کەمال سولەیمانی
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەکادیمیستی ناسراوی کورد، بورهان یاسین، لێکۆڵینەوەیەکی گرنگی بە ناوی “بەعەرەبکردنی نەرمی کوردستان” بڵاوکردەوە. بە بڕوای من، ئەمە بابەتێکی ئێجگار جددییە. لە ڕووی تیورییەوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر پتەوە و لە ڕووی بەڵگەیی و واقیعییەوە دەوڵەمەندە. هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە تەرکیز دەخاتە سەر پرسێکی زۆر چارەنووسساز و هەستیار. هێزی شیکردنەوەکەی و ئەو واقیعە سەرسوڕهێنەرەی دەیخاتەڕوو، وەکوو چاوەڕوان دەکرا، گفتوگۆ و قسەیەکی زۆری لێکەوتەوە و بەخۆشحاڵییەوە زۆربەی دەنگدانەوەکان ئەرێنی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە ڕەخنەگران گومانیان خستە سەر دروستیی چەمکی “بەعەرەبکردنی کوردستان” کە ناوبراو بۆ دەستنیشانکردنی پڕۆسەی ژێر لێکۆڵینەوەکەی بەکاری دەهێنێت.
خوێندنەوەی من بۆ ئەم ڕەخنە و ناڕەزایەتییانە، ئەوەم پێ دەڵێت؛ کە زۆربەیان لە تێنەگەیشتن لە لۆجیکی بنەمایی باسەکەی بورهان یاسینـەوە سەرچاوەیان گرتووە. بۆیە، پێش چوونە ناو باسە سەرەکییەکە، پێویستە پێناسەی خۆم بۆ هەردوو چەمکی “تەعریب” و “خۆتەعریبکردن” کە کاکڵی باسەکەی منە، ڕوون بکەمەوە:
تەعریب
دوای بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەکەی بورهان یاسین، ئێستا دیبەیتێکی گەرم لەسەر پرسی تەعریب هەیە. تەنانەت هەندێک کەسایەتی، وەکوو ڕێبوار سیوەیلی، نیگەرانیی خۆیان لە بەکارهێنانی چەمکی تەعریب، لەمەڕ بەرتەسکبوونی ئەو چەمکە دەربڕیبوو. ئەوان پێیان وایە، کورتکردنەوەی مێژووی هەڵسوکەوتی ڕاسیزمی عەرەبی عێراقی بە گشتیی و بەعس بە تایبەتی لە چوارچێوەی “تەعریب”دا، دەتوانێت بەرفراوانی و ڕادەی توندوتیژی و تاوانەکان و ئەو مێژووە خوێناوییەی لەگەڵ کورد کراوە، بشارێتەوە .
دەکرێت لەم بارەیەوە بۆچوون و خوێندنەوەی جیاواز هەبێت سەبارەت بەوەی تەعریب چییە؛ ئایا سیاسەتێکە، یان پڕۆسەیەکە، یاخود کۆمەڵێک میکانیزم و ستراتیجییە؟ بەڵام لە ڕاستیدا، من پێم وایە ئەم جیاوازییانە زۆربەی کات دەگەڕێنەوە بۆ شتێکی دیکە. ئەویش ئەوەیە، کە هەر یەک لە ئێمە پێداگری لەسەر چ لایەنێکی ستراتیجییە جۆراوجۆرەکان دەکات، یان تاوەکوو چەند پێداگری لەسەر بنەمای ئەو لۆجیکە دەکات، کە وەکوو ئامانجێک بۆ لەناوبردنی بوونی نەتەوەیی کورد خراوەتەڕوو. لە ڕوانگەی منەوە، دەبێت جیاوازییەکی ڕوون لەنێوان “لۆجیکی سیاسی و سەرەکی” و “ئامرازەکانی جێبەجێکردنی ئەو لۆجیکە”دا بکرێت. لە ئاستی پلاندانان و پڕۆژە و یادەوەری سیاسی و ئیداریی دامەزراوەییدا، ستراتیج و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن جیاوازیی زۆریان هەیە بەڵام ئەوەی گرینگە، بناغە و بنەما و ژێرخانە هزرییەکەی پڕۆژەکەیە، کە ئەم بناغەیە لەسەر بنەمای لۆجیکێکی تایبەتی حاکمیەت و سەروەریی تاقانەی عەرەب-تەوەر لە عێراق دا دامەزراوە.
ئەو بناغەیە بریتییە لە دروستکردنی عێراقێکی یەکگرتووی نەتەوەیی بە ئیتنیک عەرەب؛ واتە عێراقێک، کە تەنیا لەسەر بنەمای سەروەریی نەتەوەیی عەرەب دامەزرا بێت. بەم جۆرە، بوونی توانای سیاسەتی نەتەوەیی کورد و هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی دیکە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەناو ئەو دەوڵەت و جوگرافیایەدا دەبیت نەزۆک بکرێت. من پێم وایە، ناوی ئەو لۆجیک و ئەو سیاسەتە “تەعریب”ە. تەعریب؛ سیاسەتێکە کە میکانیزم و ستراتیج و پلانە جۆراوجۆرەکانی، بەپێی شوێن و کات و بارودۆخی جیاواز بۆ جێبەجێکردنی بەکارهێنراون. لەبەر ئەم هۆکارە، نابێت ئەنفال و جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و گواستنەوەی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافی کورد و کوردستان وەکوو سیاسەتگەلێکی جیاواز سەیر بکرێن. تەنانەت هەڵسوکەوتی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عەرەبی لەگەڵ کورد، یان مامەڵەی ڕۆژانەی ئیداری لەگەڵ هاووڵاتیی کوردیش دەچنە هەمان چوارچێوەوە. بۆیە لە ڕوانگەی منەوە، دەبێت هەموو ئەوانە، وەکوو ئامرازەکانی تەعریبی عێراق لە باری زمانی و ئیتنیکی و سیاسییەوە چاویان لێ بکرێت. ئەمانە هەموویان شێواز و میکانیزم و ئامرازە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی هەمان لۆجیکی بنەڕەتین، کە تەعریبە.
واتە، دەکرێت لە شوێنێکدا تەعریب لە شێوەی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دامەزراوەکان خۆی دەربخات، یان بەربەست دروستکردن بۆ ژیانی کورد، یاخود سنووردارکردنی مافی خاوەندارێتی و پاڵنان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکان بگرێتەوە. لە شوێنێکی دیکەدا، بە شێوەی گۆڕینی دیمۆگرافی خۆی بنوێنێت و لە قۆناغێکی دیکەدا بە شێوەی ئەنفال و جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەربکەوێت. لەو سۆنگەوە، جیاوازیی ئەمانە تەنیا لە ئاست و شێوازی جێبەجێکردندایە، نەوەکوو لە لۆجیکە بنەڕەتییەکەیاندا. بۆیە پێم وایە، ئەگەر تەعریب تەنیا بە یەکێک لەو دیاردانە (وەکوو ئەنفال، یان جینۆساید) سنووردار بکرێت، ئەوا خودی لۆجیکی بنەڕەتیی پڕۆژەکە لەبەرچاو ون دەبێت.
دیارە هەندێک لێکۆڵەری کورد، وەکوو سیوەیلی، نیگەرانییەکی بەجێیان هەیە. دەترسن بەکارهێنانی چەمکی تەعریب بۆ ئەو ئاستە لە تاوان و کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیاباران، قەبارەی تاوانەکان کەمتر بنوێنیرێت، یان هەر بیانشارنەوە. ئەم نیگەرانییە بەتەواوی لە جێگەی خۆیدایە. بەڵام بۆ ڕەواندنەوەی، دەبێت خوێندنەوەمان بۆ تەعریب دابەشی سەر دوو بەش بکەین: یەکەم؛ خودی تەعریب وەکوو ڕژێمێک، فەلسەفە و تێگەیشتنێکی سەدا سەت عەرەب-تەوەر لە سەروەری و کولتووری سیاسی و لۆجیکی ڕاسیستیی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە عێراق و سووریا، کە ڕوانراوە، لەسەر فەلسەفە و تێگەیشتنەکە. دووەم؛ میکانیزم و ستراتیجییەکانی جێبەجێکردنی ئەو لۆجیکە لە مێژووی سیاسیی ئەم دوو جوگرافیا سیاسییەدا. بەم شێوەیە، هەم ئەو نیگەرانییە لەبەرچاو دەگیرێت، هەم خوێندنەوەیەکی واقیعیترمان بۆ تەعریب وەکوو سیاسەتی بنەڕەتیی دەوڵەتی عێراق دەبێت.
لە ڕوانگەی منەوە، تەعریب خۆی سیاسەت و لۆجیکی بنەڕەتیی ئەو پڕۆژە مێژووییەیە، ناسیۆنالیزمی عەرەبە، کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی خۆی بۆ سەروەری لە عێراق دا دروستی کردووە. هەموو ئەو شێوازە جیاوازانە، لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دامەزراوەکانەوە بگرە تاوەکوو ئەنفال و جینۆساید، تەنیا جۆرە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی هەمان سیاسەت و هەمان لۆجیکن. بۆیە نابێت تاوان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لە لۆجیکی بنەڕەتی (واتە تەعریب) و لە ئیرادەی سیاسیی نەهێشتنی غەیرەعەرەب لە عێراق جیا بکرێنەوە.
بەهەمان شێوە، ئەم چوارچێوە تیورییە یارمەتیمان دەدات، دیاردەی “خۆتەعریبکردن”ی کوردیش وەکوو درێژەی هەمان تێگەیشتن ببینین. ئەمە وەکوو جۆرێک لە خۆکۆڵۆنیکردن (Self-colonization) و ئاکامی دووفاقی هۆشیاری کورد و پڕۆژەی هاوکاریی کولتووری و سیاسی و ئابووریی کورد لەگەڵ داگیرکەر سەیر بکرێت .لەم ڕێگەیەوە هەندێک بکەری کورد، هۆشیارانە، یان ناهۆشیارانە، لە بێداهاتووکردنی کوردستان دا بەشدار دەبن.
خۆتەعریبکردن
لەم نووسینەی ئێستامدا، چەمکی “بەعەرەبکردن” بەکار ناهێنم، بەڵکوو چەمکی “خۆتەعریبکردن” بەکار دەهێنم، کە هاوواتای “خۆبەعەرەبکردن”ە. من بەکارهێنانی وشەی “تەعریب”م پێ باشترە، چونکە ماوەیەکی زۆرە لەناو گوتاری کوردی دا باوە و تاوەکوو ڕادەیەکی بەرچاو کوردێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەرییە هەستی و سایکۆلۆجییەکەی لەناو دەروون و سایکی کورد دا زۆر بەرچاوترە. هەروەها پێشگری “خۆ-“م پێوە زیاد کردووە بۆ ئەوەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی ئەم پڕۆسەیە دەستنیشان بکەم؛ ئەویش بەشداریکردنی خودی کوردە لە بزووتنەوەیەکی زۆر مەترسیداردا، کە بەرەو خۆلەناوبردنی دەستەجەمعی دەمانبات.
ئەم بەشداریکردنە دەبێت وەکوو بەشێک لە عەقڵیەت و مێنتالیتەی مرۆڤی کۆڵۆنیکراو سەیر بکرێت. مرۆڤی کۆڵۆنیکراو، کە هەڵگری مێنتالیتەی کۆڵۆنیاڵ، یان “کۆڵۆمێنتالیزم”ە (واتە نەفرەتکردن لە خودی کولتووریی خۆی)، دوای ماوەیەک بەرژەوەندییەکانی خۆی لە چاوی “ئەویدیکەی”ی داگیرکەرەوە دەبینێت. ئەم کۆڵۆمێنتالیزمە، لە پەرچەکرداری هەندێک (نەوەکوو هەموو) خوێندەواری کورد دا، دژ بە لێکۆڵینەوەکەی بورهان یاسین بە ڕوونی دەکەوێتە بەرچاو.
خۆتەعریبکردن، چ بە زانینەوە بێت یان لە نەزانینەوە، بکەرەکەی (خۆتەعریبکەر) بەشداری دەکات لە داخوران و پووکانەوەی دیمۆگرافی و خاکیی و سیاسیی داهاتووی نەتەوەی کورد و جوگرافیا و نیشتمانی کوردستان. ئەوەی ئەم پڕۆسەیە لە فۆڕمە ناسراوەکانی پێشووتری تەعریب (کە بە دەستی دەوڵەتانی دژەکورد لە باشوور و ڕۆژئاوا دەکرا) جیا دەکاتەوە، جیاوازی نییە لە لۆجیکی بنچینەیی، یان ئاکامە پێشبینیکراوەکانیدا. بەڵکوو فاکتەری جیاکەرەوە، ناسنامەی “بکەر”ی ئەم ڕەوتە نوێیەی تەعریبە لە باشووری کوردستان.
ئەم پڕۆسەیەی ئێستا، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە لایەن بکەرە کوردەکانەوە (واتە حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە) ئاسانکاریی بۆ دەکرێت و لە ڕێگەی دامودەزگا کوردستانییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەشداریکردنی ئەوان لەم پڕۆسە نوێیەی تەعریب دا، ناوەڕۆکی کردەوەکە و ئاکامەکەی ناگۆڕێت، بەڵکوو لە ڕاستیدا، توانای تەعریبی کولتووری و درێژەی ئەو کاریگەرییە دەردەخات، کە توانیویەتی بکەرەکانی خۆی لەناو کورد دا دروست بکات. ئامانج لێی ئەوەیە، کە تەعریب خۆی لە ڕێگەی هەمان ئەو کۆمەڵگەیەوە بەرهەم بهێنێتەوە، کە هەڕەشەی لەناوبردنی لێ دەکات. ئەمە خۆی لەخۆیدا بەڵگەی کاریگەریی تەعریبی کولتوورییە لە کوردستان، تەنانەت لە غیابی بکەری ڕاسیستی عەرەبیـشدا، بکەری کوردی بە شێوەیەکی ئاسایی داهاتووی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. بەمەش زەمینەی ماددی و سیاسی و کولتووریی خۆلەناوبردن درێژەی پێ دەدرێت. بۆیە، ئەم پڕۆسەیە بەڕاشکاوی “خۆتەعریبکردن”ە.
ئەم خۆماڵیبوونەی تەعریب، یان ئەنجامدانی بە دەستی بکەری کورد، ئەو ڕەهەندە تایبەتەیە، کە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە. بۆیە بەڕاستی ڕەگەزە نەرمەکەی “بەعەرەبکردنی بێدەنگی هەرێمی کوردستان” کە بورهان یاسین مامۆستایانە دەیخاتە ڕوو، لە ناوەڕۆکدا ئاماژەیە بۆ بکەریێتی و ئەیجەنسیی (agency) کورد لە پڕۆسەی نوێی عەرەباندنی کوردستان و داهاتووی کورد دا. لەبری دووبارەکردنەوەی ئەو باسانەی کە بورهان یاسین پێشتر خستوونیەتە ڕوو، من تیشک دەخەمە سەر ئەوەی، کە بەشداریکردنی کورد چی دەربارەی پێکهاتەی بەردەوامی مێژوو و عەقڵیەتی تەعریب دەردەخات. هەروەها چیمان پێ دەڵێت دەربارەی گۆڕانی پڕۆژەیەکی داگیرکاریی دەرەکی بۆ پڕۆسەیەک، کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر بە دەستی خودی کورد بەڕێوە دەچێت.
بورهان یاسین مەزەندەی ئەوە دەکات، کە نزیکەی میلیۆنێک و سی و دوو هەزار دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی کوردستان دا نیشتەجێ بووبن، کە دەکاتە نزیکەی ٢٦٪ کۆی دانیشتووانی هەرێمەکە. ئەگەر ئەم ئامارانە ڕێک ئاوا بن، یان نزیک بن لە ڕاستییەوە، ئەوا ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی ئێجگار گەورە، بە تایبەتی لە وڵاتێکدا، کە لە بەشێکی زۆری سەدەی بیستەم و تەواوی ئەم سەدەیەدا لەژێر هەڕەشەی تەعریب دا بووە. ئەمە پڕۆسەیەکە نەوەکوو تەنیا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو دەرهاوێشتەکانی بەردەوامن لە داڕشتنەوەی ژیانی کورد و پڕۆسەکەش لە فۆڕمی جۆراوجۆری دیکەدا درێژەی هەیە.
هەندێک لە ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە شیکردنەوەکەی بورهان یاسین لەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرن، کە گوایە فراوانبوونی بەرچاوی گرووپێکی ئیتنیکی لەناو زێدی نەتەوەیەکی دیکەدا، لە ڕووی سیاسییەوە بێئاکام و بێکاریگەرییە. هەندێکی دیکەش پێیان وایە، لەبەرئەوەی ئەم پڕۆسەیەی ئێستا لە لایەن “دەسەڵاتدارانی مافیایی کورد”ەوە ئاسانکاریی بۆ کراوە، ڕێگەی پێدراوە، یان بەڕێوەبراوە. ناکرێت بە دروستی وەکوو پڕۆسەی “تەعریب” پێناسە بکرێت و زیاتر وەکوو “خۆتەعریبکردن” دەبینرێت. هەردوو پاساوەکە نەوەکوو تەنیا مێژووی تەعریب فەرامۆش دەکەن، بەڵکوو زۆر بەساکاری لە لۆجیکە سیاسی و بنچینەییەکەی مەعریفە و عەقڵیەتی تەعریب دەڕوانن. گرنگتر لەوەش، ئەوان چاوپۆشی لەو لاوازی و بێدەرەتانییە بەردەوامەی هەرێمی کوردستان دەکەن لەناو سیستەمێکی دەستووریی عێراقی دا، کە لە ڕووی ڕۆح و پێکهاتەوە، مۆرکە نەتەوەییە عەرەبییەکەی دەوڵەت دەپارێزێت. هەر ئەم پاراستنی مۆرکە نەتەوەییە عەرەبییە لەناو بەرزترین دەقی یاسایی وڵاتدا، وا دەکات تێگەیشتن لە لۆجیکی ئێستای تەعریب بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور مەحاڵ بێت.
یادەوەری تەعریب لە نووسین و جێبەجێکردنی دەستووردا
بۆ باسکردنی درێژەی لۆجیک و یادەوەری تەعریب، پێویستە کەمێک لەسەر ڕوحی عەرەبیی دەستووری (یاسای بنەڕەتی) ئێستای عێراق بدوێین. چونکە لە خوێندنەوەی ڕوح و دەقی ئەو یاسایەدا، درێژەدان بە تەعریب وەکوو هەستێک، یان ڕێگرییەک لە ڕابردووی عەرەبی، یاخود وەکوو نیگەرانییەک لە پێگەی یاسایی کورد و ترسی بەهێزبوونی کورد، بەڕاشکاوی دەبینرێت.
بێگومان دەستووری ٢٠٠٥ لە ڕووی فەرمییەوە دان بە نەهامەتییەکانی کورد و هەندێک مافی گرینگی کورد دا دەنێت. پێشەکییەکەی ئاماژە بە “کۆمەڵکوژییەکانی” هەڵەبجە و بارزان و ئەنفال و چەوساندنەوەی نەژادیی کوردە فەیلییەکان دەکات. بەڵام ناگاتە ئەو ئاستەی ئەم تاوانانە وەکوو جینۆساید ناو ببات، یان میکانیزمێکی یاسایی دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نییەتەی لەپشت جینۆسایدکردنی کوردستانەوەیە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکات.
هەروەها هیچ گەرەنتی و پارێزبەندییەک دانانێت، هاوتا بێت لەگەڵ مێژووی نەتەوەیەکدا، کە ڕووبەڕووی هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی قڕکردن و ئاوارەکردن و ئەندازیاریی دیمۆگرافی بووەتەوە. هیچ جۆرە پێگەیەکی تایبەتی یاسایی بۆ بوونی کورد لە سیستەمی قەزایی عێراقیدا بۆ پێشگرتن لە درێژەکێشانی یادەوەری و ڕوانگە و درێژەی تەفسیری جینۆسایدی دژ بە کورد پێشبینی نەکراوە. بۆیە داننانەکەی بە نەهامەتییەکانی کورد دا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە. ئەمەش لە ڕووی سیاسییەوە پاشکۆی تێگەیشتنێکی بۆماوەییە بۆ عێراقێک، کە بنەما نەتەوەییە عەرەبییەکانی هەرگیز بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵنەوەشێنراونەتەوە.
بەڕاشکاوی، جینۆسایدی کورد وەکوو پرسێکی جددی و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لە ڕوحی یاسایی عێراقی و کولتووری سیاسیدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بۆیە هیچ مەرج و ڕێگرێک بۆ دووبارەبوونەوەی نییە. بۆ بەراورد لەگەڵ نموونەیەکی هاوتا، ئەگەر کەسێک ڕۆژێک لە ئەڵمانیا ژیابێت، یان کەمترین زانیاری لەسەر مێژووی ئەو وڵاتە هەبێت، دەزانێت، کە هەموو کولتووری سیاسی و مەدەنی و وێنای ژیانی ڕۆژانەی ئەو وڵاتە، شەرمەزاری و ترسیان لە کردەوەی هۆلۆکۆست و جینۆسایدی جووەکان پێوە دیارە.
کێشەکە تەنیا ئەوە نییە، کە بڕگە دەستوورییەکان ناتەواون، بەڵکوو ئەوەیە، کە دەستووری عێراق، کوردستان لەناو دەوڵەتێکدا وێنا دەکات و دەیهێڵێتەوە، کە ناسنامە و دەسەڵاتی سەروەری و زۆرینە دیمۆگرافییەکەی بە شێوەیەکی ڕەها بە عەرەبی ماونەتەوە. هەروەها هیچ شەرمێکی لە جینۆسایدی کورد پێوە دیار نییە .ئەمەش لە کاتێکدایە، کە هیچ میکانیزمێکی پاراستنی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی ئەو زۆرینەیە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی هەمیشەیی دابین ناکات .هەنگاوێکی جددی بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕابردووە و ڕێگریکردن لە درێژەی ئەو ڕوانگەیە بۆ سەروەری لە عێراق و مافی هاوبەشی سەروەریی کورد، پێویستی بە زەمانەتی یاسایی تازە و کێشەدارکردنی (پرۆبلەماتیککردنی) ئەو نەریتە یاساییە و کولتوور و یادەوەری دامەزراوەییەی پێشووی عێراق بوو. چونکە لە باری یاساییەوە ئەو نەریتە یاسایی و کولتوور و یادەوەرییە نەکراون بە کێشە (پرۆبلەماتیک نەکراون)، کە هیچ شەرمێکیان لە ڕابردووی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ڕۆڵی لە جینۆسایددا پێوە دیار نییە، بۆیە ئێستا بەڕاشکاوی درێژەی هەیە.
بۆیە، لە ئاکامدا، مافەکانی کورد بەستراونەتەوە بەو دامەزراوانەوە، کە لە لایەن هەمان ئەو سیستەمە زۆرینەخواز و ڕاسیست و بێشەرمەوە سەبارەت بە ڕابردووی دەسەڵاتی ئیتنیکیی خۆی کۆنتڕۆڵکراون. لە حاڵێکدا کورد و کوردستان بۆ مانەوەی، پێویستی بە میکانیزمی یاسایی و دامەزراوەی هەبووە و هەیە بۆ پاراستنی لە هەمان کولتووری سیاسی و یاسایی و دامەزراوەیی. لەم سۆنگەیەوە، دەستووری عێراقی تێپەڕین لە تێگەیشتنە مێژووییە ڕاسیستی و بەعسییەکەی عێراقی عەرەبی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی زمان و گوتاری فیدرالیزمەوە دایدەڕێژێتەوە و شەرعییەت بە درێژەی هەمان عەقڵیەت و کولتوور و نەریتی دامەزراوەیی دەدات.
ئەم ناکۆکییە، کە دەرکەوتنی ڕوانگەی تەعریبە سەبارەت بە پرسی سەروەری، هەر لە سەرەتاوە لە مامەڵەی دەستووری عێراقی لەگەڵ پرسی “یەکێتیی دڵخوازانە” (ئیتحادی ئیختیاری)دا دەردەکەوێت. پێشەکییەکەی دەستوور باس لەوە دەکات، کە عێراقییەکان “دڵخوازانە” بڕیاریان داوە داهاتوویان یەک بخەن و “یەکێتییە ئازادەکەیان” بپارێزن، کەچی لە هەمان کاتدا، هەر لە ماددەی یەکەمی دەستوورەوە، تێگەیشتنێکی دژ بەو دڵخوازییە وەکوو زامنی یەکێتیی عێراق ڕادەگەیەنێت. ئەمەی دووەمیان بە شێوەیەکی کرداری، دەرهاوێشتە سیاسییەکانی ڕاگەیاندنەکەی یەکەمیان لە مانا دەخات و پووچەڵی دەکاتەوە.
ئەگەر یەکێتییەکە لە ڕووی دەستوورییەوە زامن کرابێت بەبێ گوێدانە ڕەزامەندی و دڵخوازیی کورد بۆ ئەو یەکێتییە، ئەوا ئیدیعای ئارەزوومەندانەبوونی ئەم یەکێتییە تەنیا دەبێتە قسەیەکی ڕواڵەتی لە پێشەکییەکی بێئاکامدا. دەستووری عێراقی هیچ میکانیزمێک دابین ناکات، کە لەو ڕێگەیەوە ڕەزامەندیی کورد دەرببڕدرێت و دووبارە بکرێتەوە، یان ڕابگیرێت، یاخود بکشێنرێتەوە. بۆیە، داننان بە کوردستان و کورد وەکوو خەڵکێکی خاوەن بڕیار لە یەکێتیی عێراقدا و لە دەستوورەکەدا کورد وەکوو لایەنێکی بەڕاستی ئارەزوومەندانە لە پەیماننامە دەستوورییەکەدا نابینێت.
دەستووری عێراق دان بە هەندێک دامەزراوە و دەسەڵاتی کوردستانیی دادەنێت، بەڵام ئەو “ئەیجەنسی” (Agency) و بکەرییەتییەی لێ زەوت دەکات، کە پێویستە بۆ دیاریکردنی خودی جۆر و سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکەی نێوان ئەو دوو کیانە. بۆیە، هەر لە داڕشتنی ئەو دەستوورەدا، عەقڵییەتی بەعسی بەزەقی پێوە دیارە. ئەم خاڵە لەبەرئەوە گرنگە، چونکە هەندێک لەو ڕەخنانەی ئاراستەی باسەکەی بورهان یاسین دەکرێن بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەردەوامیی پڕۆسەی تەعریب و خۆتەعریبکردن، پەنا دەبەنە بەر بوونی یاسا و سیستەمی فیدرالیی عێراق، وەکوو ئەوەی ئەم یاسایە گەرەنتییەکی نەگۆڕ بێت بۆ مانەوەی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەناو واقیعی مێژوویی و سیاسیی عێراقدا، زمانی دەستوور چەندین جار سەلماندوویەتی، کە هیچ فاکتەرێکی بۆ پاراستنی کوردستان جێگەی متمانە نییە. کاتێک دەڕوانینە واقیعەکانی ڕۆژانەی دوای ٢٠٠٥، بەڕوونی دەبینین، کە ئەو دەستوورە زامنکەری مانەوەی قەوارە و مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستان نییە، بە تایبەتی لەو کاتانەی کە مافەکانی نەتەوەی کورد لەگەڵ ئیرادەی زۆرینەی عەرەب و بەرژەوەندییەکانی بەغدا، یان هاوکێشە باڵادەستەکانی هێزە ناوچەییەکاندا یەک ناگرنەوە. لە ئەنجامدا، ئاساییش و داهاتووی سیاسیی کوردستان زۆر زیاتر پشت بە هەلومەرجە ناجێگیرە جیۆپۆلەتیکییەکان دەبەستێت، نەوەکوو زمانی دەستووری عێراق.
لەم ڕووەوە چارەنووسی ماددەی ١٤٠ ڕوونترین بەڵگەیە. ئەم ماددەیە لە دەستووردا داوای ئاساییکردنەوە و سەرژمێریی و ڕیفراندۆمی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان (کە دەوڵەتی عێراق وەک کێشە لەسەرەکان ناوی دەبات) دەکرد، تاوەکوو ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧. ئامانج لێی پێچەوانەکردنەوەی لانی کەم بەشێک لە دەرهاوێشتە جوگرافی و دیمۆگرافییەکانی پڕۆسەی تەعریبی بەعس بوو. کەچی دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو دەیە، نەوەکوو هەر جێبەجێ نەکرا، بەڵکوو بکەری حیزبیی کوردیش لە ڕووی نایەت باس لە داواکارییە سەرەکییەکانی بکات.
لە دوای ٢٠١٧ـیشەوە، بەشێکی هەرە زۆری ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی دیفاکتۆ و حاشاهەڵنەگر کەوتوونەتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا. لە ئێستادا ئەو ناوچانە لە دەستی کورد دەرچوونە و تەنانەت وەکوو ناوچەی ”کێشەلەسەر”یش هەژمار ناکرێن و قسەی جددییان لەسەر ناکرێت. ئەم بابەتە لە گفتوگۆ سیاسییەکانی عێراقدا، ڕۆژبەڕۆژ زیاتریش بە تەواوی لە گوتاری حیزبە کوردییەکاندا، ونبووە. کار گەیشتووەتە ئەوەی، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان زۆرترە لەوەی کە ڕۆژێک کورد وەکوو بلۆکێکی یەکگرتوو لە بەغدا، تەنانەت گلەییەکی شەرمنانەش لە دەرکردنی دەسەڵاتی کورد لە ناوچە ”دابڕاوەکان” بکات. بۆیە ئەو میکانیزمە دەستوورییەی کە بە تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی تەعریب داڕێژرا بوو، لە لایەن خودی سیستەمە سیاسییەکەوە پەکخرا و ئێستا بووەتە بەشێک لە ئەرشیفی مێژوویی عێراقی دوای سەدام حوسێن.
چارەنووسی ماددەی ١٤٠ دەری دەخات، کە لەو شوێنەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، میکانیزمە یاساییەکان لەبەردەم بڕیارەکانی دەوڵەتی عێراق و عەقڵیەت و ئیرادەی زۆرینەی باڵادەستی عەرەبدا بێکاریگەرن. ئەو نموونەیە و دەیان نموونەی دیکەش دەیسەلمێنن، کە بینینی دەستووری عێراق وەکوو گەرەنتییەک بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانکاریی زیاتری دیمۆگرافی، تەنیا خەیاڵە. ئەمانە هەمووی بەڵگەن لەسەر ئەوەی، کە نەوەکوو تەنیا دەوڵەتی عێراقی دوای سەدام کێشەی لەگەڵ تەعریبدا نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەی ناوەڕۆکی ئاشکرای دەستوورەکەی خۆی، درێژەی بە تەعریب داوە و کردوویەتی بە واقیعێکی ڕۆژانە و سیاسی دژ بە کورد؛ بەجۆرێک، کە ئێستا لایەنی کوردستانی بوێریی ئەوەی نەماوە تەنانەت ئەو باسانە هەر بورووژێنێت.
چارەنووسی ماددەی ١٤٠، بەر لەوەی تەنیا نموونەیەکی زەقی جێبەجێنەکرانی ئەرکێکی دەستووری بێت، یەکێکە لە گەورەترین بەڵگەکانی درێژەی عەقڵیەتی تەعریب. عەقڵیەتێک، کە خۆی بەسەر ڕاڤەکردنی دەستوور و کارکردنی دامەزراوە دادوەرییەکانی عێراقیشدا سەپاندووە. واتە ئەو دەسەڵاتەی کە ماددەیەکی دەستووری پەراوێز دەخات، هەمان دەسەڵاتە، کە مانا و سنووری فیدرالیزمیش بەپێی ئیرادەی خۆی دیاری دەکات.
زاڵبوونی عەقڵیەتی تەعریب بەسەر ڕاڤەی یاسا و نەریتی دادوەریی عێراقیدا
ئەو پێکهاتەیە زۆرینەخوازەی کە لە سەرەوە باسکرا، کۆنتڕۆڵی لێکدانەوەی تاقانە و پاوانخوازانەی دەستووریش بە مافێکی مشتومڕهەڵنەگری خۆی دەزانێت. هێزە سیاسییە باڵادەستەکان ئەو دەسەڵاتەیان بەدەستەوەیە، کە چوارچێوە و مانای سیستەمی فیدرالیش دیاری بکەن و بەردەوامیی حوکمی عەرەبی لە شێوەی حکومڕانییەکی دەستووریدا وەکوو مژارێکی سروشتی بزانن و وێنای بکەن. لەم پڕۆسەیەدا، دادگای باڵای فیدرالی ڕۆڵێکی ناوەندی بینیوە. هەرچەندە شەرعییەتی یاسایی خودی دادگاکە لەگەڵ ماددەی ٩٢ی دەستوور، بە تایبەتی سەبارەت بە بنەمای یاسایی و شێوازی پێکهاتنی لەمێژە جێگەی مشتومڕە، بەڵام هەڵسوکەوتی گوزارشت لە کێشەیەکی بنەماییتر و سیاسی دەکات: دادگاکە بەردەوام ئیرادەی سیاسیی مەرکەزیی عەرەبی کردووە بە دۆکتورینێکی دەستووریی کۆتایی و پابەندکەر و بەسەر کوردـدا سەپاندوویەتی .
لەناو سیستەمی سیاسیی عێراق، کە بە قووڵی لەژێر کاریگەریی ئێراندا بووە، ئاراستە و ئەنجامی بڕیارەکانی ئەم دادگایە بەردەوام لەگەڵ ڕوانگەی پاوانخوازانەی عەرەبیشدا گونجاو بووە. بڕیارەکانی لە چوارچێوەی بەرتەسککردنەوەی دەسەڵات و بنەما یاساییەکانی هەرێمەوە، دژ بە داهاتووی کوردستان کاریان کردووە و بە بەردەوامبوونی قەوارەی هەرێم بەرەو بێمانابوون دەبەن.
بە تایبەتی لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ـەوە، دادگاکە بووەتە ئامرازێک، کە لەژێر پەردەی زمانی فەرمیی دەستووردا، نەوەکوو هەر ئۆتۆنۆمیی ڕێژەیی و پێگە یاساییەکەی کوردستانی ڕۆژبەڕۆژ بەرتەسکتر کردووەتەوە، بەڵکوو بنەما یاساییەکانی هەرێم و داهاتووی سیاسیی ئەو قەوارەیەی بە تەواوی بنکۆڵ کردووە. بۆ نموونە؛ بڕیارەکەی ٢٠٢٢ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، گورزێکی گەورەی لە بنەما یاساییەکانی کەرتی وزەی سەربەخۆی هەرێم دا. بەمەش ڕێگەی بۆ دەسەڵاتی فیدرالی خۆشکرد، تاوەکوو لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم بدات، لە ئەنجامدا، پشتی ئابووریی قەوارەکەی کوردستان بشکێنێت.
لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی کوردستانەوە، دادگاکە لە واقیعدا ئەرکێکی هاوشێوەی «فەتوا»ی وەرگرتووە: بانگەشە مشتومڕاوییەکانی دەسەڵاتی ناوەند دەگۆڕێت بۆ بڕیارگەلێکی یاسایی و پابەندکەر، بەبێ ئەوەی کوردستان هیچ پەناگەیەکی دامەزراوەیی کاریگەری بۆ بەرەنگاربوونەوەیان هەبێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەی پڕۆسەیەکی زۆر جددیی تەعریبی یاسایی و دامەزراوەییە، پڕۆسەیەک کە سەروەریی زۆرینەی عەرەب لە ڕێگەی بڕیارە یاساییە پابەندکەرەکانەوە دەسەپێنێت. بەمەش داهاتووی قەوارەکەی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و توانای بکەربوون و بڕیاردانی کوردستانیان سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان لێ دەسەنێتەوە.
کەواتە، سیستەمی دەستووری نەوەکوو هەر هیچ پەنایەک بۆ کورد لە بەرانبەر تەعریبدا دابین ناکات، بەڵکوو لەژێر کۆنتڕۆڵی زۆرینەدا بووەتە بەشێک لە ژێرخانی یاسایی و دامەزراوەیی تەعریب، تەنانەت ئەگەر ئەمە پێچەوانەی دەقی ڕواڵەتیی خودی دەستوورەکەش بێت. هەمان ئەو سیستەمەی کە نەیهێشتووە دەرهاوێشتە دیمۆگرافییەکانی پڕۆسەکانی پێشووی تەعریب هەڵبوەشێندرێنەوە، بەردەوام هەوڵ دەدات ڕێگە بۆ مەرکەزییەتێکی زۆرتر و سەپێنراوتر لە عێراقدا خۆش بکات. ئامانج لەمەش، پەکخستنی تەواوەتیی ئۆتۆنۆمیی ڕێژەیی نەتەوەی کورد، بە واقیعکردنی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمە (جێناکۆکەکانە) لە لایەن دەسەڵاتی عەرەبییەوە بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر و زەوتکردنی زیاتری ئەو توانایە سیاسییەیەی، کە کورد وەکوو بکەرێکی سیاسی بۆ ڕێکخستنی داهاتووی دیمۆگرافیی خۆی پێویستی پێیەتی. بەم جۆرە، فیدرالیزمێکی فەرمی شانبەشانی سەروەرییەکی زۆرینەخوازی عەرەبی هەنگاو دەنێت؛ سەروەرییەک، کە توانای هەڵپەساردن و سنووردارکردن، یان پێناسەکردنەوەی مافەکانی کوردی هەیە.
لە دوای ٢٠١٧ـەوە، پڕۆژە سیستەماتیکەکەی تەعریب، هەم لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە، هەم لە ئاستی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی ناوچە “جێناکۆکەکان” و هەم لە ڕووی یاساییەوە، بەردەوامیی پێدراوە. لەبەرئەوە، ئەو گریمانەیەی پێی وایە کوردستان دەتوانێت بە سەلامەتی بەرگەی گۆڕانکارییەکی دیکەی گەورەی دیمۆگرافی بگرێت، لەسەر سێ بنەمای هەڵە و لەرزۆک وەستاوە:
یەکەم: ئەو باوەڕەی گوایە ئەو لۆجیکە سیاسییەی لەپشت وێرانکردن و تەعریبکردنی کوردستانەوە بووە، چیدیکە بوونی نەماوە.
دووەم: ئەو بۆچوونەی گوایە سیستەمی عێراقیی دوای ٢٠٠٥ خاوەنی کۆمەڵێک دامەزراوەیە، کە دەتوانن ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو پڕۆسەیە بکەن.
سێیەم: ئەو خەیاڵپڵاوییەیە، کە گوایە دەسەڵاتی سیاسیی کورد لە ناوخۆدا ئیرادە و «ئەیجەنسی»ی (بکەرییەتیی) پێویستی هەیە بۆ ڕێگریکردن لەم پڕۆسەی خۆتەعریبکردنە.
پشتگوێخستنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، قۆرخکردنی دەستوور لە لایەن زۆرینەوە، مەرکەزیبوونەوەی بەردەوامی دەسەڵات و لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ڕێگەی دامەزراوە دادوەرییەکانەوە، ڕێک پێچەوانەی ئەو گریمانانە دەیسەلمێنن، کە گوایە عێراق گۆڕاوە. ئەمە نیشانی دەدات، کە عەقڵیەتی تەعریب هێشتا ماوە و میکانیزمە دامەزراوەییەکانیشی هێشتا لەبەردەستدان. تەنانەت خودی سیستەمی دەستووری و ئەو دامەزراوانەشی کە لەسەر بنەمای دەستوورەکە پێکهاتوون، خراونەتە کار وەکوو ژێرخانێکی یاسایی بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی تەعریب.
لە ڕاستیدا، دووبەرەکیی ناوماڵی کورد و لاوازیی قەوارەی هەرێم و ترس لە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەموویان بەرهەمی هەلومەرجی کۆڵۆنیکردنی کوردستانن پاڵ بە حیزبە کوردییەکانەوە دەنێن بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی “خۆتەعریبکردن”دا؛ بەشدارییەک، کە تەنیا ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکانە، بەڵام بە تەواوی دژ بە بەرژەوەندییە باڵا و نەتەوەییەکانی کورد دەوەستێتەوە.
لێرەدا، یەکگرتنی ئەم لاوازییەی ناوخۆی کورد لەگەڵ ستراتیجیی شاراوەی دەوڵەت، زەمینەیەکی تەواو لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی سیاسەتی تەعریب بەبێ دەنگی و بە ناوی یاساوە درێژەی هەبێت.
بەردەوامیی تەعریب وەکوو عەقڵیەتی عێراقی نوێ لە کردەوەدا
ئەم دۆخەی ئێستا، پشتڕاستکەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە لە بڕگەکانی پێشووی ئەم نووسینەدا خستمەڕوو: پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە دوای ٢٠٠٣وە کۆتایی نەهاتووە. ئەم پڕۆسەیە نەوەکوو تەنیا لەژێر کاریگەریی ناڕاستەوخۆی مانەوەی کولتوور و درێژەی تێگەیشتنی ئاشکرای بەعسییانە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات درێژەی هەبووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی خۆبواردنی بەئەنقەستی سیستەمی نوێی عێراقیشدا بەردەوام بووە؛ سیستەمێک، کە ئیرادەی ئەوەی نەبووە دیاردەی تەعریب وەکوو پێکهاتەیەکی بەردەوامی کولتووری دەسەڵاتی دەوڵەت بناسێنێت و بنەبڕی بکات.
چینە سیاسییەکە و دەسەڵاتدارانی دوای سەدام، هەرچەندە بە فەرمی هەندێک لە تاوانەکانی ڕژێمی پێشوویان مەحکووم کرد، بەڵام تەعریبیان وەکوو لۆجیکێکی دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراق نەخستە بەر ڕەخنە و لێپرسینەوە .هەروەها هیچ میکانیزمێکی کولتووری و سیاسی و دیمۆگرافی و یاسایی و دامەزراوەییان بۆ هەڵوەشاندنەوە و پەکخستنی ئەو بنەمایانە دانەنا، کە نەریتی تەعریبیان لە ڕێگەیەوە جێبەجێکرابوو.
ئەم خۆبواردنە بۆ کورد چارەنووسساز بووە. لانی کەم لە سەردەمی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن حیزبی بەعسـەوە، سیاسەتی تەعریبکردن تاوانێکی لاوەکی نەبووە، کە لە پەراوێزی دەوڵەتێکی بێلایەندا ئەنجام درابێت. بەڵکوو تەعریب ستراتیجییەکی پێکهێنەری دەسەڵات بووە؛ ئامرازێک بووە بۆ گواستنەوە و دابەشکردنەوەی دانیشتووان و سڕینەوەی بوونی کورد، گۆڕینی سیمای نەتەوەیی و دیمۆگرافیی کوردستان و سەپاندنی سەروەریی عەرەبی بەسەر ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان.
کەواتە، ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ عەقڵیەتی تەعریب وەکوو خولقێنەری جینۆساید، شتێکی زیاتری لە مەحکوومکردنی چەند تاوانێکی دیاریکراوی بەعس دەویست. پێویستی بەوە بوو خودی ئەو تێگەیشتنە عەرەب-ناوەندەی عێراق بخرێتە ژێر پرسیارەوە، کە سیستەمی نوێ لە سیستەمی پێشووەوە بە میرات بۆی مابووەوە. بەڵام سیستەمی دوای ٢٠٠٣، هەر لە ساڵەکانی سەرەتاوە، بەردەوام پرسی گەورەی تەعریبی کردە پرسێکی لاوەکی و تەمومژاویی، یان لە ناوەندی گفتوگۆی سیاسی و یاسایی دووری خستەوە و تەنیا وەکوو پرسێک وێنای کرد، کە پەیوەندی بە عەقڵیەتی سەدامـەوە هەیە.
شێوازی مامەڵەی دادوەری لەگەڵ پرسی ئەنفال، یەکێکە لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەم خۆبواردنە سیستەماتیکە. بۆ نموونە؛ ئەنفال لە دادگایەکی سەربەخۆدا خرایە بەر لێپرسینەوە و سەدام حوسێنـیش لە سەرەتادا یەکێک بوو لە تۆمەتبارانی کەیسەکە. بەڵام هەر دوای ئەوەی لە “کەیسی دوجەیل”دا مەحکووم کرا، لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦دا و لە کاتێکدا دادگایی ئەنفال هێشتا بەردەوام بوو، بەپەلە لەسێدارە درا.
لەسێدارەدانی سەدام، کۆتایی بە ڕەوتی کەیسی ئەنفال هێنا بەرانبەر بە کەسی یەکەمی تاوانەکە، گەرچی دادگاییەکە بەرانبەر شەش تۆمەتباری دیکە درێژەی کێشا و بڕیاری مەحکوومکردنیان (لەوانە بە تۆمەتی جینۆساید) لێکەوتەوە. بەڵام ڕاستییە گرنگەکە ئەوەیە، کە ڕیزبەندیی دادگاییەکان و لەسێدارەدانی سەدام، ڕێگەیان گرت لە دەرچوونی بڕیارێکی کۆتایی دادوەری سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی کەسیی سەدام حوسێن وەکوو سەرۆکی دەوڵەت و هێمایەک لە جینۆسایدی ئەنفالدا.
بەرزترین دەسەڵاتی سیاسیی ئەو ڕژێمەی کە هەڵمەتی سڕینەوەی سیستەماتیکی ژیانی کوردی ڕێکخست و جێبەجێ کرد، لەسەر تاوانێکی دیکە (کوشتنی عەرەبی شیعە) لەسێدارە درا، پێش ئەوەی دادگا بتوانێت بڕیاری کۆتایی لەسەر بەرپرسیارێتیی سەدام لە وێرانکردنی ژیانی کورد دا بدات.
ئەم ئەنجامە، تەنیا ڕووداوێکی بچووکی تەکنیکی، یان ڕێکارییەکی دادگایی نەبوو. مەبەستی سیاسی لەپشت دیاریکردنی کاتی لەسێدارەدانەکە هەرچییەک بووبێت، ئەنجامە یاسایی و سیاسییەکەی ئەوەبوو، کە لە لێپرسینەوەی کۆتایی سەدام حوسێندا پێگەیەکی یەکلاکەرەوە و ناوەندی بەئەنقەست بە جینۆسایدی کورد نەدرا. بەرپرسانی دیکە بەهۆی بەشدارییان لە ئەنفالدا مەحکووم کران، بەڵام ئەو سەرکردەیەی نوێنەرایەتیی دەوڵەتی عێراقی دەکرد و هێمای نەتەوەپەرستیی عەرەبی-بەعسی بوو، بەبێ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە جینۆساید مایەوە.
حوکمی دوجەیل بوو بە بنەمای یاسایی تەواوکراو بۆ لەسێدارەدانی سەدام، لە کاتێکدا کەیسی سڕینەوەی سیستەماتیکی کۆمەڵگە کوردییەکان بەرانبەر خودی سەدام بەئەنقەست بە ناتەواوی هێڵرایەوە. مەبەست لەمە سڕینەوەی تەواوی ئەنفال نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکی بەئەنقەست بوو، بۆ دابەزاندنی جینۆسایدی ئەنفال بۆ پلەیەکی خوارتر لەناو ڕیزبەندییە فەرمییەکەی تاوانەکانی دەوڵەتی عەرەبیدا. ئەوەی ڕوویدا تەنیا ناتەواومانەوەی تۆمەتێکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکوو یەکێک لە کارەساتبارترین قۆناغەکانی مێژووی نوێی کوردی لەو پێگە و ناساندنە دادوەرییە بێبەش کرد، کە حوکمێکی کۆتایی جینۆساید دژ بە بەرزترین دەسەڵاتی ڕژێم دەیانتوانی لە ڕووی هێمایی و کردەیی و میدیاییەوە پێی ببەخشن.
مانا قووڵترەکەی دادگایی ئەنفال لەو شتانەدایە، کە لە بازنەی لێپرسینەوە و حوکمی پڕۆسەی دادوەری دەرکران. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنفال وەکوو تاوانێکی سنووردار، کە تەنیا ژمارەیەک بەرپرسی ناسراوی بەعس ئەنجامیان داوە، ڕێگەی خۆش کرد، کە تەنیا هەندێک تاوانبار سزا بدرێن، بەبێ ئەوەی ئەو عەقڵیەتە فراوانەی دەوڵەتی عەرەبی-عێراقی، کە جینۆسایدەکەی بەرهەمهێنابوو، بە هەمان ئاست بخرێتە ژێر لێپرسینەوە. ڕەگی ڕەگەزپەرستی لە نەتەوەپەرستیی عەرەبی-عێراقیدا، وەکوو بنەما و چوارچێوە ئایدیۆلۆجییەکەی ئەنفال، بەئەنقەست نەناسێنرا و مەحکووم نەکرا.
دەوڵەتی عێراقیش وەکوو ئەو دامەزراوەیەی کە تەعریبی داڕشت و ڕێکی خست و جێبەجێی کرد، نە لە ڕووی یاسایی، نە لە ڕووی سیاسی و نە مێژووییەوە نەخرایە بەردەم دادگا. بەرپرسیارێتییەکە بۆ ئاستی تاکە بەرپرسان دابەزێنرا و لەناو کەسانێکی دیاریکراودا سنووردار کرا. بەم شێوەیە، هەم دەوڵەتی عێراق وەکوو دامەزراوەیەکی بەردەوام، هەم تەعریب وەکوو سیاسەتێکی پێکهاتەیی دەسەڵات، لە تۆمەتبارکردن و لێپرسینەوەیەکی گشتگیر پارێزران.
بە تاکەکەسیکردن و حیزبیکردنی بەرپرسیارێتیی جینۆساید، ڕەنگە شارەزایانەترین و زیرەکانەترین بەرگریکردن بووبێت لە کولتوور و سیاسەتی تەعریبدا. ئەمە ڕێگەی بە سیستەمی دوای ٢٠٠٣ دا هەندێک تاوانی دیاریکراوی بەعس مەحکووم بکات، بەڵام هاوکات ڕێگەی دا، هەمان ئەو نەریتە بتوانێت تێگەیشتنە ڕەگەزپەرستانەکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، بەردەوامییە دامەزراوەییەکەی دەوڵەت و ژێرخانە دیمۆگرافی و خاکییەکەی تەعریب، لە حوکم و لێپرسینەوە بپارێزێت.
بەم جۆرە، لە ئاستی گوتاردا تەعریب نێردرایە ناو ڕابردووی تاوانکارانەی بەعسـەوە، لە کاتێکدا گواستنەوەکانی دانیشتووان، گۆڕانکارییە خاکییەکان و ڕێکخستنە یاساییەکانی پڕۆژەی تەعریب بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە چارەسەرنەکراوی مانەوە.
ئەم دامەزراوانەی کە دەبوو بەهۆی ڕۆڵیان لە تەعریبدا لە بنەڕەتەوە دابڕێژرێنەوە، بوونە پارێزەری درێژەی عەقڵیەتی پێشوو و ژێرخانە یاساییەکەی. ئەوان دەیانتوانی بۆ ڕابردوو دان بە ئازارەکانی کورد دا بنێن، بەڵام لە هەمان کاتدا درێژە بە بەڕێوەبردنی ئەو پێکهاتە عەرەب-ناوەندەی سەروەری بدەن، کە خودی ئەو ئازارەی بەرهەمهێنابوو. دەوڵەتی عێراق ئامادە نەبوو لەبەرچاوی جیهان دان بەوەدا بنێت، کە ئەوەی بەسەر کورد دا هاتووە، تەنیا لەبەر کوردبوون و جیاوازیی نەتەوەیی بووە.
کەواتە، کێشە سەرەکییەکە نەبوونی ناساندنی تەواو نییە، یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بە ڕواڵەت بەشێکی گرنگی تاوانەکانیان دژ بە کورد ناساندووە. بەڵام ئەم ناساندنە بەردەوام بەشەکی و هێمایی و پاشکۆی ئەولەوییەتە سیاسییەکانی دیکە بووە. جینۆسایدی دژ بە نەتەوەی کورد هەرگیز وەکوو دابڕانێکی بنەڕەتیی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە. دابڕانێک، کە پێویستی بە داڕشتنەوەی سیستەمی دەستووریی عێراق هەبێت لەسەر بنەمای بکەرایەتیی کارای کورد، ئاساییش و ڕەزامەندیی سیاسیی کورد. ئەمە قووڵترین بەردەوامیی کولتوور و نەریتی دامەزراوەیی تەعریبە، کە تێیدا سیاسییەکانی کورد کەمترین خوێندنەوەیان بۆی هەبووە و گرنگییان بەوە نەداوە، کە لە جیهاندا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەزموونی هاوشێوەدا کراوە.
ئەنجامەکانی ئەم لێپرسینەوە بەربژێرکراو و هەڵبژێردراوە، تەنیا بەشێکە لە پرسەکانی پەیوەست بە تەعریب، چونکە پرسەکان زۆر لە سنووری هۆڵی دادگا تێدەپەڕن. شاردنەوەی دامەزراوەیی و ناساندنی ناتەواوی تاوانەکانی دژ بە کورد، لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنانە و بێمەبەست نەبووە. ئەم شاردنەوەیە یادەوەری و کولتوور و ئەزموونی بەمیرات ماونەوەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد دەپارێزێت. تەسەوری عەرەب-ناوەندی دەوڵەت بۆ پرسی خاک لە کوردستان بە ئاسایی دەنوێنێت و ڕێگە دەدات کولتووری سیاسیی تەعریب بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەی ناچار بێت بەئاشکرا خۆی دەربخات.
بێگومان ئەمە مانای ئەوە نییە، کە کۆمەڵگەی عەرەبی بە گشتیی جینۆساید پەسەند دەکات (دەبێت لە گشتاندنێکی لەم جۆرە خۆمان بپارێزین)، بەڵکوو بەو مانایەیە، کە بکەرە سیاسییە کاریگەرەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، بەردەوام جینۆسایدی کورد و پڕۆژەی تەعریبیان خستووەتە ژێر پرسی گێڕانەوە و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی عێراق و سەروەریی عەرەبییەوە.
کەواتە، ئەو دامەزراوانە، ئەو چینە سیاسیی و ئەو نەریتانەی کە تەعریبیان کردە شتێکی خەیاڵپێکراو و لە ڕووی کارگێڕییەوە شایەنی جێبەجێکردن، هەرگیز بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە تێنەپەڕێنراون. بە پێچەوانەوە، دامەزراوە و پۆلە سیاسییەکانی تەعریب پارێزراون، خۆیان لەگەڵ بارودۆخی نوێ گونجاندووە و بۆ ناو سیستەمی دوای ٢٠٠٣ گوازراونەتەوە.
ئەم پاشماوە و درێژە دامەزراوەییەی تەعریب، واتە ئەو شێوازەی کە تێیدا سیاسەتێکی بەئاشکرا ڕاگەیەنراوی دەوڵەت گۆڕدرا بۆ پێکهاتەیەکی ئاساییکراوی حوکمڕانی. بەداخەوە، تاوەکوو ئێستا نەبووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ئەکادیمیی بەردەوام و قووڵ، کە شایانی بێت.
دەبێت مەزەندەکەی ئەکادیمیست بورهان یاسین سەبارەت بە بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا، لەناو ئەم چوارچێوە مێژوویی و دامەزراوەیی و دەستوورییە چارەسەرنەکراوەدا هەڵبسەنگێنرێت، نەوەکوو لەناو جیهانێکی ئەبستراکت و ڕەها و دابڕاودا، کە تێیدا جووڵەی دانیشتووان گوایە هیچ مانا و سەنگێکی سیاسیی نییە. پرسیاری ناوەندی تەنیا ئەوە نییە، کە لە ئێستادا کێ پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی بەڕێوە دەبات و ئاسانکاریی بۆ دەکات، یان قازانج لێ وەردەگرێت، بەڵکوو پرسیارە ناوەندییەکە ئەوەیە: ئایا پڕۆسەیەک، کە لە ڕووی مێژووییەوە دەوڵەتی عێراق دەستی پێکردووە، لە هەمان خاکدا بەردەوامە و هەمان ئاراستە دیمۆگرافییەکەی هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی تەعریب دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە، دەبێت بخرێتە دەرەوەی چوارچێوەی تەعریب؟ واتە ئایا تەنیا لەبەرئەوەی هەندێک بکەری کورد خۆیان بوونەتە ئامرازی بەردەوامکردنی، چیدیکە بە تەعریب هەژمار ناکرێت؟
پڕۆسەیەکی مێژوویی تەنیا لەبەر گۆڕانی بکەرە ڕاستەوخۆکانی، خەسڵەتی سیاسیی خۆی لەدەست نادات. تەعریبیش تەنیا لەبەر ئەوەی چیدیکە بە تەواوی لە ڕێگەی دەرکردنی ڕاستەوخۆی دانیشتووان، فەرمانی سەربازی، یان هەڵمەتی فەرمیی نیشتەجێکردنەوە کار ناکات و لە تەعریببوون ناکەوێت.
بەردەوامیی تەعریب دەتوانێت لە ڕێگەی وابەستەیی ئابووری و بێهەڵوێستیی کارگێڕی و بەرژەوەندیی حیزبی و لاوازیی دەستووری و نیشتەجێبوونی ڕێکنەخراو و ئامادەیی دەسەڵاتە کوردییەکان بۆ قبووڵکردنی گۆڕانی دیمۆگرافی بە مەبەستی پاراستنی مانەوەی کورتخایەنی خۆیانەوە درێژە بکێشێت. لەژێر تیشکی ئەم بارودۆخەدا، بەشداریی بکەرە کوردەکان بەردەوامیی تەعریب ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵکوو نیشانی دەدات، کە لۆجیکی تەعریب تاوەکوو چ ڕادەیەک چووەتە ناو دامەزراوە و حیساباتە سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کە پێشتر و بە ئێستاشەوە خۆی قوربانیی تەعریب بووە.
ئەمەش نەوەکوو هەر لە ڕووی گۆڕینی دیمۆگرافییەوە، بەڵکوو وەکوو قوربانییەک، کە زۆرێک لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستەکەی عێراقی لە ناخیدا چەسپاندووە. ئێستاش لەتاو بێزاری لە دەسەڵاتی کوردی، وەکوو قوربانییەک، کە تووشی “سیندرۆمی ستۆکهۆڵم” بووە، ئارەزووی گەڕانەوەی حکوومەتە جینۆسایدکارەکە دەکات.
گرنگتر لە هەموو ئەوانە، باشووری کوردستان لە پێگەی سەروەرییەکی جێگیر و پارێزراوەوە ڕووبەڕووی ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە نابێتەوە. بەڵکوو هێشتا لەژێر فشاری چالاکیی سیاسی و سەربازی و دەستووری و خاکی و دیمۆگرافیی هەمان ئەو دەوڵەتەدایە، کە دامەزراوە عەرەب-ناوەندەکانی و تەسەورە خاکییەکەی هەرگیز لە بنەڕەتەوە دانەڕێژراونەتەوە. ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٠١٧، ڕوونترین بەڵگەی بەردەوامیی ئەم لاوازی و بێدەرەتانییەی باشووری کوردستانن. هەر ڕەخنەیەک لە کات و ڕێکخستن وسەرکردایەتی، یان حیساباتی ستراتیجیی ڕیفراندۆمەکە بگیرێت، لە کۆتاییدا ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ دەربڕینێکی ئاشتییانەی ئیرادەی سیاسیی خەڵک بوو؛ کە تێیدا زیاتر لە ٩٢٪ دەنگدەران بە سەربەخۆیی دەنگیان دا.
بەغدا لەبری گفتوگۆکردن سەبارەت بە مانا سیاسییەکەی ئەو دەنگە، بە ڕێوشوێنی سزادان و ناردنی هێزەکانی عێراق بۆ ئەو ناوچانە وەڵامی دایەوە، کە پێشتر لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون. دەوڵەتی عێراق بەجێگەی خۆی، تەنانەت ئێران و تورکیاش مافی دەنگدانی کوردێکی باشووریان وەکوو پرسی ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان ڕاگەیاند. خوێندەوارانی کورد با ئەو هەلومەرجە لەگەڵ هەڵسوکەوتی بەریتانیا سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا بەراورد بکەن، ئینجا دەتوانن نمایشی “پۆست کوردایەتی” و “جیهان وەتەنی”مان بۆ بدەن.
مانای دەستێوەردانی دوای ڕیفراندۆم نابێت بچووک بکرێتەوە بۆ ناکۆکییەکی کاتیی لەنێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە دەسەڵاتی دەستووری و قەڵەمڕەوی کارگێڕیی. ئەم دەستێوەردانە نیشانیدا، کە دەوڵەتی عێراق هەم توانای دامەزراوەیی و هەم ئیرادەی سیاسیی پێویستی پاراستبوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک ڕەزامەندیی کورد دژ بە یەکپارچەیی داسەپاوی خاکی عەرەب-ناوەندی عێراق بوەستێتەوە، حەشدی شەعبی بە چەک وەڵامی مافی ڕەزامەندیی کورد بداتەوە. سەپاندنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی بەغدا بەسەر ناوچەکانی کوردستان و بەناو ناوچە دابڕێنراوەکاندا، ئەو بارودۆخە کارگێڕییانەی دووبارە دامەزراندەوە و بەهێزتر کرد، کە لەناویاندا دەکرا ئەنجامەکانی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە پێشووەکان بچەسپێنرێن و ئاسانکاری بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی نوێ بکرێت.
هەمان ئەو دامەزراوانەی دەوڵەتی عێراق، کە هەرگیز بەهۆی ڕۆڵی مێژووییان لە تەعریبی کورد دا نەخرانە ژێر تۆمەتبارکردنێکی گشتگیر و لە بنەڕەتەوە دانەڕێژرانەوە، جارێکی دیکە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خاک و ڕێکخستنی ئاساییش و دیاریکردنی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و شێوەپێدانی واقیعی دیمۆگرافییان لەو ناوچانەدا بەدەستهێنایەوە، کە پێشتر نیشتەجێکردنی سیستەماتیکی عەرەبییان بەسەردا سەپێنرابوو. کەواتە، دەبێت سیستەمی دوای ٢٠١٧ نەوەکوو تەنیا وەکوو قەیرانێکی کاتیی دەستووری، بەڵکوو وەکوو قۆناغێکی دیکە لە پەرەسەندنی دامەزراوەیی تەعریب تێبگەین؛ واتە پاراستنی دەوڵەتێکی عەرەب-ناوەند، چالاککردنەوەی دەسەڵاتی زۆرەملێی ئەو دەوڵەتە بەسەر خاکی کوردستاندا و ژێردەستەهێشتنەوەی داهاتووی دیمۆگرافیی کوردستان بۆ ئەو دامەزراوانەی کە هەرگیز لەگەڵ کولتووری سیاسی و یادەوەریی دامەزراوەیی و ژێرخانی تەعریبدا پەیوەندییان نەپچڕاندووە.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، هێزەکانی عێراق بە هاوڕێیەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەدا گرت. پێکهاتە چەکدارە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بینی، لە هەمان کاتدا، ئێران و تورکیاش پشتیوانییان لە دژایەتیی بەغدا بۆ ڕیفراندۆمی کوردستان کرد و بەشدارییان لەو فشارە سیاسی و ئابوورییانەدا کرد، کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنران. بەڵام ئەم هەڵمەتە سەربازییە، کە بە ڕوونی سەپاندنەوەی سەروەریی عەرەب بوو بەسەر ئەو خاکانەی لە ڕووی مێژووییەوە کەوتبوونە بەر تەعریب بە هاوکاریی هەندێک لە لایەنە کوردستانییەکانیش ئاسانکاریی بۆ کرا.
ڕاستیی هاوکاریی ئەو لایەنە کوردییانە، پەیوەندیی ئۆپەراسیۆنەکە بە تەعریبەوە کەم ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە نیشانی دەدات، کە نەوەکوو تەنیا تەعریب، بەڵکوو ئەنفالیش پشتی بە توخمەکانی خۆتەعریبکردنی کوردی بەستبوو. واتە تێکەڵکردن و خستنەخزمەتی بکەرە کوردەکان بۆ ناو عەقڵانیەتی سیاسی و پراکتیکە دامەزراوەییەکان و ئامانجە خاکییەکانی دەوڵەتی عەرەب-ناوەند، بەشێکە لە ئەزموونی کوردستان، کە نموونەی لەناو نەتەوە کۆڵۆنیکراوەکانی دیکەشدا کەم نییە. لە دوای ٢٠١٧وە، بەشداریی کوردی لە سنووری بواری سیاسی و کولتووری تێپەڕی و گەیشتە هەماهەنگیی سەربازی و ئاسانکاریی ئۆپەراسیۆنی. بەم جۆرە هەندێک ئەندامی ئەو نەتەوەیەی لە ڕووی مێژووییەوە خۆی کەوتبووە بەر تەعریب و جینۆساید، بوون بە بکەری ناوخۆیی بۆ سەپاندنەوەی ئەو ڕێکخستنە خاکییەی کە پڕۆژەی تەعریب لە ڕێگەیەوە پێشکەوتبوو.
هەرێمی کوردستان لە دوای ئەو هێرشە، کۆنتڕۆڵی نزیکەی ٢٠٪ی ئەو خاکەی لەدەست دا، کە پێش ئۆپەراسیۆنەکە، واتە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، لەژێر دەستی دابوو؛ لەوانەش کەرکووک و شەنگال و جەلەولا و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە. لەدەستدانی ئەم خاکانە دەستبەجێ لە دوای ڕیفراندۆم، پاشەکشەیەکی زۆر گەورەی خاکی و ستراتیجی بوو. گرنگتر لەوەش ئەوەیە؛ زۆرێک لەو ناوچانەی کە دووبارە خرانەوە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێک هەمان ئەو ناوچانە بوون، کە دەوڵەتی بەعس پێشتر پڕۆژەی سیستەماتیکی تەعریبی تێدا جێبەجێ کردبوون.
لە کۆتاییدا، ئۆپەراسیۆنی ٢٠١٧ تەنیا سنوورێکی کارگێڕیی نەگۆڕی، بەڵکوو دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی سیاسی و سەربازی و کارگێڕیی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقی بەسەر ئەو خاکانەدا گەڕاندەوە، کە پێکهاتەی دیمۆگرافی و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتییان لەمێژە بووەتە بابەتی ململانێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕووداوە وابەستەیی سیاسی و پاشکۆیەتیی حیزبی “کلایەنتەلیزم” (clientelism)ی بردە ئاستێکی زۆر مەترسیدارەوە. ئەمە نیشانی دا، کە لایەنی سیاسیی ناوخۆیی، لەپێناو مانەوەی خۆیدا، ئامادەیە زۆر بە ئاسانی پرسە جددییە نیشتمانییەکان بکاتە قوربانی. ئەم پاشەکشە ستراتیجییە و لاوازییەی ئیرادەی ناوخۆیی، ڕاستەوخۆ تیشک دەخاتە سەر ئەو زەمینەسازییەی کە ئەمڕۆ پڕۆسەی “خۆتەعریبکردن”ی لە باشووری کوردستاندا بەرهەمهێناوە.
نەریتی تەعریب وەکوو زەمینەی خۆتەعریبکردنی کورد
ئەو پەرەسەندنە دامەزراوەیی و ناوچەییانەی لە بڕگەکانی پێشوودا تاوتوێ کران، ئەو چوارچێوەیە دیاری دەکەن، کە دەبێت جووڵەی هاووڵاتیی عەرەبی عێراقی بەرەو هەرێمی کوردستان لەناویدا تێبگەین. واتە، دەبێت ئەم جووڵەیە لەناو سیاقە مێژوویی و سیاسی و یادەوەرییە دامەزراوەییەکەی دەوڵەتی عێراقدا بخوێندرێتەوە .
گۆڕانی دیمۆگرافی لە وەها چوارچێوەیەکی بەئاسایشکراو و مێژووییدا، کە ئامانجی ناوەند تێیدا لاوازکردنی قەوارەی هەرێمە و ئێستا پشتیوانیی ناوچەیی و دامەزراوەیی و یاسایی و سەربازیشی لە پشتە، نابێت وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی، یان پڕۆسەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بێگەرد مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لێکدانەوەی ئەمە وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی، هەڵەیەکی ستراتیجیی گەورەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەم هەڕەشە و تەوژمە لەسەر نیشتمانێک، کە سەد ساڵە کێشەی لەسەرە. کوردستان لانی کەم لە سەرەتای دەسەڵاتی بەعسـەوە بەردەوام ڕووبەڕووی تەعریب بووەتەوە و ئاسەوارەکانی تەعریبی پێشووش نەوەکوو هەر هەڵنەوەشاونەتەوە، بەڵکوو تاوەکوو ئێستاش درێژەیان هەیە. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە ئێستا ناوچە دابڕێنراوەکان بە دیفاکتۆ خەریکە دەبنە ناوچەی بێکێشە و یەکلاییکراوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی.
هەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی، ئینجا لە لایەن بەغداـوە ئاسانکاریی بۆ کرابێت، یان لە لایەن بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، یان بەرژەوەندییە ئابوورییە تایبەتەکان، تەنانەت خودی کۆچبەرانەوە بێت، دەچێتە ناو مەیدانێکەوە، کە لەگەڵ تێگەیشتنی دەوڵەتی عێراقی تەواو گونجاوە. ئەم مەیدانە لەگەڵ مەیلی کولتووری نەتەوەیی زاڵ و ڕێکارە دامەزراوەییەکان و نەریتی دەسەڵاتداری لەو وڵاتەدا یەک دەگرێتەوە. پێشتریش ئەم مەیدانە بە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار و گۆڕینی سنوورەکان و ئامانجە دیمۆگرافییە تەواونەکراوەکانی دەوڵەتی عێراق داڕێژراوە. کەواتە پرسیارە پەیوەندیدارەکە ئەوە نییە، کە ئایا جووڵەی دیمۆگرافیی ئەمڕۆ، هەموو تەکنیکە کارگێڕییەکانی تەعریبی بەعسی بە زیانی کورد دووبارە دەکاتەوە یان نا، بەڵکوو پرسیارە بنەڕەتی و گەوهەرییەکە ئەوەیە؛ ئایا هەمان ئاراستەی مێژوویی پتەوتر دەکات یان نا؟ ئایا کوردستانێکی لاواز، توانای ئەوەی هەیە بەرگەی لاوازتربوونی بەرەبەرەی ئامادەیی دیمۆگرافی و خاکیی و زمانی و سیاسیی خۆی بگرێت، بە جۆرێک، کە هاوکێشەکە بە تەواوی بە زیانی کورد بشکێتەوە.
بەشداریی بکەرە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) ئەم بەردەوامییەی تەعریب ڕەت ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە ڕەنگە ئەمە گەورەترین بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی دامەزراوە و حیزبە کوردییەکان تێکەڵ بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوەی تەعریب بوون. ئەوان تەنانەت هیچ کاتێک هەوڵی جدییان نەداوە خۆیان لە کاریگەریی کولتووری سیاسیی بەعس ڕزگار بکەن. ململانێی حیزبی و گەندەڵی و پاشکۆیەتی (پاترۆنچ) و قازانجی بازرگانی و حیساباتی کورتخایەنی مانەوەی دەسەڵاتی حیزبی، هەموویان دەتوانن ئاسانکاری بۆ دەرەنجامێکی دیمۆگرافی بکەن، کە درێژکراوەی هەمان ئەو دەرەنجامانە بێت، کە پێشتر دەوڵەتی عەرەبی بەناوی تەعریبـەوە لە کوردستان پیادەی دەکرد. ناسنامەی بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی تەعریب، لە خۆیدا سروشتی مێژووییی پڕۆسەکە ناگۆڕێت، چونکە دەوڵەتی عێراق میراتگری تەعریبە و کوردستان لەژێر هەژموونی سەربازی و ئابووری و سیاسی و تەنانەت کولتووریی دەسەڵاتی تەعریبکەر دایە. تەعریب سروشتی خۆی ناگۆڕێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسەی ڕێگەی بۆ خۆش دەکات کوردە. جا ئەو بەرپرسە کوردە مامەڵەی گۆڕینی دیمۆگرافی پەسەند بکات و ئاسانکاری بۆ نیشتەجێبوونی جەماوەرێکی بێباوەڕ بە مافی سیاسیی کورد بکات، یان لە ڕێکخستنی گۆڕانی دیمۆگرافی خۆی ببوێرێت. ئەوەی گۆڕاوە تەنیا میکانیزم و پێگەی دامەزراوەیی پڕۆسەکەیە، نەوەکوو ئاراستە و کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی.
بۆیە منیش ئەم دیاردەیە بە “خۆتەعریبکردن” ناو دەبەم (تەنانەت بینیم هەندێک لە دڵسۆزانی باشووری کوردستانیش لە سۆشیال میدیا پڕۆسەکەیان هەر بە “خۆتەعریبکردن” ناساندووە). ئەم چەمکە بەو مانایە نییە، کە کۆمەڵگەی کورد خوازیاری لەناوچوونی خۆیەتی. بەڵکوو ئاماژەیە بۆ پڕۆسەیەک، کە تێیدا دەسەڵاتی حیزبی کوردی، هەندێک ئەکتەری کاریگەر لەناو ئەو حیزبانەدا، بکەرە بازرگانییەکان و بەشێک لە “خوێندەوارانی جیهان-وەتەن و پۆست-کوردایەتی”، لەژێر دروشمی جۆراوجۆردا بەشدارن. ئەوان بەرگری لە بەرهەمهێنانەوەی دەرەنجامەکانی پڕۆژەیەک دەکەن، کە لە هەموو ڕوویەکەوە، لە کۆنتێکستی مێژوویی و چوارچێوەی ڕێگەخۆشکەر بۆ تەعریبدا، دژ بە کوردستان ئاراستەکراوە.
ئیدیکە پێویست ناکات تەعریب هەمیشە بە جلوبەرگی سوپای عێراقیـیەوە بێت، بە زمانی خودی نیشتەجێکراوەکان قسە بکات، یان بە ئامرازی دەرکردنی ڕاستەوخۆ کار بکات. تەعریب دەتوانێت لە ڕێگەی گرێبەستەکان و بازاڕی خانووبەرە و پاشکۆیەتیی حیزبی و کەمتەرخەمیی کارگێڕیی و وابەستەیی ئابووری و گوتارێکەوە بەرەوپێش بچێت. ئەو گوتارەی، کە هەر هەوڵێکی کورد بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای خۆی، لە بنەڕەتدا بە هەوڵێکی نادروست و ناڕەوا و تەنانەت ڕاسیستی و دژی نەتەوەکانی دیکە وێنا دەکات. ئەمڕۆ تەعریب زمان و ڕێزمانی پێشووی خۆی گۆڕیوە، بەبێ ئەوەی ئاراستەکەی گۆڕی بێت. بێگومان پەیداکردنی بکەری ناوخۆیی و کەناڵی دامەزراوەیی، ناسینەوەی ئەم پڕۆسەیەی دژوارتر کردووە و لە هەندێک ڕووەوە بەرەنگاربوونەوەشی ئەستەمتر کردووە.
ئەم جۆرە بەشدارییەی کورد، “لە پڕۆسەی خۆتەعریبکردن”دا، لە ڕووی مێژووییەوە بەبێ پێشینە نییە. لە هەڵمەتەکانی پێشووی دەوڵەتی عێراقدا، لەوانەش تاوانی ئەنفال، بەشێک لە هێزە ناوخۆییەکانی کورد وەکوو هاوکار بەشدارییان کرد. بەشداریی ئەوان ئەنفالی لە جینۆسایدبوون نەخست، بەڵکوو نیشانی دا، کە چۆن دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەتوانێت بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتە ئامانجگیراوەکە بۆ ناو ئۆپەراسیۆنەکەی خۆی ڕابکێشێت.
دیاردەی چەک هەڵگرتن بۆ هێزی داگیرکەر، یان ملدان و سەردانەواندنی نوخبەی داگیرکراو بۆ کولتووری زاڵ، لە مێژووی کۆڵۆنیالیزمدا تەنیا تایبەت نییە بە کورد. بەڵکوو دەرکەوتەیەکی سروشتیی هەلومەرجی کۆڵۆنیال و نەبوونی سەروەریی نەتەوەییە، دۆخێک کە تێیدا، تاک و گرووپە ژێردەستەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک ناچار، یان ئاراستە دەکرێن بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتی کۆنترۆڵکەردا.
بە هەمان لۆجیک، بەشداریی بەشێک لە کورد لەم دۆخەی ئێستادا (خۆتەعریبکردن)، گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکە ناکاتە دیاردەیەکی بێمەترسی، یان لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەن بێت. بەڵکوو نیشانی دەدات، کە چۆن پڕۆژەیەکی دەرەکی دەتوانێت بەڕێوەبەری ناوخۆیی بۆ خۆی پەیدا بکات و چۆن دەسەڵاتی ناوەندی دەتوانێت لە ڕێگەی حیساباتی حیزبی وابەستەییەکان و پەرتەوازەیی دامەزراوەکانی هەرێمەوە، هەژموونی خۆی دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە. لێرەوە کاتێک لە قووڵایی مەترسییەکانی ئەم پڕۆسە پێکهاتەییە تێ دەگەین، زۆر گرنگە جیاکارییەک بکەین لەنێوان لێکەوتە سیاسییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە و دادوەریی ئەخلاقی لەسەر ئەو تاکانەی کۆچ دەکەن.
بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، ڕەهەندی نێودەوڵەتیی تەعریب و درێژەی هەڕەشەکە
دەبێت ئەم بەڵگە مێژوویی و دامەزراوەیی و پێکهاتەییانەی کە لەسەرەوە خرانەڕوو، لە دادوەریی ئەخلاقی سەبارەت بە تاکی کۆچبەری عەرەب بۆ کوردستان جیا بکرێنەوە. هەر تاکێکی عەرەب، کە دێتە کوردستان یان تێیدا دەژی، بکەرێکی بەئاگا و بەئەنقەست نییە لە پڕۆسەی بەعەرەبکردندا و نابێت هیچ کەسێک تەنیا بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیییەوە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی بە کۆمەڵی بخرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخستنی کۆچ و نیشتەجێبوون و خاوەندارێتیی موڵک و جێگیربوون لە لایەن دەسەڵاتی کوردییەوە هەڵاواردن نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئاساییی حکوومەتداری لە جیهانی مۆدێرندا.
هەروەها ناکرێت وەرچەرخانە دیمۆگرافییەکەی ئێستای کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە وەکوو پڕۆسەیەکی بێگەرد و ئاسایی دابنرێت. چونکە لێرەدا، باس تەنیا لە تاکی کۆچبەر نییە، بەڵکوو لە پێگە و کاریگەریی ئەو تاکە لەناو کولتوورێکی سیاسیی زاڵدا دەکەین. زۆر ئەستەمە بتوانین لە مێژووی نزیکی کۆمەڵگەی عەرەبیی عێراقدا هێزێکی جەماوەریی بەرچاو بدۆزینەوە، کە بەڕاشکاوی لە سەروەریی کورد، یان پاراستنی مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد بەرگری کردبێت، تەنانەت لەناو دانیشتووانی ئێستای عەرەبیی کوردستانیشدا ئەم جۆرە هەڵوێستانە دەگمەنن.
کەواتە، لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا دا، مێژوو پێمان دەڵێت؛ کە زامنی دامەزراوەیی نییە بۆ مانەوەی ئەم ژمارە زۆرەی دانیشتووانی کۆچبەر لە دەرەوەی ململانێکان. ئاراستەی سیاسیی بەشێکی زۆری ئەم پێکهاتەیە لە مێژوو و کولتووری سیاسیی عێراقـەوە هەڵقوڵاوە. بۆیە، مەترسییەکە لەوەدایە، کە دەسەڵاتی ناوەندی دەتوانێت ئەم وەرچەرخانە دیمۆگرافییە بۆ مەرامی سیاسی و پاوانخوازیی خۆی بقۆزێتەوە. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی ئەمنی بۆ داهاتووی کورد و ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ لاوازکردنی پێگەی دەسەڵاتی هەرێم، یان هەڵوەشاندنەوەی.
هیچ دەوڵەتێکی سەقامگیر لەم جیهانەدا، ئینجا چ بگاتە قەوارەیەکی لەرزۆکی وەکوو هەرێم، کە لە ڕووی خاکەوە کێشەی لەسەرە و لە ڕووی دامەزراوەییەوە لاوازە و لە ڕووی سەربازییەوە هەڕەشەلێکراوە و ئامادەی سەرکێشییەکی ئاوا نییە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی بۆردومان و هێرشی مووشەکی و گوشاری ئابووری کراوەتەوە لە لایەن هێزە جیاوازەکانی عێراقـەوە. لەم دۆخەدا، ئەو گریمانەیەی کە گوایە بەغدا دەرفەتێکی دیکە بۆ ملکەچکردنی هەولێر و سلێمانی لەدەست دەدات، هەڵەیەکی ستراتیجییە. دەوڵەتان لە سەرانسەری جیهاندا، پرسی دیمۆگرافی و خاکی ڕێک دەخەن و کارگێڕیی دەکەن. ئەم پێویستییە لە شوێنێکی وەکوو کوردستان زۆر هەستیارترە و پەیوەستە بە مانەوەوە، چونکە لە مێژووی هاوژیانیی کۆمەڵگەی کورد لەگەڵ کولتووری سیاسیی عەرەبیی عێراقدا، ئاوارەیی و ئەندازیاریی دیمۆگرافی و سڕینەوەی زمان و جینۆساید بەشێکی بەردەوام بوون. کەواتە پرسیارە ئەخلاقییەکە ئەوە نییە، کە ئایا هەموو دانیشتووێکی عەرەب لە ڕووی تاکەکەسییەوە جێگەی لۆمەیە یان نا. پرسەکە ئەوەیە، کە ئایا کۆمەڵگەی سیاسیی کوردی ماف و توانای دامەزراوەیی هەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان، ئاساییشی دیمۆگرافی و زمان و ئۆتۆنۆمیی سیاسی و داهاتووی بە کۆمەڵی خۆی.
ئەو توانایە دامەزراوەییە ڕێک ئەو شتەیە، کە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مسۆگەر لەبەردەستیدا نییە. نە خاوەنی سەروەرییەکی بێمشتومڕە بەسەر ئەوەندە خاکەی لەژێر دەسەڵاتی لەرزۆکیدا ماوە، نە دەسەڵاتەکەشی هیچ زەمانەتێکی بۆ داهاتووە سیاسییەکەی هەیە. ئۆتۆنۆمییەکەی پشتی بە ڕێکخستنێکی خاکیی یەکلانەبووەوە بەستووە. ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ناوچە کوردستانییەکان ئێستا لە دەرەوەی ئیدارەکەی دان و تەنانەت دانووستانیشیان لەسەر ناکرێت. هاوکات مانەوەی دارایییەکەی بەندە بەو بڕیارانەی لە بەغدا دەدرێن و بوونی سیاسیشی بەستراوەتەوە بە هاوکێشە ناسەقامگیرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لە بنەڕەتیشدا، ڕەواییی دەسەڵاتی ناوچەیی کوردی لە بەشێکی زۆری گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیدا بەردەوام دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. لە کاتێکدا دەسەڵاتی یاسایی، داهات و سنوورەکانی هەرێم ڕۆژبەڕۆژ لە لایەن ناوەندەوە زیاتر سنووردار دەکرێن، حکوومەتی هەرێم ناتوانێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە وا دابنێت، کە وەرچەرخانێکی دیمۆگرافی لەم قەبارەیەدا لە ڕووی سیاسییەوە بێ لێکەوتە دەبێت.
کراوەیی دیمۆگرافی لەژێر سایەی یەکسانیی سەروەریدا بۆ وڵاتێکی سەقامگیر، وەکوو یارمەتییەکی ئەخلاقی، یان پێویستییەکی سیاسی بابەتێکی ئاساییە. بەڵام وەرچەرخانی دیمۆگرافی لە دۆخێکدا، کە خودی دەسەڵاتی قەوارە میواندارەکە بوونی جێگەی کێشە و ململانێیە، بابەتێکی تەواو جیاوازە. لەم جۆرە هەلومەرجانەدا، ڕێگەدان بە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی بێ ئیمکان، گەڕانەوە هەڵبژاردەیەکی ئاساییی سیاسەتمەداران نییە، ڕەنگە سەرکێشییەکی گەورەی سیاسی بێت، کە سەرکردایەتیی کورد بیکات. سەرکێشییەک، کە توانای ئەوەی هەیە زیانێکی گەورە و قەرەبوونەکراو لە داهاتووی کوردستان بدات.
ململانێ بەردەوامەکانی کێشەی زەویوزار لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە، سروشتی ئەم مەترسییە بە شێوەیەکی بەرجەستە نیشان دەدەن. جووتیارانی کورد لەمێژە بەردەوام ڕایدەگەیەنن، کە عەرەبی هاوردە، کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقـەوە پشتیوانی دەکرێن، هەوڵی بەدەستهێنان، یان وەرگرتنەوەی ئەو زەویانە دەدەن، کە خاوەندارێتییەکەیان لە ڕێگەی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی پێشووەوە گۆڕدراوە.
توندوتیژییە پەیوەستەکانی خۆپیشاندانەکانی کەرکووک لە ٢٠٢٣دا بوونە هۆی گیان لەدەستدانی لانی کەم چوار کەس، لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی دواتر دووبارە جووتیارانی کورد، داواکارە عەرەبەکان و یەکە سەربازییە عێراقییەکانیان ڕووبەڕووی یەکتر کردەوە. هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ ئەم پرسە، بە ڕوونی پێمان دەڵێت؛ کە بەغدا چۆن دەڕوانێتە هاتنی هاووڵاتیی عەرەبی بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
مێژووی ئەم ململانێیانە ئەوە دەسەلمێنێت، کە پڕۆسەی بەعەرەبکردن قۆناغێکی مێژوویی بەردەوامە و تەنیا لە ئەرشیڤ و بیرەوەریی دەستەجەمعیدا ناپارێزرێت، بەڵکوو ڕێکخستنەکانی موڵکداری و بانگەشە ڕکابەرەکان و پارێزبەندییە کارگێڕییەکان و تواناکانی سەپاندنی زۆرەملێ هێشتا چالاک و کاران. لە ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرجەستە لەناو تاپۆکان و کێڵگەکان و جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان و سنوورە کارگێڕییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە، لەو هاوکێشە نایەکسانەی دەسەڵاتدا بەردەوامە، کە بڕیار دەدات داواکاریی کێ بۆ خاوەندارێتیی زەوی بە ڕەوا بناسرێت. بەم پێیە، کەیسی کەرکووک ئەوە ئاشکرا دەکات، کە بۆچی هەرێمی کوردستان بە گشتیی لە مەترسیدایە. کاتێک دەسەڵاتی یاساییی کوردی جێگەی مشتومڕ بێت و بەغدا هێزی سەپاندنی بانگەشە دیمۆگرافی و خاکییەکانی لەدەستدا بێت، گۆڕانێکی دیمۆگرافیی بەرفراوان دەتوانێت ببێتە ئەو ئامرازەی کە لە ڕێگەیەوە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کورد، کە هەر لە بنەڕەتەوە لاوازە، لە ناوەوە زیاتر بێهێز بکرێت و لە دەرەوەش زیاتر ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوە ببێتەوە (بڕوانە ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس واچ، سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ٢٠٢٣ی کەرکووک؛ هەروەها ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە ناکۆکییەکانی دواتری زەویوزار.)
جینۆسایدی داعش دژی کوردانی شەنگال هۆشدارییەکی جیاواز بوو، بەڵام زۆر پەیوەندی لەبارەی تێڕوانینی کولتووری سیاسیی عێراقی سەبارەت بە کورد دەخاتەڕوو. بێگومان داعش ڕێکخەری سەرەکیی جینۆسایدەکە بوو و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکخراوە. بەڵام گێڕانەوە زارەکییەکان و شایەتحاڵییەکانی ڕزگاربووانی کوردی شەنگال، جینۆسایدەکە تەنیا وەکوو کاری چەکدارە هێرشبەرەکانی داعش وەسف ناکەن. زۆرێک لە قوربانییان بەردەوام ئەوە دەگێڕنەوە، ئەو دراوسێ عەرەبانەی کە بە شەخسی دەیانناسین و تێکەڵاویان لەگەڵدا هەبوون، بەبێ دوودڵییەکی ئەوتۆ چوونەتە ڕیزی داعشـەوە و ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە جینۆسایدەکەدا کردووە. ئەوان ڕۆڵیان هەبووە لە دەستنیشانکردنی خێزانەکان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و پاسەوانیکردنی دیلەکان و ئەنجامدانی کوشتن و ڕفاندن و کردەوە دڕندەکانی دیکە.
گرنگییە سیاسییەکەی ئەم شایەتحاڵانە بەڕاشکاوی ئەوە دەسەلمێنن، کە نزیکایەتیی جوگرافی و پەیوەندیی دراوسێیەتیی نێوان کورد و عەرەب هەمیشە کاریگەر نییە. ئەو خێزانە عەرەبانەی کە قوربانییەکان وەکوو هاوسێ لەگەڵیان ژیاون و مامەڵەی بازرگانییان پێکەوە هەبووە، توانییان لەژێر کاریگەریی هاندانی ئایدیۆلۆجی و داڕمانی دامەزراوەیی کوردستانیی و دوژمنایەتیی ڕەگەزپەرستانە و قازانجی تاکەکەسیدا، زۆر بەخێرایی لە لەناوبردنیان بەشدار بکەن.
ئەمە بەو مانایە نییە، کە دەبێ هەر دراوسێیەکی عەرەب، یان هەر کۆچبەرێکی عەرەبی هاوچەرخ وەکوو تاوانبارێکی شاراوە سەیر بکرێت. بەڵکوو مەبەستەکە ئەوەیە، کە لە هەلومەرجی تایبەتی کوردستاندا، پێکەوەژیان بەتەنیا زەمانەتی سەلامەتی دابین ناکات، لە کاتێکدا دامەزراوەی کوردستانیی لەرزۆکە و دیدگای بەرانبەر لەسەر بنەمای سڕینەوەی سیاسیی کورد دامەزراوە. ئەمە بە تایبەتی لە شوێنێکدا ڕاستە، کە نەتەوەیەکی لاواز، کە باسی سەروەرییەکەی وەکوو تاوان سەیر دەکرێت، توانای بەرگریکردنی لە خۆی سنووردارە و ئایدیۆلۆجیا دژەکوردەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هێشتا ئامادەییان هەیە.
بینیمان، کە ئەم ئامادەییە سیاسی و کولتوورییە بۆ دژایەتیکردنی کورد بە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش کۆتایی نەهات. بەرگریی بەرفراوانی بەشێک لە جیهانی عەرەبی لە هێرشەکەی چەند مانگ پێش ئێستای ئەحمەد شەرع بۆ سەر ڕۆژئاوا، شانبەشانی بانگەشەکردنی ئاشکرا بۆ “نوێژی فەتح” لە بەشێک لە میدیا و سۆشیال میدیای عەرەبیدا، ئەوە دەسەلمێنێت، کە تێڕوانینی سەرکوتکردنی مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد تەنیا پاشماوەیەکی مێژوویی بەعس نییە، و تەنیا لەنێوان نوخبەی فەرمانڕەوای دەوڵەتە عەرەبییەکاندا قەتیس نەماوە. لە هێرشەکەی بۆ سەر ڕۆژئاوا لە چەند ڕۆژی یەکەمیدا نزیکەی ١٥٠هەزار کوردی ئاوارە کرد. لە کاتێکدا، هێزەکانی دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی پێشوویان، بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر ئیدارەی کورد. تەنانەت بەشێک لە کوردەکان لە لایەن هاوسەنگەرانی پێشوویانەوە لە هەسەدە دا کرانە ئامانج.
ئەو هەڵمەتە گشتییەی میدیای عەرەبی، کە هاوڕێی ئەم هێرشە بوو، تووڕەییەکی فراوانی لە باشووری کوردستان لێ کەوتەوە، تاوەکوو ئەو ڕادەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەخشی چەند کەناڵێکی عەرەبیی ڕاگرت، لەوانەش ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیە. پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد هەروەها هەوڵی ڕێکاری یاساییان دا دژی ئەو کەناڵانە بەهۆی ئەو ڕووماڵەی کە وەکوو هاندەرێک بۆ ئاژاوەگێڕی و پشتیوانیکار لە ئەگەری کۆمەڵکوژیی کورد دەیانبینی.
ئەم پێشهاتانە نیشانی دەدەن، کە وێناکردنی بوونی کورد وەکوو بەربەستێک، کە دەبێت ملکەچ بکرێت، یان بسڕێتەوە، هێشتا لەناو زۆرێک لە حکوومەت و پێکهاتە سەربازییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان و بەشێکی فراوانی شەقامی عەرەبیدا بوونی هەیە. ناکرێت ئەم یەکگرتووییە بۆ قڕکردنی کورد وەکوو گوتارێکی بێکاریگەر پشتگوێ بخرێت. ئەم زمانە دەیسەلمێنێت، کە ئەگەری کارەساتێکی هاوشێوەی ئەنفال هێشتا وەکوو بژاردەیەکی کراوە پشتیوانیی لەناو بەشێک لە کولتووری سیاسیی جیهانی عەرەبیدا هەیە. ئەمەش پێمان دەڵێت؛ کە کێشەکە تەنیا ڕووداوێکی کاتیی، یان کاردانەوەیەکی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکوو دەرهاویشتەی عەقڵیەتێکی قووڵی پێکهاتەیی و مێژووییە، کە کورد دەبێ لە کاتی بیرکردنەوەی لە ئێستا و داهاتوویی خۆیدا بە جدی بە هەندی وەربگرێت.
دواوتە
لێرەدا، وەکوو دواوتە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو واقیعە مەترسیدارەی کە هێشتا هەڕەشەی سڕینەوەی تێدا زیندووە، پێویستە چەند ڕاستییەک وەکوو خۆیان ببینرێن. پڕۆسەی تەعریب و “خۆتەعریبکردنی” کورد دیاردەی ڕاستەقینە و بەرجەستەن. چەمکی حوکمڕانی لە عێراقدا، لانی کەم لە سەردەمی حیزبی بەعسـەوە، لەسەر بنەمای دەسەڵات و پاوانخوازیی ڕەهای عەرەب دامەزراوە. بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو ئامرازەکانیان لە جینۆساید و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و بۆردومانی کیمیایی بەکارهێناوە، تاوەکو ئایندەی کورد لەبار ببەن و هەر زەمینەیەک بۆ بوونی سیاسیی کورد وێران بکەن. ئەم کولتوورە سیاسییە، وەکوو دەبینرێت، بە شێوەیەکی زۆر زاڵ لە یاسا و دامەزراوەکان و کولتووری سیاسیی عێراقی دوای سەدامـیشدا بەردەوامە. جینۆسایدی شەنگال و ڕاگەیاندنی شاڵاوی ئەنفال دژی کوردانی ڕۆژئاوا و بەرگریی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی لە دەسەڵاتە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لە سووریا دژی کورد، هەموویان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کە تەعریب وەکوو کولتوورێکی سیاسی و دیاردەی حوکمڕانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیدا. لە دوای ٢٠١٧ـەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک پاشەکشە بووەتەوە و هاوپەیمانێتی و پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییە نوێیەکانیش وا دەرناکەون، کە لە بەرژەوەندیی ئایندەی کورد بن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، ناکرێت پەیوەندیی نێوان کوردستان و دەوڵەتی عێراق وەکوو پەیوەندییەکی فیدرالیی ئاسایی هاوشێوەی سویسرا، یان نێوان سکۆتلەندا و بەریتانیا شیکاری بۆ بکرێت. پەیوەندیی نێوان بەغدا و کوردستان لە ڕێگەی داگیرکاری و جینۆساید و بەعەرەبکردن و زەوتکردنی خاک و جێبەجێ نەکردنی دەستوور و ئینکارکردنی بەردەوامی سەروەریی کوردەوە پێکهاتووە. ڕەزامەندیی ئێستای بەغدا بە بوونی هەرێم زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی جیۆپۆلەتیکی دوای سەدام و نەبوونی بژاردەی دیکە.
داماڵینی ئەم پەیوەندییە لە مێژووی سیاسیی کورد لە عێراق و وەسفکردنی هاتنی عەرەب وەکوو جووڵەیەکی ناوخۆییی ئاسایی، شیکارییەکی بێلایەنانە نییە. بەڵکوو تێڕوانینێکە، کە مامەڵە لەگەڵ سنوورەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی عەرەب-تەوەردا وەکوو ڕاستییەکی بێکێشە دەکات و ئەو مێژووەی کە ئەمانەی تێدا سەپێندراوە نادیار دەکات. کاتێک بەشێک لە نوخبەی کورد ئەم تێڕوانینە دووبارە بەرهەم دەهێننەوە، ئەمە نیشانی دەدات، کە ئەوان لە بنەڕەتەوە ناتوانن لە قووڵایی کێشە مێژوویی و پێکهاتەییەکان تێ بگەن. ئەم بێ تواناییەش خۆی یەکێکە لە لێکەوتە کولتوورییەکانی پڕۆسەی بەعەرەبکردن و دیاردەی خۆبەعەرەبکردن.
لەلایەکی دیکەوە، پرسیارە پێکهاتەییەکە ناکرێت کورت بکرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا خێزانێکی دیاریکراوی عەرەب شایەنی هاوسۆزییە، یان مافی ئەوەی هەیە بەدوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێت. زۆرێک لەم کۆچبەرانە لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە لە زۆرێک لە کوردانی هەولێر و سلێمانی باشترن و لە مەترسییەکی دەستبەجێ هەڵنایەن، بەڵکوو بۆ ئاساییش و دەرفەت، یان سوودی ماددیی زیاتر دێنە کوردستان. پاڵنەرە تاکەکەسییەکانیان ڕەنگە جێگەی تێگەیشتن بن، بەڵام بێتاوانیی تاکەکەسی وا ناکات دەرئەنجامە دیمۆگرافییە کەڵەکەبووەکانیش لە ڕووی سیاسییەوە بەبێ مەترسی بن. پێوەرە یەکلاکەرەوەکە لێرەدا، تاقیکردنەوەی دۆخەکەیە بە پێچەوانەوە؛ ئایا زیاتر لە یەک ملیۆن کورد دەتوانن بچنە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی عەرەب، یان کەرکووک، لەوێ نیشتەجێ ببن و زەوی بکڕن، کۆمەڵگەیەکی چڕ دروست بکەن و تایبەتمەندییە زمانەوانی و دیمۆگرافییەکەی بگۆڕن بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی کۆتوبەندی یاسایی و سەفەربەریی سیاسی، یان دەستێوەردانی دەوڵەت ببنەوە؟ ئەگەر ئەمە بۆ کورد لە ڕووی سیاسییەوە خەیاڵێکی مەحاڵ بێت، ئەوا جوڵانەوەی ئێستای دیمۆگرافی بەرەو هەرێم ناکرێت بە سادەیی وەکوو پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاسایی و هاوسەنگ وەسف بکرێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، لەکاتێکدا کە دەبێت هەمووان هۆشیار بن بەرانبەر بە ڕاستییەکانی پڕۆسەی تەعریب و خۆتەعریبکردنی دەسەڵاتی کورد، پێویستە هەر تاکێکی کورد لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بوونی تاکی عەرەب لە کوردستاندا بکات. هەرچەندە ڕەنگە زۆرینەی ڕەهای ئەوان لە هەر کێشە و ململانێیەکی نێوان هەولێر و بەغدا دا لایەنگری بەغدا بکەن، بەڵام بەرپرسیارێتیی بوونی ئێستایان لە کوردستان ڕاستەوخۆ و بە تەواوی دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان. بۆیە هەڵوێستی دروستی سیاسی و ئەخلاقی ئەوە دەخوازێت، کە هەر ناڕەزایەتی و گفتوگۆیەک، یان دەربڕینێکی نیگەرانی بەرانبەر بەم دۆخە، تەنها ئاراستەی حیزبە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی کورد بکرێت. ئاراستەکردنی تووڕەیی، یان دەربڕینی ڕق بەرانبەر بە تاکی عەرەب، لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵەیە و لە ڕووی سیاسییشەوە کارێکی ئیستفزازی و ئاژاوەگیڕانەیە. لەبەر ئەوە، هەر کەسێک خەمی ئایندەی کوردستانی هەیە، دەبێت بەتووندی لەم جۆرە ڕەفتارانە دوور بکەوێتەوە.


