سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ترس لە گۆڕینی دیمۆگرافیا و مافی هاووڵاتیبوون؛ هەندێک سەرنج لەمەڕ تێڕوانینەکانی “کاوە حەسەن”

پرسی گۆڕانی دیمۆگرافی لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەی کە هەمیشە لەنێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا دەخولێتەوە: جەمسەرێکی ناسیۆنالیستی/نیشتمانپەروەریی، کە هۆشیار و هەستیارە و پێشبینی لە سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی هەیە، جەمسەرەکەی دیکەی بریتییە لە بازاڕی سەرمایەداری و بێباکانە لە ڕوانگەی وەبەرهێنان و قازانجەوە تەماشای هاتنی بەلێشاوی هاووڵاتی عەرەبی عێراقی دەکات. نووسەران و چالاکوانان و چاودێرانی سیاسیش دابەشبوون بەسەر ئەم دووبەرەیەدا.

نووسەر و توێژەر “کاوە حەسەن” لە وتارێکیدا بە ناونیشانی “بەکوردستانیکردنی هەرتاکێکی عێراقی، کە بیەوێت لە هەرێمی کوردستان‌دا نیشتەجێ بێت”، لە ڕۆژنامەی هەواڵ، ژمارە (٨١٨)ی ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە هەوڵی داوە ڕێگەی سێیەم بدۆزێتەوە. پێشنیازی مۆدێلی “ئاوێتەکردنی مەدەنی” (Civic Integration) دەکات وەکوو چارەسەرێکی گونجاو.

وێڕای دەستخۆشیم بۆ نووسینی بابەتەکەی، بەڵام هەندێک سەرنج و تێبینیشم هەیە، وای بۆ دەچم لە هەندێک شوێندا کاوە حەسەن وەکوو ئەوەی کورد نەبێت و ئەزموونی خوێناوی جینۆسایدی بەچاوی خۆی نەدیبێت و بە خەون و خەیاڵێکی خۆشەوە بۆ پێکەوەژیان قەڵەمی خستووەتە کار. ئەم دید و تێڕوانینە چەندە جوان و گرنگە بۆ ئێمە، ئەفسوس هێندەش ناواقعییە لەبەرئەوەی مێژوو و ئەزموونی تاڵ و چەندینجار پەلاماری جێنۆسایدی کورد پشتگوێ دەخات، کە لەژێر کاریگەریی تیۆرییەکان و کولتووریی وڵاتانی سەقامگیردا ژینگەی سیاسیی عێراقی ڕەچاو نەکردووە. لەم سەرەتاییەوە وێڕای دەستخۆشیم، هەندێک سەرنج و تێبینی خۆم دەربارەی وتارەکەی دەنووسم بەمەبەستی دیالۆگێکی هێمن و لێکتێگەیشتن. نەوەکوو وەکوو کێبەرکێی کەسی و زۆرانبازی بۆ یەکتری بەزاندن. بۆیە لە خاڵە ئەرێنییەکانەوە دەست پێدەکەم، دواتریش سەرنجی ڕەخنەگرانەی خۆم دەخەمە سەر خاڵە نەرێییەکانی.

یەکەم: خاڵە ئەرێنییەکان

کاوە حەسەن بەو پێیەی ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی کوردستان و لە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیری دوور لە شەڕ و کوشتار دەژی بە دیدێکی مۆدێرن سەیری کێشەکە دەکات و هەوڵ دەدات لۆجیکی “دەوڵەت-نەتەوە” بخاتە خزمەت پاراستنی ناسنامەوە. بێگومان ئەوە یەکێکە لە خاڵە باشەکانی ئەم وتارە، چونکە هاوردەکردنی بیروڕای میانڕەوی شایانی پێشوازیکردنە نەوەکوو ڕەتکردنەوە. لێرەدا، ئاماژە بە گرنگترین خاڵە ئەرێییەکانی تێڕوانینەکەی دەکەم.

١. مافی نیشتەجێبوون

نووسەر ئارەزوو، یاخود پێویستیی نیشتەجێبوون تەنیا لە “ماف” نابینێت، بەڵکوو “ئەرک و بەرپرسیاریەتی”یش دەخاتە سەرشانی نیشتەجێبوونی نوێ. بۆ ئەم ئەرک و مافەش لە ئاوێتەبوونی پێکهاتە جیاوازەکاندا، کاتێک دێنە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر سێ مەرجی سەرەکی دەکاتەوە، کە ئەرک و مافی تێدا دیاری کراوە، کە مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیاش دەخاتە لاوە ئەوانیش بریتین لە (فێربوونی زمانی کوردی و قبووڵکردنی یاسا و بەشداریکردن لە ژیانی مەدەنی). بەڵام ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە یاسا لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا، مەرجی زمان بەسەر هاووڵاتیانی ناکورد دا بسەپێنێت؟ ئاخۆ هەر لەبنەڕەتەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادەن کولتوورسازیی بکەن لەپێناوی هەرێمێکی کوردستانیی‌دا؟

٢. بەکارهێنانی ئەزموونی جیهانی

ئاماژەدان بە نموونەی “کیوبێک” لە کەنەدا و کانتۆنەکانی سویسرا، کە چۆن توانیویانە ناسنامەی کەمینە بپارێزن. ئەگەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە نیشاندانی بژاردە و ئەزموونی سەرکەوتوون، بەڵام لە ڕووی پراکتیککردنەوە بۆ دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەبێ بوونی ئیرادەیەکی سیاسی و کولتووریی ئەستەم و مەحاڵە. ئاماژەدان بە هاوسەنگی ئابووریی نەتەوەیی، خاڵێکی گرنگی ئەم باسەیە لەگەڵ ئەوەی نووسەر دژی گەشەی بازاڕ نییە، بەڵام بازاڕ بەبێ ناسنامە بە مەترسی دەزانێت.

دووەم: ڕەخنە و تێبینی دەربارەی ئاستەنگەکان

بەر لەوەی بچمە سەر خاڵەکان، پێم باشە سەرنجێک لەسەر ئەم ڕایەش بدەم، کە کاوە حەسەن دەنووسێت: “نیگەرانییەکانی بەرەی یەکەم ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێت، چونکە ئەگەر ئاوڕێک لە میژووی ئەو ناوچانە بدەینەوە، کە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی تێیدا ئەنجامدراوە، دەبینین نیگەرانییەکانی ئەم بەرەیە لە جێگەی خۆییدایە.” ئەم تێڕوانینەی کاوە هەڵە نییە، بەڵام سادەکردنەوەیەتی بۆ ئاستی “خاترگرتن” (مراعات) جێگەی مەترسییە، کە تەعریب وەکوو چیرۆکێکی ڕابردوو و بەسەرچوو ببینین. ئەم دەربڕینە ئەو هەستە لای خوێنەر دروست دەکات، کە تەعریب تەنیا برینێکی کۆنە و پێویستە وەکوو وانەیەک لێی بڕوانرێت، نەوەک وەکوو هەڕەشەیەکی زیندوو، کە ئێستا لە سۆنگەی قازانج و بازاڕ و پڕۆژەی پارەسپیکردنەوەوە بەردەوامە و لە ئێستادا فۆڕمەکەی گۆڕاوە. کە پێشتر بەزەبری تانک و تۆپ دەکرا و ئێستا بە موڵک و تاپۆ دەکرێت. نووسەر مافی نیگەرانی دەدات بەوانەی ناڕازین لەم دۆخە وەکوو ئەوەیە بڵێت: ئەوانیش هەقی خۆیانە قسەیەکیان هەبێت، یاخود مافیانە بترسن بەڵام ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە مەترسییەکانی ئێستا لە مەترسییەکانی ڕابردوو کوشندەترن، چونکە ئێستا لەژێر پەردەی یاسا و بازاڕی ئازاد و ئاوێتەبووندا ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەوەی کاوە حەسەن نادیدەی گرتووە ئەو مەترسییەیە، کە درەنگ، یان زوو دەبێتە فیتنە و پێکدادان و خوێنی هەژارانی هەردوولای تێدا دەڕێژرێت. سەرەڕای لایەنە شارستانییەکانی ئەم بیرۆکە و پڕۆژەیە، بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە چەندین ئاڵنگاریی و ڕەخنە ڕووبەڕووی ئەم دید و تێڕوانینەی نووسەر دەبنەوە.

١. بەربەستە دەستوورییەکان

ئەگەرچی نووسەر هەوڵی داوە مۆدێلێکی مەدەنی و یاسایی بۆ پرسی نیشتەجێبوونی ئاوێتەیی بخاتەڕوو، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە لەگەڵ دەقە دەستوورییەکان ناتەبایە. چونکە بەپێی ماددەی ٢٣، بڕگەی سێیەم لە دەستووری عێراق، بە ڕوونی ئاماژە بەوە کراوە، کە خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان قەدەغەیە. ئەم بڕگە دەستوورییە، بنەمایەکی یاسایی بەهێزە. ئەگەر هەرێمی کوردستان بخوازێت ڕێگری لە هەوڵی بەعەرەبکردنی کوردستان و نیشتەجێبوونی عەرەب بگرێت، کە هاوسەنگیی نەتەوەیی و دیمۆگرافی تێک بدات. لێرەدا، مۆدێلی ئاوێتەکردنی مەدەنی، کە نووسەر باسی دەکات، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا شارستانییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەبێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیا، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی دەستووری عێراقە.

جێگەی تێڕامانە، کە نووسەر بۆ چەسپاندنی دید و تێڕوانینی خۆی، پشتی بە ماددەی ٤٤ لە دەستووری عێراقی بەستووە. لە کاتێکدا ئەو ماددەیە تەنیا مافی ئازادیی گەشتکردن و هاتووچۆ و نیشتەجێبوون لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەستەبەر دەکات. لە بەرانبەردا، ماددەی ٢٣ لە بڕگەی سێیەمدا، زۆر ڕاستەوخۆتر و وردتر مامەڵە لەگەڵ کێشەی تەعریب دەکات و خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا قەدەغە دەکات. کەواتە نیشتەجێبوون لە دۆخێکی وەکوو ئێستادا مافێکی ڕەها نییە، بەڵکوو کاتێک دەبێتە مەترسی بۆ سەر ناسنامەی نەتەوەیی، بەپێی ئەو ماددە دەستوورییە نایاسایی و قەدەغەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا مەترسییەکە واقیعییە، چونکە دەوڵەتی عێراق لە مێژووی خۆیدا جێگەی متمانە نەبووە. خەڵکی کوردستان ئەزموونێکی تاڵ و شکستخواردوویان لەگەڵ جێبەجێنەکردنی ماددەی ٥٨ و دواتریش ماددەی ١٤٠ هەیە. بۆیە دەقە دەستوورییەکان بەبێ ئیرادەیەکی سیاسیی دادپەروەرانە، تەنیا دەبنە مەرەکەبی سەر کاغەز. لێرەدا، پرسیارێکی جددی ڕووبەڕووی نووسەر و بەرپرسانی هەرێم دەبێتەوە، ئایا دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیانەوێت ئەم ماددە دەستوورییە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بەکار بهێنن، یان تەنیا وەکوو دەقێکی مردوو دەمێنێتەوە؟

٢. لاوازیی دامەزراوەکانی هەرێم

مۆدێلی “ئاوێتەکردن” ئەڵتەرناتیڤێکی باشە، بەڵام ئەوەش بێ گرفت نییە، لەبەرئەوەی پێویستی بە حکوومەتێکی دامەزراوەیی و پابەند بەیاسا و دەستوور هەیە. نووسەر باش دەزانێت لە کوردستان حکوومەتێکی خەمخۆر و دامەزراوەیی نییە، بەڵکوو ئەوەی هەیە دەسەڵاتێکی ڕەهای بێ دەستوور و بێ قانون و ناخزمەتگوزارە. ئەگەر ڕاست بێت ناوی سیستەمی لێببنێن، ئەوا سیستمێکی حیزبییە، کە بەرژەوەندیی بازرگانیی خێرا بۆ بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان دەخاتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی. ئەمە لەکاتێکدا، کە خاتریان بگرین، ئەگەرنا بەرژەوەندی نەتەوەییش لە گۆڕێ نییە، نەتەوە جگە لە کارتێکی مامەڵەی سیاسی بەلایانەوە، هیچ بەهایەکی نییە. نووسەر لەکاتێکدا باسی فێربوونی زمانی کوردی دەکات، کە دەزانێت هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا خاوەنی ناوەندی پێشکەوتوو و پڕۆگرامی نیشتمانی نییە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بۆ خودی کوردانی دانیشتوانی هەرێم کوردستان، ئینجا چۆن بۆ ئەو عەرەبانەی هەبێت، کە هاتوون، یان دێن لێرە نیشتەجێ دەبن.

٣. پاشخانی مێژوویی

نووسەر، کە باسی تیۆر یان مۆدیلی نموونەی “کیوبێک” لە کەنەدا و کانتۆنەکانی سویسرا دەکات، لەڕووی تیۆرییەوە جوانە، کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراسیدایە و بەبێ مشتومڕ دان بە فرەیی نەتەوەییدا دەنێت و سیستەمێکی دادوەریی سەربەخۆی هەیە، بەڵام لە عێراق‌دا، ئەمە تەواو پێچەوانەیە، چونکە دەوڵەت خۆی پیلانگێڕی پڕۆسەی تەعریبە. بەراوردکردنی عێراق بە کەنەدا و وڵاتانی دیکە تەنیا بۆ ئارگێومێنتی تیۆری گونجاوە، دەنا بۆ پڕاکتیککردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگە ناگرێت، بە پێچەوانەوە ململانێکان خاو و سادە دەکاتەوە، چونکە لێرە برینی “تەعریب” هێشتا ساڕێژ نەبووەتەوە و مەترسییەکان تەنیا کولتووری نین، بەڵکوو سیاسی و نەتەوەیین. ئاوڕدانەوە لە مێژووی نوێ، ئەگەر زۆریش دوور نەکەوینەوە بەڵگەکان کردەی مەترسیدارترمان نیشان دەدەن. کە خەونی بەڕێزانی وەکوو کاک کاوە دەخەنە لاوە. لەبەرئەوەی کورد ئەزموونی تاڵی هەیە و ئامانجی دەوڵەتی عێراقیش لە جینۆسایدکردنی کوردەکان هەر بەعەرەبکردنی خاکی کوردستان بووە، نەوەکوو تێکەڵکردن و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان. بۆیە “نابێت ئەنفال و جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و گواستنەوەی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافی کورد و کوردستان وەکوو سیاسەتگەلێکی جیاواز سەیر بکرێن،” ڕێک وەک ئەوەی کەمال سولەیمانی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا گوتی.

٤. بەڵگەی مێژوویی، کردەوەی دەوڵەت

باشترین بەڵگەش قسەکانی عەلی حەسەن مەجیدە وەکوو “پیاوی دەوڵەت” نەوەکوو تەنیا وەکوو کەسایەتییەکی فاشست و توندڕەفتار، کە لە دوای پەلامارە سەربازییەکانی ئەنفال‌دا، کاتێک ئەرکەکەی تەواو دەبێت و تەواوی گوندەکانی کوردستان دەڕوخێنێت و گوندنشینەکان بەکۆمەڵ دەکوژن، نووسینگەی باکوور ڕادەستی “حەسەن عەلی ئەلعامری” دەکات و لەجێگەی ئەو ئەرکی بە سكرتێری گشتیی مەكتەبی باكووری وەرگرت، لە کۆبوونەوەی ڕێککەوتی 15ی نیسانی 1989دا سەرزەنشتی کۆمەڵێک ئەفسەری باڵای سوپا دەکات، کە پێش ئەوەی ئەم بێت وەکوو پێویست کاریان نەکردووە و دۆخەکەیان گەیاندووە بەوەی پێشمەرگە بەڕەشاشێکەوە پێشی لە فیرقەیەک گرتووە، بەڵام ئەم توانیوێتی بە ئەنفال و کیمیایی چارەسەریان بکات. بۆیە بە لوتبەرزییەوە بە ئامادەبووان دەڵێت؛ حەز دەكەم پێتان بڵێم، كەوا ئەوەی كردم، دەبوو وام بكردایە. دواتر نیازی ئەنفال ڕوون دەکاتەوەو بەڕاشکاوی دانی پێدا دەنێت، کە ئەوەی کردوویەتی لەپێناوی تەعریب‌دا بووە، بەم شێوەیە دەڵێت: “حەز دەكەم لە بارەی دوو خاڵەوە قسە بكەم، یەكەم، بەعەرەبكردن و دووەم؛ ئەو شوێنانەی هاوبەشن لەنێوان ناوچە عەرەبنیشینەكان و ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا. ئەو خاڵەی قسەی لە سەر دەكەین كەركووكە. كاتێک‌ من هاتم عەرەب و توركمان ٥١%ی سەرجەم دانیشتوانی كەركووك زیاتر نەبوون(تەماشای کتێبی “جێنۆساید لە عێراق‌دا، پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد” بکە). وێڕای هەموو شتێك من شەست ملیۆن دینارم خەرجكردووە، تاوەکوو گەیشتووینەتە ئەم بارەی ئێستا. حاڵی حازر مەسەلەكە ڕوونە و بۆ زانیاریتان ئەو عەرەبانەی كە هێنراون بۆ كەركووك ڕێژەكەیان بۆ لە٦٠% بەرزنەكردەوە. درێژە بەقسەکانی دەدا و دەڵێت: پاشان تەعلیماتمان دەركرد و نەمهێشت كورد لە كەركووك و گوندەكانی دەوروبەریدا لە دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا كاربكەن. كەركووك تێكەڵەیەكی نەتەوە و ئایین و مەزهەبە. ئەو خەڵكانەی كەوا لە 21 ی مایسەوە بۆ 21 ی حوزەیران ڕامانگواستن، یەك كەسیان لە ناوچە قەدەغەكراوەكاندا نەبوون. بەڵام لەژێر كۆنتڕۆڵی تێكدەراندا بوون، جا ئیدیکە هەواداری ئەوان بووبێتن، یان دژیان.” (هەمان سەرچاوە). بەهیوام ئەم قسانەی عەلی حەسەن مەجید بۆ کاک کاوە و هەرکەسێکی دیکە، کە دەیەوێت لەمەڕ تەعریب ڕای خۆی دەرببرێت ببێتە مایەی تێڕامان و تێ بگات، کە جێنۆسایدکردنی کوردیش هەر لەپێناوی خاکی کوردستان‌دا بووە.

هەر لە کاسێتەکانیدا، عەلی حەسەن مەجید، بەڕوونی باسی سیاسەتی بەعەرەبکردنی خاکی کوردستان دەکات و تەنانەت بەوەش قایل نییە، کە کوردەکان ببن بە عەرەب، بەڵکوو بەڕوون و ڕاشکاوی دەڵێت: دەتانەوێت ڕێژەی عەرەب بەم هیچ و پووچانە زیاد بکەن؟”(هەمان سەرچاوە) ئێستا دەبێت بپرسین ئایا پشتگوێخستنی داوای لێبوردن لە کورد لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە ئاماژە نییە بۆئەوەی لە هەر دەرفەتێکی دیکەدا ئامادەی دووبارەکردنەوەی جینۆسایدە؟

لەگەڵ هەموو ئەو تێبینیانەش وتارەکەی کاوە حەسەن هەوڵێکی بوێرانەیە بۆ گواستنەوەی عەقڵییەتی کوردی لە “کاردانەوەی عاتیفی” بۆ “پلانی ستراتیجی”. تەواو هاوڕای ئەوم، کە نووسیوێتی: “کوردستانیبوون” تەنیا ڕەگەز و خوێن نییە، بەڵکوو پابەندییە بە زمان و کولتوور و یاساوە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، ئیدیکە جێبەجێکردنی چەندە ئەستەمە، یان ئاسانە ئەوەیان شتێکی دیکەیە و دەکرێت گفتوگۆیەکی دیکەی دەربارە بکەین. هەرچۆنێک بێت دۆخەکە پێویستی بە تێپەڕاندنی قۆناغی حیزبایەتی و گەیشتنە بە قۆناغی “دەوڵەتداریی ڕاستەقینە”. کە دیسان ئەوەش ئاسان نییە، هەرچەندە مەحاڵیش نییە، بەڵام ئیدی ئیرادە و خەباتی دەوێت، ئەگەرچی ئەم ئەرکەش نابێت هەر لە سەرشانی کوردبێت ملدانی عەرەبەکان و ئامادەیی دەستبەرداربوونی ئەوان لە ڕوحی داگیرکاریی گرنگترین خاڵی ئەم جۆرە باسانەیە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەعریب و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لە توانادایە هەندێک ڕێگە و ڕێکار بگیرێنەبەر وەکوو “بەهێزکردنی یاسا و چاودێریکردنی فرۆشتنی موڵک و پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردەیی و کولتوورسازیی و مرۆڤسازیی و نەتەوەیی ناتوندوتیژ و هەوڵدان بۆ هێنانە ژێرباری دەوڵەتی عێراق بەداوای لێبوردن لە نەتەوەی کورد بەرانبەر بە تاوانەکانی جینۆسایدکردنی کورد، کە وەکوو دەوڵەتی میراتگر ئەرکێکی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقییە لە سەرشانی. بەبڕوای من ئەم هەنگاوانە ئەگەر هاتنی عەرەبەکانیش نەوەستێنێت پاشەکشە بە نیازی داگیرکاریی دەکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO