سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

قەڵای هەولێر: کاتێک خاک دەبێتە مێژوو و داگیرکەر میوانێکی تێپەڕە

مێژووی زیندوو و مێژووی نووسراو: بۆچی گەلە ڕەسەنەکان خۆیان مێژوون

لە دنیای مۆدێرندا، زۆرجار مێژوو تەنیا بەو شتانە دەپێورێت، کە لەسەر کاغەز نووسراونەتەوە، یان لەسەر بەرد هەڵکۆڵراون. ئەم تێڕوانینە تەسکە وای کردووە، کاتێک سەیری نەتەوە ڕەسەنەکان (Indigenous People) دەکەین، وەکوو؛ کورد لە چیاکانی زاگرۆس و نیشتیمانی ڕەسەنی خۆیاندا، یان هیندییە سوورەکان (نەتەوە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا). لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: بۆچی ئەم خەڵکە ڕەسەنانە کەمترین مێژووی نووسراویان هەیە؟

وەڵامەکە لە پێناسەی خودی “مێژوو” و شێوازی ژیانی ئەم نەتەوانەدایە. کاتێک گرووپێک لەگەڵ سرووشت و خاک و کاتدا لە هۆش و ژیاندا هاوبەشن، ئەوا پێویستیان بەوە نییە، کە مێژووی خۆیان لەسەر کاغەز بنووسنەوە، چونکە خۆیان خودی مێژوون. مێژووی ئەوان لە خاک و گۆرانی و زمان؛ لە جلوبەرگ و فەرهەنگدا؛ لە سینەی باپیرانەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو گواستراونەتەوە. مێژووی ئەوان زیندووە، نەوەکوو لاشەیەکی مردوو.

مێژووی داتراشراو و دروستکراو

لە بەرانبەر مێژووی زیندووی نەتەوە ڕەسەنەکاندا، بەشێکی زۆر لەو “مێژووانەی” کە لە لایەن دەسەڵاتداران و داگیرکەران، یان نەتەوە سەردەستەکانەوە نووسراونەتەوە و مێژوویەکی دەستکرد و داتاشراون. کاتێک لایەنێکی بێگانە دێت و مێژووی ناوچەیەک دەنووسێتەوە، بێگومان ئەوە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی و شەرعییەتدان بە داگیرکاریی و دروستکردنی حیکایەتی (narrative) دەسەڵاتداری خۆی دەکات. ئەم مێژووە نووسراوانە، کە زۆجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی و سڕینەوەی ئەویدیکەیان بنیات دەنرێن، لە ڕاستیدا، درۆیەکی ڕێکخراون، کە پاش ڕووداوەکان داتاشراون بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بشێوێنن. لێرەدا، جیاوازییەکی قووڵ دەردەکەوێت.

یەکەم: مێژووی ڕەسەن: مێژوویەکی خاوێن و ئۆرگانیکە، کە لەناو خودی ژیان و خاك و خەباتدا دروستبووە.

دووەم: مێژووی نووسراوی دەستکرد: مێژوویەکە، کە لەپشت مێزەکانەوە بۆ داپۆشینی ڕاستییەکان و دروستکردنی دەسەڵات داتاشراوە.

کورد و هیندییە سوورەکان؛ شایەتین بۆ ڕەسەنایەتی

کورد وەکوو کۆنترین نەتەوەی ئەم ناوچەیە، کە لە لانکەی شارستانییەتەکاندا دەژی، مێژووەکەی بە خوێن و خاك و بەرخۆدان و بە مانەوە لە شاخەکاندا نووسراوەتەوە، نەوەکوو بە ڕێککەوتنامەی ژوورە داخراوەکان. هەروەها هیندییە سوورەکانیش، کە خاوەنی قوڵترین پەیوەندی ڕوحیی و مرۆیین لەگەڵ خاکی خۆیاندا، هەمیشە ژیانێکیان هەبووە، کە پێویستی بە نووسینەوەی درۆینە نەبووە، چونکە ئەوان پارێزەری ڕاستەقینەی ڕەسەنایەتی بوونە.

کەمبوونی دەقە نووسراوەکانی ئەم نەتەوانە لە سەردەمە کۆنەکاندا، نیشانەی کولتوورێکی نەخوێندەوار نییە، بەڵکوو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، کە ئەوان پێویستیان بە دروستکردنی “مێژووی دەستکرد” نەبووە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە کێن. چونکە مێژوو خۆی شایەتحاڵە، کە ئەوان لەوێ بوون و خاوەنی ڕەسەنایەتی بێگەردن.

قەڵای هەولێر: مێژوویەکی زیندوو، کە ناتوانرێت بسڕرێتەوە

کاتێک دەڵێین، نەتەوە ڕەسەنەکان خۆیان خودی مێژوون و پێویستیان بە مێژووی داتراشراو نییە، شارێکی وەکو “هەولێر” (ئەربيل) گەورەترین و زیندووترین شایەتە بۆ ئەم ڕاستییە. هەولێر تەنیا شارێکی کۆن نییە، بەڵکوو یەکێکە لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبووە بەردەوامەکان لە جیهاندا، کە مێژووەکەی بۆ بابەگەورەی کورد، هۆرییەکان دەگەڕێتەوە پێش هەزاران ساڵ پێش زایینی. بەڵام وەکوو چۆن هەمیشە دەسەڵاتداران و نەتەوە داگیرکەرەکان هەوڵیان داوە مێژووی ڕەسەن بشێوێنن، لەسەر مێژووی هەولێریش شەڕێکی فیکری و سیاسیی گەورە هەیە. ئاشوورییەکان و تورکەکان و فارسەکان و عەرەبەکان، هەریەکەیان بە ئارگیومێنتێکی جیاواز و زۆجار دەستکرد، هەوڵ دەدەن هەولێر بكەن بە موڵکی مێژوویی خۆیان و ڕەسەنایەتییەکەی بخەنە ژێر پرسیارەوە.

هەوڵی داگیرکەران بۆ بەخاوەنداریکردنی هەولێر

١. گێڕانەوەی ئاشوورییەکان: دەسەڵاتی ئاشووری کۆن لە ناوچەکەدا هەبووە و شوێنەواری مێژوویی لە هەولێر و دەورووبەری بەجێهێشتووە، بۆیە هەندێکجار هەوڵ دەدرێت هەولێر تەنیا وەکوو شارێکی ئاشووری بناسێنرێت و مێژووەکەی پێش ئاشوورییەکان و ڕەسەنایەتیی کوردی تێدا پشتگوێ بخرێت، لە کاتێکدا کە ئاشوورییەکانیش خۆیان وەکوو داگیرکەر هاتن، کورد لەوێ بووە. کەواتە هاتنەسەر ماڵی کورد دواجار هەر بەدەستی کوردە میدەکان دەرکران. تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەولێریان داگیرکردووە و دواتر بەجێیان هێشتووە.

٢. گێڕانەوەی فارس و تورک: فارسەکان و عوسمانییەکان (تورکەکان) لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیاندا لە ناوچەکەدا، هەوڵیان داوە شوێن پێ و مێژووی خۆیان لەسەر ئەم شارە هەڵبکۆڵن. ئەمڕۆش هەندێک لایەن لەو وڵاتانە، لە ڕێگەی نووسینەوەی مێژووی چەواشەکارانە یاخود بە بیانووی “پاراستنی شوێنەوار”، هەوڵ دەدەن هەولێر ببەستنەوە بە قۆناغە داگیرکەرییەکانی مێژووی خۆیانەوە و خۆیان وەکوو خاوەنی ڕەسەنی پیشان بدەن. کە هەموو مێژووی تورک هەزار ساڵ تێپەڕ ناکات، کە لە ناوەڕاستی مەنگۆلیا کۆچیان کرد و هاتنە سەر خاکی کوردەکانان.

٣. گێڕانەوەی عەرەبی: نوێتریینیان لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تاوەکوو سیاسەتەکانی تەعریب لە سەدەی بیستەمدا، هەوڵی بەردەوام دراوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و ناسنامەی شارەکە و بەستنەوەی بە مێژووی عەرەبییەوە، بەبێ چاوپۆشیکردن لەوەی، کە خاکی کوردستان لانکەی ڕەسەنی دانیشتووانەکەی خۆیەتی. بگرە عەرەب تاوەکوو ئێستا لە کەرکووک و خانەقین و هەولێر و یەک قەبرستانیان نییە. تاوەکوو ئێستاش مردووەکانیان دەگەڕێننەوە ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەوان ساواترین داگیرکەرن، کە بەم زووانە بەجێی دەهێلنەوە.

بۆچی هەموو ئەوانە هەولێر دەکەن بە هی خۆیان

هۆکاری سەرەکی ئەوەیە، کە “هەولێر خۆی مێژووە”. کاتێک نەتەوەیەک خاوەنی شارێکی پیرۆز و زیندووی وەکوو هەولێر و قەڵاکەی بێت، کە درێژبووەوەی مێژووی نەتەوەی کورد و باپیرە گۆتی و لوولوو و میدی و هۆزە ڕەسەنەکانی دیکەی زاگرۆسە، هەر داگیرکەر و نەتەوەیەکی داگیرکەر حەز دەکات ئەم ڕەسەنایەتییە مەزنە بکاتە بەشێک لە مێژووی خۆی تاوەکوو شکۆ و قورسایی بۆ خۆی بکڕێت. ئەو مێژووەی کە ئاشووری و تورک و فارس یان عەرەب بۆ هەولێری دەنووسنەوە، زۆرجار “مێژووی دەسەڵاتە” نەوەکوو مێژووی خاکی ڕەسەن. ئەوان باسی قۆناغی داگیرکاری و باج لێ ستاندن و فەرمانڕەواییەتیی خۆیان دەکەن، نەوەکوو ڕەسەنایەتیی خودی نەتەوەی کورد، کە لەسەر ئەم خاکە لە دایک بووە و لەگەڵ بەرد و بەفری شاخەکاندا ژیاوە.

مۆزەخانەی مێژوو و ئەستێرەی مانەوە: بۆچی تەنیا ڕەسەنەکان دەمێننەوە

کاتێک سەیری قەڵای هەولێر و قووڵایی مێژووی کوردستان دەکەین، پرسیارێکی چارەنووسساز خۆی دەسەپێنێت: ئایا بۆچی لە کۆتایی هەموو ئەم داستان و گۆڕانکارییانەدا، تەنیا کورد وەکوو خاوەنی ڕەسەنی خاکەکە ماوەتەوە، لە کاتێکدا ئاشووری و فارس و عوسمانی (تورک) و عەرەب، سەرەڕای هەموو هێز و دەسەڵات و پاشایەتییەکانیان، لەم قۆناغە بەردەوامانەدا تێپەڕین و دەسەڵاتەکانیان هەڵوەشایەوە؟

وەڵامەکە لە سرووشتی جیاوازی نێوان “دەسەڵات” و “ڕەسەنایەتی” دایە. دەسەڵاتدار هەمیشە بە پشتبەستن بە هێزی شمشێر و ئاگر و یاسا و سەرباز دێت و لەسەر خاکی خەڵکی دیکە کۆشک و تەلار دروست دەکات. کەواتە ئامانجی مانەوەی هەمیشەیی نییە، بەڵکوو تاڵانکردن و کۆکردنەوەی باج و فراوانکردنەوەی سنووری قەڵەمڕەویەکەیەتی. هەر بۆیە، کاتێک ئیمپراتۆریەتێک لاواز دەبێت، یان دەسەڵاتەکەی دەڕووخێت، هەموو ئەو مێژوو و فەرمانڕەواییەی دروستی کردبوو وەکوو تەمومژ لە دەوروبەری شارەکەدا، بڵاو دەبێتەوە و لەناو دەچێت.

لە بەرانبەردا، خەڵکی ڕەسەن وەکوو درەختێکی ڕیشکێش لەگەڵ قووڵایی خاکەکەدا تێکەڵبوون. کورد وەکوو درێژکراوەی ژیانی چیایی و دێرینی زاگرۆس، هیچ کات نە بووە بە “میوان” و نە خاوەنی فەلسەفەی داگیرکاری بووە. ژیانی کورد لەم ناوچەیەدا، لەسەر بنەمای مانەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ سروشت و پاراستنی فەرهەنگ و زمان بنیاتنراوە، نەوەکوو لەسەر بنەمای سووتاندن و داگیرکردنی ماڵی ئەویدیکە.

هەولێر و قەڵاکەی شاهیدی ئەم ڕاستییەن؛ فەرمانڕەوا و سووپای بێگانە هاتن، لەسەر تەختەکان دانیشتن و باڵەخانەیان دروستکرد، ناوی خۆیان لەسەر بەردەکان هەڵکۆڵی و پاشان وەکوو کاروانێکی کاتی تێپەڕین و چوونە ناو لاپەڕە تۆزوعارەکانی مێژووی شکستەوە. بەڵام کێ مایەوە؟ تەنها ئەو خەڵکە ڕەسەنە نەبێت، کە بە خوێن و بە بوونی خۆیان لەگەڵ بەرد و خاکی شارەکەدا یەکگرتوون. مێژوو سەلماندوویەتی، کە هێزی دەسەڵات کاتییە، بەڵام ڕەسەنایەتی هەمیشەییە، داگیرکەر لەبری ئەوەی بێت ببێتە خاوەنی خاک، لە کۆتاییدا لە پەڕەکانی مێژوودا، تەنیا دەبێتە میوانێکی تێپەڕ و ونبوو.

قەڵای هەولێر؛ شاهیدی نەشکاو

قەڵای هەولێر، کە وەکوو تاجی سەرسەری شارەکە بۆ هەزاران ساڵ لەسەر مۆمیاکانی مێژوو ڕاوەستاوە، پێویستی بە نووسینەوەی هیچ دەقێکی درۆینە نییە. ئەم قەڵایە بە خشتە کۆنەکانی و بە نهۆمەکانی لە ژێر خاکدا شاراونەتەوە، ئەو ژیانە زیندووەی کە تێیدا هەبووە، باشترین بەڵگەیە کە دەڵێت: مێژووی ڕەسەن بە فەرمان و نەخشەی داگیرکەران ناگۆڕێت.

کورد لە هەولێر دا، پێویستی بەوە نییە بەڵگە لە مێژووی کەس بهێنێتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت خاوەنی ماڵەکەی خۆیەتی، چونکە قەڵاکە خۆی نووسەری مێژووە و خۆی ڕاستییەکان دەگێڕێتەوە. لە کاتێکدا ئەوانی دیکە تەنیا میوانێکی کاتیی، یان دەسەڵاتدارێکی تێپەڕبوون لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO