دڵشاد زاموا
ئێمە، هەموو ڕۆژهەڵات و جیهانیش، ئێستاش هەر لە درێژەی شەڕ و ناکۆکییەکانی مێژوودا دەژین. بە دەقیقی ٣٧٩٨ (سێ هەزار و حەوت سەد و نەوەت و هەشت) ساڵ لەمەوبەر، پاشای ئاشووری، شەمشی ئەدەدی یەکەم، لە شاری ئاشووری ناوچەی شەرقاتی ئێستاوە، هێرش و داگیرکارییەکانی بەرەو ڕۆژهەڵاتی دیجلە دەست پێکرد، لە ٢٠ی ئادار دا شاری ئاراپخا (کەرکووک)ی داگیرکرد. لەوکاتەدا خەڵکی شار سەرقاڵی جەژنی گەرما بوون، ئەویش بۆ ڕازیکردنی خەڵکەکەی خۆی کرد بە پەرستگەی خواوەندی خۆر و خواوەندی باوبۆراندا و قاچی پەیکەرەکانی ماچکردن.
پاشای داگیرکەر ئەو بەهارە لە کەرکووک مایەوە، تا مانگی دروێنە، بەم شێوەیە بە شانازییەوە باسی ئەو داگیرکاریی و وێرانکردنی خەرمان و دروێنەی زەوی جووتیارانی دەشتی قەراج و هەولێر و هەمان ناوچەی سەرگەڕان و دەوروبەری دەکات و دەڵێت: “چوومە قەڵاکەی “ئاراپخا” (کەرکووک)ەوە، قاچی پەیکەری خواوەندی باوبۆرانم ماچ کرد، کە خودای منیشە، زەویوزاری ئەوێم ڕێکخستەوە. پارێزگارێکی خۆمم بەسەر شاری “ئاراپخا” (کەرکووک)ەوە دانا. هەر لە شارەکە، قوربانیم بۆ جەژنی گەرما کرد. لە ٢٠ی مانگی ئادار دا لە ڕووباری زێ پەڕیمەوە و دەشت و خاکی قابرا (دەشتی قەراج/هەولێر/سەرگەڕان و دەوروبەری)م وێران کرد، دانەوێڵەی دروێنەکراوی خاک و زەوییەکانیانم تێکدا، لە مانگی خەرمانان، شارە شورەدارەکانی وڵاتی ئوربێل (هەولێر)م گرت، قشڵەی سەربازیم لێ دامەزراندن.”
بەم شێوەیە، ئەم پاشا داگیرکەرەی خاکی خورییەکانی باپیرانی خەڵکی ئەم ناوچەیەی داگیرکرد و خەرمانی تێکدان.
لەسەردەمی ڕژێمی پاشایەتی عەرەبی عێراقییەوە بۆ بەعسی عەرەبی و حکومەتەکەی ئێستا، سوپای ئەم ڕژێمانە هەموو دژی گوڵە گەنمی هەمان ئەم خاکەی ئەمبەر ئەوبەری زێی بچووک، لە دەشتی کەرکووک و هەولێر بوون.
ئەم ململانێیە، هەر بەردەوام دەبێ، هەتا بە تەواوی داگیرکەر بنەبڕ دەکرێ، یان بە پێچەوانەوە، خاوەن ماڵ کوشتوبڕ دەکرێ و لەخاکی وەدەر دەندرێ.
لاپەڕەکانی ئەمڕۆی مێژووی ئەم ناوچەیە، تاریکن، ئەگەر ئێمە مێژووی ئەمڕۆ بنووسینەوە، چۆن دوای سەدەیەک نەوەکانی کورد باوەڕ بەو مێژووە دەکەن، ئەگەر بزانن، ئەمڕۆ لە سەرگەڕان سوپاکەی عێراقی بە چەکی قورسەوە کەوتووەتە دوای جووتیاری کورد و لەکاتی زەوی کێڵاندا پەلاماری داوە، لەولاشەوە، دادوەری پارێزگاری نەیار لە شاری کەرکووکی کوردان سزای قەرەبووکردنەوە بەسەر جووتیارە خەباتکارەکەدا دەسەپێنێ کە سەرباز و ئەفسەری داگیرکەرانی ماندوو کردووە، لەوەش داخ گرانترە، لەم چەرخە تاریکەدا، سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و حەمکێک ئەندام پەڕلەمان و وەزیر و مدیر و دادوەر لە دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا کوردن و سەر بە ئەحزابی کوردستانین! دڵنیام دوای سەدەیەک زۆر ئاستەم دەبێت باوەڕ بەم مێژووە و بێهەڵوێستییە بکرێت!
ئەگەر کەسێک مناڵەکەی لە حەوشەی ماڵەکەیدا پەلامار درا، جامانە و ملپێچی ڕاکێشرا، ئەوە خەتای بێغیرەتی باوکی منداڵەکەیە، بەڵام سەرکەوتن باوکی زۆرە و شکست تەنیا و بێ نەوا!
لەو پەیوەندەدا، وێنەی یەکەم: پاشا شەمشی ئەدەدی یەکەم، کە لە هۆزێکی ئاموری بیابانی دوورگەی عەرەبییەوە هاتە ئاشوور و لەوێوە کەوتە داگیرکاریی. وێنەکە لە کاتی پەڕینەوەی لە دەشتی کەرکووکـەوە بۆ دەشتی قەراج و هەولێر، دوای ئەوەی خەرمان و دانەوێڵەی ناوچەکەی تێکدا، بونو-شاوشکای فەرمانڕەوای ئەوێی خستووەتە ژێرپێی و ڕمی لەسەر ملی و تەوری لەسەر ناوچەوانی داوە. وێنەی دووەمیش: سەربازێکی سوپای عێراقی جامانەی محەمەد ئەمین، جووتیارێکی هەمان ناوچە، دوای ٣٧٩٨ ساڵ ڕادەکێشێ، تا زەوییەکەی نە کێڵێ و گوڵی گەنم و جۆ لەو خاکە داگیرکراوە شین نەبێ.
بۆچی دەبێ، هەڵمەتی پارە کۆکردنەوە، بۆ دانی قەرەبووی خاوەن ماڵ بۆ داگیرکەرێ ساز بکرێ؟ خۆی دەبێ، داگیرکەر و دادگاکەی ڕیسوا بکرێ، بڕیارە نادادییەکەی پێ هەڵبوەشێندرێتەوە، نەک پارەی بدرێتێ. ئەم دادگاییکردنانە، دوایی دەبنە، هاوشێوەی دادگاییکردنەکانی ڕژێمی بەعس، کە فەرمانی گوللـەبارانکردنی گەنجانی کەرکووکی دەدا، دواتریش پارەی فیشەکەکانی لێ وەردەگرتن، ئێوە دەتانەوێ پارەی فیشەکەکان بدەن؟ یان دەست و قەڵەمی ئەو دادگایە لە نا دادی بووەستێن.


