لە کۆمەڵگەی قەیرانەوە بۆ کۆمەڵگەی ماندوو
کۆمەڵگەی کوردی، لە باشووری کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بە کۆمەڵێک ئەزموونی توندوتیژیی و جەنگ و سەرکوتکردن و ئاوارەبوون و قەیرانی ئابووری و نائارامیی سیاسیدا تێپەڕیوە. ڕاگواستن و ئەنفال و بۆمبارانە کیمیاییەکان و کۆڕەو و شەڕی ناوخۆیی ١٩٩٤ ـ ١٩٩٧ و توندوتیژیی هێزە سیاسییەکان لە دژی یەکتر و ملمڵانێ ناوخۆییەکان و فشار و دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و قەیرانە ئابوورییە بەردەوامەکان، بەتەنیا کۆمەڵێک ڕووداوی سەرپێیی و ڕاگوزەر نەبوون، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاون لە ئەزموونی مێژوویی و یادەوەریی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستان. بەڵام لە ئێستادا، ئەم ئەزموونە تاڵانەی مێژوومان تێکەڵی دیاردەیەکی نوێتر بووە، ئەویش بەرکەوتن و ئاڵوودەبوونی بەردەوامە لەگەڵ هەواڵە نەرێنییەکان، گەورەکردنی قەیرانە فکری و کۆمەڵایەتییەکان و پاشەکشەی ڕۆڵی دامەزراوە فەرمی و مەدەنییەکان، کە ڕۆژانە لە میدیای کلاسیک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، نابێت دۆخی ئێستای کۆمەڵگە تەنیا بە چەمکگەلێکی سادەی وەکوو “گوێ نەدان بە سیاسەت” یان “کەمبوونەوەی مەیلی خەڵک بۆ بەشداریی سیاسی” لێکبدرێتەوە. ئەوەی لە ئاستی کۆمەڵگەدا دەبینرێت، بەشێکە لە پڕۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزتر، کە دەتوانرێت بە “داڕزانی کۆمەڵایەتی_دەروونی) ناو ببرێت. بە مانایەکی دیکە، کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان و دووئیدارەیی و پەکخستنی پەرلەمان و باڵادەستیی حیزب بەسەر دادگاکان و بێکاریگەربوونی دەستە چاودێرەکان لە لایەک و ئالودەبوونی بەردەوامی خەڵک بە بارانی هەواڵە نەرێنییەکان و دەستوەردانی حیزبی لە سەندیکا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە لایەکی دیکەوە، بوونەتە هۆی داڕمانی متمانەی گشتیی و لاوازبوونی توانای دەروونی و سیاسیی تاکەکان بۆ کاردانەوە و گۆڕانکاری.
لێرەدا، پرسە بنەڕەتییەکە سەرهەڵدەدات: ئایا ئەم بێدەنگی و گوێنەدانەی کۆمەڵگەی کوردستان بەرابەر بە بەردەوامی قەیرانەکان نیشانەی ڕازیبوونە، یان ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ بێهیواییەک، کە لە ئەنجامی داڕزانی کۆمەڵایەتییەوە چەکەرەی کردووە؟ ئاخۆ کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و بۆمبارانکردنی بەردەوامی میدیایی چ ڕۆڵێکیان هەیە لەوەی خەڵک خۆیان لە کایەی گشتیی بەدوور بگرن؟ ئەگەر وڵات لەنێوان شکستی مۆدێلە سیاسییەکان و پەککەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا گیرسابێتەوە، کێ بەرپرسیارێتیی سەرەکی دەگرێتە ئەستۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم داڕزانە، دووبارە بنیاتنانەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی هیوا لە شێوەی کردارێکی بینراودا.
ترۆما، یادەوەریی کۆمەڵایەتی و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان
زانستی کۆمەڵناسیی توندوتیژی و قەیران ئەوە دەردەخات، کە قەیرانە درێژخایەنەکان تەنیا کاریگەریی ماددی لەسەر تاک و کۆمەڵگە بەجێ ناهێڵن، بەڵکوو کاریگەریی قووڵ لەسەر متمانە و ناسنامە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانگەی خەڵک بۆ داهاتوو دادەنێن.
لە کۆمەڵگەیەکدا، کە چەندین نەوەی جەنگ و کوشتار و ئاوارەبوون و سەرکوتیان بینیوە، توندوتیژییەکان لە ئاستی “ڕووداوێکی مێژوویی” تێدەپەڕن و دەبنە بەشێک لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی. ڕاگواستنی گوندەکان و ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، تەنیا چەند ڕووداوێکی مێژوویی نین لە یادەوەریی خێزانەکان، گێڕانەوە زارەکییەکان و ئەدەب و هونەر و ڕێوڕەسمەکانی بەرجەستە دەبن و ڕەنگ دەدەنەوە. کیمابارانی هەڵەبجە تەنیا کارەساتێک نییە لە کتێبەکانی مێژوودا بخوێندرێت، بەڵکوو بەشێکە لە ئەزموونی نەوەیەک، کە هێشتا لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیی خۆیدا کاریگەرییەکانی هەڵدەگرێت.
لەو ڕوانگەیەوە دەتوانرێت باس لە بەردەوامیی ترۆما بکرێت، واتە دۆخێک، کە کۆمەڵگە هەلی پێویستی بۆ دووبارە خۆبنیاتنانەوەی متمانە و هەستی ئاساییش دەروونی بەدەست نەهێناوە، چونکە پێش ئەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانە کۆنەکان کۆتاییان پێ بێت، قەیرانە نوێیەکان دەچنە ناو ژیانی کۆمەڵایەتییەوە.
لە حاڵەتی ئاسایدا، دەبێت کۆمەڵگە دوای قەیرانەکان خۆی بسازێنێتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە خۆی لەگەڵ قەیرانەکەدا بگونجێنێت، ئەوە خۆگونجاندنێکی پاسیڤانەیە لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی قەیرانەکەدا، کۆمەڵگە بۆ هەمیشە لەگەڵیدا ڕادێت.
لە قەیرانی سیاسییەوە بۆ داڕزانی کۆمەڵایەتی
داڕزانی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە دروست دەبێت، کە فشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنی و دەروونییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن و تاک، یان کۆمەڵگە دەرفەتی پشوودان و نوێبوونەوەی تواناکانی نەبێت. لە سەرەتای هەر ڕووداوێکدا لەوانەیە تووڕەیی و ترس و ناڕەزاییی بەرفراوان دروست ببێت، بەڵام بە دووبارەبوونەوەی قەیرانەکان، توندیی کاردانەوەکان سست و کەمتر دەبێتەوە.
لێرەدا، پێویستە لەنێوان گوێنەدان و بێهەڵوێستی کۆمەڵایەتی جیاوازی بکرێت. گوێنەدان واتە کەمبوونەوەی گرنگیدان، بەڵام بێهەڵوێستی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە هۆی زۆربوونی تێڕوانییە نەرێنییەکان.
لەوانەیە تاک نیگەرانی داهاتووی کۆمەڵگە بێت، بەڵام چیدیکە توانای دەروونیی، پێویستی بە کاردانەوە بۆ قەیرانە نوێیەکان نەبێت. دەکرێت دەستەواژەیەکی ڕۆژانەی وەکوو “دووبارە هەواڵێکی خراپ” بتوانێت دەربڕینی ئەم دۆخە بێت. لەبەر ئەوە نابێت کەمبوونەوەی کاردانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ ئەوەی بارودۆخی پێکهێنانی ئەو دۆخە لەبەرچاو بگرین، بە نیشانەی کەمبوونەوەی نیگەرانیی کۆمەڵایەتی دابنرێت. هەندێک جار بێهەڵوێستی کۆمەڵگە دەرئەنجامی نەبوونی نیگەرانی نییە، دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی نیگەرانییە.
ئابووری سیاسیی و بێ هیوایی
ناکرێت بێ هیوایی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕوانگەی دەروونییەوە ڕوون بکرێتەوە، دۆخی ئابووری ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە. بێکاری و ناسەقامگیریی پیشەیی و کەمبوونەوەی توانای کڕین و نائاساییی داهاتووی ئابووری و نیگەرانی لەسەر داهاتووی منداڵان و کۆچی هێزی کار، هەموویان توانای تاک بۆ بەشداریی کۆمەڵایەتی کەم دەکەنەوە.
ئەو کەسەی بەشێکی زۆر لە وزەی مێشکیی خۆی بۆ دابینکردنی ژیان بەکار دەهێنێت، توانای کەمتری بۆ چالاکیی سیاسی و کولتووری و مەدەنی دەبێت. لەو ڕوانگەیەوە، قەیرانی ئابووری تەنیا قەیرانی داهات نییە، بەڵکوو قەیرانی توانای بەشداریی کۆمەڵایەتیشە. لەو دۆخەدا، سیاسەت بۆ هاووڵاتی لە بواری بەشداری و گۆڕانەوە دەگۆڕێت بۆ بوارێکی ماندووکەر و لە دەسەڵاتی ئەو بەدەرە.
لێرەدا، پەیوەندیی نێوان ئابووری و بێمتمانەیی سیاسی گرنگ دەبێت. کاتێک هاووڵاتی هەست بکات بڕیارە سیاسییەکان کاریگەرییەکی دیار لەسەر کوالیتیی ژیانی ئەو نییە، ئەگەری دوورکەوتنەوەی لە بەشداری سیاسی و چالاکی مەدەنی زیاتر دەبێت.
میدیا و بەرهەمهێنانی “واقیعی قەیران”
لەم پڕۆسەیەدا، میدیا تەنیا ڕۆڵی گواستنەوەی قەیران نابینێت، بەڵکوو لە شێوەدان بە تێگەیشتنی کۆمەڵگە بۆ قەیراندا ڕۆڵ دەبینێت. لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چەمکی کلاسیکی “ڕێکخستنی ئەجێندای میدیایی” چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئێستا ئەوە تەنیا میدیاکان نیین، کە دیاری دەکەن چی شتێک زیاتر ببینرێت، بەڵکوو ئەلگۆریتمەکانی پلاتفۆڕمەکان لە دیاریکردنی ئەوەی چی زیاتر دەگاتە بەکارهێنەر ڕۆڵ دەبینن.
ناوەڕۆکی بابەتێکی تووڕەکەر و ترسناک و جەنجاڵهێنەر زۆرجار توانای زۆرتری هەیە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک. لەبەر ئەمە، ئابووریی سەرنج دەتوانێت ببێتە هۆی جۆرێک لە بەهێزکردنی میدیایی قەیران. ڕووداوێک کە لە ڕاستیدا جارێک ڕوویداوە، لەوانەیە لە بوارە میدیاییەکەدا سەدان جار دووبارە بەرهەم بهێنرێتەوە. وێنە، ڤیدیۆ و شیکردنەوە و کاردانەوە و مشتومڕە سیاسییەکان ڕووداوێک لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە دەگۆڕن بۆ بازنەیەکی بەردەوامی سەرنج. لە ئەنجامدا، هاووڵاتی تەنیا لەگەڵ “واقیعی قەیرانەکە”دا ناژی، بەڵکوو لەگەڵ واقیعی میدیاییکراوی قەیرانەکەشدا دەژی. ئەم جیاوازییە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە زۆر گرنگە.
ماندووبوون لە هەواڵ و دوورکەوتنەوە لە سیاسەت
یەکێک لە دەرئەنجامە گرنگەکانی زۆربوونی هەواڵ، ئەو دیاردەیەیە، کە لە ئەدەبیاتی میدیاییدا بە ماندووبوونی هەواڵ (News Fatigue) ناودەبرێت. تاکێک، کە بەردەوام هەواڵە نەرێنییەکان دەبینێت و دەبیستێ، لەوانەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی دەروونیی خۆی بە ئاگاداری، یان بێ ئاگاداری، لە هەواڵ دوور بکەوێتەوە. لە قۆناغی دواتردا، ئەم دوورکەوتنەوەیە لە هەواڵ دەتوانێت ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە سیاسەتیش. هاووڵاتییەک، کە هەست بکات بەشدارییەکەی هیچ گۆڕانێک دروست ناکات، لەوانەیە لەجیاتی بەشداری، دوور بکەوێتەوە.
قەیرانی متمانە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی
بێهیوایی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە مەترسیدارتر دەبێت، کە لەگەڵ کەمبوونەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی هاوکات بێت. بە شێوەیەکی سادە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بریتییە لە کۆمەڵێک متمانە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوکاری و خواستە هاوبەشەکان، کە ڕێگە بە کردارکردنی کۆمەڵایەتی دەدەن.
کۆمەڵگەیەک، کە متمانەی دامەزراوەیی تێیدا کەم بووبێتەوە، بە نرخێکی کۆمەڵایەتیی قورستر ئەزموونی قەیرانەکان دەکات. ئەگەر هاووڵاتی متمانەی بە حکوومەت و حیزب و میدیاکان و تەنانەت بە یەکتری نەبێت، هەر قەیرانێکی نوێ لەجیاتی دروستکردنی یەکگرتوویی، دەتوانێت کەلێنی کۆمەڵایەتی زیاتر بکات.
لەو دۆخەدا، هەواڵی نەرێنی تەنیا “زانیاری” نییە، دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی بەدبینی گشتیی. لەبەر ئەمە، کێشەی سەرەکی تەنیا ژمارەی هەواڵە نەرێنییەکان نییە، بەڵکوو ئاستی متمانەی ئەو کۆمەڵگەیەیە، کە ئەم هەواڵانە وەردەگرێت.
بۆچی بێهیوایی سەرهەڵدەدات
هیوای سیاسی کاتێک بەردەوام دەبێت، کە هاووڵاتی هەست بکات داهاتوو گۆڕانکارییە و کردارکردنی ئەو دەتوانێت بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییە. ئەگەر تاک چەندین جار بەڵێنی چاکسازی ببیستێت، بەڵام گۆڕانێکی دیار نەبینێت، کەلێنی نێوان “بەڵێن” و “کردار” فراوانتر دەبێت.
لەو دۆخەدا، هیوا بە هێواشی دەگۆڕێت بۆ بەدبینی و نائومێدی. لەبەر ئەمە، قەیرانی هیوا لە کۆمەڵگەی کوردستان نابێت تەنیا بە کێشەیەکی ئەخلاقی، یان دەروونی سەیر بکرێت، ئەم کێشەیە ڕەگوڕیشەی سیاسی و دامەزراوەیشی هەیە.
هیوای سیاسی کاتێک لەناو دەچێت، کە هەستی کاریگەریی سیاسی لەناو بچێت. بە واتایەکی دیکە، هاووڵاتی کاتێک هیواخوازە، کە باوەڕی هەبێت: من دەتوانم بەشداری بکەم، بەشدارییەکەم کاریگەرە، دامەزراوەکان بەهۆی بەشداری منەوە چالاک دەبن و لە بەشداریی من ئەنجامێک بەرهەم دێت.
کێ بەرپرسیارە لە دووبارە بنیاتنانەوەی هیوا لە کۆمەڵگەی کوردستان
ئەگەر بێهیوایی کۆمەڵایەتی دەرئەنجامی تێکەڵبوونی ترۆمای مێژوویی و قەیرانە بەردەوامەکان و فشاری ئابووری و بێمتمانەیی دامەزراوەیی و بۆمبارانکردنی میدیایی بێت، بەرپرسیارێتی دووبارە بنیاتنانەوەی هیواش نابێت بخەینە سەر تاک، یان خێزان. ئەمە کێشەیەکی گشتیی و سیاسییە.
یەکەم: حکوومەت و بەرهەمهێنانی “هیوا”
حکوومەت گەورەترین توانای هەیە بۆ گۆڕینی هیوا لە بیرکردنەوەیەکی دەروونییەوە بۆ ئەزموونێکی بینراو، یان هەستپێکراو، بەڵام هیچ کات حکوومەت ناتوانێت بە ڕیکلام و پڕوپاگەندا هیوا دروست بکات. هیوا ئەو کاتە دروست دەبێت، کە هاووڵاتی گۆڕانکارییەکان بە کردەیی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا ئەزموون بکات. کەمکردنەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی یاسا و ئاسایشی پیشەیی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان و بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکان و هەلی بەشداری سیاسی و هەموویان دەتوانن سەرچاوەی بنەڕەتیی دروستکردنی هیوا و متمانە بن.
لەبەر ئەمە، حکوومەت پێویستە لە سیاسەتی بەڵێنەوە بەرەو سیاسەتی کردار بڕوات. خەڵک پێویستیان بە بەڵێنێک نییە، کە لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، پێویستیان بە کردارێکی بچووک و ڕاستەقینەیە بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی ئێستایان. دروستکردنی ڕێگەوبان و قوتابخانەیەکی باشتر و نەخۆشخانەیەکی کاراتر و فەرمانگەیەکی وەڵامدەر و دەرفەتێکی کار، یان یاسایەکی دادپەروەرانە، کاریگەرییەکی زیاتری هەیە لە دەیان دروشم و وتاری سیاسی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە بنیاتنانی هیوا پێویستی بە کردارە نەوەکوو بەڵێن و گوفتار.
بەڵام لە ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم دروستبوونی ئەم هیوایە، بەردەوامیی دۆخی دووئیدارەیی و باڵادەستیی ڕەھای حیزبەکانە بەسەر دامەزراوە فەرمییەکاندا. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت پەرلەمان وەکوو بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان چەندین جار پەک دەخرێت، یان لەکار خراوە و دادگاکان سەربەخۆیی خۆیان لەدەستداوە و تووشی سستی و سێبەری حیزب بوون، بەتەواوی لە گۆڕانکاری بێهیوا دەبێت.
لەوەش مەترسیدارتر، بەحیزبیکردن و ئیفلیجکردنی ئەو دامەزراوە سەرپەرشتیار و چاودێرانەیە، کە دەبێت پارێزەری مافەکانی هاووڵاتی و بەرەنگاربووەوەی گەندەڵی بن، دامەزراوەکانی وەکوو دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی (نەزاهە) و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، بەهۆی دەستوەردانی حیزبی و نەبوونی ئیرادەی سیاسی، لە ڕۆڵی سەرەکیی خۆیان داماڵراون و ناتوانن لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و دەسەڵاتداران بپڕژێنن.
ئەم داڕزانەی دامەزراوەکان وا دەکات حکوومەت لە بڕیار و دادپەروەری بکەوێت و تەنیا لە ڕێگەی دەسەڵاتی حیزبییەوە بەڕێوە بچێت، بەمەش هاووڵاتی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە هیچ پەناگەیەکی یاسایی و فەرمی نییە پارێزگاری لە مافەکانی بکات. بۆیە تاوەکوو حکوومەت نەبێتە خاوەنی دامەزراوەی سەربەخۆ و ناوەندێتییەکی یاسایی دوور لە باڵادەستیی حیزبی و ناوچەیی، دروستکردنی هیوا تەنیا لە چوارچێوەی دروشمی میدیاییدا دەمێنێتەوە.
٢. حیزبە سیاسییەکان و بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی بەشداری خەڵک
حیزبە سیاسییەکانیش لەم پڕۆسەیەدا، بەرپرسیارێتییەکی گرنگیان هەیە. لە بارودۆخێکدا، کە ململانێی سیاسی زۆرجار تەنیا بۆ شەڕی دەسەڵات و تۆمەتبارکردنی یەکتر و بەرهەمهێنانەوەی قەیران سنووردار بکرێت، هاووڵاتی بەهێواشی سیاسەت بە بوارێکی ماندووکەر دەبینێت.
حیزبەکان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە پێویستە لە سیاسەتی قەیرانسازی دوور بکەونەوە و بەرنامەی وەڵامدەرایەتی و بەشداریی ڕاستەقینەی هاووڵاتی لە ناوەندی کارەکانیان دابنێن. کۆمەڵگەی ماندوو زیاتر لە هەر شتێک پێویستی بەو هەستە هەیە، کە دەنگی من دەبیسترێت و بەشداریی من بێکاریگەری نییە.
حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەردوو ئاستی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، بەرپرسیارێتییەکی ڕاستەوخۆیان لە بێهیوایی سیاسیی کۆمەڵگەدا هەیە. کاتێک ململانێی سیاسی لە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ “زۆرانبازیی مان و نەمان” و توومەتبارکردنی یەکتر و دروستکردنی قەیرانی ساختە، هاووڵاتی تووشی بێزاربوونی بونیادی دەبێت و کایەی سیاسەت وەکوو بوارێکی فرێودەر و ماندووکەر دەبینێت.
نائومێدیی قووڵی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان بەرانبەر بە بەشداریی سیاسی و زادەی ئەزموونکردنی چەندین شکستی دراماتیکیی مۆدێلە سیاسییەکانە. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ۲۰۰۹ ئاسۆیەکی بەرزی هیوای لای شەقام دروست کرد، بەڵام چوونی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ناو پێکهاتەی دەسەڵات، بێتوانایی لە ئەنجامدانی چاکسازی و ئاڵوودەبوونی بەشێک لە سەرکردایەتییەکەی بەبێ ئیمتیازات و گەندەڵی، گەورەترین زەبر بوو لە بڕوای خەڵک بەرانبەر بە ئەمڕازی بەدیل-ئۆپۆزسیۆن.
دروستکردنی حیزب لەلایەن د. بەرهەم ساڵحـەوە، وەکوو پڕۆژەیەکی چاکسازیخوازی و دواتر هەڵوەشاندنەوەی و ڕێککەوتن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و تێڕوانینی شەقامی بۆ حیزب لەکەدار کرد. ئەم ڕووداوە سەلماندی کە پڕۆژە سیاسییەکان زۆرجار تەنیا کەرستەیەکن بۆ کارتیکی گوشار و گەیشتن بە پۆست، نەوەکوو پڕۆژەی بونیادنەر. هاوپەیمانییە لەناکاوەکەی شاسوار عەبدولواحد لەگەڵ یەکێتیی و پاشان لێکترازانی نەوەی نوێ بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی حزبەکە وەکوو موڵکێکی خێزانی و لەتبوونی ڕەوتی هەڵوێست و جودابوونەوەی هاوڕێکانی پێشووی بەهۆی ناکۆکی لەسەر میتۆدی کارکردن و لاوازیی بەردەوامی حیزبە ئیسلامییەکان لە داڕشتنی گوتارێکی کرداریی نوێ و ئاوێتەبوونی بێ ئەنجامیان لەگەڵ یارییە سیاسییەکاندا، وایان کرد ئەم حیزب و ڕەوتانەش نەتوانن ببنە پەناگەیەک بۆ دروستکردنی ئومێد.
بەڵام لە سەروویی ئەوانەوە گەندەڵی و قۆرخکاریی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتیی) و بەسیستمکردنی گەندەڵی، دادۆشینی سامانی گشتی و نەبوونی شەفافییەت لە لایەن دوو حیزبی فەرمانڕەواوە، هاووڵاتیی گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی کە سندوقی دەنگدان توانای هێنانی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەی نییە.
تێکەڵبوونی ئەم نموونانە بووەتە هۆی دروستبوونی “نائومێدیی گشتی لە بەشداری، واتە هاووڵاتی بەکردار دەبینێت کە بەشداریکردنی لە پڕۆسەی سیاسی هیچی لێ سەوز نابێت و تەنیا شەرعییەت بە نوخبەیەکی ناکارا دەدات.
بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە و ڕاکێشانەوەی بەشداریی خەڵک، پێویستە حیزبەکان دەستبەرداری سیاسەتی عاتیفی و قەیرانخوڵقێن بن، لە شوێنی ئەودا، بەرنامەی ڕوون و وەڵامدانەوەی ڕاستەقینە و بەشداریی کارای هاووڵاتییان بکەنە کاری سەرەکییان، تاوەکوو ئەم کۆمەڵگە ماندووە بە کردەوە هەست بکات، کە دەنگی دەبیسترێت و بەشدارییەکەی کاریگەر و دیاری هەیە.
٣. ڕووناکبیران، زانکۆ و دامەزراوە کولتوورییەکان
نوخبە کولتوورییەکانیش لە دووبارە بنیاتنانەوەی هیوا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن. ئەگەر مێژووی کۆمەڵگەیەک تەنیا بە زمانی قوربانیبوون بگێڕدرێتەوە، لەوانەیە ناسنامەی کۆمەڵایەتی زۆر بە ڕەنج و قوربانیبوونەوە پەیوەست ببێت.
پاراستنی یادەوەریی مێژوویی پێویستە، بەڵام کۆمەڵگە جگە لە “یادەوەریی ڕەنج” پێویستی بە “خەیاڵکردنی داهاتوو”ش هەیە. زانکۆ و ئەدەب و هونەر و بیرکردنەوەی سیاسی پێویستە بتوانن لە ڕابردووەوە فێر ببن و لە هەمان کاتدا ئەگەری داهاتوو بخەنە بەردەم کۆمەڵگە. کۆمەڵگەیەک، کە نەتوانێت خەیاڵی داهاتووی خۆی بکات، بە زەحمەت دەتوانێت ئەو داهاتووە دروست بکات.
٤. میدیا، لە بەرهەمهێنانی قەیرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی تێگەیشتن
میدیای پیشەیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بێهیوایی و داهێزرانی کۆمەڵایەتیدا، دەبێت هاوسەنگی لەنێوان ڕەخنە و ڕۆژنامەگەریی چارەسەردا دروست بکات. ڕۆژنامەگەریی چارەسەر شێوازێکی باسکردنی هەواڵە لەبری ئەوەی تەنیا باسی کێشەکان بکات، سەرنج دەخاتە سەر لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە لەو چارەسەرانەی بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنەڕوو. ئەرکی میدیا تەنیا دروستکردنی شۆک و ڕاکێشانی سەرنجی بینەر نییە.
میدیای پیشەیی پێویستە لەنێوان هەواڵ و شیکردنەوە و چوارچێوە و چارەسەردا هاوسەنگی دروست بکات. ئەگەر میدیا تەنیا بڵێت ئەم دیاردەیە، یان ئەو بڕیارە خراپە، بەڵام ڕوونی نەکاتەوە بۆچی خراپە، کێ بەرپرسیارە و چ چارەسەرێک هەیە و چ ئەزموونێکی سەرکەوتوو بەردەستە، لەوانەیە لەجیاتی زیادکردنی هۆشیاری، بەتەنیا هەستی بێتوانایی و سستبوونی ئیرادەی جەماوەر بەرهەم بهێنێت.
کەناڵ و پلاتفۆڕمە میدیاییەکانی باشووری کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی بینەر و کلیک، زۆرجار ڕووداوە نەرێنییەکان گەورەتر لە واقیعی خۆیان نیشان دەدەن، وەکوو زەقکردنەوەی ململانێی فکری لەنێوان وتاربێژی نەزان و بەناو عەلمانیی ڕادیکاڵدا بە مەبەستی دروستکردنی جەنجاڵی، کە ئەوەش کێشە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە و کۆمەڵگە تووشی دووبەرەکی و نائارامی دەروونی دەکات. هاوکات تێڕوانینی کەمپین ئاسای میدیا بۆ کۆچی گەنجان و بە بازاڕکردنی توندوتیژی و قەیرانە خێزانییەکان وا لە هاووڵاتی دەکات هەست بکات کۆمەڵگە بە تەواوی داڕزاوە و هیچ بژاردەیەک نەمێنێتەوە.
لە بەرانبەردا، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆڕەکانی ڕۆژنامەگەریی چارەسەر سەلماندوویانە، کە میدیا دەتوانێت لە دروستکەری قەیرانەوە بگوێزرێتەوە بۆ دروستکەری ئومێد. بۆ نموونە بەشی چاکسازییەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز زنجیرە وتار و ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، تێیاندا سەرنجی نەدەخستە سەر ڕێژەی بەرزبووەوەی هەژاری، یان بێماڵیی، بەڵکوو تیشکی دەخستە سەر ئەو شارانەی توانیویانە بە مۆدێلی داهێنەرانە ڕێژەی بێماڵیی کەم بکەنەوە. ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە فشاریان خستە سەر سیاسەتڕێژان تاوەکوو ئەو مۆدێلە سەرکەوتووانە تاقی بکەنەوە.
هەروەها میدیای ناوخۆیی ئوسترالیا لە شاری ئالاس سپرینگ، کاتێک شارەکە تووشی ناوزڕاندن و قەیرانی ڕێژەی بەرزی تاوان لە میدیا نیشتیمانییەکاندا ببووەوە و خەڵکەکەی تەواو بێهیوا ببوون، میدیای ناوخۆیی بە هاوکاری کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاپۆرتیان لەسەر هەوڵە سەرکەوتووەکانی ڕێکخراوە خۆجێییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی ئەنجامدا، ئەو ڕاپۆرتانە بوونە هۆی زیندوبوونەوەی هیوا و بەشداریی شارۆچکەکە لە پاراستنی ئاسایشی خۆیاندا.
بۆیە پێویستە میدیا کۆمەڵگە لە ئابووریی ترس بەرەو ئابووریی تێگەیشتن بگوازرێتەوە. کۆمەڵگە پێویستی بە زانیاری هەیە، بەڵام زانیاریی بێ چوارچێوە و بێ چارەسەر، تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی قووڵ.
٥. کۆمەڵگەی مەدەنی و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لە خوارەوە
هیوای کۆمەڵایەتی تەنیا بە حکوومەت و میدیاوە بەرهەم نایەت. کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لەو بۆشاییە سەربەخۆیەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، کە لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سەندیکاکان و کۆمەڵە کولتوورییەکان و گرووپەکانی گەنجان و ژنان و زانایان و هونەرمەندان پێکهاتووە. لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان دەریانخستووە، کە لە کاتی قەیرانە قووڵەکان و داڕمانی متمانەی سیاسی، ئەم توێژە دەتوانێت ببێتە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵگە و سەرچاوەی سەرەکی بۆ بونیادنانەوەی هیوا.
بەڵام لە باشووری کوردستان، کێشەی سەرەکی ئەوەیە، کە حیزبە سیاسییەکان بەهۆی دەستوەردانی بەردەوام و سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە کاروباری ڕێکخراوە پیشەیی و سەندیکاییەکاندا، سەربەخۆیی ئەم دامەزراوانەیان تووشی داڕزان کردووە. ئەم دەستوەردانە سیاسییە وای کردووە زۆربەی سەندیکا و ڕێکخراوەکان، یان بە تەواوی پەکیان بکەوێت و کارایی خۆیان لەدەست بدەن، یاخود لە گۆڕەپانی داواکارییە ڕاستەقینەکانی خەڵکدا ون و بێکاریگەر ببن و ببنە پاشکۆی ئیرادەی حیزبی.
مێژووی هاوچەرخی وڵاتانی تووشبوو بە قەیران دەیسەلمێنێت، کە ڕزگاربوون لەم ئیفلیجبوونە ئەستەم نییە. لە ئیرلەندای باکوور لە سەردەمی ململانێ تووندەکاندا، گرووپە مەدەنییەکان (وەکوو هاوپەیمانیی ژنان) زەمینەی ئاشتییان لە خوارەوە ئامادە کرد. لە تونس دوای ٢٠١١، “چوارقۆڵیی دیالۆگی نیشتیمانی” کە لە سەندیکا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان پێکهاتبوو، وڵاتیان لە شەڕی ناوخۆ ڕزگارکرد. لە لوبنانیش دوای تەقینەوەکەی بەیروت و داڕمانی ئابووری، گرووپە خۆبەخشە مەدەنییەکان لەبری دەوڵەت ئەرکی بەهۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیان گرتە ئەستۆ.
بۆیە لە کوردستانیش، دەربازبوون لەم قەیرانە پێویستی بە دووبارە سەربەخۆکردنەوە و کاراکردنی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانە. کاتێک خەڵک لە پڕۆژەیەکی مەدەنیی سەربەخۆدا لەگەڵ یەکتر هاوکاری دەکەن و ئەنجام بەدەست دەهێنن، ئەزموونی ڕاستەقینەی کاریگەری بەدەست دەهێنن و پەیامێکی گرنگ دەبەخشنەوە، کە “هێشتا دەتوانین شتێک بگۆڕین”. ئەم هەستەی کاریگەری، بنەمایەکی دیارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داڕزانی کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیاتنانەوەی هیوا و بەشداریی سیاسی.
هیوا وەک کێشەیەکی گشتی
نابێت کۆمەڵگەی کوردستان تەنیا لە ڕوانگەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانەوە لێک بدرێتەوە. یەکێک لە کێشە گرنگەکانی ئەمڕۆ بێهیوایی کۆمەڵایەتییە، ئەم بێ هیواییە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی یادەوەریی مێژوویی تووندوتیژی و قەیرانە بەردەوامەکان و فشاری ئابووری و کەمبوونەوەی متمانەی دامەزراوەیی و بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ هەواڵە نەرێنییەکان دروست بووە.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەوەی هەندێکجار بە “گوێنەدانی کۆمەڵگە” ناودەبرێت، لەوانەیە لە هەندێک باردا نەبوونی نیگەرانی نەبێت، بەڵکوو میکانیزمێکی بەرگریی کۆمەڵگە بێت لە بەرانبەر کەڵەکەبوونی قەیرانەکان.
کۆمەڵگەیەک، کە چەندین جار ترس و تۆقینی تاقیکردووەتەوە، چەندین جار هیواخواز بووە و چەندین جار نائومێد کراوە، لەوانەیە لە بەرانبەر قەیرانەکانی داهاتوودا بێدەنگ بێت. بەڵام نابێت ئەم بێدەنگییە بە ڕازیبوون لێک بدرێتەوە.
لەوانەیە بێدەنگی نیشانەی بێهیوایی بێت، لەبەر ئەمە، کێشەی سەرەکی تەنیا ئەوە نییە، چۆن خەڵک دووبارە بەرانبەر قەیرانەکان هەستیار بکەین، بەڵکوو ئەوەیە چۆن متمانە و هەستی کاریگەری و هیوا سیاسییەکە دووبارە لەناو کۆمەڵەگەدا بنیاد بنێینەوە. ئەمەش ئێمە دەباتەوە بۆ گرنگترین پرسیاری ئەم وتارە: سەرچاوە و بزوێنەری هیوا لە کۆمەڵگەی کوردستان کێیە؟
وەڵامەکە بە تەنیا تاکێک، یان حیزبێک نییە. هیوا کۆمەڵایەتی بەرهەمی سیستەمێکی پێکەوە گرێدراوە: حکوومەتێکی وەڵامدەر و دامەزراوەی متمانەپێکراو و حیزبە بەرپرسیارەکان و میدیای پیشەیی و کۆمەڵگەی مەدەنیی چالاک و زانکۆ و کولتووری زیندوو و هاووڵاتییەکانی، کە ئەزموونی ڕاستەقینەی بەشداری و کاریگەرییان هەیە، بەڵام لەم نێوانەدا، حکوومەت و دامەزراوە سیاسییەکان بەرپرسیارێتییەکی زیاتر هەڵدەگرن، چونکە گەورەترین دەسەڵاتیان بۆ گۆڕینی بەڵێن بۆ واقیع لە دەستدایە.
جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە هیوا بە ڕیکلام و پڕوپاگەندا دروست ناکرێت، هیوا ئەو کاتە لەدایک دەبێت، کە خەڵک بتوانن لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا نیشانە ڕاستەقینەکانی ئەگەری گۆڕانکارییە پۆزەتیڤەکان ببینن.
لەبەر ئەمە، لەوانەیە گرنگترین سیاستی کۆمەڵایەتی بۆ کوردستانی ئەمڕۆ تەنیا بەڕێوەبردنی قەیران نەبێت، بەڵکوو بەڕێوەبردنی بێهیوایی کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیاتنانەوەی توانای هیوا بێت.
کۆمەڵگەیەک، کە دەیان ساڵ بۆ مانەوەی ژیان خەباتی کردووە، ئێستا پێویستی بە شتێکی زیاتر لە خۆڕاگری هەیە، خەڵک پێویستیان بەو باوەڕە هەیە، کە دەکرێت “ژیانی داهاتوویان لە ڕابردوو باشتر بێت.” ئەم باوەڕە تەنیا ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کە کۆمەڵگە لەجیاتی بیستنی بەڵێنی داهاتوو، بتوانێت لە ئێستادا بەشێک لەو داهاتووە ئەزموون بکات.



