سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەعەرەبیکردنی کورستان لە دەرگا گەورەکەیەوە

محەمەد حەمە تەقی

ماوەیەکە بەعەرەبیکردنی کوردستان بەشێنەیی، بووە بە باس و خواسی بەشێک لە ڕووناکبیرانی کورد و دەستەبژێرەکەی کۆمەڵگەی کوردی، تەنانەت هەندێ کۆڕ وکۆبوونەوەشی بۆ بەڕێوەچووە، ئەمە سەرەڕای نووسینی چەندین وتار لەوبارەوە، زۆربەی ئەو بەڕێزانە بەعەرەبیکردنی کوردستانیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو مامەڵە بازرگانیەی کە بە زەویوزار و خانووبەرەوە دەکرێت، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی کوردستان و نووسینگەکانی خانووبەرە بەبێ گوێدانە ئایندەی ئەم مامەڵەیە، خانوو و شوقە، یان زەویوزارەکانیان بە عەرەب دەفرۆشن. لە ئیستادا، ئەم پڕۆسەیە لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە، بە شێوەکی فراوان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان ئەم مامەڵەیە دەکرێت.

لەپاڵ ئەم مامەڵەیە و لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی خێزانە عەرەبەکان، ژمارەی خوێندنگە عەرەبییەکان لە هەرێمی کوردستاندا ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە، کە باس لە زیاتر لە (سێ سەد و پەنجا) خوێندنگەی عەرەبی دەکرێت، ئەم ژمارە زۆرەی خوێندنگەی عەرەبی و ئەم دیاردەی نیشتەجێبوونەی عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا بەو شێوە فراوانە، مەترسیەکی گەورەی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەو ڕاستیەی شاراوە نییە ئەوەیە، کە هەروەکوو چۆن زمانی عەرەبی زۆر دوورە لە زمانی کوردییەوە، کولتووری عەرەبیش زۆر دوورە لە کوردییەوە، خێزانی عەرەبی زۆر قەرەباڵغن و وەچەی زۆر دەخەنەوە و دیاردەی فرەژنی و بەشوودانی کچان بە منداڵی زۆر ئاساییە لە کولتووری عەرەبیدا، کە ئەمە لە کولتووری کوردیدا پێچەوانەیە، ئەگەر حاڵەتی لەو جۆرەش هەبێت لەناو کۆمەڵگەی کوریدا، زیاتر لە ئەنجامی تێکەڵاوی لەگەڵ عەرەب و لە ڕێگەی ئایینەوە وەرگیراوە.

ئەگەر گریمانەیەک وەربگرین؛ گریمان لە ئێستادا، بەرانبەر یەک میلیۆن کورد، تەنها سەد هەزار عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا دەژی، واتە بەڕێژەی یەک بۆ دە، ئەوا پاش (بیست بۆ بیست و پێنج) ساڵی دیکە، ژمارەی کورد و عەرەب نزیک دەبنەوە لەیەکتر، بە نزیکەی دوو میلیۆن کورد بەرانبەر دوو میلیۆن عەرەب، ساڵانی دواتر ژمارەی عەرەب زیاتر دەبێت لە ژمارەی کورد. لە کۆتایشدا، لە ڕێگەی دەستور و بە پاڵپشتی دارایی و هێزی سەربازی حکوومەتی عێراقی و وڵاتانی ناوچەکە، بە ئاسانی دەست بەسەر تەواوی خاکی باشووری کوردستاندا دەگرن، ئەمەی کە تاوەکوو ئێسا باسکرا، دیوێکی ڕوون و ئاشکرای بەعەرەبیکردنی کوردستانە بەنەرمی، بەهێواشی و بەبێ خوێنڕشتن.

عەرەب نە لە عیراق و نە لە سوریا و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم سەرزەمینە، تاوەکوو کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی خاوەنی دەوڵەت نەبوون، واتە خاوەنی دەسەڵات نەبوون، ئەوەی دەسەڵاتی هەبووە لە ناوچەکەدا، دەوڵەتی عوسمانی و ئیمپریالیزمی ئەورووپی بوون، بە تایبەتی بەریتانیا و فەرەنسا، بەڵام لە ئێستادا، عەرەب زیاد لە بیست دەوڵەتی هەیە، سەد ساڵی تەواوە عێراق و سوریا لەژێر فەرمانڕەوایی نەتەوەی عەرەبدایە، بەشێکی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستانیش کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئەم دوو دەوڵەتە عەرەبییەوە.

تاوەکوو ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، شتێک نەبوو لە عێراقدا ناوی کێشەی نەتەوەی کورد بێت، عێراقیش هێشتا دەوڵەتێکی دەڵەمە بوو، نەکەوتبووە سەرپێی خۆی، پاش ئەوەی بە پیلانی ئینگلیز و تورکیا، باشوری کوردستان (ولایەتی موسڵ)، بە شێوەیەکی فەرمی خرایە سەر دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراقی عەرەبی، ئیدیکە لێرەدا، هەم کێشەی کورد لە عێراقدا سەری هەڵدا، هەم پیلانی بەعەرەبیکردنی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی عەرەبییەوە دەستی پێکرد.

شەپۆلەکانی بەعەربیکردنی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا، بە چەند شێوەیەکی جیاواز دەرکەوتن و کاریان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان کرد، یەکێک لەو شێوازانە بەعەرەبیکردنێکی سروشتی بوو، وەکوو هاتنی خێڵە عەرەبەکان بۆ سنوورەکانی خوارووی کوردستان و ناوچەکانی موسڵ، لە ئەنجامی وشکەساڵی و گەڕان بە دوای لەوەڕدا، ئەم شەپۆلە لە ناوەڕاستی بیستەکانەوە دەستی پێکردووە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامی هەیە، بەڵام ناوە ناوە شەپۆلەکە دەنیشێتەوە و لە هەلومەرجێکی دیکەدا سەرهەڵدەداتەوە، شیوازێکی دیکەی بەعەرەبیکردن لە ڕێگەی دەوڵەتەوە پیادە دەکرا، هەندێکییان بە بیانووی پڕۆژەی ڕێگاوبان و پڕۆژەی خزمەتگوزاری، یان بە بیانووی پاراستنی ئاساییشی دامەزراوە ئابوورییەکانی وەکوو بیرەنەوتەکان و حکوومەتی عێراقی دەستی دەکرد بە ڕاگواستنی دانیشتوانی گوندە کوردییەکان و ڕووخاندنی خانووەکانیان، ئەم شیوازەش تاوەکوو سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو درێژەی کێشا.

بە نەمانی حکوومەتی مەلەکی و سەرهەڵدانی شۆڕشی خەڵکی کوردستان لە سەرەتای شەستەکانەوە، ئیدیکە پڕۆسەی بەعەرەبیکردنی کوردستان کەوتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارەوە، حکوومەتی عێراقی بە ‌هێزی سەربازی و بە بڕیاری شۆڤێنیانە کەوتە گواستنەوەی سەدان و هەزاران خێزانی کورد هەر لە ناوچەکانی خانەقین و خورماتووەوە، تاوەکوو کەرکووک و دەشتی موسڵ، ئەم پڕۆسەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسیەکاندا زۆر خێراتر و توندتر کرا، تەنانەت هەموو ئەو کوردە فەیلیانەی ناو بەغدا و نزیک کوتیشی گرتەوە، کە بەکاری بازرگانییەوە خەریکبوون، بە بیانووی تەبەعیەوە، پاش دەستبەسەراگرتنی هەموو موڵک و سامانێکیان، بەشێکی زۆری بێ سەروشوێن کرد و ژمارەکی زۆریشی ڕەوانەی دەوڵەتی ئێران کرد.

ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا بیڵێم ئەوەیە، کە پڕۆسەی بەعەرەبیکردنی کوردستان، تەنیا لەم چەند دەیەی دوایدا دەستی پێ نەکردووە، کە ئێمەی تێدا دەژین و لێی ئاگادارین، بەڵکوو نزیکەی چواردە سەدەی تەواوە بەعەرەبیکردنی کوردستان دەستی پێکردووە (بەعەرەبیکردن زادەی داگیرکردنی کوردستانە لە لایەن عەرەبەوە، داگیرکردن و بەعەرەبکردن دوو پڕۆسەی تەواوکەری یەکترن)، هەر لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابەوە، کە سوپای ئیسلام بە ناوی فتوحاتەوە پەلاماری ناوچەکانی دەرەوەی حیجازی دا، ئیدیکە کوردستانیش وەکوو زۆرێک لەو ناوچانەی دەرەوەی حیجاز کەوتە ژێر دەست و پێی لەشکری ئیسلامەوە. لێرەدا، ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی بناغەی خۆی داڕشت، هەموو ئەو ناوچانەش کە کەوتنە دەست سوپای ئیسلام، بوون بە بەشێک لە خاكی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی، ئەم داگیرکردنە لە ڕێگای فتوحاتەوە، زۆر لە داگیرکردنی خاک توندتر و قورستر بوو، فتوحاتی ئیسلامی تەنیا بە داگیرکردنی خاکی کوردستان و بە تاڵانکردنییەوە نەوەستایەوە، بەڵکوو کاریگەری گەورەی لەسەر زمان و کولتووری کوردی بەجێهێشت، تەنانەت بیرکردنەوە و هۆشیاری و عەقڵی کوردیشی گۆڕی، ئەم کاریگەریانە تاوەکوو ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە، سەدان ساڵە زمانی عەرەبی بە زمانێکی باڵاتر لە زمانی کوردی لە فکری ئیسلامی و لە دونیای سادەی کۆمەڵگەی کوردیدا سەیر دەکرێت، سەدان ساڵە ناوی عەرەبی بووە بە میراتی منداڵی کورد، بە بیانووی ئەوەی ناوی عەرەبی پیرۆزە و منداڵ لە دەردوبەڵا و نەهامەتی دەپارێزێت.

سەدان ساڵە لەژێر فکری ئیسلامیدا، چووینەتە پاڵ لەشکری داگیرکەر و بەگژیەکدا دەچینەوە، لە چاڵدێرانەوە تاوەکوو ڕووخانی ئیمارەتی سۆران و تاوەکوو دەگاتەوە سوارەی حەمیدی و هەتاوەکوو ئەمڕۆش.

دیارە باوەڕمەند (ئیمان)ی زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ئیسلامدا خۆی دەبینێتەوە، بەشێوەک ئیسلام و کورد ئاوێزانی یەکتربوون، کە زۆر ئاستەمە لەیەکتر داببڕێن، کورد هەمیشە شانازی بە ئیسلامبوونی خۆیەوە کردووە، ڕێزی زۆری بۆ ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینی و قورئان و فەرموودە داناوە، هەر ئەم خەسڵەتەش وای کردووە، کە لە لایەن داگیرکەرانەوە بە ئاسانی بەکار بهێنرێن.

لێرەدا دەبێت ئیسلام وەکوو باوەڕمەندی خەڵکی کوردستان، جیا بکرێتەوە لە ماف و خواستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، ئیسلام چۆن موڵکی عەرەب و تورک و فارسە، بە هەمان ئەندازەش موڵکی کوردە، چۆن زمان و کولتووری عەرەب و توورک و فارس ڕێزی لێگیراوە، بە هەمان ئەندازەش دەبیت زمان و کولتووری کوردی ڕێزلێگیراو بێت.

گەرچی لەمڕۆدا، بەهۆی هەڵکشانی ئاستی هۆشیاری نەتەوەییەوە لای تاکی کورد، زیاتر هەست بە مەترسی بەعەرەبیکردنی کوردستان دەکەین، هەر بەهۆی ئەم پڕۆسەی بەعەرەبیکردنەوە، بەردەوام جوگرافیای کوردستان لە بچوکبوونەوەدایە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین، کە بەعەرەبیکردنی کوردستان تەنیا لە لایەکەوە نییە، بەڵکوو ئەم پڕۆسەیە لە زۆر لاوە کاری لەسەر دەکرێت و ڕەهەندێکی قوڵی مێژوویی هەیە، هەر لەو ڕوانگەوە دەبێت خەمخۆرانی کوردستانیش لە زۆر لاوە بەرەنگاری پڕۆسەکە ببنەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO