لەو ڕۆژانە کێشەی تێکچوونی هاوسەنگیی دیموگرافی لە هەرێمی کوردستان پانتاییەکی زۆری لە مشتومڕی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داگیرکردووە. تا ئێستا هیچ ژمارەیەکی فەرمیمان نییە ڕێژەی دانیشتوان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکات. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕاگەیاندنێکی لەو بارەیەوە نەبووە. بەڵام ژمارە نافەرمییەکان مەترسیدارن، کە هەندێک جار باس لە ٣٠٪ یان زیاتر دەکەن. چۆن بتوانین لەڕێی یاسا و ڕێساکانەوە هاوسەنگیی دیموگرافیی هەرێمی کوردستان بپارێزین، لە چوارچێوەی دەستووردا؟ لەو بارەیەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەبێ ئەوەی تۆمەتی جیاکاری نەتەوەیی لەدژدا بوروژێندرێت، کە بەپێی ماددەی (14)ی دەستووری عێراق قەدەغەکراوە، دەتوانێت سیاسەتێکی بێلایەنی نیشتەجێبوون و ڕێکخستنی جۆری خاوەندارێتی یاسا و ڕێنمایی تایبەت دابنێت.
ئەم جۆرە سیاسەتە لە زۆربەی هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکانی جیهان، لەوانەش (دوورگەی ئالاند و تیرۆل) جێبەجێ دەکرێت، کە تیایدا خەڵکی دەرەوەی هەرێم لەژێر باری یاسا و ڕێنماییەکان دەتوانن لەو هەرێمانەدا بژین.
هەر بۆ نموونە؛ دوورگەکانی ئالاند، هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری فینلاندن، بەڵام دانیشتوانەکەی بە زمانی سویدی دەئاخڤن. بەپێی یاسای ئەم دوورگەیە؛ هەر کەسێک کە خەڵکی دوورگەکە نەبێت (تەنانەت ئەگەر هاوڵاتی فینلاندیش بێت، لە بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە) ناتوانێت بە ئاسانی زەوی یان موڵک لە دوورگەکە بکڕێت. یەکەم مەرجی نیشتەجێبوونیش لەو دوورگەیە فێربوونی زمانی سوێدییە. ئامانجەکەش پاراستنی زمانی سویدیی، کولتووری خۆجێیی و ڕێگریکردن لەوەی فینلاندییەکانی دەرەوەی هەرێمەکە دەست بەسەر زەوییەکانییاندا بگرن.
لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو، گرنگە لە هەرێمی کوردستان بکرێن بە بەشێک لە سیاسەتی نیشتەجێبوونی عەرەب لە هەرێمی کوردستان.
1. هەموارکردنی یاسا لەسەر بنەمای “مافی نیشتەجێبوونی خۆجێیی”. لە جیاتی ئەوەی لە یاساکەدا ناوی هیچ لایەن و نەتەوە و گرووپێک بهێندرێت، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت یاسایەکی گشتی بۆ خاوەندارێتی موڵك و خانووبەرە دەربکات بۆ هەموو ئەوانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستان نەبوون و نین، بەو مەرجە سەرەکییانەی خوارەوە:
• مەرجی 20 تا 25 ساڵ نیشتەجێبوونی بەردەوام بەبێ پسانەوەی زیاتر لە 6 مانگ. کڕیار دەبێت بیسەلمێنێت بە لایەنی کەمەوە لە 20 تا 25 ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی یاسایی و بەردەوام لە هەرێمی کوردستان دا ژیاوە، باجی داوە و خزمەتگوزاریی وەرگرتووە.
• بڕوانامەی فێربوونی زمانی کوردی وەرگرتبێت و بتوانێت بە زمانی کوردی بئاخڤێت و مامەڵە بکات و بنووسێت.
• یاسایەک بۆ هەمووان: ئەم یاسایە بۆ هەموو کەسێکی دانیشتووی دەرەوەی هەرێم (بەبێ ناوهێنان)، وەکو یەک جێبەجێ دەکرێت، بەمەش هیچ کەس و لایەنێک (تەنانەت دادگای فیدڕاڵیش) ناتوانێت تۆمەتی “جیاکاری نەتەوەیی” ئاراستەی هەرێم بکات.
2. جیاکردنەوەی مافی کڕین لە مافی بەکارهێنان و بەکرێگرتن.
• مافی نیشتەجێبوون و بەکرێگرتن: مافێکی کراوە بێت بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە شێوازی یاسایی لە هەرێم کار دەکەن یان دەژین (بەکرێگرتنی خانوو، کڕینی مافی نیشتەجێبون بۆ ماوەیەکی دیاریکراو).
• خاوەندارێتی ڕەها (تاپۆی ڕەش) تەنها بۆ ئەوانە دەبێت کە مەرجی نیشتەجێبوونی درێژخایەنیان تێدا جێبەجێ ببێت یان مافی خاوەندارێتی خۆجێییان هەبێت.
3. پاراستنی بازاڕی ناوخۆ لە ڕێگەی سیستەمی “دوو ئاستی خانووبەرە”. هەمان ئەو ئەزموونەی لە دوورگەکانی جێرسی و گێرنزی بەکاردێت. ئەم دوورگانە سەر بە بەریتانیان، بەڵام خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆیان هەیە، لە کاروباری ناوخۆیاندا. یاساکە سیستەمێکی دوو ئاستیی هەیە بۆ خانووبەرە، کە بریتین لە خانووی ناوخۆیی و خانووی کراوە. مەرجەکە؛ تەنها ئەو کەسانەی کە لە دوورگەکەدا لەدایک بوون، یان بەلایەنی کەمەوە 10 تا 15 ساڵ لەوێ ژیاون، مافی کڕین یان بەکرێگرتنی خانووی ئاستی ناوخۆییان هەیە. ئەوانی دیکە دەبێت بچنە بازاڕی کراوە، کە نرخەکان بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزن. ئامانجیش بێگومان کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی دانیشتووان لە سێکتەری گشتی و ڕێگریکردن لە قەرەباڵغبوونی دوورگەکە. پارێزگاریکردنیش لە هەرێمی کوردستان بەو جۆرەی خوارەوە دەبێت:
• سێکتەری تایبەت بۆ خۆجێییەکان: خانوو و زەویەکانی ناوشار، گەڕەکە کۆنەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، کڕینیان قەدەغە دەبێت جگە لەوانەی نیشتەجێبوونی درێژخایەنیان تەواو کردووە.
• سێکتەری وەبەرهێنانی کراوە؛ تەنها سیتییەکان، کۆمەڵگە تازە نیشتەجێبووەکان یان شوێنە بازرگانییەکان کراوە بن بۆ وەبەرهێنانی گشتی و کڕیارانی نوێ. ئەمەش گوشار لەسەر گەڕەکی دانیشتوانی ڕەسەن لا دەبات و ڕێگە لە بەرزبوونی شێلگیرانەی نرخی خانوو و ماڵ دەگرێت.
• لە سیتییەکانیش کڕیارەکان دەتوانن هەموو ڤیللا و خانووێک بکڕن بۆ ماوەی (100) ساڵ و قابیلیش دەبێت بۆ نوێکردنەوە، بەڵام مافی خاوەندارێتی زەوییەکەیان نابێت، واتە تەنها مافی موڵکدارێتی دیوار و پەنجەرەکانی دەبێت، بەڵام خاکەکە نافرۆشرێت و وەکوو موڵکی شارەوانیی دەمێنێتەوە.
4. بەکارهێنانی کارت و بڕگەی دەستووری (ڕێگریکردن لە گۆڕانی دیموگرافیا).
لە دەستووری عێراق دا (ماددەی 23/ب) بەڕوونی هاتووە، کە خاوەندارێتی موڵک نابێت بۆ مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی بەکاربهێندرێت. لێردا هەرێمی کوردستان دەتوانێت:
• ئەنجوومەنێکی باڵای ڕێکخستنی دیمۆگرافیا و ئاوەدانی پێکبهێنێت.
• لە هەموو قەزا و ناحیەیەک، “ڕێژەی کۆتا” دابندرێت، بۆ نموونە بڕیار بدرێت لە هەر شارۆچکەیەک یان گەرەکێکدا ڕێژەی خاوەندارێتی کەسانی دەرەوەی هەرێم لە 8٪ تا 10٪ تێپەڕ نەکات، لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی. ئەمە لە مالیزیا جێبەجێ دەکرێت.
5. سەپاندنی باجی تایبەت بەسەر کڕیارانی ناوچەکانی دیکە. ئەگەر کڕیارێک مەرجی نیشتەجێبوونی درێژخایەنی تێدا نەبێت و بیەوێت موڵك بکرێت، دەکرێت باجێکی زۆر بەرزی لەسەر دابندرێت (بۆ نموونە 20٪ تا 30٪) بەهای موڵکەکە بەناوی باجی خزمەتگوزاریی گشتی یان گەشەپێدانی ناوخۆیی). ئەم باجە وا دەکات کڕینی موڵك تەنها بۆ سەرمایەگوزاری یان گۆڕینی شوێن هێندە سەرنجڕاکێش نەبێت و ڕێژەی کڕین بە شێوەیەکی سروشتی دابەزێت.
پوختەی پێشنیازەکە
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستووریی و نێودەوڵەتییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە نەبێتەوە، پێویست ناکات یاساکە پەیوەست بکات بە (نەتەوەیەکی تایبەت) بۆ نموونە بە زەقی بڵێت نەتەوەی عەرەب، بەڵکوو دەتوانێت یاساکە پەیوەست بکات بە (مەرجی نیشتەجێبوونی بەردەوامی 20 تا 25 ساڵ، باجدان لە هەرێم و سنووردارکردنی ڕێژەی خاوەندارێتی). بەو شێوەیە بەبێ پێشێلکردنی دەستوور، کۆنتڕۆڵی تەواوی هەرێم مسۆگەر دەبێت، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانیی دیموگرافیای کوردستان.


