ڕێبوار سیوەیلی
پوختە
ئەم وتارە ڕەخنەیییە، شیکاری بۆ ئەو تێزە ئەکادیمییە دەکات، کە تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکانی عێراق دادەبەزێنن بۆ ئاستی «ئامرازێک» یان هۆکارێکی لاوەکی لە خزمەت پڕۆژەی «تەعریب» و گۆڕینی دیموگرافیدا. وتارەکە بە پشتبەستن بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، پێوەرەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ یۆگۆسلاڤیای پێشوو (ICTY)، هەروەها تیۆرەکانی نیشانەناسیی گوتاری تۆتالیتار دەیسەلمێنێت، کە جینۆساید لە ڕووی «نییەت و مەبەستى تایبەتی لەناوبردن» ئامانجی ڕەها و کۆتاییی ئایدۆلۆجیای ڕژێمی بەعس بووە بەرانبەر ناسنامەی نەتەوەی کورد، نەوەکوو تەنیا بەشێک لە شتێکى دیکە، یان هەر میکانیزمێکی کارگێڕی. هەروەها هۆشیاری دەدات لە داوی پشتبەستن بە «نیشانەناسیی جەللاد» و زاراوە دەمامکدارەکانی دەوڵەت، لەگەڵ تیشکخستنە سەر ڕەهەندە نەرم و یاسایییەکانی گۆڕینی دیموگرافی لە عێراقی پاش ٢٠٠٣دا.
پەیڤە کلیلەکان: جینۆساید، تەعریب، پاکتاوی ئیتنی، سیمیۆتیکی گوتار، بەعس، یاسای نێودەوڵەتی، شێرکۆ کرمانج.
دەستپێک و دەروازەی میتۆدی
کاتێک لەگەڵ بەرهەمە هزرى و میتۆدی و مێژوویییەکاندا دەکەوینە دیالۆگ و وتووێژی ئەکادیمییەوە، ئامانجی بنەڕەتی تەنیا دەستکاریی ڕووکاریی زاراوە بەکارهێنراوەکان یان جەنگێکی ڕووت لەسەر دەستەواژەکان نییە؛ بەڵکوو پاراستنی حەقیقەتی مێژوویی و بنەما یاسایییەکان و ڕێگریکردنە لە شێواندنی بونیادیی تاوانە گەورەکان. کرانەوەی شێرکۆ کرمانج وەکوو پسپۆڕێکى ڕێزلێگراو بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنەکان و بەردەوامیدان بە دیالۆگی هزرییانە، هەنگاوێکی ئەرێنی و شایستەی ڕێزە لە ناوەندەکانی زانست و توێژینەوەدا.
شێرکۆ بە وەڵامەکەى نەوەکوو هەر ئاسۆى بیرى منى فراوانتر کرد، بەڵکوو ناچاریشی کردم وردتر بیر بکەمەوە و خۆم بخەمە ڕوو. بەڵام ئەو داڕشتنەوە نوێیەی کە ناوبراو بۆ تێزەکەی دەیکات: بەوەی پڕۆژەی تەعریب بخاتە پێشەوەی هاوکێشەکە و تاوانی جینۆساید و ڕاگواستن بپەڕێنێتە پاشەوە و بیانکاتە تەنیا «ئامرازێک» یان میکانیزمێکی لاوەکی لە خزمەت تەعریب دا؛ من ڕووبەڕووی کەلێنێکی هزرى و یاسایی و میتۆدی و ئەخلاقیی گەورە دەکاتەوە، کە نابێت لە نووسینى ئەکادیمیی کوردی دا بێدەنگیی لێ بکرێت. ڕاستە من پسپۆڕى ئەم بوارە نیم و ڕەنگە بەهەڵەش حاڵى بووبم، بەڵام بابەتەکەش پێویستى بە بیرکردنەوەیەکى فرەڕەهەند و فرەمێتۆدى هەیە و منیش دەمەوێت لەم کەلێنەوە بەشداریى تێدا بکەم و هەندێ سەرنج بۆ هەندێک ڕەهەندى ترى ئەو پڕۆسە نەگریسە ڕابکێشم، کە خۆشم شایەتى کەمێک بەشى ڕوودانەکەى بووم و هەندێک بەشیشى وەکوو حەسرەت لە دڵم مایەوە کاتێک لە دوورە وڵاتى ژیانم بەسەر دەبرد.
لێرەوە گفتوگۆى چەند تەوەرێکى وەڵامنامەکەى جەنابى شێرکۆ دەکەم و هیوام وایە لە خستنەڕووى بیرۆکەکانمدا ڕوون و ڕاشکاو بم.
دابەزاندنی جینۆساید بۆ ئاستی ئامراز
بە تێگەیشتنى من کێشەی بنەڕەتیی تێزی شێرکۆ کرمانج لەوەدا چڕ دەبێتەوە، کە پێچەوانەکردنەوەیەکی میتۆدی و یاسایی لە پەیوەندیی نێوان “تەعریب” و “جینۆساید”دا ئەنجام دەدات. ناوبراو تاوانی هەرە باڵا و مەترسیداری یاسای نێودەوڵەتی، کە جینۆسایدە دادەبەزێنێت بۆ ئاستی ئامرازێکی تەکنیکی و کارگێڕی لە خزمەت پڕۆژەیەکی دیموگرافیدا. شێرکۆ بە ڕوونی و بێ پێچوپەنا لە وتارەکەیدا، دان بەم ئاراستەیەدا دەنێت، کاتێک دەنووسێت: «هەر بۆیەشە من پێم وایە ئەنفال ئامراز بووە بۆ تەعریب، واتە تەعریب ئامانجە سەرەکییەکەیە و ئەنفال چەک و میتۆدی جێبەجێکردن بووە.» لە شوێنێکی تری هەمان نووسیندا، دیسان ئەم تێڕوانینە ئامرازیییە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: «ئامانج دزین و زەوتکردنی خاک بووە، بەڵام میکانیزم و تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید بووە».
لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەم داڕشتنەی ناوبراو تووشی دابەزاندنی چەمکسازیی یاسایی دەبێت؛ چونکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا تاوانی جینۆساید بە نییەتى”مەبەستی تایبەتی لەناوبردن” لە تاوانەکانی تر جیا دەکرێتەوە. کاتێک جینۆساید دادەبەزێندرێت بۆ “میکانیزم یان چەک”ێک بۆ داگیرکردنی خاک و جەوهەرە ئایدیۆلۆجی و ڕەگەزپەرستییەکەی دەوڵەت بۆ سڕینەوەی جەستەییی نەتەوەیەک کاڵ دەکرێتەوە و دەکرێتە پاشکۆیەک بۆ حیساباتی کارگێڕیی و ئابووری.
لە ڕوانگەی هزریی و یاسایییەوە، کاتێک شێرکۆ تاوانێکی گەورە و بەربەریی نێودەوڵەتیی وەکوو «جینۆساید» دادەبەزێنیت بۆ پلەی «ئامرازێک» یان هۆکارێکی ئامرازیی لاوەکی لە خزمەت پڕۆژەیەکی دیموگرافی یان کارگێڕیی وەکوو تەعریب دا، نەوەکوو هەر هاوکێشە مێژوویییەکە پێچەوانە دەکەیتەوە، بەڵکوو لە جەوهەری تاوانەکە، قورسییە دادپەروەرییەکەی و ناسنامە یاسایییەکەی بەتاڵی دەکەیتەوە.
لە یاسای نێودەوڵەتیدا: لە ڕێککەوتننامەی ١٩٤٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید، تاوەکوو دەگاتە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) جینۆساید وەکوو “تاوانی تاوانەکان” پێناسە دەکرێت. تاوانێک کە ڕەگەزی سەرەکی و بزوێنەری بنەڕەتیی تێیدا بریتییە لە شتێک، کە یاساناسان پێی دەڵێن: «مەبەست و نییەتى تایبەتی لەناوبردن». ئەم مەبەستە تایبەتە بەو مانایەیە، کە تاوانکارەکە ئامانجی ڕەها و ئایدۆلۆجی و کۆتاییی ئەوەیە جەستە و بوونی فیزیکی و بایۆلۆجیی نەتەوەیەک، یان نەژادێک، یاخود کۆمەڵەیەکی ئایینی بەتەواوی یان بەشێکی بپێکێت و لەناوی ببات.
کاتێک ئێمە لە ڕووی تیۆرییەوە بڵێین بەعس جینۆسایدی وەکوو «ئامراز» بەکارهێنا تاوەکوو بە ئامانجی باڵاتری خۆی، کە «تەعریب» بوو بگات، لە ڕاستییدا ئاراستەی تاوانەکە پەردەپۆش دەکەین. بەم لۆجیکە وا نیشان دەدرێت، کە ئەگەر دەوڵەت و ڕژێمی تۆتالیتار ڕێگەیەکی هێمنانەتر و کارگێڕییانەتر، یان کەمئازارترى لە بەردەستدا بووایە بۆ سەپاندنی ناسنامەی عەرەبی، ڕەنگە دەستی بۆ چەکی کیمیایی و زیندەبەچاڵکردن و کۆمەڵکوژیی سەدان هەزار مرۆڤ نەبردبا. ئەمە بچووککردنەوەیەکی ئاڵۆز و مەترسیداری ئاراستەی تاوانەکەیە؛ چونکە بۆ ئایدۆلۆجیای بەعس و ڕەگەزپەرستیی دەوڵەتی عێراق، بوون و مانەوەی فیزیکیی تاکی کورد خۆی لە خۆیدا مەترسی و هەڕەشەیەکی بوونناسانە بوو. لەناو چاوگ و ئایدۆلۆجیای بەعس دا، کوردبوون لە خودى خۆیدا “بێگانە” و “ئەویتر” و “دوژمنێکى گریمانەیی” بوو لە جەستەى دەوڵەتدا، نەوەکوو تەنیا کێشەیەکی کارگێڕیی ناوچەیی یان بەربەستێک لەسەر ڕێگەی گۆڕینی نەخشەی دیموگرافیا.
لە باشترین حاڵەتدا، دەکرێت تەعریب بکەوێتە چوارچێوەی ‘پاکتاوی ئیتنی’یەوە کە ئامانجەکەی چۆڵکردنى یان بەعەرەبکردنی زۆرەملێى خاکە، بەڵام ئەنفال و کیمیاباران ‘جینۆساید’ن، کە ئامانجەکەیان لەناوبردنی بایۆلۆجیی مرۆڤەکانە. تێکەڵکردنی ئەم دوو چەمکە، شێواندنی بونیادیی پێناسەی یاساییی تاوانەکەیە.
لە بەعەرەبکردنەوە بۆ داڕمانی چەمکی بە «عەرەبستانکردن»
تەنانەت کاتێک شێرکۆ کرمانج پاشەکشەیەک لە پێناسەی تەعریب دەکات و هەوڵ دەدات چەمکەکە فراوانتر بکاتەوە، بەوەی بڵێت مەبەستی لە تەعریب تەنیا «بەعەرەبکردنی تاکی کورد» نەبووە، بەڵکوو «بەعەرەبستانکردنی جوگرافیای کوردستان» بووە، دیسانەوە کێشە میتۆدییەکە چارەسەر نابێت و تووشی ئاڵۆزیی نوێ دەبینەوە.
با پرسیارێک لە واقیعی مەیدانیی تاوانەکە بخەینە ناو ئەم تیورەیەوە: کاتێک دەوڵەتی عێراق زیاتر لە چوار هەزار و پێنج سەد (٤٥٠٠) گوندی کوردستانی بەتەواوی لەسەر زەوی سڕییەوە، کانییەکان و بیرەکانی ئاوی ژەهراوی کرد، بەپانیی سەدان کێلۆمەتر خاکی کردە «ناوچەی قەدەغەکراو/مناطق المحرمة»؛ کە تێیدا جوڵەی هەر زیندەوەرێک سزاکەی مەرگی دەستبەجێ بوو، ئەو خاکەی نەکردە «عەرەبستان». بەعس لەو ناوچانەدا هیچ خێزانێکی عەرەبی نیشتەجێ نەکرد، هیچ گوندێکی نوێی عەرەبی لەسەر وێرانەکانی گوندە خاپوورکراوەکان بونیاد نەنا، ئینجا بە هەر هۆیەک بووبێت، کە شێرکۆ دەیگێڕێتەوە بۆ نەبوونى دەسەڵاتى ڕژێم بۆ پاراستنیان و.. بەڵکوو خاکی کوردستانی کردە شوێنی مەرگ و جوگرافیای چۆڵەوانی و زۆنی مردووی ڕەها. خاکێک کاتێک بوونى مرۆڤى کورد بەتەواوی لە ژیان و گیاندارانى ماڵى و جۆرەکانى کاتبەسەربردن و چالاکییە ڕۆژانەییەکان: (جۆماڵ و ئاژەڵبڕینەوە و گەڵاکردن و هەڵز و کەما دروێنەکردن و کشتوکاڵ و بەفرماڵین و دارکردنەوە، هتد) ئاوەدانی بەتاڵ دەکرێتەوە و بۆ چەندین ساڵ ڕێگە نەدرێت هیچ مرۆڤێک پێیدا تێپەڕێت، نەوەکوو تەعریب نەکراوە و نەکراوەتە عەرەبستان، بەڵکوو مافی ژیانی لێ داماڵدراوە و کراوەتە زەویی کۆمەڵکوژکراو و وێرانەخاک و مەرگەژیى بەسەردا سەپێنراوە.
بێدەسەڵاتیی تەعریب لە بەردەم لۆجیکی زیندەبەچاڵکردندا
شێرکۆ کرمانج نووسیوێتى: «لادێنیشینی کورد نەوەکوو ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبووە جلی کوردی فڕێ بدات و جلی عەرەبی بپۆشێت و بە عەرەبی قسە بکات، بەڵکوو تەنانەت ئامادەش نەبووە لە گوندەکەی خۆی بێتە دەرێ… لە بەرامبەردا، دەوڵەت نەوەکوو هەر نەیانتوانی بەعەرەب/ئاسیمیلیەیان بکەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ئەم لادێنشینە کوردانە بووبوونە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر دەوڵەت، بەهۆی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی تەعریبەوە»، یان: «ئامانج دزین و زەوتکردنی خاک بووە، بەڵام میکانیزم و تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید بووە». یاخود بە گواستنەوەى گوتەیەکى سەدام: «…بەڵام ئامانجی من کوشتنی خەڵک نەبوو، بەڵکوو مەبەستم بووە ئەو ناوچانەی کە بەر هەڵمەتەکان کەوتوون… عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەم.».
دەمەوێت بیرى شێرکۆ بخەمەوە، تۆ خۆت دان بەوەدا دەنێیت، کە کۆرپە و ژنان و لادێنیشینانی کورد هیچ دەرفەتێکی ئاسیمیلەبوون و بوون بە عەرەبیان پێ نەدرا و ڕەوانەی بیابانەکان کران بۆ زیندەبەچاڵکردن. کاتێک دەوڵەت دەستبەرداری ئاسیمیلەکردن و بەعەرەبکردنی کولتووری دەبێت و ڕاستەوخۆ پەنا دەباتە بەر “پاکتاوی فیزیکی و بایۆلۆجیی کتوپڕ”، لێرەدا پڕۆژەی “تەعریب” (کە پڕۆژەیەکی دیموگرافی و کولتوورییە) کۆتایی پێدێت و تاوانی “جینۆساید” (کە سڕینەوەی جەستەییی ناسنامەکەیە) دەست پێدەکات. بەڵگەی زیندەبەچاڵکردنی هەزاران کۆرپە و ژن لە نوگرە سەلمان و عەرعەر، گەورەترین مەچەکشکاندنی تێزی “ئامرازبوونی ئەنفالە بۆ تەعریب”؛ چونکە مردووەکان نەک ناکرێنە عەرەب، بەڵکوو جێبەجێکردنی کۆمەڵکوژییەکە بڕیارێکی سەربەخۆی ئایدۆلۆجی بوو بۆ نەهێشتنی جەستەیی ئەو کۆمەڵەیە، کێشەی شێرکۆ لەوەدایە “ئامانجی دووەم” (دەستبەسەرداگرتنی خاک) تێکەڵ بە “مەبەستی تاوانکاریی سەرەکی”، سڕینەوەی جەستەیی، دەکات.
جیاوازیی بونیادیی نێوان «پاکتاوی ئیتنیکى»، کە ئامانجەکەی بەکارهێنانی زۆرەملێیە بۆ جێگۆڕکێی دانیشتووان و دەستبەسەرداگرتنی خاک، لەگەڵ «جینۆساید»؛ کە ئامانجەکەی لەناوبردنی جەستەیی و مەعنەوی کۆمەڵەکەیە، ڕێک لەم خاڵەدا بەدی دەکرێت.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بۆ یۆگۆسلاڤیای پێشوو (ICTY) لە بڕیارە بەناوبانگ و مێژوویییەکانیدا (بە تایبەت لە کەیسی دادگاییکردنی Krstić و تۆمەتبارانی سەربرێنیتسا) جەختی لەسەر ڕێسایەکی زۆر ڕوون کردەوە:
«ڕاگواستنی زۆرەملێ و پاكتاوی نەژادی و گۆڕینی دیموگرافیا، هەرچەندە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین، بەڵام بە تەنیا ناتوانن لە ڕووی یاسایییەوە ببنە جینۆساید یان جێگەی بگرنەوە، مەگەر ئەو کاتەی سەلمێنرا، کە ئەم کردەوانە ئامرازی جێبەجێکردنی ئیرادەیەکی پێشوەختە بوون بۆ لەناوبردنی فیزیکیی کۆمەڵەکە».
ئەم دەقە جیاوازییەکی زۆر ورد لە نێوان چەمکە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا دیاری دەکات، کە تێیدا ڕاگواستنی زۆرەملێ و پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیموگرافیا لە خانەی «تاوانی جەنگ» یان «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی»دا دەهێڵێتەوە. هۆکاری ئەم جیاکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەم کردارانە لە خۆیاندا بریتیین لە بەکارهێنانی زۆرەملێ بۆ نەهێشتنی بوونی گرووپێک لە شوێنێکی دیاریکراودا، نەوەکوو لێدانی ڕاستەوخۆ لە بوونی جەستەیی و وجودیی ئەندامانی ئەو گرووپە. لەبەر ئەوە، لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ناتوانرێت هەر پڕۆسەیەکی دەربەدەربوون یان ڕاگواستن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەکوو جینۆساید وێنا بکرێت، چونکە جینۆساید پێویستی بە جۆرە مەبەستێکی یاسایی زۆر تایبەت هەیە.
کلیلەکە لە جێبەجێبوونی چەمکی جینۆسایددا بریتییە لە سەلماندنی «ئیرادەی پێشوەختە» بۆ لەناوبردنی فیزیکیی گرووپەکە. ئەمەش واتاى ئەوەیە کاتێک ڕاگواستن یان گۆڕینی دیموگرافیا دەبێتە جینۆساید، کە دادگا و توێژەران بیسەلمێنن ئەم کردارانە تەنیا ئامانجێکی سەربەخۆ نەبوون بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی یان دروستکردنی ناوچەیەک، بەڵکوو ئامراز و قۆناغێکی ئامادەکاری بوون بۆ گەیاندنی ئەو کۆمەڵەیە تاوەکوو سڕینەوەی جەستەیی (چ لە ڕێگەی کوشتنی ڕاستەوخۆوە، یان خستنەناو مەرجی بژێوی دژوارەوە، کە بیانگەیەنێتە ئاستى لەناوچوون). بەکورتی، دەقەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە جینۆساید تەنها بڕیاردان نییە لەسەر چارەنووسی شوێن و گوندەکان، بەڵکوو پیلانێکی مەبەستدارە بۆ لەناوبردنی خودی مرۆڤەکان.
بۆیە کاتێک لە تێزەکانی شێرکۆـدا، تاوانە فیزیکییە ڕاستەوخۆکانی وەکوو ئەنفال و کیمیاباران و بێسەروشوێنکردن دەکرێنە ئامرازێکی پلە دوو بۆ تەعریب، نەوەکوو تەنیا هەڵەیەکی میتۆدی ڕوو دەدات، بەڵکوو دەسەڵاتی دادوەری و یاساییی بەڵگەنامە کوردییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەکەدار دەکرێن و پێگەی قوربانیانی ئێمە لە تاوانی جینۆسایدەوە دادەبەزێندرێت بۆ زەرەرمەندانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێکردنی کارگێڕیی.
کاتێک زمانی جەللاد دەکەمە چەمکی زانستی
کەلێنێکی تری میتۆدی و فکریی ڕوون لە تێزەکەی شێرکۆـدا، پشتبەستنی ڕەها و بێڕەخنەیییەتی بە زاراوە، بڕیارنامە و بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعس و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراقە. (ئەمەشم لە وەڵاممدا بۆ ڕێبین فەتاح پتر ڕوونکردۆتەوە)، کاتێک دەوڵەت لە بەڵگەنامە ناوخۆیی و نهێنییەکانیدا بەردەوام زاراوەی «التعریب» یان «دەستبەسەرداگرتنی زەوی» بەکار دەهێنێت، ناوبراو ئەم بڕیار و داڕشتنانە دەکاتە بەڵگەی یەکلاکەرەوەی زانستی تا تێمان بگەیەنێت، کە ئامانجی سەرەکی و کۆتایی لە کۆمەڵکوژییەکە هەر تەعریب بووە.
وەکوو خۆی لە وتارە وەڵامەکەیدا بە ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: «لەم بەڵگەنامە فەرمییانەی دەوڵەتی عێراق و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دا، بە ڕوونی دەردەکەوێت، کە ئامانجی سەرەکی… تەعریب بووە». ئەم جۆرە پشتبەستنە نیشانی دەدات، کە ناوبراو زاراوەسازیی تاوانبار (دەوڵەتی بەعس)ی ڕاستەوخۆ کردووەتە حەقیقەتی زانستی، لەبری ئەوەی وەکوو ئامرازێکی داپۆشەری تاوانەکە سەیری بکات. بەعس وەکوو تاوانبار هەرگیز بە ڕوونى و ڕاشکاوى لەسەر تاوانەکانى خۆى نادوێت، کە ببنە بەڵگەى ئەنجامدانیان لەسەرى.
لە کۆمەڵناسیی سیاسی، مێژووی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و نیشانەناسى گوتاری توتالیتاردا، جەللادەکان و ڕژێمە کۆمەڵکوژکارەکان هەمیشە ناوی کارگێڕیی، تەکنیکی نەرم دەکەن بە بەری تاوانە بەربەرییەکانیاندا، تاوەکوو بەرپرسیارێتیی یاسایی لەسەر خۆیان لابدەن، ڕوخساری تاوانەکە بشارنەوە و بەردەوامیدان بە پڕۆسەکە ئاسان بکەن.
لە ئەڵمانیای نازیدا، تاوانی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژیی بەکۆمەڵی جووەکان لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی SS و ڕژێمی هیتلەر، هەرگیز بە زاراوەی «جینۆساید» یان «کوشتنی بەکۆمەڵ» ناوزەد نەکراون، بەڵکوو بە زاراوەی «چارەسەری کۆتایی» (Die Endlösung)، «بەڕێوەبردنی تایبەت» (Sonderbehandlung)، یان «پاكکردنەوەی ناوچەکە» دەستنیشان دەکرا. لە بەعسی عێراقیـشدا، ڕژێم تاوانە بەربەرییەکانی خۆی بەرامبەر نەتەوەی کورد لە ژێر پەردەی زاراوەی سیاسی و تەکنیکیی وەکوو «التعریب»، «ڕاستکردنەوەی نەتەوەیی» (تصحیح القومیة)، یان «نیشتەجێکردنەوە لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا» حەشار دەدا.
ئەرکی توێژەر و بیرمەندی ڕەخنەیی ئەوە نییە چەمکێک کە دەوڵەت وەکوو «دەمامک» و ئامرازی شاردنەوەی تاوان بەکاری هێناوە، بێدەنگ بگوێزێتەوە بۆ ناو دنیای ئەکادیمیی خۆی و بیکاتە بنەمای تیۆرە زانستییەکەی. بەم کارە، توێژەر دەکەوێتە داوی «نیشانەناسیی جەللاد» و گوتاری تاوانبار دەکاتە چوارچێوەی شیکارکردنی تاوانەکە.
کەمکردنەوەی ئابوورییانە و کورتبینین
هەروەها پەنابردن بۆ تێزی «جوگرافیاى ئابوورى» و بەستنەوەی تاوانەکان بە نەوت، زەوی و سەروەتی ئابوورییەوە، بەپێی ئەو ئامارەی شێرکۆ پشتی پێ دەبەستێت کە گوایە ٨٨٪ی ئەنفالکراوان خەڵکی قەڵەمڕەووى کەرکووک بوون تاوەکوو نەوتەکە تەعریب بکرێت؛ تووشی کەمکردنەوەی ئابوورییانەی شێلگیر و مەترسیدارمان دەکات.
ئەگەر ئامانجی سەرەکی لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکان تەنیا نەوت و دەستبەسەرداگرتنی سەروەتی ئابووری بوو، ڕژێمی بەعس بۆچی هەزاران گوندی بێنەوت و هەژار و مەڕدار و دوورەدەستی لە قووڵایی چیا سەختەکانی بادینان و گەرمیان و وەسانان و بالیسان بەتەواوی خاپوورکرد، کانییەکان و سەرچاوەکانی ئاوی ژەهراوی کردن و خانووەکانی تەخت کردن و خەڵکەکەی ئەنفال کرد؟. ئەو کردەوانە لە ناوچە شاخاوییە بێنەوتەکاندا نەوەکوو هیچ دەستکەوتێکی ئابوورییان بۆ دەوڵەت نەبوو، بەڵکوو زیانی دارایی و لۆجیستی و سەربازیی گەورەشیان بۆ ڕژێم هەبوو. ڕەگەزپەرستیی ئایدۆلۆجی و ڕەگەزپەرستى نەتەوەیی و ویستى ڕەهای سڕینەوەی ناسنامە و بەدوژمنکردن و خستنەدەرەوەى ئایدیۆلۆجیاى ئیسلامیى کورد، بزوێنەری سەرەکیی تاوانەکە بوون، نەوەکوو حیساباتی کێڵگە نەوتییەکان. ئەمەش شتێک بوو پێشتر میشێل عەفلەق لە کتێبى “فى سبیل البعث” (لەپێناوی ژیانەوە)، کە من لە کتێبى “قەفەسى ئاسنین” (٢٠٢٣) شیکردنەوەم بۆ کردووە؛ پلانەکەى بۆ دارشتبوو. خۆزگە شێرکۆ ئەو نامیلکەیەى دەخوێندەوە بۆ ئەوەى ورد لە پێشینەى مێژوویى زاراوەى تەعریبیش ئاگادارتر بێت.
پارچەکردنی جوغرافییی تاوانی گشتگیر
تەنانەت دابەشکردنی تاوانەکە بەپێی جوغرافیا (وەکوو جیاکردنەوەی حەوزی کەرکووک لە ناوچەکانی تری کوردستان)، جۆرێکە لە پارچەکردنی تاوانی گشتگیری جینۆساید. جینۆساید تاوانێکی بنەڕەتی و بونیادییە بەرامبەر ناسنامەی گشتیی نەتەوەیەک؛ ڕێژەی قوربانییان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بەپێی ئاسانیی جوغرافیا، دەستگەیشتنی سوپا و تەکتیکی سەربازی بووە، نەوەکوو لەبەر ئەوەی جەوهەری تاوانەکە و ئایدۆلۆجیای جەللاد لە ناوچەیەکدا بەرامبەر ناوچەیەکی تر جیاواز بووبێت.
پشتبەستن بە گێڕانەوەى زارەکى
لە بەشی سێیەمی تێزەکەیدا، شێرکۆ بۆ سەلماندنی ئەوەی جینۆساید تەنیا «ئامراز» بووە بۆ پڕۆژەی تەعریب، پەنا دەباتە بەر گێڕانەوەیەکی دەمەکی لە زاری «وەفیق سامەڕائی» (بەرپەرسی پێشووتری هەواڵگریی سەربازیی بەعس) سەبارەت بە قسەیەکی سەدام حوسێن، کە گوایە گوتبێتی: «ئامانجم کوشتنی خەڵک نەبووە بە چەکی کیمیایی، بەڵکوو مەبەستم جێگیرکردنی سەروەری و نیشتەجێکردنی عەرەب بووە».
لە ڕووی میتۆدی مێژوویییەوە، پشتبەستن بە «گێڕانەوەی زارەکى»ی سەرکردەیەکی سەربازی و ئەمنیی ڕژێمی تاوانکار، کە لە کۆڕێکی سیاسی یان بیرەوەریی پاش ڕووداوەکەدا دانى پیاناوە، ناکرێت ببێتە بەڵگەی بڕواپێکراوی زانستی و میتۆدی بۆ تیۆریزەکردنی تاوانێکی نێودەوڵەتی. ئەم گێڕانەوە زارەکییە لەگەڵ واقیعی مەیدانیی تاوانەکەدا بە هیچ جۆرێک یەک ناگرێتەوە؛ چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە و گوپتەپە و عەسکەر و شێخ وەسانان و بالیسان، خاک و ژینگەی ناوچەکەی بۆ دەیان ساڵ ژەهراوی کرد و هیچ کەرەستە، زەمینە یان ژینگەیەکی بۆ نیشتەجێکردنی عەرەب یان هیچ مرۆڤێکی تر تێدا نەهێشتەوە. ڕەفتاری فیزیکی، بڕیاری کردارەکی و ئەنجامی مەیدانیی دەوڵەت ڕاستیی تاوانەکان دەسەلمێنێت، نەک قسە و پاساو و لێدوانە پاشترەکانى تاوانبارانی جەنگ. تاوانبارانی جەنگ پاش ڕووخانی ڕژێمەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن هاندەرى تاوانەکانیان لە کۆمەڵکوژییەوە بگۆڕن بۆ ‘دەستەبەربوونی ئاسایشی نەتەوەیی’ یان ‘سەروەریی کارگێڕیی’ تا بارسووکتر دەربکەون.
ڕەهەندە نەرمەکانی گۆڕینی دیموگرافی
کاتێک شیکاری بۆ مێژووی بەعەرەبکردن و جینۆساید دەکەین، نابێت پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافی وەکوو ڕووداوێکی مێژووییی بەستوو لە ڕابردوودا جێبهێڵین؛ بەڵکوو پێویستییەکى هزرییە تێبگەین چۆن ڕەهەندەکانی ئەم پڕۆسەیە لە ئێستادا و لە ژێر سایەی چوارچێوە یاسایی و کارگێڕی و ئابوورییە نوێیەکاندا شێوە دەگرنەوە. لە کاتێکدا ڕژێمی پێشوو بۆ گۆڕینی نەخشەی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی کوردستان پشت بە هێزی ڕەها، وێرانکاریی فیزیکی و ئامرازی کۆمەڵکوژی دەبەست، ئەمڕۆ پڕۆسەی هاوشێوەی گۆڕینی دیموگرافی بە شێوازێکی زۆر نەرمتر و بێدەنگتر و لە ڕێگەی ئامرازی یاسایی و ئابووری و شارستانییەوە؛ بەردەوامیی هەیە.
ئەم وەرچەرخانە نەرمە لە پڕۆسەکەدا، لێکەوتەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی سیاسی و یاسایین لە عێراقی پاش ٢٠٠٣. هاتنی بەرچاوی هاووڵاتییانی پارێزگاكانی تر بۆ هەرێمی کوردستان و نیشتەجێبوونی هەمیشەیی، یان درێژخایەنیان، کە زۆرجار لە ژێر چەتری یاساکانی وەبەرهێنان و کڕینی موڵک و ماڵ، یان وەکوو دەرئەنجامی نائارامیی ئەمنی لە ناوچەکانی تری عێراق دا ڕوو دەدات؛ دۆخێکى نوێ لە ئاڵوگۆڕی دیموگرافیی هێناوەتە ئاراوە. ئەم پڕۆسەیە ئەگەرچی لە ڕووی شێواز و ئامرازەوە بەتەواوی جیاوازە لە تەعریبی زۆرەملێ و زۆنە قەدەغەکراوەکانی سەردەمی بەعس، بەڵام لە ڕووی ئەنجامی کۆتایییەوە، دەکرێت وەکوو تەواوکارییەکە بۆ دروستکردنەوەی هاوسەنگییە دیموگرافی و کولتوورییەکان بە زیانی ناسنامەی ناوچەکە سەیر بکرێت.
مەترسیی سەرەکی لەم دیاردە نوێیەدا لەوەدا کورت نابێتەوە، کە تاك یان خێزانە عەرەبەکان بە شێوەیەکی یاسایی مافی کۆچ و کارکردنیان هەبێت؛ بەڵکوو لەوەدایە کاتێک ئەم ئاڵوگۆڕە دیموگرافییە بێدەنگە بەبێ بەرنامەیەکی تۆکمەی پاراستنی ناسنامە و بێ بوونی دیدگایەکی ستراتیجیی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت، پاشخانە مێژوویییەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان و ناوەندە شارستانییەکانی کوردستان دەخاتە بەر مەترسیی توانەوەیەکى نەرم وەکوو ئەوەى مامۆستا عەدالەت عومەر، جینۆسایدناسى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا باسى دەکات.
ئەم جۆرە لە نیشتەجێبوون و تێکەڵبوونی دیموگرافی، چونکە چوارچێوەیەکی یاسایی و مەدەنیی هەیە؛ کەمتر ڕەخنەی نێودەوڵەتیی لەسەر دروست دەبێت، بەڵام ئەنجامە ڕاستەقینەکەی تێکدانی هێواشی بنەما دیموگرافی و زمانەوانییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانییە.
لێرەوە، پەیوەستکردنەوەی ڕەخنە تیۆرییەکەی ئێمە لە تێزەکانی تەعریب بە واقیعی ئەمڕۆوە، لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە گۆڕینی دیموگرافی پڕۆسەیەکی فرەڕەهەندە: گاهێ بە چەکی کیمیایی و ئەنفال وەکوو ئامرازی ڕەهای سڕینەوە بەرجەستە دەبێت و گاهێكی تر لە ژێر ناوی یاسا و بازار و وەبەرهێنان و جوڵەی ئازادانەی دانیشتوواندا بەکاردەکەوێت. بۆیە، ئەرکی ئەکادیمیی سەربەخۆ تەنیا ڕەخنەکردنی لێکدانەوە هەڵەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکوو هۆشیارکردنەوەی چەمکسازیی فکرییە بەرامبەر ئەو میکانیزمە نەرم و یاسایییانەی کە ئەمڕۆ بە بێدەنگی خەریکی درێژەدانن بە هەمان ئامانجی کۆنی دەوڵەتی ناوەندی لە گۆڕینی ناسنامەی خاک و دانیشتووانی کوردستان دا.
ئەنجام
بونیادنانی دادپەروەریی مێژوویی و پاراستنی بیرەوەریی کۆمەڵایەتی بۆ قوربانییانی ئێمە، پێویستی بە زمانێکە کە ئاستی قورسی و ناسنامەى تاوانەکە وەکوو خۆی بەیان بکات: زمانی حەقیقەت و بەڵگەی مەیدانی و شیکاریی بونیادی و یاسای نێودەوڵەتی، نەوەکوو ئەو زمانە نەرم و کارگێڕیی و ئامرازییەی کە جەللادەکان بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان لە بەڵگەنامە فەرمییەکانیاندا بەکاریان دەهێنا.
جینۆساید لە کوردستان دا، ئامرازی هیچ پڕۆژەیەکی تر نەبوو، بەڵکوو ئامانجی ڕەها و دواهەمینی ئایدۆلۆجیای ڕەگەزپەرستیی دەوڵەت بوو بۆ سڕینەوەی جەستەیی و ناسنامەی نەتەوەیەک. ڕاستکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە لە هزرى ئەکادیمیای کوردی دا، نەوەکوو تەنیا کێشەیەکی تیۆرییە، بەڵکوو ئەرکێکی فکری و یاسایی و نەتەوەیی و ئەخلاقیی پێویستە بەرانبەر مێژوو و حەقیقەت و بیرەوەریی زیندووی قوربانییانمان.
سەرچاوە
١. UNITED NATIONS Case No: IT-98-33-A Date: 19 April 2004 International Tribunal for the Prosecution of Persons Responsible for Ser.
٢. Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide.
٣. Appeals Chamber Judgement in the Case the Prosecutor v. Radislav Krstic | International Criminal Tribunal for the former Yugoslavia
٤. UNITED NATIONS Case No: IT-98-33-A Date: 19 April 2004 International Tribunal for the Prosecution of Persons Responsible for Ser.
٥. https://www.facebook.com/share/r/1Ly76QzGTt/?mibextid=wwXIfr.
٦. Stræde, Therkel: Endlösung i Lex på lex.dk. Hentet 1. august 2026 fra Endlösung – Eufemisme for folkemordet på Europas jøder – Lex.



