هیوا ساعدی
پەیماننامەی لۆزان، کە لە ٢٤ی تەمموزی ١٩٢٣ لە نێوان هێزە ئیمپریالیستە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دەوڵەتی نوێی تورکیادا ئیمزا کرا، تەنیا ئاڵوگۆڕێکی دیپلۆماسی یان ڕێککەوتنێکی ئاسایی سنووربەندی نەبوو؛ بەڵکو تاوانێکی ڕێکخراو و داڕێژراوی نێودەوڵەتی بوو لە دژی بوونی نەتەوەیی، مێژوویی و ڕەسەنایەتی ئێمە. ئەوان بە پێنووسێکی ساردی دیپلۆماسی و لە پشتی دەرگا داخراوەکاندا، بێ گوێدانە ویست و مافی ژیانی ملیۆنان کەس، خاکی کوردستان و گەلێکی ڕەسەنیان بەسەر دەوڵەتانی نوێی ناوچەکەدا دابەش کرد. ئەمە پیلانگێڕییەکی شووم و بڕیارێکی تاكلایەنە بوو کە ئامانجی سەرەکیی سڕینەوەی نەتەوەیەک بوو لە لاپەڕەکانی مێژوو، تا نیشتمانەکەمان بباتە ژێر چنگی داگیرکاری، هەڵوەشاندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی و زۆرداری، بە مەبەستی ئەوەی تا هەتایە ناومان لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان بسڕنەوە.
دوای ۱۰٣ ساڵ لەو تاوانە مێژوویییە ناڕەوایە، واقیعی ئیمڕۆی ناوچەکە و جیهان سەلماندوویەتی کە ئامانجە شۆڤێنی و ئیمپریالیستییەکانی لۆزان بە تەواوی تووشی شکستی مێژوویی بوونەتەوە. کورد نەک هەر نەستڕایەوە و نەبووە بەشێک لە مێژووی لەبیرکراو، بەڵکو بە دانبەخۆداگرتن، ڕشتنی خوێنی ئاڵ، دانانی قوربانیی بێشومار و دارشتنی ئیرادەیەکی پۆڵایین، توانیویەتی ڕەسەنایەتی، زمان، کلتور، ئەدەب و ناسنامەی خۆی لە ناو دڵی داگیرکارییە سەختەکاندا بپارێزێت. سەرجەم دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە هەموو ئامرازە جەنگی، سەربازی و هێزە نەرمەکانیانەوە نەیانتوانی ئیرادەی ڕزگاریخوازی و خۆڕاگری لە ناخی تاکێکی ئەم نەتەوەیەدا خامۆش بپۆشن یان لە ناوی ببات.
داگیرکەرانی کوردستان، لە ئەنقەرەوە تا بەغدا و لە دیمەشقەوە تا تاران، سەرەڕای هەموو ململانێ هەرێمی، مەزهەبی، سیاسی و ناوخۆییەکانی خۆیان کە جار بە جار جیهانی پێوە سەرقاڵ دەکەن، هەمیشە لەسەر یەک بڕیاری شۆڤێنییانە هاوپەیمان، هاوفکر و هاوڕا بوون: رێگری لە سەرهەڵدانەوەی کورد و نەهێشتنی ئیرادەی نەتەوەیی ئێمە. لە دۆخی ئاڵۆزی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زەوتکردنی مافە دەستوورییەکان، توپبارانی ناوچە سنوورییەکان، پەلاماری ڕاستەوخۆی سەربازی، بەکارهێنانی درۆن و چەکی پێشکەوتوو، فشاری بەردەوامی ئابووری، دروستکردنی گەمارۆی سیاسی و شێواندنی ئەنقەستەی دیمۆگرافیا، تەنیا درێژەپێدانی هەمان عەقڵییەتی کۆن، نادادپەروەر و شوومی لۆزانن. بەڵام ئەمڕۆ هاوکێشە هەرێمییەکە بە تەواوی جیاوازە؛ دەوڵەتە داگیرکەرەکان خۆیان لە ناوەوە ڕووبەڕووی داڕمانی قوڵی ئابووری، قەیرانی بێوێنەی شەرعییەت و داڕمانی ڕەوایەتی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە و توانای بەرگەگرتن و ڕاگرتنی ڕەوتی مێژوویان نەماوە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ڕووبەڕووبوونەوەی چەمکی لۆزان پێویستی بە تێگەیشتنێکی قوڵتر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان هەیە. زلهێزە جیهانییەکان کە ڕۆژگارێک لە لۆزاندا بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سەر حیسابی مافی کورد ڕێکخست، ئەمڕۆ باش دەزانن کە ئارامی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ چارەسەرکردنی ڕەوای پرسی کورد نایەتە دی. پرسی کورد چیتر ناتوانرێت لە پشتی دەرگا داخراوەکاندا پشتگوێ بخرێت یان ببرێتە پەراوێزەوە، چونکە کورد بووەتە کارەکتەرێکی ڕاستەوخۆ و بەرچاو لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەدا.
گەورەترین و کوشندەترین وەڵام بۆ پاشماوەکانی لۆزان و هاوپەیمانیی بەردەوامی داگیرکەران، تەنیا و تەنیا یەکڕیزیی بەردین، دارشتنی یەکگوتاریی نەتەوەیی و تێپەڕاندنی سنوورە دەستکرد و هزرییەکانی نێوانمانە. لۆزان کاتێک بە کردەیی کۆتایی پێدێت کە کورد چەمکی دابەشکاری و داگیرکاری لە ناو ناخ، فکر، ئەدەبیات و ڕەفتاری سیاسیی خۆیدا بپووکێنێتەوە و باوەڕی تەواوی بە هێز، سەروەری و سەربەخۆیی نەتەوەیی خۆی هەبێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرەبەری گۆڕانکاریی بەرفراوان و پێکهاتەییی نوێدایە؛ سەدەی دووەمی دوای لۆزان نابێت درێژەپێدەری گریان، سکاڵا و مەزڵوومیەت بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە سەدەی سەپاندنی ئیرادەی نەتەوەیی، کۆتاپێهێنانی پارچەپارچەبوون و بەدەستهێنانی تەواوی مافە ڕەوا و بێشەرتەکانی گەلی کورد لەسەر خاکی ڕەسەنی باو و باپیرانی.


