عوسمان ساوجی
لە ماوەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە دەستەبژێری خوێندەوار و ڕووناکبیر و خاوەن ئەزموونی کۆمەڵگەی کوردی، بەبێ جیاوازی لەسەر بابەتی تەعریبی نوێ هاتنە دەنگ، ئەم هەڵمەتە خۆی لەخۆیدا ڕاچڵەکاندنێک و بەئاگاهێنانەوەیەکی گرنگ و پێویست بوو بۆ هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە لە هەر ئاستێکی بەرپرسیارەتیدا بێت.
کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان ئەزموونێکی تاڵی لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی تەعریب هەیە، کە دەڵێین جۆرەکانی تەعریب، مەبەستمان لەوەیە؛ بەشێک لە پڕۆسەی تەعریب بە پیلان و پاڵپشتی سیاسی و دارایی و سەربازیی و ئاساییشیی ڕژێمەکانی عێراق بەڕێوەچوونە، بەڵام بەشێکی دیکەیان بە خواست و ڕێگەپێدانی خێڵەکان و دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانی بەناو سەد و چل لە ڕابردوودا بەڕێوەچوونە.
ئەوەی لەم هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەەدا زۆر گرنگە و جێگەی سەرنجە، زۆربەی پەیامەکان ئاراستەی کۆمەڵگە کراون، نەوەکوو دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم. چونکە بۆ پرسێکی لەو شێوەیە گرنگ و چارەنووسساز دەبێت لە خوارەوەی کۆمەڵگە دەست پێ بکرێت نەوەکوو لەسەرەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەگەر سەرەتا لەسەرەوە بە بڕیار و یاسا و ڕێنمایی ڕێگری لێ بکرێت بەبێ زەمینەسازی کۆمەڵایەتی، ئەوە دەرفەتی پەنابردن بۆ فڕوفێڵ و کاری قاچاغ لە دەرەوەی ڕێککارەکانی دامودەزگاکانی حکوومەت دێتە ئاراوە، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و بە ئاگادا بەبێ ڕێگری یاساییش دەکرێت پارێزگاری لە ناسنامە و کولتوور و ئایندەی نەتەوە بکرێت.
ئەگەرچی ئەمڕۆ کوردانی باشوور بەخواستی خۆیان، یان بە ناچاری بەشێکن لە دەوڵەتی عێراق، بەوەش ڕێگری یاسایی نییە لە جێگوڕکێی ڕەگەزە جیاوازەکان لە ناوخۆی عێراقدا بکرێت، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافی و دابونەریتی کۆمەڵایەتی و باڵادەستی سیاسی و زۆری وەچەخستنەوە و ناهاوسەنگی لە ژمارەی پێکهاتەکان و پاڵپشتی دەسەڵاتی سیاسی (بۆ پێکهاتەی عەرەبی) و نادادای لە دابەشکردنی سامانی گشتیی و نەبوونی ستراتیجیی ئاساییشی لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی…هتد هەمو ئەمانە پێکەوە هۆکارن بۆ ئەوەی کورد لە سەنگەری بەرگری و پاشەکشەدا بێت، نەوەکوو هێرشبردن، پێکهاتەی عەرەبیش خەریکە کوردیش وەک کلد و ئاشوور و کەمینەکانی دیکەی عێراق هەڵبلوشێت.
سەبارەت بەوەی چی بکرێت بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بەگشتیی، یان بە واتایەکی دیکە چۆن کورد بەرگری بکات لە تەعریب لە عێراق و سووریا و بە تورکبوون لە تورکیا و بە فارسبوون لە ئێراندا؟ گرنگترین هەنگاو وەکوو دەستپێک پێویستە تاکی کورد (ڕەگەزی نێر) خۆپارێزی بکات لە هاوسەرگیری لەگەڵ نەتەوەی سەردەست، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان ئەم مۆدێلی هاوسەرگیرییە، کە چەند ساڵێکە برەوی پێ دەدرێت کارێکی بەڕێککەوت و بێ پیلان نییە، بە تایبەت بەرانبەر عەرەب، بانگەشەکردن بۆ خزمەتگوزاری ژنی عەرەب و سوپاس گوزارییان بۆ مێرد و ڕازیبوون بەوەی تەنیا نانی هەبێت هیچی ناوێت، دەبێت وەکوو پیلان لە دژی کچان و ژنانی کورد هەژمار بکرێت، بە دێوکردنی کچ و ژنی کورد و تۆراندنی دڵی کوڕان و پیاوان لێیان، بەشێکە لە ئامرازەکانی تەعریب، چەندین نموونەی زیندوو لە قوتابخانەکاندا بەردەستن، کە ئەو پیاوانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵ ژنی عەرەب کردووە منداڵەکانیان کوردی نازانن، تەنانەت بەهیچ شێوەیەک شێوەی کوردییان پێوە نەماوە (کە ئەوە بابەتێکی بایۆلۆجییە و دەبێت کەسی شارەزا قسەی لەسەر بکات)، ئەوە سەرباری تاڵانکردنی چەندین پیاوی کورد لە لایەن ئەو ژنە عەرەبە عێراقی و سوورییانەوە. ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە هەر ئەوە نییە، کە خێزانێک دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەی عەرەب، بەڵکوو پەلکێشی بنەماڵەی ژنەکە دەکات بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی بۆ دروستکردنی ئاشنایەتی و خزمایەتی زیاتر، ئەوەش بەهۆی چاوبرسێتی پیاوی کورد و دۆزینەوەی ژنی دیکە لە کەسوکار و ناسیاوەکانی ژنی یەکەم، سەرەڕای ئەوەی، کە ئەم ژنانە بەشێکیان بە یاسایی مارەکراون و دەبنە میراتگر و خاوەن خانوو زەوی لە هەرێمی کوردستان.
ئامرازیکی دیکەی تەعریب، کە زۆر قسەی لەسەر کراوە بریتییە لە فرۆشتن و بەکرێدانی خانوو و زەوی و باخ بە عەرەب، ئەمە نیشانەی پاشەکشەی دڵبەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی تاکی کوردە، ئەگەر ئاوڕێک بۆ نەریتی هەندێک لە گوندەکانی کوردستان بدەینەوە، دەبینین لە زۆرێک لە دێهاتەکاندا قەدەغەیە موڵک و خانوو باخ بە خەڵکی دەرەوەی گوندەکە بفرۆشرێت، ئیدی با ئەو کڕیارە کوردیش بێت و خەڵکی گوندێکی دراوسێش بێت، لەجیاتی ئەوە دەبێت لەناو گوندەکەدا کڕیار بدۆزێتەوە، کە ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی ناسنامەی گوندێک لە کۆمەڵگەدا. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، کە پێشینانی ئەم کۆمەڵگەیە هێندە خەمی ناسنامە گوندەکانیان بووبێت، ئیدی بۆچی دەبێت تاکی ئەم سەردەمە خەمی ناسنامەی شارۆچکە و شار و وڵاتەکەی نەبێت؟ ئایا ناکرێت لە گوند و کۆڵان و گەڕەکەکانی شار و شارۆچکەکاندا ئەنجومەنی ڕێگری لە تەعریب دروست بکرێت و ڕێگە بە نیشتەجێبوونی عەرەب نەدرێت؟ بەدڵنیاییەوە دەکرێت و کارێکی قورسیش نییە.
لێرەدا، گرنگە و پێویستە هەوڵەکانی ڕێگری لە تەعریب بگوازرێتەوە بۆ شانۆ و سینەما و دراما و فیلم کارتۆنی منداڵان و کەرتی پەروەردە و مزگەوت و کۆڕ و سیمنار لە ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەیی و سەرشەقام و مۆڵەکان. ناکرێت چیدیکە بەشەرمەوە باسی ئەو هێرشە فراوانەی عەرەب بۆ سەر هەرێم بکرێت، پاساوی جوڵەی بازاڕ و چاوچنۆکی خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون دەبێت پوچەڵ بکرێتەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکوو هەرێمی کوردستان، ئەگەر نەتوانێت بگاتە ئاستی خۆبژێوی (اکتفاء ذاتي) ، ئەوە دەردەکەی شتێکی دیکەیە و بە هەڕاجکردنی کوردستان چاک نابێت. لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوەش بڵێم؛ کە مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیاتر پەیوەستە بە پرسی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆوە، چونکە ئەگەر ئێمە دەوڵەتمان هەبێت، ڕەنگە هاتنی بیانی ئەو مەترسییە گەورەیە دروست نەکات، بەڵکوو دەکرێت سوودیشی هەبێت.


