سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شیکاریی پڕۆژەیاسای «تورکیای بێ تیرۆر» لە ڕوانگەی یاسایی و سیاسی و کۆلۆنیالی

شەهاب شێخی

پێویستە خوێنەران پێش هەموو شتێک بزانن، کە ئەمە تەنیا پڕۆژەیاسایەکە، کە دەوڵەتەکەی ئەردۆغان پێشکەشی پەرلەمانی دەکات، بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ گرووپێکی “تیرۆریستی” بکرێت.

بۆیە ئەو ڕەخنانەی کە لە دۆستانی تەڤگەر دەگیرێت، کە بۆچی ناوی کورد و مافی کورد، باسی مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانی کورد، تەنانەت مافی فێربوون، یان پەروەردە بە زمانی کوردی نەکراوە، هەمووی ڕەخنەی هەڵەن، چونکە ئەمە ڕێککەوتنی ئاشتی، یان هەر شتێکی دیکە لەنێوان کورد و تورک و ئەم قسانەدا نییە، بەڵکوو تەنیا ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورکیایە لەگەڵ گرووپێک، کە دەوڵەتی تورکیا بە تیرۆریستی دەزانێت و تەنیا باسی ئەوەیە، کە چەند و چۆن سزا بدرێن، یان ڕەنگە سزاکان دوا بخرێن. لەم بابەتەدا لایەنە یاسایی و داگیرکەرانە و کۆلۆنیالیستیەکەی ئەم یاسایە دەخەینەڕوو.

ناوی فەرمیی پڕۆژەکەکە “پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتیمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی”یە و لە دوازدە ماددە پێک دێت. ئەم پڕۆژەیە لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦ پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرا و لە ٨ی ئابی ٢٠٢٦ لە لایەن کۆمیسیۆنی دادپەروەریی پەرلەمانەوە پەسەندکرا. لە ڕێککەوتی 10 ئابی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا بە ٤٦٨ دەنگ لە هەر ٦٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا بە هاوپەیمانی ئاکپارتی و دەم پارتی (پارتە بەناو کوردییەکە) دژ بە ڕێکخراوێکی سیاسی پەسەندکرا.

لە ڕوانگەی گشتییەوە، ئەم پڕۆژەیاسایە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و لێبوردنی گشتیی نییە، بەڵکوو میکانیزمێکی مەرجدارە بۆ چەکدانان و دواخستنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزا.

هەموو دەسەڵاتێکی سەرەکی دەدات بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی دەوڵەت. کورد لەم دەقەدا نە وەکوو نەتەوە، نە وەکوو لایەنێکی ململانێی سیاسی، بەڵکوو تەنیا لە چوارچێوەی پەکەکە و کەجەکە وەکوو «ڕێکخراوی تیرۆریستی» باس کراوە. کەواتە ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بۆیە لە هەر دوازدە ماددەکەدا وشە و بابەتەکانی کورد و پرسی کورد و ناسنامە و زمان و مافی نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبەری و یەکسانی نەتەوەکان و تاوانەکانی دەوڵەت و دادپەروەریی گواستنەوەیی و ئاشتەوایی و گفتوگۆ بوونیان نییە.

ماددەی یەکەم: ئامانج و سنووری یاساکە

بەپێی ئەم ماددەیە، یاساکە دوای ئەوە جێبەجێ دەبێت، کە دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا پشتڕاست بکەنەوە کە پەکەکە و کەجەکە و پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی بوونی ڕاستەقینەی خۆیان کۆتایی پێهێناوە و هەموو چەک و تەقەمەنییان ڕادەستکردووتەوە. پاشان دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا ئەو هەڵسەنگاندنە پەسەند بکات و بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو بکرێتەوە. تەنیا دوای ئەوە دەتوانرێت لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزا دوا بخرێت.

لە ڕووی یاسایییەوە، ئەم ماددەیە لێبوردن نییە، بەڵکوو تەنیا دواخستنێکی مەرجدارە. دەوڵەتی تورکیا خۆی لایەنی ململانێکەیە، بەڵام هەر خۆشی بڕیار دەدات، کە لایەنی بەرانبەر بە تەواوی چەکی داناوە یان نا، هەر خۆشی بڕیار دەدات، کێ دەگرێتەوە و کێ ناگرێتەوە.

لە ڕووی سیاسییەوە، پڕۆسەکە وەکوو چارەسەری کێشەیەکی سیاسی دوو لایەنە نییە، بەڵکوو دەوڵەت وەکوو دەسەڵاتێکی ڕەوا و پەکەکە و کەجەکە وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پیشان دەدرێت، کە دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەکەکانی ڕادەست بکات و بە چوونەناو ئەم پڕۆسەوە، لە ڕاستیدا خۆی بە دنیای ڕادەگەیەنێت، کە ئێمە هەموومان تیرۆریست بووین و ئێستا داوا دەکەین وەکوو تیرۆریست سزاکانمان دوا بخرێن، یان کەم بکرێنەوە.

لە بەرانبەردا هیچ داواکاری و داخوازییەک، یان مەرجێک، نە لەلایەن پەکەکە و کەجەکەوە داواکراوە، نە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوان لەبەرچاو گیراوە.

لە ڕوانگەی داگیرکەرانەوە، ماددەکە بەهیچ شێوەیەک بنەما مێژووییەکانی کێشەی سیاسی نێوان کورد و تورک و هۆکارەکانی شۆڕشی خودی پەکەکەش باس ناکات، واتە نکۆڵی کردن لە بوونی کورد و وڵاتی کوردستان و جینۆساید و قەدەغەی زمان و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەیی و گواستنەوەی زۆرەملێ و سووتاندنی گوندەکان و سەرکوتکردنی سیاسی لە دەقەکەدا دەسڕێتەوە و دەرەنجامەکە تەنیا بە «تیرۆریست» ناوبردنی پەکەکە و کەجەکەیە، بەڵام هۆکارە داگیرکارییەکە نادیار دەکرێت. هەر وەکوو ئانیبال کیخانۆ دەڵێت؛ ئەوە داگیرکەرە، کە بڕیار دەدات، کێشەکە چۆن ناو ببرێت و چۆن تێبگەێندرێت.

ماددەی دووەم، پێناسەکان

پێناسەی «ڕێکخراو» و «ئەنجوومەن» دەکات و ڕایدەگەێنێت، کە لە تەواوی دەقەکەدا، مەبەست لە «ڕێکخراو»، ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و کەجەکە و پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی دەگرێتەوە و «ئەنجوومەن»یش ئەو ئەنجوومەنەیە، کە بەپێی ماددەی حەوت دادەمەزرێت. بەڵام لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا گۆڕانکارییەک بە سەر ئەم مادەیەدا دێت، کە کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە.

دەقی سەرەتایی ماددەکە ئەمە بوو: “پەکەکە و کەجەکە و هەموو پێکهاتەکانی تری سەر بە ئەوان”، بەڵام لە کۆمیسیۆنی دادپەروەریدا گۆڕدرا بۆ: “پەکەکە وکەجەکە و هەر جۆرە پێکهاتەیەکی دیکەی پەیوەست بە ئەوان”. دەستەواژەی «پێکهاتە سەر بە ئەوان» تەسکتر و سنووردارترە، چونکە پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی و ڕاستەوخۆ بە پەکەکە و کەجەکەوە دەگەیەنێت. بەڵام دەستەواژەی «هەر جۆرە پێکهاتەیەکی پەیوەندیدار بەو» فراوانتر و ناڕوونترە، چونکە جگە لە پێکهاتەی سەر بە ئەوان، دەکرێت هەر پێکهاتەیەک بگرێتەوە، کە دەوڵەت بە جۆرێک پەیوەندیی بە پەکەکە و کەجەکەوە بۆ دیاری بکات. کەواتە گۆڕانکاریی کۆمیسیۆن سنووری ماددەی دووەمی تەسک نەکردووەتەوە، بەڵکوو فراوانتری کردووە.

لە ڕووی یاسایییەوە، دەستەواژەی «هەر جۆرە پێکهاتەیەکی پەیوەندیدار» پێناسەیەکی فراوان و ناڕوونە. دیار نییە مەبەست پەیوەندیی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ئایدیۆلۆجی و دارایی و کۆمەڵایەتی، یان تەنیا هەڵوێستی هاوبەشە. ئەم ناڕوونییە دەتوانێت بنەمای جێبەجێکردنی ئارەزوومەندانە بێت.

لە ڕووی سیاسی و داگیرکارییەوە، دەکرێت ئەم پێناسە فراوانە بۆ فشارخستنە سەر پێکهاتە کوردییەکانی دەرەوەی تورکیاش لە هەر کوێی جیهان بەکار بهێنرێت، بۆ نموونە؛ ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هێز، یان دامەزراوەیەکی ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، یان تەنانەت لە هەر کوێی جیهان بە «پەیوەست بە پەکەکە» پێناسە بکات. ئەمە ڕەنگە ئەو بەشە بێت، کە بەداخەوە ڕێکخراوی پەکەکە و کەجەکە نەوەکوو هەر خۆی بە تیرۆریست ناساندووە، بەڵکوو ڕێگەی بۆ دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر بڕیاردان لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان کردووەتەوە.

ماددەی سێیەم: دواخستنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن

دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، ئەگەر بەرزترین سزای تاوانەکە ١٥ ساڵ، یان کەمتر بێت، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن بۆ پێنج ساڵ دوا دەخرێت. ئەگەر سزاکە زیاتر لە پازدە ساڵ، یان هەتاهەتایی بێت، بۆ دە ساڵ دوا دەخرێت. بەڵام کوشتنی بە ئەنقەست لە چوارچێوەی چالاکیی ڕێکخراو و هەندێک تاوانی پێش ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥، کە سزای هەتاهەتایییان هەیە، لە یاساکە سوودمەند نابن.

لە ماوەی دواخستندا، ماوەی کۆنبوونی تاوان ناژمێردرێت، پەڕگە (فایل و مەلەف و پەروەندە) و بەڵگەکان هەڵدەگیرێن و سامانە دەستبەسەرداگیراوەکان دەتوانرێت بدرێن بە خەزێنەی دەوڵەت.

لە ڕووی یاسایییەوە، ئەمە پاککردنەوەی تاوان نییە. تۆمەت و پەڕگەکە بۆ پێنج، یان دە ساڵ وەکوو شمشێرێکی هەڵواسراو لەسەر کەسەکە دەمێنێتەوە. هەروەها دەستبەسەرداگرتنی سامان پێش بڕیاری کۆتایی دادگا، لە ڕووی مافی خاوەندارێتی و بنەمای بێتاوانی تاوەکوو سەلماندنی تاوان، جێگەی ڕەخنە و نا ئینسانی و دوور لە هەر بڕیارێکی دوولایەنەیە.

لە ڕووی سیاسییەوە، دەوڵەت بە کەسەکە دەڵێت: «ڕەنگە ئازادت بکەم، بەڵام بۆ ماوەی پێنج، یان دە ساڵ دەتوانم پەڕگەکەت دووبارە بکەمەوە». ئەمە لێبوردنێکی سیاسی نییە، تەنیا وادەیەکی مەرجدار و چاودێریکراوە بۆ ئەوەی ڕەنگە سزاکانت دوا بخەم و هیچی دیکە.

لە ڕوانگەی داگیرکەرییەوە، یاساکە تەنیا تاوانە پێدراوەکانی پەکەکە و کەجەکە وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەگرێتەوە. هیچ میکانیزمێک بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی کوردستان لە لایەن سوپا و ونکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجە و سووتاندن و چۆڵکردنی گوندەکان و تاوانەکانی جەندرمە و میلیشیاکان دانانێت. لەبەر ئەوە، ئەمە بە پێچەوانەی هەموو ڕووداوەکانی لەم چەشنە لە جیهاندا، نەوەکوو میکانیزمێکی دادپەروەریی دوو لایەنە، بەڵکوو تەنیا خۆتەسلیمکردن و خۆتاوانبارکردنی یەک لایەنەیە.

ماددەی چوارەم: زیندانیکردن، چاودێریی دادوەری و پەڕگەکانی تانەدان

بەپێی ئەم ماددەیە، دادگا دەبێت زیندانیکردنی پێشوەخت و چاودێریی دادوەری هەڵبسەنگێنێتەوە و ئەگەر ئەو مەرجانەی وا تەنیا لە ئیختیاری دەوڵەتدایە جێبەجێ ببن، هەڵبوەشێنێتەوە.

پەڕگەکانی لە قۆناخی ئیستیناف، یان تانەداندا دەگەڕێنرێنەوە. تەنیا خاڵی ئەرێنیی ماددەکە ئەوەیە، دەرگای ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی دەکاتەوە. بەڵام دەقەکە ناڵێت «دەبێت ئازاد بکرێن»، بەڵکوو دەڵێت؛ دادگا دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت. کەواتە ئازادکردن ئۆتۆماتیکی نییە. بەڵکوو تەنانەت ئەو وادەیەش، تەنیا وادەیە و هیچ گەرەنتییەکی نییە.

لە ڕووی سیاسییەوە، لەم ماددەیەدا ئازادکردن بە دانپێدانان بە نادادپەروەریی دادگاییەکانی پێشوو، یان بێتاوانبوون و شتی وا نییە، بەڵکوو وەکوو ئاسانکارییەکی دەوڵەت پیشان دەدرێت.

ماددەی پێنجەم: تۆمارکردن و دووبارە تاوان کردن

بەپێی ئەم ماددەیە، ناوی کەسانی سوودمەند لەم پڕۆژەیاسایەی دەوڵەتی تورکیا، لە سیستەمێکی تایبەتدا تۆمار دەکرێت. ئەگەر لە ماوەی پێنج، یان دە ساڵدا یەکێک لەم تاوانە، کە دەوڵەتی تورکیا بە پێناسەی خۆی بە تیرۆریستی دەزانێت، بیکەن، ئەوا بڕیاری دواخستن هەڵدەوەشێتەوە و لێکۆڵینەوە و دادگایی‌کردن بەردەوام دەبێت.

ئەگەر ئەو ماوەیە بەبێ تاوان تێپەڕێت، پەڕگەکە داخرا، یان دادگاییکردنەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە. لە ڕووی یاسایییەوە، کێشە سەرەکییەکە فراوانی و بەربڵاوی پێناسەی «تاوانی تیرۆریستی» لە یاسای تورکیایە. وتار و خۆپیشاندان و چالاکیی ڕۆژنامەوانی و تەنانەت پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر جار بە «پڕوپاگەندەی تیرۆر» تۆمارکراون. بۆیە کەسێک دەکرێت چەکی دانابێت، بەڵام بەهۆی وتارێکی سیاسی، یان پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە هەموو سوودەکانی ئەم یاسایە لەدەست بدات.

لە ڕووی سیاسی و داگیرکارییەوە، ئەم ماددەیە دەتوانێت چەکدانان بگۆڕێت بۆ بێدەنگکردنی سیاسی. کەسەکە تەنیا ناچار نییە چەک دابنێت، بەڵکوو لە ترسی کردنەوەی پەڕگە کۆنەکە ناچار دەبێت خۆی سانسۆریش بکات لە هەر چەشنە چالاکییەک، تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا.

ماددەی شەشەم: دواخستنی جێبەجێکردنی سزای بڕیاردراو

بۆ کەسانێک، کە پێشتر حوکمیان بەسەردا دراوە، ئەگەر کۆی سزا پازدە ساڵ، یان کەمتر بێت، جێبەجێکردنی سزا بۆ پێنج ساڵ دوا دەخرێت. ئەگەر سزا زیاتر لە پازدە ساڵ، یان هەتاهەتایی، یاخود هەتاهەتایی توندکراو بێت، بۆ دە ساڵ دوا دەخرێت.

ئەگەر کەسەکە لەم ماوەیەدا، تاوانی تیرۆریستی نەکات، سزا بەجێبەجێکراو هەژمار دەکرێت. ئەگەر تاوانێکی نوێ بکات، دواخستنەکە هەڵدەوەشێتەوە و سزا کۆنەکە دووبارە جێبەجێ دەکرێت.

ئەم ماددەیە لە ڕووی کردارییەوە گرنگترین دەرگای دەرچوونی ژمارەیەک زیندانییە. بەڵام حوکمەکە هەڵناوەشێتەوە، بێتاوانیی کەسەکە ناسەلمێنرێت، تۆماری تاوان پاک ناکرێتەوە و مافە لە دەستدراوەکانیش ئۆتۆماتیکی ناگەڕێنەوە. کەواتە ئەمە ئازادکردنی مەرجدارە، نە تەبریئە و نە لێبوردنی تەواو.

لە ڕووی سیاسییەوە، بە پێچەوانەی یاسایەکی ڕاستەقینەی ئاشتییە، کە دەبێت دڵنیایی یاسایی بدات، ئەم ماددەیە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سوودمەند بۆ پێنج، یان دە ساڵ لەژێر هەڕەشەدا دەهێڵێتەوە.

ماددەی حەفتەم: ئەنجوومەنی چاودێری و بەڕێوەبردن

بەپێی ئەم ماددەیە، ئەنجوومەنێک بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک کۆمار دادەمەزرێت. وەزیری داد و وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری و سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکی میت و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی، ئەندامی ئەم ئەنجوومەنەن.

پەرلەمانیش کۆمیسیۆنێکی چاودێری دادەمەزرێنێت، بەڵام ئەو کۆمیسیۆنە تەنیا دەتوانێت چاودێری بکات و ڕاسپاردە پێشکەش بکات، دەسەڵاتی بڕیاری کۆتایی نییە.

لە ڕووی یاسایییەوە، سەنتەری بڕیار لە دادگا، یان پەرلەمان نییە، بەڵکوو لە ئەنجوومەنێکی بەهێزی جێبەجێکاری و ئەمنیدایە. ئەنجوومەن دەتوانێت داوا لە دادگا بکات مافە لەدەستچووەکانی کەسێک بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمەش بەوە بەستراوەتەوە، کە ئەنجوومەن «پێویستی پێ ببینێت». هاوکات ئەنجوومەن دەتوانێت هەموو ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنتەوە بەبێ ئەوەی هیچ تێچوویەکی بۆ هەڵە، یان ڕاستبوونی ئەو بڕیارە ببێت.

لە ڕووی سیاسییەوە، پڕۆسەیەک کە ناوی یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتیمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەسەرە، تەنیا لە لایەن دامەزراوەکانی ئاساییشی نیشتیمانی و سوپا و هەواڵگری و وەزارەتی ناوخۆوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام نوێنەرانی ڕاستەوخۆی کورد و کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان و بنەماڵەی قوربانییان و چاودێرانی سەربەخۆ ئەندامی ئەنجوومەنەکە نین.

لە ڕوانگەی داگیرکارییەوە، ئەمە نموونەی بەئاسایشکردنە، بەئەمنیکردن: دەوڵەتی ناوەند هاوکات دادوەر و قازی و پارێزەر و بەڕێوەبەرە، بەڵام پەکەکە و کەجەکە تەنیا گرووپێکی تیرۆریستین و هیچی دیکە.

ماددەی هەشتەم: ڕادەستکردنی چەک و کەرەستە

بەپێی ئەم ماددەیە، هەموو چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێل و ئامێر و کەرەستە و ماددە تەقەمەنییەکانی ئەندامان تۆمار دەکرێن. چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم کارە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری، بە ڕاوێژی دامەزراوە ئەمنییەکان دیاری دەکرێت.

لە ڕووی یاسایییەوە، هیچ چاودێرییەکی سەربەخۆ، یان نێودەوڵەتی دیاری نەکراوە. دیار نییە، کە کێ پشتڕاستی دەکاتەوە چەکەکان بە تەواوی ڕادەست کراون، کێ کێشەکان چارەسەر دەکات و چ دڵنیایییەک بۆ سەلامەتیی چەکدانەرەکان هەیە.

لە ڕووی سیاسی و داگیرکارییەوە، چەکدانان یەکلایەنەیە. تەنیا پەکەکە چەک دادەنێت. هیچ ماددەیەک دەربارەی کشانەوەی سوپای تورکیا لە ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گاردی گوند و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و مین پاککردنەوە، یان گەڕاندنەوەی دانیشتووانی گوندە چۆڵکراوەکان نییە.

کەواتە چەکی لایەنی کوردی/کوردستانی وەکوو کێشە پێناسە دەکرێت، بەڵام میلیتاریزەکردنی کوردستان لە لایەن دەوڵەتەوە وەکوو کێشە ناناسرێت.

ماددەی نۆیەم: ماوەی شەش مانگ بۆ داواکاری

بەپێی ئەم ماددەیە، کەسانێک، کە دەیانەوێت لە یاساکە سوودمەند بن، دەبێت لە ماوەی شەش مانگ دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی، بە نووسراو داوا لە دادستان، یان دامەزراوە دیاریکراوەکان بکەن. ئەمەش خۆی بڕیارێکی تووند و دوور لە دادپەروەرییە، چونکە لە ڕووی یاسایییەوە، ماوەی شەش مانگ بۆ کەسانێک، کە لە دەرەوەی تورکیا و لە شاخ، یان ناوچەی جەنگ و بەبێ بەڵگەنامە، نەخۆش یان زیندانیکراو لە وڵاتێکی دیکە، دەکرێت زۆر کورت بێت. یاساکە میکانیزمی ڕوونی درێژکردنەوەی ماوەکە، یان چارەسەری دۆخی تایبەت دانانێت.

لە ڕووی سیاسییەوە، داواکاریی تاکەکەسی جێگەی ڕێککەوتنی دوو لایەنە دەگرێتەوە. هەر ئەندامێک تاک بەتاک خۆی دەخاتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا. ئەمە شێوەی هەڵوەشاندنەوەی لایەنی بەرانبەر بۆ تاکە کەسە داواکارەکانە.

ماددەی دەیەم: بەرپرسیارنەبوونی جێبەجێکاران

بەپێی ئەم ماددەیە، دامەزراوەکان دەبێت ئەرکەکانیان بەخێرایی جێبەجێ بکەن. ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی یاساکەدا ئەرک جێبەجێ دەکەن، بەهۆی ئەو ئەرکانەوە بەرپرسیارێتی یاسایی و کارگێڕیی، یان سزاییان لەسەر دروست نابێت.

لە ڕووی یاسایییەوە، ئەمە یەکێک لە مەترسیدارترین ماددەکانی پڕۆژەکەیە؛ چونکە «بەرپرسیارنەبوون» بە شێوەیەکی فراوان نووسراوە و سنووری ڕوونی نییە. ئەگەر کاربەدەستێک دەسەڵات بە هەڵە بەکار بهێنێت، زانیاریی تایبەتی ئاشکرا بکات، یان سامانێک بە نادروستی دەستبەسەر بکات، یاخود مافی کەسێک پێشێل بکات، دیار نییە چۆن لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

هەروەها ماددەی دوازدە، لە ڕووی سیاسی و داگیرکەرییەوە نیشاندەری پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە، چۆن دەوڵەت لە ئەندامی ئەم گرووپە، پێنج یان دە ساڵ پابەندی و گوێڕایەڵی داوا دەکات، بەڵام کاربەدەستانی خۆی لە بەرپرسیارێتی دەپارێزێت. ئەمە نایەکسانیی ڕیشەیی نێوان داگیرکەر و داگیرکراوە. پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراوە.

ماددەی یازدە: کاتی جێبەجێبوون

بەپێی ئەم ماددەیە، یاساکە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیا، دەچێتە بواری جێبەجێکردن. هەرچەند یاساکە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەدا بەرکار دەبێت، بەشە سەرەکییەکانی تاوەکوو بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی و پشتڕاستکردنەوەی تەواوبوونی چەکدانان چالاک نابن. واتە دوو قۆناغ هەیە: یەکەم، پڕۆژەکە ببێتە یاسا. دووەم، میکانیزمەکانی بە بڕیاری ئەمنی چالاک بکرێن.

ماددەی دوازدە: سەرۆک کۆمار حوکمەکانی یاساکە جێبەجێ دەکات

ئەم ماددەیە لەگەڵ ماددەی حەفتدا، کۆکردنەوەی زۆری دەسەڵات لە دەستی سەرۆکایەتی کۆمار و دامەزراوە ئەمنییەکان پیشان دەدات. پەرلەمان و دادگا و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پلەی دووەمدان. لە سیستەمێکی سەرۆکایەتیی زۆر ناوەندگەرادا، ئەمە واتە چارەنووسی پڕۆسەکە تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر بە ئیرادەی سیاسیی سەرۆک کۆمار بەستراوەتەوە.

ئەو شتانەی لە یاساکەدا نین

بە داخەوە دەبێت دووپاتی بکەینەوە، کە ئەم دەقە بە پێچەوانەی قسەکانی ئەندامان و لایەنگرانی تەڤگەری ئاپۆیی، هیچ پێوەندی بە ئاشتی، یان پڕۆسەی دادپەروەری نییە، بەڵکوو تەنیا پڕۆژەیاسایەکی دەوڵەتی ئەردۆغانە، کە چۆن لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستی ڕووبەڕوو ببنەوە و چۆن و چەندە سزایان بدەن. بۆیە گرنگیی دەقێکی سیاسی تەنیا لەوەدا نییە چی دەڵێت، بەڵکوو لەوەشدایە، کە چی ناڵێت. لەم پڕۆژەیەدا هیچ ماددەیەک نییە دەربارەی: دانپێدانان بە بوونی نەتەوەی کورد، یان لانیکەم دانپێدانان بە پرسی کورد وەکوو پرسێکی سیاسی و مافی فێربوون و خوێندن بە زمانی کوردی، یان لانیکەم دان پێدانان بە زمانی کوردی وەکوو زمانی فەرمی، یان هەرێمی.

نەک هیچ باسێک لە فیدراڵی، یان لامەرکەزی و خۆبەڕێوەبەری نییە، تەنانەت باسی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و کۆتایی بە سیستەمی قەیومیش نەهاتووە. هەروەها هیچ باسێک لە ئازادیی زیندانیانی سیاسی، وەکوو سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و هونەرمەند و چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد نەکراوە، تەنانەت باسی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان و دۆخی یاساییی ئەویش هەر نەکراوە هەرچەند دەنگۆ هەیە، کە ئاپۆ خۆی بە ئیمڕالی ڕازییە، بەڵام لانی کەم دەبووایە باسی دۆخی ئەوی تێدا بکرایە.

هەروەها هیچ باسێکیش لە هەڵوەشاندنەوە، یان چاکسازیی یاسای دژە تیرۆر و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەت و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و خاوەن گوندە وێرانکراوەکان و دامەزراندنی کۆمیسیۆنی ڕاستی و ئاشتەوایی و دڵنیایی و چاودێریی نێودەوڵەتی، یان گەرەنتییەک، کە بەلایەنی کەم پاش ئەم خۆ تەسلیمکردنە ئارەزوومەندانە، تورکیا دەستتێوەردانی دۆخی باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان نەکات.

ڕەنگە وەکوو هاوڕێیەک گوتی؛ دەبێت خۆشحاڵ بین، کە ناوی کورد لەم یاسایەدا نییە، چونکە بەو شێوە پەکەکە و ئۆجەلان و دەم پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دا، بەفەرمی و لە دەقێکی یاساییدا دانیان بەوە دادەنا، کە نەتەوەی کورد تیرۆریستە، بەڵام ئەوەی، کە دەم پارتی دەنگی پێداوە تەنیا ئەوەیە، کە ڕێکخراوی پەکەکە و کەجەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، ئینجا ڕەنگە ئێمە وەکوو مرۆڤی کوردستانی پێمان ناخۆش بێت، بەڵام حیزبی خۆیانە و وایان پێ باشە، یەکێک لە ئەندامەکانی حیزبێکی کوردستان، کاتێک ڕەخنەیان لە حیزبەکەی دەگرت، دەیگوت؛ حیزبی خۆمانە و تایەی ئاگر تێبەردەدەین.

تەنیا لە یەک حاڵەتدا دەتوانین بڵێن، کە ئەمە دەتوانێت سوودی بۆ کورد هەبێت، کە خۆت باوەڕ بکەی، کە پەکەکە و کەجەکە نەوەکوو ڕێکخراوێکی سیاسیی کوردستانی، بەڵکوو وەکوو دەوڵەتی تورکیا، دەم پارتی و ئۆجەلان دەڵێن و قبووڵیان کردووە، ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و نەمانی دەبێتە هۆی چارەسەری  کێشە سیاسیەکانی نەتەوەی کورد، لە ڕێگەی دیمۆکراتیکەوە. کە من پێم وانییە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO