ماکیاڤیلی لە وتەیەکدا، دەڵێت؛ “ژیریی هەر فەرمانڕەوایەک، لە کەسانی دەوروبەرییەوە دەردەکەوێت”. لە ڕاستیدا، ئێمەی کورد دەتوانین سوود لە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی ماکیاڤیلی وەربگرین. بە تایبەتی لێکدانەوەی ڕەفتارە سیاسییەکانی لای خۆمان، بەستراوەتەوە بە هەندێک تێگەیشتنی نێگەتیڤی “ماکیاڤیلی”یەوە، کە سیاسەت کردەوەیەکی بەدەر لە “ئاکار و بەها”. تەنیا ئامانجی میرێکی بێ “بەها و پرەنسیپ”، بەردەوامیی دەسەڵاتەکەیەتی بە هەر ڕێگەیەک، کە هەبێت. ئەم بیرۆکە نێگەتیڤانەی ماکیاڤیلی، وەکوو پڕۆسەی سیاسی لە لای ئێمە بە شێوەیەکی ڕوون بەرچاو دەکەون، چونکە ئەو ڕێگەیانەی ئەمڕۆ بەها و پرەنسیپەکانی پێ دەگەیەنرێت، هەمان بەها و پرەنسیپەکانی لایەنە ڕەشەکەی دەرهاوێشتەکانی ئەقڵی ماکیاڤیلین. بۆیە هەر کەسێک بیەوێت ئەقڵییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخوێنێتەوە، دەتوانێت گەلێک سوود لە تیۆر و میتۆدی ماکیاڤیلی (١٤٦٩-١٥٢٧) وەربگرێت، چونکە دۆخی ئێمە زۆر نزیکە لە لایەنە تاریکەکەی هۆشمەندی و ئەقڵانییەتی ماکیاڤیلی. ئیدیکە هەر شتێکمان وەکوو ئایین و سیاسەت بیر و کارەکتەر” لە ئەقڵانییەت بەدەرە، بۆیە ڕەنجێکی گەورە دەدەین و بەرهەم و ئەنجامی بچووک وەردەگرین.
بە گشتیی، تێڕوانین و ڕێکخستنە سیاسییەکان بۆ هەوڵی تێگەیشتن و گۆڕینی دەوروبەرە، بە تایبەتیش دۆخی ئێمە، کە ماسکێکی زۆری پۆشیوە، بۆیە ڕێگە لەبەردەم شیکردنەوەکان بە میتۆدی ماکیاڤیلی دەگرێت. ڕاستە ئەمڕۆ جۆرەها ماسک لە لای ئێمە بەکاردێن، کە هەندێکیان فۆڕمی میتۆدی ماکیاڤیلی دەشارنەوە، بەڵام هەر کەسێک بە شێوەیەکی پێکهاتەیی ئەم تێکستە سیاسییانە بخوێنێتەوە، سەرەداوەکانی هاوشێوەیی تەونی ماکیاڤیلی لەگەڵ دۆخی ئێمەدا بۆ دەردەکەوێت. خوێندنەوەی تێکستی بارودۆخە سیاسییەکانی ئێمە، بە تایبەتی لەم سەردەمە مێژووییانەدا، خۆیان بە شێوەیەکی خۆرسک لەگەڵ ئەم بیرۆکانەی ماکیاڤیلی بەراورد دەکەن. زۆربەی ئەو پارادۆکسانەی ئەم جۆرە تێکستانەی پێ بارکراون، تەواوی گفتوگۆی پارادۆکسی بیرۆکە پەراوێزییەکانی ئەم تێکستە نادەگرێتەوە، بەڵکوو تەمەشا و تێگەیشتنە سەرەکییەکانی ئەم سیاقە، کە لەسەری بنیادنراوە، دەگرێتەوە. قووڵیی ئەم پارادۆکسانە، کێشە ڕاستەقینەکانی بیرکردنەوە و گەڕان وەکوو فۆڕمێکی شیکردنەوە و تێگەیشتن بەرچاو دەکات. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە، گەڕانە بە دوای میتۆدێکی جیاواز لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێمەدا، کە هەوڵێکی دیکەیە بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخەکەمان. ئەم تێڕوانینە هەمەلایەنانەی ماکیاڤیلی وایکردووە، گەلێک لە فەیلەسووف و بیرمەندان فەلسەفەی ناوبراو وەکوو تێڕوانینێکی میتۆدی بۆ بیرۆکە سیاسییەکان بونیاد بنێن، لە بیرکردنەوەی ڕووتەوە بۆ زانستێک، کە ڕووداوە واقعیەکانی لەسەر بنیات دەنرێت. ئێمە بەهۆشیارییەوە، مامەڵەمان لەگەڵ شێوازی گۆڕانکارییەکانی خوێندنەوەی کردەوە سیاسییەکان نەکردووە، تاوەکوو مەودای نێوان ئارەزوو و واقع لێکجودا بکەینەوە. لەبەر نەبوونی سیاقی مێژوویی و خوێندنەوە و شیکردنەوەی تێکستەکانی ناوچەکە، لاواز و هەژار بەرچاو دەکەون.
دیارە ڕێچکە و خەباتی لایەنە پۆزەتیڤەکەی ماکیاڤیلی، ڕێگەی تیۆرە سیاسییەکانی کە بە “پەیمانبەستنی کۆمەڵایەتی” ناو دەبرێن، خۆشکردووە. بۆیە ماکیاڤیلی هەموو سیفەتەکانی تیۆرسێنەرێکی سیاسی-لیبراڵی تێدایە. لە پەرتووکی “میر ــ The Prince/1513″دا، سێ ڕەگەزی “میر و دەسەڵات و هێزی گەل” بەرچاو دەکەون، کە هەرسێکەیان چاودێریی یەکتر دەکەن. هەروەها ماکیاڤیلی لە پەرتووکی “میر”دا دەڵێت: “مەودایەکی بەربڵاو لەنێوان چۆنیەتی ژیانی مرۆڤ و چۆنیەتی ژیانی ئارەزووکراویدا هەیە”، کە مەودای نێوان واقع و ئۆتۆپیا لێکجودا دەکاتەوە. ئەمەش لایەنێکی دیکەی ئەرێنیی ماکیاڤیلییە، کە ڕێگەی بیرۆکە لیبراڵییەکان بۆ عەلمانییکردنی ڕەوشت و پرۆژەی سیاسی وەکوو بەهایەکی ڕێکخراوی پڕۆسەی کۆمەڵایەتی تەخت دەکات. هەروەها لە ئەورووپاش، بە تایبەتی لە سەردەمە نوێیەکاندا، دەوڵەت-ماکیاڤیلی، بووە بنەمای عەلمانی و شۆڕشە سیاسییەکان، کە لەسەر بنەمای ڕێنیسانس بونیاد نرابوو.
ڕاستە مێژووی دەوڵەت دوو قۆناغی “ئایینی” و “گەردوونی” بڕیوە، بەڵام لە سەدەی شازدەدا، سیاسەت لە “ڕەوشت” و “ئایین” جیاکرایەوە (*). بە تایبەتیش، دوای ئەوەی ماکیاڤیلی “دەوڵەتی لە سەرووی کەس و یاسا و ڕەوشت و ئایینەوە دانا”. ڕاستە ماکیاڤیلی ڕەوشت لە سیاسەت بە دوور دەگرێت، بەڵام ئێمە ڕەوشت بە ئایینەوە دەبەستینەوە، چونکە هۆشمەندی و دەوڵەتانی ناوچەکە، لەسەر ئەقڵییەتی دەرەبەگایەتی و ئایینی دروستبوون. ئەم شۆڕشانە بوونە کۆڵەکەی سەرەکیی دەوڵەت، بە تایبەتی دوای ئەوەی “ماکیاڤیلی لە سەردەمی خۆیدا، دەسەڵاتی کەنیسە و دەوڵەتی لەیەکتر جیاکردەوە و هەوڵی دانانی پرۆژەیەکی نوێیدا”. بەم وتە و مەبەستە، ماکیاڤیلی دەرگایەکی بەربڵاوی لەبەردەم تیۆرسێنەرانی بواری ئایینی و سیاسیی نەیارانی خۆیدا کردەوە، هەر لە هۆبس (Hobbes)ەوە تاوەکوو دەگاتە ڤێبەر (Weber). هەروەها ئەو سەردەمەی ماکیاڤیلی سیاسەت لە ڕەوشت و ئایین دوورخستەوە، ئەوکات بەرەیەکی گەورە لە ڕێگەی ئایینپەروەر و کۆنەپەرستانەوە دژی ئەو دروستبوو، تاوەکوو ئەو ڕادەیەی “ماکیاڤیلی لە بیری خەڵکدا وەکوو هاوشانی شەیتان دەناسران”. لەبەرئەوە “بە بڕیاری کەنیسەی کاتۆلیکی لە ١٥٥٩، پەرتووکەکانی ماکیاڤیلی سوتێنران و قەدەغەکران”. بەم هۆکارانە، ماکیاڤیلی لە سەردەمی خۆیدا باش نەخوێنزرابووەوە، بۆیە تێڕوانینی نێگەتیڤی بەسەردا بڵاوکرایەوە. وەکوو نموونەکەی شەکسپیر، کە لە شانۆگەریی “ژنە خۆشەکانی ویندسۆر لە ١٦٠٢”دا دەڵێت: “چۆن، مەگەر من خەڵەتێنرم؟… مەگەر خۆم ماکیاڤیلیم؟”
ڕاستە ماکیاڤیلی، دەسەڵات لەنێوان هێز “شێر” و فێڵبازی “ڕێوی”دا دابەش دەکات، بەڵام ئەمڕۆش سیاسەت لەنێوان “هێز و بیر”دا دەکرێت. وەکوو پێشتر ئاماژەی پێدرا، زۆربەی خەڵک ماکیاڤیلی وەکوو پیاوی میرە ستەمکارە بێبەها و پرەنسیپەکە دەناسن، کە تەنیا ئامانجی بەردەوامیی دەسەڵاتەکەیەتی. بۆیە ماکیاڤیلی لە ڕێگەی پەرتووکەکەی “میر”دا دەڵێت، فۆڕمی سیستەمە میراتییەکان فەرمانڕەوایی ڕادەستی کەسێک دەکەن، بەڵام سیستەمی کۆماری ئازادی دەردەخات، بەڵام دیارە ماکیاڤیلی سیستەمی دووەمی هەڵبژارد. بەم تێگەیشتنە، لێدوانەکانی ماکیاڤیلی لە هەموو تێکستە سیاسییەکانی دیکە زیاتر کەوتوونەتە بەر بەئاگاهێنانەوە و گفتوگۆ. هەروەها زیاتر ئامادەیی خۆیان لە بیرکردنەوەی کردەوە سیاسییەکان و بەدوورگرتن لە مۆراڵ و بەهادا هەیە.
لە سەر بەڵگەی هەندێک سەرچاوەی مێژوو، ماکیاڤیلی لە پەرتووکی “میر- بەشی چواردە و هەژدە”دا، وتەی “هەموو ڕێگەکان دەچنەوە ڕۆما”، گۆڕیوە بۆ “ئامانج-مەبەست، ڕێگە بە ئامرازەکان دەدات”، چونکە بە گوێرەی بیری ماکیاڤیلی پرسی نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی و یەکگرتنی ئیتاڵیا هێندە دەهێنێت، کە مرۆڤ هەموو ڕێگەیەک بەکار بهێنێت. بە تایبەتی کاتێک “ماکیاڤیلی لە بەشی کۆتایی پەرتووکی میردا، باسی سەربەخۆیی ئیتاڵیا دەکات”.
بە گوێرەی سەرجەم پێوەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ژیانێکی بێ بیرکردنەوە، لە ڕەوشێکی “بەڕێوەبردنی ئاژاوەدا” تێدەپەڕێت. ئیدیکە ئەگەر یەکێک لە سەرچاوەکانی ئێمە بۆ سیاست و حیزبایەتی ماکیاڤیلی بێت، ئەی ئێمە هێشتا پڕۆژەی ماکیاڤیلی زیاتر خۆی لە ڕستەی “ئامانج-مەبەست ڕێگە بە ئامرازەکان دەدات” نەناسیوە، بەڵام گرنگی و دڵسۆزیی ماکیاڤیلی و گرامشی بۆ ئیتاڵیا – باشووری ئیتاڵیا وەکوو یەکە، کە ئیتاڵیای باکوور- پیشەسازی و باشوور- جووتیارییە. مرۆڤ ئەمەی یەکەم بەڕوونی لە ڕێنماییکردنی ماکیاڤیلی بۆ میرەکەی لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە: گرنگی بە شار “فلۆرەنسا” بدە، دەسەڵاتت بەسەر تەواوی ئیتاڵیادا بەرفراوان بکە و بیکە بە یەک و فۆڕمی فەرمانڕەوایی بپۆشە. بەمەش ماکیاڤیلی بە تایبەتی لە سەدەی هەژدەدا زیاتر ناسرا، بۆیە “ماکیاڤیلی، بە پێغەمبەری یەکگرتنی ئیتاڵیا ناوزەندکرا”. دیسان ماکیاڤیلی بۆ شێوازی فەرمانڕەوایی بە میرەکەی دەڵێت؛ گرنگی بە گەل و سوپا بدە و ئاگاداری هێزە دەرەکییەکان ببە. سەرباری ئەوەش، ماکیاڤیلی میرەکەی بە چوار خاڵ ڕێنمایی دەکات:
١. لە شاری فلۆرەنسا جێگیر ببە.
٢. کار بۆ پشتیوانیی خەڵک بکە.
٣. شوورە دروست مەکە.
٤. خەڵکەکەت چەکدار بکە، تاوەکو ببن بە سوپا.
بەم گرنگییەوە، هەرچەندە دەوڵەمەندی و فرەلایەنیی فەلسەفەی هیگل گەشتبووە ئاستێکی ئەوەندە بەرز، کە بە “ناپلیۆنی بیرکردنەوە” ناوزەند بکرێت، بەڵام دیسان گرنگیی ماکیاڤیلی تاوەکوو ئەو ڕادەیە بوو، کە کەسێکی وەکوو “هیگل خەونی دەبینی، کە ببێتە ماکیاڤیلیی سەردەمەکەی خۆی”.
هەروەها لویجی ڕوسویش، ماکیاڤیلی بە هونەرمەندی سیاسی ناوزەند دەکات. ئاوا هەڵوێستی فەلسەفی-سیاسیی ماکیاڤیلی ئامادەییەکی بەرچاو هەیە، چونکە ئەمڕۆ ئەو بەها و پرەنسیپانەی ماکیاڤیلی بەسەر جیهاندا زاڵبوون، بۆیە پاول ژانێت (Paul Janet) دەڵێت؛ “ماکیاڤیلی بەخۆی دامەزرێنەری زانستی سیاسیی نوێیە”. سەرباری ئەوەش، ماکیاڤیلی بنەما و ئاماژەیەکی لە سیاقی مێژوویی و سەردەمی مۆدێرنیزمی ئەورووپیدا دانا. بۆیە فەلسەفەی ماکیاڤیلی بەشدارە لە گۆڕانکارییەکانی مۆدێرنیزم، کە لە ئەورووپادا ڕوویاندا. هەروەها ماکیاڤیلی لە هێڵی سیاسی، بەردی بناغەی زانستی سیاسیی هاوچەرخی دانا. بۆیە لە لەندەن ٢٠١٣، دیدارێکی تایبەت لەسەر گرنگیی فەلسەفەی ماکیاڤیلی و بە تایبەتی پەرتووکی “میر” سازکرا. مرۆڤ دەتوانێت گرنگیی بیر و فەلسەفەی ماکیاڤیلی لەسەر گەل لە چەند خاڵێکدا کۆبکاتەوە:
١. ئامانجەکانی گەل، زۆر لە ئامانجەکانی میرەکان قورستر و گرنگترن.
٢. شۆڕشی گەلانی ئازاد، بە سەختی زیان بە ئازادی دەگەیەنێت.
٣. ئارەزووی گەل، کاغەزێکی مسۆگەری بەردەوامیی میرە لە پۆستەکەیدا.
٤. ئارەزووی گەل، باشترین پارێزگاری و چارەسەری مەترسیی پیلانگێڕییەکانە لەسەر میر.
٥. گەل کەرەستەیەکی زامندارە، کە میر پشتی پێ ببەستێت بۆ پێکهێنانی سوپایەکی نەتەوەیی.
ئایا ئێمە دەتوانین پڕۆسەی سیاسی خۆمان لە بیرۆکە ئایینییەکان خاڵی بکەینەوە؟ دیارە دوای ساڵانێکی زۆر و درێژخایەن، دەسەڵاتی تیۆکراسی و ئۆتۆکراسی فەرمانڕەوایی و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەبووە. لە ئەنجامدا، پڕۆسەی سیاست لە ڕۆژئاوا عەلمانییەتی بەرهەمهێنا و ئەوەی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرووپی جیهادی و توندڕەوی بەرهەمهێنا. مرۆڤ ناتوانێت خوێندنەوە بۆ دامەزراندنی ئێپیستیمۆلۆژیای سیاسیی نوێ بکات، بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینەکانی ماکیاڤیلی. ئەمەش بە گوێرەی سیاقە میتۆدییەکان مرۆڤ ڕووبەڕووی پرسیارێک دەکاتەوە: ئایا “چۆن ماکیاڤیلی بخوێنینەوە؟” ئایا تەنیا لە ڕێگەی پەرتووکی “میر”، یان سەرجەم بەرهەمەکانی بخوێنینەوە؟
• ڕاستە هەر لە کۆنەوە، سیاسەت وەکوو تێگەیشتن، هونەری بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیی بووە، بەڵام سیاسەت وەکوو کردەوە بووە بە دوو بەش، بەر لە ماکیاڤیلی سیاسەت بە ڕەوشتەوە بەستراوەتەوە “پلاتۆن و ئەرستۆ”. پاشان، ماکیاڤیلی سیاسەتی لە ئایین و ڕەوشت جیاکردەوە. دیارە ئەمەش هەمووی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەکان بووە.


