونەیەکی هەرە زەق و تراجیدیی ئەم هاوکێشەیەیە. کورد وەکوو نەتەوەیەکی بێدەوڵەت لەناو سیستەمێکی نێودەوڵەتییدا دەژی، کە لەسەر بنەمای “سەروەریی “دەوڵەت-نەتەوەکان” ڕێکخراوە. ئەم وتارە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و ئەکادیمییەوە شیکاری بۆ ئەو پرسیارە دەکات: بۆچی و چۆن پێکهاتەی کوردی لە ڕۆژاڤا بووە قوربانیی بێبەزەییانەی سیاسەتی ڕیەلپۆلەتیک لە لایەن زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە.
بۆ تێگەیشتن لە پێگەی کورد لە ڕۆژاڤا، پێویستە لە ڕوانگەی مێژووی ڕەخنەیی و تیۆریی ڕیالیزم سەیری کایەکە بکرێت. بەپێی تیۆریی کلاسیکی ڕیالیزم (هانس مۆرگێنتاو)، ژینگەی نێودەوڵەتی خاوەن پێکهاتەیەکی ئانارشییە، کە تێیدا، تەنیا دەوڵەتەکان ئەکتەری شەرعین لەپێناو بەرزکردنەوەی توانای مانەوەی خۆیاندا، بەڵام کاتێک فەلسەفەی دەسەڵاتی لە ڕوانگەی دیدگا هاوچەرخەکانەوە دەهێنینە ناو ئەم شیکارییەوە، دەبینین دەسەڵات تەنیا لە دامەزراوەی دەوڵەتدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی گوتار و تەکنەلۆجیای دەسەڵاتەوە کار دەکات، کە فەرمانی ڕەوایی، یان ناڕەوایی بەسەر پێکهاتەکاندا دەسەپێنێت.
کێشەی ئۆنتۆلۆجیی کورد لەم هاوکێشەیەدا ئەوەیە، کە کورد لە دەرەوەی «نۆرمی دەوڵەتبوون» جێگیر کراوە. لە ڕوانگەی ڕیەلپۆلەتیکەوە، پێکهاتەی کوردی خاوەنی «ناسنامەی ئۆنتۆلۆجیی نێودەوڵەتی» نییە و وەکوو “ئەکتەری نادەوڵەتی” پۆلێن دەکرێت. لێرەدا، کورد دەکەوێتە ژێر کاریگەریی “بایۆپۆلەتیک – سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێكخستنی ژیانی مرۆڤەکان لە لایەن دەسەڵات و دەوڵەت و سیاسەتی پەراوێزخستن، واتە وەکوو توخمێکی بەکارهێنراو لە هاوسەنگیی هێزدا سەیر دەکرێت، کە شەرعییەتی سیاسییەکەی بەستراوەتەوە بە ڕادەی سوودبەخشیی کاتیی بۆ دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکان.
سەرهەڵدانی داعش لە ٢٠١٤، خاڵێکی وەرچەرخان بوو، کە تێیدا پێکهاتەی سەربازی و سیاسیی ڕۆژاڤا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و دواتریش هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەکوو بکەرێکی کارا لەسەر زەوی دەرکەوتن. لێرەدا، جۆرێک لە «هاوبەشیی ستراتیجیی کاتیی» لەنێوان لایەنی نۆرماتیڤ (گوتاری مرۆڤدۆستی و شەڕی دژی تیرۆر) و لایەنی واقیعی (پێویستیی ئەمریکا بە هێزێکی ناوخۆیی کارامە) شێوەی گرت.
ئەگەر لەم دۆخە بکۆڵینەوە، دەبینین ئەم پەیوەندییە مۆدێلێک بوو لەوەی پێی دەگوترێت پێکدانانی کاتیی بەرژەوەندییەکان. لێرەدا، گوتاری «شەڕی دژی تیرۆر» وەکوو ئامرازێکی شەرعیەتپێدان بەکار ھات، بەڵام کاتێک هەڕەشە سەربازییەکە گەیشتە قۆناغی دابەزین، دینامیکی ڕیەلپۆلەتیک گەڕایەوە سەر ڕێڕەوە بنەڕەتییەکەی خۆی. نەمانی پێویستیی واقیعی بە هێزی زەمینیی کورد، بووە هۆی ئەوەی کە نرخی سیاسیی پێکهاتەی کوردی لە هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکاندا کەم ببێتەوە، ئەمەش پڕۆسەی گۆشەگیرکردنەوەی سیاسی و گوتاریی کوردی خێرا کرد.
لێرەوە پرسیارێكی جەوهەری دێتە پێش، ئەویش ئەوەیە: بۆچی کورد لە ڕۆژاڤا وەكوو پێکهاتەکی ڕەسەنی کۆمەڵگە بووە قوربانی؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە چوارچێوەیەکی دیاریکراو هەبێت، کە ڕەهەندەکان لەخۆ بگرێت. کەواتە پێکهاتەی کوردی لە ڕۆژاڤا بەهۆی چەند هۆکارێکی قووڵی جیۆپۆلەتیکی و فەلسەفییەوە بووە قوربانیی ڕیەلپۆلەتیک، کە دەکرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن:
یەکەم، باڵادەستیی هاوکێشەی هاوپەیمانییە گەورەکان (وەک: ناتۆ): تورکیا وەکوو ئەندامێکی سەرەکیی ڕێکخراوی ناتۆ و هێزێکی هەرێمیی گرنگ، هەمیشە قەوارەی سیاسی، یان سەربازیی کوردی لە باکووری سووریا وەکوو هێڵی سوور و هەڕەشەی ئاساییشی نەتەوەیی خۆی بینیوە. لە دیدی ئەمریکاوە، پاراستنی پەیوەندیی ستراتیجی لەگەڵ ئەنقەرە (دەوڵەتی خاوەن دووەم گەورەترین سوپا لە ناتۆ) زۆر گرنگترە لە داکۆکیکردن لە قەوارەیەکی کوردیی نادەوڵەتی.
کاتێک لە ٢٠١٨ لە عەفرین و لە ٢٠١٩ لە سەرێ کانی و گرێ سپی، گڵۆپی سەوز بۆ هێرشەکانی تورکیا داگیرسا، ئەمریکا و ڕووسیا کشانەوە. ئەم کشانەوەیە نیشاندەری سەرکوتکردنی فەلسەفەی مافی مرۆڤ بوو لەبەردەم فەلسەفەی پاراستنی هاوسەنگیی هێز لەنێوان دەوڵەتاندا.
دووەم، کایەی جیۆپۆلەتیکی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا: سووریا بووە گۆڕەپانی شەڕی ساردی نوێ. کورد لە ڕۆژاڤا لەنێوان دوو بەرداشی گەورەدا گیری خوارد، لە لایەکەوە نەیانتوانی متمانەی تەواو بە ڕووسیا بکەن، کە پشتگیری لە ڕژێمی دیمەشق دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا تەنیا وەکوو کارتێکی فشار دژی ئێران و ڕووسیا بەکاری دەهێنان. کاتێک بەرژەوەندیی گەورەی ئەمریکا و ڕووسیا پێویستی بە سازش بوو لەگەڵ لایەنە هەرێمییەکان، پێکهاتەی کوردی وەکوو لاوازترین ئەڵقەی ئەم هاوکێشەیە کرایە قوربانی.
سێیەم، پارادۆکسی دیموکراسیی ناوخۆیی و سیستەمی نێودەوڵەتی: پڕۆژەی سیاسیی ڕۆژاڤا (خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی) مۆدێلێکی پێشکەوتووی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و ئازادیی ژنان و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ بوو. بەڵام لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە، ئەم پڕۆژە پێشکەوتنخوازە هەمیشە لەگەڵ سیستەمی کۆنەپارێز و دەوڵەت-تەوەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەریەککەوتندا بووە. دەوڵەتانی دەوروبەر ئەم مۆدێلە وەکوو ڤایرۆسێک دەبینن، کە مەترسی لەسەر پێکهاتەی ناوەندیی خۆیان دروست دەکات، بۆیە ڕیەلپۆلەتیکی هەرێمی ڕێگەی نەدا ئەم ئەزموونە دیموکراتییە ببێتە واقیعێکی ناسراوی نێودەوڵەتی.
تراجیدیای پێکهاتەی کوردی لە ڕۆژاڤا، سەلمێنەری دەرەنجامێکی فەلسەفیی گرنگە. لە سیستەمی نێودەوڵەتی هاوچەرخدا، «ماف» و «شەرعیەت» بەبێ پشتگیریی ئامرازی دەسەڵاتی دەوڵەتی، خاوەنی هیچ هێزێکی جێبەجێکردن نین. ئەم دۆخە نیشاندەری جۆرێکە لە پووچگەرایی ئەخلاقی؛ کاتێک کۆمەڵگەیەک هەموو تێچووە مرۆیی و سەربازییەکانی پاراستنی بەها گەردوونییەکان (ئازادی و مافی ژنان و شەڕی دژی فاشیزم) لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام لە کاتی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیدا، لەسەر بنەمای ماتماتیکی هێز پەراوێز دەخرێت، ئەمە دەیسەلمێنێت، کە ئەخلاقی سیاسی تەنیا گوتاریێکی ڕوواڵەتییە بۆ شاردنەوەی ڕیەلپۆلەتیک.
کورد لە سووریا بووە قوربانیی پێکهاتەیەک لە سیاسەتی جیهانی، کە تێیدا مرۆڤەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکان تەنیا وەکوو هێمایەکی گۆڕاو لە هاوکێشەی جیۆپۆلەتیکیدا سەیردەکرێن. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخی قوربانیبوونە پێکهاتەیییە، پێویستە گۆڕانکارییەک لە ستراتیجیی کوردیدا ڕووبدات بە شێوەیەک، کە لە پشتپەستن بە هاوپەیمانییە دەرەکییە شلۆقەکانەوە، بەرەو دروستکردنی پێگەیەکی جیۆئابووری و سەربازیی ناوخۆیی جێگیر هەنگاو بنێت، تاوەکوو بتوانێت پێگەی خۆی لە «ئامرازێکی تاکتیکی» بۆ «ئەکتەرێکی ستراتیجیی خاوەن ڤیتۆ» لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا بەرز بکاتەوە.


