سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕۆڵی توێژینەوەی ئەکادیمی لە دۆزی کورد‌ـدا چییە؟

زمان، لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و گوتاری گونجاو لەگەڵ چوارچێوەی دامەزراوە ئەکادیمییەکان دەتوانن گرنگییەکی زۆریان هەبێت بۆ تێگەیشتنی جیددی، کاریگەریی بەرفراوانتر و کردنی کەیسی کورد بە کەیسێکی تایبەت و هێڵێک بۆ لێکۆڵینەوە لە چوارچێوەی بارودۆخی بێدەوڵەتی، هەلومەرجی ژێردەستەیی نەتەوەیی و داگیرکراویدا. بەهای ئەم لێکۆڵینەوەیە تا ڕادەیەک لەوەدایە کە کاری زانستی، ئەزموونی کورد دەخاتە بەراورد لەگەڵ ئەزموونی نەتەوەکانی دیکە: داگیرکاریی، بێبەشکردن، بێدەوڵەتی، ڕەگەزسازی، توانەوەی زۆرەملێ و بەرخۆدان. ئەم بەراوردە مژارێکی کەم نییە؛ بەڵکوو ئەو ڕێگا و ئەگەرانە دەردەخات کە لەوانەیە بەبێ ئەوە شاراوە بمێننەوە و لە گوتاری داگیرکارانە و زاڵ و هەژموونی سیاسی، ماددی و بوونی ڕێژەی ئەکادیمیستی لایەنگری دەوڵەتانی داگیرکاردا بنێژرێن. ئەوە نیشانمان دەدات کە ئەوەی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان بەسەر کوردستان‌دا بە ناوی «کێشەی ئەمنی»، «لادانی نەتەوەیی» یان «دواکەوتوویی» پیشانی دەدەن، خۆی بەشێکە لە سیستەمێکی گەورەتری دەسەڵاتی کۆلۆنیاڵی و داگیرکاریی و بەرهەمهێنانی مەعریفەی شەرعییەتپێدەری کۆمەڵکوژی، کولتوورکوژی و زمانکوژی دژ بە نەتەوەیەکی وەکوو کورد.

کاری ئەکادیمی، لە هەمان کاتدا، مرۆڤی لێکۆڵەر ناچار دەکات وردتر و بەڵگەدارتر قسە بکات و بنووسێت. دەبێت بانگەشەکانی بسەلمێنێت، لێکدانەوە جیاوازەکان بخوێنێتەوە، ئەرشیڤ و بەڵگەکان بپشکنێت، و ئارگومێنتەکانی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی جیددی دابنێت. هەرچەندە لێکۆڵینەوەکەی لەژێر فشار و سنوورداری دایە، بەڵام هەمووی بەرهەمی ڕوانگەی تەریکخراو و بانگەشەی گونجاوتر لە ڕێگەی ئاگادارییەکی پترەوە دەکرێن، وەکوو دانا هاراوەی دەڵێت؛ گۆشەنیگای خوارەوە هەڵگر یان ئاگاداری گۆشەنیگای سەردەستیشە؛ چونکە لەگەڵ بیر و ڕوانگەی جیاواز مامەڵە دەکات. هەرچی لێکۆڵینەوەکە قووڵتر و جیددیتر بێت، بۆ مێژوونووس و لایەنگری گێڕانەوەی دەسەڵاتدارەکان ئاڵنگاریی زۆرتر ساز دەکات تا داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد وەک هەستەکی، پڕوپاگەندە یان جوداخوازی ڕەت بکەنەوە.

تیۆریش لێرەدا گەورەترین گرنگیی هەیە. چەمکسازی و چەمکاندن خۆی پەردەیەکی دیکە لە پەیوەندیی دەسەڵات بە جۆرێکی دیکە هەڵدەداتەوە، دەبێت بە دەنگی ئەو پێناسەکارەی کە بەرهەڵستیی نەریتی چەمکاندن و پێناسەکردنی زاڵ دەکات، کە شەرعییەتی بە نەریتشاردنەوە و پاساو بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی بەکارهێناوە. چەمکەکانی وەک کۆلۆنیالیتە، ڕەگەزپەرستی، کوشتنی زانین، نەتەوەپەرستیی دەوڵەتی و تیۆلۆجیای سیاسی، نموونەن کە یارمەتیمان دەدەن نێو لە پڕۆسە مێژووییە ئاڵۆزەکان بە زمانێکی ڕوونتر بنێین، کە ئەگەر ئەو چەمکاندن و نێولێنانە سەقامگیر و بەربڵاو بێت، خۆی لە عەینی کڕینی مەشرووعییەتی مەعریفی، مەشرووعییەتی ئەخلاقیی نێولێنانەکەشی تا ڕادەیەک سەپاندووە. ئەم چەمکدانانەی کە ڕاستە ناوەڕۆکی سیاسییان هەیە، بەڵام ناویش دەبەخشن بە ئەزموونگەلێک و ئەزموونی هاوبەشی مرۆڤایەتی کە مرۆڤ لەوانەیە بەبێ ئەوانە نەتوانێت بە قووڵی هەستیان پێ بکات، یان نەزانێت چۆن بیانخاتە ناو زمان و گفتوگۆی سیاسییەوە. ناونان شتێکی ڕووکەش نییە؛ چونکە دیاری دەکات چی دەکرێت ببینرێت، چی لەسەری گفتوگۆ بکرێت و مۆرکی بێژەری قسە و دەربڕی لێکۆڵەر لە پەیوەندییەکانیان و بەربەرەکانیان دەدات.

بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی سنووری جیددیش ساز دەکات. زانکۆ و گۆڤارەکان شوێنی بێلایەنی ئایدیۆلۆجی نین. پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن، دابونەریتی زانستی و پڕۆسەی بڵاوکردنەوە، زۆرجار و بە جیددیش لەژێر کاریگەریی گێڕانەوەی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانن. ئەوان بە هێز و توانای دارایی خۆیان ئاقاری لێکۆڵینەوە، ئیمکانی لێکۆڵینەوە و گرنگیی بابەتی لێکۆڵینەوە دیاری دەکەن. هەروەها، زۆرجار ئەو کەسانەی کە دادوەریی لێکۆڵینەوەکان دەکەن، بەتایبەت کە دێتە سەر باسی کورد، بە ئەنقەست یان بە نەخوازراوی، لەناو چوارچێوەی گوتاری نەتەوەیی تورکی، فارسی، عەرەبی یان چوارچێوەی دەسەڵاتدارێکی دیکەدا بیر دەکەنەوە. بۆیە نووسین لەسەر کوردستان بە دژی زمانی کۆلۆنیالیستی و زاڵ، زۆرجار ڕووبەڕووی بەرگری و ڕێگری دەبێتەوە. هەر بۆیەش ڕێژەی ئەکادیمیستی کورد، ڕێژەی بەرهەمهێنان و دادوەریی خۆیان دەتوانێت فاکتەرێکی زۆر جیددی بێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کورد ببێت بە مژارێکی سەرەکی و ئاسایی لە ئەکادیمیادا.

لە حاڵەتی ئاساییدا بۆ غەیرە کورد، ئەم بەرەنگارییە خۆی کاری زانستی دەکات بە گفتوگۆ. مرۆڤ ناچار دەکات ئارگیومێنتە دژبەرەکان بناسێت، پێشمەرج و بنەما شاراوەکانیان دەستنیشان بکات، و ڕەخنەیەکی وردتر و مێژووییتر دابڕێژێت. بەو مانایە، بەرهەمی زانستی—هەرچەندە لەژێر فشار و سنوورداریدایە—دەبێت بەرهەمێکی ئاگادارتر بێت؛ چونکە لەگەڵ بیر و ڕوانگەی جیاواز مامەڵە دەکات. بۆ کوردیش بەو مانایەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو کۆسپە، دیسانیش بانگەشەی لێکۆڵەری کورد لە حەوتخانی ڕۆستەم دەرچووە، و کە دەرچوو بە ئاسایی ناکرێت بێبایەخ ببینرێت.

کاتێک کارێکی زانستی بڵاو دەبێتەوە، گرنگییەکەی تەنیا لە سنووری وتارێک یان پەرتووکێکدا نامێنێتەوە. دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵە زانینێک کە دەکرێت لە پۆل و زانکۆدا بخوێندرێتەوە، لە لێکۆڵینەوەکانی داهاتوودا ئاماژەی پێ بکرێت، وەربگێڕدرێت، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و خوێندکاران بەهۆیەوە پرسیار و ڕێگای توێژینەوەی نوێ بدۆزنەوە. بۆ نەتەوەیەک کە مێژووەکەی زۆرجار نکۆڵی لێکراوە یان بەهۆی سنوورە داگیرکارییەکانەوە پارچەپارچە کراوە، کەڵەکەبوونی زانینەکە خۆی لە خۆیدا کاریگەرییەکی سیاسیی هەیە. بەردەوامییەکی هزری دروست دەکات و ئەزموونی کورد دەخاتە بەردەم جیهان وەک بابەتێکی جیددی لێکۆڵینەوە، نەک تەنیا وەک بابەتێک کە دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستان‌دا بۆمان پێناسەی بکەن.

کێشەی فەلەستین نموونەیەکی زۆر زەقە بۆ نیشاندانی ئەم هێزە. نەوەکانی پێشووی لێکۆڵەرانی فەلەستینی، بەتایبەتی ئیبراهیم ئەبو-لوغۆد—کە پێشەنگێکی گرنگ بوو بۆ ئێدوارد سەعید—و دواتریش خودی ئێدوارد سەعید، تەنیا لەسەر فەلەستین نەیاننووسی. ئەوان یارمەتییاندا زمانێکی هزری و سیاسی دروست بێت بۆ قسەکردن لەسەر پرسی فەلەستین وەکوو هێمای پرسی بێبەشکران، دەربەدەری، نوێنەرایەتی و توانای کردار و بڕیاردانی نەتەوەیی. ئەو هەوڵانەی ئەوان کارێکی کرد—بەتایبەت لە کاتێکی تایبەتدا کە ئێستا لە ئەکادیمیای ڕۆژئاواییدا، بەزەحمەت ئەکادیمیستێکی لیبراڵ دیموکرات یان چەپ لە ڕووی هەڵدێت کە لایەنگری فەلەستین نەبێت.

کارەکانی ئەبو-لوغۆد، فەلەستینی خستە ناو پەیوەندییەکانی ئیمپریالیزم و سیاسەتی نێودەوڵەتی، پێش ئەوەی خوێندنەوەی فەلەستین لە زانکۆکانی ڕۆژاوادا ئەوەندە بەرچاو ببێت. سەعید‌ـیش (بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە، لەوانە لایەنگریی لە ئیسلامی سیاسی و تەنانەت لە ڕاسیزمی بەعسی و عەرەبیش دژ بە کورد) ئەم کارەی فراوانتر کرد، بە ئاشکراکردنی ئەو شێوازانەی کە گوایا دەسەڵاتی ئیمپریالی بەهۆیانەوە زانیاریی لەسەر «ڕۆژهەڵات» بەرهەم دەهێنا و وێنەیەکی تایبەتی لێ دروست دەکرد. پێکەوە یارمەتییان دا فەلەستین لە پەراوێزی گفتوگۆی ئەکادیمی و گشتی بگوێزرێتەوە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و بەشێک لە چالاکوانیی مافی مرۆڤ و سۆشیالیزم و دژایەتی لەگەڵ نیۆلیبرالیزم لە ئەمریکا و ئەورووپا.

لێکۆڵینەوە بە تەنیا هیچ نەتەوەیەک ڕزگار ناکات. بەڵام دەتوانێت تێگەیشتنی گشتی بگۆڕێت، هاوپشتییەکان پتەوتر بکات، کاریگەری لەسەر هاوپەیمانییە سیاسییەکان دابنێت و هەندێک شێوازی نکوڵیکردن لەلایەن خەڵکەوە قبووڵنەکراوتر بکات.

پاراستنی سەربەخۆیی هزریی ئەکادیمیی کورد لەناو دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا پێویستی بەوە هەیە کە مرۆڤ نە گۆشەگیر بێت و نە تەسلیم. واتە پێویستە پێوەرە زانستییەکان بە جیددی وەربگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگە نەدات پۆلێنکردن و پێناسەکانی دەسەڵاتدار بە پێشوەختە کوردستان بۆی پێناسە بکەن. دەبێت ئەرشیڤ، میتۆد، بەراورد و ئامرازە تیۆرییەکان بەکار بهێنێت، بەبێ ئەوەی ببێتە دیلی ئەو سنوورە مەعریفییانەی دەوڵەتە داگیرکارەکان و درێژکراوە هزرییەکانیان سەپاندوویانە.

سەربەخۆیی هزری، لەم مانایەدا، بە مانای ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ نییە؛ بەڵکوو بە مانای ئەوەیە کە بتوانیت بچیتە ناو گفتوگۆ، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هەڵوێستی مێژوویی و سیاسیی خۆت ببیت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO