ئەحمەد فاتح محەمەد
سیاسەت لە جیهانی ئەمڕۆدا لە مانا ڕەسەن و مەزنەکەی خۆی داماڵراوە کە ئەویش چاکەی گشتییە، بەڵام ئێستا بووەتە تەنها کەرەستەیەکی بێڕۆح لە خزمەت سیستەمێکی تەکنۆکراتیی سارددا. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تیایدا پرسیارە مەزنەکان لەبارەی دادپەروەری و ئازادی و شێوازی ژیانی هاوبەشەوە، شوێنیان بۆ «ڕێکاری کارگێڕی» و «پڕۆتۆکۆلی کارگێڕیی» چۆڵ کردووە. پێناسەی سیاسەت لە ڕابردوودا مەیدانی بیرکردنەوەی گەورە بوو، شوێنی کێشمەکێشی بۆچوونی جیاواز لەسەر مانای دادپەروەری و ئارەزووی مرۆڤ بۆ ژیانێکی هاوبەشی باشتر بوو. ئەمڕۆ ئەو مەیدانە بووەتە تاقیگەیەکی هێور بۆ ڕێکخستنی داتا و بەڕێوەبردنی سەرچاوە، کە تێیدا هیچ شوێنێک بۆ خەون یان ئامانجی مەزن نەماوە.
کاتێک باس لە مەرگی دەکەین، مەبەستمان نەمانی دەوڵەت یان پەرلەمان نییە یان حیزب نییە بەڵکو پووکانەوەی ئەو هزرە ڕەخنەگرەیە کە پێویست بوو مانا بە ژیانی گشتی ببەخشێت. لێرەدا دەسەڵات لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، تەنها بەڕێوەیان دەبات، بەڕێوەبردنیش جگە لە درێژکردنەوەی تەمەنی دۆخە نەخۆشەکەی سیستەم، هیچ ئەرکێکی تری نییە. ئەم گۆڕانکارییە بێدەنگە کە زۆرجار پێی دەڵێن «واقعبینی سیاسی»، لە ڕاستیدا شێوازێکی نوێی چاوپۆشیکردنە لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەی دەسەڵات بەرامبەر بە هاوڵاتییان، بووەتە پەردەیەکی زیرەک بۆ شاردنەوەی نائەخلاقیبوونی سیستەمێک کە تەنها بەرژەوەندیی خۆی دەپارێزێت.
ئالان دۆنۆ، لە هەردوو کتێبە فەلسەفییەکەیدا، «سەردەمی پڕوپووچی» و «ئەخلاق لە سەردەمی پڕوپووچی دا»، بە وردی ئاماژە بەوە دەکات چۆن کۆمەڵگە بووەتە بارمتەی دەستی کەسانێک کە هیچ پرەنسیپێکی فیکرییان نییە، بەڵکوو تەنها «شارەزای پڕۆتۆکۆل»ن. ئەو باس لەوە دەکات کە ئەم شارەزایانە، بە لێهاتویی سیستەمێکیان دروست کردووە کە تێیدا کەسایەتیی بێ هزر و خڵتەی نێو کۆمەڵگا دەبنە مەرجی سەرکەوتن. ئەم کەسانە سیاسەت لە ناوەڕۆکی بونگەراییەکی دادەماڵن و دەیکەن بە زنجیرەیەک ڕێنمایی وشک و بێ بەها. لێرەدا، سیاسەت چیتر مەیدانی ڕکابەریی نێوان بیرۆکە جیاوازەکان نییە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی باشتر، بەڵکو بووەتە کارگەیەک بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکان، کە لەژێر ناوی درۆینەی «واقعبینی» و «لۆجیکی بازاڕ»دا دەسەپێنرێت. هەر دەنگێکی ڕەخنەگرانە هەوڵ بدات ئەم چوارچێوە تەسک و توندە بشکێنێت، دەستبەجێ بە «نائاسایی» یاخود «پشتگوێخراو» ناودەبردرێت، چونکە سیستەم بەرگەی مانا ناگرێت. لە ڕاستیدا، ئەمە شێوازێکی نوێی سانسۆرە: نەک بە زۆر و زەبر، بەڵکو بە شێوازی لاوازکردن و بێبایەخکردنی هەر بۆچوونێکی جیاواز، هەتا خودی خەڵکیش بڕوایان بەوە بێت کە بیرکردنەوەی جیاواز شتێکی بێ بایەخ و بێسوودە.
لە سایەی ئەم گۆڕانکارییە سیستەماتیکەدا، سیاسەت بووەتە قوربانیی ڕەهای دیکتاتۆریی بەڕێوەبردن . بیری سیاسیی ڕەسەن هەمیشە لەسەر بنەمای گومانکردن لە نەریتەکان، پرسیارکردن لە ڕەوایەتیی دەسەڵات، و پشکنینی سنووری ئازادی دامەزراوە؛ بەڵام بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتیک بە تەواوی پێچەوانەکەیەتی، چونکە لەسەر بنەمای گوایە «بێلایەنی»، «ژمارە»، و «پەیڕەوکردنی یاسای بازاڕ» کار دەکات. بەڕێوەبەری سەردەم حەزی بە مشتومڕی فیکری نییە، چونکە مشتومڕ کات دەخوات و ئارامیی ئابووری تێکدەدات. ئەو بەڕێوەبردن وەک شتێکی «زانستی و بێلایەن» ڕادەگەیەنێت، لە کاتێکدا لە ژێر ئەو ڕووکەشە زانستییەدا، بۆچوونێکی سیاسیی تایبەت شاردراوەتەوە، کە بریتییە لە بەرژەوەندیی چینێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، کۆمەڵگە پێویستی بە هاوڵاتیی خاوەن هزر نییە، بەڵکوو پێویستی بە کەرەستەیەکی بەکارهاتووە، کە تەنها بەبێ دەنگی ئەرکی جێبەجێکردنی ڕێساکانی لەسەر شانە. ئەمەیە ئەو بێماناییەی کە لە ڕێگەی نائەخلاقیبوونی حوکمڕانییەوە بەسەر هەمووماندا دەسەپێنرێت، بێ ئەوەی ئێمە هەستی پێ بکەین کە چۆن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، بیرکردنەوەی سیاسیمان لاوازتر و بۆچوونمان دۆگما و ئاسایی دەبێت.
ئەو دیاردەیەی کە ئەمڕۆ وەک کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی سیاسی، یاخود بێمتمانەیی بە سندوقەکانی دەنگدانەوە دەیبینین، تەنها دەرئەنجامێکی لاوەکی نییە، بەڵکو بەرهەمی خودی سیستەمەکەیە. کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات هەر پارتێک بێتە دەسەڵات، هەمان پڕۆتۆکۆلی ئابووری و هەمان زمانی تەکنیکی پەیڕەو دەکات، ئیتر سیاسەت بۆ ئەو دەبێتە شتێکی بێواتا. ئەم بێباوەڕییە هەر وا بە سادەیی نایەتەوە، بەڵکوو ئەنجامی ساڵانێکی درێژی بەڵێنی پووچە کە هیچکام لەوان جێبەجێ نەکراون.
لێرەدا دەوڵەت دەگۆڕدرێت بۆ دەزگایەکی لۆجستی، کە تەنها خەریکی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە، بۆ ئەوەی چەرخی سەرمایە لە کار نەوەستێت. سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆش چیتر سەرکردە یان ڕووناکبیر نین، بەڵکوو نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتین؛ کەسانێکن کە زمان و ئاکاریان لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە وەرگرتووە و هیچ بنەمایەکی ئەخلاقییان بۆ ژیانی هاوبەش بەجێ نەهێشتووە. ئەوان بە زمانی «بازاڕ» قسە دەکەن، بە پێوەری «کارایی» بڕیار دەدەن، و بە بۆنەی «گەشەی ئابووری»ەوە هەموو ئامانجێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەخەنە پاش خۆیانەوە.
لە ڕوانگەی ئالان دۆنۆوە، کاتێک ئەخلاق لە کایەی گشتی و سیاسییەوە دەردەکرێت و تەنها لۆجیکی قازانج و ڕێکاری کارگێڕی جێگەی دەگرێتەوە، کۆمەڵگە تووشی داڕووخانێکی هزریی قووڵ دەبێت.
لە کتێبی «ئەخلاق لە سەردەمی پڕوپوچی دا» ئاماژە بەوە دەدرێت کە چۆن مرۆڤەکان دەبنە کۆیلەی ئەو پێوەرە درۆینانەی کە سیستەم بۆیان دادەڕێژێت، هەتا ئەو ڕادەیەی کە لە کۆتاییدا ناتوانن جیاوازی لە نێوان چاکە و خراپە، یان ڕاستی و درۆدا بکەن. کوشتنی بیری سیاسی لە ڕێگەی بەڕێوەبردنەوە، مەترسیدارترین چەکی سیستەمی هاوچەرخە لە دژی کۆمەڵگە. کاتێک هزر دەکوژرێت، گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەبێتە شتێکی مەحاڵ، چونکە هیچ چوارچێوەیەکی فیکری نامێنێتەوە کە ببێتە ڕووناکیی ڕێگای داهاتوو.
تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە نەخۆشە، بریتییە لە زیندووکردنەوەی بیری ڕەخنەگر و گەڕاندنەوەی سیاسەت بۆ ئەو پێگەیەی کە تیایدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئازاد، ئەخلاقی و خاوەن بڕیار سەیر دەکرێت، نەک وەک ژمارەیەک لە خشتەی بەڕێوەبردن و پلانی ئابووریدا. ئەمە پێویستیی بە خۆپیشاندان یان دژایەتیی سادە ناکات، بەڵکوو پێویستیی بە گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ کایەی گفتوگۆی گشتی، کە تێیدا خەڵک دەتوانن پرسیار لە دەسەڵات بکەن بەبێ ترس لە ناوبراون بە «نائاسایی».
هەتا ئەو کاتەی ڕێگە بە ماناداربوونەوەی کایەی سیاسی نەدەین و هزر بەسەر پڕۆتۆکۆلەکاندا زاڵ نەکەینەوە، ناتوانین لەو بازنەی بێماناییە سیستەماتیکە دەرباز ببین، کە کۆمەڵگاکانمان بەرەو داڕمانێکی تەواو دەبات. ژیانەوەی سیاسەت، لە کۆتاییدا، ژیانەوەی خودی مرۆڤایەتیمانە.


