سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە چەکەوە بۆ سیاست؛ کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا

ڕاگەیاندنی کۆتایی بە بوونی «هێزەکانی سووریای دیموکرات» و گواستنەوەی هێز و دامەزراوەکانی بۆ ناو سیستەمی دەوڵەتی سووریا، تەنها بڕیارێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی کورد لە سووریا و لە هاوکێشەی هێزەکانی ناوچەکەدا.

هەسەدە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووە هێزی سەرەکی لە شەڕی دژی داعش و توانی لەگەڵ ئەوەی هێزێکی سەربازیی بەهێز دروست بکات، جۆرێک لە بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژاڤای کوردستان و دواتریش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرێنێت. ئەم ئەزموونە، سەرەڕای هەموو کێشە و کەموکوڕییەکانی، یەکێک بوو لە کەم ئەزموونەکانی سووریا کە تیایدا کۆمەڵێک پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی بە شێوەیەکی هاوبەش لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا بەشدار بوون.

بەڵام ئەم ئەزموونە لە ناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا گیری خوارد. هەموو لایەنەکان سووریایان تەنها بە چاوی داهاتووی سووریا نەدەبینی؛ بەڵکوو هەر یەکەیان سووریای بۆ بەرژەوەندیی ستراتیجیی خۆی دەویست. ئەمەریکا، ڕووسیا، ئێران، ئیسرائیل، تورکیا، هەروەها وڵاتانی عەرەبی ئەو کارەکتەرانە بوون کە لە دوای شۆڕشی سووریا دەیانویست بۆ ئایندەی سووریا کاریگەریان هەبێت.

لێرەوە پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات: ئایا کۆتایی هاتنی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی، کۆتایی بە پڕۆژەی سیاسیی کورد لە سووریا دێنێت، یان تەنها شێوەی بەرەنگاربوونەوە دەگۆڕێت؟

وەک دەزانرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا، هەسەدە لە یەک لایەنەوە هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا لە شەڕی داعش بوو، لە لایەکی دیکەوە بووە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی نیگەرانیی تورکیا. ئەم دۆخە هەسەدەی خستە ناو هاوکێشەیەکی دژوار: ئەمریکا هەسەدەی بۆ شەڕی داعش پێویست بوو، بەڵام تورکیا بوونی هێزێکی کوردیی بەهێزی لەسەر سنوورەکانی بە مەترسی دەزانی.

لە کۆتاییدا، کاتێک بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی هێزە گەورەکان گۆڕان، هەسەدە بە تەنهایی نەیتوانی هاوکێشەکە بگۆڕێت. چونکە گۆڕینی هاوکێشەکە بەدەر بوو لە هێزی سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسی کورد، ئەوەی فاکتەری گۆڕانکارییەکان بوو بەرژەوەندی زلهێزەکان بوو.

ئەمەش وانەیەکی گرنگی بۆ کورد تێدایە، هیچ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی هەتاهەتایی نییە؛ بەرژەوەندییەکان دەمێننەوە، بەڵام هاوپەیمانییەکان دەگۆڕێن. ئەوەی ئەمڕۆ هاوپەیمانە، لەوانەیە سبەینێ تەنها لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و بڕیارێک بدات کە چارەنووسی هاوپەیمانییەکەی پێشوو بگۆڕێت. ئەوەیان لە پاریس لە ڕێکەوتنی ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل بە چاودێری تورکیا و ئاگاداری ئەمەریکا ڕوویدا.

تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنی ئەزموونی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژاڤاوە، بە گومان و نیگەرانییەوە لێی ڕوانیوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم نیگەرانییەش تەنها بوونی هێزی سەربازیی نەبوو؛ بەڵکوو ترسی دروستبوونی ئەزموونێکی سیاسیی کوردی لەسەر سنوورەکانی بوو. بۆیە ئامانجی ئەنقەرە تەنها کەمکردنەوەی هێزی هەسەدە نەبوو؛ بەڵکوو کۆتایی‌هێنان بە هەر شێوەیەک لە خۆبەڕێوەبردنی کوردی بوو. بەڵام فشارەکانی ناوخۆی کورد لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگە، نیگەرانییەکانی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نوێکانی ناوچەکە، تورکیای ناچار کرد لە هەندێک داواکاریی خۆی پاشەکشە بکات و بە چارەسەرێکی ناوەڕاست ڕازی بێت.

ئەو ڕێککەوتنە نابێت بە سادەیی بە «شکستی کورد» یان «سەرکەوتنی تورکیا» لێک بدرێتەوە. هاوکێشەکە ئاڵۆزترە لەوە. هەسەدە دەتوانێت وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی پرسی کورد لە سووریا نییە.

پرسی کورد لە چەکدا نییە؛ پرسی کورد لە ناسنامە، ماف، ئازادی، بەشداریی سیاسی و شوێنی کورد لە داهاتووی سووریا دایە. ئەگەر کورد ئەم گۆڕانە بە تێگەیشتن و یەکڕیزییەوە وەربگرێت، ئەوا پاشەکشەی سەربازیی دەتوانێت ببێتە دەستپێکی پێشکەوتنێکی سیاسی. بەڵام ئەگەر کورد لەم قۆناغەدا دابەش و بێستراتیجی بمێنێتەوە، ئەوا مەترسییەکە تەنها لە لەدەستدانی هێزی سەربازی نییە؛ بەڵکوو لە لەدەستدانی ئەو دەرفەتە مێژووییەیە کە بە زەحمەت و خوێن و خەبات بەدەست هاتووە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO