هیوا ساعدی
کوردبوون لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تەنیا شانازی کردنی بێبایەخ و ناکردەیی نییە بە ڕابردوویەکی پڕ لە سەروەریی، داستان و قوربانیدان، بەڵکو هۆشیارییەکی قووڵ، بڕیارێکی ئازایانە و پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لەسەر خاکی باووباپیران. لە سەردەمێکدا کە شێوازەکانی زۆرداری و پەراوێزخستن بەرگی هاوچەرخیان پۆشیوە و بە ئامرازی ئاڵۆزتر و مەترسیدارترەوە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، زیندواندنەوە و ڕاگرتنی ئەم هۆشیارییە دەبێتە پەرژینێکی بەهێز بۆ هەر تاکێک کە بڕوای بە مانەوە، گەشەکردن و سەربەرزکردنەوەی نەتەوەکەی هەبێت. نەتەوەیەک کە بەرگری لە بوونی خۆی نەکات، ئامادەیی بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی نەبێت و دەستبەرداری ناسنامەکەی بێت، لەنێو مێژوودا دەسرێتەوە و دەبێتە پەراوێزێکی بێدەنگ و بێکاریگەر لە جوگرافیای سیاسی و ئابووری ناوچەکەدا.
تەعریب و ئاسمیلاسیۆن چەکێکی مێژوویی، بەردەوام و پڕ لە نەخشەی دەسەڵاتە سەردەستەکان بوون بۆ لەناوبردنی ڕەسەنایەتی گەلی کورد. لە ڕابردوودا، تەعریب تەنیا گۆڕینی دیموگرافیا، دەستبەسەرداگرتنی خاک، تاڵانکردنی سەرچاوەکان و ڕاگواستنی زۆرەملێ نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی مەبەستدار، داڕێژراو و بەرنامەدار بوو بۆ سڕینەوەی بەکۆمەڵی زمان، کلتور، فەرهەنگ و بیرەوەری کۆمەڵایەتی کورد لەسەر خاکی خۆی. ئەوان دەیانویست بە زەبری هێز و چەک، ڕەگی پەیوەندی مێژوویی و ڕۆحیی کورد بە خاکەکەیەوە بپچڕێنن و ناسنامەیەکی داسپۆردراوی بەسەردا بسپێرن تا بوونی نەتەوەیی بەتەواوی لەناو ببات.
ئەمڕۆش ئاسمیلاسیۆن بە شێوازی نەرمتر، بێدەنگتر، زیرەکانەتر و لە ڕێگەی فشارە ئابووری، سیاسی، پەروەردەیی و میدیاییەکانەوە بەردەوامی هەیە. ئەم پەلامارە نوێیە ئامانجییەتی زمانی دایک بێبایەخ بکات، پیرۆزییە نەتەوەییەکان لە ناخ و هزری تاکەکاندا کاڵ بکاتەوە و نەوەی نوێ لە مێژوو، کلتور و ڕەسەنایەتی خۆی نامۆ، دوور و دابڕاو بکات. کاتێک نەوەیەک لە زمانی دایکی و ڕەگی مێژوویی خۆی داپچڕا، ئیتر هیچ ئامرازێک نامێنێتەوە کە بتوانێت بەهۆیەوە بەرگری لە خاک، شوێنکەوتوو و داهاتووی خۆی بکات.
لە بەرامبەر ئەم تەحەدییە گەورە و هەستیارانەدا، نیشتمانسازی دەبێتە ئامرازی کردەیی، دروست و ڕاستەقینەی ناسیۆنالیزمێکی هاوچەرخ. نیشتمانسازی تەنیا لە بەرزکردنەوەی دروشم، دروستکردنی پەیکەر، ئاهەنگگێڕان یان ئاڵا هەڵکردندا کورت نابێتەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی عەقڵانی، بەردەوام و هەمەلایەنەیە بۆ دروستکردنی دامەزراوەی نیشتمانی بەهێز، جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، چسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، پەروەردەیی و ڕۆشنبیری. ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی توواندنەوە لە ڕێگەی گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان و دروستکردنی هۆشیاری نەتەوەیی بەهێزەوە دەست پێدەکات. پەروەردەیەکی سەردەمیانە کە گرنگی بە زمانی دایک، مێژووی ڕاستەقینە، زانستی هاوچەرخ و تەکنەلۆجیا بدات، بنەمایەکی ئاسنینە بۆ دروستکردنی نەوەیەک کە بڕوای بە خۆی و خاکەکەی هەبێت و لە بەرامبەر شەپۆلە نەرمەکانی ئاسمیلاسیۆندا نەچەمێتەوە.
زمانی کوردی تەنیا ئامرازێکی ئاخاوتن و پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکی، گیان و ناسنامەی ڕاستەقینەی ئێمەیە. کاتێک ڕێگە دەدرێت زمانەکەمان پەراوێز بخریت یان لە دامەزراوە فەرمی، زانستی و پەروەردەییەکاندا بچووک بكرێتەوە و بێبایەخ سەیر بکرێت، بە کردەیی ڕێگە بە توواندنەوەی ڕۆحی نەتەوەیی و کاڵبوونەوەی ئینتیما دراوە. جەختکردنەوە لە کوردبوون و پەرەپێدانی پرۆسەی نیشتمانسازی، پەیامێکی زوڵاڵ، ڕوون و بێچەندووچوونە بۆ ناوخۆ و جیهانی دەرەوە کە ئەم نەتەوەیە بە زەبری هێز، چەوساندنەوە و سیاسەتی توواندنەوە ناسڕێتەوە و دەستبەرداری مافە ڕەواکانی خۆی ناکرێت. پاراستنی ئەم ناسنامەیە ئەرکێکی گشتی و نیشتمانییە؛ ئەرکی یەکەمی هەموو تاکێک، خێزانێک و دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە لە ڕێگەی ئاخاوتن، نووسین، بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەروەردەکردن بە زمانی دایک.
پێویستە هەموو هێز و توانایەک لە پێناو بەهێزکردنی کلتور، ئەدەب، هونەر و میدیای کوردی تەرخان بکارێت تا بتوانرێت بە زانست و ژیری ڕووبەڕووی ئەو شەپۆلە نەرمەی ئاسمیلاسیۆن ببینەوە کە دەست دەبات بۆ گۆڕینی بیری گەنجانمان و دوورخستنەوەیان لە بنەما ڕەسەنەکان. ناسیۆنالیزمی ئەمڕۆ ناسیۆنالیزمی زانست، داهێنان، بەرهەمهێنان، بەرزیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی مرۆڤە. کاتێک نەتەوەیەک دەتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت، خاوەن سیستمێکی پەروەردەیی بەهێز و ناوەندێکی دەسەڵاتی دادپەروەر بێت، هیچ هێزێک ناکرێت ناسنامەکەی بسڕێتەوە یان خاکەکەی داگیر بکات. هۆشیارکردنەوەی نەوەکانی داهاتوو لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی مێژوو، کلتور و جوگرافیامان، تاکە گەرەنتییە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ئازاد، ئارام و سەربەرز. کوردبوون بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئایندەی ئەم خاکە دەست پێدەکات و بە خەباتی بەردەوامی فیکری، زانستی و تەندروست کۆتایی دێت؛ ئەمە بڕیاری مانەوەی شەرەفمەندانەیە.



