سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تەعریب و میدیای کوردی

میدیای کوردی، وەکوو یەکێک لە پایە گرنگەکانی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، ئەرکێکی مێژوویی و ستراتیجی لە ئەستۆدایە بۆ ئاساییشی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بۆ هەموو جومگەکانی ژیان. یەکێک لەو پێداویستییانەی ئەمڕۆ بووەتە ئەرکی میدیا، بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی تەعریبە. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە میدیا وەکوو قەڵغان و سەنگەرێکی بەهێزی هۆشیاری بۆ پاراستنی دیمۆگرافیا و سەلامەتی گیانی مرۆڤەکان (کورد و عەرەب) و ئاسایشی نیشتیمانی و پاراستنی کولتوور و مێژووی کوردستان، ڕۆڵی کاریگەری هەبێت.

بەرپرسیارێتیی میدیا و ئەتەکێتی دیالۆگ

خۆزگە نووسەران و دەزگاکانی میدیای کوردی هەڵوەستەیان لە ئەزموونی ڕابردوو دەکرد و بیرێکیان لەم کولتوورە خراپە دەکردەوە، کە پەلاماردان وەلا بنێن و لەبری یەکتری شکاندن لە گفتوگۆدا، پاراستنی شکۆی بەرانبەریان دەکردە پرەنسیپی سەرەکی. دەزگاکانی میدیا ئەگەر مەبەستیان بێت، دەتوانن زەمینە بۆ دیالۆگی فکری بڕەخسێنن، نەوەکوو بەناوی ئازادییەوە دەرگا بۆ هەر کەسێک واڵا بکەن، کە زۆر قسە دەکات و هیچ ناڵێت، بەناوی ڕووناکبیرەوە دێتە مینبەر و سەرەتاییترین ئەتەکێتی دیالۆگ ڕەچاو ناکات و درێغی لە شکاندنی شکۆی مرۆڤ ناکات. ئەزموونی ڕابردوو سەلماندوویەتی ئەم شێوازەی بڵاوکردنەوە بەناوی ئازادییەوە، جگە لە دڕودۆنگ و تێکدانی فەزای ڕووناکبیری، هیچی باشی لێ سەوزنەبووە.

کێ هەیە ئەو ڕاستییە نەزانێت، کە دیالۆگ و گفتوگۆ ململانێیە، ئارگیومێنت هێنانەوەیە لەپێناوی لێکتێگەیشتندا، نەوەکوو زمان لە هێزی داهێنانەوە بگۆڕێت بۆ ئامرازی شکاندنی بەرانبەر. میدیاکان هەقە خاوەن پرەنسیپێک بن بۆ دیالۆگ و ئەوە بکەنە بنەمای بڵاوکردنەوە. ڕاستە گفتوگۆ ململانێیە و پێویستی بە بەڵگە و ئارگیومێنتە بۆ لێکتێگەیشتن، بەڵام زۆرانبازی نییە بۆ بەزاندنی یەکتری.

مەترسیی تەعریب و بێباکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن

بەداخەوە ئەم بابەتەی من، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ناچارە تیشک بخاتە سەر ڕۆڵی سلبی و کەمپۆستیی میدیای کوردی لە بەرانبەر سیاسەتی تەعریبدا. لە کاتێکدا، دەبوو ڕۆڵی میدیا بایەخدان بێت بە دروستکردنی گوتارێکی هۆشیارکەرەوە لە پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵانەی دەبنە مەترسی بۆ سەر ناسنامە و ئاساییشی نەتەوەیی.

دیسان دەبێت بڵێم؛ بەداخەوە ئێستای مامەڵەی میدیای کوردی لەگەڵ ڕەخنەگرانی تەعریبدا، بەو ڕۆژانە دەچوێنم، کە یەڵماز گونەی لە زیندان هاتە دەرەوە و گوایە ئازادبوو. میدیای تورکی لەبری ئەوەی پێشوازی لە ئازادبوونی داهێنەرێکی گەورەی وەکوو یەڵماز بکەن و دەوڵەت سەرکۆنە بکەن، بە پێچەوانەوە هەر ئەوەیان کرد، کە دەوڵەت و فاشیزم و تۆرانییەت دەیانویست. دوای ئەوەی یەڵماز لە زیندان ئازاد دەبێت، میدیای تورکی نووسییان: (جاسوسەکەی ڕووس ئازادبوو). بۆچی وایان کرد؟ لەبەرئەوەی یەڵماز گونەی بەتێفکرینی ئەوان بە دوو سەر بێزراوبوو: هەم کورد بوو، هەم چەپ بوو. ئەم بانگەشەیە لە دژی گونەی بۆ ئەوەبوو میدیا و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی فیلم لە تورکیا مامەڵەی لەگەڵدا نەکەن و پەراوێزی بخەن. بە واتایەکی دیکە، بۆئەوەی ئازادبوونەکەی سنووردار بێت و لەبری زیندان، لەناو میدیا و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی فیلم کۆتوبەند بکرێت و دەنگی بە هیچ کوێ نەگات، ئەگەر دەنگیشی بگاتە شوێنێک، بێکاریگەری بکەن.

لێرەدا، مەبەستم لەم بەراوردکردنە، ڕێک ئەو شێوازەی “تیرۆری کەسایەتی و بێدەنگکردنی میدیاییە”، کە بەرانبەر کەسایەتییەکان دەکرێت. ئەمڕۆی میدیای کوردیم بە هەمان شێوە دێتە بەرچاو، چونکە ئەوانەی بەرپەرچی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافی دەدەنەوە، تەنانەت ئەوانەی هاتنی بەلێشاوی عەرەب بە مەترسی دەزانن، هەمان مامەڵەی یەڵماز گونەییان لەگەڵدا دەکرێت. جا میدیای کوردی بە خۆیان بزانن، یان نا، ئەم هەڵوێستەیان ئاوێکە دەڕژێتە ناو ئاشی بەرژەوەندیی داگیرکارانی کوردستانەوە. بەلای کەمەوە زەمینە خۆشکردنە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە ببێزرێن، بە تایبەتیش کە تۆمەتی لایەنگرانی حیزب و دەسەڵاتی کوردییان دەخرێتە پاڵ و بە دەمارگیریی نەتەوەیی ناو دەبرێن. ئەم دەنگانە لە میدیای کوردیدا بە ناڕاستەوخۆ دەبنە دەنگی داگیرکار، چونکە بانگەشەیە بۆ ئەوەی کەس گوێ لەو کەسانە نەگرێت، کە باس لە مەترسیی تەعریب و تێکچوونی هاوسەنگیی جیوگرافی دەکەن. دەنا ئەگەر دیالۆگ بێ لەپێناوی لێکتێگەیشتن مافی هەرکەسێکە و دەبێت ڕێزی لێبگیرێت.

من ناتوانم بەبێ بەڵگە هیچ کەسێک و هیچ دەزگایەک تۆمەتبار بکەم، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی بەلای کەمەوە گومانی ئەوەیان نەچێتە سەر، کە لە لایەن بازرگانان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی شوقە و خانووبەرەوە پشتیوانی ناکرێن و باربوو ناکرێن، هەقە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و ئیتیکی کاری خۆیان، ئاگاداری ئەوە بن چۆن و بە چ ئەدایەک مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە چارەنووسسازە دەکەن. ڕاستە مافی وەڵامدانەوە پارێزراوە، بەڵام بەچی دەچێت ئەگەر وەڵامدانەوە لە بابەتەوە گۆڕا بۆ بەرپەرچدانەوەی تۆمەتی کەسی؟

بەش بە حاڵی خۆم، نە دژی هاووڵاتییانی عەرەب و نە دژی بوونیانم لە کوردستان، بەڵکو دژی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیا و داگیرکردنی کوردستانم، بە دەنگی بڵندیش دەیڵێم، کە دژی ئەم مەترسییەم. بەڵام وەکوو ئەوانەی تۆمەتبارمان دەکەن، بە سێبەر و دەستی دووەم و سێیەمی دەسەڵات، ماف بەخۆم نادەم لە بەرانبەردا کەس تۆمەتبار بکەم، هەرکاتێکیش بەڵگەیەکم بەدەستەوە بوو، کە ئەوانە بەکرێگیراوی دەوڵەتانی ناوچەکە و بەرتیلخۆری کۆمپانیاکانن، ئەوا چاوپۆشیکردن لێیان دەبێتە نەنگی. بۆیە هەق نییە میدیاکان لە کەس قبووڵ بکەن، میدیاکان بکەنە شوێنی تۆمەتبارکردنی یەکتری. بەش بە حاڵی خۆم، هەموو ئەو کەس و دەزگا میدیاییانە شەرمەزار دەکەم، کە بەبێ بەڵگە وەها تۆمەتێک بخەنە پاڵم. بەڵام مەحکومکردن و ناڕەزایەتیی من سوودی چییە، ئەگەر ڕێزگرتن لە مرۆڤ و ڕێزگرتن لە بیروڕا نەبێتە کولتووری کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیری.

.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO