سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئاوا بڕوات، دە ساڵی دیکە، كورد دەبێتە كەمینە لە هەرێمی كوردستان

عارف قوربانی

لەدوای سەرهەڵدان و دروستبوونی دەوڵەت و نەتەوەوە، بابەتی ژمارەی دانیشتووان و مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیا، یەكێكە لەو پرسانەی لە تەواوی دنیادا بە بایەخەوە لێی دەڕوانرێت. تەنانەت ئەو وڵاتانەی خاوەن مێژوویەكی دوورودرێژی تەمەنی حوكمڕانی و دامەزراوەی تۆكمە و سنوور و سەروەریی پارێزراویشن. ئەم بابەتە هەر پرسێكی ستراتیجییە بەلایەنەوە و لە داڕشتنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات، پلانە كورتمەودا و درێژمەوداكانیان ڕەچاوی دەستەبەربوونی دڵنیایی پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتییان دەكەن.

تێزێكی باویش هەیە دەڵێت، نیشتمان هی ئەو كەسانەیە لەسەری دەژین، مێژوویش ئەوەی بۆ سەلماندووین زۆر گرووپ و نەتەوە هەبوون لە بنەڕەتدا خاوەن ئەو جوگرافیا و نیشتمانە نەبوون كە ئێستا لەسەری دەژین، بەڵام بەهۆی كۆچی میللـەتی خاوەن ماڵ، یاخود بەهۆی كۆچی نەتەوەی هاتوو جا بەهۆی داگیركارییەوە بووبێت یاخود وەك كۆچ و پەنابەریی، دواجار ناسنامەی ئەو نیشتمانە گۆڕاوە و بووەتە خاكی ئەوانەی دیکە کە ئێستا لەسەری دەژین.

بەدیاریكراوی لە دەوروبەری كوردستان نموونەی بەرجەستەمان زۆرن، بە بیانووی ئایینی ئیسلامەوە عەرەبەكان لە حیجاز و یەمەن‌ـەوە بەناوچەكەدا بڵاوبوونەوە و بوونە خاوەن زۆرێك لە نیشتمانی ئەو گرووپ و نەتەوانەی دیكە كە بە سەدان ساڵ لەوەوبەر لەوێ ژیابوون. توركەكان وەك عەشیرەتێكی مەغۆل هاتنە ناوچەكە و لەسەر نیشتمانی كورد و ئەرمەن و یۆنانی دەوڵەتێكی نەتەوایەتییان بۆخۆیان بونیادنا.

كوردیش سەرباری ئەوەی بە درێژایی مێژوو قوربانی لەپێناو مانەوە لەسەر نیشتمانەكەی بەخشیوە، بەڵام بە هەردوو دیوەكەی كۆچدا چی ئەوەی ڕێگەی بە بێگانە دابێت بێتە خاكەكەی نیشتەجێ بێت یان خۆی كۆچی كردبێت، جوگرافیای زۆری لەدەستداوە. لە باشووری كوردستان نەك لە مێژوویەكی دوورودرێژدا بەڵكوو لە مێژووی چەند دەیەیەك بەر لە ئێستا هەندێ ناوچەی كوردستان هەن تاكە ماڵێكی عەرەبی لێنەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ڕەنگە تاك و تەرا ماڵە كوردێكی لێمابێتەوە.

لە زنجیرە چیای حەمرین‌ بۆ دەشتی نەینەوا، بۆ جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە و خانەقین، بۆ كەركووك و حەویجە و تا پردێ‌ـش، سەدەیەك بەر لە ئێستا چەند بنەماڵە و خێڵێكی عەرەبی كۆچەری بۆ گامێشەوانی، یان مەڕ لەوەڕاندن دەهاتنە ئەو ناوچەیە، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیان لەو بەشەی جوگرافیای باشووری كوردستان لە ژمارەی كورد زیاترە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش هاوكێشەكە بەقازانجی عەرەبەكان دەگۆڕێت.

شانبەشانی بەردەوامیی سیاسەتی تەعریب كە لەلایەن ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حوكمڕانیی عێراق‌ـەوە لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ پیادە دەكرێت، خەسڵەتی خێڵەكی كۆمەڵگەی عەرەبی لە دروستكردنی خێزان و خستنەوەی نەوەدا، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان لەو بەشەی جوگرافیای باشوور كە ئەمڕۆ بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ناسراون.

بەدیاریكراوی لە ناوچەیەكی وەك حەویجە سەر بە پارێزگای كەركووك، سەرەتا چەند خێڵێكی ناوچەكانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق هێندرانە دەشتی بەپیتی حەویجە و وا بۆ نیو سەدە دەچێت عەرەبی دیكەی تەعریبیان بۆ نەهێناوە، بەڵام گەورەبوونی خێزانەكان و زۆر نەوەخستنەوە لە نێویاندا بووەتە هۆكاری ئەوەی ئێستا بە تەنیا ژمارەی عەرەب لەم ناوچەیە شان لە شانی هەموو ژمارەی كورد بدات لە كەركووك كە مەترسییەكانی هەر ئەوە نەبوون و نین كە بوونە گرێكوێرەی چارەسەرنەبوونی پرسی كورد لە عێراق، بەڵكوو بوونەتە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو نیوەیەی دیكەی كوردستانیش لە هەرێمی كوردستان.

ئەگەر چاوێك بە مێژووی هاتنی عەرەب و قۆناخەكانی پرۆسەی تەعریبدا بگێڕیت، بە ئاسانی ئەوەت بۆ دەسەلمێت كە ڕێگەدان بە نیشتەجێبوونی خێڵ یا چەند خێزانێكی عەرەب، ئەگەر هیچ نیەت و سیاسەتێكی گۆڕینی دیمۆگرافیاش لە پشتییەوە نەبێت، تەنیا بەهۆی ڕێژەی ناسرووشتیی گەشەی خێزانەكانیانەوە لە خستنەوەی زۆری منداڵ بەسە بۆ ئەوەی دوای چەند دەیەیەك هاوكێشەی دانیشتووان لەو شوێنە بگۆڕن. خۆ ئەگەر ئامانج و ستراتیجێكی دوورمەوداش لەپشتی نیشتەجێبوونەكە بێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕێژەی گەشەكردنەكەیان زۆر خێراتر دەبێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت دەستپێكی قۆناغێكی پلان بۆ داڕێژراوی دیكەی تەعریبە لە بەرگ و لەژێر ناونیشانێكی دیكەدا. ئەگەر پێشتر و لەو بەشەی باشووری كوردستان كە ئێستا لە دەرەوەی دەسەڵاتدارێتیی كوردستانییە، بەڕێوەچوونی پرۆسەی تەعریب لە چوارچێوەی سیاسەتێكی دەوڵەتی و بە زۆر ڕاگواستنی كورد و نیشتەجێكردنی عەرەب بووبێت لە شوێنیان، ئەوەی ئەمڕۆ لەنێو هەرێمی كوردستان ڕوودەدات، هەرچەندە دەوڵەتی عێراق بە مەبەست لە ڕێگەی بانكەكانەوە پارەیان دەداتێ بۆ كڕینی موڵك و ماڵی كورد، بەڵام تەعریبێكی ئارەزوومەندانەیە، بەڵام دەرئەنجامەكانی بۆ كورد لە قۆناغەكانی ڕابردووی تەعریب مەترسیدارترن، چونكە لە پێشووتردا ئەو عەرەبەی هێندرابووە ناوچەكە دەیزانی لەسەر ماڵ و زەویوزاری كورد نیشتەجێكراوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەهۆی كڕینی موڵك و ماڵەكەوە بووە بە خاوەنی ڕاستەقینەی. بۆیە ئەگەر پێشتر كورد هیوایەكی هەبوو ڕۆژگارێك دێت ئەو ستەمەی لەسەر نامێنێت و ماف بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێتەوە، لێرەدا كورد خۆی مافی خاوەندارێتییەكەی فرۆشتووە.

ئەو ئامار و داتایانەی لەو بارەوە بڵاو دەكرێنەوە كە زیاتر لە یەك ملیۆن عەرەب لە هەرێمی كوردستان موڵكی كڕیوە و ڕێژەیان گەیشتووەتە زیاتر لە چارەكی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، جێی هەڵوەستە و ڕاچڵەكینە بۆ كەسانێك ئەگەر دەربەستی ئایندەی كوردستان و ناسنامەی نەتەوایەتی ئەم جوگرافیایەبن، چونكە وەك پێشتر ئاماژەم پێدا ڕێژەی گەشەی خێزان لەناو عەرەب بە بەراورد بە خێزانی كورد قابیل بە بەراورد كردن نییە. گەنجی عەرەب وەك پابەندێتییەك بە كولتوور و دابونەریتی خێڵەكی و لەهەمانكاتدا وەك پابەندێتی ئایینی، لە تەمەنی زۆر لاوێتیدا ژن دەهێنن، بەشی زۆریان زیاتر لە یەك ژن و تا چوار و زیاتریش بەبەشێك لە ڕەسەنایەتی بۆ خۆیان وێنا دەكەن. ژمارەی ئەندامی هەر خێزانێكیان دەگاتە چەند دەیەیەك، پێچەوانەی خێزانی كورد كە تا دێت بچووك دەبێتەوە.

گەرچی نوقڵانەیەكی خراپە، بەڵام ڕاستیەكە و دەبێت بگوترێت ئەگەر تەنها ئەو عەرەبانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستانن و هیچ عەرەبێكی دیكە ڕوو نەكاتە هەرێمی كوردستان، پاش چەند دەیەیەكی دیكە ئەم ڕێژە عەرەبە ژمارەیان بۆ چەندین جار لە ئێستا زیاتر بەرزدەبێتەوە، زۆر ناخایێنێت و هەر لە تەمەنی ئەم نەوەیەی ئێستادا دەیبینین كە كورد لەم بەشەی جوگرافیای باشوور كە پێی دەگوترێت هەرێمی كوردستان، دەبێتە كەمینە.

هەرچەندە لێرەدا نامەوێ بچمە بنج و بناوانی كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، ماف بە خۆیشم نادەم داوەری ئەوە بكەم كامیان مافی خاوەندارێتییان زیاترە بەسەر ئەو خاكەوە كە لەسەری ناكۆكن، بەڵام دەمەوێ ئەو ڕاستییە بڵێم یەكێك لەو هۆكارانەی ئەمڕۆ عەرەبەكانی فەلەستین پێیگەیشتوون بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕۆژگارێك لە بەرانبەر بڕێك پارە زەوی و ماڵ و موڵكی خۆیان فرۆشت بە جووەكان. بۆیە وابڕوات لە مێژووشدا دەنووسرێت كوردەكان خۆیان نیشتمانەكەیان فرۆشت بە عەرەبەكان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO