فەرەیدوون سامان
ئەمە ١٠٣ ساڵ تێپەڕی، ئێستاش دەرەنجامە شوومەکانی پەیماننامەی لۆزان کاریگەرییان بەسەر دابەشکردن و لێکترازانی بەشەکانی کوردستان هەیە، وێڕای نیشتمانەکەمان، نەتەوەکەش بەردەوام پڕۆژەیەک بووە بۆ جینۆساید، بە هۆکار و بیانووی جیاواز، ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردیش ڕووبەڕووی شاڵاوێکی بێبەزییانەی حاشالێکردن و ساختەکردنی ناسنامەکەی بۆتەوە، بەتایبەتتر لەو چەند ساڵانەی دوای دەسەڵاتی خۆڕێبەری لە هەرێمی کوردستان دا. بە پلان و بەرنامەی قووڵی ستراتیجی برادوژمنەکانمان لە وڵاتانی ئیقلیمی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون تەگەرە بخەنە بەردەم یەکێتی نەتەوەییمان، لە ڕێگەی دژایەتی زمانی کوردی و قەدەغەکردنی، یان ناساندنی شێوەزارەکان وەک زمانی جیاواز لە زمانی کوردی، یان ناساندنی بە کۆمەڵە زمانە کوردییەکان. بەڵام زمان دەفری یادەوەری بەکۆمەڵە و یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی. لێرەو لەوێش هەن گرووپ و پێکهاتە هەن خەریکن خۆیان لە کوردبوون جودا دەکەنەوە، و هەوڵدەدەن ناسنامەیەکی ساختە بۆ نەتەوەو بۆ زارەکانیان هەڵدەگرن. لە پلاتفۆرمە میدیاییەکان حاشا لەڕەسەنایەتی مێژوو و کولتووری خۆیان دەکەن، دیارە هەرکەسێک، گرووپێک بانگەشەی بوونی نەتەوەیەکی سەربەخۆ بکات، بەرایی دەبێت بزانێت ئەو بناخە بابەتییانەی کە ئەم نەتەوەیەی لەسەری وەستاون ڕوون بکاتەوە، کە بەر لە هەر شتێک زمان و ناسنامەی نەتەوەکەیە، نەک ئایین یان ئایینزاکەی بکاتە کۆڵەگەی بنەڕەتی ناسنامە و تاکە بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی خۆی.
زمان هەڵگری مێژوو و کولتوور و هۆشیاری بەکۆمەڵی نەتەوەکانە، زمان ئەو پردەیە کە نەوەکان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، بۆیە هەر تاکێک باس لە ناسنامەی خۆی بکات، ناتوانێ ئەم توخمە بنەڕەتییە پشتگوێ بخات، کە بە درێژایی سەدەکان کوردبوونی بەنەمری پاراستووە. لێرەدا ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی یان کولتووری بە واتای گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ حوکمدان لەسەر بەهای مرۆڤ یان ڕەسەنایەتی ناسنامەی نەتەوەیی نییە، شکۆو و ناسنامەی مرۆڤ زۆر فراوانترە بۆ ئەوەی لە یەک پێوەردا کورت بکرێتەوە، دابەشبوونێکی لەم شێوەیە دەرگا بەڕووی کێشەیەکی قووڵتر دەکاتەوە، چونکە نەتەوەکان لەسەر پلەکانی ڕەسەنایەتی لە نێوان ئەندامەکانیاندا بنیات نراون، لەسەر ئەو دانپێدانانەی یەکترن کە مێژووی هاوبەش بەهۆی بیروباوەڕی جیاوازەوە ناسڕدرێتەوە.
فرەچەشنی لەناو یەک کۆمەڵگەدا دەتوانێت سەرچاوەی هێز بێت، نەک هۆکارێک بۆ دابەشبوون، جا گەر بیەوێت ڕەسەنایەتی واقیعێکی بابەتیی بێت، دەبێت لەسەر بنەمای پێوەرێکی دادپەروەرانە بێت کە مافی هەمووان دابین بکات، نەک لەسەر ئینتیمای ئایینی، کە بە سروشتی خۆی قەناعەتێکی ڕۆحی و هزرییە. ڕەنگە مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا ئایین یان ئایینزای خۆی بگۆڕێت، بەڵام ناتوانێت ئەو بنەچەی کە تێیدا لەدایک بووە بیگۆڕێت.
ڕاستە لە سەردەمێکی جیاوازی مێژووی ئێمەدا بە فیتی داگیرکەران لەلایەن میرانی سۆران و بابان و بۆتان بە ناوی ئیسلامەوە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان کراوە، بەڵام بەدرێژایی ڕۆژگاریش بە گشتی لە کۆمەڵگەی کوردستان دا ئایین و ئایینزاکان شایەنی ڕێز و پێزانین بوون وەک هەڵبژاردنی ڕۆحی و هزری مرۆڤەکان، پێکەوەژیان و ئاشتەوایی لە نێوان ئایین و ئایینزایەکان هەبووە. بەڵام ناسنامەی نەتەوەیی بەرهەمی کەڵەکەبوونی مێژوویی، کولتووری، زمانەوانی و کۆمەڵایەتییە، کە چەندان نەوە لە دوای نەوە پێکهاتووە، بۆیە هەڵەیە ئەم دوو کایە لە دژایەتی یەکتردا دابنێین، یان یەکێکیان بکرێتە پێوەر بۆ نکۆڵیکردنی لە ئەوی دیکە.
مخابن مێژووی ئێمە پڕە لە ستەم و چەوسانەوە و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و گۆڕانکاری دیمۆگرافی، بەڵگە مێژوویەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە چەوساندنەوە تەنیا لە هیچ گرووپێکی ئایینی یان تائیفیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو کارەساتەکان بێ جیاوازی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دا هاتووە، بەتایبەت خوشک و برا ئێزدییەکان، کریستانەکان، فەیلییەکان، بارزانییەکان، هتد. ئەم کارەساتانە پێویستییان بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی بێلایەن هەیە، ئەگەر نادادپەروەرییە مێژووییەکان پاساو بۆ وازهێنان لە ناسنامەی نەتەوەیی مرۆڤ دەهێننەوە، بۆچی کوردی موسڵمان سەرەڕای بەرگەگرتنی هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەیی، دەستبەرداری ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان نەبوون؟ بۆچی بەرخودانی کۆبانی دوای زاڵبوونی بەسەر تیرۆریستانی داعش دا وەک سیمبولی ناسنامەی نەتەوەیی کورد مایەوە، هەروەک چۆن شنگال وەک سیمبولی خۆڕاگری ئێزدییەکان ماوەیەوە.
ئەو قوربانیدانانەی کە خەڵکی کوردستان داویەتی، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئازاری هاوبەش هۆکاری یەکگرتنمان بووە، هەروەها ئەو خوێنەی کە بۆ بەرگری کردن لە خاک و شکۆی مرۆڤی کورد ڕژاوە، پێش پێشکەشکردنی، پرسیاری لەبارەی ئایین و ئایینزای کەس نەکردووە، بەڵکوو لە هەستێکی قووڵی سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی بەرامبەر مرۆڤایەتی و خاکەوە سەرچاوەی گرتووە. داعش لە دوژمنایەتی کوردی موسڵمان و ئێزدی هیچ جیاوازییەکی نەکرد؛ بەپێی بارودۆخی شەڕەکە هەمووانی کردە ئامانج. لە کاتێکدا کە کۆمەڵکوژی شنگال بە هۆی سروشتی ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجام دران، سیمایەکی تایبەتی وەرگرت، ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە: ئایا دەکرێت تاوانەکانی ڕێکخراوێکی توندڕەوی تیرۆریست بگەڕێندرێتەوە بۆ تەواوی نەتەوەیەک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرینەی ڕەهای ئەندامەکانی بە هیچ شێوەیەک کورد نەبوون، بەڵکوو زۆربەیان عەرەبی سوننە بوون. ئایا تەنها بۆ هەموو نەتەوەی کورد بەرپرسیارێتی کارەکانی گرووپێکی توندڕەو هەڵبگرێت کە نوێنەرایەتیان ناکەن. پێویستە بگوترێ ئەوانەی بەرگرییان لە ئێزدییەکان کرد و داعشیان لە شنگال بەرپەرچ دایەوە و ئازادیان کردن و شەهیدی بێژماریان پێشکەش کردن لە بەرگری و ڕزگارکردنیدا، هەموویان ئەندامی نەتەوەی کورد بوون.
دادپەروەری لە حوکمدانی نەتەوەکاندا پێویستی بە جیاکردنەوەی کردەوەی گرووپە توندڕەوەکانە لە ناسنامەی خودی خەڵک، کە ڕەنگە لە ڕیزی ئەو کەسانە بن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لەلایەن ئەو گرووپانەوە. نەتەوەیەک بە کردەوەی ئەو کەسانە ناپێورێت، کە دژایەتی دەکەن یان زیانی پێ دەگەیەنن، بەڵکوو بە مێژووەکەی و هەڵوێستی نەتەوەکەی و بەشداری کردنیان لە بەرگری کردن لە مرۆڤایەتیدا دەپێورێت. جگە لەوەش، ئایا دادپەروەرانە نییە باس لەوە بکەین کە هەزاران چەکداری کورد، لە پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان لە بەرگریکردن لە شنگال و خەڵکەکەی، گیانی خۆیان بەخت کرد، تەنانەت هەندێکیان لە خەباتی ڕزگارکردنی خاک و ڕزگارکردنی خەڵکی سیڤیلی ئێزدیدا شەهید بوون، ئەگەر تاوانەکە ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ تەواوی نەتەوەیەک، ئایا دروستە چاوپۆشی لەو کەسانە بکرێت کە خۆیان کردە قوربانی بەرگری کردن لە ئێزدییەکانیان؟
داننان بە قوربانیدانی ئەوانی تر لە کارەساتی هیچ گرووپێک کەم ناکاتەوە؛ بەڵکوو بەشێکە لە بەدەستهێنانی دادپەروەری مێژوویی. ڕاستیی تەواو لەسەر یەک یادەوەری بنیات نەنراوە، بەڵکوو لەسەر کۆکردنەوەی هەموو ڕاستییەکان و داننان بە هەموو ئەوانەی دژی نادادپەروەری وەستاونەتەوە. لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە: ڕەسەنایەتی ڕاستەقینە لە کوێدایە؟
ئایا لەو کەسەدا نیشتەجێیە کە سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرگەی دەگرن، بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە دەلکێت، یان لەو کەسەدا نیشتەجێیە کە لە یەکەم تاقیکردنەوەدا واز لە نەتەوەی خۆی دەهێنێت؟ ئایا ڕەسەنایەتی بە چەسپاوی پەیوەندی نەتەوەیی کەسێک دەپێورێت، یان تەنها بە پابەندبوونیان بە باوەڕی ئێزدییەوە؟ ئەمە بە هەموو ڕێزێکەوە بۆ شوێنکەوتووانی دەگوترێت.
ڕەسەنایەتی ڕاستەقینە بەو شێوەیە ناپێورێت کە مرۆڤ چەندە بانگەشەی دەکات، نە بە قۆرخکارییەکەی لەلایەن گرووپێکەوە بەسەر گرووپێکی تردا. بەڵکوو بە ڕاستگۆیی مرۆڤ بە مێژوو و کولتوور و زمان و پەیوەندی بە کۆمەڵگەکەیەوە دەپێورێت؛ بە توانای ڕێزگرتن لە جیاوازیی ئەوانی دیکە بەبێ ئەوەی نکۆڵی لە بوونیان بکات. پرسیاری هەرە بەرچاو لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر لایەنگرانی هەر یەکێک لەو ئایین و باوەڕانەی کە لە نێو کورد دا باو بوون، تووشی نادادپەروەری و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی ببن و دواتر لە ئەنجامدا ئینکاری ناسنامەی کوردبوونی خۆیان بکەن، ئایا هیچ کوردێک دەمێنێتەوە؟
ئەم پرسیارە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کارەساتەکان هەرچەندە مەزن بن، نابێت ببنە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەندامانی یەک نەتەوە، بەڵکوو دەبیت ببنە پاڵنەر بۆ پێداچوونەوە بە هەڵەکانی ڕابردوو و بەهێزکردنی بەهاکانی دادپەروەری و پێکەوەژیان. ناسنامەی نەتەوەیی بەرگێک نییە کە مرۆڤ بە ئارەزووی خۆی دای بکەنێت و لەبەری بکات، هەروەها نازناوێکیش نییە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە ببەخشرێت یان بکێشرێت، بەڵکوو لوتکەی مێژوویەکی دوور و درێژی زمان و کولتوور و یادەوەری و سەربەخۆییە. ناسنامە تەنها هەڵبژاردنێکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکوو درێژکراوەی ئەو ڕەگانەیە کە لە ماوەی درێژخایەندا پێکهاتوون و ئەزموونی باوباپیران و یادەوەرییەکانی نەوەکانی پێشوو لەناو خۆیاندا هەڵدەگرن، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵیدا پەند و هۆشیاریی دەوێت نەک بچووککردنەوە یان دوورخستنەوە.
ئایا مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە نەتەوەی خۆی هەڵبژێرێت، هەروەک چۆن بیروباوەڕەکەی هەڵدەبژێرێت. ئەمەش پرسیارێکی لۆجیکی دەوروژێنێت: ئایا نەتەوەبوون کردەوەیەکی ڕەهای هەڵبژاردنە، یان پەیوەندییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە مرۆڤ تێیدا لەدایک دەبێت، مەرج نییە ڕێزگرتن لە ئازادی خۆدەربڕینی مرۆڤ بە مانای سڕینەوەی ئەو واقیعە مێژوویی و کۆمەڵایەتییانە بێت کە ناسنامەەکان لە قاڵب دەدەن. جیاوازییەک هەیە لە نێوان ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی کەسی و پێناسەکردنەوەی چەمکە سەرەکییەکان بەبێ پشتبەستن بە پێوەرە ڕوون و بابەتییەکان، ئەگەر کەسێک ڕایبگەیەنێت کە بووەتە تورک، فارس، عەرەب، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە، ئایا ئەم ڕاگەیاندنە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەو مێژوو و زمان و کولتوورەی کە بەدرێژایی چەندان سەدە بۆ ئەو نەتەوەیە دروست بووە، کە ئێستا خۆیان لەگەڵیدا دەناسێنن؟
ئایا ناسنامە تەنیا لە ڕێگەی ئارەزووی کەسییەوە دەگۆڕێت، یان توخمگەلێکی بابەتیی هەن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن. ئازادی هزر و دەربڕین لەسەر بنەمای بانگەشە نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پەیوەندی مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتییە کە بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبن، کە لە هەمانکاتدا جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە تاک و مافی دەربڕینی ناسنامەی خۆیان دەکەنەوە کە خۆیان دەیبینن. ڕێزگرتن لە مافی تاکەکان بۆ پێناسەکردنی خۆیان، ڕێگری ناکات لە باسکردنی خودی چەمکی ناسیۆنالیزم، هەروەها ڕێگری ناکات لە پرسیارکردن لە سنوورەکانی نێوان سەربەخۆیی کەسی و مێژوویی. دیالۆگ سەبارەت بە ناسنامە نابێت بچێتە ناو ململانێ لە نێوان ئەندامانی یەک نەتەوەدا، بەڵکوو دەبێت ئامرازێک بێت بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خودی دەستەجەمعی و دۆزینەوەی فۆرمولێک کە جیاوازیی هەمووان لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی یەکتردا بپارێزێت.
لە کۆتاییدا بە ڕای من ئەم جۆرە کێشانەی وەک هەڵگەڕانەوەو حاشاکردن لە زمان و ناسنامەی نەتەوە وەک گرووپێک لە ئێزدی و شەبەک دەیکەن، دەبێت ئیحتوا بکرێت نەک بە توندوتیژی وەڵام بدرێتەوە، بێ ئەوەی دەست بەسەر مافی هیچ کەسێکدا بگرین بۆ دەربڕینی ناسنامەی خۆی، بەڵکوو داوای گفتوگۆیەکی عەقڵانی بکەین کە خۆی لەو پۆلێنکردنانە بە دوور بگرێت کە ئایین دەکاتە پێوەر بۆ ڕەسەنایەتی نەتەوەیی خۆی، چونکە ئەمە نادادپەروەرییە بەرامبەر بە خەڵکی دیکە و دەستوەردانی ئایین بۆ بابەتێک کە لە بنەڕەتدا جیاوازە لە ئیمان.
دواجار ڕێزگرتن لە هزرین و هەڵوێستی بەشێک لە ئێزدییەکان و گرووپەکانی دیکە بە کەمکردنەوەی پێگەی ئەوان یان پرسیارکردن لە ناسنامەکەیان نیشان نادرێت، بەڵکوو بە یەکترناسینی ئەوەی کە فرەچەشنی ئایینی و کولتووری لەناو یەک کۆمەڵگەدا دەتوانێت سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزی بێت، نەک هۆکارێک بۆ دووبەرەکی و ناتەبایی. ئەگەر هەموو ئەندامانی نەتەوەیەک خاک و زمان و مێژوو و ئازار و قوربانیدانیان هاوبەش بووبێت، ئەوا ئەم مێژووە هاوبەشە دەبێت سەرچاوەی یەکڕیزیی بێت نەک دابەشبوون و دیالۆگ لەسەر بنەمای ئارگیومێنتی عەقڵانی نەک تۆمەتبارکردن و لەسەر لۆجیک بێت نەک هەست و سۆز.
ئەو نەتەوانەی ڕێز لە مێژووی خۆیان دەگرن، ئەو نەتەوانەی کە دەتوانن ڕووبەڕووی ئێستای خۆیان ببنەوە و داهاتوویان لە قاڵب بدەن، گۆڕینی جیاوازییە ناوخۆییەکان بۆ ئامرازی دابەشبوون تەنیا خزمەت بە دوژمنانی پێکەوەژیان و سەقامگیری دەکات، ئەو پەیوەندییانەش لاواز دەکات کە کۆمەڵگەکەیان لە سەرانسەری نەوەکاندا بەردەوام کردووە.


