ئەحمەد فاتح محەمەد
بۆچی سۆشیال میدیا مایکرۆفۆن دەداتە هەمووان، بەڵام گوێ لە کەس ناگرێت؟ ئەمە پرسیارێکی سادەیە، بەڵام جێگەی هەڵوەستەکردن و تێڕامانە. لێ یەکێک لە گەورەترین و سەرکەوتووترین درۆکانی سەردەمی نیولیبڕلیزم بریتییە لەوەی؛ میدیا گۆڕاوە، بووەتە میدیای مۆدێرن. گوایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ترۆپکی “ئازادیی ڕادەربڕین”یان بۆ مرۆڤایەتی فەراهەم کردووە و دیموکراسییان گەیاندووەتە لوتکە. لە ڕواڵەتدا و بە پێوەرە سەرەتاییەکان وا دیارە، کە بۆ هەر تاکێک ئێستا سەردەمی زێڕینی ئازادییە، ئیدی لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بێت، تاکێک دەبینیت مایکرۆفۆنێکی زیرەکی بەدەستەوەیە و دەتوانێت بەبێ سانسۆری پێشوەختە قسە بۆ تەواوی جیهان بکات. بەڵام کاتێک بە وردی شیکار بۆ ئەم دیاردەیە دەکەین، تێدەگەین، کە ئەمە گەورەترین “وەهم”ە و جۆرێکی نوێ و مەترسیدارترە لە کۆتوبەندکردنی ئەقڵی مرۆڤ. لەم سەردەمەدا فۆڕم و میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردن و سانسۆر بە تەواوی گۆڕاوە.
ئەگەر لە ڕابردوودا دەسەڵاتە دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزمەکان هەقیقەتیان دەشاردەوە و دەمی خەڵکیان دادەخست و ڕێگرییان لە بڵاوبوونەوەی زانیاری دەکرد، سانسۆر لەو سەردەمەدا، بریتیبوو لە “بێدەنگکردن”، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتە سەرمایەداری و تەکنەلۆجییەکان پێویستیان بە بێدەنگکردنی کەس نییە، بەڵکوو ئێستا سانسۆر لە ڕێگەی “ژاوەژاو و قەرەباڵغییەکی بێسنوورەوە” دەکرێت. سۆشیال میدیا ئازادییەکی ڕەها دروست دەکات، کە قسە بکەیت و هاوار بکەیت. بەڵام قسەکەی تۆ لەناو زەریایەک لە میلیۆنان پۆستی بێ مانا و ڤیدیۆی کورت و وێنەی ڕووکەش و درۆی ڕۆژانەدا نوقم دەبێت. لەم سیستەمە پڕ فەوزا دروستکراوەدا ڕێگریت لێ ناکرێت هەقیقەت بڵێیت، بەڵام هەقیقەتەکەت هێندە بچووک دەکرێتەوە لە پاڵ هەواڵی جیابوونەوەی ئەکتەرێک، یان سەمایەکی تیکتۆکدا، تەواو بەهاکەی خۆی لەدەست دەدات و کەس گوێی لێ نابێت.
لەلایەکی دەیکەوە، ئەم ئازادییەی سۆشیال میدیا بانگەشەی بۆ دەکات، بێ بەرانبەر نییە، بەڵکوو مەرجی زۆر قورسی بۆ داناوە. ئەگەر بتەوێت لەم ژاوەژاوەدا دەنگت بگاتە خەڵک، دەبێت بچیتە ناو یارییەکەوە، کە سیستەمەکە نەخشەی بۆ کێشاوە، دەبێت قسەکانت کورت و ڕووکەشانە بن و سۆزی خەڵک بجووڵێنیت نەوەکوو ئەقڵیان، دەبێت پشێوی دروست بکەیت و وشەی سەرنجڕاکێش و هەڵخەڵەتێنەر بەکاربهێنیت. هزری ڕەخنەیی شیکاریی قووڵ بۆ کێشە چینایەتییەکان و قسەکردن لەسەر قەیرانە ڕیشەییەکانی مرۆڤایەتی، لەناو تویتێکی چەند وشەدا، یان ڤیدیۆیەکی پازدە چرکەییدا جێگەیان نابێتەوە. بەم شێوەیە سیستەمەکە ناچارت دەکات، بۆ ئەوەی لەناو شاشەکاندا بوونت هەبێت و هەست بە پەراوێزخستن نەکەیت، دەبێت خۆت ئاستی بیرکردنەوە و زمانت دابەزێنیت و ببیت بە بەشێک لە ئامێری بەرهەمهێنانی ئەم سەردەمە تازەیە.
ئەم وەهمی ئازادییە لە پاراستنی سیستەمە باڵادەستەکاندا ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەیە، ئەویش “خاڵیکردنەوەی تووڕەیی جەماوەرە”. خەڵک لەسەر شاشەکانیان تووڕە دەبن و کۆمێنت دەنووسن و هاشتاگ دروست دەکەن، وا هەست دەکەن شۆڕشیان کردووە و ئەرکی ئەخلاقیی خۆیان بەجێگەیاندووە. ئەمە جۆرێکە لە سڕکردنی هەست و نەستی دیجیتاڵی کۆمەڵگە، ئیدی خەڵک بەشاشەکانەوە خاڵی دەبنەوە و کاتێک دەچنە سەر شەقام، هیچ هێزێکی ڕاستەقینەیان بۆ گۆڕانکاری نەماوە. لێ سۆشیال میدیا مایکرۆفۆنی داوەتە هەموومان، نەوەکوو بۆ ئەوەی گوێیان لێ بگیرێت، یان کۆمەڵگە بەرەوپێش ببات، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەوەی بە قسەکردنی بێ بەها سەرقاڵ بکرێن و کاتەکانمان بدزرێت و لە کۆتاییدا داتاکانمان وەکوو کاڵا بە کۆمپانیاکانی ڕیکلام و وەبەرهێنان بفرۆشێتەوە.


