ئەو پڕۆژەیاسایەی کە پەرلەمانی تورکیا، بە واژۆی نوێنەرانی کوردیش؛ بەم شێواز و ناوەڕۆکەی ئێستای دەنگی لەسەر دراو دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، کەواتە دەرەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی لەسەر داهاتووی پرسی نەتەوەی کورد لە تورکیا بە ئەگەری زۆرەوە بەو ئاراستەیەدا دەچن، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم.
یەکەم: کۆتاییهاتنی قۆناغی خەباتی چەکداری لە باکوور
لەلایەک، تەڤگەری باکوور (ئاپۆچییەکان) بە ئەگەری زۆرەوە قۆناغی خەباتی چەکداری بە کۆتا دەهێنێت، هەرچەندە دەنگۆیەک هەیە، بە ئاراستەی ڕەتکردنەوەی یاساکە. بەڵام لە دۆخە چاوەڕوانکراوکەدا، دەوڵەتی تورکیا توانی بە سەرکەوتوویی گەورەترین و ڕێکخراوترین بزووتنەوەی کوردی چەک بکات و کۆتایی بە مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە و ئایدیۆلۆجیایە بهێنێت. خەباتی چەکداری، کە چەندین دەیەیە بەردەوامە، بە تەواوی ڕادەگیرێت، یان تووشی ئیفلیجبوونێکی فیزیکی تەواوەتی دەبێت.
خۆشمان ئەگەر لۆجیکیانە لە ئەنجامەکانی ئەو ململانێ چەکدارییەی تەڤگەری باکوور و دەوڵەت بڕوانین، بە هەموو پێوەرەکان زەمانێکە بە بنبەست گەیشتووە. هۆکارەکان هەرچی بن گرنگ نییە، گرنگ دەرەنجامەکەیە. لەو بارەیەوە جەیمس فیرۆن، کە پسپۆرێکی بواری زانستە سیاسییەکانە، لە چوارچێوەی تیوریی شەڕی ئەقڵانیدا، پێی وایە، کە شەڕ گرنگترین ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئەکتەرە ئەقڵانییەکان، کە زانیان تێچووی جەنگ زیاترە لە دەسکەوتەکانی و لە ڕێگەی سەربازییەوە ناتوانن سەرکەوتن بەدەستبێنن، لۆجیکی ئەقڵانییەت حوکم دەکات، کە شەڕ بوەستێندرێت و بگوازرێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و بیر لە بەدیل بکرێتەوە. هەر بەو ئاراستەیەشەوە، چەمکێک هەیە بە ناوی “بنبەستی ئازاربەخش”، لە چوارچێوەی یەکێک لە ناسراوترین تیۆرییەکانی چارەسەرکردنی پێکدادان، لە لایەن ویلیام زارتمەن داهێندراوە. لێرەدا، کە دوو لایەنی شەڕکەر دەگەنە خاڵێک، کە ناتوانن سەرکەوتنی سەربازی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنن، بەرەو دایەلۆگ و وەستاندنی شەڕ دەڕۆن. لەو بارەیەشەوە زارتمەن دەڵێت؛ “ئەم بنبەستە خاڵی پێگەیشتنی پڕۆسەی ئاشتییە”. لەم ساتەدا سەرکردە ئەقڵانییەکان درک بەوە دەکەن، کە بژاردەی سەربازی تووشی بنکۆڵبوون بووە، بۆیە واز لە چەک دەهێنن و پەنا دەبەنە بەر چارەسەری سیاسی.
بەو جۆرە، لە باکوور مەترسی لەناوبردنێکی بەکۆمەڵ دووردەخرێتەوە، بەشێک لە گەریلاکان و کادیرەکان دەگەڕێنەوە ناو ژیانی مەدەنی یان سزاکانییان دوا دەخرێت، کە ئەمەش بەشێک لە بەدەستەوەدانی توانا مرۆییەکان دەپارێزێت و بەهێواشی دەکرێت لەڕووی دەروونییەوە ژیانیان ئاسایی ببێتەوە.
دووەم: گواستنەوەی خەبات بۆ گۆڕەپانی مەدەنی و پەرلەمانی
بەپێی زۆرێک لە چاودێرە سیاسییەکانی باکوور، ڕەوتی خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بە تەواوی دەکەوێتە سەر شانی پارتە سیاسییەکان (کەیسە مەدەنییەکان و پەرلەمان). بەو جۆرە دەوڵەتی تورکیا ئیدیکە ناتوانێت بە ئاسانی هەموو داواکارییەکانی مەدەنی، یان هەڵوێستی پەرلەمانتاران بباتەوە سەر مێزی “تیرۆر” و “بیرۆکەی پشتگیریکردنی ڕەوتی پەکەکە”، یان “ڕەوتێکی جوداخواز”، چونکە بونیادێکی چەکداری نامێنێت. ئەو ئارگیومێنتە تاوەکوو چەند ڕاستە، ئەوە داهاتوو دەیسەلمێنێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا بەپێی دراوە هەنووکەییەکان؛ گومان لەوەدا نەماوە تەڤگەری باکوور، کە خۆی لە ڕەوتی پەکەکەدا دەبینێتەوە، بە بنبەست گەیشتووە و دەبێت دەرچەیەک هەبێت بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی.
ئەمە بە دڵنیایی دەرگایەک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی دەکاتەوە، کە خۆیان لە بزووتنەوەی مەدەنی فرەڕەهەند و سەردەمیانەدا ڕێک بخەن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ڕای گشتیی تورکیا، خۆی پێناسە بکاتەوە و بە شێوازی جیاواز لەپێناو مافە نەتەوەییەکانیدا خەباتی خۆی درێژە پێ بدات. ئایا ئەو دەرگایە بۆ خەڵک دەکرێتەوە؛ ئەوەش لە لایەک پەیوەندی بە دنیابینی ڕەوتی زاڵی پەکەکەییەکاندا هەیە، بە پێچەوانەشەوە ئێمە نازانین کۆمەڵگەی کوردی لە باکوور، چی لە هەناوی خۆیدا حەشارداوە.
سێیەم: دروستبوونی لێکترازانی ناوخۆیی و قەیرانی شەرعییەت
بەشێکی بەرچاوی خەڵکی باکووری کوردستان “بە تایبەتی وەچەی نوێ و ناسیۆنالیستە کوردستانییەکان”، ئەم پڕۆسەیە وەکوو شکست و خۆبەدەستەوەدانێکی بێ قەید و شەرت” دەبینن. چونکە پێیان وایە، کە ئەو پڕۆسەیە هیچ دەستکەوتێکی دەستووری ڕوونی وەکوو “خوێندن بە زمانی دایک و خۆبەڕێوەبەری؛ وەکوو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرا، یان دانپێدانانی فەرمیی بە ناسنامەی کوردی” لەم پڕۆژەی بەناو ئاشتی جێگەی بۆ نەکراوەتەوە و فۆڕمولە نەکراوە.
لەپاڵ ئەو خاڵەی سەرەوەشدا، بەپێی هەندێک زانیاری پێدەچێت دابەشبوونێک لەناو دەستەبژێری سیاسی پەکەکە و تەنانەت دەم پارتیـشدا، هەبێت. ڕەنگە جیاوازییەکی قووڵ لەنێوان ڕوانگەی ئاپۆ و سەرکردایەتی قەندیل و سیاسییەکانی ناو دەم پارتی دا هەبێت، یان لە داهاتوودا دروست ببێت، بە تایبەتی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆسەیە، کە زۆرێک لە چاودێرانی کورد وەک “خۆبەدەستەوەدان” وەسفی دەکەن.
چوارەم: دروستکردنی “تەڵەی یاسایی و سیاسی” لەلایەن دەوڵەت
وەکوو لە دەقی ماددەکەدا دیارە، لەپاڵ “بە تیرۆر ناساندنی بزووتنەوەی پەکەکە و کەجەکە و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە پەیوەندییان بەوانەوە هەیە”؛ لەولاەوەش “دواخستنی سزاکان بۆ پێنج تاوەکوو دە ساڵ”، دەوڵەت تەڵەیەکی ڕوون و ئاشکرای لەبەرچاوی هەموو کورد و لەبەرچاوی تەڤگەریش، داناوەتەوە. ئەمەش هەر بە ڕاشکاوی تەڵەیەکە، بۆ ئەوەی کەی پێویستی کرد، پەنای بۆ ببات و نەهێڵێت کەس لە پێستی خۆی بجوڵێتەوە. ئەوکات شەرعیەتەکە بەتەنیا هی دەوڵەتە، چونکە خودی نوێنەرانی کورد و تەڤگەر جڵەوەکەیان داوەتە دەست دەوڵەت و بەدەستی خۆیان واژۆیان خستووەتە سەر ئەو شەرعیەتە (ئەو دەقە یاساییەی پەرلەمان). لە وەها دۆخێکدا، هەر یەکێک ناوی کوردستان، یان ناوی نەتەوەی کوردیش بهێنیت، ئەوان دەڵێن وەرە تۆ پاشماوەی تیرۆریت و دەبێت بچیتە زیندانەوە.
کەواتە دەوڵەت هەمیشە کارتی چاودێریکردن و چالاککردنەوەی سزاکانی لە دەست خۆیدا هێشتووتەوە. ئەگەر لە داهاتوودا، هەر بزووتنەوەیەکی مەدەنیی کوردی، سنوورەکانی دەستەڵاتی دەوڵەت ببەزێنێت، ئەنقەرە دەتوانێت لە چاوتروکانێکدا بڕیارەکان هەڵبوەشێنێتەوە و جارێکی دیکە قۆرۆجی و جەندرمەکانی ڕابسپێرێت بۆ ڕەشبگیری و بە سەدان چالاکوانی مەدەنی ڕاپێچی زیندان بکاتەوە.
تەرازووی سوود و زیانەکان
بۆ دەوڵەتی تورکیا و حیزبی دەستەڵات و دەستەبژێری سیاسیی تورک، ئەوەی دەگوزەرێت سەرکەوتنێکی گەورە و فرەڕەهەندە، لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەیە و کێشەی چل ساڵەی چەکداریی چارەسەر دەکات، بەبێ ئەوەی دەوڵەت هیچ باجێکی دەستووری، یان سیاسی بدات و بەبێ ئەوەی کورد هیچ مافێکی بنەڕەتی بەدەست بهێنێت، بێجگە لە مافی بێدەنگبوون.
بۆ پرسی کورد و داهاتووی باکووری کوردستان، بازدانێکی بە ئازارە لە خەباتی سەربازییەوە بۆ خەباتێکی نیمچە مەدەنی. لێرەدا، کورد لە ڕووی سەربازییەوە دۆڕاندوویەتی و دەستبەرداری دروشمە گەورەکان دەبێت، بەڵام بۆی هەیە جۆرێک لە ئارامی کۆمەڵایەتی و هەڵکێشانی پشوویەک، یان هەناسەیەک بێت، یان جۆرێک لە خەباتی سیاسی مەدەنی ناو پەرلەمان و کۆمەڵگەی مەدەنی بێت. ئایا ئەم خەباتە مەدەنییە لە داهاتوودا، مافە ڕەواکانی کورد دەهێنێتە دی؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەندە بە لێهاتوویی و یەکگرتوویی سیاسی و هۆشیاری نەتەوەیی نەوەی داهاتووی کورد لە باکوور.
بەپێی زانستە سیاسییەکان و تیۆرییەکانی جەنگ، پەڕاوێزخستنی شەڕی چەکداری، کە دەگاتە بنبەست، نیشانەی خۆبەدەستەوەدان، یان ترسنۆکی نییە، بەڵکوو ئەنجامی هەژماکردنێکی تەواو ئەقڵانییە بۆ پاراستنی هێزی بەشداربووان و ڕێگریکردن لە لەناوچوونی فیزیکی و گواستنەوەی جەنگەکە بۆ گۆرەپانێکی دیکەی وەکوو “دیپلۆماسی و خەباتی مەدەنی، یان گەشەپێدانی ئابووری”، لە کاتێکدا خەباتی چەکداری توانای بەخشین و دەستکەوتی نەمابێت.
بەڵام کێشەکە لەو خاڵەی پێشەوەدا نییە، بەڵکوو لەو دنیابینی و دید و ڕوانگەیەدایە، کە هەر بزووتنەوەیەک هەڵیان دەگرێت بۆ قۆناغی ئاشتی. ئایا پاراستنی زمان و کولتوور و مافە مەدەنی و سیاسییەکانی کورد لە باکوور، لە بەرنامەی ئەو بزووتنەوەیەدا هەن؟ یان بەپێی تێگەیشتنی چەمکی ئینتەگراسیۆن، لە لایەک تێکەڵبوونی کۆمەڵگەی کوردییە بە بەها و نۆرمە باوەکانی دەوڵەت، لەلایەکی دیکەشەوە، پارێزگاریکردن لە زمان و کولتوور لە قۆناغێکی جڤاکییەوە یان “ڕەفتاری پێکەوەییەوە” (Collective Behaviour)؛ دەگوازرێتەوە بۆ پرسێکی تاکەکەسی، لەو حاڵەتەدا؛ واتە لە حاڵەتی گوێنەدان بە ڕەفتاری پێکەوەیی، کۆمەڵگەی باکووری کوردستان لەبەردەم مەترسیی توانەوەیەکی ڕاستەقینەدا دەبن.



