لە ڕۆژی٢٥ی ئابی ٢٠٢٦، ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی لەناو کۆشکی سەرۆکایەتی، لە دیمەشق وەستا و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی وەکوو هێزێکی عەسکەری سەربەخۆ ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هێز و دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرییەکانی تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا کرد، هەر لەو ڕۆژەدا، فێرکردنی زمانی کوردی وەکوو دەستکەوتێک پێشکەشکرا، بۆ ئەوەی کورد ئاهەنگ بگێڕێت، هەڵبەتە مافی خوێندن بە زمانی دایک بەشێکە لە مافەکانی هەر نەتەوەیەک، بەڵام هەموو مەسەلەکەش نییە، زمانێک بەبێ دانپێدانانی دەستووری و دەسەڵاتی سیاسی و خاکی پارێزراو، هەروەها بەبێ بەشداری لە سەروەت و سامان و بڕیاردان، دواجار مافی گەلێک لەپێناو ئازادیدا، کە هەزاران قوربانی داوە بە فەرمانێکی سیاسی نادرێن.
فەرمانی ژمارە ١٣، ئەحمەد شەرع ناسنامەی کوردی بە فەرمی ناساند، هاووڵاتیبوونی بۆ ئەو کەسانە گەڕاندەوە، کە بەهۆی سەرژمێری ١٩٦٢ کاریگەرییان لەسەر هەبوو و ڕەگەزنامەی سووریایان لێ سەنرابووەوە، بەڵام زمانی کوردی وەکوو (زمانێکی نیشتیمانی) ناساند و نەورۆزیشی کردە پشووێکی فەرمی، باشە ئەمانە هەنگاوی ئەرێنین، بەڵام چارەسەری بنەڕەتیی پرسی کوردانی ڕۆژئاوا نین، جێگرەوەی دانپێدانانی دەستووری هەمیشەییش نین.
زمانی “نیشتیمانی” زمانی فەرمی نییە، بۆیە ڕێگەدان بە فێرکردنی زمانی کوردی و ناساندنی وەکوو زمانی پەروەردە و کارگێڕی، یان دەسەڵاتی دادوەری پێک نایێنێت، چونکە فەرمانی سەرۆکایەتی دەستوورێکی هەمیشەیی نییە و دەسەڵاتێکی دواتر دەتوانێت بەسانایی بە فەرمانێکی دیکە هەمواری بکاتەوە، یان ڕەتی بکاتەوە، جگە لەوەش گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامە بۆ هاووڵاتیانی کورد دیاری حکوومەت نییە، بەڵکوو گەڕاندنەوەی بەشێکی ئەو مافەیە، کە دەوڵەتی سووریا بەناهەق لە کوردانی ڕۆژئاوای سەندووەتەوە، ڕێکخراوی (هیومان ڕایتس وۆچ) بەڵگەی لەسەر ئەو پێشیلکارییە تۆمارکردووە، کە لە سەرژمێری ناوازەی ١٩٦٢ نزیکەی سەد و بیست هەزار کورد، نزیکەی لەسەدا بیستی دانیشتوانی کوردی سووریای لەو کاتەدا ڕەگەزنامەیان لێسەندرایەوە، مخابن ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر هاووڵاتی کوردی لەسەر خاکی باووباپیرانی خۆیاندا بوونەتە بیانی. ئەمە بەشێک بوو لە سیاسەتێکی بەعەرەبکردنی بەرفراوان، کە پڕۆژەی“ پشتێنەی عەرەبی” لە ناوچەی جزیرە لەخۆگرتبوو، دەوڵەتێک، کە دەست بەسەر ڕەگەزنامە و خاک و ناسنامەکەتدا بگرێت، کاتێک بەشێک لەو شتانەی کە دزیویەتی بگەڕێنێتەوە، نابێتە دەسکەوت.
با بگەڕێمەوە سەر پرسی بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی، شەڕ و ململانێی کورد بۆ زمان و ناسنامەکەی بابەتێکی ئارەزوومەندانە نەبوو، واتە لە هەفتەیەکدا دوو وانە دەخوێندرێت و ئەنجامەکەشی کاریگەری لەسەر دەرچوون، یان شکستی خوێندکارێک نییە، ئەمە پەروەردەی زمانی دایکی نییە، فێرکردنی زمانی دایکی سنووردارە، جیاوازی نێوان ئەم دووانە بنەڕەتییە: یەکەمیان بەو واتایەیە، کە منداڵی کورد پەروەردە و زانستی خۆی بە زمانی دایکی خۆی وەردەگرێت، دووەمیان وەکوو پەیوەندییەکی کولتووری بێبەشکراو مامەڵە لەگەڵ زمانەکەیدا دەکات. لە بەرانبەریشدا، لایەنی کورد بە فەرمانی سەرۆکایەتی و ماددەیەکی ئیختیاری و بەڵێنی پێگەیشت، کە ڕەنگە دواتر مافەکانی پەرەی پێ بدرێت. لەبەرانبەردا، دەستبەجێ دەسەڵات و سامان و زەوی ڕادەستی دیمەشق کرا، بەڵام مافەکانی کورد دواخران و بۆ داهاتوو مانەوە.
بەڕای من ڕێککەوتنێک، کە لەژێر فشاردا ئەنجام بدرێت تاکتیکێکی فریودەرانەیە بۆ وێناکردنی ئەوەی کە ڕوویدا وەکوو دانووستانێکی یەکسان، لە مانگی یەکی ٢٠٢٦، حکوومەتی سووریا هێرشێکی خێرای بۆ ناوچە کوردییەکان دەست پێ کرد، دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی خاکی ڕۆژئاودا گرت، کە لە کۆنتڕۆلی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بوو، دواتر مۆڵەتی چوار ڕۆژەی پێدان بۆ یەکگرتن، یان ڕووبەڕووبوونەوەی پێشڕەوییەکی سەربازی نوێ لەسەر دوا ناوچەکانیان، کە ماونەتەوە. واشنتن، کە هاوپەیمانی سەرەکیی هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانە، فشاری خستسەریان بۆ ئەوەی مەرجەکانی دیمەشق بپەژرێنن.
کەواتە، دیمەشق وەکوو هاوبەشی ڕاستەقینە لە دامەزراندنی دەوڵەتی سووریای نوێدا، دانووستانی لەگەڵ لایەنی کورد نەکرد، بەڵکوو وەکوو هێزێک مامەڵەی لەگەڵدا کردن، کە دەبێت هەڵبووەشێنرێتەوە. ئیدارەیەکی خۆسەری، کە دەبێت لەناوببرێت و هەرێمێک، کە دەبێت سەرچاوە و سنوورەکانی وەربگیرێتەوە، حکوومەت دەیەوێت کورد تاکێک بێت، کە خاوەنی ڕەگەزنامەی سووریا بێت، بەڵام نایەوێت وەکوو گەلێکی خاوەن مافی نەتەوەیی بیانناسێت، دەیەوێت لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا یەک بخرێن، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە هاوبەشییەکی ڕاستەقینەیان پێ بدات لە داڕشتنی سیاسەتی ئەو حکوومەتە ناوەندییەدا، کاتێک هێزە کوردییەکان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا دیدێکی هاوبەشیان گرتەبەر و داوای دەوڵەتێکی دیموکراسی و لامەرکەزی و دانپێدانانی دەستووری بە مافە نەتەوەییەکانی کورد کرد، سەرۆکایەتیی سووریا وەڵامی دایەوە، کە لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمی هەڕەشەن لەسەر یەکگرتوویی وڵاتدا.(ڕۆیتەرز)
دیمەشق بەم شێوەیە بیردەکاتەوە: هەموو دەسەڵاتی ناوەندی “یەکێتی نەتەوەییە” و هەموو دەسەڵاتی ناوچەیی “جیابوونەوە”یە. هەموو چەکێک لە دەستی حکوومەتدا “سەروەری”یە و هەموو گەرەنتییەکی تەناهی بۆ کورد “مەترسی”یە. هەموو داواکارییەک بۆ دابەشکردنی سەروەت و سامان “قۆرخکاری سەرچاوە”یە. لە کاتێکدا، گواستنەوەی هەموو نەوت و گاز بۆ دیمەشق پێی دەگوترێت “گەڕاندنەوەی سەروەری دامەزراوەکانی دەوڵەت”. ئەمە دەوڵەتێکی فرەیی نوێ نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی ناوەندگەرایی کۆنە بە ڕووخسار و دروشمێکی نوێ.
جارێ داهاتووی کورد لە ڕۆژئاوا دیار نییە، بەڵام هێشتا مەترسییەکە زیاتر دەبێت، چونکە بەیاننامەی دەستووری ڕاگوزەری دەسەڵاتە بەرفراوانەکانی لە دەستی سەرۆک کۆماردا چڕکردەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی پێ بەخشی لە دانانی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری بەبێ چاودێری و پشکنینی پێویست، بەپێی ڕاپۆرتی (هیومان ڕایتس وۆچ)، کێ مافەکانی کورد دابین دەکات، ئەگەر هەر ئەو قەوارەیەی کە پێیان دەبەخشێت توانای هەموارکردنەوە، یان هەڵپەساردنیشی هەبێت؟
کەواتە، کوا چارەسەرکردنی ئەنجامەکانی پشتێنەی عەرەبی، کوا گەڕانەوەی زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان بە ڕێکاری یاسایی دادپەروەرانە، کوا قەرەبووی ئەو جووتیارە کوردانەی زیانیان بەرکەوتووە، کوا گەرەنتی گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵکی ئاوارەی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی؟
کوا لێکۆڵینەوە لە دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی کوردان، کە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لەوانەش (ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی)یەوە لە عەفرین بەڵگەی لەسەر تۆمارکراوە، دیسان دەستەواژەی “گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان” بەس نییە، ئەوەی پێویستە خشتەی کاتیی و کۆمیتەیەکی سەربەخۆی موڵک و ماڵی و تۆماری موڵک و ماڵی دەستبەسەرداگیراو و قەرەبووکردنەوە و دادگایەکی بێلایەن و چاودێری نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە تۆڵەسەندنەوە، یان سەرهەڵدانی ئاوارەبوونی نوێ. شەڕ و ململانێ ڕوویداوە، کەچی دۆسیەی دیل و بێسەروشوێنەکان لە کوێدان؟ لیستە فەرمییەکان لە کوێن؟ کوا مافی خێزانەکان و چارەنووسی ڕۆڵەکانیان؟ کوا دەستڕاگەیشتن بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن؟ کوا میکانیزمی پابەندکەر بۆ ئازادکردنی خەڵکی مەدەنی و ئەوانەی بە ئارەزووی خۆیان دەستبەسەرکراون، و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان؟
دەبوو پێش ڕادەستکردنی چەک و دامەزراوەکان لە هەر ڕێککەوتنێکی جددی نێوان ژەنەراڵ عەبدی و ئەحمەد شەرع ئەرک و مافەکانی لەخۆ بگرتایە :وەکوو دانپێدانانی دەستووری هەمیشەیی نەتەوەی کورد وەکوو پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی نەتەوەیی و هاوبەشێک لە دامەزراندنی سووریا، وەرگرتنی زمانی کوردی وەکوو زمانی فەرمی شانبەشانی زمانی عەرەبی لە ناوچە کوردنشینەکان، وەکوو زمانی تەواوی پەروەردە و کارگێڕی و دەسەڵاتی دادوەری و سیستەمێکی فیدراڵی، یان لامەرکەزییەکی سیاسی فراوان، کە دەسەڵاتە دەستوورییەکانیش نەچنە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە. ئەنجومەنی ناوخۆیی و پەرلەمانێکی ناوچەیی هەڵبژێردراو، کە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دارایی ڕوونی هەبێت، نوێنەرایەتی دادپەروەرانە و گەرەنتی بۆ کورد لە پەرلەمان و حکوومەت و سوپا و دەسەڵاتی دادوەری و کایەی دیپلۆماسی و پۆستە سەروەرییەکاندا.



