سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کۆتایی هەسەدە: ئەزموونێک لە سیاقێکی ئایدۆلۆجی و مێژوویی جیاوازدا

دوای ئەوەی لە ٢٥ ئابی ٢٠١٦، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، لە دیمەشقی پایتەخت، کۆتایی هەسەدە و بەڕێوەبەری خۆسەری ڕاگەیاند، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆدا هێنا. هەندێک دەخوازن پاساو بۆ هەنگاوەکە بهێننەوە، هەندێکی تریش بە خۆڕادەستکردن و سەرگرتنی پلانی تورکیا دژ بە دوو پارچەی کوردستان و بزووتنەوە چەکدارییەکەی دەزانن و ئاوا لێکیان دەدەنەوە. بەشێک لە ناوەندە ئیسلامییەکەش دەیەوێت سوود لە ساتەوەختە مێژووییەکە و بڕیارەکە وەربگرێت بۆ ڕەواندنەوەی هەندێک لەو تەمومژەی لە کاتی پەلاماردانی ناوچەکانی خۆسەر لەلایەن سوپای سووریا‌ـوە بەدەوری ناسنامەیدا دروست بوو.

بەڵام، من وای دەبینم هەریەک لەو دید و خوێندنەوە و کاردانەوانە کێشەی خۆیان هەیە، لەبەر ئەوەی دەبێت کۆی چیرۆک و ئەزموونی هەسەدە لە سیاقە مێژوویی و واقعییەکەی خۆیدا و لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا بخوێنرێتەوە، بە مەبەستی باشتر تێگەیشتن لەوەی ڕوویدا، نەک بەکەرەسەکردنی بۆ ملمـلانێی حیزبی.

دەبێت پەلەش نەکەین لە حوکمدانی کۆتاییدا، چونکە هێشتا بەرەنجامەکان و ئەوەی ڕووداوەکان لە کوێ دەگیرسێنەوە و بە تەواوەتی چ شێوەیەک بە ئایندەی پەیوەندییەکان دەبەخشن، بە تەواوەتی ڕوون نییە. قۆناغەکە بە شێوەیەکی گشتی، بۆ حکوومەت و قەوارەی سووریا و کوردیش، ڕاگوزەرییە. قۆناغی ڕاگوزەریش لە دۆخی ئاسایی خۆیدا، قۆناغی دووبارە پێناسەکردنەوە، ڕۆڵ دابەشکردن، دابەشکردنەوەی دەسەڵات، خوێندنەوە بۆ ڕابردوو و وێنا بۆ داهاتووە.

بەم جۆرەش، قۆناغی ڕاگوزەری بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ «دۆخی لەناکاو» و «فەزای گشتی» تێکەڵ دەبێت. دۆخی لەناکاو بەو واتایەی هێشتا پڕۆسەی بەدامەزراوەیی و دەستوورییکردنی ژیانی سیاسی و پەیوەندی و مەنزومەی مافەکان، بەگوێرەی پێویست، شوێنی خۆیان نەگرتووە و ڕووداوەکان سێبەریان بەسەرەوە دروست دەکەن.

تێکەڵاوبوونیشی بە فەزای گشتی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە قۆناغێکە بۆ بەقسەهێنانی بێدەنگکراوەکان، هاتنە مەیدانی پەراوێزخراو و سەرکوتکراوەکان و کۆی پێکهاتەکان، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتردا بکەونە مشتومڕ و گفتوگۆ، بە مەبەستی قەناعەت بەیەکترکردن و سەرەنجام گەیشتن بە سازان لەسەر دادپەروەری ڕاگوزەری و سیستەم و ڕێساکانی گەمەی سیاسی لە داهاتوودا. لانی‌کەمی دیموکراسیش پێشمەرجی وێناکردن و بەراوردکردنێکی لەم جۆرەیە.

ئەگەر قسەیەکیش لەسەر هەندێک لە هەڵەخوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونی هەسەدە و خۆسەر لە کوردستانی باشوور و ڕەنگە تا ڕاددەیەک ڕۆژهەڵاتیش بکەین، وا دەبینم بەشێکی باشی لە یەکسانکردنی هەسەدە بە ڕۆژاڤای کوردستان و پرسی کورد لەو پارچەدا سەرچاوەی گرتووە.

لە کاتێکدا مەسەلەکە کورت و مت بەو جۆرە نییە و تێکەڵ بە هەندێ ئاڵۆزی و وردەکاری بووە کە نابێت فەرامۆش بکرێن، چونکە وا دەکەن خوێندنەوە و نرخاندنەکان لەو چوارچێوەدا کاڵ و کرچ و نازانستیانە دەربچن.

لەم چوارچێوەدا گرنگە ئەوە بزانین کە هەسەدە وەک هێزێک، نە لە پێناو پرسی کوردا دامەزرابوو؛ پڕۆژەیەکی فراوانتر بوو لەو. بەڵام لە هەمان کاتدا بێ پەیوەندیش نەبوو لەگەڵ پرسەکەدا، چونکە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی بەسەریەوە هەبوو. ئەوەش جیاوازیی چەمکی «نەتەوەی دیموکرات» لەگەڵ «نەتەوەی کورد» لە فەرهەنگی ئێمەی باشووردا دەخاتە ڕوو.

بەحوکمی ئەوەی چەمکی نەتەوەی دیموکرات، لە ئاستی پێناسە و دەستنیشانکردن و جۆری چارەسەریشدا، لەگەڵ چەمکی نەتەوە لە فەرهەنگی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا جیاوازە، کورد لەم چوارچێوەی نەتەوەی دیموکرات‌دا دەبێتە توخم و پێکهاتەی نەتەوەیەکی دەستکرد و داتاشراوی لە خۆی گەورەتر. بایەخ بە ناسنامە و زمانی دەدرێت، بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەندی لەگەڵ مافی چارەنووس، سەربەخۆیی و ناوچەی جوگرافیی کوردی لە چوارچێوەی فیدرالیزمدا دەپچڕێت.

هەر بۆیە بەکوردیکردنی زمانی پەروەردە لە کوردستانی ڕۆژاڤا بەرهەمی ئەم ئایدۆلۆجیا و هێزە بوو، بەڵام ونبوونی کەسێتی سەربەخۆی پرسەکەش ڕەنگدانەوەیەک لە ڕەنگدانەوەکانی بوو. هەر لێرەشەوە دەبێت بەدوای ناسنامە و ڕۆڵی مێژوویی هەسەدەدا بگەڕێین.

ئەم هێزە لە نێو جەرگەی کێشمەکێشمەکانی جەنگی دژ بە داعش، وەک هێزێکی سووریی فرەپێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی، هاتە کایەوە. لە چوارچێوەی دابەشکردنی ناوچەکانی نفووز و بەڕێوەبردنی ملمـلانێکان لە نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار بە دۆخی سووریاوە سەری هەڵدا و گەشەی کرد و بوو بە جەمسەر و لایەنێکی گرنگی هاوکێشەی هێز لە سووریای ئەسەد‌ـدا.

واتە، گەرچی هێزی سەرەکی و بڕیاربەدەست لەنێو هەسەدە دا کورد و یەپەگە بوو، بەڵام لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی کوردی نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی ئەمریکی-سووریی و کاتیی بوو. هەروەک گوتمان، لە سۆنگەی هێزەکە و قۆرخکردنی گۆڕەپانەکەوە، ڕەنگدانەوەی بەسەر پێگە و پرسی کوردیشەوە، لانی‌کەم لە هەندێ ڕووەوە، هەبوو؛ بەڵکوو خۆی بە نوێنەری سەرەکی و تا ڕاددەیەک بە تاکە نوێنەریش دەزانی.

هێزەکە گەورەبوونێکی کوردستانیانەی یەپەگە نەبوو، بەڵکوو وەڵامدانەوە بوو بە پێویستییەکانی بەڕێوەبردنی جەنگی داعش و ملمـلانێکان لە سووریا. ئەم هێزە بۆ ئەوە دامەزرا جێگەی هێزی زەمینی بۆ ئەمریکا بگرێتەوە، نوێنەرایەتی دید و بەرژەوەندییەکان و قەڵەمڕەوی نفووزی ئەو بکات لەسەر زەوی و لە چوارچێوەی دابەشکردنی ناوچەکانی نفووز لەو وڵاتەدا.

ئەوەش یەکسان نەبوو بە گەمژەیی سیاسی و بەکرێگیراوی، وەک هەندێک وا وێنای دەکەن، با هەندێ هەڵەش ڕووی دابێت؛ بەڵکوو یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکە و لایەنی باڵادەستی کوردیی ناوخۆیی و ئەمریکا بوو، لە بڕگەیەکی مێژوویی دیاریکراوی سووریا و ناوچەکەدا. چونکە داعش سەبارەت بە یەپەگە و، لە ئاستێکیشدا، کورد، هەڕەشەی وجوودی بوو؛ جەنگی کۆبانێش ئەوەی خستە ڕوو.

بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە بەرگی هەسەدە‌ـدا، جگە لەوەی کێشەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی لە چاوی زۆرێک لە گرووپە شۆڕشییەکان بۆ یەپەگە چارەسەر کرد، توانای بەرگری لەخۆکردن و ئاستی تواناکانیشی چەند قات کردەوە. بە جۆرێک بۆ چەندین ساڵ، بەرامبەر زیاتر لە هێزێک، جۆرێک لە پارێزبەندی بۆ قەڵەمڕەوی حوکمڕانی دەکرد و خۆیشی دەستەبەر کرد. تەنها ناوێزە لەم ڕووەوە تورکیا بوو، ئەویش بە هەندێک سروشتی هێزەکە و فرەناسنامەیی هێزەکە و ئیدارەی خۆسەریش هیچ ئیحراجێکی فیکری و ئایدۆلۆجی بۆ پەیەدە و یەپەگە دروست نەدەکرد، بەڵکوو دەرفەت بوو بۆ ئەوەی تێزی نەتەوەی دیموکرات لە ڕێی خۆسەرەوە وەربگێڕنە سەر زمانی کردەوە و بەرامبەر ئەزموونی هەرێمی کوردستانی باشوور ڕایبگرن و بانگەشەی پێ بکەن.

ئەمەش وا دەکات ڕاشکاوانە بڵێین، لە دیدی ئەمریکاوە، هەسەدە هێزێکی «وەزیفی» بوو بۆ ئەرک و قۆناغێکی دیاریکراو لە سیاقێکی مێژوویی دیاریکراودا. ئەمریکییەکان لەم سەودا و مامەڵەشدا لەگەڵ کورد، بەرجەستە لە پەیەدە دا، ڕاشکاو بوون. چونکە هەروەک مەزڵوم عەبدی لە دوایەمین چاوپێکەوتنی خۆیدا ئاشکرای کرد، هاوکاری ئەم هێزانە لەگەڵ سوپای ئەمریکا و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی لەسەر زەوی، بە هیچ پابەندی و هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ کورد و پرسەکەی مەرجدار نەبووە.

بۆیە، باسکردن لە خیانەتکردنی ئەمریکا و ئەو هەڵایەی لەو بارەوە ساز کرا، کە من ئەو کاتیش لەگەڵی نەبووم، زۆر ڕاست و ورد نییە. ئەگەر بگوترێت ئەمریکا ڕێگە لە شەڕی ناوچەی خۆسەر بگرێت، لە ڕاستیدا کاری بۆ کرد و خراپ هەڵسەنگاندنی فەرماندەیی هەسەدە بۆ دۆخەکە و بەهەند وەرنەگرتنی ئامۆژگاری و پێشنیاز و ڕێککەوتنەکان، لە پشت ئەو کارەسات و شکستەوە بوو کە ڕوویدا. عەبدی‌ـیش ئەوەی بە هەڵەی مێژوویی و تەمەنی سیاسی خۆی دانا، لە کاتێکدا مەرجیش نییە بڕیارەکە لە بنەڕەتدا تەنها هی ئەو بێت و هاوبیران بێ پەیوەندی بن پێیەوە.

گەرچی من، بە پێچەوانەی هێڵە گشتییەکەوە، وا دەبینم ئەگەر چاو بپۆشین لەو هەموو خوێنەی بە ناحەق ڕژا، کە قەرەبووکردنەوەی ئاسان نییە، شەڕەکە سەبارەت بە کورد هەمووی هەر خراپ نەبوو، بەڵکوو ڕووی ئەرێنیشی هەبوو. لەوانەش ئەزموونکردنی تێزی نەتەوەی دیموکرات لە میانەی دامەزراوەکانی ناوچەی خۆسەردا، کە ڕەنگە ئەو وانانەی بە کردەوە لەمەوە فێری بووین، لانی کەم بۆ بەشێک لە ناوەندە سیاسییە کوردییەکە، بە چەندین ساڵ مشتومڕی تیۆری فێری نەبووینایە.

هەڵوەشانەوەی بەکردەوەی هەسەدە، بە ڕۆیشتنی هێزە عەرەبییەکان لەو کاتەدا، تا ڕاددەیەکی زۆر هێزەکەی بەکوردی کردەوە؛ واتە بۆوە بە یەپەگە و یەپەژە لەژێر ناوی هەسەدە دا. کۆتا چارەنووسیشی بە کوردستانی ئەم دیو و ئەو دیو بەسترایەوە. تەنانەت کاریگەریی لەسەر چۆنیەتی و جوگرافیای تێکەڵبوونەوەکەش هەبوو.

ئەوەی جێگەی سەرنجیشە، هەڵە سیاسییەکەی عەبدی و هێزەکەی، هاوشێوەی قۆناغی پاش جەنگی داعش و ڕیفراندۆم و پرسی کەرکووک و ١٦ی ئۆکتۆبەر لە باشوور، پەیوەندی بە کۆتاییەکان، کات و توانای تەوزیفکردنی شەڕەکە بوو بە قازانجی گەرەنتیکردنێکی گەورەتری مافەکان.

گەرچی هی ئێمە لە دوو ڕووەوە بەسوێتر بوو: لە ڕووێکەوە، هەردوو حیزبە حوکمڕانەکەی هەرێم سەربە بیری قوتابخانەی تەقلیدیی بیری کوردایەتین، بە ئاستی جیاواز و قسەیەکی جیاوازیان دەربارەی دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکی نەتەوە نەبووە. دووەمیش، ئەوان پاشەکشەکەیان بۆ ناوچە کوردییەکانی ڕۆژاڤا بوو، ئێمە پاشەکشەمان بوو لە بەشێکی گرنگی ناوچە کوردستانییەکان.

ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر، لەسەر بناغەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق و لەسەر زاری بەرپرسانی هەردوو لاوە، نەک لەلایەن حکوومەتی سووریاوە؛ هەروەها ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە شێوەی لیوای تایبەتدا لە چوارچێوەی سوپای نوێی سووریا‌ـدا، جگە لەوەی ئەزموونێکی کەم‌پێشینەیە لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا، ئاماژەکردنیشە بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی تێکۆشانی سیاسی، نەک نسکۆ و ئاشبەتاڵ.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO