ئەحمەد ڕەسوڵ لە ڕۆژی ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٦ لە ماڵپەڕی ئاوێنەدا، بابەتێکی بە ناوونیشانی “تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو” بڵاوکردووەتەوە. بەداخەوە ناوەڕۆکی وتارەکەی لە دژی ئەو کەسانەیە، کە نیگەرانی خۆیان لەسەر تەعریب دەربڕیوە، نەوەکوو لە دژی خودی دیاردەی تەعریب. من ناوبراو ناناسم و هیچ زانیارییەکم لەسەر بایۆگرافی و پاشخانی سیاسی ئەو بەڕێزە نییە، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر ئەم وەڵامە نابێت، چونکە من لێرەدا، مامەڵە لەگەڵ دەق و بیرۆکەدا دەکەم، نەوەکوو لەگەڵ کەسایەتییدا. هەرچەندە لە بابەتەکەیدا زمانێکی تووندی بەرانبەر بەو کەسانە بەکارهێناوە، کە لەسەر تەعریب دواون، ئەم وەڵامەم دەروازەی گفتوگۆیەکی فیکریی سیاسی بێت. ئینجا با ناوبراو قسووری نەکردبێت لە ئیستفزاز و گاڵتەکردن بە بیروباوەڕی ئەوانی دیکە. بێگومان ئەو نەغمەیە خزمەتمان ناکات و لەبری دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دڕودۆنگ و دژبەری بەرهەم دەهێنێت. خۆزگە لۆجیکی وتارەکەی لە تووڕەییەکەی بەرزتر بووبایە. بەڵام کورد دەڵێت؛ داری خۆزگە شین بووە، بەڵام بەری نەگرتووە.
بابەتەکەی چەند خاڵی جوان و پرسیاری گرنگی تێدایە، کە دەکرێت جێگەی هەڵوەستە و تێڕامان بن، بە تایبەتی لەسەر هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی کورد، بەڵام هاوکات کۆمەڵێک خاڵی مەترسیداریشی تێدایە. بە تایبەتی لەسەر سادەنیشاندانی تەعریب، لە لایەک ڕووناکی دەخاتە سەر هەندێک بابەتی شاراوە، لە لایەکی دیکەوە، نموونە بۆ هەندێک بابەتی ڕوون دەخاتە پەنهان و تەمومژەوە. هەڵبەت ئەو مافی خۆیەتی بپرسێت بۆچی ئێستا، بەڵام مافی خەڵکیشە هەمان پرسیار بکاتەوە و بڵێت، بۆچی ئێستا نا. ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەین تاوەکوو کار لەکار بترازێت، ئینجا هۆشیار ببینەوە. ئایا هۆشیاری پێشوەختە خراپە.
١. حوکمی پێشوەختە
کێشەی بابەتەکەی حوکمی پێشوەختە و گشتاندن و بەشینەوەی تۆمەتە، لە پەڕەگرافی یەکەمەوە جگە لەوەی مافی قسەکردن بۆ پەرلەمانتار و وەزیری خانەنیشینکراو ناهێڵێتەوە، هەموو کەسێک، کە باسی تەعریب دەکات، بە سێبەری دەسەڵات و پاشکۆی حیزب تۆمەتباری دەکات، ئەمە نەریتێکی نەخوازراوی نوخبەی کوردییە. نووسەر لە یەکەم پەڕەگرافەوە هەموو ئەوانەی دژی تەعریبن، دەخاتە سەبەتەی دەسەڵاتەوە و “بەسەر بە دوو حیزبە خێڵەکەی کوردایەتی، ڕاستەوخۆ یان بە دەستی دوو و سێ لە سێبەردا” ناویان دەبات. ئایا ئەمە ڕەوایە. من یان هەر کەسێکی دیکە، کە نە ئەندام و لایەنگر و سێبەری هیچ حیزبێکین، کەسێکی دیکە ناسنامەی لایەنێکمان بە بەرۆکدا بکات. ئایا دروستە تەنیا لەبەرئەوەی دژی تەعریبین، بە کلیکێک بکرێینە لایەنگریی دەسەڵات. ئایا کەسانێک، کە لەبەرئەوەی پەرلەمانتار یان وەزیر یاخود ئەندامی حزبێک بوونە، ڕەوایە مافی قسەکردنیان نەبێت. لە کاتێکدا لەناو ئەو پەرلەمانتارو وەزیرانە کەسانی بەرێز و تێکۆشەر هەن و ئەگەر قسە نەکەن خراپە.
بەهیوام ناوبراو بە دڵێکی فراوانەوە ئەم ڕەخنەیەم لێ وەربگرێت، کە بابەتەکەی بە لاوازی خستووەتەڕوو. لاوازییەکەشی لێرەدایە: لەبری وەڵامدانەوەی ترسەکە، خاوەنی ترسەکە دەکرێتە بابەتی ڕەخنە و ناسنامەی حیزبی بەسەردا دابەش دەکرێت. من نە حیزبییم و نە شۆڤێنیم، تەنیا دەنگم بەرانبەر تەعریب بەرزکردووتەوە. تەنانەت دژی هاتنی عەرەبیش نیم بۆ کوردستان، بەڵکوو دژی داگیرکردنی کوردستانم. ئایا تاوانە قسە لەسەر نادادییەک بکەم؟ من بە دەنگی بەرز دەڵێم دژی تەعریبم، ئینجا لە کەرکووک بێت یان لە هەولێر، چ دەسەڵاتی کوردی داگیری بکات چ دەسەڵاتی عەرەبی. بە هەمان دەنگی بەرزی دەڵێم باوەڕم بە پێکەوەژیان هەیە، بەڵام گێل نیم و دەتوانم جیاوازی نێوان تەعریب و پێکەوەژیان تێبگەم. “ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەردە لەسەر ئەم تێگەیشتنە باشتر لادەدات، کە دەڵێت: ئەوانەی دوێنێ ئەنفالیان دەکردین، ئەمڕۆ لە هەولێرن. ئەمە وتەی خودی دەسەڵاتە. جگە لەمەش، ژیان و مردنی چەندین ئەفسەر و بەرپرسی باڵای پێشووی حیزبی بەعس لە هەولێر و سلێمانی و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەیان لە میدیاکانی هەرێم خۆی، بەڵگەیەکی زیندووی ئەو واقیعەیە”. ئەمە تێگەیشتنی دەسەڵاتە بۆ پێکەوەژیان، لە کاتێکدا ئەمە پێکەوەژیانی سیاسییەکانە نەوەکوو هی خەڵک.
چی لەوە باشتر هەیە، کە کورد بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیەدا بکات. بە تایبەتی ئەم تەعریبە تەکتیکێکی جیاوازی شۆڤێنیزمی عەرەبییە و دەیەوێت بە سیاسەتێکی نەرم کاری خۆی بکات، بۆیە باشترە کورد بە خەباتێکی کولتووری نەرم ڕووبەڕووی ببێتەوە، ئەگەرنا لە ئایندەدا، لەوانەیە ببێتە فیتنەیەکی گەورە و سەر بکێشێت بۆ گرژییەکی مەترسیدار و خوێنی کورد وعەرەبی تێدا برژێت، کە بەداخەوە هەندێک کەس ئەم لایەنەیان لەبەرچاو نەگرتووە.
تاکە خاڵی بەهێزی ئەم نووسەرە ئەوەیە، لەجیاتی ئەوەی بچێتە ناو هەڵڵاوە، دەوەستێت و پرسیاری بنەڕەتی دەکات: تەعریب چییە؟ کەی دەستی پێکردووە؟ پرسیارەکان خۆیان گرنگ و بەهێزن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کە خاوەن پرسیارەکە خۆی پێناسەیەکی ڕوونی بۆ تەعریب نییە. دیارە ئاگادار نییە، کە تەعریب وەکوو دیاردە لە سەردەمی فتوحاتەوە نەوەکوو تەنیا دژی کورد، بەڵکوو دژی هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستی سووپای ئیسلام دەستی پێکردووە. بەڵام ئەگەر باس لە تەعریبی چڕی دەوڵەتی عێراق بکەین، ئەوا بە پڕاکتیکی لە ساڵی ١٩٢٤ ەوە دەستی پێکردووە، نەوەکوو تەنیا لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤، کە ئەو ئاماژەی پێداوە. تەنانەت مێژووی نزیکیشی لە دەرکردنی کوردە فەیلییەکانەوە دەست پێدەکات، کە تەواوی شارەکانی کوت و عەلی غەربی و عەلی شەرقی و بەشێکی بازاڕەکانی بەغدا و دیالەیان بەدەستەوە بوو.
ئایا خودی تەعریب تەنیا لەبەر ئەوە خراپە، کە هی بەعسە، یان خودی پڕۆسەکە لە بنەڕەتدا نادادییە بۆ سەر نەتەوەیەک. ئایا ناچارکردن تەنیا بە چەک دەبێت یان بە پارەش. هیوادارم ناوبراو لەو کەسانە نەبێت، کە دژی تەعریبی بەعسە بۆ ئەوەی لە فۆڕمێکی دیکەدا ڕەوایەتی بە تەعریب بداتەوە، بۆ نموونە تەعریب لە ڕێگەی ئایینەوە. تەعریب لە ڕێگەی ئایینەوە بێت یان لە ڕێگەی دەوڵەت و وەبەرهێنانەوە هەر سیاسەتێکی مەترسیدارە. لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوەی کورد تاوانە، ئینجا بە زەبر بێت یان بە تواندنەوەی لە ڕێگەی جیاوازەوە.
٢. زمان و شێوازی ئاراستەکردن
کاک ئەحمەد بە شێوەیەکی ئیستفزازی نووسیویەتی: “ئەو دیاردەیەی کە تیۆریسیۆنەکانی ئایدیۆلۆجیای کوردایەتی باسی دەکەن و بە تەعریب ناوی دەبەن و هاواریان لێ بەرزبووەتەوە”. ئامانج لەم دەربڕینە چییە، جگە لە بچووککردنەوەی بەرانبەر. کاتێک بە نیشانەی سەرسوڕمانەوە دەنووسێت؛ “تیۆریسیۆنەکانی!” ئەمە وەکوو گاڵتەکردن دەردەکەوێت بەرانبەر ئەوانەی لە دژی تەعریب دەنگیان بەرزکردووەتەوە. کاتێک دەنووسێت بە تەعریب “ناوی دەبەن”، واتا ئەوە تەعریب نییە و ئێمەومانان بەزۆر ئەو ناوەمان بۆ داتاشیوە. لەوەش زیاتر سووکایەتیکردنە بە داوایەکی ڕەوا، وەکوو نووسیویەتی “هاواریان لێ بەرزبووەتەوە” بێگومان ئەو بە هاوارێکی بێ بنەمای دەزانێت.
لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە نووسینە، بە ئەنقەست بێت یان نا، بە کەمگرتنی مافێکی خەڵکە، کە ترسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، سوکایەتییە بە هاواری ئەو کرێچییەی کە ناتوانێت کرێی خانوو بدات، نەوەکوو هاواری تیۆریستەکان. بەداخەوە ناوبراو هاوارەکە دەبیستێت، بەڵام هەست بە ئازارەکەی ناکات. یاخود هەستی پێ دەکات و خوێنساردانە سووکایەتی پێ دەکات.
ئینجا با بزانین هاوار لێ بەرزبوونەوە بۆ دەبێت عەیب بێت. چ عەیبێکی تێدایە، کە پەرلەمانتار و وەزیری خانەنیشینکراو و نووسەر و ئەکادیمی و مامۆستایانی زانکۆ و کادیرای حیزب پێکڕا هاواریان لێ بەرزبووەتەوە. ئەی سوودی دەنگ بەرزنەکردنەوەیان چییە؟ دەبوو بێدەنگی جێگەی سەرسووڕمان بێت، نەوەکوو هاوارەکە. بۆیە خەڵک هاوار دەکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبێتە قوربانی. بەداخەوە گەیشتووینەتە ڕۆژگارێک، کە میدیا و نووسەری کورد گاڵتە بە برین و هاواری خۆیان دەکەن.
تەعریب تەنیا ئەو کاتە ستەم نییە، کە تۆ وەکوو تیۆریستێکی ئایدیۆلۆجیای کوردایەتی ناوی لێ بنێیت. تەعریب لە بنەڕەتدا ستەمە، چونکە مرۆڤ لەسەر خاکی خۆی دەکاتە پلە دوو. ئینجا تۆ ناوی بنێیت دیاردە، من ناوی بنێم تەعریب، ستەمەکە ناگۆڕێت. پرسیارەکە ئەوە نییە کێ هاواری لێ بەرزبووەتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی دەبێت کورد هەمیشە لە ترسی ئەوەی بە شۆڤێنی ناوی ببرێت، بێدەنگ بێت لەسەر ستەمێک، کە بەرانبەری دەکرێت؟ بۆچی دەبێت پەرلەمانتار و وەزیری خانەنشین مافی قسەیان نەبێت؟ لە کاتێکدا لەناو پەرلەمانتاران و وەزیرانی خانەنیشینکراو مرۆڤی بە هەڵوێست و وردبین هەن و ئەرکیانە قسە بکەن، نەوەکوو بێدەنگ بن.
٣. دەستوور و یاسا
ڕەوایەتیدان بە تەعریب بەناوی یاساوە، وەکوو دەڵێت، یاسای هەرێم و دەستووری عێراق ڕێگەی داوە هەر عێراقییەک لە هەر شوێنێک بژی، کەواتە نابێت پێی بڵێین تەعریب. ئەمە تەنیا لە ڕووی یاساییەوە ڕاستە، بەڵام هەر لە ڕووی سیاسییەوە کێشەدارە. ئەوە ڕوونە، کە کورد لە بەسڕە و بەغدا هەرچەندە ژمارەیان بەرزبێت نابنە هەڕەشە لەسەر عەرەب. بە پێچەوانەوە، کورد لەو شوێنانەش دەکەوێتە بەر هەڕەشەی تواندنەوە، کەواتە ئەم یاسایە لە قازانجی دەوڵەتی عێراقدایە، کە قەرزدارە بە داوایلێبوردن و قەرەبووکردنەوەی لە بەرانبەر تاوانەکانی جێنۆسایدی کورد.
لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، خەڵک مافی ئەوەی هەیە بپرسێت: ئایا کڕینی پێنج هەزار شوققە لە شارێکدا، لە لایەن کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەیەکی دیکەوە، تەنانەت بە یاساش بێت، کاریگەری لەسەر دیمۆگرافیا و کولتوور نییە؟ هیچ عەیبێکی تێدا نییە، کە کورد ڕەتی بکاتەوە کولتوورێکی نامۆ بەسەر ناوچەکەیدا بسەپێنرێت، وەکوو قسەکردن بە دەنگی بەرز و تێکدانی ئارامی شوێنە گشتییەکان و خواردنگە و سەیرانگاکان، یان هێنانەوەی دیاردەی وەکوو پەچە و نیقاب و زەواجی میسیار و کولتووری فرەژنی.
یەکێک لە ئارگیومێنتە لاوازەکانی کاک ئەحمەد ئەوەیە، کە نووسیویەتی “هاتنی عەرەب و کڕینی شوققە لە چوار پارێزگاکەی هەرێم بە پارەی خۆیان و بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان و بەپێی یاسا و دەستوورە”. سەیرە، مرۆڤ ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت، بەڵام ئاگای لەوە نەبێت، کە یاساییبوون مانای ڕەوابوون ناگەیەنێت و وەڵامی مەترسیی تەعریب ناداتەوە. من بەش بەحاڵی خۆم دژی عەرەب نیم، بەڵکوو دژی تەعریبم. چونکە تەعریب داگیرکارییە و ئەنجامی کۆتایی جێنۆسایدە، وەکوو چۆن دژی بەعس بووم، کاتێک جوتیاری کوردی لە کەرکووک دەردەکرد، ئاواش دژی هەر سیاسەتێکم، کە کورد لە زێدی خۆیدا بکاتە پلە دوو، ئینجا ئەو سیاسەتە ناوی یاسای وەبەرهێنانی هەرێم بێت، یان دەستووری عێراق.
لە شوێنێکی دیکە نووسیویەتی؛ ئەمە یاسا و دەستوورە ڕێگەی داوە. بێگومان ئەوە ڕاستە. بەڵام ئایا یاساییبوون واتای ئەوەیە، کە ڕەوایە؟ مەگەر تەعریبی کۆنیش هەر بە یاسا نەبوو؟ لە ئێران و لە تورکیاش هەر بە یاسا نکۆڵی لە کورد ناکرێت؟ کورد هەر بە یاسا زمانی قەدەغە دەکرێت. یاساییبوون لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان ڕەوایەتی بە ستەمکاری داوە. من لەو بەرێزانە دەپرسم، کە چاوپۆشی لە تەعریب دەکەن و دەستوور دەکەنە پشتیوانی قسەکانیان، ئایا دەستوور باسی پێکەوەژیان دەکات، بێگومان نەخێر. بەڵکوو مافی بە سەرمایەدارێک داوە، شارێک بکاتە کۆمەڵگەیەکی داخراو و بیفرۆشێت و خاک هەراج بکات، ئینجا دەستوور ناتوانێت ڕێگە لە گۆڕینی دیمۆگرافیا بگرێت. بەڵکوو مادە دەستوورییەکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا دەگۆڕێت. دەستوور لەمپەر لەبەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق دانانێت؟ کوا لەکوێ ڕێگەی لە تاڵانکردنی سامانی گشتیی گرتووە؟ ئەی ئەو هەموو میلێونێرە سیاسییەی عێراق و کوردستان چۆن هەڵتۆقین؟
٤. داگیرکاری
یەکێکی دیکە لە ئارگیومێنتەکانی ئەوەیە، پەنجە بۆ لایەنی ئابووری درێژ دەکات و دەڵێت، کێ یەکەکان دروست دەکات؟ کێ بڕیاری فرۆشتنی داوە؟ کێ پارەکەی سپی دەکاتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی جەوهەرییە، چونکە لە ئاستی سۆزەوە دەچێتە ئاستی بەرژەوەندیی ماددیی دەسەڵاتداران. بەڵام لێرەدا، کاک ئەحمەد گرفتی تێگەیشتنی هەیە، لەوەی کە دەسەڵاتداری کورد بە داگیرکەر نازانێت، لە کاتێکدا داگیرکەر مەرج نییە هەر عەرەب و تورک و فارس بێت. لە ئێستادا، دەسەڵاتدارانی کورد زەوی و سامانی کوردستانیان قۆرخکردووە. ئەمە تێکەڵکردنی دۆسییەکانە، ئێمە لێرەدا قسە لە تەعریب دەکەین، ئەگەرنا ستەمکاری و قۆرخکاری دەسەڵاتدارانی کورد لەگەڵ کورد سنووری یاسا و بەها ئەخلاقییەکانی بەزاندووە وکەس نکۆڵی لەوە ناکات. تەنیا ئەوانە نەبێت، کە برغوون بە ماشێنی وێرانکاریی دەسەڵاتەوە.
لە خاڵی سێیەمدا نووسیویەتی: “لەم پڕۆسەیەدا، هیچ کەسێکی کورد ناچار نەکراوە بە هەرزانفرۆش، یان چۆڵکردنی خانوو و ماڵەکەی”. بەڵێ، ئەمڕۆ ناچار نەکرابێت سبەی ناچار دەکرێت. کاتێک خانەوادەیەک کەسێکیان نەخۆش دەکەوێت و بێجگە لە خانووەکەی هیچی دیکەی نییە، ناچار دەبێت خانووەکەی بۆ چارەسەر بفرۆشێت، ئایا ئەمە ناچارکردن نییە؟
لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێت: “من هیچ ئامارێکی ورد شک نابەم، ئەوانیش ئاماریان نییە”. بەڵام دواتر هەر خۆی بەبێ ئامار حوکم دەدات و دەڵێت: “ژمارەکە هێندە زۆر نییە” لەوەش زیاتر دەڵێت “زۆربەیان گەڕاونەتەوە”. باشە ئەگەر ئامار نییە، چۆن دەتوانین بڵێین ڕێژەی عەرەب زۆرە یان کەمە. ئەمە لاوازیی بەڵگەیە. بۆیە منیش دەتوانم بڵێم، ئەم جۆرە نووسینە ئاو دەکاتەوە ناو ئاشی سەرمایەدارانی کورد، کە بایەخ بە کوردستان نادەن و سنوورێکیان بۆ هاتنی عەرەب نییە و باکیان بە وێرانبوونی کوردستان نییە.
٥. تەعریب بە تاپۆ نەک بە تانگ
وتارەکەی دوو بانگەشەی تێکەڵکردووە: یەکەمیان؛ دەیەوێت بڵێت، ئەوەی ئێستا تەعریب نییە. بەڵکو تەنیا سیناریۆیەکی دەسەڵاتە بۆ داپۆشینی گەندەڵی، هەرچەندە ئەمەش پێویستی بە بەڵگەی زیاترە، بەڵام ئەی بۆ سیاسەتی تورکیا و قەتەر نەبێت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە؟ یاخود بۆچی چاوپۆشی لە تەعریب بکرێت بە پاساوی ئەوەی دەسەڵاتداری هەرێم گەندەڵن؟
بێگومان هەمووان دەزانن، ئەوەی ئێستا هەیە تەعریبی کلاسیکی نییە، هاوشێوەی هێنانی عەرەبی خێڵەکی نییە بۆ سەر زەوی جوتیاری کورد، یان بۆ فراوانکردنی شارەکانی کەرکووک و دیالە و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد، بەڵام ئایندەی ئەم سیاسەتە نەوەکوو هەر تەعریبە، بەڵکوو دەکرێت ببێتە فیتنەیەکی دوارۆژ، کە خەڵکی هەژاری تێدا دەبێتە قوربانی، ئینجا عەرەب بن، یان کورد هەر زیانە و خوێنیان دەبێتە وزەی کۆکردنەوەی قازانج بۆ بازرگانانی جەنگ.
من لە کاک ئەحمەد دەپرسم ترس و نیگەرانی خەڵک لە تەعریب بۆچی ناڕەوایە و بۆ دەبێت ئەمە نەتەوەپەرستی بێت و ملدان بە تەعریب وەکوو مرۆڤدۆستی تەماشا بکرێت؟
دەپرسێت: ئایا ئەوەی ئێستا هەیە، وەکوو تەعریبی بەعس وایە نا، بێگومان وانییە. ئایا کەسی عاقڵ دەڵێت ئەمە وەکوو تەعریبی بەعسە و کورد بە زەبری چەک و سووپا دەردەکرێت و عەرەبی دەخرێتە شوێنی؟ نەخێر تەعریبی بەعس بە تانک و تۆپ بوو. بەڵام تەعریبی ئێستا بە پارە و تاپۆیە. تەعریب پڕۆسەیەکی بەرنامەڕێژکراوە بۆ تەنگ پێ هەڵچنین و ناچارکردنی نەتەوەیەک و گۆڕینی دیمۆگرافیا بە سەرپەرشتی دەوڵەت.
ئەگەرچی هەموو خاڵەکانی کاک ئەحمەد ڕەسوڵ لاوازن، بەڵام لاوازترین خاڵی نووسینەکەی لە خاڵی دووەمدا چڕ دەبێتەوە، بابزانین چی نووسیوە، ئەو دەڵێت؛ ئەمە پڕۆسەیەک نییە بە سەرپەرشتی دەوڵەت و دەزگاکانی، بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراو بەڕێوە بچێت، بەڵکوو هەڕەمەکییە و هەندێکیان دوای ماوەیەک یەکەی نیشتەجێبوونەکەیان دەفرۆشنەوە. کەواتە تەعریبی ئەمجارەش هەر بە مۆدێلی ساڵی ١٩٧٠ دەبینێت.
دیارە پێوەری ئەم نووسەرە بۆ تەعریب ئەوەیە، کە دەبێت وەزارەتی بەرگری و سووپا سەرپەرشتی بکەن، هەتاوەکوو ناوی بنێین تەعریب، ئەوا لە هیچ شوێنێکی دونیای ئەمڕۆدا تەعریب بوونی نییە. لە سەدەی ٢١دا، دیمۆگرافیا بە بڕیاری سەدام ناگۆڕێت، بەڵکوو بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان و بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی داخراو دەگۆڕدرێت. ئەگەرنا خۆی دەڵێت؛ “بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان” دەفرۆشرێن. باشە دەستەی وەبەرهێنان دەزگایەکی حکومی نییە، مۆڵەت و ڕەزامەندی و تاوپۆکردن لە دادگاکانی هەرێم ناکرێت؟ کەواتە چۆن دەڵێیت بە سەرپەرشتی دەوڵەت نییە. دەوڵەتەکەی ئێمە خۆی بووەتە سەرمایەدار و سەرمایەدارەکەشی بووەتە دەوڵەت، ئیدیکە پێویستی بە پلانی نهێنی نییە. یان دەڵێیت؛ “هەڕەمەکییە و دواتر دەیفرۆشنەوە”. ئەمە بەڵگەیە لە دژی خۆت، نەوەکوو لە بەرژەوەندی خۆت. ئەمە دەیسەلمێنێت، کە ئەوە بازرگانییە، نەوەکوو پێکەوەژیان. کەسێک کە دێت بۆ پێکەوەژیان دوای ساڵێک خانووەکەی نافرۆشێتەوە، بەڵکوو ئەوەی دێت بۆ بازرگانی و سپیکردنەوەی پارە دەیفرۆشێتەوە. ئێمەش قسەمان لەسەر هەر ئەم بازرگانییەیە، کە نیشتیمان دەکاتە کاڵا. تەعریبی جاران بە تانک و تۆپ دەکرا، کاک ئەحمەد تەعریبی ئێستا بە تانک و تۆپ دەکرێت. ئامرازەکان گۆڕاون، ئەنجامەکە هەر گۆڕینی دیمۆگرافیایە.
ئێستا با بپرسین:
١. کاتێک دەستەی وەبەرهێنان، کە هەمووان دەزانن موڵکی دەسەڵاتدارانە، بڕیار دەدات هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون بفرۆشێت، ئایا ئەمە بڕیاری دەوڵەت نییە؟ بڕیاری هێزی دەسەڵاتدار نییە؟ ئەمە لە سۆنگەی دەستوور و یاساوەیە، ئیدیکە ڕەوایەتییەکەی لە کوێدایە؟
٢. کاتێک سەرمایەدار، کە هاوکات دەسەڵاتدارە، بە مەبەستی سپیکردنەوەی پارە، بازاڕی خانوو گران دەکات و گەنجی کورد ناتوانێت بیکڕێت و لە شوێنەکەی خۆیدا دەبێتە پلە دوو. ئەمە تەنگ پێ هەڵچنین نییە؟ با ناوی بنێین تەنگ پێ هەڵچنینی ئابووری، نەوەکوو ئەمنی. ئەی جیاوازییەکەی لەگەڵ تەعریبی بەعسییەکان چییە؟ ئەگەر دوێنێ بە زەبری هێز کورد لە ماڵی خۆی دەردەکرا، ئێستا بە زەبری پارە زەوی و ماڵی لێ دەکڕدرێت و یاساش پشتیوانە.
٣. ئەم جۆرە نووسینە ئامانجی چییە؟ لێدانە لە سیاسەتی تەعریب، یان لە هەر دەنگێک دژی تەعریب هەیە؟
٦. لۆجیکی پشیلەی مردوو
دەربارەی پشیلەی مردوو، ستراتیجکاری سیاسی و کەمپەینکاری ئوستوڕالی “لینتن کرۆسبی”، هێناوەتەوە بۆ پشتیوانی بیروڕاکانی و بەم شێوەیە باس دەکات: “فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزەکە” چارەسەرەکەیە.
ئەم بەدەنگەوە هاتنەی خەڵکی کوردستانی بە پشیلەیەکی مردوو چوواندووە، بەناوی تەعریبەوە بۆ داپۆشینی گەندەڵی. گریمان وابێت، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: تۆ بۆ لۆجیکی پشیلەی مردوو دەکەیتە ئارگیومێنت، لە کاتێکدا ئەوەی مەترسییە ئەژدیهای زیندووە. نەوەکوو پشیلەی مردوو. باشە مرۆڤ چۆن دەتوانێت دژی گەندەڵی بێت و لە تەعریب بێدەنگ بێت؟ مەگەر تەعریب لە گەندەڵی مەترسیدارتر نییە؟ هەر گەندەڵی نییە، کە زەمینەی تەعریب خۆش دەکات؟ بەرزکردنەوەی ئەو هەموو شوقەیە خۆی دەرهاویشتەی گەندەڵییە و بازاڕگەرمییەکەشی بە تەعریب چارەسەر دەبێت.
لەوەیاندا، نووسەر ڕاست دەکات، کە کورد بەرلەوەی یەخەی کەس بگرێت، دەبێت یەخەی دەسەڵاتدارانی کورد بگرێت. بەڵام ئایا ئارگیومێنتی پشیلەی مردوو لە جێگەی خۆیدایە؟ ئایا بە دەنگ هاتنی خەڵکی کوردستان پشتیوانییە لە گەندەڵی، یان هەستکردنە بە دۆخێکی مەترسیدار؟ کە لە تەعریبی سبەی کوردستاندا، هەر ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵانە دەبنەوە دارەدەستی دەوڵەت و هێندەی دیکە قوڕەکە بۆ خەڵک خەست دەکەنەوە.
کاک ئەحمەد بەو پێیەی ئاماژەی بە مەترسی ئیسلامیی سیاسی و سەپاندنی کولتووری عەرەبی نەداوە بە ناوی ئایینەوە خۆی لەوە دەبوێرێت، بڵێت ئەمە پیلانی تورکیا و قەتەرە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا. ئایا هەق نییە لە خۆمان بپرسین تورکیا و قەتەر و ئێران لەسەر چ بنەمایەک هاوکاری ئیسلامیی سیاسی دەکەن؟ ئایا ئەگەر ئیسلامیی سیاسی بەرنامەی بۆ پاراستنی خاکی کوردستان هەبووایە و لە یەک کاتدا حیزبی نەتەوەیی و ئایینی بوونایە ئەو دەوڵەتانە پشتیوانیان دەکرد، یان دژایەتیان دەکر؟ کەواتە خەڵک کە هاوار دەکات، هاوارەکەی لە جێگەی خۆیەتی، ئەمە نەوەکوو سیناریۆی دەسەڵاتی کوردی نییە، بەڵکوو شەرمەزارکردنی دەسەڵاتی کوردییە.
لێرەدا، پێم باشە قسەیەکمان بۆ ئەو کەسانە هەبێت، کە بە پاساوی پێکەوەژیان پاساو بۆ تەعریب دەهێننەوە. پێم وانییە، خەڵکی کوردستان دژی پێکەوەژیان بن. بەڵکوو دژی تەعریبێکە بەناوی پێکەوەژیانەوە. کاتێک پێکەوەژیان لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری بێت، خەڵک بۆچی تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت و بۆ دژی دەوەستێتەوە. کاتێک عەرەب، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە بێت لە شار و وڵاتی مندا بە پارەی سپیکراو خانوو بکڕێت و من نەتوانم بیکڕم، لە کاتی دەنگ بەرزکردنەوەم لە دژی ئەم نادادییە بکرێم بە شۆڤێنی، تەنیا لەبەر ئەوەی قسەم کردووە، ئەمە چ ڕەوایەتییەکی تێدایە. ئەم عەقلییەتە چ بەهایەکی بۆ مافی تاک هەیە، هەتاوەکوو ڕێزی بۆ پێکەوەژیان هەبێت؟ بۆیە دووبارە دەیڵێمەوە، بەڵێ دژی تەعریبم وەکوو ستەم. دژی ئەوەشم، کە بەناوی دژایەتیکردنی شۆڤێنیزمەوە پشتیوانی لە ستەمێکی نوێ بکەین.
گرنگە هەموومان دڵسۆز بین، بەڵام بەچی دەچێت دڵسۆزی نەزان بین.


