سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خاكفرۆشی‌ لە فەلەستینەوە بۆ کوردستان؛ کورد و فەلەستینی، هاوبەشی دەرد و جیاواز لە هەڵوێست

فەلەستینی و کورد، خاوەن دەردێکی لەیەکچوو و جیاوازن لە یەک کاتدا. دوو میللەت وەکوو یەک داگیرکراو و دەربەدەرکراو خاکفرۆشراو و خاکزەوتکراون. بەڵام تاوەکوو سەر ئێسقان دژ بەیەک، ناحەز بەیەک. بۆ ئەمەشیان خەتا لە کام لایەنە گرنگ نییە، بەڵام زۆربەی کات داگیرکەرانی نەتەوەی کورد کەوتوونەتە بەرەی دژی داگیرکەرەکەی فەلەستین. بۆیە ڕژێمەکانی پێشووی عێراق و سووریا و ڕژێمی ئێران و ئەمڕۆی تورکیا لە بەرەی دژە ئیسڕائیلن، ئینجا بە تاکە تاکە بێت یاخود بە کۆمەڵ. بەمەش هەمیشە ئەو ڕژێمانە سۆزی فەلەستینییەکانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و لە هەر گێرمە و کێشە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەو ڕژێمانە بەرانبەر بە کورد، بەر لە هاووڵاتیانی خۆیان، فەلەستینییەکان ئامادەبوون بە دڵ و بە گیان دژ بە کورد، بە قازانجی ئەو ڕژێمانە بوەستنەوە. بەبێ ئەوەی بۆ جارێکیش بیری لای چاکەکانی کورد بێت، لە پاڵپشتی فەلەستینییەکان لە خەباتی ڕزگاری و ئازادی خۆیاندا. ئەمانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە، هەمیشە ئیسڕائیل کارتی کوردی بیری ئەو ڕژێمانە هێناوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی هەبووبێت بۆ گەلی کورد. بگرە هەر زوو هاوکاری هەریەک لەو ڕژێمانەی کردووە دژی کورد. ئەمە ئەگەر لە وەرزی دڵداریی سیاسی و هاوبەشیی سەربازیی ئیسڕائیل لەگەڵ یەکێک لەو ڕژێمانە لە لووتکەدا بووبێت. یاخود چاو و گوێی خۆی لە ئاست مەینەتییەکانی کورد نووقاندووە. بۆ نموونە، هاوکاری سیخوڕی ئیسڕائیل بۆ تورکیا، بە دیلگرتنی عەبدوڵڵا ئۆچ ئالانی لێ بەرهەم هات. یان بەم دواییە لەبری دەستەمۆکردنی ڕژێمە نوێیەکەی سووریا، گوێی خۆی لە دەستدرێژییەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر کورد کەڕکرد. بەکوردی ئیسڕائیل هەمیشە بەرژەوەندیخوازێکی تاک‌لایەنەیە، کارتی کوردیان بەرزکردووەتەوە، بەڵام ڕژێمە داگیرکەرەکانی کورد هەمیشە ڕاستەوخۆ هاوکاری فەلەستینییەکانیان کردووە.

بەڵام ئەوەی کورد و فەلەستینی لە یەک جیا دەکاتەوە، هەڵوێستە ئازادیخوازانەکەی کوردە بەرانبەر بە فەلەستینییەکان لە خەباتیاندا دژی ئیسڕائیل و لە قۆناغی جیاجیادا. بەمەش کورد سەرباری بارگرانی خەباتەکەی خۆی، ئیسڕائیلیشی دژی خۆی لە زۆر کاتدا ورووژاندووە.

فراوانبوونی ئیسڕائیل و بچووکبوونەوەی فەلەستین.

هەندێک زانیاریی مێژوویی هەن، کە پێویستە لەبەرچاویان بگرین لەمەڕ سەرتاکانی دەوڵەمەندبوونی پێگەی جوو لە فەلەستین و دواتریش دامەزراندنی وڵاتێک بۆ جووەکان لە شوێنێکی دەورەدراو بە نەیار، کە بە ژمارە سەدان هێندە، یان ڕەنگە هەزاران هێندەی ئەو ژمارە کەمەی جووەکان زیاتر بوون، دواتر بوون بە ناوکی دروستبوونی وڵاتێک، بەو ژمارەیەکی کەمەوە، لەگەڵ هەبوونی گەمارۆی عەرەب بەلایەنی کەم لە سێ لاوە.

لەنێوان ١٩٢٠ بۆ ١٩٤٨، جووەکان لە چەندین ڕێگەی جیاوازەوە، دەیان هەزار پارچە زەوییان لە فەلەستینییەکان کڕی، لەوانە: لە ڕێگەی کڕینی ڕاستەوخۆ لە خاوەن زەوییەکانەوە، یان لە ڕێگەی کڕینی زەوی لەو خاوەن زەوی و زارانەی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوون و دواتر پڕۆسەی دەرکردنی کرێچی و جوتیارەکان، یاخود لە ڕێگەی کڕینی ڕاستەوخۆ لە کۆمپانیاکانی زەوی و زار و بە گوژمەی گەورە گەورە و بە شێوەیەکی فراوان. بەکورتی، تاوەکوو ساڵی ١٩٤٧، جوو بوو بە خاوەنی نزیکەی ١٠٪ی زەوی و زاری فەلەستین و ٩٠٪ەکەی دیکەش، نیوەی تەواوی خەڵکی سڤیلی فەلەستینی خاوەنی بوون و نیوەکەی دیکەشی زەوی و زاری میری بوون. ئەم خاوەندارییەی ١٠٪ی جووش خاوەندارییەکی ئاشتیانە و بەپێی بەڵگەنامەی فەرمی بوون. هەر ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ بڕیاری دابەشکردنی ئەو خاکەی کە ئەمڕۆ ناوی ئیسڕائیلە.

• بڕیاری دابەشکردن و سەرەتای جەنگ.

لە کۆتایی ١٩٤٧، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری دابەشکردنی فەلەستینی دا بۆ دوو وڵات؛ وڵاتێکی جوولەکە بە ڕێژەی ٥٥٪ و وڵاتێکی عەرەبی بە ڕێژەی ٤٥٪، و شاری قودس و بیت لەحمیش لە ژێر دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مایەوە.

تۆ تەماشا، جوولەکە بنەڕەتییەکانی فەلەستین تەنها هەشتا و چوار هەزار کەس بوون. بەڵام تاوەکوو ساڵی ١٩٤٨، ڕێژەکەیان بە هۆکاری کڕینی زەوی و زار و کۆچی جووەکانی ئەورووپا لە ترسی نازییەکان و دواتریش کۆچی ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست، ئەم ڕێژەیە گەیشتە نزیکەی شەش سەد و سی هەزار جوو، بەرانبەر بە میلیۆنێک و سێ سەد هەزار عەرەب. واتا جووەکان تەنها نێوەی ژمارەی عەرەب بوون، تاوەکوو کاتی بڕیاری دابەشکردن دەرچوو و جەنگ دەستی پێکرد.

ئەوەی باری لاری ئیسڕائیلی ڕاستکردەوە، دەرکردن و کۆچکردنی جووەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئێران بوو بۆ ئیسڕائیل. بە جۆرێک لە چلەکانەوە تاوەکوو حەفتاکان، نزیکەی هەشت سەد و پەنجا هەزار جوو دەرکران، یاخود بەهۆی توندوتیژی و جیاوازی ڕەگەزپەرستی و کێشانەوەی ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانە لێیان، بەرەو ئیسڕائیل کۆچیان کرد. بەمەش ژمارەی جووەکان لە کەمینەوە بوو بە زۆرینە و لە بەرانبەریشدا عەرەب دەستی بە هەڵاتن لە وڵاتی خۆی و ئاوارەبوون بۆ ئەورووپا و وڵاتانی دراوسێ کرد. ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی ئیسڕائیل زیاتر لە دە میلیۆنە و ژمارەی فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا و غەزەش نزیکەی پێنج میلۆن و نیوە.

لەم کورتە مێژووەدا، بۆمان دەردەکەوێت، کە گۆڕینەوەی زەوی بە پارە و دەرکردنی جووەکان لە زێدی خۆیان لە وڵاتانی عەرەبی و ئێرانەوە، چەوسانەوەیان لە ئەورووپادا، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان.

کوردستان لە کوێی ئەم پڕۆسەیەیە؟

داگیرکەرانی کوردستان، موسوڵمانە عەرەب و تورک و فارسەکان لە لایەک شیوەن دەکەن و لە خۆ دەدەن بۆ ستەملێکراوی گەلی فەلەستین، بە تانک و تۆپ و تەکنەلۆجیای سەربازیی نوێش کورد دەچەوسێننەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، کۆپی هەموو ئەو سیاسەتانەی جوو دەرهەق بە گەلی فەلەستین، بە سەربارەوە بەسەر گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەکە تاقی دەکەنەوە.

ئەگەرچی ڕۆژگارێک کورد پێگەی جوگرافی لەسەر دەریای سپی و کەنداو هەبووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی عەرەباندن و تورکاندن و فارساندنەوە، وەها کورتکراوەتەوە کە ئەمڕۆ ناوچەی کوردنیشین بە سەدان کیلۆمەتر لە دەریای سپی و کەنداو دوورکەوتووەتەوە.

بۆ ئەوەی خۆم لە دوورکەوتنەوە لە کڕۆکی بابەتەکە بپارێزم، کە هەرزانفرۆشی ئارەزوومەندانەی زەوی و زارە بە داگیرکەران، نامەوێت لێرە بە مێژووی پڕۆسەی عەرەباندن و تورکاندن و فارساندندا بچمەوە و ناوی تەواوی ئەو شارانە بهێنم، کە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دێمۆگرافیایان گۆڕاوە و هەمیشە ناوە کوردییەکانیان لە بیربراوەتەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ من ئەوەیە بزانم، کە کورد لە باشوور بە دەستی خۆی و لەم ساتەوەختەدا، خەریکە ئارەزوومەندانە و بە سوپاسێکی زۆریشەوە دیمۆگرافیای شارەکانی خۆی دەگۆڕێت، لەپێناو پارەیەکی کەم، کە تەنیا دەچنە گیرفانی چەند کەسێک و دواتریش قایم دەکرێن لە ژێرخان و بانکەکاندا، بەبێ ئەوەی سوودی بۆ کۆمەڵانی خەڵک هەبێت.

کورد دەڵێت: “مریشک خۆڵ نەکات بە سەری خۆیدا، بە هەزار کەس ناتوانن خۆڵی بە سەردا بکەن”. لە سەد ساڵی کۆتاییدا، نەوەکوو هیچ عەرەبێک نەیتوانیوە و نەیوێراوە لە شارێکی وەکو سلێمانی و هەولێر و دهۆکدا بژیت، بگرە ئەگەر بە ئەرکی میری نەبووایە، هەرگیز بۆ سەفەریش ڕوویان تێ نەدەکرد. نەوەکوو هەر ئەمەش، تەنانەت لە شارێکی تەعریبکراوی وەکو کەرکووک، لە ژێر ئەو هەموو پڕۆسەی تەعریب و تەبعیس و تەرحیل و تەرعیبەشدا، تاوەکوو ئەمڕۆش نەیانتوانیوە بە تەواوی ناسنامە کوردییەکەی زەوت بکەن. ئەوەی کەرکووکی بێت تاکە تاکە نەبێت ئەگەرنا هەموویان ئەوە دەزانن نەبێت، هیچ عەرەبێکی کەرکووەک لە هەشتاکاندا ئارەزووی نەکردووە تەنانەت تووخنی گەڕەکە کوردییەکانی وەکوو ڕەحیماوا و شۆڕیجە و ئازادی و تەپە و کوێ و کوێ بکەوێت، بەڵکوو تەواوی گەڕەکە عەرەبییە تازە دروستکراوەکان کەوتوونەتە باشوری شار و ڕووبەڕووی حەمرین، نەوەکوو ڕووەو سلێمانی و هەولێر. بەڵام ئەمڕۆ وا بە دەستی خۆمان خەریکین قوڕ بۆ سەری خۆمان دەگرینەوە. ئەمەش لە ڕێگەی فرۆشتنی خانووبەرە و زەوی و زار و دوکان و کاری بازرگانییەوە.

جا لە بەر ئەوەی ئامارێکی وردی ژمارەی عەرەبی نیشتەجێی شارەکانی هەرێم و عەرەبی خاوەن شووقە و زەوی و خانوو و دوکان و کۆمپانیا لە بەردەستدا نییە، تەنیا بەو ئامارە نافەرمییانەی لێرە و لەوێ بڵاودەبنەوە، پڕۆسەکە زۆر مەترسیدار دێتە بەرچاو. شایەتحاڵ و ئەزموونی خەڵکی هەرێم و تەنانەت ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی ناو بازاڕ و کووچە و کۆڵان و مزگەوتەکانی هەرێم، پێمان دەڵێن، کە ئیدیکە خەریکە سیمای شارەکانی هەرێم دەگۆڕدرێن. ئەمەش ڕێک دەمباتەوە بۆ سەرەتاکانی فرۆشتنی ئارەزوومەندانەی زەوی و زار بە جووەکان لە فەلەستیندا. ئەوانەی لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو لە فەڵەستین لە پشتی پڕۆسەی کڕینی زەوی و زار بوون، بزووتنەوەی زایۆنیست بوو. کە بزووتنەوەیەکی ئایینی و نەتەوەیی جوو بوو، کە هەموو توانا ماددی و دیبلۆماسی و کاریگەرییەکانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ دامەزراندنی نیشتیمانێک بۆ جووەکان. ئینجا زۆر دەەترسم لە پشتی ئەم پڕۆسەی کڕینی زەوی و زار و شووقە و کۆمەڵگە و کۆمپانیای بازرگانی، بزووتنەوەیەکی عەرەبی عێراقی نهێنی هەبێت لەپێناو لەناوبردنی نەرمی ئەم قەوارەیەی کە ناوی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی ساڵانێکی زۆرە بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و ماشێنی سەربازی پێیان نەکرا، بە سیاسەتی نەرم جێی بەجێی بکەن. کوردانی ڕۆژهەڵات لە وەسفی فارسەکان دەڵێن: “فارسەکان بە لۆکە سەرت ئەبڕن”. واتا بەجۆرێک فێڵت لێ دەکەن بەخۆشت نایزانیت. ئەوەی دەەیبینم لەم پڕۆسەیەدا، بە لۆکە سەربڕینی کوردە لە عێراقدا.

ماوەتەوە بڵێم، ئەگەرچی ئێمەی کورد خاوەن بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی پتەوی دەوڵەمەندی لە شێوەی زایۆنیستی نین، تاوەکوو لە کەمینەی ڕەهاوە بمان کات بە زۆرینەی ڕەها لە وڵاتێک و نیشتیمانێک بۆ میللەتی خۆی دابمەزرێنێت، بەڵام ئێمە هەم خاوەن نیشتیمانین و هەمیش زۆرینەین. خەریکە بە دەستی خۆمان خۆمان دەکەین بە نیوە و بە کەمینە. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی چوار شاری هەرێم وا بەگەرمی پێشوازی لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە دەکەن، لەولاشەوە کوردانی کەرکووک و گەرمیان تاوەکوو ئێستاش لە بەرگری بەردەوامدان لەپێناو هەڵنەکەندنیان لە زێدی باوباپیرانیان، کە هەق وایە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم دەرسێک لەو خەڵکانەی گەرمیان وەربگرن. لێرەشدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەو گێرمە و کێشانەی نێوان جوتیارانی سەرگەڕان و گوندەکانی دەوروبەری بدەم، کە بە دەستێک ڕووبەڕووی عەرەبی هاوردە و داعش و سوپاش دەوەستنەوە و بە دەستێکیش خەریکی کاری کشتوکاڵی و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان خۆیان و خاکی کوردستانن لەو دەڤەرەدا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO