سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕیکلامی بازرگانی بە زمانی عەرەبی لە کوردستان؛ مەترسییەکانی داهاتوو

دەشتی بەرزەواری

لەم دواییانەدا و بەپێی گەشەسەندنی بازرگانی و کرانەوەی هەرێمی کوردستان بە ڕووی وەبەرهێنانی بیانی و کۆمپانیا عەرەبییەکاندا، هاتنی بەلێشاوی پیشەکار و کڕیار و فرۆشیاری عەرەبی عێراق و سوریا و کۆپانیا بازرگانییەکانی ناوچەکە بە گشتیی، دیاردەیەکی نوێ لە شەقام و بازاڕ و میدیاکانی کوردستاندا سەری هەڵداوە، ئەویش بەکارهێنانی فراوانی زمانی عەرەبییە وەکوو زمانی یەکەم لە ڕیکلام و بانگەشە بازرگانییەکاندا، وەکوو: “زەوی و خانووبەرە و باڵەخانە و پێشانگەی ئۆتۆمبێل و شوێنە گەشتیارییەکان و چێشتخانەکان و کەلوپەل و کاڵاکانی دیکەی ناو بازاڕ). هەرچەندە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بەشێک لە بازرگانان ئەمە وەکوو کرانەوە و ڕاکێشانی کڕیار لە پێکهاتە جیاوازەکان دەبینن، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەوە، ئەم دیاردەیە مەترسییەکی ڕژدی لەسەر زمانی کوردی و ناسنامەی فەرهەنگیی هەستی نەتەوەیی تاکی کورد دروست دەکات.

لە کاتێکدا بەپێی دەستوور، لە هەرێمی کوردستان وعێراقدا زمانی کوردی هاوتا لەگەڵ زمانی عەرەبیدا زمانێکی فەرمیی دەوڵەتە لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام کاتێک لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیدا تەواو پابەندی ئەو پرەنسیپە یاسایی و ئەخلاقییە نابن، کە هۆکارگەڵێک هەن ناکرێت لێردا باسی بکەین، ئەوە لێ دەگەڕێین بۆ باسێکی دیکە. ئەوەی زۆر گرنگە بگوترێت ئەوەیە، کە زمانی کوردی تەنیا ئامرازێک نییە بۆ تێگەیشتن و پەیوەندیی ڕۆژانە، بەڵکوو قەڵای ڕاستەقینەی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژووی نەتەوەی کوردە.

کاتێک لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، زمانی عەرەبی دەبێتە زمانی باڵادەست و زمانی یەکەم لە ڕێکلام و تابلۆی کۆمپانیا و بڕاندەکاندا، بە شێوەیەکی نەبینراو و ناڕاستەوخۆ پاشەکشە بە زمانی کوردی دەکات. ئەمەش وا دەکات تاکی کورد، بە تایبەتی نەوەی نوێ، تووشی جۆرێک لە کەمتەرخەمی یان «شەرمکردن لە زمانی خۆی» ببێت، کە دەبینێت زمانی کوردی لە کایەی بازرگانی و ئابووریدا گرنگی پێ نادرێت یان دەپەڕێندرێت.

لێرەدا، ئەوەی زۆر ئازاربەخشە ئەوەیە، کاتێک مرۆڤ بە هەر شەقام و کۆڵانێکی شارەکانی باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت، دەبینێت زۆربەی هەرە زۆری تابلۆکانی سەر دوکان و چێشتخانەکان و فلێکسی کۆمپانیاکان و ڕیکلامەکانی سەر شاشەکان بە زمانی عەرەبی نووسراون. جا ئەمە بە هۆشیاری کرابێت یاخود بێهۆشی، وا هەست ناکەیت لەو هەرێمەدا یان لەو شارەی تێیدا دەژێت زمانی کوردی زمانی یەکەم و فەرمی بێت.

ئەم دیاردەیە چەندە مەترسی لەسەر هەستی نەتەوەیی تاکی کورد دروست دەکات و دوو هێندە ئازاری دەروونی بە چینی خوێندەوار و هۆشیاری کوردستان دەگەیەنێت، چونکە دەبینێت، کە ئەم بێباکییەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی کوردی وا دەکات بەهێمنی و لەسەرخۆ ببێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەستبوون بە ناسنامەی نەتەوەییەوە. لە ڕاستیدا بەردەوام بینینی نووسراوەکان بە زمانی عەرەبی لە شوێنە گشتییەکاندا، دەبێتە هۆی ئاساییبوونەوەی بەعەرەبکردنی ژینگەی فەرهەنگی (Cultural Arabization) و لاوازبوونی شانازیکردن بە بەها نەتەوەییەکان. جگە لەوەی دەبێتە هۆی داڕمانی پێگەی زمانی کوردی لە بازاڕ و دروستکردنی وێنەیەک، کە گوایا زمانی کوردی توانای بەکاربردنی لە کایەی بازرگانی و هاوچەرخبوون و براندسازیی جیهانیدا نییە.

بێباکی دەسەڵاتی کوردی لە بڵاوبوونەوەی زمانی عەرەبی بەم شێوەیە بەناوی سوودی بازرگانییەوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر نەوەی نوێ (منداڵان و گەنجان) دروست دەکات، کاتێک دەبینن ڕیکلامی بەرهەمە سەرنجڕاکێشەکان و یاری و براندە ناودارەکان بە زمانی عەرەبی بەر گوێیان دەکەوێت و بە ئاسانی بە دەستیان دەگات. ئەمەش وا دەکات وردە وردە و بەبێ دەنگی و خۆویستانە پێگەی زمانی دایک لەلای نەوەی نوێ لاوز ببێت، یان بەتەواوی بکەوێت و ڕوو لە بەکارهێنانی زمانی جێگرەوە بکەن.

ئەوەی پێویستە لەسەر دەسەڵات و کۆمەڵگەی کوردی بیکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە و ڕێگریکردن لە سڕینەوەی زمانی کوردی و پاراستنی هەستی نەتەوەیی تاکی کورد، پێویستە هەنگاوی خێرا و ڕژی بنرێت:

١. جێبەجێکردنی یاسای زمانی فەرمی: پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی یاساکانی پاراستنی زمان، کۆمپانیاکان ناچار بکەن، کە زمانی کوردی بکەنە زمانی بنەڕەتی و یەکەمی هەموو ڕیکلام و تابلۆیەکی بازرگانی.

٢. سەپاندنی مەرجی زمان لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان: ئەگەر کۆمپانیایەکی بیانی یان عەرەبی لە کوردستان وەبەرهێنان بکات، دەبێت ڕێز لە زمانی فەرمیی هەرێمی کوردستان بگرێت و ڕیکلامەکانی بە زمانی کوردی بکرێت، یان وەربگێڕێت بۆ زمانی کوردی، نەوەکوو ژینگەی فەرهەنگیی کوردستان بەپێی ویستی خۆی بگۆڕێت.

٣. بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستە تاکی کورد هۆشیار بکەنەوە لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردن لەو براند و شوێنانەی ڕێز لە زمانی کوردی دەگرن.

٤. سزای یاسایی لە کاتی پێویستدا: پێویستە حکوومەتی هەرێم بەسودوەرگرتن لە دەستوور و یاساکانی تایبەت بە پاراستنی زمان، سزای توندی هەموو ئەو کەسانە بدات، کە سەرپێچیی ڕێنماییەکان دەکەن.

لە کۆتاییدا دەڵێین: سەپاندن یان بەکارهێنانی ناپێویستی زمانی عەرەبی لە ڕیکلامەکانی کوردستاندا، تەنیا بابەتێکی بازرگانیی سادە نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە داگیرکاریی فەرهەنگیی نەرم، کە درز دەخاتە نێوان تاکی کورد و ناسنامە نەتەوەییەکەی. پاراستنی زمانی کوردی لە کایەی بازرگانی و ڕیکلامدا، پاراستنی دواڕۆژی نەتەوەیەکەیە؛ نابێت بە بیانووی بازرگانی و کرانەوە، دەستبەرداری گرنگترین پایەی زمان، بوون و ناسنامەی خۆمان ببين.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO