سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بێدەنگیی لە “پارێزگاری” کەرکووک کارەساتبارە

عارف قوربانی

لە چەند ڕۆژى ڕابردوو سەمعان ئاغا، پارێزگارە تاقانە تورکمانەکەى مێژووى کەرکووک، لەمیانى چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هەڵوێستى خۆى دژ بە ماددەى 140ى دەستوورى عێراق خستەڕوو. ئەو ماددەیەى بەشێکى ناوەڕۆکەکەى پەیوەستە بە ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکووک‌ـەوە.

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین لە وڵاتە دیموکراسییەکان و ئەو وڵاتانەى وەک عێراق‌ـیش کە تەنها بە ڕووکەش دیموکراسین، هەموو هاووڵاتییەک مافى ئەوەى هەیە بیروڕاى خۆى دەربارەى دەستوور بخاتەڕوو، ڕەخنەى لێ بگرێت، یاخود ڕەتى بکاتەوە؛ بەڵام کاتێک لە ڕاپرسیدا بە دەنگى زۆرینەى هاووڵاتییان پەسند دەکرێت، ئیدی دەبێت هەموو هاووڵاتییانى ئەو وڵاتە ڕێز لە بۆچوونى زۆرینە بگرن و پابەندى بەند و بڕگە و ڕێسا و یاسا دەستوورییەکان بن.

ئەگەر هاووڵاتییەک دەنگى بە “نەخێر” دا بۆ پەسندکردنى دەستوور، بەڵام زۆرینەى خەڵک دەستوورەکەیان پەسند کرد، ئازادى و دیموکراسى ماناى ئەوە نییە ئیدی ئەوانەى دەنگیان بە دەستوور نەداوە و باوەڕیان پێى نەبووە، بۆیان هەبێت دژى دەستوور بن، بە پێچەوانەوە دەبێت پابەندى بۆچوونى زۆرینە بن. بەتایبەتیش ئەوانەى لەناو جومگەکانى حوکمڕانیى دەوڵەت پۆست و پلەى بەڕێوەبردن وەردەگرن، دەبێت ملکەچى هەموو بەند و بڕگە دەستوورییەکان بن. لەناو ئەوانەشدا بەشێک لە پۆست و پێگە گرنگەکان جگە لە پابەندییە گشتییەکە دەخرێنە بەردەم سوێندخواردنى یاساییەوە، “سوێند دەخۆن لەبەردەم خوا و گەل بەرپرسیار دەبین لە جێبەجێکردنى ئەرکە یاسایى و دەستوورییەکان.” پۆستى پارێزگار یەکێکە لەو پێگە ئیدارییانەى سوێندى دەستووری دەیگرێتەوە.

ئەرکى پەرلەمان وەک چاودێر لەسەر دەسەڵاتى جێبەجێکردن، هەروەها چەندین دامەزراوەى دیکەى دادوەرى، ئەرکدار کراون بۆ چاودێریى جومگەکانى حوکمڕانى تاوەکوو پابەندى بەند و بڕگە دەستوورییەکان بن. لە هەر کوێیەکدا لادانى دەستووری هەبێت، دەبێت ڕێى لێ بگیرێت و ڕاست بکرێتەوە.

پارێزگارى ئێستاى کەرکووک کە لە سەفقەیەکى نهێنى و کەین و بەینێکى ژێربەژێردا ئەو پۆستەى دراوەتێ، لەکاتى ڕاپرسیى دەستووردا ساڵى 2005 ئەوان وەک (جەبهەى تورکمانى) هەڵوێستى خۆیان دژ بە مادەى 140 خستووەتەڕوو، بەڵام پێچەوانەى بۆچوونى بەرەى تورکمانى، زۆرینەى ڕەهاى خەڵکی عێراق ئەو بەندە دەستوورییەى پەسند کردووە. بۆیە وەک هەریەک لە بەند و بڕگەکانى دیکەى دڵخوازى سەمعان ئاغا، مادەى 140یش مادەیەکى زیندووى دەستوورە و دەبێت ئەو و جەبهەى تورکمانیش پابەندى بن.

بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى لە 10 ساڵى ڕابردوودا جەبهەى تورکمانى سکاڵایان بردە دادگاى فیدراڵى بۆ ڕوونکردنەوە دەربارەى وادەى جێبەجێکردنى مادەى 140، داواى ڕوونکردنەوەیان لە دادگاى فیدراڵى کرد، دادگا بە قەتعى ئەو بابەتەى کۆتایی پێهێنا کە مادەى 140 مادەیەکى بەرکارە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.

بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک نییە ڕەوایەتى بداتە پارێزگارى کەرکووک، لەبەر ئەوەى خۆى باوەڕى بەو مادەیە نەبووە یاخود دژى بووە، ئێستا بانگەشەى ڕەتکردنەوەى ئەو مادە دەستوورییە بکات. بە پێچەوانەوە ئەو وەکوو پارێزگارى کەرکووک کە بەشێکى ئەو بەندە دەستوورییە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەى کەرکووک، مولزەمە بە جێبەجێکردنى ئەو ئەرکە دەستوورییە.

کاتێک لە کەناڵێکى تەلەفیزیۆنییەوە دژایەتیى ئەو مادە دەستوورییە دەکات، دەبوو هەر دەستبەجێ پەرلەمانى عێراق، دادگاى فیدراڵى و سەرۆک کۆماریش وەک پارێزەرى دەستوور، بەدەنگ بهاتبان و بە خێرایى لە پۆستى پارێزگار دووریان بخستایەتەوە؛ بەڵام ئیدى ئەوە عێراقە، هیچ کاردانەوەیەکمان نەبینى. لە کاتێکدا هیچ کەلێنێکى دەستووری و یاسایى نییە ڕێگە بەوە بدات کارەکتەرێک لە پێگەى بەڕێوەبردنى دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە، لەژێر هیچ پاساوێکدا دژایەتى بۆ دەستوور دەربڕێت.

چاوەڕوانکراوە لایەنى عەرەبى بە سوننە و شیعەوە، هەڵوێست وەرنەگرن و دوور نییە بۆ ئیستفزازکردنى کورد پێشیان خۆش بێت؛ بەڵام سەیر لەوەدایە ئەى لایەنى کوردى خۆى بۆ هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکى یەکلاکەرەوەى نییە؟ ئیدی ئەویش دەردە کوردە، بەهۆى ناکۆکیى نێوخۆیى و خۆمەڵاسدان لە سەنگەر دژ بە یەکدی، زۆر ئاگایان لە مەترسییەکانى دەرەوەى خۆیان نەماوە.

ئەم بابەتە دەربڕینى هەڵوێست و دید و تێڕوانینى کەسێک نییە، بەڵکوو ئەجێندایەکە و لە داهاتووى نزیکدا کارى زیاترى لەسەر دەکەن. لە دوو هەفتەى ڕابردوو لە گوتارێکدا ئەوەم خستە ڕوو کە پلانى دابەشکردنێکى دیکەى کەرکووک و دروستکردنى هەرێمى تورکمان لە ئارادایە لەسەر خاکى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستان. بۆیە ناکرێت تەنها بە دەرکردنى بەیاننامە و نووسینى گوتار و لێدوانى میدیایى بەگژ ئەو مەترسییەدا بچینەوە، بەڵکوو پێویستە ڕێگا دەستووری و یاساییەکان بگرینەبەر.

پێویستە فراکسیۆنەکانى کورد لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک (یەکێتی و پارتى) یاداشت بدەن بە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەن بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە پارێزگارى کەرکووک. هەروەها فراکسیۆنە کوردستانییەکانى پەرلەمانى عێراق بە هەمان شێوە دەبێت داوا لە پەرلەمانى عێراق بکەن بەهۆى دەربڕینى ڕاستەوخۆى هەڵوێست دژ بە دەستوورەوە، پەرلەمانى عێراق متمانە لە پارێزگارى کەرکووک وەربگرێتەوە. وەک چۆن ساڵى 2017 پەرلەمانى عێراق ئەوەیان بەرانبەر بە نەجمەدین کەریم، پارێزگارى ئەوکاتى کەرکووک کرد.

پەنا ببردرێتە بەر دادگاى فیدراڵى و سکاڵایەکى یاسایى دژ بە سەمعان ئاغا تۆمار بکرێت و داوا بکرێت دادگاى فیدراڵى هەڵوێستى ڕوونى لەو بارەیەوە بخاتەڕوو، بە سیغەیەکى لەم شێوەیە پرسیار لە دادگاى فیدراڵى بکرێت (ئایا ڕێگەپێدراوە هەر کەس و لە هەر پۆست و بەرپرسیارێتییەکدا بوو هەر بەندێکى دەستوور دڵخوازى ئەو نەبوو دژایەتیى خۆى بۆ دەربڕێت؟). کەسێکیش بە بیرى سەرۆک کۆمارە کوردەکەى بهێنێتەوە ئەرکى سەرەکیى تۆ، پاراستنى دەستوورە؛ بەڵام ئەوە لە کەرکووکى زامدارەوە بانگەشەى دژە دەستوور بەرز دەبێتەوە.

مەرج نییە گرتنەبەرى ئەم هەنگاوانە ئەنجامەکەى لادانى پارێزگارى کەرکووک بێت، ڕەنگە بە لۆمەکردن و ناچارکردنى بە داواى لێبووردن کۆتایى بێت؛ بەڵام بۆ کورد گرنگە، دەبێتە سنوور لەبەردەم کەسانى دیکەدا، کە ئەگەر باوەڕیان بەو بەند و بڕگانەى دیکەش نەبێت کە پەیوەندییان بە مافى کوردەوە هەیە، نەتوانن بە ئاشکرا دژایەتى بۆ دەربڕن. هەروەها ئەگەرى ئەوەش هەیە، ئەگەر کورد یەکهەڵوێست بن دژ بەم گوفتار و ڕەفتارە، ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێگری لەو ئەجێندایەش کە کارى لەسەر دەکەن بۆ کۆتایی پێهێنانى مەیدانى مادەى 140.

دواى 101 ساڵ لە مێژووی لکاندنى کەرکووک بە عێراقەوە، بۆ یەکەمجارە تورکمانێک ئەو پۆستە وەربگرێت، دەبوو ڕەفتار و گوفتارى پارێزگارە تورکمانەکە بە جۆرێک بێت سەرنجى هاووڵاتییانى کەرکووکی بۆ ئەوە ڕاکێشایە لایەنگیرى ئەو داخوازییەى تورکمان بن کە هەمووجار دەیانگوت کەرکووک لەوەتەى هەیە هەر کورد و عەرەب پارێزگار بووە و با بۆ تەنها جارێک تورکمانیش تاقیبکرێتەوە؛ بەڵام لە یەکەم وێستگەدا لە تاقیکردنەوە دەرنەچوون.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO