تەعریب پرۆسەیەکە لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ڕژێمی عێراقـەوە لە هەمبەر کورد دەکرێت لە ناوچە کوردستانییە داگیر کراوەکان کە بە ناوچەی جێ ناکۆک دەناسرێت لە نێوان عێراق و کوردستان دا. پرۆسەکەش بریتییە لە نیشتەجێکردنی عەرەب لە سەر ماڵ و موڵک و کاری کوردستانی ناوچەکە و دەرکردنی کوردستانیان لە شوێنی باو باپیرانیان و بێ ژیان و ماڵکردنیان، هەروەها هێنانی عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ ئەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندە بە سامانی ژێر زەوی وە نەوت.
سەرەتای تەعریب دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپریاتۆرییەتی عوسمانی و لەسەر دەستی مەدحەت پاشا ئەنجام درا کە ژمارەیەک عەرەبی کۆچەر و حوشتر و مەڕ لەوەڕێنی لە حەویجە جێنشین کرد کە لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک بە دوای لەوەڕوو پاواندا دەگەڕان بۆ ئاژەڵەکانیان. مەدحەت پاشا لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کشتوکاڵ و برەوپێدانی کشتوکاڵی ئەو عەرەبە کۆچەریانەی هێنا و لە ناوچەکە نیشتەجێی کردن بەڵام ئەو هەنگاوە هیچ مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوە نەبوو جگە لە هەنگاوی بە کشتوکاڵکردنی ناوچەکە و جێنشینکردنی ئەو عەرەبە کۆچەریانە و ناوچەی حەویجە و دەوروبەریشی زەویەکی بە پیتی کشتوکاڵی هەبوو تا ئەو کاتە هیچ سوودێکی لێ نەبینرابوو.
بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی عەرەبی لەسەر دەستی ڕژێمەکانیەوە ناوچە هەستیار و دەوڵەمەندە نەوتاوییەکانی کوردستان وەک کەرکووک، کەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب، هەنگاو بە هەنگاو زیاتر و بە کردارتر، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەعسییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەشێوەیەکی زۆر ڕێکخراو پڕۆسەی تەعریبیان خستە بەرنامەی کاری خۆیانەوە، ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکانیان لە کورد چۆڵ کرد و عەرەبیان لە شوێنیان نیشتەجێ کرد. لەو پڕۆسەیەشدا گەورەترین ئیمکاناتی خۆیان خستەگەڕ بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان؛ کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک کە زوربەیان کورد بوون دەرکران وعەرەبی هاوردەیان لە شوێنیان دامەزراند؛ زەوی کشتوکاڵی جوتیارانیان لەسەر عەرەبە هاوردەکان تاپۆکرد و خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە تاپۆی ڕەشی سەردەمی عوسمانیان لە دەستا بوو بێ زەوی و ماڵ و موڵک کرد و وەدەریان نان.
ئیدی دەوڵەت زۆرترین ئیمکاناتی سەربازی و لوجستیشی خستە خزمەتی مەرامەکانیەوە بۆ بەئەنجامگەیاندنی خەونی بەعەرەبکردنی کوردستان، جگە لەوەش پشتێنەیەکی ئەمنی سەربازی لە ناوچەکە دروستکرد بۆ پاراستی بیرە نەوتەکان و سەدان کیلۆمەتری لە ناوچە کوردستانییەکان چۆڵکرد و کردیە سەربازگە و قەدەغەی هاتوچۆی لە کورد لێ کرد. ئەم پڕۆسەیەش بەردەوم بوو بە نوێکردنەوەی بەردەوام و چاودێری کردنی چڕی سەرانی بەغدا، تا ڕووخانی بەعس و پێچانەوەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، لە عێراقی نوێ و فیدڕاڵی دا کە کورد بە پێی دەستورەکەی شەریکە لە حوکمڕانی، کەچی تەعریب هەر بەردەوامە و بە شێوەیەکی چڕتر لەوەی بەعس پێی تەواو نەکرا. سەرکردە عەرەبە دۆستەکانی موعارەزەمان و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ خەریکی پیلانگێڕانن و لە جێبەجێکردنی مەنهەجی بەعس بەردەوامن.
وەک دەبینین ئێستاش عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی بەعس دووبارە دوای ئەوە لە چوارچێوەی ماددەی 140دا قەرەبۆ کراونەتەوە و باری شارستانی و فۆڕمی خۆراکیشیان گوازراوەتەوە ناوچە و شارەکانی خۆیان دووبارە بە فیتی دەسەڵاتداران دەگەڕێنەوە و زەوی جوتیاران داگیردەکەنەوە و دەغڵودانی هاووڵاتییان دەسوتێنن. دەسەڵاتدارانیش پشتیوانیان لێ دەکەن لە جیاتی ڕێگری لێ کردنیان.
ئاشکراشە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە زۆر بێ شەرمانە لە هەوڵی بەدیهێنانی خەونە گڵاوەکەی بەعس دا پڕۆسەی تەعریب درێژەی پێ دەدرێ لە گوندە کوردنشینەکان و سوپا پشتیوانی عەرەبە هاوردەکان دەکات و هەڕەشەی گرتن لە جووتیارە کوردەکان دەکات.


