سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئێزدییەکان لە کۆمەڵکوژییەوە بۆ پەراوێزخستن

ئێزدییەکان وەکوو گرووپێکی ئیتنیکی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ چەندان سەدە لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆیان لە ئێزدیخان ژیاون، سەرباری دژایەتی زۆریان بەناوی ئایین و شەیتانپەرستییەوە، بەڵام بە باوەڕ و زمان و ناسنامە و داب ونەریتی ڕەسەنی خۆیانەوە مانەوە، سەرەڕای بەرگەگرتنی هەڵمەتەکانی کۆمەڵکوژی و گۆشەگیری و ئاوارەبوون، هەوڵی دووبارەی ناچارکردنەوەیان بۆ ئەوەی واز لە ئایینەکەیان بهێنن، تراجیدیای ئازارەکانیان لە مێژووی نەتەوەکەماندا ڕووداوێکی زوو تێپەڕ نەبوو، بەڵکوو زنجیرەیەکی درێژخایەنی کارەساتی مرۆیی بوو، کە لەژێر ناوی “فەرمان” بەسەریاندا سەپاندن و قۆناغ بە قۆناغ بە نەوەکاندا تێپەڕین، تاوانێک بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان لە دژی ڕۆڵە ئێزدییەکان چەندان هەڵمەتی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنیان بەناهەق لەسەر ئەنجامدرا، کە هەندێکیان بوونە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و وێرانکردنی گوند و مەزارە پیرۆزەکانیان و بە کۆیلەکردنی کچ و ژن و منداڵەکانیان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان. ئامانجەکانیش هەمیشە هەر وەکوویەک بوون، کە ڕیشەی ئەم گەلە دێرینە لەسەر خاکەکەیان هەڵکەنن و شکۆ و ئیرادەیان بشکێنن و ناچاریان بکەن بۆ دەستبەرداربوون لە ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان.

کەچی ئێزدییەکان لە ڕیشەی خۆیاندا هەڵنەگەڕانەوە و دوای هەر کاولکارییەک مەزار و گوندەکانیان ئاوەدانکردەوە و باوەڕ و خۆڕاگری و خۆشەویستیان بۆ ژیان و منداڵەکانیان گواستەوە، سەرەڕای ڕزگاربوونیان لە هەڵمەتە کۆمەڵکوژییە دووبارەبووەکان، بەڵام ئازارەکانیان تەنیا لە لاپەڕەکانی مێژوودا قەتیس نەمایەوە، لە فۆڕمەکانی دیکەیشدا بەردەوام بوون، لەوانە پەراوێزخستن و نەبوونی پاراستن و ئینکاری گەشەسەندن و سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان، بۆیە چیرۆکی غەمی ئێزدییەکان تەنیا چیرۆکی جینۆسایدی گەلێکی بێ پشتوپەنا نییە، بەڵکوو چیرۆکێکە کە هێشتا لە بەرخودان و خەباتدایە بۆ ئەوەی بە شکۆوە سەربەرزانە لەسەر خاکی نیشتیمانەکەیان بە ئاسوودەیی بژین.

ئێزدییەکان بۆ سەدان ساڵ لە ترس و دڵەڕاوکێ و بێدەنگیدا ژیان، زۆرجار چیرۆکەکانیان بە خوێن دەنووسرانەوە، لە کاتێکدا ئازارەکانیان تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر لە لایەن جیهانەوە پشتگوێ خرابوون، ئەو پاراستنەیان وەرنەگرت و هاوتای ئەو مەترسییانە بوون، کە ڕووبەڕوویان بووەوە و زۆرجاریش لە مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان بێبەش دەکران، ناوچەکانیان بەردەوام بەدەست پشتگوێخستن و کەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی کارەوە دەناڵێنن. دوای چەندان سەدە لە گۆشەگیری، زۆر کەس پێیان وابوو، کە ئەم بابەتە تاریکانە ئێستا شتگەلێکی ڕابردوون، بەڵام ٣ی ئابی ٢٠١٤ سەلماندی، کە مەترسییەکە بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی دڕندانەتر گەڕاوەتەوە.

کاتێک تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر کاڤاری شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری، دەیان هەزار سیڤیل خۆیان بەبێ هیچ پارێزگارییەکی ڕاستەقینە بینیەوە، نێرینەکان کوژران، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران، ژن و کچ و منداڵەکان ڕفێندران و ئەوانەی ڕفێندرابوون تووشی ترسناکترین شێوە تووندوتیژی و کۆیلەکردن و بازرگانیکردن بوونەوە، تاوانێک کە ئامانجی لەناوبردنی تەواوی ئێزدییەکان و بنبڕکردنی بوونی ئایینی و کۆمەڵایەتییان بوو. دەیان هەزار هاووڵاتی ئێزدیش بەرەو چیای شنگال هەڵاتن، لەوێش بەرگەی چەند ڕۆژێک لەژێر تیشکی خۆری سووتێنەری مانگی ئابدا بەبێ ئاو و خواردن و دەرمانیان گرت، لەوێدا منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان بەهۆی تینوێتی و برسێتیەوە ڕووبەڕووی مەترسی مردن بوونەوە، لە کاتێکدا جیهان تەماشای یەکێک لە ترسناکترین کارەساتە مرۆییەکانی سەردەمی مۆدێرنی دەکرد.

تاوانی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش تەنیا هێرشکردنە سەر دەڤەرێک، یان گرووپێکی بچووکی کۆمەڵگەکەمان نەبوو؛ بەڵکو جینۆسایدێک بوو، کە تەواوی گەلێکی ئاشتیخوازی کردە ئامانج، جارێک بە هۆکاری ئایین و ناسنامەکەیانەوە. جارێکی دیکە بە حوکمی جیۆپۆلەتیکی ناوچە ستراتیجییەکەیانەوە، کە تاوەکوو ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی ئەم تاوانە هۆڤییە هەست پێدەکرێت، چارەنووسی زۆرێک لە ڕفێنراوەکان تاوەکوو ئێستاش نادیارە، هێشتا گۆڕە بەکۆمەڵەکان شایەتحاڵی قەبارەی کارەساتەکە و ماڵباتە بێژمارەکانن، هێشتا چاوەڕوانی هەواڵی گەڕانەوی جگەرگۆشە ئازیزەکانیانن.

ئازاری ئێزدییەکان بە شکستی داعش کۆتایی نەهات، کاریگەرییەکانی جینۆسایدەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا و داهاتوویان، ڕزگاربووان هێشتا برینی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتییان هەڵگرتووە و پێویستیان بە زیاتر لە بەڵێن و قسەی هاوسۆزی هەیە، پێویستیان بە چاودێری ڕاستەقینە و دادپەروەری و گەرەنتی هەیە، کە ژیانێکی شکۆدارانە مسۆگەر بکەن، ئەوان هەر بەتەنێ قوربانی نین، بەڵکوو شایەتحاڵی زیندوون بۆ یەکێک لە ترسناکترین تاوانەکانی سەدەی بیست و یەکەمی ساڵانێکی دوای جینۆسایدەکە، ئایندەی ئێزدییەکان بە دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی داپۆشراوە، ناوچە بەرفراوانەکانی شنگال بە وێرانی ماونەتەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان سنووردارن و هێشتا سەقامگیری تەناهی و سیاسی بەدی نەهاتووە، هێشتا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێزدییەکان لە ئۆردوگاکان، یان لە وڵاتانی پەناگە و ئاوارەییدا دەژین و لەنێوان حەسرەتی زێدی خۆیان و ترسی گەڕانەوە بۆ شوێنێک، کە هێشتا گەرەنتی ڕاستەقینەی کەمی پاراستنیان هەیە.

بۆیە بەردەوامی پەراوێزخستن و لەگەڵ ململانێی سیاسی و نەبوونی حوکمڕانی سەقامگیر و دواکەوتنی ئاوەدانکردنەوە، متمانەی زۆرێک لە ئێزدییەکانی بۆ داهاتوویان لەدەستداوە، چونکە ئەم پەراوێزخستنە ئەنجامی یەک فاکتەر نەبووە، بەڵکوو لوتکەی یارییەکی ئاڵۆزی نێوان فاکتەرە سیاسی و ئیدۆلۆجی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بوو، کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کەڵەکە بوون و تاوەکوو ئەمڕۆکەش کاریگەرییەکانیان بەردەوامن.

لەوانەش ئاوارەبوونی بەردەوام و خزمەتگوزارییە ناتەواوەکان و دواکەوتنی ئاوەدانکردنەوە و نەبوونی سەقامگیری تەناهیش وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە لاوان کۆچ بکەن بۆ هەندەران و گەڕان بەدوای سەلامەتی و دەرفەتەکاندا، لە هەمانکاتدا هەڕەشە لە دانیشتووان و زەوییەکانی باوباپیرانیەکان دەکرێت و یەکێک لە توخمە هەرە گرنگەکانی مانەوە و بەردەوامییان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە ئایندەی ئێزدییەکان نابێ بە بارمتەی نەزانراو، یان بەرژەوەندییە سیاسییە دژبەیەکەکان بمێنێتەوە، مانەوەی ئەم کۆمەڵگە ڕەسەنەی کوردستان پێویستی بە وەلانانی گوتاری ڕق و کینەو دانپێدانانی ڕاستەقینە بە مافەکانیان و بەشداریکردنی کاریگەر هەیە، لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان و بەهێزکردنی توانستی خەڵکەکەی بۆ بەشداریکردن لە بڕیارە تایبەتەکان بە داهاتووی خۆیان، هەروەها پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گوندەکانی دەوروبەری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نۆژەنکردنەوەی خوێندنگە و نەخۆشخانەکان و ڕەخساندنی هەلی کار هەیە، کە هانی ئاوارەکان بدات بە شکۆوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان، لەبری ئەوەی کۆچکردن تاکە بژاردە بێت بۆ نەوەی لاوەکان نیشتیمان جێبهێڵن.

دادپەروەری لە ئاوەدانکردنەوە کەمتر نییە، پێویستە گەڕان بە دوای ژن و کەنیشکە ڕفێنراوەکان بەردەوام بێت و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بدۆزرێنەوە و تاوانەکان بەڵگەیان لەسەر بێت و هەموو ئەوانەی دەستیان لە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا هەبووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێگە نەدرێت لە سزا ڕزگاریان بێت، دادپەروەری تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکوو ئەو بناخەیە، کە مافی قوربانییەکان دەپارێزێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکە دەکات و هیوا بۆ داهاتووی نەوەکەنیان دەگەڕێنێتەوە.

جگە لەوەش پاراستنی زمان و ئایینی ئێزدی و پاراستنی کەلەپوور و شوێنە پیرۆزەکانیان و ئاشناکردنی نەوەکانیان بە مێژوو و داهاتوو ئەم گەلە، دوور لە شێواندن و هزری ڕەگەزپەرستانە و کۆنەپەرستانە، بەرپرسیارێتییەکەی کەمتر نییە لە بنیاتنانەوەی پێکهاتە فیزیکییەکان، چونکە پاراستنی زمان و ناسنامە و کولتوور، لە جەوهەردا پاراستنی مانەوەی کوردبوون و مرۆڤایەتی بوون خۆیەتی، سەرەڕای هەموو ئەو کارەساتانەی ئێزدییەکان بەرگەیان گرتووە، نەئیرادەیان تێکشکا، نە وازیان لە زمان و ناسنامەو باوەڕەکەیان هێنا، سەرباری هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکان، کە هەوڵی قڕکردنیانی دا، بەڵام هەر بە زیندوویی مانەوە.

تیرۆری داعش هەوڵیدا خاک و ناسنامەیان بدزێت، بەڵام ئەوان لە داروپەردووی وێرانەوە هەڵسانەوە، ترس و تۆقاندن هەوڵیدا بێدەنگیان بکات، بەڵام دەنگی ڕزگاربووان بوونە شایەتحاڵێکی زیندوو، کە ویژدانی جیهان بلەرزێنێت.

ئەمڕۆ ئێزدییەکان داوای بەزەیی لە کەس ناکەن، بەڵکوو داوای دادپەروەری دەکەن، ئەوان نایانەوێت تەنها وەکوو ئامارێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکاندا بمێننەوە، بەڵکوو وەکووهاووڵاتییەکی ئازاد بەشکۆوە لە ماڵ و شوێنە پیرۆزەکانیاندا لەسەر خاکەکەی خۆیان بژین، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان دوور لەو دڵەڕاوکێ و ترسە گەورەیە بن، کە لە دایک و باوکیانەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، لە نیشتیمانێکدا کە کەرامەت و کافەکانیان بپارێزێت، ئایندەی ئێزدییەکان کاتێک مسۆگەرتر دەبێت، کە بەڵێنەکان بگۆڕدرێن بۆ کردار، ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان بۆ هەنگاوی کردەیی، کە دادپەروەری بەدەست دەهێنێت، ئاوەدانکردنەوە بۆ واقیع و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ یادەوەرییەکی نەتەوەیی، کە ڕاستییەکان بپارێزێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکە بکات، کێشەکە تەنیا مانەوەی ئێزدیەکان نییە، بەڵکوو مافی ژیانیان بە کەرامەت و هەبوونی ئایندەیەکی ڕووناک لە زێدی باوباپیرانیان و بەشداریکردنیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی ئایینی و کولتووری، ئەو گەلانەی کە بە ناسنامەی خۆیانەوە دەلکێن، سەرەڕای ئەو کارەساتانەی بەرگەییان گرتووە، ئێزدییەکان هەرچەندە ئەزموونەکانیان تاڵ و سەخت بن، بەڵام وەکوو گەلێکی زیندوو دەمێننەوە، ئازارەکانی ڕابردوویان لە یادەوەری خۆیاندا هەڵگرتووە، لە دڵیاندا ئیرادەی مانەوەیان هەڵگرتووە، لە چاوی منداڵەکانیاندا هیوای نیشتیمانێک لە یادەوەری خۆیاندا کە دان بە ناسنامەی ئێزدییەکاندا بنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO