سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ترامپیزم و ماكیاڤیلی: دابڕانی سیاسەت لە ئەخلاق

تەحسین وسو عەبدوڵڵا

ترامپیزم (Trumpism) وەكوو دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فیكری لە سەدەی بیست و یەكەمدا، تەنیا ڕەوتێكی كاتیی، یان گۆڕانكارییەكی سادەی ناو هاوكێشە حیزبییەكانی ناوخۆیی ئەمریكا نییە، بەڵكوو گوزارشت لە بازدانێكی قووڵی پارادایمی دەكات، لە چۆنیەتی تێگەیشتن و پیادەكردنی دەسەڵاتدا لە چوارچێوەی ڕەوتێكی تەواو جیاواز لەپێش خۆیدا. بۆ شیكردنەوەی ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەیەكی فەلسەفی و ئەكادیمی قووڵەوە، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ بنەماكانی ڕێبازی ڕیالیزمی سیاسی (Political Realism)، بە تایبەتی تیۆرییەكانی فەیلەسوفی ناوداری سەردەمی ڕێنیسانس، نیكۆلا ماكیاڤیلی.

ناوەڕۆكی فەلسەفەی ماكیاڤیلی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، كە كایەی سیاسەت و دەسەڵات خاوەن یاسا و لۆجیكی تایبەت بە خۆیەتی، لۆجیكێك، كە بە تەواوی جیاوازە لە سیستەمە ئەخلاقی و ئایینییەكانی سەر بە ژیانی تاكەكەسی. ترامپیزم وەكوو ڕەوتێكی پۆپۆلیستی-ڕیالیستی، لە زۆر ڕووەوە تاقیكردنەوەیەكی مۆدێرنی ئەم تێزە ماكیاڤیلیستیەیە، كە تێیدا پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و مانەوە لە لوتكەدا، پێش هەر پرەنسیپێكی ئەخلاقی نەریتی، یان بەها گشتگیرەكان دەخا. ئەم گوتارە هەوڵ دەدات پەیوەندی نێوان ترامپیزم و فەلسەفەی ڕیالیزمی ماكیاڤیلی شی بكاتەوە، بە جەختكردنەوە لەسەر چەمكی جیابوونەوەی ئەخلاق لە سیاسەت.

بۆ تێگەیشتن لە لۆجیكی ترامپیزم، سەرەتا دەبێت شۆڕشە فیكرییەكەی ماكیاڤیلی لە كتێبی “میر” (The Prince) ڕوون بكرێتەوە. پێش ماكیاڤیلی، فەلسەفەی سیاسی كلاسیك لەژێر كاریگەریی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ و تیۆلۆجی مەسیحیدا بوو، كە سیاسەتیان وەكوو درێژكراوەیەكی ئەخلاقی چاكەخوازی و فەزیلەت دەبینی. بەڵام ماكیاڤیلی ئەم هاوكێشەیەی سەرەوژوور كردەوە، بە جۆرێك ئەو پێی وابوو، كە “ئەو كەسەی دەیەوێت لە ناو كۆمەڵێك مرۆڤی خراپدا تەنیا چاكە بكات، بێگومان تیا دەچێت.” لەم ڕوانگەیەوە، ماكیاڤیلی سیاسەتی لە بازنەی ئەخلاقی تاكەكەسی (كە بنەماكانی ڕاستگۆیی و بەزەیی و دادپەروەری ڕەهان) دەركرد و بردییە ناو بازنەی “ڕیالیزمی دەسەڵات”، بۆ ماكیاڤیلی، فەزیلەتی میر لە پاكی ڕەوشتی ئەودا نییە، بەڵكوو لە توانای ئەودا بۆ پاراستنی سەقامگیری و هێزی دەوڵەت دەركەوتووە. تەنانەت ئەگەر ئەمە پێویستی بە بەكارهێنانی فێڵ و درۆ و تووندوتیژی بێت. ئەم جیاكارییە فەلسەفییە لەنێوان ئەخلاقی تایبەت (مۆرالی شەخسی) و ئەخلاقی گشتیدا (مۆرالی سیاسی)، بنەمای سەرەكیی ڕێبازی ڕیالیزمی سیاسی پێكدەهێنێت.

لەم چوارچێوەیەدا، ترامپیزم وەكوو یاخیبوونێك دژی مۆرالیزمی لیبرال (Liberal Moralism)) یان (دروستی سیاسی و پۆلیتیكال كۆرێكتنیس، Political Correctness) سەری هەڵدا. سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی ئەمریكا بۆ چەندین دەیە لەژێر دروشمی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، دیموكراسی گشتیی و بەها لیبرالییە نێودەوڵەتییەكاندا بوو، كە زۆرجار وەكوو سیستەمێكی ئەخلاقی گشتگیر پیشاندەدرا. ترامپیزم هات و ئەم پەردە ئەخلاقییەی دڕاند و پرەنسیپی “ئەوەل، ئەمریكا” (America First ی كردە بنەما.

ئەم دروشمە لە جەوهەردا گەڕانەوەیەكی تەواوە بۆ ڕیالیزمی ماكیاڤیلیستی. لێرەدا، دەوڵەت پابەند نییە بە داكۆكیكردن لە بەها ئەخلاقییە جیهانییەكان، ئەگەر ئەو بەهایانە خزمەت بە بەرژەوەندییە ماددی و ستراتیجییەكانی نەكەن. كاتێك ترامپیزم ڕەخنە لە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دەگرێت، یان هاوپەیمانە مێژووییەكان ناچار دەكات باجی دارایی بدەن، ئەو لە دەرەوەی چەمكە باوەكانی “وەفای سیاسی”، یان “پشتیوانی ئەخلاقی” كار دەكات. ئەمە تەرجمەكردنی ڕاستەوخۆی ئەو تێزەیە، كە دەڵێت: “لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، تەنیا هێز و بەرژەوەندی پێوەرن، نەوەكوو دادپەروەری دابەشكراو”.

چەمكێكی دیکەی ناوەندی لە فەلسەفەی ماكیاڤیلی‌دا، چەمكی “فەزیلە”یە (Virtù). ئەم چەمكە بە واتای فەزیلەتی ئایینی نایەت، بەڵكوو بە واتای هێز و وەرچەرخان و ئیرادە و توانای زاڵبوون بەسەر بەخت و شانسدا دێت. میری ماكیاڤیلیستی دەبێت هاوكات وەكوو “شێر” بەهێز بێت و وەكوو “ڕێوی” فێڵباز بێت. ئەگەر سەیری شێوازی سەركردایەتی ترامپیزم بكەین، دەبینین پێگەی كارێزماتیستی ئەو لەسەر بنەمای نواندنی ئەم جۆرە لە فەزیلە داڕێژراوە. ترامپیزم نایەوێت وەكوو سیستەمێكی نموونەیی، یان بێدەروو لە ڕووی ئەخلاقییەوە دەربكەوێت، بەڵكوو هێزی خۆی لە ڕێگەی نیشاندانی سەركەوتن، شكاندنی نەیارەكان و تێكشكاندنی نۆرمە باوەكان بەدەست دەهێنێت. لەم سۆنگەیەوە، هێرشە بەردەوامەكانی ترامپیزم بۆ سەر دامەزراوە تەقلیدییەكان و میدیاكان و نەیارە سیاسییەكان، هاوشێوەی ئامۆژگارییەكانی ماكیاڤیلی‌یە بۆ میر، كە پێی وابوو، پێویستە نەیارەكان بە تەواوی تێك بشكێنرێن نەوەکوو تەنیا لاواز بكرێن، چونكە نەیاری لاواز تۆڵە دەكاتەوە بەڵام نەیاری تێكشكاو بێدەسەڵاتە.

یەكێك لە دەرئەنجامە گرنگەكانی جیابوونەوەی سیاسەت لە ئەخلاقی تاكەكەسی، گۆڕانی پێناسەی “ڕەوایەتی” (Legitimacy)یە. لە سیستمە ئەخلاقییەكاندا، سەركردە ڕەوایەتی لە پاكی ڕەوشت و ڕاستگۆییەكەیەوە وەردەگرێت. بەڵام لە ڕەوتی ڕیالیزمی ماكیاڤیلیستی‌دا، ڕەوایەتی لە ڕێگەی “ئەنجامەكانەوە” (outcomes) پێوانە دەكرێت. لێرەشەوەیە، كە دەستەواژە بەناوبانگەكە كورت دەكرێتەوە: “ئامانج هۆكارەكان ڕەوا دەکات (The end justifies the means). ترامپیزم پاڵپشتییە جەماوەرییەكەی لەسەر بنەمای پێشكەشكردنی ئەنجامی كۆنكرێتی (وەكوو بەهێزكردنی ئابووری و پاراستنی سنوورەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕكابەرە جیهانییەكانی وەكوو چین) بنیات دەنێت. بۆ لایەنگرانی ئەم ڕەوتە، گرنگ نییە ئەگەر گوتاری سیاسی سەركردەكەیان لەگەڵ پێوەرە ئەخلاقییەكانی ژیانی ڕۆژانەدا نەگونجێت، چونكە ئەوان سەیری سیاسەت دەكەن وەكوو گۆڕەپانی شەڕێكی مان و نەمان، كە تێیدا سەركەوتن لە شەڕەكەدا تاكە ئەخلاقی باڵایە.

لە كۆتاییدا، دەتوانین بڵێین ترامپیزم بەرجەستەكردنەوەیەكی مۆدێرن و داینامیكی فەلسەفەی ڕیالیزمی سیاسی نیكۆلا ماكیاڤیلی‌یە. ئەم ڕەوتە بە شێوازێكی پڕاكتیكی ئەوەی سەلماند، كە كایەی سیاسەتی گشتیی ناتوانرێت بە یاساكانی ئەخلاقی تاكەكەسی بەڕێوەبچێت. كاتێك دەوڵەت، یان سەركردەیەك دەكەوێتە ناو گێژاوی ململانێی هێزەوە، پرەنسیپە جێگیرەكانی وەكوو ڕاستگۆیی و بەزەیی دەبنە ڕێگر لەبەردەم پاراستنی قەوارە و بەرژەوەندییەكان. ترامپیزم بە دەركردنی مۆرالیزمی نموونەیی لە ستراتیجی سیاسی خۆیدا، نیشانیدا، كە ڕیالیزم لە سەدەی بیست و یەكەمدا هێشتاش لەسەر بنەمای هێز و بەرژەوەندی و جیاكاری نێوان “ئەوەی هەیە” و “ئەوەی دەبێت ببێت” كاردەكات. ئەم خوێندنەوە فەلسەفییە یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی ترامپیزم نەوەكوو وەكوو لادانێكی سادە لە نۆرمەكان، بەڵكوو وەكوو گەڕانەوەیەك بۆ لۆجیكی ڕەسەن و دڵڕەقانەی كایەی دەسەڵاتی سیاسی ببینین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO