سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شیکارییەکی بونیادی بۆ هۆکارەکانی شکست و ئاسۆکانی داهاتووی کورد لە ڕۆژاڤا دا

بەشی دووەم

ئەزموونی حوکمڕانیی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان (٢٠١١-٢٠٢٤) وەکوو یەکێک لە دەگمەنترین دەرفەتە مێژووییەکان بۆ دامەزراندنی (سەروەریی دیفاکتۆ) دەستی پێ کرد. بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو سوپای سووریا، نیشانەی گۆڕانێکی قووڵی پارادایمییە، ئەویش کۆچکردن بوو لە ئۆنتۆلۆجیای شۆڕشەوە بۆ سیمیای پاشکۆیەتی. زۆرینەمان پێمان وایە ئەم وەرچەرخانە دەرەنجامی فشارێکی سەربازیی بوو، بەڵام لەڕاستیدا، ئەمە کۆتایی مۆدێلێکی سیاسی بوو، کە نەیتوانی هێزی جەنگ بۆ بونیادی دەوڵەتی بگۆڕێت. بۆیە لێرەدا، بەپێی توانا هەوڵ دەدەین لە چەند خاڵێکدا ئەمە ڕوون بکەینەوە:

یەکەم، یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم دۆخە، دەستەوستانبوونی هێزی هەسەدە بوو لە گواستنەوە لە ماشێنی جەنگەوە بۆ دەزگای دەوڵەت. هەسەدە شەرعییەتی نێودەوڵەتیی خۆی لە شەڕی داعش و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا وەرگرت، ئەمە “شەرعییەتێکی وەزیفی” بوو نەوەکوو “سەروەریی سیاسی”. هاوکات کاتێک هێزێکی سیاسی هەموو هێلکەکانی دەخاتە ناو سەبەتەی یەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بەبێ ئەوەی پردی ناوخۆیی و ئیقلیمی دروست بکات، لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندی زلھێزەکان ئەویش تووشی ئیفلیجی دەبێت. هەر بۆیە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ٢٠٢٤ و هاتنە سەر کاری حکوومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، واشنتن ستراتیجی خۆی لە سووریا گۆڕی. ئەمریکا بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی نوێی دیمەشق ئاسایی بکاتەوە و گەرەنتییە سەربازییە درێژخایەنەکانی بۆ هەسەدە کەم بکاتەوە. لێرەدا، بەدیلەکە ئەوە بوو، کە هەسەدە دەبوو لەجیاتی ئایدۆلۆجیای جیهانی، “ناسیۆنالیزمێکی واقیعگەرای بونیادنەر”ی پەیڕەو بکردایە، کە بتوانێت لەگەڵ ژینگەی دەوروبەردا، تەنانەت نەیارەکانیش، بگاتە تەباییەکی ناچاری بەرلەوەی کار لەکار بترازێت، واتە کات تێپەڕ ببێت.

دووەم، ڕۆژاڤای کوردستان ڕووبەڕووی کارەساتێکی دیمۆگرافی بووەوە، کە بەشێکی ئەنجامی داگیرکارییەکانی تورکیا بوو (وەکوو عەفرین و سەرێکانی)، بەڵام بەشەکەی دیکەی ئەنجامی پڕۆژەی “نەتەوەی دیموکرات” بوو. بەهۆی فراوانبوونی هەسەدە بەرەو ناوچە عەرەبییەکان (ڕەققە و دێرەزوور)، بۆیە کێشی دیمۆگرافی و سیاسیی کورد لەناو پڕۆژەکەیدا کەم بووەوە. تەنانەت خەیاڵپڵاوی لەخۆگرتنی عەرەبەکان و ڕۆڵ پێدان و بەرقەرارکردنی پڕۆژەی بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵی خێڵەکی عەرەبی، هەژاریی مەعریفی ئەو پڕۆژەیەیەی بەرانبەر بە پەی نەبردن بە بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی خێڵەکی عەرەبی و بێئاگایی ئەوانی دەرخست بەرانبەر بە تیۆر و نووسینەکانی کۆمەڵناسان و جوگرافیناسانێکی وەکوو ئیبن خەلدون و عەلی وەردی و شاکر خەسباک، هتد. بۆیە ئەم تێکەڵاو بوونە ناهاوسەنگە وای کرد، کە کورد نەتوانێت وەکوو کاراکتەرێکی نەتەوەیی یەکگرتوو مامەڵە بکات، بەڵکوو بووە “پێکهاتەیەک” لەناو پێکهاتەکاندا. بۆیە لە کاتی کێشەکانیان لەگەڵ دیمەشق‌دا، لە شەو و ڕۆژێکدا زۆرینەی هۆزەکانی ئەو پێکهاتە عەرەبییە سەنگەرییان گواستەوە و شکستی پڕۆژەی بەدیموکراتیکردنەکەی سەلماند. ئەمەش دواتر ڕێگەی بۆ دیمەشق خۆش کرد، کە بە ئاسانی کورد وەکوو بەشێکی ئاوێتەبوو لە سووریای ناوەندیدا هەرس بکات.

سێیەم، سەرەڕای هەبوونی نەوت و گەنم، ڕۆژاڤا نەیتوانی سیستەمێکی ئابووریی نیشتیمانی دروست بکات، کە وابەستەی دەروازە و مۆڵەتی دەوڵەتانی دەوروبەر نەبێت. ئاشکرایە، کاتێک ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بە بازاڕی دیمەشق، یان هاوکاریی دەرەکییەوە دەبەسترێتەوە، ئیرادەی سیاسی تێک دەشکێت. ئەم ژێرخانە ئابوورییە داتەپیوە، جەماوەری تووشی ماندوێتیی کرد، کە دواجار وای لێکردن نان و ئارامیی کاتیی لە سەرووی ئازادی و سەروەریی نەتەوەییەوە دابنێن.

لێرەدا، ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی دەبینەوە، ئەویش ئەوەیە، کە دەکرا چی بکرێت؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، دەتوانین بڵێین سەرکردایەتیی کورد لە ڕۆژاڤا دەبوو لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا سێ هەنگاوی بنایە:

١. بە دامەزراوەییکردنی دەسەڵات، واتە پێش ئەوەی ڕژێم بەهێز بووبایەتەوە، دەبوو ڕێککەوتنێکی فەرمی لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا ئیمزا بکرایە، کە مافی “هەرێمێکی فیدراڵی” بچەسپێنێت، نەوەکوو تەنا وەکوو هێزێکی دیفاکتۆ بمێنێتەوە.

٢. دیپلۆماسیی فرەڕەهەند، واتە نەدەبوو کورد تەنیا گرەوی لەسەر ئەمریکا بکردایە. بەڵکوو دەبوو کەناڵی ڕاستەوخۆ و واقیعی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا، بە تورکیا‌ـشەوە، بکردایەتەوە، هەتاوەکوو ناسنامەی کورد وەکوو هەڕەشەیەک نەمێنێتەوە، بەڵکوو وەکوو “پێویستییەکی سەقامگیری” بناسرێت.

٣. یەکگرتوویی ناوخۆیی: ململانێی پەکەکە و ئەنەکەسە گەورەترین کەلێنی دروست کرد، کە دوژمنان سوودیان لێ بینی. واتە بەدیلی ئەمە دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانیی یەکگرتوو بوو، کە نەکرا.

٤. تێکچوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاڤا و هەرێمی کوردستان بووە خاڵێکی لاوازی ستراتیجی و جیۆپۆلەتیکی بۆ ڕۆژاڤا، چونکە داخستنی بەردەوامی دەروازە سنوورییەکان (بە تایبەتی پێشخابوور و سێمالکا) و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و لۆجستی، پڕۆسەی بەدامەزراوەییکردنی ئابووریی خۆبەڕێوەبەریی تەواو لاوازکرد و وابەستەیی ناوچەکەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بە ئاڵوگۆڕە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق و قاچاغچێتیدا زیاتر کرد. سەرەڕای ئەوە، دروستبوونی درز لەنێوان کارەکتەرە کوردییەکاندا فەزایەکی گونجاوی بۆ ئەکتەرە ناوچەیییەکان (بە تایبەتی تورکیا) ڕەخساند هەتاوەکوو سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە جێبەجێ بکات و گوشارە دیپلۆماسی و سەربازییەکانیان بەبێ ترس دژ بە هەر دەنگ و هەوڵێک بۆ یەکگرتووی نەتەوەیی بخەنە گەڕ. بۆیە بۆ بەگژداچوونەوە و ڕێگریکردن لەم لادانە، دەبوو دەستبەجێ بە دیالۆگی ڕاستەقینەی ناوخۆیی و دامەزراندنی بەرەیەک، یان ئەنجوومەنێکی باڵای ڕێکخستنی ستراتیجی کوردی ئەنجام بدرایە، کە تێیدا ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووریی هاوبەش بخرایەتە سەروو بەرژەوەندییە حیزبی و ئایدۆلۆجییە تەسکەکان، هەتاوەکوو سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژاڤا لەبری ئەوەی ببەسترێنەوە بە ململانێی بەوەکالەت، ببوونایەتە شادەماری گەشەپێدان، ئەمە سەرەڕای هاوکاری لۆجستی و هاوبەشیی ئەمنی بۆ پاراستنی نەتەوەیی.

کەواتە دەبێت ئێستا چی بکرێت؟ دوای ئەوەی تێکەڵبوونەکە ڕوویدا، ئەرکی کورد لە ڕۆژاڤا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو قورستر بووە. ئێستا دەبێت مۆدێلی شارستانیەتی فێڵبازانە (Sly Civility) بە واتا هۆمی باباییەکە- پەیڕەو بکرێت، واتە:

١. بەرگری لەناو سوپادا: یەکە سەربازییە کوردییەکان دەبێت وەکوو یەکەی تایبەت و یەکگرتوو بمێننەوە و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لەناو سوپای سووریا‌ـدا نەدۆڕێنن.

٢. سەروەریی مەعریفی: نابێت زمان و پەروەردە وەکوو مۆڵەت تەماشا بکرێن. بەڵکوو دەبێت کورد لەناو شارەکانیدا سیستەمێکی پەروەردەیی وەها بونیاد بنێت، کە ڕوحی کوردبوون بپارێزێت، تەنانەت ئەگەر لەژێر ئاڵای سووریاشدا بێت.

٣. گۆڕینی ڕاوێژکار بۆ بڕیاردەر: پۆستی ڕاوێژکاریی مەزڵووم عەبدی دەبێت لە پۆستێکی هێماییەوە بۆ دەسەڵاتێکی چاودێری بگۆڕدرێت، کە ڕێگری لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان بکات.

لەکۆتاییدا، بە پێویستی دەزانم ئەوە دووپات بکەمەوە، کە ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوویدا، نەوەکوو هەر ئاشتی نییە، بەڵکوو تەسلیمبوونێکی ڕێکخراوە. بۆیە کورد لە ڕۆژاڤا ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، ئەویش ئەوەیە، کە ئایا دەتوانێت لەناو جەستەی داگیرکەرەکەیدا وەکوو “ڤایرۆسێکی ناسنامە” بمێنێتەوە و ڕۆژێک بێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە “بکەری مێژوو”؟ یان ئەوەتا بە بێدەنگی لەناو سووریایەکی یەکگرتوودا دەتوێتەوە؟ بەرگریی ڕاستەقینە لێرەوە و لە پاراستنی یادەوەری و زمان و خاکەوە وەکوو هێڵی سوور دەست پێ دەکات، بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ لە دیمەشق حوکم دەکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO