سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

چەند سەرنجێک بۆ “ئامانج غازی”

هەڵکەوت پشدەری

نزیکەی مانگێک لەمەوبەر یادی ماڵئاوایی حەسەن زیرەک بوو. وەکوو هەموو ساڵێکیش زۆر نووسین دەربارەی ژیان و گۆرانییەکانی دەرکەوتنەوە، لە چەند شوێنێکیشدا، چین و توێژی جیاجیا کۆڕ و کۆبوونەوەیان بۆ ئەو یادە ئەنجامدا. لەناو ئەو چالاکییانەدا، ئامانج غازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بابەتێکی بە ناوی ˮحەسەن زیرەک شوناس و زایەڵەی نەتەوە و نیشتیمانێک“ بڵاوکردەوە، تێیدا چەند خەسڵەتێکی “زیرەک”ی باسکردووە. لە سەرەتای باسەکەدا هاتووە:

“موزیکی ڕۆژهەڵات لە خۆیدا هیچ توانایەکی دەربرینی نییە، بۆیە تەواوی ئەزموونی موزیکیی ئێمە تەنیا لە گۆرانیدا سنووردارکراوە، ئەگەر بە دوای موزیکی بێگەرددا بگەڕێیت، تەنیا ئارگیۆمێنتی بچووک و سووکی سەرەتایی دەدۆزیتەوە، کە بابەتێکی ئەوتۆ دەرنابڕن شیاوی باسکردن بێت و لە بنەڕەتیشدا هیچ پەیوەندییەکی بە گۆرانییەکانەوە نییە، سەرەڕای ئاسانیی تێگەیشتنیشیان، بچووکترین کاریگەری لەسەر بینەران جێناهێڵن، چونکە ئەم بابەتە بەبێ هۆنراوەی گۆرانییەکە، بە تەواوی بێدەسەڵاتە و ئامانجی خۆی ناپێکێت”.

ئەو بۆچوونەی مامۆستا ئامانج سەرنجی ڕاکێشام، تێگەیشتنی من ئەوەیە؛ ئامانج غازی بەراوردی نێوان گۆرانی کوری و موزیکی کلاسیکی ئەورووپا دەکات، یان بە شێوەیەکی گشتیتر بەراوردی نێوان موزیکی ڕۆژهەڵات و موزیکی کلاسیکی ئەورووپایی-جیهانی دەکات. لەبەرئەوەی موزیکی کلاسیکی ئەورووپایی یان جیهانی، تەمەنێکی ئەوەندە دێرینی نییە، تاوەکوو لە بنەچەوە ئەو ڕوانگەیەی لەسەر دابمەزرێت، بە واتایەکی دیکە، تەمەنی گۆرانی و موزیکی کوردی زۆر لە تەمەنی موزیکی کلاسیک کۆنترە، بۆیە لە ڕەگ و ڕیشەدا جیاوازیی بنەڕەتی و هۆکارەکانی دەرکەوتنیان هەیە، بەو پێیە دوو بابەت لە تای هەمان تەرازوودا داندراوە، کە بەراورد لە نێوانیاندا نەگونجاوە.

هەڵبەت لە بنەڕەتدا، ئەوەی بڵێت “موزیکی ڕۆژهەڵات لە خۆیدا هیچ توانایەکی دەربرینی نییە” تاوەکوو ئاستێکی زۆر دروستە، بەڵام ئەی ئەوەی توانای دەربڕینی هەیە کامەیە؟ پێم وایە مەبەستی موزیکی کلاسیکە. شاراوە نییە ئەوەی ناوی موزیکی کلاسیکی جیهانە لە سەدەی پازدە و شازدەدا دەرکەوتووە، کە کڵێسا دەستی گەورەی تێدا هەبووە، تاوەکوو بگاتە ئاستێکی باڵای دەربڕین و گوزارشتکردن لە هەستەکان. پێش ئەوەی موزیکی کلاسیک لە ئەورووپادا دەربکەوێت، بەهەمان شێوەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات لەوێش موزیک هەر سادە بووە و نەیتوانیوە دەربڕینی ئاڵۆز بکات و هەستی گوێگر بجووڵێنێت. بەڵام لەو بابەتەدا، گرنگە بزانین بۆ وا بووە.

توێژینەوەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی وردی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی پێش دەرکەوتنی شۆڕشی کشتوکاڵ (مەزەندەی زانست وایە بەر لە ١١ هەزار ساڵ دەستی پێکردووە)، زانیاریی زۆرمان سەبارەت بە سروشتی موزیک لەو کۆمەڵە بچووکانەدا دەدەنێ. ئییەین مۆرلی Iaine Morley (٢٠١٣) لە پەڕتووکەکەی بە ناوی “موزیک لە پێش مێژوودا The Prehistory of Music”دا و لە بەراوردی نێوان موزیکی گەلانی بلاکفووت Blackfoot، ئاکا Aka، مبوتی Mbuti، پینتوپی Pintupi و یوپیک Yupik دا دەڵێت: موزیک لەناو ئەو گەلانەدا، تاوەکوو ئاستێکی بەرز تەنیا دەنگە، ئاوازەکان هەر لە دەنگی مرۆڤدا دەردەکەون، نەوەکوو لە ئامێری موزیکدا. ئامێرەکانیان لە دار و توخمی سروشتی دروست دەکەن، بۆیە بەڵگەی شوێنەواریان لە پاش بەجێ نامێنێت. لەبەرئەوە دۆزینەوەی شمشاڵە تەمەن ٤٠ هەزار ساڵییەکان لە ئەورووپا، نابێت وەکوو سەرەتا و بنەچەی موزیک تەماشای بکرێت، بەڵکوو ئەوە پێشکەوتنێک بووە لە نەریتێکی چەسپاوی دەنگ و موزیکدا دەرکەوتووە (Morley, 2013, pp. 29-31).

ئەو گەلانەی “مۆرلی” باسیان دەکات، موزیک و گۆرانییەکانیان لەسەر هەمان ڕێچکە و ڕێبازی باب و باپیرانی ماوەتەوە، گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی تێ بگەین، کە موزیکی گەل و نەتەوەکانی جیهان تەنیا چەند سەدەیەکە گۆڕانی گەورەی بە خۆیەوە دیتووە، بەر لەوە هەموویان کەم و زۆر هەر هەمان خەسڵەتیان هەبووە. بیهێنە بەرچاوی خۆت موزیکی فارسەکان لەناو کۆشک و تەلارەکانیاندا چۆن بووە، وێنەکانی لە پەڕتووکی “ئەمیر حوسێن پوورجەوادی”دا هاتوون بە ناوی “موزیک لە ئێران لە سەدەی پازدە تاوەکوو سەدەی بیست”، کە باس لە موزیکی ئێرانییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەکات، دەرخەری هەمان ڕاستین.

کەواتە وەکوو ئامانج غازی نووسیویەتی: “بۆیە ئێمە هێشتا لە قۆناغی گوێگرتنەوە نەگوێزراوینەتەوە بۆ قۆناغی گوێگرتنێکی دەروون ئامێز، هەموو خۆشیێکمان چێژێکی بەدەستهێنانی هەست و سۆزدارییەکی سنووردارە ، کە لە مۆنۆتۆنی ئەو ڕیتمەوە سەرچاوەی گرتووە و بانگهێشتمان دەکات بۆ پشوودانێکی کاتیی، نەوەکوو بیرکردنەوەیەکی هزریی قووڵ”، لێکدانەوەیەکی دروستە، بەڵام ئایا هەمان ئەو بۆچوونە بۆ هەموو شێوازەکانی ناو پانتایی موزیک و گۆرانیی کوردی دروستە؟ پێم وایە نەخێر.

ئەگەر بمانەوێت ئەو هەستە لە گۆرانییە سادەکاندا بدۆزینەوە، کە یەک دوو ڕستەی موزیک تاوەکوو کۆتایی گۆرانییەکە دووبارە دەبنەوە و تەنیا دەق تێیاندا دەگۆڕێت، بەڵێ هەستێکی جیاکەرەوەی نییە و وەسفەکەی ئامانج غازی دروستە، بەڵام ئەی ئەو هەستە چۆنە، کاتێک گوێ لە مەقامێکی خاوکەر یان خورشیدی گەرمیان دەگریت؟ لەوێدا ڕەنگە زۆربەمان لە دەق و وشەکان ورد نابینەوە، ئەوەی مووی لەش گیڤ دەکەنەوە دەنگ و ئاوازەکەیە. مەقامەکە وەکوو دەق بایەخێکی گەورەی نییە و جوانیناسیی هونەری موزیکی تێدا نییە، جوانییەکە و هەستەکە ئاوازی مەقامخوێندنەکە هەڵیگرتووە. لەوێدا، ئاوازەکە بەبێ هەبوونی چەند کەمان و دابەشکردنی ئەکادیمیانەی پێوەست بە موزیکی کلاسیک، هەست دەجووڵێنێت و کاریگەریی خۆی هەیە. خۆ هەمان بۆچوون و لێکدانەوە بۆ دەنگبێژی دروستە، گوێ لە دەنگ و ئاوازی شاکرۆ و حوسەینۆ بگرە، ئەگەر هیچیش لە دەق تێنەگەی، هەستت دەجووڵێنێت، هۆڕە و سیاچەمانەش بەهەمان شێوە. لە لایەکی دیکەدا، ژەنینەکانی عەلی ئەکبەر مورادی و کەیهان کەڵهوری نەوەکوو هەر هەستت دەجووڵێنن، بەڵکوو ڕوح ئاوەدان دەکەنەوە. ئەو نموونانە ئەو ڕاستییە دەردەخەن، کە بەراوردەکە لە جێگەی خۆی نەبووە، ئەوانە بەپێی زۆر هۆراکی تایبەت بە گوێگر و پەروەردە و ئاستی ڕۆشنبیریی ئەو، بیرکردنەوەی هزریی قووڵ بەرپا دەکەن.

لە دیوێکی دیکەی هەمان باسدا، دەپرسم ئایا گونجاوە موزیک و گۆرانیی کوردی بە پێوەری ڕۆژئاوایی بپێوین و بە هاوێنەی ئەوان تەماشای خۆمان بکەین؟ دید و پێوەرەکانی ڕۆژئاوایی بە شێوەیەک داڕێژراوە و پێکهاتەسازی بۆ کراوە ناتوانێت لە جوانیناسی و بایەخی موزیکی ڕۆژهەڵات تێ بگات. ئەگەر جوانیناسیی موزیکی کلاسیک لەوەدایە، ئەو موزیکە چەندە ئاستبەرزە و چەندە هەست دەبزوێنێت و هەر لە بنەڕەتەوە بۆ دەستەبژێری چینی سەرەوەی کۆمەڵگەکان داڕێژراوە، لە دیتنی جوانیدا دید و لێکدانەوەی ئەوان لەخۆ دەگرێت. ئەوا جوانیناسیی موزیکی ڕۆژهەڵات (هەرنەبێت موزیکی کوردی) لەوەدایە، چەندە موزیک و پێکهاتەکانی لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵەکاندا ڕۆڵیان هەبووە و چەندە بە قووڵایی ژیاندا چووەنەتە خوارەوە. هەر ئەوە بۆخۆی بنەمای دەرکەوتنی زانستیی ئیتنۆموزیکۆلۆجییە، موزیکی گەل و نەتەوەکان دەبێت لە بەستێنی خۆیاندا بخوێندرێنەوە، نەوەکوو لە بەراوردیان لەگەڵ کایەی دیکەدا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO