پێشڕەو محەمەد
«جینۆساید بە زەرووریی بە مانای لەناوبردن و تەفروتوناکردنی نەتەوەیەک نایەت… بەڵکوو ئاماژەیە بە پلان و بەرنامەیەکی ڕێکخراوی چەندین کردە و جووڵەی جیاواز» – ڕافایل لێمکین، ١٩٤٤
یەکەم: شەڕێکی گرنگ لەسەر زاراوەیەک
گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی فیکریی نێوان شێرکۆ کرمانج و ڕێبوار سیوەیلی گفتوگۆیەکی دەگمەنی ئەو دوواییانەی ناو ڕووناکبیریی کوردە کە ماوەیەکی زۆر بوو لەوە دەچوو گفتوگۆ و دیبەیتی نێوان ڕووناکبیران، لێکۆڵەران، نووسەران و زانایان کۆتایی هاتبێت و سەردەمی تاکنووسیی و نووسەری گۆشەگیر و تەرکەدنیا دەستی پێکردبێت. بە خوێندنەوە و بەریەککەوتنی نووسینەکان جۆرێک لە دڵاوایی و بەخشندەیی دوولایەن لەلایەن هەر یەکێکیانەوە دەبینیت، ئەمەش ڕەوتی گفتوگۆکەی بە ئاراستەی هاندانی یەکتر بۆ نووسینی زیاتر بردووە. خۆی ئامانجی دیبەیتی ڕەخنەییش لەسەر دیاردەیەک لە بنەڕەتدا ئەمەیە. کرمانج پێیوایە ڕەخنەکەی سیوەیلی «چوارچێوەی تێگەیشتن و توێژینەوە لە پەیوەند بە پڕۆسەکانی تەعریب و تەرحیل و جینۆسایدی کورد لە عێراق فراوانتر و قووڵتر دەکاتەوە و دەیبات بۆ ئاستێکی باڵای ئەکادیمی و زانستی»، بۆیە شایستەی خوێندنەوە و هەڵوەستەی زیاترە و ئەمەش هانی دەدات زیاتر و وردتر بچێتە ناو بابەتەکەوە. لای خۆیەوە سیوەیلی بەشداریی خۆی لە دیبەیتەکەدا نەک وەک ڕەتکردنەوەی کرمانج، بەڵکوو وەک «ئەوەى لەم بارەیەوە بیرى لێ دەکەمەوە و دەینووسم هەم ڕێزلێنانە لە هەوڵى کەسانى دیکە و هەمیش بانگهێشتکردنیانە بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە چەمک و بیرۆکەکاندا»، لەو کارەساتانەی بە سەر کورد دا باریون. دوای خوێندنەوەی بابەتەکەی هەردوو نووسەر، بەپێویستم زانی بەشداریی لەم دیبەیتەدا بکەم، نە لە گۆشەنیگای جینۆسایدناسەوە، کە من نیم، نە مێژوونووسیشەوە، بەڵکوو لە گۆشەنیگای مێژووی ئایدیاکانەوە، ئەو میتۆدەی شادەماری نووسینی منی تەنیوەتەوە و دەشمەوێت بە هەمان ڕۆح بۆچوونی خۆم لەسەر بیروڕاکانیان بخەمەڕوو، وەک کەسی سێیەم کە پێیوایە هەردووکیان لە کڕۆکی بابەتەکەدا لەسەر حەقن و ناکۆکیی توندیشیان لەسەر بابەتەکە، لە ڕاستییدا یەکێتیی و هاوشێوەییەکی قووڵی بیروبۆچوونی هەردووکیان لەسەر پرسەکە ئاشکرا دەکات کە هیچیان بە تەواویی ئەم یەکبوونەیان دانەڕشتووە و ئاماژەیان پێ نەکردووە.
شەڕەکە، ئەگەر بۆ جەوهەرەکانی دایبەزێنین، لەسەر وشەیەک، زاراوەیەکە. کرمانج دەڵێت «بەعەرەبکردن»، کە ئەو بە “تەعریب” ناوی دەبات، ئامانجی ستراتیجییانەی سیاسەتی دەوڵەتیی عێراق دەردەخات: نەک گۆڕینی تاکی کورد و کردنی بە عەرەب، بەڵکوو دەستبەسەرداگرتن و گۆڕینی دیمۆگرافییانەی “خاکی/وڵاتی” کورد، لەسەرووی هەموویەوە کەرکووک. دیپۆرت – کە هەم کرمانج و هەم سیوەیلی بە زاراوەی تەرحیل لەسەر ئەم پرسە دەڕۆنە پێشەوە، ڕاگواستنی زۆرەملێ و چۆڵکردن، ئەنفال و کوشتنی بەکۆمەڵ، لە خوێندنەوەی کرمانج دا “کۆمەڵێک ئامرازن” خزمەت بە ئامانجی خاک و پانتاییی دەکەن لە مانا سیاسییەکەیدا. سیوەیلی بەوەدا بەرپەرچ دەداتەوە کە «بەعەرەبکردن» کاتیگۆرییەکی هەڵەیە، جۆرە داو و تەڵەیەکی ئەخلاقییە. باسکردن لە سووتاندن و وێرانکردنی گوندەکان، هێرشی کیمیایی، زیندەبەچاڵکردن و ناشتنی هەزاران کەس لە نوگرە سەلمان و دانانی لێکدانەوە و پێناسەکردنی وەک «بەعەرەبکردن» (تەعریب) بە «نائاگاییەوە پەردەیەکی “فەرهەنگی-کارگێڕیی” بەسەر سیاسەتێکدا دەکات، کە لە جەوهەردا ستراتیجە کۆنکریتییەکەی بکوژانە و سەرکوتکارانە بووە». سیوەیلی دەڵێت لۆجیکە ڕاستەقینەی ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت بریتیی بووە لە «بەئەویدیکەکردن» – سیوەیلی بە ئەویترکردن دەینووسێت – یاخود زێدەتریش «بەدوژمنکردن»: ڕۆنانی کورد وەک «تەنێکی زیانبەخش»، هەڕەشەیەکی بوونگەرییانە کە دەبێت لەناو ببرێت و نەک «تواندنەوە و گونجاندن»، بەڵکوو «سڕینەوەی مادی و ئەنفالکردن» چارەسەری کۆتایی بێت.
تێزەکەی من ئەوەیە ئەم لەبەرانبەریەکدانانە، ئەم بەدژکردنەی زاراوەکان، بەڕادەیەک هەڵەبەرە. کرمانج هەڵوەستە لەسەر ڕەهەندی “ماتریالیی و شوێن” دەکات؛ سیوەیلی لەسەر ڕەهەندی “ئایدیۆلۆجیی و مێتافیزیکیی”. بە بۆچوونی من کێشەکە لە شیکارییەکانیاندا نییە، بەڵکوو لەو گریمانە و بۆچوونە دایە کە پێیان وایە ئەم “پێناسەکردنە” ناکۆکانە کێبڕکێ لەسەر هەمان ناوچەی چەمکسازیی دەکەن. بەڵام بەمجۆرە نییە. هەردووکیان دوو توێژی جیاوازی هەمان ڕووکارن، هەمان پڕۆسەن. ئامانجی من لەم نووسینەدا هەم پردێکی پەیوەندییە و هەم تێپەڕینیشە لەم جەنگە لەسەر زاراوەکان. مێتۆدی نووسینەکەم مێژووی ئایدیاکانە و بۆ ئەمەش پێویستم بەوەیە بەنێو ئایدیا هاوشێوەکان، لە ژینگە جیاوازترەکاندا بچمە خوارەوە، بۆ ئەوەی لەڕێگەی پڕۆسەیەکی بەراوردکاریی جینۆسایدی گەلانی دیکەوە، هەڵوەستە لەسەر ئەم جینۆسایدەی کورد بکەم. کێڵگەی لێکۆڵینەوەی من بێگومان وەک زۆربەی جار کێڵگەی لێکۆڵینەوەی ئەڵمانییە و پرسی جینۆسایدکردنی جووەکان، بەڵام هەروەها فراوانتر لەوەش: «بەئەڵمانییکردنی ڕۆژهەڵات» (Ostgermanisierung) و نیشتەجێکردنی ئەڵمانەکان لەسەر خاکی گەلانی داگیرکراو.
جینۆساید چییە: گەڕاندنەوەی لێمکین دژی هەڵەی جەستە-ژمێریی
پێش ئەوەی بچینە ناو بڕیاردان لەسەر یەکتر لەنێوان کرمانج و سیوەیلی-دا، دەبێت ئەو چەمکە ڕوون بکەینەوە، کە ئەوان جەنگەکەیان لەسەر ڕاگەیاندووە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە هەردوو نووسەر ناگەڕێنەوە بۆ ڕەگوڕیشەکانی زاراوەکە، ڕەنگیشە بابەتەکە پەیوەندیی بە خێرایی و کورتنووسیی ئەمڕۆوە هەبێت لە جیهانی میدیادا و بەوەدا هەردوو نووسەر ساڵانێکە لەسەر ئەم پرسە کتێب و نووسینیان هەیە. سیوەیلی دیارە، وەک باسی دەکات بە کتێبی «قەفەسی ئاسنین» بەشداریی لەم پرسەدا کردووە – کە بەداخەوە من ئەم کتێبەم نەخوێندۆتەوە و بەردەستم نییە تا ڕوانینی لەبارەوە دەرببڕم. کرمانج بە کتێبی «شوناسی عێراق» – کە خۆشبەختانە ئەم کتێبەیانم خوێندووەتەوە – لەگەڵ ئەوەی کرمانج هەوڵدەدات لە کتێبەکەیدا پڕۆسەی ئەنفال و جینۆساید بە وردیی شی بکاتەوە، بەڵام ئەویش ناچێتە ناو ڕەگوڕیشە سایکۆلۆجیی، فەلسەفیی، مێژووییەکانی زاراوەکەوە. ئەمەش ڕەنگە سروشتی مێتۆدۆلۆجیی لێکۆڵینەوەکە ناچاری کردبێت.
من لێرە دەگەڕێمەوە بۆ ڕافایل لێمکین، یاساناس، پارێزەر و سیاسەتمەداری جووی پۆڵەندیی، کە لە ١٩٤٤ چەمکی «جینۆساید» دادەڕێژێت و وەک زاراوەیەک پێناسەی دەکات کە دەتوانێت بەشی زۆری ناکۆکیی و ناهاوڕایی لەسەر زاراوەکە، لەمڕۆدا، چارەسەر بکات. ئەو دەنووسێت، «جینۆساید بە زەرووریی بە مانای لەناوبردن و تەفروتوناکردنی نەتەوەیەک نییە… بەڵکوو ئاماژە بە پلان و بەرنامەیەکی ڕێکخراوی چەندین کردە و جووڵەی جیاواز بۆ لەناوبردن و قڕکردنی سەرچاوە جەوهەرییەکانی ژیانی گرووپە نەتەوەییەکان».(١)
دوو شت ڕاستەوخۆ دێنەپێشەوە و دەکرێت هەردووکیان بەشدار بن لە دیبەیتەکەدا. یەکەم، جینۆساید لەڕێگەی “دیزاین و پلان”ـەوە پێناسە دەکرێت نەک لەڕێگەی جەستە/لاشە-ژمێرییەوە. لەبەرئەوە سیوەیلی لەسەر حەقە کاتێک دژی هەر کورتکردنەوەیەکی ئەنفال بۆ «گۆڕینی دیمۆگرافیی» دەوەستێتەوە، بەڵام لەوەدا دەکەوێتە کێشەوە پێی وابێت هەڵوەستەکردن لەسەر زەقکردنەوەی “ئامانج”ی پانتایی، زەوی و زار و ئابووریی، زاراوەی جینۆساید ناکاریگەر دەکات و دەیسڕێتەوە. بەپێچەوانەوە، لێمکین بە ڕاشکاویی هەڵوەستە لەسەر «بوونی ئابوورییانەی گرووپە نەتەوەییەکان» دەکات و لەڕیزی «بناغە و بنچینە جەوهەرییەکان»ی ئەو گەلانە پۆلێنیان دەکات، کە دەبێت لە پڕۆسەی جینۆسایددا لەنێو ببرێن. برسیکردنی گوندە سنوورییەکان، وێرانکردن و تەفروتوناکردنی ئابووریی بچووکی گوندیی لە کوردستان، دزین و داگیرکردنی زەوی و زار: باسکردن لەمانە و زەقکردنەوەیان نابنە بەڵگە لەسەر ئەوەی ئەم خوێندنەوانە “دژ” بە زاراوەی جینۆسایدن، کە ڕەنگە تیۆرییەکی خاوی یاسامەندیی پێشنیازی بکات، بەڵکوو خۆیان کۆمەڵێک نموونەی کتێبی وانەیین بۆ ئەو شتەی لێمکین پێی دەڵێت «پلان و بەرنامە ڕێکخراوەکانی کردە و جووڵە جیاوازەکان». لەم ڕووەوە هەڵوەستە و پێداگریی کرمانج لەسەر ڕەهەندی زەوی/خاک/ئابووریی دوورە لەوەی دژی چەمکی جینۆساید بێت، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بەشێکی “ناوەکیی” ناو پڕۆسەی جینۆسایدە.
دووەم، ئەمەش ئەو خاڵەیە کرمانج لە گەشەپێدانی دووردەکەوێتەوە: لەبەرئەوەی جینۆساید “بەرنامە و پلانی کردە و جووڵە جیاوازەکان”ـە، ئەوا لە مێتۆدەکانی جێبەجێکردنیدا ڕەهەندی “کۆیی” هەیە. دیپۆرتکردنەوە (تەرحیل/ڕاگواستن) و قڕکردن دوو گریمانەی دژبەیەک نین دەربارەی «ئامانجە ڕاستەقینەکە»؛ بەڵکوو دوو تەکنیکی تەواوکەری ناوەوەی تەلارسازییەکی وێرانکردن و قڕکردنن. کاتێک کرمانج دەڵێت بەعەرەبکردن، دیپۆرتکردنەوە، ئەنفال و جینۆساید «تەواوکەری یەکدین نەک ڕەتکەرەوەی یەکدی»، زۆر نزیکە لە لێمکینـەوە بێ ئەوەی خۆی باسی بکات یاخود بۆی چووبێت. کێشەکەی کرمانج لێرەوە دەست پێدەکات “هەموو” ئەمانە دەکاتە پاشکۆی شائامنجێک، کە “خاک/زەوی/پانتاییـە. لێرەوە ئەو زیادە ئایدیۆلۆجییە ڕووتەخت دەکات و ناکاریگەر پیشان دەدات کە سیوەیلی بە دروستیی ئاماژەی پێدەکات: ڕاستیی ئەوەی کوشتن هەم لە بەربەریزمەکەی و هەم لە هێماگەرییەکەیدا، زۆر زیاترە لە تەنها پێویستیی بە داگیرکردنی خاک.
پەیژەی قڕکردن: لە بەئەویدیکەکردنەوە بۆ تواندنەوە
ئەگەر جینۆساید بریتییە لە بەرنامە و پلانێکی ڕێکخراوی کردە و جووڵە جیاوازەکان، کەواتە پرسیارە سروشتییەکە ئەمە دەبێت: لە چ ڕێکخستن و نەزمێکدا و لەڕێگەی چ لۆجیکێکی ناوەکییەوە، ئەم کردە و جووڵانە ئاشکرا دەبن؟ بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بەوەیە هەڵوەستە لەسەر مۆدێلەکانی قۆناغبەندیی لە لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکانی جینۆسایددا بکەین. بۆ نموونە، لێرەدا گریگۆری سانتۆن دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باشمان بێت و ئەمەش دەکرا لە بنەڕەتەوە بەبێ هیچ ناکۆکییەک هەردوو ڕوانینی کرمانج و سیوەیلی بەیەکەوە گرێبداتەوە. سانتۆن جینۆساید وەک پڕۆسەیەک دەبینێت بەنێو زنجیرەیەک پۆلێنکردن، بەهێماییکردن، بەتاوانکردن، لەمرۆڤخستن، ڕێکخستن، جەمسەربەندییکردن، ئامادەکاریی، ڕاوەدوونان، ئازاردان، قڕکردن و نکووڵییکردندا تێدەپەڕێت. ئەوەی گرنگە، سانتۆن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئەم پرۆسانە زنجیرەیەکی بەدووی یەکداهاتنی هێڵیی نین، بەڵکوو کۆمەڵێک پڕۆسەی بەناویەکداچوون، «دەکرێت قۆناغەکان بەشێوەی هاوکات ڕووبدەن… هەموو قۆناغەکان لە سەرتاپای پڕۆسەکەدا بەردەوام دەبن لە کارکردنی خۆیان».(٢)
ئەم ڕوونکردنەوە تاقانە مێتۆدۆلۆجییە دەتوانێت گرێی سەرجەمی مشتومڕەکە بکاتەوە. «بەئەویدیکەکردن»ی سیوەیلی “دژ و نەیار”ی زاراوەی «بەعەرەبکردن»ی کرمانج نییە؛ بەڵکوو “ناوێکە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکانی هەڵزنان بە هەمان پەیژەدا.” پۆلێنکردن، بەهێماییکردن، بەتاوانکردن و لەمرۆڤخستن – چوار قۆناغە یەکەمەکەی سانتۆن – ڕێک ئەو شتەن لێکۆڵەران بە «بەئەویدیکەکردن»ی گرووپێکی قوربانیان ناوی دەبەن. بە ئەویدیکەکردن دەکرێت لەم پێناسەیەی جینۆسایددا لە چوار قۆناغی یەکەمی پڕۆسە دوور و درێژەکەدا بێت، کە سیوەیلی دەیکاتە چەقی تێڕوانینەکەی. هەموو «بەئەویدیکەکردن»ێک لە مێژووی کۆن و نوێدا ڕاستەوخۆ و بە زەرووریی نەبووەتە هۆی قڕکردنی سەرتاپای نەتەوەیەک: کۆچبەران لە دیموکراسییە خۆرئاواییەکاندا، کە بەپڕۆسەی بەئەویدیکەکردندا تێدەپەڕن و تێیدا دەژین، بەڵام قڕناکرێن و لە مافە دیموکراسییەکان و بەشداریی سیاسییش بێبەش نابن، جووەکانی مەسیحایەتیی سەدەکانی ناوەڕاست، کاتۆلیک و پرۆتستانتەکانی هۆڵەندا. ڕۆنانی کورد وەک «تەنێکی زیانبەخش» کە سیوەیلی کەیسەکەی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێت، لە ڕاستییدا “پێشمەرج”ی ئایدیۆلۆجییە بۆ پڕۆژەی خاک/زەوی/پانتایی کە کرمانج دەیەوێت باسی بکات. تۆ خاک و زەوی نەتەوەیەک بەتاڵ ناکەیتەوە کە وەک هاووڵاتییانی خۆت بیانبینیت؛ سەرەتا دەبێت وەک تەن و بوونەوەری نامۆ بیانبینیت، و وەک ئامادەییەکی هەڕەشەئامێز دایانبڕێژیت. لەبەرئەوە “بەئەویدیکەکردن” بریتییە لە “هەڵکشان بەڕێڕەوی ڕووباردا” بەرەو سەرچاوە و سەرەوەی “بەعەرەبکردن”؛ بەعەرەبکردنی خاک/زەوی بریتییە لە “هێنانەخوارەوە”ی بەئەویدیکەکردن. بەڵام دواجار هەردووکیان دوو ساتەوەختی یەک ڕووبارن: بەرەوسەرەوە، بەرەوخوارەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، پێموایە، ئەوەی هەردوو نووسەر/توێژەر وەک ناهاوڕایی و ناکۆکیی لەنێوان خۆیاندا دەیبینن، بێ ئەوەی دەرکی بکەن یاخود نا، پردی پەیوەندیی لەنێوانیاندا هەیە. پرسیاری ئەوەی ئایا پڕۆژەی بەعس بەڕاستیی دەربارەی خاک/زەوی بووە یاخود بەڕاستیی دەربارەی قڕکردن، وەک ئەوە وایە بپرسین پەیژەیەک بەڕاستیی بریتییە لە ترۆپکەکەی، یاخود بەشی خوارەوەی. کرمانج لەسەرەوەی پەیژەکە وەستاوە و لەوێوە سەیری خوارەوە دەکات و بۆ ئامانجی ستراتیجیی دەگەڕێت؛ سیوەیلی لە خوارەوە وەستاوە و سەیری ڕەگوڕیشە ئایدیۆلۆجییەکە دەکات. لەڕاستییدا هەردووکیان باس لە هەمان بونیاد و پێکهاتە دەکەن.
بەرهەمهێنانی درێژخایەنی دوژمن: ڕەچەڵەکناسیی دێواندن
ئەگەر بەئەویدیکەکردن بریتییە لە خاڵی سەرەوەی ڕووباری جینۆساید، کەواتە دەبێت بپرسین ئەوە کەی بوو ئاوی ڕووبارەکە دەستی بەڕۆیشتن کردووە. لێرەدا شیکارییەکەی سیوەیلی، کە لەبنەڕەتدا ئێجگار بەهێزە، بەدەست کەموکورتییەکی تایبەتەوە دەناڵێنێت: دەیەوێت دوژمن-ڕۆنان و بەدوژمنکردنی کورد لەناوەوەی دەوڵەتی بەعسی دا نیشتەجێ بکات، وەک ئەوەی داهێنراوێکی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی سەدەی بیست بێت و سیوەیلی بەخۆی بزانێت یان نا، دەچێتەوە سەر تیۆریی مۆدێرنیستیی بۆ ڕۆنانی نەتەوە و کاردانەوە بەرانبەر نەتەوە و ناسیۆنالیزم وەک «نەریتێکی داهێنراو»، ڕێک وەک ئێریک هۆبزباوم باسی دەکرد و لەم ڕوانگەیەوە، هەوڵ و گەڕانی خۆی بۆ دۆزینەوەی ڕیشە و سەرچاوەی ئایدیۆلۆجیی بەئەویدیکەکردن/بەدوژمنکردن دەخاتە ناو گرفت و کێشەوە.
وێنەی کورد وەک ئەویدیکەیەکی شەڕانگێزی دەرەکیی، داهێنراوێکی بەعسی نییە، بەڵکوو خڵتەیەکی نیشتووی هەزار ساڵەی ڕۆنانی وێنەی کوردە. حەیدەر لەشکری لە کتێبەکەیدا «وێنەی کورد لە زانینی مێژوویی ئیسلامییدا» و من لە کتێبەکەمدا «مەم و زین و تاسەی سەربەستیی: ئاراستەیەکی هێگلیی»، هەردووکمان هەوڵمانداوە ڕەگوڕیشەی ڕۆنانی وێنەی شەڕانگێزی کورد بۆ سەرچاوەیەکی دوورتر ببەینەوە. لەشکری لەنێو زانینی عەرەبیی-ئیسلامییدا، منیش لەنێو زانینی شیعیی-فارسیی و عوسمانیی و پەڕینەوەی بۆ نێو ڕۆژهەڵاتناسیی ڕۆژئاوایی و گەڕانەوەی لە فۆرمی هەڵگەڕاوەی ئایدیۆلۆجیی لەسەدەی بیستدا.(٣) لەنێو ڕووداونووسییە پێش-مۆدێرنەکاندا چ لە گۆشەنیگای دەوڵەت و ئیمپراتۆرییە دراوسێکانەوە بووبێت، چ لە گۆشەنیگای ئایینیی/ئیسلامییەوە بووبێت، بەوجۆرەی مایکڵ ئێپل باسی دەکات، کورد هەمیشە وەک «بەربەر، ڕێگری توندوتیژ و کوشندە» دەرکەوتووە، کە «هەڕەشەیە لەسەر حکوومەتی ناوەندیی، کولتوور و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی باڵادەست».(٤)
خودی وشەی کورد لە جیهانبینیی کۆنی ئیسلامیی و سیاسیی دەسەڵاتە سەردەستەکاندا بە مانای «نەتەوەی لەکۆنتڕۆڵدەرچوو، توندوتیژ و جاروبار دەرە-یاسا و دژە-یاسا» دەهات.(٥) وەک لەشکری بە گەڕانەوە بۆ ڕەگوڕیشەی وشەی کورد باسی دەکات، خودی وشەی «اکراد» دەبێتە هاومانای وەدەرنان، «اکرادهم/ اکردهون»، «بەکوردمان کردن» واتا «وەدەرمان نان» کە لە سەردەمی ئەل-مەقریزییەوە دێتە ئاراوە. تەقیەدین مەقریزی (١٣٦٤-١٤٤٢) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی “ئامۆژگارییەکان و وانەکان لەڕێگەی گێڕانەوەی پلانەکان و شوێنەوارەکانەوە” مۆدێلێکی پڕکراو بە ڕق و قینەی حیکایەتی ئەفسانەی شا سلێمان دەگێڕێتەوە کە ژنان لەلایەن شەیتان یاخود دێوەکانەوە دەستدرێژیی سێکسییان دەکرێتە سەر و بەرهەمی ئەم دەستدرێژییانەش لەدایکبوونی کۆمەڵێک منداڵن. کاتێک شا سلێمان ئەمەی بۆ دەردەکەوێت، دەستوور دەدات: «دەریان بکەن (اکردهون) بۆ چیا و دۆڵان، لەوێ دایکەکانیان بەخێویان کردن… بەمەش ڕەسەنی کوردان دەستی پێکرد».(٦)
ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە مەقریزی بە مەبەست فرمانی عەرەبتت «اکردهم» یاخود «المکاردة» کە لە وشەی «کورد» وەرگیراوە وەک هاومانای وەدەرنان و ڕەتکرانەوە (المطاردة) بەکاردەهێنێت بۆ ئاماژەکردن بە کردەی «وەدەرنان»ی ئەو منداڵانە بەکاردەهێنێت. فرمانەکەش لە ڕەگی «کرد» وەردەگرێت کە لە هەمانکاتدا بناغەی ناوی ئەتنیکیی «کورد» (و کۆ: اکراد) پێکدەهێنێت. لەڕێگەی بەکارهێنانی «اکرادا»وە لەم بەستێنە ماناناسییەدا مەقریزی ئاماژەیەکی ئیتیمۆلۆجیی و پێبەخشین و دانەپاڵ دەخاتەڕوو، کە ناوی نەتەوەی کورد دەخاتە پاڵ بیرۆکەی «وەردەرنان» و «دەرکردن»ەوە. لەم ڕێگەیەوە مەقریزی و بەدووایدا مێژوونووسان و ئەتنۆگرافانی دیکە ئاماژەیەکی دانەپاڵی بەهێز دادەهێنن، کە چەمک و زاراوەی «کورد» دەبەنە ناو بەستێنێکی تەواو نەرێنییەوە – ماناناسییەکی لەبەهاخراو، کە دواتر و لە سەردەمە تازەکاندا ڕەهەندی ڕاشکاوتری سیاسیی وەردەگرێت. لێرەوە، لە مێژووی ئیسلامییدا بۆ یەکەمجار وێنەی «ئەویدیکە»ی کورد، وەک بوونێکی دەرکراو و وەدەرنراو و نامۆ بە شارستانێتیی ئیسلامیی، دێتەئاراوە. ئێمە بەر «ئێمەی ئیسلامیی» (خاوەن ڕەگوڕیشەی ئیمان) و «ئەویدیکەی دەرکراو» (اکردهم) دەکەوین.(٧)
ئەم ڕەچەڵەکناسییە قووڵە لە دوو ڕووەوە بۆ دیبەیتەکەمان گرنگە. یەکەم پشتیوانیی لە ڕوانگەکەی سیوەیلی دەکات بەوەدا ئێمە دەستوپەنجە لەگەڵ بونیادێکی “بەئەویدیکەکردن”دا نەرم دەکەین زۆر کۆنتر و بەتەمەنترە و لەڕووی کولتوورییەوە زۆر درێژخایەنتر و دێرینترە لە سیاسەتی بیرۆکراسییانەی نیشتەجێکردنی سەردەمی مۆدێرن، بەڵام هاوکات ئاماژەشە بەوەی ئەم بەئەویدیکەکردنە زۆر دەمێکە ڕەگوڕیشەی داکوتاوە و سەربەخۆ بووە لە هەر پڕۆژەیەکی “بەعەرەبکردن” لە تێڕوانینی پشتبەست بە پانتایی/خاک لای کرمانج. دێواندن سەرەتا دێت؛ گۆڕین و ئەندازیارییکردنی دیمۆگرافییانە درەنگتر و دەربڕین و دەرکەوتە ئامرازییەکەشی لەکۆتاییدا. دووەم، تەنانەت لە سەردەمی بنەماڵەی ئەیوبییەکان دا، بنەماڵەی سەڵاحەدینی ئەیوبیی، بانگەشەی عەرەببوونی دەکرا و هۆکارەکەشی بۆ ئەو وێنە نەرێنییە دەگەڕایەوە کە دەمێک بوو لە نەریتی ئیسلامییدا سەبارەت بە کورد دروست ببوو. لێرەوە دەبینین تەنانەت ئەو گرووپانەی سوکایەتییان پێکراوە و بچووککراونەتەوە، سەرقاڵی هەڵگرتنەوە و بەناوەکییکردنی خودی گوتاری نەتەوە/گرووپی سەردەست دەبن و خۆیانی لەگەڵ پێناسە دەکەن، تا لەو وێنە نەرێنییەی بۆیان ڕۆنراوە، ڕابکەن.
جگە لەوە، ڕەهەندێکی دەروونشیکارانەی ئەم دێواندنە بەمیراتبراوەش هەیە، کە دەتوانێت ڕوانینەکەی سیوەیلی قووڵتر بکاتەوە. کوردی چیانشین، نەتواوە و داگیرنەکراو، لە وێناکردن و خەیاڵدانی ناسیۆنالیستی عەرەبیی زەوییە تەخت و نزمەکاندا وەک ئەو شتە دەجووڵایەوە کە دەتوانین بە “بێگانەیەکی دروستکەر” ناوی بەرین، وەک بیرخەرەوەیەکی ڕاوەستاو و دژ بەرانبەر بەو فەنتازیایەی لەڕێگەیەوە عەرەب خۆی وەک نەتەوەیەکی بێ درز و شەبەق و چوونییەک و یەکگرتوو پێناسە دەکرد. خودی بوونی ئەو نەتەوەیەی “نەدەکرا” لەنێو جەستەی نەتەوەیی ئەویدیکەدا بتوێنرێتەوە، وەک برینێکی بەرچاو و کراوە و ئاوەڵای سەر جەستەی گشتێتیی خەیاڵیی و وێناکراوی عەرەب دەبینرا. لەبەرئەوەیە دەکرێت دەستەواژەکانی «هەرسکردن» و «مەنجەڵی توانەوە» لێرەدا بەکاربهێنرێن، کە لەژێر ڕووکاری بەڕێوەبەرانەیاندا، ترس و دڕدۆنگییەکی قووڵ وەستاوە: کورد ئەو کەسەیە نەتەوە دەبێت لەخۆیدا جێی بکاتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە گشت، ئەگەر کورد ڕەتی بکاتەوە تێکەڵ و ئاوێتە و ئینتگرە ببێت، ئەوا گشتێتیی و سەرتاپایی نەتەوە وەک خەیاڵێکی پڕووپووچ دەردەکەوێت و سەرجەمی فەنتازیاکەی دەشکێت. کەواتە ئازاردان و ڕاوەدوونانی گرووپێکی مرۆیی وەها هەرگیز بەسانایی شتێکی ئامرازیی نییە؛ بەڵکوو قووڵ لە خەیاڵدانی ناڕوون و لێڵی عەرەب دا نیشتووە، هەروەها تورک و ئێرانیـیشدا.
کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر دێواندنی دژە-کورد هەزار ساڵ تەمەنی بێت، کەواتە ناکرێت لەڕێگەی ئەو پرسیارەوە شی بکرێتەوە کە “بۆچی جینۆساید” لەناکاو لە سەردەمی حوکمی بەعس دا ڕوویدا. دیاردە و پڕۆسەی “بەئەویدیکەکردن” پێویستە، بەڵام بەس نییە؛ سوکایەتییپێکردن و وەدەرنان بە زەرووریی بەمانای قڕکردنی ڕاستەوخۆ نایەت. کەواتە شتێک دەبێت هەبێت پێشبڕیارە کولتوورییە بەمیراتبراوەکان بباتە نێو بەرنامەیەکی پیشەسازییانەی قڕکردنەوە. ئەم شتەش بریتییە لە هاوکات و پەیوەندیی دەوڵەتی سەرکوتکاری نەتەوە-ڕێکخەری شۆڤینیست دژی نەتەوەی داگیرکراو، دەوڵەتە داگیرکەرەکە بە کۆدەنگیی، سوپا، پیشەسازیی کیمیایی و بیرۆکراسییەکانییەوە و بە ئایدیۆلۆجیاکەیەوە وەک فۆرمە ئاخیرزەمانیی و ئەپۆکالیپسییەکەیەوە. ئەمە هاوسەرگیریی “وێنەی کەونارایی”یە لەگەڵ “ئامرازی مۆدێرن”دا کە کارەسات بەرهەم دەهێنێت و هاوسەرگیرییە لەگەڵ ئەو فۆرمە ئایدیۆلۆجییەی ئێستا لە مێتۆدی بەراوردکارییماندا هەڵوەستەی لەسەر دەکەین: ئایدیۆلۆجیای نازیزم و بەعسیزم.
ناسیۆنالیزمی ڕزگارکەر (مەهدیی): خزمایەتیی ئاخیرزەمانیی بەرلین و بەغدا
بەراوردکردنی دوو جینۆساید، دوو ئایدیۆلۆجیا، دوو نەتەوە، دوو ڕژێم، دەکرێت هەم بەرهەمهێنەر بێت و هەمیش هەڵەبەر. بەرهەمهێنەر بەوەدا لێکچوون و جیاوازییەکان بدۆزیتەوە، هەڵەبەر، بەوەدا هەردوو حاڵەتەکە ناڕوون بکەیت. یەکێک لەو خاڵانەی هەمیشە بۆ من جێگەی سەرنج بووە، ئەو پرسیارە بووە چی وا دەکات ئایدیۆلۆجیایەک بەخێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس، بەنێو جەستەی نەتەوەیەکدا بڵاوببێتەوە و ئەو نەتەوە لە مرۆڤی ئاساییەوە بگۆڕێت بۆ هاوجەلاد، ئەوەی بە ئەڵمانیی پێی دەڵێن «Mittäter»: بەشداریی خەڵک لە قڕکردنی جووەکان دا بە فۆرم و ڕێگەی جۆراوجۆر: بێدەنگبوون، سیخوڕییکردن، چێژوەرگرتن لە سامانی دزراوی جووەکان، نکووڵییکردن، چاوداخستن، ڕوو-وەرگێڕان، ڕەوایەتییدان. هاوجەلاد، مەرج نییە ڕاستەوخۆ فەرمانبەدەست، یاخود جێبەجێکاری فەرمان بێت، نەتەوەی ئاسایی، لە خوارەوەی کۆمەڵگەوە دەتوانێت ببێتە هاودەستی جەلاد و لێرەوە من زاراوەی «هاوجەلاد» بۆ زاراوە ئەڵمانییەکە بەکاردەهێنم: «Mit» واتا «لەگەڵ» و «Täter» واتا «جەلاد». ساول فریدلێندەر مێژوونووسی بەناوبانگی چێکیی زاراوەی «دژە-جووایەتیی ڕزگارییخواز» (redemptive Antisemitism) دادەهێنێت، کە وا دەکات پێشبڕیاری کۆنی مەسیحیی دژە-جوویی بگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆجیایەکی شۆڤینیی-ناسیۆنالیستیی-ڕەگەزپەرستیی و گۆڕینی دانیشتووانی ئاسایی، ئێستا کەمتر دیندار، بەڵکوو سیکۆلار، کە چیتر بە زاراوە ڕووتە ئایینییەکان ڕازی نابن: واتا جووەکان عیساکوژ یاخود خواکوژن، بەڵکوو پێویستیان بە بنەما و هۆکاری سیکۆلاری ڕازیکەر هەیە، بگۆڕن بۆ هاوجەلاد و ئەم کارەش لەڕێگەی ئایدیۆلۆجیای ڕەگەزپەرستیی و شۆڤینییەوە ئەنجام دەدەن: ئێستا شەڕەکە چیتر لەنێوان عیسا و عیساکوژان دا نییە، جەنگەکە لەنێوان خەباتێکی دەرە-مێژوویی هێزەکانی چاکە و خراپە لە فۆرمی مێتافیزیکیی، نەتەوە و مرۆڤایەتیی ئاریایی و جووەکان دایە. ئاریاییەکان وەک پارێزەرانی کۆمەڵە خۆجێیی و ڕەسەنە مرۆییەکان و جووەکان وەک داهێنەرانی مۆدێرنیتەی دژە-کولتووری ڕەسەن، جووەکان وەک شارستانێتییپەرستی مۆدێرن. کەواتە «ڕزگارکردنی نەتەوەی ئەڵمانیی، تەنها لەڕێگەی قڕکردنی جووەکانەوە بەدیدێت».(٨). ئامانجی هیتلەر، واتا خەون و خەیاڵەکەی بۆ جەنگێکی کۆتایی ئاخیرزەمانیانە دژی جووەکان، بە سانایی سیاسیی نەبوو، بەڵکوو مەزنە-سیاسیی (metapolitical) بوو، کە زمانێکی مێتافیزیکیی وەرگرتبوو تا بتوانێت ئاسانتر نەتەوەی ئەڵمانیی بکاتە هاوجەلاد. لەم ڕووەوە چیتر جیاکردنەوە، وەدەرنان، بەئەویدیکەکردن بەس نەبوون بۆ ئایدیۆلۆجیای نازیی، بەڵکوو مەزنە-سیاسەتێکی ئێجگار جیاواز: ڕزگاریی. تواندنەوە و ئەڵمانییکردنیش بەس نەبوو و بگرە قبووڵکراویش نەبوو. ئەگەر لە سەدەی نۆزدەدا، توانەوەی جووەکان بۆ نێو کۆمەڵگە و کولتووری ئەڵمانیی، وەک هانا ئارنت باسی دەکات، هاوکات بریتی بووبێت لە توانەوە لەنێو دژە-جووایەتییدا، واتا بۆ ئەوەی ببیتە ئەڵمانیی و تێیدا بتوێیتەوە، دەبێت ببیتە دژە-جوو، ئەوا لە سەدەی بیستدا،(٩) تواندنەوە و دژە-جووبوونی جوو خۆشی بەس نەبوو، بگرە قبووڵکراویش نەبوو.
لێرەوە ئێمە دەگەینە سەر دیاردەی “جیاکردنەوە/وەدەرنان” و “ڕزگارییبەخش”، کە دەتوانین بڵێین مشتومڕی کرمانج-سیوەیلی دیاری دەکات. «بەعەرەبکردن» لای کرمانج هەمان ڕەهەندی جیاکردنەوەیە لەپێناوی تواندنەوەدا: پڕۆژەی پۆلێنی دیمۆگرافیی، ڕاگواستنی دانیشتوان، شوێنگۆڕکێ و گلدانەوە و بردنی خاک و سەرچاوەکان. «بەئەویدیکەکردن» لای سیوەیلی جۆرێکە لە ڕەهەندی ڕزگارییبەخش: ڕۆنانی بان-مێژووییانەی کورد وەک شەیتانێک دەبێت وەدەربنرێت و دەربکێشرێت تا نەتەوەی عەرەب بتوانێت ببێتە گشتێکی یەکگرتوو. لە ڕاستییدا، ئەگەر هەم لە ئایدیۆلۆجیا و پراکتیکی نازیی و هەم بەعسیی بڕوانین ئەم دوو حاڵەت و ڕەهەندە پێکەوە دەژیان و بەیەکیشەوە وەک یەک ڕاڤە دەکران: ئامێری بیرۆکراسیی جیاکردنەوە جڵەوی خۆی بۆ نێو فەنتازیایەکی ڕزگارییخوازی پاقژکردنەوە شل دەکات. ئەمە ئەو کۆتێزەیە هەردوو ڕووناکبیر/لێکۆڵەرە کوردەکە پێویستیان پێیەتی پەرەی پێبدەن.
لێرەدا هەروەها دەمەوێت بڵێم دەکرێت باسی تەریبە بەرجەستە و کۆنکرێتییەکان بکەین نەک تەنها لێکچوونی ڕووت و بەڕێکەوت. چەمکی «ڕەگەز» لای نازییەکان هەرگیز بە سانایی بۆ تەنها ڕاسیزم کورت نەدەکرایەوە، واتا بۆ تەنها کاتیگۆرییەکی بایۆلۆجیی و ئەنترۆپۆلۆجیی، بڵێین ئەمە ڕەگەزی ئەڵمانیی/سپیپێست، قژزەرد و چاوشینە، بەڵکوو بۆ کاتیگۆرییەکی مێتافیزیکیی کورت کرابووەوە، بۆ ئەو شتەی ئەلفرێد ڕۆزنبێرگی ئایدیۆلۆجیست و فەیلەسوفی نازیی پێی دەگوت «ڕەگەزە-ڕۆح» (Rassenseele).(١٠) لەم مێتافیزیکەوە زمانێکی نەخۆشییزانیی سەریهەڵدا بوو تێیدا جوو وەک «نەخۆشییەکی بۆماوەیی» دەبینرا، وەک «شتێک کۆمەڵگەی چوونییەک و سروشتیی ناتوانێت هەرسی بکات». بونیادە لۆجیکییەکە لێرەدا خۆی دەردەخات: ئەگەر دوژمن بریتی بێت لە نەخۆشییەکی ناو جەستەی نەتەوە، کەواتە پێکەوەژیان مەحاڵە و تەنها دەرهێنان و لەناوبردنی ئەم نەخۆشییە چارەسەرە، نەک تواندنەوە و هەرسکردنی ئەم نەخۆشییە لەناو جەستەدا، کە دەتوانێت خانەکانی دیکەش نەخۆش و وێران بکات. ئەمەش ئەو ڕێزمانە قووڵەی پشتی «تەنێکی نەخۆش»ی سیوەیلییە و ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەو لەسەرحەقە کاتێک دەڵێت ئامانجی بەعس تواندنەوە و گونجاندنی ئەو خانە نەخۆشە نەبووە، بەڵکوو جیاکردنەوە و سڕینەوە و لەناوبردنی بووە.
کاتێک دەڵێین ئایدیۆلۆجیای ڕەگەزیی نازیی تەنها بۆ ڕەگەزی بایۆلۆجیی کورت ناکرێتەوە، ئەو کاتە ڕوونتر دەبێتەوە کە ئێمە هاوپەیمانیی و پێکەوەیی عەرەب-نازیی ببینین، نەک تەنها وەک هاوپەیمانییەکی جیۆپۆلەتیکیی لە سەردەمی جەنگدا، بەڵکوو لە پێشینە ئایدیۆلۆجییەکەیەوە لە سەدەی نۆزدەی ناو ئۆرێنتالیزمی ئەڵمانییدا، کاتێک ئەو شتە سەرهەڵدەدات کە من پێیدەڵێم «عەرەب-شەیدایی ئەڵمانیی» (deutsche Arabophilie)، ئەمەش هەم ئەڵمانەکان شەیدای عەرەب-ئیسلام و هەم عەرەب شەیدای ئەڵمان دەکات. بۆ نموونە، میشێل عەفلەق باس لەوە دەکات کاتێک فەلسەفەی ئەڵمانیی خوێندووەتەوە، خزمایەتیی خوێنیی عەرەب-ئەڵمانی دۆزیوەتەوە، یاخود سەرکردەیەکی وەک ڕەشید عالی گەیلانی، هەروەها سیاسەتمەداری بەعسیی سووریی، سامی ئەلجوندی، کاتێک دەڵێت: «ئێمە ڕەگەزپەرستان بووین، ستایشی نازییەکانمان دەکردن و کتێبەکانی ئەوانمان دەخوێندنەوە… و سەرچاوەی بیری نازیمان دەخوێندەوە، بەتایبەت نیچە، فیشتە و چامبەرلین. ئێمە یەکەم کەس بووین بیرمان لە وەرگێڕانی “خەباتی من”ی هیتلەر دەکردەوە».(١١) دروشمەکانی «یەک نەتەوەی عەرەب و پەیامێکی نەمر» و یاخود سوێندخواردنی وەفاداریی «خوێن و خاک و عێراق لەسەرووی هەموو شتێکەوە» بەتایبەت لە شەڕی ئێران-عێراق دا، دەنگدانەوە و وەرگێڕانی بەنزیکەیی ئایدیۆلۆجیای خاک و خوێنی نازیی (Blut und Boden)ـە کە دەڵێت «خوێن و خاک و ئەڵمانیا لەسەرووی هەموو شتێکەوە». لەم ڕووەوە سیوەیلی تەواو لە کڕۆکی ئایدیۆلۆجیاکە نزیک دەبێتەوە کاتێک باس لە «چارەسەری کۆتایی» (Endlösung)ی پرسی جووەکان لە نازیزم دا دەکات.
زمانی سەدام: دوژمن-ڕۆنان، ئاخیرزەمان و بەگەڕخستنی ئیسلام
ئۆفرا بێنگیۆ لە کتێبە گرنگەکەیدا بەناوی “گوتەی سەدام: گوتاری سیاسیی لە عێراق”، دەمانباتە ناوەوەی زمانی جینۆسایدی بەعس. بێنگیۆ دەڵێت، «لە پێکدادانی نێوان دوو خەڵک یان گرووپی ئەتنیکییدا ئەو زاراوەیەی لەلایەن بەرەیەک یان بەرەکەی دیکەوە بەکاردێت جۆرێک پەستانپێوی قۆناغە گۆڕاوەکان»ی پەیوەندییەکانە.(١٢) ئەمە واتا خودی هەڵبەز و دابەزی زمانەوانیی و زاراوەیی بەعسیی: ئەمڕۆ سەبارەت بە تواندنەوە، ئێستا ئۆتۆنۆمیی، سبەی قڕکردن و سڕینەوە، خۆی بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە و نە تاک-خوێندنەوەیی کرمانج و نە هی سیوەیلی ناتوانن هەموو ڕەهەندەکانی ئەم جەوهەرە لە ناوەڕۆکی خۆیدا بگرن، کە بەردەوام دەجووڵێت و خزە.
با ئاوڕ لە ڕەهەندی تواندنەوەیی و ئاسیمیلەکردن بدەین کە کرمانج تێزەکەی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێت. سامی شەوکەت داوای دەکرد کە نەتەوەی عەرەب دەبێت کەمینەکانی خۆی «ئینتیگرە (دەمج) و هەرس (هەزم) بکات»؛ ئەلسەورەی (الثورة)ی ئۆرگانی بەعسیی داوای «تێکەڵکردنی کوردی لەنێو مەنجەڵی تواندنەوەیی نەتەوەی عەرەبدا» دەکرد، ئەگەر پێویست بکات، بەزەبر.(١٣) لە یەکەم بەرنامەی دامەزراندنی بەعس لە ١٩٤٧دا گوتراوە «ئەوەی بەعەرەبیی بدوێت و لەسەر خاکی عەرەب بژیت عەرەبە» و «خاکی عەرەب»ی لە زنجیرە چیاکانی تۆرۆسەوە بۆ ئەتڵانتیک درێژ دەکردەوە. لە داڕشتنە وشکەکەی بێنگیۆ دا ئامانج ئەوە بوو «کورد بکرێن بەعەرەب». ئەمەش دەکرێت پشتیوانییەکی بەهێز بێت بۆ ڕوانینەکەی کرمانج: لە ئاستی دۆکترین و ڕێبازی فەرمییدا، بەعس لە بنەڕەتدا کوردی وەک عەرەب دەدیت و «بەعەرەبییکردنی زەوی» لەژێر دێڕەکانی «بەعەرەبکردن لەڕێگەی خۆپێناسەکردنەوە» شاردرابووەوە.
بەڵام هەروەها بەپاڵ یاخود لەژێر توێژاڵی ئەم گوتارە تواندنەوەخوازییەدا ڕەوتێکی دیکە بەخووڕ دەڕۆیشت: “ئایین و ڕێوڕەسمی دوژمن”. بێنگیۆ دەنووسێت، «یەکێک لە سروشت و خەسڵەتە دیاریکەرە هەرە بنچینەییەکانی گوتاری سیاسیی بەعس جەختکردنەوەی بەردەوامییەتی لەسەر ئەو هەڕەشانەی لە دوژمنە بەردەوام ئامادە و ترسناکەکانەوە دێن». هەروەها، گوتەیەکی میشێل عەفلەق-یش دەگوازێتەوە کە دەڵێت، «هەبوونی دوژمنێکی ڕاستەقینەی زیندوو زیندوێیی ڕێبازی ئێمە ئاشکرا دەکات و وا دەکات خوێنمان هاتووچۆ بکات».(١٤) هیچ ڕژێمێکی فاشیست ناتوانێت بەبێ هێنانەوە و ڕۆنانی بەردەوامی وێنەی دوژمن بژیت، ئەو دوژمنە ئەگەر نەشبێت، دەبێت ڕۆبنرێت. ئەو ڕژێمەی پێویستی بە دوژمن هەیە تا هەست بکات خوێنی دەکوڵێت و دەجووڵێت، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بەشێوەیەکی خۆکردانە و ئاشتییانە دوژمنەکەی لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە. لەم ڕووەوە گوتاری تواندنەوە و گوتاری بەدوژمنکردن دوو سیاسەتی جیاواز نین، دوو قۆناغی جیاوازی تاقانە “دیالەکتیکێکی باڵادەستیی”ن: ئەو کوردەی وا دەبینرێت عەرەب بێت، ڕێک بۆ ئەوەیە نکوڵیی لە هەبوونی بکرێت و پاشان ئەگەر دژ بەو وێنەیە وەستایەوە وەک دوژمن بدێوێنرێت و ئەم دێواندنەش ڕێک مۆڵەتی قڕکردنی سەرتاپاگیرییەتی.
ئەو کۆتێزەی دەمەوێت پێشنیازی بکەم، واتا جینۆسایدی بەعس بریتی بوو لە تێکەڵکردنی ڕەهەندی “خاک/زەویی-جیاکردنەوەخوازیی” و ڕەهەندی “ڕزگاربوون-قڕکاریی”، ئەو شتەیە کە ڕەهەندی ئاخیرزەمانیی و ئایینیی وەردەگرێت. ئێمە دەزانین سەدام حوسێن و ڕژێمی بەعس، ئەگەر دوورتر بڕۆین، میشێل عەفلەقی بە بنەچە مەسیحیی، سۆسیالیستی سیکۆلار و ناسیۆنالیست، سەرەتا بە گوتاری سیکۆلار دەست پێدەکەن و پاشان لەسەر ئایین دەگیرسێنەوە، لە کتێبی «یادێک لە محەمەد، پەیامبەری عەرەبیی» عەفلەقـەوە بگرە بۆ بەرگی ئاخیرزەمانیی سەدام حوسێن، لە هێنانەوە و ناونانی هاژەک بە سیجلی قورئانەوە بگرە باسکردن لە چەکی ڕۆژی حەشر و تۆپی ڕۆژی هەڵسانەوە و پاشان نووسینی ئەڵاهوئەکبەر لەسەر ئاڵای عێراق، هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی سەدام حوسێن خۆی وەک «جەنگاوەری باوەڕداران»، وەک کەسایەتیی مەهدیی لەنێو مێژووی پیرۆزدا دەبینی. ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە لەسەرەوە بە ناسیۆنالیزمی ڕزگارییبەخش لە ڕەهەندە ئایینییەکەیدا ناومان بردووە: خەبات و جەنگی بان-مێژوویی چاکە دژی خراپە بەرگی عەرەبیی-ئیسلامیی دژ بە کوردی لەبەر دەکرێت. لەم ڕووەوەیە دەکرێت بڵێین تواندنەوەی کورد لەنێو جەستەی عەرەب دا هاوشێوەی تواندنەوەی جوو لەنێو جەستەی ئەڵمانیی دا، مەحاڵ بوو.
ئەمەش ئەو شوێنەیە کە ئیسلام دەتوانێت بە ئاسانیی لە ئایدیۆلۆجیای عەرەبیی دا بەگەڕ بخرێت. عەفلەق دەیگوت «هیچ عەرەبێک نییە لە هەمانکاتدا موسڵمان نەبێت» و «ئیسلام کولتووری نەتەوەیی» هەر عەرەبێکە و دەبێت «هەرسی بکات و لەسەری بژیت». ئەمەشە وا دەکات گوتاری عەرەب بەرانبەر بە کورد، گوتاری جینۆساید زمانی ئایین وەربگرێت و هێنانەوەی سورەتی ئەنفال-یش بۆ پڕۆسەی جینۆساید شایەتییە لەسەر ئەو ناسیۆنالیزمە ڕزگارییخوازییەی عەرەب، واتا خۆڕزگارکردنی مێتافیزیکییانە لە «تەنی زیانبەخش» کە بەبێ ئایین، بەبێ یارمەتیی خوا و مێتافیزیک ڕوونادات.
هاوجەلادانی خۆویست
ئایدیۆلۆجیستان تیۆری جینۆساید دادەڕێژن، خەڵکی ئاسایی هاوشانی بیرۆکرات و سەربازان جێبەجێی دەکەن. ئەو لێکدانەوەیەی تەنها لە ئاستی ئایدیۆلۆجییدا بووەستێت، وەک لە حاڵەتی سیوەیلی-دا دەیبینین، ناتوانێت بە تەواویی ڕوونی بکاتەوە چی وا دەکات دەیان هەزار عێراقیی و بە خودی جاشە کوردەکانـیشەوە بەشداریی لە پڕۆسەی ئەنفال دا بکەن. لە مێژوونووسیی ئەڵمانیی دا سەبارەت بە بەشداریی هاووڵاتییانی ئاسایی لە جینۆسایدی جووەکان دا، دنیایەک لێکۆڵینەوە هەن و بەشێکیشیان مشتومڕسازن، لەوانە دانیال گۆلدهاگن و گوتز ئالی و دەیانی دیکە، بەڵام تا ئەوەندەی سنووری زانینی من بڕ بکات، لە پەیوەندییدا بە جینۆسایدی کوردەوە، لێکۆڵینەوەی بچنینەیی لە بەشداریی هاووڵاتییانی ئاسایی عێراقیی وەک هاوجەلادان نەکراوە و زێدەتر باس لە جاشە کوردەکان کراوە.
دانیال گۆلدهاگن باس لە «عەقڵی هاوبەشی قڕکار» (eliminationist common sense)ی ئەڵمانیی دەکات کە بە مێژووی مەسیحایەتییدا دێت و دەگاتەوە نازییەکان و ئێمەش دەتوانین باس لە دێواندنی ڕیشەداکوتاوی کورد لە مێژووی سەرەتای ئیسلامییەوە بکەین تا سەردەمی ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبیی تێکەڵ بە ڕەگوڕیشەی ئیسلامیی، چونکە بەبێ ئەم دێوناسیی و ڕەگوڕیشە دوور و درێژەی دێواندن و ڕۆنانی شەیتانییانەی وێنەی کورد، ناتوانین لە بەشداریی هاووڵاتیی ئاسایی عێراقیی لە پڕۆسەی ئەنفال تێبگەین. هەروەها دەبێت جەخت لەسەر ئەوەش بکەینەوە کە بەشداریی جاشی کورد و بەشداریی هاووڵاتیی ئاسایی عێراقیی لە جینۆسایدی سەر کورد دا دوو دیاردەی تەواو جیاوازن، کە بەداخەوە زۆر جار تێکەڵی یەکتر دەکرێن. لە مێنتاڵیتیی و عەقڵییەتی هاووڵاتیی عەرەب دا، کورد و عەرەب، هاوشێوەی ئەڵمان و جوو، وەک دوو جەمسەری دژ بەیەک دەردەکەون، لە کاتێکدا جاشی کورد و کوردی ئەنفالکراو دەکرێت وەک هاوشێوەی فەرماندەی تایبەت (Sonderkomando)ی جووەکان دەربکەوێت کە ئەڵمانەکان لە گیراوە جووەکان دروستیان کردبوون و خودی زیندانییە جووەکانیان پێ دەبردنە ژوورەکانی بەگاز خنکاندن، جلداکەندنیان، جیاکردنەوەی کەلوپەلیان، پاشان گواستنەوەی لاشەکانیان بۆ نێو کورەکانی سووتاندن. فەرماندە تایبەتەکان زۆربەی جار کەس و کارەکانی خۆیان، منداڵ و ژن و دایک و باوکی خۆیان بەدەستی خۆیان دەکوشتن. ئامانجی نازییەکان، نەک تەنها وێرانکردنی جەستە، بەڵکوو کوشتن و ژەهراوییکردنی یادەوەریی ئەوانەش بوو کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕزگاریش ببن، بەو ئازارەوە بمرن. ڕەنگە جیاوازییەکەی لەگەڵ جاش ئەوە بێت، فەرماندەی تایبەت لە کەمپ، زیندان و ئۆردوگاکان بە بەڵێنی ڕزگاریی، بڕێک پارە یاخود پاراستنی ژیان، یان بەزەبر دەکرانە فەرماندە، جاش بەپێچەوانەوە زۆربەی جار خۆبەخشانە، لەنێو ژینگەیەکی ناچارییدا، ڕوویدەدا. بەڵام نە جاش و نە فەرماندەی تایبەت، ناکرێت لەنێو هەمان کاتیگۆریی و چوارچێوەی هاووڵاتیی ئاسایی ئەڵمانیی و عێراقیی و هاووجەلادان بخوێنرێنەوە و ڕاڤە بکرێن، پێویست بە خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی نوێ لەنێو کاتیگۆرییەکی تازەدا دەکات.
لە کوێدا کرمانج و سیوەیلیی ڕاستن و بۆ دەبێت لەمەش تێبپەڕن؟
“دەربارەی زاراوەناسیی”: بەوەدا سیوەیلی «بەعەرەبکردن» وەک «داوی زمانەوانیی جەللاد» دەبینێت، هاوشێوەی «چارەسەری کۆتایی» نازییەکان لەقەڵەمی دەدات کە لەژێرییەوە قڕکردنی شاردووەتەوە، ڕاستە و گرنگیشە. زمانی جەللاد پراگماتییە، بەڵام هەم لە پڕۆسەی قۆناغبەندیی بەعەرەبکردن دا و هەم لە ئایدیای «چارەسەری کۆتایی» نازییەکاندا، بەتایبەت لەوەی دووەمدا، بە ڕاشکاویی بەسترابووەوە بە «قڕکردنی سەرتاپاگیری ڕەگەزی جوو لە ئەوروپا» کە هیتلەر لە ١٩٣٩دا، سێ ساڵ پێش چەمکی «چارەسەری کۆتایی» بە ڕوونیی ڕایگەیاندبوو. لەم ڕووەوە، نووسینەوەی مێژووی کاتیگۆرییەکانی جەللاد، وەک کرمانج ئەنجامی دەدات بە مانای کەوتنە داوی زمانەوانیی جەللادەوە نایەت، وەک چۆن لێکۆڵینەوە و نووسینی مێژووی “چارەسەری کۆتایی”، کە لەلایەن مێژوونووسانی بەناوبانگی جووەوە ئەنجام دراوە، ئەویش بە مانای کەوتنەداوی زمانی پراگماتیکییە و تاکتیکیی نازیزم نایەت. چارەسەر ئەوە نییە بە جارێک گوتەی جەللاد بسڕینەوە و قسەی لەسەر نەکەین، بەڵکوو باس لەوە بکەین چۆن «بەعەرەبکردن» وەک دیمەنێک، شاشەیەکی بیرۆکراتیی ئیشی کردووە. چارەسەرەکە ئەوەیە «بەعەرەبییکردن» داببەزێنینە نێو قۆناغێک، بەروارێکەوە، نێو قۆناغسازییەکی ناو ئەو پڕۆسەیەی لە جینۆسایددا دەگاتە ترۆپک.
“دەربارەی ئامراز و ئامانج”: سیوەیلی کرمانج بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئامراز و ئامانج تێکەڵ دەکات: ئەگەر ئامانج ئاسیمیلەکردن و تواندنەوە بووبێت، کەواتە بۆچی پێویست بوو ١٨٢ هەزار کەس بکوژرێن؟ بەو ئەنجامە دەگات کە کوشتن و لەناوبردن و سڕینیەوەی فیزیکیی «خۆی دەبێتە ئامانجی ڕەها». کرمانج بە چیرۆکێکی وەفیق سامەرایی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای زانیاریی سەربازیی وەڵام دەداتەوە کە سەدام هەشت مانگ ئەنفالی لەپێش کیمیابارانی بەردەوام داناوە، «بەڵێ، من دەمتوانی بە نیو سەعات، بە چەکی کیمیایی لە هەولێر یان لە سلێمانی بدەم بە سەدان هەزار کورد بکوژم، بەڵام ئامانجی من کوشتنی خەڵک نەبوو، بەڵکوو مەبەستم بووە ئەو ناوچانەی کە بەر هەڵمەتەکان کەوتوون (کە وەک لێرە سەلماندمان ٨٨٪ لە پارێزگای کەرکووک بوون) عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەم». لێمکین دەتوانێت ناکۆکییەکە لێرەدا کەم بکاتەوە: لەبەرئەوەی جینۆساید «پلان و بەرنامەیەکی ڕێکخراوی کردە و جووڵە جیاوازەکانە» کە ئامانجی «بناغە و بنچینە جەوهەرییەکان»ی ژیانی گرووپێکی دیاریکراوی مرۆییە، بە ڕەهەندی ئابووریی و خاکیشەوە، کەواتە ناکۆکیی نێوان «مەرگ وەک ئامانج» و «خاک وەک ئامراز» خۆی دەبێتە شتێکی هەڵە.
“دەربارەی گوندە سنوورییەکان”: سیوەیلی دەڵێت ئەگەر ئامانج بەعەرەبکردن بووبێت، بۆ دەبێت ٨٧٢ گوند تەخت بکرێن و ٦٠٠ هەزار کەس ڕابگوێزرێن بەبێ ئەوەی عەرەبیان لێ نیشتەجێ بکرێت؟ کرمانج بەوەدا وەڵام دەداتەوە کە گوندە سنوورییەکان لەڕووی سەربازییەوە نەدەکرا بەسانایی کۆنتڕۆڵ بکرێن. لە ئاستی مۆدێلی قۆناغبەندییدا سیوەیلی لەسەر حەقە کە ناوچەی قەدەغەکراو جەوهەری قڕکاریی ئاشکرا دەکات، بەڵام کرمانج لەڕووی پرسی پانتاییەوە دروست بۆ بابەتەکە چووە کە نیشتەجێکردن لە کەرکووک دوای وەدەرنان ڕوودەدات. هەمان نەخشەی جینۆساید لێرەدا خۆی ئاوەڵا دەکات و هەلومەرجە ناوچەییە جیاوازەکانیش ڕۆڵیان هەیە لەم پرسەدا: لەو شوێنەی زەوی لەبارە بۆ نیشتەجێکردن، سەرەتا دەرپەڕاندن و وەدەرنان، ئینجا نیشتەجێکردن، بەڵام لەو شوێنەی زەوی دوورەدەست، بەیار و نەگونجاوە بۆ نیشتەجێبوون یاخود دەرە-کۆنتڕۆڵە، سەرەتا وەدەرنان، دواتر، تەختکردن.
“کەلەبەری قووڵتر”: کرمانج ڕەهەندی ئابووریی-زەویی زەق دەکاتەوە و ڕەهەندی ئایدیۆلۆجیی بەکەم دەگرێت؛ لێرەوە دەتوانین بڵێین کرمانج لە ڕەهەندێکی ماتریالیستیی مێژوونووسییەوە دەچێتە پێشەوە و ئەم مێتۆدەش هەمیشە توانای ڕاڤەکردنی زیادە-ئاخیرزەمانیی و ئایدیۆلۆجییەکانی نامێنێت و بێهێز دەبێت، لە بەرانبەردا سیوەیلی لە لۆجیکی قڕکاریی تێدەگات، بەڵام «بەئەویدیکەکردن» وەک زاراوەیەک وەردەگرێت کە ڕەهەندە بنچینەییەکانی فەرامۆش دەکات. هیچ یەکێکیان لە بنەڕەتدا تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی نەتەوە و ڕزگاریی مێتافیزیکیی و بەشداریی هاووجەلادان ڕاڤە ناکەن. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە کە دەبێت هەردوو لێکۆڵەر/ڕووناکبیر بۆی بچن و تیورەکانیان بۆ ئەم پرسە گرنگە فراوانتر بکەن. ئەمەش بەو مانایە نایەت، وەک تا ئێرە هەوڵمداوە پیشانی بدەن، لە خودی خۆیدا، تیورەکان هەڵەن. بەپێچەوانەوە، تێڕوانینی هەر یەکێکیان ئیمتیازی گەورەی تێگەیشتنی بۆ پرسەکە تێدایە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، کە هەردوو تیورەکە بە تاکڕەهەندییەکەوە دەناڵێنن، کە شایانی تێپەڕاندنە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان
1.Raphael Lemkin, Axis Rule in Occupied Europe: Laws of Occupation, Analysis of Government, Proposals for Redress, Carnegie Endowment for International Peace, Washington, DC, 1944, P. 79.
2.Gregory H. Stanton, The Ten Stages of Genocide, Genocide Watch, 1996; rev. 2013.
3. بڕوانە: حەیدەر لەشکری، وێنەی کورد لە زانینی مێژوویی ئیسلامیدا، وەرگێڕانی محەمەد تاتانی، کوردۆلۆژی، سلێمانیی، ٢٠٠٩.
Peshraw Mohammed, Mem û Zîn und die Sehnsucht nach Freiheit: Eine hegelianische Annäherung, tîr-verlag, Berlin, 2026.
4.Michael Eppel, A People Without a State: The Kurds from the Rise of Islam to the Dawn of Nationalism, University of Texas Press, Austin, 2016, P. 7.
٥. هەمان سەرچاوە.
٦. لەشکری، سەرچاوەی پێشوو، ل.٦٧.
٧. بڕوانە:
Peshraw Mohammed, Mem û Zîn und die Sehnsucht nach Freiheit, S. 43-5
8.Saul Friedländer, Nazi Germany and the Jews, 1933–1945, Harper Perennial, New York, 2009.
٩. بۆ ڕوانینی ئارنت لەسەر ئەم پرسە بگەڕێنەوە بۆ:
Hannah Arendt, Rahel Varnhagen: Lebensgeschichte einer deutschen Jüdin aus der Romantik, Piper Verlag, München, 2001.
10.Cornelia Schmitz-Berning, Vokabular des Nationalsozialismus, Walter de Gruyter Verlag, Berlin und New York, 2007, S. 518-530.
١١. سامي الجندي، البعث، دار النهار للنشر، بيروت، ١٩٦٩، ص.٢٧.
12.Ofra Bengio, Saddam’s Word: The Political Discourse in Iraq, Oxford University Press, New York and Oxford, 1998, P. 109.
13. Ibid, P. 110.
14.Ibid, P. 125.



