سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پڕۆسەی ئاشتیی: ڕێککەوتن یان تەسلیمبوون؟

لە دوای دەرچوونی یاسای چوارچێوە بۆ چەکدانان و ئاشتیی، کە لە تورکیا بە یاسای «بەهێزکردنی هاوده‌نگیی نیشتمانیی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی» ناسراوە، پرسیارێک بەشێوەیەکی بەردەوام لەلای ئێمە دەکرێت ئەوەیە، کە دەپرسێت: ئایا ئەوەی ڕوویدا ڕێککەوتنە یان تەسلیمبوونە؟ ئایا بەڕاست پەکەکە و هێزە نزیکەکەکان لەم پارتەوە خەریکی ئاشتیی و ڕێککەوتنن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، یان ئیمزا لەسەر تەسلیمبوونی خۆیان و تەسلیمبوونی کورد لە تورکیاـدا بە ئەردۆغان و باخچەلی و لە سووریاـدا بە ئەحمەد شەرع دەکەن؟

ئەوانەی پێیان وایە شتێک بەناوی «ئاشتیی» و «ڕێککەوتن»ەوە لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەوڵەتی تورکیادا لە ئارادا نییە، لانی کەم ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە، دەشێت ڕەخنەی تایبەتیان لە شێواز و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە هەبێت، بەڵام کەسانێک هەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە پەکەکە، بە تایبەتی سەرۆکە زیندانیکراوەکەی، عەبدوڵا ئۆجەلان، بە خیانەتکردن تۆمەتباربکەن و باس لەوە بکەن کە بۆ دەزگای هەواڵگریی میت و دەوڵەتی قووڵ لە تورکیا دا کار دەکەن. ئەمانە باس لەوە دەکەن پەکەکە و سەرۆکەکەی هەم کوردستانی باکوور و هەم ڕۆژاڤایان، تەسلیم بە «فاشیزم»ی تورکی و بە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع، کردووە و دەکەن. لەم ئاستەدا هەم ئاپۆ دەکەن بە خائین و هەم مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و هەسەدەش.

بە کورتییەکەی، ئەگەر گرووپی یەکەمیان داوای پیادەکردنی ئاشتییەکە دەکەن ئازادییەکانی تیادا فراوانتر بکرێت، ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و گۆڕینی یاساکانی دژەتیرۆری لێ بکەوێتەوە، ئینجا داننانێکی دەستووری بە مافە زمانیی و فەرهەنگیی و سیاسییەکانی کورد خۆیدا وەک پێکهاتەیەکی ئیتنیی و فەرهەنگیی تایبەت، هتد، ئەوا گرووپی دووەمیان بە زمانی بەخائینکردن و تۆمەتبەخشینەوە و پەلامار و هێرشبردن دەدوێت، ئیستیعارە و ڕیتۆریکی «شۆڕشگێربوون» و «تەسلیمنەبوون» و «دروستکردنی دەوڵەت» و «یەکخستنەوەی پارچەکانی کوردستان» زمانی خۆنمایشکردنی سیاسییەتی. لە ڕەخنەکانی گرووپی یەکەمدا شتێک لە عەقڵانیەت و ئەخلاقیاتی ئینسانیی و جۆرێک لە چاوەڕوانیی پۆزەتیڤ هەیە، لە دووەمیاندا ڕادیکاڵبوونێکی بۆش و بێناوەڕۆک و نارسیزمێکی فوتێکراوی قەبە هەیە و کار دەکات.

بە بۆچوونی من، سەرەڕای ئەو جیاوازییە گرنگانە، خاڵێک کە هەردوو بەرەکە تیایدا هاوبەشن، گرێدانەوەی پرسی ئاشتیی و وازهێنانە لە خەباتی چەکداریی، بە کاردانەوەی دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە. بۆ نموونە، نابێت پەکەکە و سەرۆکەکەی باسی ئاشتیی و چەکدانان بکەن، گەر حوکمڕانانی تورکیا کاردانەوەی پۆزەتیڤیان نەبێت. ئەمان کە هەنگاوێکیان نا، دەبێت دەوڵەتە مەرکەزییەکانیش هەنگاوێکی هاوشێوە بنێن. بەکورتییەکەی، گرێدانی پرسی ئاشتیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی بە سیاسەتی دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە. لە دیدی مندا، ئەم وێناکردنەی ئاشتیی و ئەم ڕوانینە بۆ بەردەوامیدان، یان کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی، هەڵەیە و هەڵەیەکی ستراتیجی گەورەش.

بڕیاری وازهێنان لە خەباتی چەکداریی و گەڕان بە دوای ئەگەرەکانی ئاشتیدا، چەندیش بچووک و پەراوێزی بن و زۆر بە زەحەمتیش بچنە پێشەوە، بڕیارێکە کورد لەگەڵ خۆیدا و بۆخۆی دەیدا، بەرهەمی خوێندنەوەیەکی زانستیی و عەقڵانییانەی مێژووی درێژی خەباتی چەکدارییە لە ماوەی دەیەها ساڵدا. بڕیاری ئاشتیی و وازهێنان لە خەباتی چەکداریی، ستراتیجێکە کورد بەر لەوەی لە پەیوەندیدا بە دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە هەڵی بژاردبێت، لە پەیوەندیدا بە خۆی و بە تواناکانی خۆیەوە لە دنیای ئەمڕۆدا هەڵی بژاردووە. بڕیارێکە خۆی بەر لە هەموو کەس و لایەنێک، بۆ خودی خۆی داوە. ئەمەش گرێدراوی ئەم سێ ڕاستییە سەرەکییەی خوارەوەیە.

یەکەم: سەردەمی خەباتی چەکداریی بەسەرچووە، ئەمەش نەک تەنها لە کوردستان‌دا بەڵکوو لە سەرجەمی ئەو شوێنانەی جیهاندا کە خەباتی چەکدارییان تێدایە. دواهەمین کارەساتێک لە خەباتی چەکدارییەوە بە بەرچاوی هەموو دنیاوە دروست بووبێت، کارەساتی «تۆفانی ئەقسا» و وێرانکارییە گەورەکانی غەززە و جینۆسایدکردنی فەلەستینییەکانە لەو بەشەی وڵاتەکەیاندا. ئەوەی حەماس ئەنجامیدا، بارکردنی نەتەوەیەک بوو، بە ئەرکێک زۆر لە سەرووی تواناکانی نەتەوەکە خۆیەوە بوو. لە دنیای ئەمڕۆدا، خەباتی چەکداریی، نەتەوە فڕێ دەداتە ناو جەنگێکی سەربازیی هەمەلایەن و نایەکسانەوە، کە ئەو نەتەوانە توانای تەحەمولکردنی قوڕسایی و زەبر و دەرەنجامە وێرناکەرە ترسناکەکانیان، نییە. لە غەززە، نەک تەنها ملیۆنان مرۆڤ بێجێ و بێڕێ کراون و سادەترین پێداویستییە سادەکانی ژیانیان لێسەندراوەتەوە، بەڵکوو ژیانی ئەو نەوانەشی تێدا شێوێنراوە کە هێشتا لەدایک نەبوون. تاوانەکانی ئەنفال و وێرانکردنی زیاد لە سێ هەزار گوند و ڕاگواستنی ملیۆنان کورد لە تورکیادا یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی خەباتی چەکدارییە.

دووەم: خەباتی چەکدار لە مێژووی ئێمەدا وەزیفە سەرەکییەکەی خۆی جێبەجێ کردووە، ئەویش پێداگرتن لەسەر ناسنامەی کوردبوون و بەگژاچوونەوەی سیاسەتی تواندنەوە و سڕینەوەی کوردبوون، لەسەر نەخشەی ئەو وڵاتانە. خەباتی چەکداریی ئەگەرچی لە ڕووی سەربازییەوە بێ دەسکەوت بووە، بەڵام ئەرکە ڕەمزییەکەی خۆی، ئەرکی پێداگرتنێکی خوێناوی لەسەر کوردبوون، بە تەواوی جێبەجێ کردووە. ئەمڕۆ ئیتر ئەم پێداویستییە نەماوە و جیهان لە کوردبوونی ئێمە ئاگادارە، لەپێش هەمووانیشەوە ئەو دەوڵەتە ناوەندیانەی نەتەوەی ئێمە لەناویاندا کراوە بە کەمینە.

سێیەم: نەتەوەی ئێمە هەم توانای تازەی بەرگریکردنی لە کوردبوونی خۆی لەبەردەمدایە، هەم ئەگەری تازەی گەشەدان بە دەرکەوتە جیاوازەکانی کوردبوونی خۆی. «پرسی کورد»، بە مانا گشتییەکەی، پرسی نەتەوەیەکە لەناو کۆمەڵێک ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی و گۆڕانکارییە گەورەکانی ساڵانی دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا لە دایک دەبێت. نکوڵیکردن لە بوونی کورد وەک کورد، وەک هەڵگری زمان و کولتوور و خاک و مافی تایبەت بەخۆی، جەوهەرەکەیەتی. ئەمڕۆ تواناکانی کورد لە بەرگریکردنی ناچەکدار لە بوونی خۆی و لە زمان و کولتوور و خاک و کەلەپوورەکەی بە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و ساڵە خوێناویەکانی سەدەی بیستەم بەراورد ناکرێت. کورد ئەمڕۆ بە زمانە جیاوازەکانی جیهان باس لە خۆی و فەرهەنگ و ماف و خواستەکانی خۆی دەکات. لە زیاد لەبەشێکی جیهاندا ئامادەیە و پرسکەشی زیاتر لە هەموو کات ناسراوتر و گەشەکردووترە. لە شوێنێکی وەک تورکیا، توانای خەباتی مەدەنی هەیە و چەندان هێزی کوردی لەم خەباتەوە گلاوە و خەریکی پێشخستنیەتی. ڕاستە ئەم توانایە سنووردارە و پرسی کورد لەم وڵاتانەدا، تا ئەم ساتەش وەک مەترسییەکی گەورە سەیردەکرێت و مافە هەرە سادەکانی کوردبوون پێشێل دەکرێن و ڕێزیان لێ ناگیرێت. بەڵام ئەگەرە مەدەنیی و ناسەربازییەکانی چوونە پێشەوەی پرسی کورد هەن و ئامادەن. لە زیاد لە بەشێکی کوردستان‌دا ئەگەری خەباتی ناچەکدار و ناسەربازیی هەیە و دروستبووە.

لە ڕاستیدا کورتکردنەوەی خەباتی نەتەوەی ئێمە، بۆ خەباتی چەکداریی تاوانێکە بەر لە هەموو کەس بەرانبەر بە خودی نەتەوەکە خۆی ئەنجام دەدرێت. نەتەوەی ئێمە وەک نەتەوە زۆر زیاترە لەو چەند هەزار پێشمەرگە چەکدارەی بە شاخەکانەوە و لە ڕێگای خەباتی چەکدارییەوە بەرگری لە کوردبوونی خۆیان دەکەن. کورتکردنەوەی خەبات بۆ خەباتی چەکدار، کردنە دەرەوەی نەتەوە یان سەرجەمی نەتەوەکەیە لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی خەبات و تاپۆکردنی ئەم خەباتەیە لەسەر هێزە چەکدارەکانی ئەو نەتەوە.

ئەگەرچی بەپیرۆزکردنی خەباتی چەکداریی بەشێکی گرنگ و سەرەکیی مێژووی بەرگریکردنی نەتەوەی ئێمەیە لەخۆی، بەڵام دروستبوونی دنیایەکی تازە، ئەگەری تازەی لەبەردەم نەتەوەی ئێمەدا کردۆتەوە. لە پەیوەندیدا بە پەکەکە و خەباتی کوردانی باکوور و ڕۆژاڤاوە دەکرێت پێ لەسەر ئەم دوو خاڵە سەرەکییە، دابگرین.

یەکەم: باشترین و ستراتیجیترین بڕیارێک ئەم هێزە دابێتی، بڕیاری وازهێنانە لە خەباتی چەکداریی و گەڕانە بەدوای شێوازی تری ناسەربازیی و ناچەکداریی خەباتدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیاـدا، لەوانەش چوونە ناو پڕۆسەیەکی درێژخایەنی پر لە هەڵبەز و دابەزی بونیادنانی ئاشتییەوە. ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک مانای تەسلیمبوون و خیانەتکردن نییە، بەپێچەوانەوە بڕیارێکی ستراتیجیی عەقڵانییە کە پێویستیی بە بەرگریلێکردن و پاراستن و بەرەپێشەوەبردن هەیە، بە تایبەتی لە بەرانبەر سەرجەمی ئەو گوتارە نابەرپرسیار و زۆرجار ڕۆمانسییانەدا، کە بە زمانی بەخائین و ناپاککردن دەدوێن و خوازیاریی بەردەوامیدانن بە خەباتی چەکداریی و پێداویستییەکانی ئەم خەباتە.

دووهەم: شتێک کە ئەم هێزانە پێویستە بەردەوام لەبەرچاویاندا بێت، ئەو ڕاستیییەیە کە ئەوان نوێنەرایەتی «پرسی نەتەوەێک» دەکەن کە سادەترین مافەکانی ژێرپێنراوە و لە ڕێگای دابینکردنی ئەم مافانەشدا قوربانییەکی هێجگار گەورەی بەخشیوە.

ئەمەش مانای تەرخانکردنی سەرجەمی هەوڵەکان بۆ بەرگریکردن لەم پرسیە و خۆخەریکنەکردن بە پرسی لاوەکیی و بە خەونی ئایدۆلۆجیی یۆتۆپییەوە، کە دابینکردنیان نەک تەنها لە توانای نەتەوەی ئێمەدا نییە، بەڵکوو خودی نەتەوەکەش فڕێ دەداتە دەرەوەی جیهان و دەرەوەی مێژووەوە. ئینجا ڕێگرتن لەوەی ئەم پرسە دوژمنی تازەی بۆ دروست ببێت لە ناوچەیەکدا پڕیەتی لە هێزی پڕ ڕق و پڕ پیلان لەیەکتری.

لە دیدی مندا «پرسی کورد»یش تەواو جیاوازە، لە پرسی «خۆسەریی و ئیدارەی زاتیی دەرەوەی سیستەمی دەوڵەتی نەتەوە»، یان «هەوڵدان بۆ داهێنان و بونیادنانی مۆدێرنەیەکی ناکاپیتالیستی»، یان کەوتنەدوای بەش و پارچە جیاوازەکانی ئەو دیدگا ئەنارشییەی ئەمڕۆکە پەکەکە و سەرۆکەکەی، هەڵگرین. پرسی کورد، وەک گوتم، پرسی داننانە بە بوونی نەتەوەێکدا کە خاوەنی زمان و ناسنامە و فەرهەنگ و بوونی مێژوویی و سیاسیی و ڕەمزیی تایبەت بەخۆیەتی. داننان بەم ڕاستییانەدا وەک ژێرخانی سەرەکیی «پرسی کورد» ساڵانێکی درێژ، زۆر درێژی، خەباتی مەدەنیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەمەلایەنی پێویستە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO