دڵزار حەسەن
لە هەرسێ وتاری هاوڕێیانی ئازیز: “شێركۆ كرمانج” بە ناوی “تەعریب و تەرحیل، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ لەناوبردنی کورد”. هەروەها وەڵامەكەی ڕێبوار سیوەیلی بۆ نووسینەكەی شێركۆ، بە ناوی “لە تەعریبەوە بۆ بە ئەویترکردن”؛ لەگەڵ بەدواداچوونەكەی “ڕێبین فەتاح” بە ناوی “تەعریب یان بە ئەویترکردن؟ بۆچی دەبێت تیۆرییەکان لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانەوە دابڕێژرێن”، ئەو پرسیارەم لەلا دروست بوو، کە ئایا سیاسەتی بەعسیزم و تەعریب، تاوەکوو چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد داناوە؟ ئایا ئەم سیاسەتە سەرکەوتوو بووە، لە گۆڕینی ناسنامەی کورد، یان بە پێچەوانەوە بووەتە هۆی گەشەی بیری كوردبوون و ناسنامەی نەتەوەییمان؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و لە پەراوێزی ئەو گفتوگۆیەدا، ئەم بابەتە خەمڵی.
پێشەكی
بە بۆچوونی من سیاسەتیی تەعریبكردنی كورد وەكوو نەتەوە، مێژووەكەی بۆ بڕیاری سایكس-پیكۆ و سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە 1921 دەگەڕێتەوە. دابەشكردنی كوردستان و لكاندنی بە چوار وڵات، خۆی لە خۆیدا كردارێكی بە ئەویتركردن بووە، كە دەرهەق بە نەتەوەی كورد كرا. بە شێوەیەكی كرداریش پڕۆسەكە بۆ سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی بیست و بە دروستیش بۆ 17ی تەمووزی ساڵی 1968دەگەڕێتەوە، كە بەعسییەكان بە گرتنەدەستی دەسەڵات، یەكێك لە ئامانجەكانیان ڕاگواستن و بە عەرەبكردنی نەتەوەی كورد بووە. ئاشكرایە ئایدیۆلۆجیای “بەعسیزم”یش لەسەر بناغەی نەتەوەپەرستانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و یەکگرتوویی نەتەوەی عەرەبییەوە دامەزراوە و هەمیشە عێراق وەکوو بەشێک لە “نەتەوەی یەکگرتووی عەرەب” سەیر كراوە.
بەعسیزم وەكوو ئایدۆلۆجیا
بەعسیزم (البعثیة) ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسییە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، لە لایەن میشێل عەفلەق چەند کەسێکی دیکە دامەزرا. وشەی “بەعس” (بعث) لە زمانی عەرەبی دا، بە مانای “زیندووکردنەوە” یان “بەئاگاهاتنەوە” دێت. ئامانجی سەرەکی ئەم بیرۆکەیە، یەکخستنی هەموو وڵاتانی عەرەب لەژێر ناسنامەیەکی یەکگرتوو و سەربەخۆ و سۆشیالیستی بوو. لە ڕوانگەی میشێل عەفلەق، نەتەوەی عەرەب یەک یەکەی مێژوویی و کولتوورییە و هەموو جیاوازییە ئیتنی و زمانییەکان لەژێر ئەم ناسنامە گشتییەدا دەبێت بتوێنەوە. بۆیە ئایدیۆلۆجیای بەعس گرنگی بە ناسنامەی نەتەوەیی عەرەبی دەدا، نەوەکوو بە فرەنەتەوەیی. ئەم تێڕوانینە لە وڵاتانی وەکوو عێراق و سووریا بووە بناغەی زۆرێک لە سیاسەتەکانی ناوەندگەرایی عەرەبخوازییەوە. بەپێی زۆرێك لە سەرچاوەکان، ئەگەرچی دروشمی بەعس “یەکێتیی، ئازادی و سۆشیالیزم” (وحدة، حریة، اشتراکیة) بوو، بەڵام لە عێراق بە تایبەتی لە سەردەمی سەدام حوسێن، ئایدیۆلۆجیای بەعس بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندگیر و کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە نەتەوەكانی دیكەی، وەكوو كورد، بەکارهێنراوە، نەوەکوو بۆ دابینکردنی یەکسانی.
ناسینی تەعریب وەك خۆی
چەمكی “تەعریب” لە پێناسە و دیدی ئایدۆلۆجیای عروبییانەی بەعسیزمەوە، بریتییە: لە سیاسەتێکی سیستەماتیكییانەی ناو حكوومەت، کە ئامانجی گۆڕینی ناسنامە و زمان و کولتووری، یان دیمۆگرافی نەتەوەیەكی دیكەیە بۆ ناسنامەی عەرەبی. وەكوو دەستپێكردنی گۆڕینی ناوی شوێنەکان و ناوی تاکەکان و سنووردارکردنی زمانی دایک و گواستنەوەی دانیشتووان و نیشتەجێکردنی گرووپێکی دیکە و گۆڕینی تۆمارە فەرمییەکان. بە بۆچوونی توێژەرانی بواری جینۆساید، ئاشكرایان كردووە، کە پڕۆسەی تەعریب زیاتر لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین و شێخان و شەنگال و مەخموور جێبەجێ کراوە، چونکە ئەو ناوچانە گرنگی ستراتیجییانەی نەوتیان هەبووە. لە هەمان کاتدا، ئەم سیاسەتە بە گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان ناسانێنراوە، چونکە مەبەستی بەعس تەنیا زاڵكردنی زمانی عەرەبی بەسەر زمانی كوردی نەبووە، بەڵکوو ئامانجی گۆڕینی سرووشتی نەتەوەییانەی ناوچەکەش بووە.
مانای ناسنامە لە ڕووی تیۆرییەوە
ناسنامە لە زانستی کۆمەڵناسیدا شتێکی جێگیر نییە، بەڵکوو بەردەوام لەژێر کاریگەریی مێژوو و سیاسەت و کولتووردا گۆڕانكاری بەسەردا دێت. لە كۆمەڵناسی سیاسییدا ئاماژە بەوە دەكرێت، كە ناسنامە شتێک نییە، کە ئەم هەیبێت، ناسنامە شتێکە، کە ئەوی دیکە بەردەوام دروستی دەكات. ئەم بیرۆکەیە زۆر گرنگە بۆ شیکارکردنی سیاسەتی تەعریب، چونکە ئەگەر ناسنامە بەردەوام دروست ببێت. ئەوا دەوڵەتیش هەوڵ دەدات بە سیاسەتەكانی ئەو ناسنامانە ئاراستە بکات. ئەگەر بمانەوەی بە شێوەیەكی تیۆری قسە لەسەر ناسنامەی كورد و كوردبوون بكەین، دەبێت بگوترێت ناسنامەی کورد تەنیا بە زمان دروست نەبووە، بەڵکوو لە ئەنجامی ململانێیەكی درێژخایەن لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندگەرەکان پەرەی سەندووە.
بەپێی ئەو تێگەیشتنە، هەر کاتێک فشار لەسەر زمانی کوردی زیاد بووە، هەستی مانەوە و ناسنامەی نەتەوەییش بەهێزتر بووە. هەمان ئەنجامیش لە گفتوگۆكەی نێوان هەرسێ نووسەر دەبیندرێت، کە نیشانمان دەدا “زمان و یادەوەریی” دیرۆكی دوو پایەی گرنگ و سەرەکی ناسنامەی نوێی نەتەوەی کورد پێک دەهێنن. یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی فەلسەفەی هاوچەرخ، پەیوەندی نێوان یادەوەری و ناسنامەی مرۆڤە.
لە بیرکردنەوەی پۆڵ ڕیکۆردا، مرۆڤ ناسنامەی خۆی بە شێوەیەکی “گێڕانەوەیی” دروست دەکات. واتە ئەوەی ئێمە “من”ی خۆمان پێ دەناسین، كە لە ڕاستیدا کۆمەڵێک چیرۆک و یادەوەری و گێڕانەوەی ژیانە. لەبەر ئەوە، لەناوبردنی یادەوەری تەنیا لەناوبردنی زانیاری نییە، بەڵکوو لەناوبردنی بناغەی ناسنامەی مرۆڤە.
سێ پایەكەی ئایدۆلۆجیای بەعس و پرسی نەتەوە
ئەگەر بەپێی دروشمی بەعسییەكان (یەکێتی، ئازادی، سۆشیالیزم) بووایە، ئەوە دەبووایە ئەم ئایدۆلۆژجیایە، تاوەکوو سەر ئێسقان باوەڕی بەدادپەروەری و یەكسانی ماف و داخوازییەكانی نەتەوەکانی جیهان هەبووبایە، بە تایبەتی نەتەوەکانی ناو عێراق، بەڵام لە کرداردا، تەفسیری (یەکێتی) زیاتر بە مانای یەکگرتوویی نەتەوەی عەرەب و ناوەندگەرایی حكومڕانی لێک دەدرایەوە. لەبەر ئەوە، گرووپە نەتەوەییەکانی دیكە نەوەکوو تەنیا وەکوو بەشێکی هاوبەشی فرەناسنامەیی لە عێراق سەیرنەكراون، بەڵکوو زۆرجار وەکوو کێشەیەکی سیاسییانە و تێكدانی ئاسایشی عێراقیش، مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە. هەروەها دەستنووس و بەڵگەکانی سەردەمی بەعس، كە لەدوای 2003 دەست میدیاکان كەوتوون دەردەكەوێت، کە لە هەندێک ناوچە سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس، بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی دانیشتووانی عەرەب و کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردەکان جێبەجێکراون.
ئامرازەکانی تەعریب چین
لە وتار و توێژینەوەی بەشی زۆری مێژووناسان و ڕاپۆرتی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، نیشانمان دەدەن، کە سیاسەتی تەعریب لە چەند ئامرازێکی سەرەکی پێکهاتبوو، وەكوو:
١. گۆڕینی ناوی شوێنەکان
زۆرێک لە ناوی گوند و شارۆچکە و ناوچە كوردییەكان، لە كوردییەوە كراون بە عەرەبی. ئامانج لەم گۆڕانکارییە تەنیا گۆڕینی ناو نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو، بۆ لاوازکردنی پەیوەندی مێژوویی نێوان خەڵك و شوێنەکانیان.
٢. گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووان
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، وە بەتایبەتی لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا، هەزاران خێزانی کورد، لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین و ناوچە سنوورییەکان گواسترانەوە بۆ شوێنی دیكە. لە هەمان کاتیشدا، خێزانە عەرەبەکان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هێنراون بۆ سەر خاكی كوردان. لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا ئەم کردارە، بە “گۆڕینی دیمۆگرافی” ناوزەد كراوە.
٣. گۆڕینی تۆمارە فەرمییەکان
لە هەندێک ناوچەدا، هەندێک خێزان ناچارکران لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا ناسنامەی نەتەوەییان بگۆڕن، بۆ “عەرەب”. ئەوانەی ئەم کارەیان قبووڵ نەدەکرد، لە هەندێک حاڵەتدا تووشی کێشەی موڵکداری و دامەزراندن، یان خزمەتگوزاری دەبوونەوە.
٤. سنووردارکردنی زمانی کوردی
بەپێی بارودۆخی ناوچەکان و قۆناغە جیاوازەکان، زمانی کوردی لە هەندێک بواردا سنووردار کرا، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. سەرباری ئەوەی لە هەندێک قۆناغ، بەپێی یاسای خودموختاری 1970 خوێندن، بە زمانی کوردی لە هەرسێ شارەكەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ڕێگەپێدراو بوو بەڵام ئەم مافانە لە هەموو ناوچە کوردستانییەکاندا بە یەک شێوە جێبەجێ نەکران و لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی خودموختاری جیاوازی زۆر دەكرا. زۆربەی لێکۆڵەران شاری کەرکووک، بە دیارترین نموونەی سیاسەتی تەعریب دادەنێن. هۆکارە سەرەکییەكەش دەگەڕێننەوە، بۆ گرنگی نەوتی کەرکووک و جوگرافییەكەی، كە خاوەن پێگە و ستراتیجییە بۆ هەموولایەك. بەڵگەکانیش ئاماژە بەوە دەكەن، کە لە ماوەی 1975–2003 هەزاران خێزانی کورد و تورکمان، لە کەرکووک و دەورووبەری گواسترانەونەتەوە و لە شوێنیان خێزانی عەرەبیان نیشتەجێ كردووە.
٥. تەعریب لە سیستەمی پەروەردە
پەروەردە یەکێک بوو لە گرنگترین ئامرازەکانی دەوڵەتی بەعس بۆ گەیاندنی ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت. لە زۆر کتێبی خوێندندا، مێژووی عێراق بە شێوەیەک دەنووسرا، کە نەتەوەی عەرەب پلە یەكە لە عێراق و لە زۆر شوێنی كتێبە میژوویی و پەروەردەییەكاندا ڕۆڵی نەتەوەکانی دیكە، بە تایبەتی کورد، بە شێوەیەکی پەراوێزخراو و لاوەكی باسكراوە.
٦. تەعریب لە بواری کارگێڕیدا
لە هەندێک زۆر ناوچەی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا کەوتوونەتە دەرەوەی هەرێم، دامەزراندن لە فەرمانگە حكومییەكان، بەناوكردنی خانوو و موڵك یان بوون بە بەڕێوەبەر، لە هەندێك وەزارەت و فەرمانگەدا، بۆ كورد ئەستەم بوو. زۆر جار فشار دەخرایە سەر خێزان و بنەماڵە و عەشیرەتەكانیش ناوی خۆیان و خانەوادەیان بگۆڕن بۆ عەرەبی.
تەعریب و یادەوەریی کۆمەڵایەتی
یادەوەریی کۆمەڵایەتی، یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناسنامە نیشان دەدەن، کە یادەوەری و شوێنە مێژووییەکان ڕۆڵی بنەڕەتی لە پاراستنی ناسنامەدا هەیە. بەم پێیە، گۆڕینی ناوی گوندەکان و لابردنی هێما مێژووییەکان، یان گۆڕینی شوێنە گشتییەکان، تەنیا گۆڕانکارییەکی تەعریبكراو و ئاسایی و سیاسییانە نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی یادەوەریی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە بەعس ویستوویەتی ناوەكان بگۆڕێت، بەڵام خەڵكەكە لە زەین و یادەوەرییاندا ناوەكانیان پاراستووە، بەهەمان ناوە كوردیەكەی پێشوو، ناوی شوێنەكانیان بردووە.
تێگەیشتن بۆ ئەم مێژووە
لە ئەنجامی ئەم تێڕوانینەدا، بوونی نەتەوەکانی دیكە لەناو ئەو جوگرافیایەدا، بە تایبەتی کورد نەوەک تەنیا و وەکوو ناسنامەیەکی سەربەخۆ نەبینراوە، بەڵکوو وەکوو کێشەیەکی سیاسی و دژ بە ئاساییشی نیشتمانی عەرەبی سەیریان كردووە. بەهۆی ئەو ئایدۆلۆجیا و بیركردنەوە مەترسیدارەی سەدام و بەعسییەكان، بە تایبەتی لە سەرەتا و ناوەڕاستی ساڵانی شەستەكان و دوای پیلانە شوومەكەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، لە كۆتایی حەفتاكان و تا كۆتایی هەشتاكان بەعسییەكان بە خەستی خراپترین مەرگەساتیان بەسەر كورد و كوردستان دا هێنا، كە لێكەوتەكانی تاوەکوو چەند سەدەیەك بە سەر یادەوەری كورد و خاك و زمانەكەی هەر دەمێنێتەوە. پڕۆسەكەش لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، لەناو شار و شارۆچكە و دێهاتەكانیش دەستی پێكردووە، بووە مایەی کۆچ پێکردنی زۆرەملێی خەڵك بۆ كەمپەكان و گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان و هەڵوەشاندنەوەی گوندەکان.
بەعس باش لەوە تێگەیشتبوو، كە لەگەڵ سڕینەوەی ناسنامە، پێویستە كار لەسەر بێنرخكردنی زمان و سڕینەوەی زمانی كوردیش لەناو فەرهەنگ و كەلتووری عەرەبی بكرێت، بۆیە هەوڵێكی زۆریدا، تاوەکوو لە ڕێگەی ناوەندە پەروەردەیی و كولتوورییەكانەوە، ئیش لەسەر سڕینەوەی زمانی كوردی بكات. هەموولایەك دەزانێ نەتەوە بەرهەمی هاوبەشی زمان و مێژوو و بیرەوەرییە، بۆیە گۆڕینی “زمان” و “ناسنامە” یان سنووردارکردنی، تەنیا گۆڕین و فاكتێكی بە ئەویتركردن نییە بەدەست نەیارەوە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گۆڕینی وشیاری کۆمەڵایەتی و ناسنامەی نەتەوەییش. بەشی زۆری شارەزایان پێیان وایە “زمان”یش گرنگترین هێمای بەردەوامی ناسنامەی نەتەوەییە.
لەژێر ڕۆشنایی كردنەوەی ئەو دەرگایەدا، لەو ڕاستییە نزیك دەبینەوە، كە سیاسەتی تەعریب لە عێراق، تەنیا بە گۆڕینی بۆ زمانی فەرمی عەربییەوە، نەوەستاوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی فرەوان گۆڕینی ناوی شوێنەکان و ناچارکردنی بنەماڵە و عەشیرەت و خانەوادەكان و بۆ تۆمارکردنی ناسنامەیان بە “عەرەب” و سنووردارکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و گواستنەوەی دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەکە، بە تەعریبكراوەكانی لەخۆ گرت. لە هەمان کاتدا، زۆرێک لە لێکۆڵەران ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەگەرچی ئەم سیاسەتانە زیانێکی گەورەیان لە زمان و کولتووری کوردی دا، بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا بوونەتە هۆی بەهێزبوونی هەستی نەتەوەیی و زیادبوونی هەوڵەکانی پاراستنی زمان و کولتوور لەناو كورد دا. بەم پێیە حەقیقەتێكمان بۆ دەردەكەوێت، كە لێکەوتەکانی تەعریب بەقەد ئەوەی كارەسات بووە و كورد زیانێكی زۆری بەرکەوتووە، بەدیویكی دیكەوە، ئەو پڕۆسە نەفرەتییە، بۆ نەتەوەی كورد بووەتە هۆی خۆڕاگری زیاتر و ڕۆحی بەرەنگاریی و مانەوە و دەستكەوتی نەتەوەیی زیاتر، چونكە لەدوای ئەم وێرانكارییەی كوردستان بەدەست نەیارانەوە كوردستانیان شێوازێکی نوێی بۆ بەرگری لە کولتوور و سیاسەتی نەتەوەی گرتەبەر، كە بۆی بووەتە هێزی مانەوە و بەردەوامی.
مەترسییە كوشندەكە لە خۆ بە ئەویتركردن دایە
لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی فشارێکی زۆرەوە، یان بەهۆی برسییەتی و كۆمەڵكۆژی و گرتن و ئازاردانەوە، بەشێك لە خەڵكی كوردستان ڕووبەڕووی “خۆتەعریبكردن” بوونەوە، ئەو “خۆبەئەویتركردنە” كارەساتێكی گەورەبوو، بۆ سەروەری نەتەوەییمان، چونكە وەك كارتی فشار بۆ سەر ئەوانی دیكە بەكار دەهێنرایەوە و دەیانگۆت فلان كەس و گرووپ وازیان لە نەتەوەی خۆیان هێنا. بۆ نموونە؛ كوردانی شەبەك و یارسان و ئێزدی، كە لە سەردەمی بەعس دا، بەشێكیان خۆیان بە نەتەوەی عەرەب نووسی. هەروەها لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، بەهۆی گرانی و قاتوقڕی بازاڕ و برسییەتییەوە، دەوڵەتی توركیا لە ڕێگەی بەرەی توركمانییەوە خۆراكیان بەسەر خەڵك دابەش دەكرد. ئەوانەی توركمان بوون، كە ڕێژەكەیان دیار بوو، سوودەمەند بوون، بەڵام لەو نێوانەدا هەندێك لە كوردەکان، بەداخەوە بەهۆی نەبوونییەوە ناوی خۆیان لە بارەگاكانی بەرەی توركمانی تۆماردەكرد و خۆراكیان وەردەگرت. بێگومان دەبووایە خۆیان وەكوو توركمان ناونووس بكردبووایە، ئینجا خۆراكیان پێ دەدرا. ئەوە خراپترین و ناشیرینترین پڕۆسەی “بە ئەویتركردنی خود”ە، كە لە مێژووی كورد ڕووی دابێت. ئەو سیاسەتەی توركیا، بێگومان ئامانجدار بوو. دەیویست لە ڕێگەی بەرەی توركمانی و پێدانی خۆراكەوە، ڕێژەی توركمان لەو شارانە زیاد بكات، بە تایبەتی شاری هەولێر. ئێستاش دەوڵەتی توركیا و حیزب و گرووپە توركمانەكان لەسەر بنەمای ئەو تۆمارەوە، لە میدیاكاندا دەقیژێنن و دەڵێن؛ ئەوەندە توركمانە لە هەولێر و كوردستان هەیە. لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت، كە پرسی “خۆبەئەویتركردن” زۆر لە پڕۆسەی تەعریب و بەم سیاسەتی بە ئەویتركردنەی، كە ڕژێمی بەعس و دەوڵەتە شۆڤینییەكانی دەورووبەر دەرهەق بە كورد و خەڵكی كوردستان كردوویانە، مەترسیدارتربوو.


