سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە یادی جینۆسایدکردنی شەنگالییەکان؛ با کردار جێگەی بەیاننامەکان بگرێتەوە

سلێمان مستەفا حەسەن

هەندێک شوێن لەسەر نەخشە، وەکوو شوێنێکی ئاسایی ناویان تۆمارکراوە، کە بەشێکە لە وڵات و نیشتیمان، بەڵام هەندێک شوێن دەبن بە ناسنامە، دەبن بە ڕەمزی قوربانی و لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی دەبنە برین. بە گشتیی هەر مشتێکی خاکی کوردستان، مێژووی برینێکی هەڵگرتووە؛ هەڵەبجە و ناوچە ئەنفالکراوەکانی وەکوو گەرمیان و بارزان و کورێمە و شەنگال… ئەو ناوانەن، کە لە نەخشەدا شوێنن، بەڵام لە ویژدانی نەتەوەکەماندا ناسنامەن. لە ئێستادا شەنگال برینێکی زۆر بەسوێیە، برینێک، کە ساڵان تێدەپەڕن، بەڵام هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕێتەوە. چیرۆکی شەنگال و شەنگالییەکان تەنیا چیرۆکی شارێک نییە، یان چیرۆکی کۆمەڵەیەکی ئایینی نییە؛ ئەمە چیرۆکی مرۆڤایەتییە لە سەدی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، ئەوە چیرۆکی ئەو جیهانەیە، کە زۆرجار لە کاتی تاقیکردنەوەی ویژدانیدا، جیهان بێدەنگ و مرۆڤایەتی بێدەنگ دەبێت و تاونەکان ڕەوایەتی وەردەگرن، تاوانکارانیش ئازادەنە دەسوڕێنەوە و یاساکانیش دەبن بە مەرەکەبی سەر کاغەز و ویژدانیش دەخەوێت.

ناکرێت کارەساتەکان لەبیر بکرێن، لەبەرئەوەنا، کە ساڵانە چەند بەیاننامە و ڕێوڕەسمی سیاسی دەر بکرێن و هەندێک وشەی سواو بێ کردار دووبارە بکرێنەوە. بە بۆچوونی ئێمەش یادکردنەوە بۆ پاراستنی ڕابردوو نییە، بەڵکوو بۆ پاراستنی داهاتووی مرۆڤایەتییە، یادکردنەوەی کارەساتی جینۆسایدی شەنگال و ئەنفالی شەنگالییەکان یەکێکن لەو کارەساتانە.

ئێزدییەکان، وەکوو یەکێک لە ڕەسەنترین پێکهاتەکانی نەتەوەی کورد، سەدەها ساڵە لە بارگرانیی (فەرمانەکاندا) دەژین. لە بیرکردنەوەی هەر ئێزدیێک و کوردێکی ڕەسەن ومرۆڤێکی دروستدا، فەرمان تەنیا وشە و وشەیەکی مێژوویی و ئاسایی نییە لە فەرهەنگی زمانی کوردیدا، بەڵکوو فەرمان ناوی هەموو ئەو هەوڵانەیە، کە بۆ سڕینەوەی مرۆڤ لەبەر ناسنامەی بوونی دراون. هەر فەرمانێک هەوڵێک بووە، بۆ ئەوەی مرۆڤێک لە مافی بوون بێبەش بکرێت، هەر فەرمانێک لە قوڵایی نادادیدا، لە گەروی بێدەنگیدا، هەڵگری پەیامی ئازارو نادادی وجینۆساید و ئەنفال و مرۆڤکوژی و تاڵانی و دڕەندەیین، بە کۆیلەکردنی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەریانە. ئەو فەرمانانە چیرۆکێکن، کە بۆنی ستەم و دڕندەیی و خوێن و بەربەریت و تاریکپەرستی لەناخیاندا کەڵەکە بووە و تۆز بەسەریانەوە نیشتبوو، بەڵام کارەساتی جینۆسایدی شەنگالییەکان هەموو ئەو تۆزەی هەڵماڵی لەسەر مێژوویەکی خوێناوی لەیادکراو، بۆیە دەبیت یادی فەرمانەکان بکەینەوە، بۆ ئەوەی بەیانیمان لەبەرچاو بێت و بەئەگا بین، بۆ ئەوەی بەناوی جیاواز و لەبەرگی جیاوازدا دووبارە نەکرێنەوە.

هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، کۆتایی ئەو زنجیرەیە فەرمانانە نەبوو؛ بەڵکوو دڕندەترین ئەڵقەی ئەو زنجیرەیە بوو. لە سەدەی بیست و یەکدا، لە جیهانێک، کە خۆی بە جیهانی مافی مرۆڤ ناساندبوو، ژنان لە بازاڕەکاندا، وەکوو کەلوپەل دەفرۆشران، منداڵان بەبێ دایک و باوک دەمانەوە، پیاوان تەنیا بەهۆی باوەڕیانەوە دەکوژران و شەهید دەکران، گوللـەبارانکران و زیندە بەچاڵ دەکران و هەزاران خێزان تاوەکوو ئێستاش لە چاوەڕوانیی کەسە ونبووەکانیاندا پیر دەبن.

ئەگەر دەتانەوێت ئاشنای ئازارەکانی ناو ئەم چیرۆکانە ببن، وەرن گوێ لە دەنگی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و قوربانیانی ئەو کارەساتە بگرن، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە تاوەکوو ئەمڕۆ هەزارن قوربانی بێسەروشوێنن و سۆراخیان نییە، ناوچەکانیشیان ئاوەدان نەکراونەتەوە و قەربووی ماددی و مەعنەوی نەکراونەتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان وەکوو مامۆستا شێرزاد حەسەن دەڵیت؛ ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست، مێژوو زۆرجار بە خوێن نووسراوە. بەڵام ئەگەر ئێمە ساڵی جارێک تەنیا یادی قوربانییەکان بکەینەوە و هیچ هەنگاوێکی نوێ نەگرینەبەر، ئەوا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و خۆی دەنوسێتەوە.

لەبەرئەوە، یادی شەنگال دەبێت لە یادێکی ساڵانەوە بگۆڕدرێت بۆ بزووتنەوەیەکی مرۆڤایەتی و جیهانیی خاون پەیامی مرۆڤایەتی.

پێویستە کەمپینێکی جیهانی بۆ شەنگال و ئێزدییەکان دەست پێ بکرێت. کەمپینێک، کە مەبەستی تەنیا هاوخەمی نەبێت، بەڵکوو کردار بێت. ئەم کەمپینە دەبێت هەڵگری شەش ئامانج بێت: دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان، ناساندن و هەڵدانەوەی هەموو گۆڕەبەکۆمەڵەکان، چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربووان، پاراستنی میراتی ئایینی و کولتووریی ئێزدییەکان، ئاودانکردنەوەی ناوچەکانیان و قەربووکردنەوەیان، بەجیهانیکردن و بەجیهانیکردنەوی دۆسیەی جینۆسایدی شەنگال، تاوەکوو ببێتە بەشێک لە هۆشیاریی ویژدانی مرۆڤایەتی بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ خێزانەکان و بۆ ئەوەی چیرۆکی ئێزدییەکان لەناو قوتابخانە و زانکۆ و کتێب و میدیاکانی جیهاندا بژی. هەموو مرۆڤێک دەتوانێت بەشێک بێت لەم کەمپینە؛ نووسەر بە قەڵەمەکەی، هونەرمەند بە هونەرەکەی، مامۆستا بە وانەکەی، ڕۆژنامەنووس بە دەنگی خۆی، هاووڵاتیی ئاسایی بە بڵاوکردنەوەی ڕاستی، دەنگبێژەکانمان بە چیرۆک و لاوک و حەیرانەوە، هۆڵی سینەماکان بە گێڕانەوەی چیروکی شەنگال و شەنگالییەکان، چونکە پاراستنی یادەوەریی قوربانییەکان تەنیا کاری حکوومەت و ڕێکخراو حیزبییەکان نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی مرۆڤایەتییە.

ئەگەر شەنگال تەنیا یادێک بێت، ئەوا شتێکی بچووکە. ئەگەر ببێتە وانە باشترە. بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی کردار، ئەوا قوربانییەکان لەناو بێدەنگیدا نامرن.

لە یادی ١٢ ساڵەی داگیركردنی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەكاندا، لە یادی ١٢ ساڵەی فەرمانی سەر شەنگال و شەنگالییەکاندا، سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو بێتاوانانە، بەڵام بە ڕێزدانان و دانانی چەپکە گوڵ و بەیاننامە و بە پڕۆتستۆکردن و هاوخەمی ئەرکەکانمان تەواو نابێت. ئەو ڕێز و هاوسۆزی و بەیاننامە و پرتستۆکردنە، کاتێک مانای دەبێت و شوێنی خۆی دەگرێت، کە ببێتە کردار. چونکە قوربانییەکان زیاتر لە فرمێسک، پێویستیان بە دادپەروەرییە و زیاتر لە یادکردنەوە، پێویستیان بە ویژدانێکی زیندوو هەیە. نەفرەت لە تیرۆریستان، نەفرەت لە داعش و بیر داعشییەکان. ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە خۆی بخاتە شوێنی کەسوکاری شەنگالییەکان، وەکوو باوکێک بیر بکەیتەوە، کچەکەت یان دایک و خوشکت، یان پورت، یاخود دەزگیرانی کوڕەکەت لە بازاڕەکانی هەڕاجی مرۆڤایەتی بازرگانیان پێوە بکرێت، یان کەسوکارت بەبێ تاوانی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاند زیندەبەچاڵ کرابن، ئینجا لەو ئازارە تێدەگەیت، دادپەروەری تۆڵەی شارستانییەتە، تۆڵەی ویژدان و مرۆڤایەتییە، نەفرەت تۆڵەی تیرۆرە. ئێمە داوای تۆڵە ناکەین، داوای دادپەروەری دەکەین. چونکە ئەوانەی لە شەنگال زیندبەچاڵ و شەهیدکران، تەنیا هەر ئیزدی نەبوون، بەڵکوو لەگەڵ ئیزدییەکان مڕۆڤایەتیشیان زیندەبەچاڵکرد.

شەنگال تەنیا هی ئێزدییەکان نییە، بەڵکوو هی هەر تاکێکی کوردە. شەنگال تاقیکردنەوەی ویژدانی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەگەر ئێمە دەنگ هەڵبڕین و کردار بنوێنین، ئەوا جارێکی دیکە نابێت ئایدیۆلۆجیای نەفرەت بە ناوی ئایین، یان هەر پیرۆزییەکی دیکە، ببێتە ئامرازێک بۆ جینۆساید و سڕینەوەی مرۆڤایەتی. لەبەرئەوە، با لە یادی شەنگال کردار جێگەی وشە و بەیاننامەکان بگرێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO