ئەم وتارە تەرخانکراوە بۆ قسە كردن لەسەر مەترسییەكی هاوچەرخ، کە تەعریبی ئابوورییە. مەبەست لە تەعریبی ئابووریی؛ زاڵبوونی سەرمایەی ماددی و مرۆیی و كۆمپانیا و چالاكییە ئابوورییەكانی عەرەبە لە هەرێمی كوردستان. یان دەتوانین بڵێین، کە پڕۆسەی زیادبوونی كاریگەریی ئابووری تاك و كۆمپانیا و سەرمایەی عەرەبییە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، کە بە شێوەیەكی پلەبەندی دەبێتە هۆی گۆڕینی بنەمای موڵكایەتی و بازاڕی کار و وەبەرهێنان و زمانی بازرگانی و هاوسەنگی ئابووریی.
هەرێمی كوردستان بەهۆی دۆخە سیاسییەکەیەوە هەمیشە لە دۆخێكی ناسەقامگیریی ئابووریدا ژیاوە. ڕەگی مێژوویی ئەم دەردە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئینگلیزەکان باشووری كوردستانیان كردە قوربانی بۆ دروستکردنی عێراق و پاراستنی لە ڕووی سیاسیی و ئابووری و سەربازیی و هاوسەنگیی مەزهەبییەوە.
بۆیە دەوڵەتە ئینگلیزییەكەی عێراق، هەمیشە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەكات، کە زیاتر هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی ملكەچ و تەنگەتاو بكات و پەلوپۆی سیاسی و ئابووری و سەربازیی لاواز بكات و بیشكێنێت. لەپێناوی ئەمەشدا چەندین ڕێبازی بەکارهێناوە. ئێمە لەم وتارەدا باس لە ڕێبازی تەعریبی ئابووریی و بە تایبەتی تەعریبی زمان، وەكوو یەکێک لە پایەکانی تەعریبی ئابووریی دەکەین.
بنەمای تەعریبی زمانی كوردی سەرچاوەکەی خوێندنە، کە لەم لایەنەوە حکوومەتەکانی سەردەمی پاشایەتی و كۆماریی هەردووکیان لەسەر تەعریبی زمانی كوردی كۆکبوون، بەجۆرێك بنەما ئابوورییەکانی بەگەڕخستنی زمان لە لایەن عەرەبەکانەوە لە ڕێگەی دامەزراندنەوە دەستی پێکردووە، ئەویش دانانی ئەو کەسانە بووە لە پلە حكوومییەکاندا، کە خوێندەوارییان هەبووە و توانیویانە بە زمانی عەرەبی بنووسن و بخوێننەوە. ئەوەی جێگەی داخە لەم مێژووەدا دەتوانین بڵێین، محەمەد ئەمین زەكی بەگ، وەزیری پەروەردەی سەردەمی پاشایەتی ١٩٢٧، کە خۆی خەڵكی سلێمانییە و سەرباری خوێندەواریی و بەئاگابوونی لە مێژووی كورد و دۆزە ڕەواکەی، یەکەمین کەس بووە، کە لەسەر داوای حکوومەتی پاشایەتی لە بەرانبەر خوێندن بە زمانی كوردی وەستاوەتەوە و لە سەردانێكیدا بۆ ڕازیكردنی خەڵكی سلێمانی، کە داوای خوێندنیان بە زمانی كوردی كردووە. گوتوویەتی: “بە واسیتەی عەرەبی فێربوونەوە بەعزێكیان دەتوانن لەمەولا ئیستیفادە لە مەئمووریەتی لیواکانی دیکە بكەن”(بابان،٢٠١٢, ٢٩٣).
ئەم دید و تێڕوانینەی محەمەد ئەمین زەكی بەگ، درێژەپێدەری ئەو ڕێباز و بیرەیە، کە ئینگلیز بۆ بە قوربانیكردنی باشووری كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بەکاری هێنا و هەر ئەم پیلانەش بوو بە نەخشەی سیاسیی حکوومەتەکانی عێراق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، هەتاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بەمەرجێك ئەو قۆناغەی کە محەمەد ئەمین زەكی بەگ، تێیدا بووبوو بە وەزیری پەروەردە لە عێراقدا، بە قۆناغی شەڕی نێوان ناسنامە و پڕۆگرامی خوێندن ناودەبرێت و چەندین ڕووداوی گەورە تێیدا ڕوویداوە (لێرەدا شوێنی باسكردنی نییە). بەڵام محەمەد ئەمین زەگی بەگ، بە پێچەوانەی ڕەوتی داكۆكی لە ناسنامە، كە زمانی كوردی بەشێكە لە ناسنامەی نەتەوەی كورد لە كوردستان، بارەکەی بەلای “پڕۆگرام” لە خزمەتی ناسنامەی عێراقیی بووندا، یەکلاكردووەتەوە. ئەم پیلانی تەعریبە تەنانەت لە خۆپێشاندانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەدا لە پارێزگای کەركووکی تەعریبکراو، لەمانگی تەمووزی ٢٠٢٦دا بەردەوامی پێدراوە، كاتێك کە عەرەبە شۆڤێنیەکان ڕێگرییان لە مامۆستا كوردەکانی کەركووک كرد، پەیامی داواکارییان بە زمانی دایكی خۆیان (زمانی كوردی) بخوێننەوە.
تەعریبی زمان، یەک لە پیلانە هەرە مەترسیدار و كاریگەرەکانە لەسەر نەتەوەی كورد و خاكی كوردستان، کە هەتاوەکوو ئێستاش ڕژێمە داگیركەرەکانی كوردستان بەتوندی و هەمەجۆریی پیادەی دەکەن، ئەوەی مایەی نیگەرانیی قووڵە، ئەوەیە هەرێمی كوردستان، کە وەكوو نموونەیەکی نیمچە ڕزگاریی نەتەوەیی كورد و بنکەیەک بۆ هەستانەوەی خەباتی هەمەلایەنەی كوردستان لێی دەڕوانرا، بەتوندی لە داوی تەعریبەوە ئاڵاوە و تەعریبی ئابوورییش تەنگی پێ هەڵچنیوە، ئەمەش لە ڕێگەی:
• نیشتەجێبوونی عەرەبی عێراق لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.
• ڕەخساندنی وەبەرهێنان لە ڕێگەی كۆمپانیاکان و بەشداریكردن لە چالاكییە ئابوورییەکان لەلایەن عەرەبەکانەوە.
• زیادبوونی قوتابخانە عەرەبی بۆ خوێندنی ئەو عەرەبانەی کە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بەجۆرێك کە بەپێی لێدوانی وەزیری پەروەردە (٢٠٢٦)، زیاتر لە سەد بینای قوتابخانەی منداڵانی كوردستان بۆ خوێندنی عەرەبیی تەرخانکراوە، لە كاتێكدا لە کەركووک و خانەقین و دوز و ناوچە كوردستانییەکان هەنگاو بە هەنگاو خوێندنی كوردی لەبەر نەبوونی پشتگیریی و خزمەتگوزاریی و بە پیلانی بەغدا دادەخرێن.
• جێبەجێ نەکردنی قانوونی زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك، کە زمانی كارکردن (زمانی بازرگانی) بەشێكی زۆری بووەتە عەرەبی و زمانی كوردی لابراوە.
• پشتگوێخستنی چەسپاندنی قانوونی مافی بەکاربەر و زمانی خەڵكی كوردستان، بەجۆرێك کە بەشێك لە کارگە ناوخۆییەکان زانیاری سەر بەرهەمە پیشەسازییەکان بە زمانی كوردی دانانێن، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی خەڵكی عەرەب لێیان ناكڕن.
• كاركردنی چەندین سەنتەری پیشەیی، بە پێچەوانەی قانوون بە كردنەوەی خولی فێربوونی زمانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا ئەو سەنتەرانە مۆڵەتەکانیان بۆ خولە پیشەییەکانە، نەوەکوو خولی فێركردنی زمان.
• بەکارخستنی كرێكاری عەرەب لە پڕۆژەکانی كەرتی تایبەتدا، ئەمەش لەبەر قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییە قانوونییەکان لە لایەن بەشێك لە كەرتی تایبەتەوە.
• زاڵبوونی بانگەشەی بازاڕگەریی و بازرگانی و نووسینی تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان بە زمانی عەرەبی.
ئەمانە و چەندین هەنگاوی دیکەی مەترسیدار، کە زاڵبوونی تەعریبی زمان بەهێزتر دەكەن، هەروەها گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوەش بدەین، کە دەستەبژێری سیاسی و ئەكادیمی و ڕووناكبیر و ئایینی و بازرگانی هەرێمی كوردستان، لە دۆخێكی ناچالاك و نابەرپرس و زۆرجاریش هاندەری تەعریبی زماندان، ئەمەش بە بیانووی جیاواز جیاواز، کە لە پشتەوە خزمەت بە کارنامەی سیاسیی و ئابووری و بازرگانی و بەرژەوەندی تایبەت دەكەن.
ئەنجامە مەترسیدارەکانی تەعریبی ئابووری “تەعریبی زمان” لە هەرێمی كوردستان دەكرێت لە چەند شێوەدا بخرێنەڕوو، لەوانە:
١. لاوازبوونی زمانی کوردی و هەڕەشە لە ناسنامە: زمان بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی هەر نەتەوەیەک، زاڵبوونی زمانی بێگانە دەبێتە هۆی لاوازبوونی زمانەکە و زمانی کوردی پلە بە پلە لە کایە گرنگەکان (زانست و ئابووری و قانوون و بازرگانی) دوور دەخرێتەوە و تەنیا دەبێتە زمانی ئاخاوتنی ناوماڵ و تێکچوونی بنەماکانی زمان. هەروەها زمانی عەرەبی کار دەكاتە سەر ڕێزمان و وشەسازی و شێوازی دەربڕینی کوردی، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی شێوازێکی “تێکەڵ” (Pidgin) ، کە نە کوردییەکی تەواوە و نە عەرەبییەکی تەواو. لەگەڵ ئەمەشدا هەڕەشەیە لە كولتوور و نووسراوەکان و فۆلکلۆر و مێژووی كورد، کە بە زمانەکە نووسراونەتەوە و بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبنە سەرچاوەیەکی نامۆ و تێنەگەیشتوو.
٢. گۆڕانی کولتووری و نامۆبوون (Cultural Alienation): زمانی عەرەبی تەنیا دەنگ نییە، بەڵکوو بارگاوییە بە کولتوور و بیرکردنەوە و بەهاکانی خۆی، تەعریبی زمان دەبێتە هۆی: گۆڕانی شێوازی ژیان و هاوردەکردنی نەریت و پۆشاک و تەنانەت زاڵبوونی شێوازی تەلارسازیی و خواردنی عەرەبی بەسەر کۆمەڵگەی کوردی و نامۆبوون لە کولتووری ڕەسەن، ئەمەش وا دەكات، کە گەنجەکان پلە بە پلە لە کولتوور و مێژووی خۆیان بێزار ببن و پێیان وایە، کە کولتووری بێگانە (عەرەبی لەم بارەدا) پێشکەوتووترە، ئەمەش دەبێتە هۆی دۆڕانی دەروونی (Psychological Defeat).
٣. لێکەوتە ڕامیارییەكان و دابەشبوونی نێوخۆیی: لاوازبوونی هەستی نەتەوەیی، ئەگەر زمان نەمێنێت یان لاواز بێت، هەستی سەربەخۆیی و جیاوازیی نەتەوەییش لاواز دەبێت، ئەمەش کار دەكاتە سەر دۆزی ڕەوای كورد بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس. دروستبوونی نەوەیەکی بێ ناسنامە، نەوەیەک دروست دەبێت، کە نە كوردە و نە عەرەبە، و لە ڕووی ڕامیاریی و نەتەوەییەوە ناسەقامگیرە.
٤. لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان: دروستبوونی چەقی کولتووری (Cultural Hegemony): زۆرجار زمانی زاڵ دەبێتە زمانی بازاڕ و وەبەرهێنان (تەعریبی نوێ لە کەرتی نیشتەجێبوون)، ئەمەش کوردە ڕەسەنەکان ناچار دەكات بۆ بژێوی ژیانیان فێری زمانی عەرەبی ببن، کە دەبێتە هۆی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی. دابەشبوونی چینایەتی، ئەوانەی عەرەبی دەزانن (بەهۆی خوێندن یان پێگەی کۆمەڵایەتی) دەرفەتی باشتریان هەیە بەرانبەر بەوانەی تەنیا کوردی دەزانن.
٥. مەترسیی گۆڕانی دیمۆگرافی (تەعریبی نوێ): لە ناوچە كوردستانییەکان، وەکوو کەركووک و ناوچەکانی دیکە، تەعریبی زمان زەمینە بۆ تەعریبی دانیشتووان خۆش دەكات، كاتێك زمانەکە ببێتە عەرەبی نیشتەجێکردنی عەرەب لەو ناوچانە ئاسانتر دەبێت و پلە بە پلە گۆڕینی ڕێژەی نەتەوەیی ڕوودەدات، ئەمەش مەترسیدارترین جۆری تەعریبە و ئامانجی سیاسیی درێژخایەنی لە پشتە.
بۆیە هەر تاكێكی خەباتكاریی كوردستان، لە هەر ئاستێكدا بێت، پێویستە لەسەری ڕووبەڕووی ئەم پیلانە مەترسیدارە هەمجۆرە “تەعریبی هاوچەرخ” ببێتەوە و بەڕوویدا بوەستێت، چونكە ئایندەی خۆمان و نەوەکانمان بەهۆی تەعریبەوە لە مەترسیدایە.


