ڕێبوار ڕەئوف
ئاریان ڕەئوف
ململانێ سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای هەڵگیرسانی قۆناغی دووەمی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، چووەتە ناو قۆناغێکی بێ پێشینەی ئاڵۆز و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و سەربازی. لە ناوەندی ئەم ململانێ ئاڵۆزەدا، دەوڵەتی عێراق وەکوو ئەکتەرێکی بەستراوە لە نێوان چوارچێوەی دارایی و ئاساییشی ئەمریکا لە لایەک و نفووزی قووڵی ئایدۆلۆجی و ئاساییش و ئابووریی ئێران لە لایەکی دیکەدا ماوەتەوە. لەم نێوەندەشدا، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێڕاق، علی زەیدی سەردانی واشنتنـی کرد، بۆیە ئەم وتارە (پەیپەرە) شیکاری بۆ سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن و هەوڵەکانی بەغدا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیی ستراتیجیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.
پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، زەیدی کۆمەڵێک هەنگاوی گرتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی، لەگەڵ ئەوەشدا چەند لایەنێک لە گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بەدەم داواکاری زەیدی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت هاتن. زەیدی ئەم هەنگاوانەى وەکوو دەستکەوتێک بۆ سەقامیگیری و چاکسازی لە عێراق خستە ڕوو، هەموو ئەم هەنگاوانەش لە لایەن واشنتنـەوە بەگەرمی پێشوازییان لێ کرا، بۆیە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی تەواوی خۆیان پیشاندا لە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانەدا.
ئەم بابەتە هەوڵ دەدات بپرسێت، کە ئەو عێراقەی چەندین کەسایەتی و هێزی خاوەن نفووز و چەکدار نەیانتوانی ڕێکی بخەنەوە، ئێستا چۆن ئەم سەرۆکوەزیرانە کەم ئەزموونە بە دنیای سیاسی و ئەمنی لە عێراق دا دەتوانێت ئەم هەنگاوانە بنێت، بە تایبەتیش دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنە سەرتەختی دەسەڵات. ئایا ئەم هەموو بوێری و متمانە بەخۆبوونەی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ بە تایبەتیش بۆ کەسێک، کە هیچ گرووپ و پارتێکی سیاسی لە پشتییەوە نییە؟ ئەمە جگە لەوەش، کە دەکرێت ئەو پشتگیرییەشی کە لە پەرلەمانەوە بەدەستی هێناوە لەدەست بدات. بۆیە ئەم بابەتە هەوڵ دەدات شیکردنەوە بۆ ئەو هەنگاوە جیاوازانە بکات، کە زەیدی گرتونیەتەبەر، بۆ نموونە؛ ئایا دەکرێت عێراق بەم شێوە ڕەهاییە ڕوو لە ئەمریکا بێت و پشت لە ئێران؟ دەرنجامەکانی ئەم هەنگاوانە دەکرێت چی بن؟ هەروەها گرنگە ئەوەش بپرسین، کە ئایا بۆ کەسێکی وەکوو زەیدی ئاسان دەبێت، کە لە ڕووی سیاسیی سەربازییەوە سەرکەوتوو بێت لەم هەنگاوانەیدا؟ پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە؛ چۆن (دەوڵەتێکی هایبرید)ی وەکوو عێراق، کە لە ناوەوە لاوازە و دەستکەلای نفووزی هەرێمایەتییە، چۆن دەتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی سیاسی لە داڕمان دوور بخاتەوە؟
تێزی سەرەکیی ئەم وتارە لەسەر ئەو چەمکە دەسوڕێتەوە، کە ڕەفتاری سیاسیی عەلی زەیدی و دەسەڵاتدارانی شیعه (چوارچێوەی هەماهەنگی، اطار التنسيقي) لە بەغدا گوزارشت لە پەیڕەوکردنی مانۆڕێکی تەکتیکی و فرسەتخوازیی سیاسییە، کە ناسراوە بە “خۆچەماندنەوە بۆ ڕەشەبا” (Weathering the Storm)، بۆ دەربازکردنی دەسەڵات و پێگەى هێزە شیعەکان. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دا، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی دروستبوونی گرژیی کاتیی لەگەڵ تارانـیشدا.
یەکەم: دەوڵەتی عێراق پێش دەستبەکاربوونی زەیدی
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسیی عێراق لە قۆناغی یەکەم و دووەم و سێیەمی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دا، دروستبوونی دوو فۆڕمی جیاوازی هەڵوێستە لە ئاستی ئاساییش و سیاسەتی دەرەوەدا:
١- بێلایەنیی دامەزراوەیی دەوڵەتی عێراق: لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ حکوومەتی عێراق بەفەرمی لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی خۆیەوە بێلایەنی خۆی لە جەنگ و پشتگیری نەکردن لە لایەنەکانی شەڕ ڕاگەیاند، لەم بارەیەوە هەوڵێکی چڕی داوە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی دوورەپەرێزی. ئامانج لەم بێلایەنییە پاراستنی ژێرخانی ئابووری و بەردەوامیی فرۆشتنی نەوت و درێژەدانە بە هەماهەنگییە داراییەکان لەگەڵ بانکی فیدراڵی ئەمریکا. لە گۆشەنیگای تیۆریی ڕیالیزمی نوێوە، دەوڵەتی عێراق لەپێناو پاراستنی سەروەریی سنووردار و ڕێگری لە داڕمانی سیستەمی ئابووری و پاراستنی سەقامیگیری، بە ناچاری و بە شێوەیەکی فەرمی خۆی لە بەرەی “بەرگریی” (مقاوەمە) بە دوور گرت و نەبوو بە بەشێک لە جەنگەکە و ژیرانە مامەڵەی کرد، ئەمە لە کاتێکدا وەها چاوەڕوان دەکرا، دەوڵەتی عێراق لە جەنگەکە بگلێت.
٢ – گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی: لە بەرانبەردا، گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان، کە بەشێکن لە پێکهاتەی هێزی ئاساییشی ناوخۆیی و بەپێی یاسا لە دامەزراوەى سەربازی و ئەمنیدا سەر بە دەوڵەتن، بەڵام لە ڕووی ئایدۆلۆجی و بڕیاری سیاسییەوە وابەستەی دەرەوەی دەوڵەتن (ئێران)، نەیانتوانی بێلایەن ببن. ئەم ئەکتەرانە لە ڕێگەی هێرشی درۆنی و موشەکییەوە بەشداربوون لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو. لەم سۆنگەیەشەوە بە ئاشکرا لایەنگریان بۆ ئێران لە جەنگەکەدا ڕاگەیاند، بۆیە ئەمریکا بە شێوەیەکی سنووردار بە ئامانجی گرتن.
لەبەرئەوەى سنوورەکانی نێوان هێزی فەرمی و هێزی میلیشیایی لە عێراق دا لێڵن، ئەم دووانەییە لە ڕەفتاری سیاسیی عێراق دا، جۆرێکە لە دابەشکردنی ڕۆڵ. دەوڵەت بە شێوەیەکی بێلایەن و دوورەپەرێز لە جەنگ بۆ پاراستنی وڵات لە سزاکان کار دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە میلیشیاکان وەکوو ئامرازی هێزی ڕەق بۆ هێشتنەوەی کارتەکانی گوشاری ئێران لە ناوچەکەدا لە لایەن ئێرانەوە بەکاردێن.
دووەم: قۆناغی بوون بە سەرۆکوەزیرانی زەیدی
وەکوو ئاشکرایە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گرژی و ململانێیەکی ئاڵۆز لە نێوان گرووپەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕوویدا، سەرئەنجام نوری مالکی وەکوو بەربژێر بۆ سەرۆک-وەزیران دیاری کرا، بەڵام هەر زوو ئەمریکا بە فەرمی و ترەمپ چەند جارێک دیاریکردنی “مالکی”یان ڕەت کردەوە، هێزە شیعەکانی چوارچێوەى هەماهەنگی هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرانبەر ئەم فشارەى ئەمریکا و ترەمپ نەنواند. بۆیە سەرلەنوێ ئاڵۆزی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران سەری هەڵدایەوە، تاوەکوو دواتر لە پڕێکدا، عەلی زەیدی لە لایەن چوارچێوەى هەماهەنگی وەکوو سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا. زەیدی هیچ باکگراوەندێکی سیاسی و سەربازی نییە، ئەمە جگە لەوەی کە هیچ ئەزموونێکی حوکمڕانیشی نەبووە، تەنیا خاڵێک کە وای کرد ببێت بە کەسێکی دیار ئەوەیە، کە وەکوو سەرمایەدارێک دەرکەوتبوو، پێدەچێت هەر ئەمەش وای کردبێت، کە ببێت بە جێگەی ڕەزامەندی ئیدارەکەی ترەمپ، لە ناویشیاندا تۆم باراک، چونکە بۆچوونێک هەیە، کە پێێ وایە عەلی زەیدی بەربژێری خوازراوی باراک بووبێت. خاڵی کۆکەرەوەی ئەم سێ کەسە، واتە ترەمپ و باراک و زەیدی ئەوەیە، کە هەموویان سەرمایەدارن و لەوانەشە زۆر شارەزای سیاسەت نەبن و لە کاریگەری و کاردانەوەی ئەم هەنگاوانەیان تێنەگەن. ئەوەی تاوەکوو ئەم ساتە ڕوونە ئەوەیە، کە زەیدی ئێستا بووە بە دەسەڵاتداری یەکەمی عێراق و چاوێکی زۆری لەسەرە بۆ بینینی هەنگاوەکانی داهاتووی، کە پێدەچێت هێندە فراوان بن توانای هاوێشتنیانی نەبێت.
دوای ئەوەى زەیدی کابینەکەى لە پەرلەمان پێشکەش کرد سەرلەنوێ ململانێ لە نێوان هێزە سیاسییەکان ڕووی دایەوە، بۆیە بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەى ڕەتکرایەوە، کە بەشێکیان لە وەزارتە ئەمنی و سەربازییەکان بوون لەوانەش؛ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و نیشتەجێبوون.
لەگەڵ دەست بەکاربوونی وەکوو سەرۆکوەزیران، زەیدی دەستی کرد بە هەڵمەتێکی ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی، لەم ڕووەشەوە کۆمەڵێک بەرپرس و پەرلەمانتاری دەستگیر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا زەیدی بانگەگەشی کۆنتڕۆڵکردنی چەکی کرد لە لایەن دەوڵەتەوە، ئەمەش یەکێک بوو لەو داوایانەى ئەمریکا لە عێراق لە سەروبەندی قۆناغی دووەمی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کابینەکەى سوودانی، بەڵام لەگەڵ دەست بەکاربوونی زەیدی سەرایا سەلام و هێزەکانی عەسایب ئەهل حەق خۆبەخشانە بەدەم بانگەوازەکەوە هاتن. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆر لە گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە لە ئێرانـەوە نزیکن بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە چەکەکان ڕادەست بکەن.
پڕۆسەى کۆنتڕۆڵکردنی چەک، دۆسیەیەکی ئاڵۆز و تاوەکوو ڕادەیەک ترسناکە. چونکە هەڵوێست وەرگرتنە بەرانبەر ئەو هێز و چەکدارانەی، کە لە ئێرانـەوە نزیکن یان ڕوونتر بڵێین لە لایەن ئێڕانـەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە جۆرێک کە دەسەڵاتیان سنووردار بکات و لە چوارچێوەى هێزە ئەمنییەکان و سوپادا جێگە بکرێنەوە، ئەمەش پێناچێت پڕۆسەیەک بێت، کە هەروا بە ئاسانی لە لایەن ئەو گرووپانە و ئێرانـەوە قبوڵ بکرێت.
پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، زەیدی ئەم هەنگاوانەی وەکوو دەستکەوتێک بۆ سەقامیگیری و چاکسازی لە عێراق خستەڕوو، هەموو ئەم هەنگاوانەش لە لایەن واشنتنـەوە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، بۆیە ئیدارەکەی ترەمپ پاڵپشتی تەواوی خۆیان نیشانداوە لە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە.
سێیەم: سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن
لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەى وڵات، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتنـی کرد و چاوی بە ترەمپ کەوت. ئەوەى چاوەڕوان دەکرا لە ترەمپ ئەوە بوو، کە وەکوو ئەحمەد شەرع پێشوازی لە زەیدی بکات، ئەوەش ڕوویدا، چونکە ڕێکخەرى هەردوو سەردانەکە تۆم باراک بوو.
زەیدی لەسەردانەکەیدا، جەختی لە کۆمەڵێک خاڵ کردەوە. کە بە لای ئیدارەى ترەمپ جێگەی بایەخن، بە تایبەت لەو دۆخە نائارام و جەنگییەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەر دەبێت و عێراقییش لە ناوەندی ئەو جەنگەیە و بە دەوڵەتێکی هاوپەیمانی ئێران لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دەناسرێت.
لە ناو ئەو خاڵانەدا، دۆسیەی ئابووری لە سەرووی گفتوگۆکانی زەیدی بوو لەگەڵ ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا. ئیمزاکردنی نزیکەی ٤٨ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتننامە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکاییەکاندا، لە سەردانەکەدا لەگەڵ ڕێککەوتنی دیکە لە کەرتی وزەدا، لەوانە ڕێککەوتنێکی نەوتی لە ڕێگەی مەسارێکەوە، کە بە گەرووی هورمز دا تێپەڕ نابێت، جگە لە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ سووریا بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا، هەروەها ڕێکەوتنی بانکی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەى ئەمریکا، کە زەیدی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفی کرد و بەرەو چاکسازی لە کەرتی دارایی و تێکەڵکردنەوەی لەگەڵ سیستەمی جیهانیدا.
بەدەر لە کەرتی ئابووری لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکتێگەیشتنی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە بارەگای پنتاگۆن ئەنجامدا. بەگوێرەی زانیارییەکان هەردوولا ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشیی ئەمنی هەمیشەیییان لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەستووە. کە بە کردەیی دوای ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێ دەکات، کە ئەویش کاتی جێبەجێکردنی کشانەوەی تەواوی سەربازیی ئەمریکایە لە عێراق. هەروەها هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەمریکا لە مەشق پێکردن و پڕچەککردنی سوپای عێراق. گفتوگۆشیان کرد لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگریی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەرەسەندنە سەربازییەکانی گەرووی هورمز لە نێوان ئێران و ئەمریکا. هەموو ئەمانە لە ڕوواڵەتدا گواستنەوەی سەرنجی عێراقـە بەرەو ئەمریکا.
چوارەم: ئاراستەکردنی سیاسەت بەرەو ئەمریکا
ئەگەر عێراق سیاسەت و حکوومڕانی بە ڕوونی هاوتەریب بکات لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسەر حسابی ئێران، ئەوا دەکرێت ڕووبەڕووی دەرفەت و هەم مەترسیی بەرچاو ببێتەوە. بۆ نموونە؛ پێ دەچێت ئێران و ئەو گرووپانەی کە لە عێراق دا پاڵپشتی دەکات کاردانەوەیان هەبێت، بەڵام دەرئەنجامەکە بەندە بەوەوە، کە ئایا عێراق چەندە بەهێزە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم پڕۆسەیە و سیاسەتی خۆی تاوەکوو چەند بەسەرکەوتوویی دەگۆڕێت، تاوەکوو لەم ئەزموونەیەدا سەرکەوتوو بێت،. دواتریش چۆن وەڵامی ئێران و گرووپە سیاسی و چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەداتەوە.
پێناچیت ئەم پڕۆسەیە هەروا ئاسان بێت بۆ عەلی زەیدی، چونکە زەیدی وەکوو پێشتر ئاماژەمان پێدا هیچ باکگراوەندێکی سیاسی و سەربازی نییە، ئەمە جگە لەوەی کە هیچ ئەزموونێکی حکوومڕانیشی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دیار نییە، کە ئایا لە عێراق دا پاڵپشتی هیچ تاقم و گرووپێکی دیاریکراوی هەیە یان نا، جگە لەوەی کە بوو بە بەربژێرێک و لە لایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێدرا، کەواتە خۆ دەکرێت هەر لە لایەن پەرلەمانیشەوە ئەم پۆستەی لێ وەربگیرێتەوە.
هەرچەند تاوەکوو ڕادەیەک ئاسان نابینرێت، کە ئەم ئاراستەیە “بەرەو ئەمریکابوون” سەرکەوتوو بێت. بەڵام لە ئەنجامی سەرکەوتنیدا دەکرێت کۆمەڵێك سوود بە عێراق بگەیەنێت، بۆ نموونە:
-ئەمریکا زیاتر گرنگی بە عێراق دەدات و وەبەرهێنانی زیاتری تێدا دەکات و هاندەریش دەبێت بۆ وڵاتانی دیکەش بێنە پێشەوە. ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی ئابووری عێراق. واشدەکات کە عێراق بتوانێت ڕێژەیەکی زیاتر لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ خۆی ڕابکێشێت، بە تایبەتی لە کەرتەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری و تەکنەلۆجیادا.
-دەکرێت عێراق هاوکاری زیاتری سەربازی و هەواڵگری بەدەست بهێنێت، چونکە ئەمریکا دەتوانێت یارمەتی زیاتری عێراق بدات لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و پشتیوانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئامێر و چەک بۆ هێزە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی هێزی نیشتمانی عێراق لە ڕووی دابینکردنی چەکی پێشکەوتووەوە، هەرچەندە لەم کاتەدا ئەم هەنگاوەی کۆتاییان زۆر ئاسان نابێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکوو ئەو کاتەی ئەمریکا دڵنیا نەبێت، کە بە تەواوی عێراق بەرەی ئێرانی جێهێشتووە، ئەمەش هەروا بە ئاسانی بەدەست نایەت.
-عێراق دەتوانێت ئەم کرانەوە نوێیەی بە ڕووی ئەمریکا دا، بەکار بهێنێت بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەمەش دەتوانێت بازرگانی و وەبەرهێنانی بیانی و پشتیوانی دیپلۆماسی زیاتر بۆ عێراق دابین بکات.
-کەمبوونەوەی پشت بەستن بە وڵاتە هەرێمییەکان، بە تایبەتیش ئێران بۆ پاڵپشتی ئابووری و سیاسی، بەڵام بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستە عێراق بتوانێت بە سەرکەوتوویی ئابووری و وزە و بازرگانییەکانی هەمەچەشن بکات.
لەگەڵ ئەم سوودانەدا، دەبێت ئەو مەترسییانەش ئاماژە پێ بدەین، کە دەکرێت ڕوو لە عێراق بکات بەهۆی ئاراستەی ڕوو لە ئەمریکابوون، بۆ نموونە:
-ئێران دەتوانێت لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە کێشە بۆ عێراق دروست بکات، چونکە عێراق کارەبا و گاز و کاڵای دیکە لە ئێرانـەوە هاوردە دەکات، بۆیە پچڕانێکی کتوپڕ دەتوانێت ئەم دابینکردنانە پەک بخات. ئەمەش دەکرێت کێشە بۆ عێراق دروست بکات بە تایبەت ئەگەر نەتوانرێت بە شێوەیەکی خێرا جێگرەوە بۆ ئەم بەرهەم و کاڵایانە دابین بکرێت.
-دەکرێت گرژی و ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان بەرزببنەوە بۆ ئاستێکی باڵا، کە لە ئاست و توانای حکوومەتی عێراق باڵاتر بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان. چونکە بەشێک لە پارتە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە و تاوەکوو ئێستاش سۆز و پابەندییان بۆ ئەو وڵاتە دەردەبڕن، بە تایبەت دوای ئەو هەموو زەرەر و قوربانییانەی کە بەسەر جیهانی شیعەدا هاتووە، کە دیارترینیان کوژرانی ئایەتوڵا خامنەیی بوو. لەبەر ئەم هۆکارانە دەکرێت گۆڕانکارییەکی خێرا بەرەو بەرەی ئەمریکا ببێتە هۆی ناسەقامگیری ناوخۆیی یان ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی زیاد بکات، تەنانەت دەکرێت سەریش بکێشێت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی چەکداری.
-ئەگەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، حکوومەت وەکوو لایەنگری تەواوی واشنتن سەیر بکەن، ئەوا هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق زیاتر دەبن، ئەمەش دەکرێت وا بکات، کە خەڵکی مەدەنی بخەنە مەترسییەوە و قوربانی زۆری لێ بکەوێتەوە.
-دەکرێت ئەم گۆڕانکارییانە وا لە عێراق بکات، کە زیاتر و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕکابەرییە ناوچەییەکان تێوە بگلێت، ئەمەش وادەکات، کە ئەستەم بێت بۆ عێراق خۆی لە ململانێیەکانی داهاتووی ناوچەکە بە دوور بگرێت.
پێنجەم: بە ئاڕاستەى خۆپارێزی
بە ڕوانین لە دۆخی پێشوتری عێراق و مامەڵەی چوارچێوەى هەماهەنگی لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئەوەمان بۆ ڕووون دەبێتەوە، کە پێداچوونەوە بۆ سیاسەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و هاندانی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە عێراق ناچارییە و لە چوارچێوەى سیاسەتی بەرگەگرتنی زریانە، ڕوونتر بڵێین بریتییە لە سیاسەتی ‘خۆچەماندنەوە بۆ ڕەشەبا’، نەوەکوو ئەوەى عێراق سیاسیەتی خۆی گۆڕی بێت. چونکە گواستنەوەی سەرنجی عێراق بەرەو ئەمریکا دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ تاران، وەکوو بینیمان ئەم هەنگاوانە پەرچەکرداریان لە تاران لێ کەوتەوە، بەجۆرێک عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران، ڕەخنەی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان گرت و سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە “کەمئەزموون” و پەڵەیەکی شەرمەزاریی گەورە وەسف کرد، هەرچەندە ئێران هەڵوێستەکەى ویلایەتی بە هەڵوێستی کەسی ناساند، بەڵام خۆی لەخۆیدا پەیامێکی ڕوونی ئێرانـە بۆ هەر جووڵەیەک، کە عێراق بە تەواوی ئاراستەى بۆ ئەمریکا وەربگێڕێت. کە ئەمەش لە لایەن تارانەوە وەکوو کەوتنە بەرەی دوژمن یان هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی سەیر دەکرێت. بۆیە وتارەکەی ولایەتی ئاماژەیەکی گەورەی هۆشیارییەکی توندە بۆ سیاسەتمەدارانی عێراق، چونکە هەر هەنگاوێکی وەها هەڕەشەیەکی وجودی بۆ خۆی دەزانێت.
شەشەم: ڕەهەندی ناوخۆیی ئەمریکا
لە لایەکی دیکەوە، تێگەیشتنی تەواو لە هاوکێشەی ئەم سەردانەی زەیدی، تەنیا بە خوێندنەوەی ئامانجەکانی عێراق نایەتەدی، بەڵکوو پێویستی بە شیکردنەوەی بەرژەوەندییە ناوخۆیی و ئابوورییەکانی ئیدارەی ئەمریکاش (بە تایبەت بازنەی نزیک لە ترەمپ و تۆم باراک) هەیە. پێویستە تیشک بخەینە سەر دیوی دووەمی پەیوەندییەکان، کە پەیوەندیدارە بە ئابووریی سیاسی و پێویستییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی لە ئەمریکا دا. لەم قۆناغەى ململانێ و جەنگ لەگەڵ ئێران، لەم ڕووەوە گرنگە تیشک بخەینە سەر دوو خاڵی گرنگ:
-یەکەم: خولقاندنی چیرۆکی سەرکەوتن بۆ ناوخۆی ئەمریکا: لە فەلسەفەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ و ئاڕاستە پۆپۆلیستە–بازرگانییەکاندا، هەر هەنگاوێکی نێودەوڵەتی پێویستە دەستکەوتێکی ڕوون و بەرجەستەی بۆ دەنگدەری ئەمریکی تێدا بێت. ئیدارەی ئەمریکا بە شێوەیەکی زەق کار لەسەر ئەوە دەکات، کە بە ڕای گشتیی وڵاتەکەی بڵێت، کە ئێمە توانیومانە لە ڕێگەی فشار و سزاکانەوە، هاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە و عێراقـمان لە دەوڵەتێکی پاشکۆ و لایەنگریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانـەوە گۆڕیوە بۆ دەوڵەتێک، کە لەگەڵ واشنتن بەدوای هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتن دایە. ئەم پەیامە وەکوو ئامرازێکی سیاسیی بەهێز بەکاردێت، تاوەکوو نیشانی دەنگدەران بدرێت، کە سیاسەتی ئەمریکا بە ڕووکەشیش بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامانجەکانی خۆی پێکاوە.
-دووەم: ئیدارەی ئەمریکا پەیوەندییە سیاسی و ئاساییشیەکان گرێ دەداتەوە بە دەستکەوتی ڕاستەوخۆی ئابووری بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بە تایبەتی لە کەرتی وزە و نەوت و گازدا. بۆیە ئیمزاکردنی گرێبەستی گەورەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی عێراق بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، وەکوو باجێکی سیاسی سەیر دەکرێت، کە بەغدا ئامادەیە بیدات لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی، یان لانی کەم بێدەنگکردنی واشنتن بەرانبەر دۆسیە ناوخۆییەکانی عێراق و بێلایەنبوونی لە جەنگەکە. هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە، چوونەناوەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ناو کەرتی ژێرخانی وزەی عێراق، ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی بەستراوەیی عێراق بە گازی ئێرانـەوە و گرێدانەوەی هەمیشەییی جومگە ئابوورییەکانی بەغدا بە ئەمریکا.
حەوتەم: مانەوەی دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراق
بە تێڕوانین لە هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتی قۆناغی یەکەم و دووەمی جەنگی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە هەڵوێستێکی تاوەکوو ڕادەیەک بێلایەنانە بوو، دەیویست خۆی لە جەنگەکە دوور بخاتەوە، بۆ ئەوەى دەسەڵاتی شیعە لە عێراق، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدەستیانەوەیە نەکەوێتە بەر هەڕەشەی جدی. دەتوانین بڵێین؛ هەنگاوەکەى زەیدی تەواوکەرى ناڕاستەوخۆی هەڵوێستی چوارچێوەى هەماهەنگی و سەرکردە شیعییەکانە بەرانبەر بە ئەمریکا، کە ئامانجە سەرەکییەکەی مانەوەی دەسەڵاتەکەیانە لە عێراق. چونکە سەرکردایەتی سیاسیی شیعه لە عێراق گەیشتووەتە ئەو تێگەیشتنە واقعییەی کە ئیدارەی ئەمریکا (بە تایبەت لە قۆناغی گۆڕانکاریی دەسەڵات و هاتنەکایەوەی ئیدارەیەکی توندڕەوی وەکوو ترەمپ) خاوەنی ئامرازی ڕەق و ئابووریی کاولکەرە. ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەم کاتەدا، دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سیاسیی شیعه، کە وەکوو ئاماژەمان پێ کرد لە دوای ٢٠٠٣وە بەردەوامە. لەم سۆنگەیەوە، مەبدەئی خۆچەماندنەوە بۆ ڕەشەبا جێبەجێ دەکەن، کە لەم بارەدا بە مانای کڕینی کات دێت، تاوەکوو تەمەنی ئیدارەی ترەمپ لە ئەمریکا بەسەر دەچێت. بۆیە دەکرێت ئەمە پاشەکشەیەکی تاکتیکی بێت و سازشکردنی کاتیی لەسەر هەندێک دۆسیەی ئاساییشی و ئابووری لەگەڵ ئەمریکا لێ بکەوێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی دەسەڵاتیان.
لە لایەکی دیکەوە ئێران سەرەڕای گوتاری هۆشیاریی ویلایەتی و بێدەنگیی تاران لە ئاستی بڕیاری فەرمی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران بەم گەمەیەی عێراق ڕازی بووە. لە دیدی ئاساییشی ئێرانـەوە شۆڕبوونەوەی کاتیی بەغدا بەرامبەر واشنتن و پێدانی هەندێک سازشی ئابووری، زۆر باشتر و کەم مەترسیترە لەوەی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی (شیعە) لە عێراق بە تەواوەتی دەسەڵات لە دەست بدەن.
ئەنجام
سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن گوزارشت لە هاوتەریببوونی بەرژەوەندییە تەکتیکییەکانی هەردوو لایەن دەکات. لە لایەک بەغدا مەبدەئی خۆچەماندنەوە بۆ ڕەشەبا جێبەجێ دەکات و لە ڕێگەی ڕادەستکردنی گرێبەستی نەوتی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەری خۆی لە زەبروزەنگی واشنتن دەپارێزێت، لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئەمریکا ئەم هەنگاوانەی بەغدا وەکوو وێنەیەکی سەرکەوتنی سیاسی بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی تەوزیف دەکات، لە ڕێگەی بانگەشەکردنی ئەوەی کە عێراقی لە زۆنی نفوزی تاران دەرهێناوە. بەم شێوەیە گرێبەستە ئابوورییەکان دەبنە ئەو ئامرازەی کە هەم دەسەڵاتی شیعه لە بەغدا لە ڕووخان بپارێزێت و هەمی بەڵگەی سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش دروست بکات. لێرەدا دەتوانین بڵێین؛ ئەوەی زەیدی ئەنجامی دەدات، هەمان ئەو هەڵوێستەیە، کە هاوپەیمانی چوارچێوەى هەماهەنگی پێش زەیدی گرتبوویانەبەر، بەڵام زەیدی لە ڕێگەی ڕێکەوتن لەگەڵ واشنتن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی هێزە شیعەکان لە عێراق پراکتیزەى دەکات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پێویستە بگوترێت، کە ئەم هاوسەنگییە ناسەقامگیرە لەبەردەم هەر هەژانێکی ئەمنی، یان گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە ململانێی واشنتن-تاران دا، دەکرێت ڕووبەڕووی مەترسیی هەرەسهێنان ببێتەوە، بۆیە بەردەوامیی ئەم هاوکێشەیە وا دەکات، عێراق هەمیشە لە زۆنی مەترسیداردا بمێنێتەوە. چونکە سەرکەوتنی ئەم گەمە سیاسییە ئاڵۆزە لەسەر دوو گۆڕاوی سەرەکی وەستاوە:
یەکەم: توانای حکوومەتی بەغدا لە ڕازیکردنی واشنتن لە ڕێگەی ڕێککەوتن و گرێبەستی ئابوورى و ئەمنی و سەربازی، بەبێ ئەوەی هێڵە سوورەکانی ئاساییشی نەتەوەیی ئێران ببەزێنێت.
دووەم: ئاستی بەرگەگرتنی تاران بۆ ئەم جۆرە لە سەربەخۆیی ڕوواڵەتی، کە بەغدا نیشانی دەدات. ئەگەرچی تاران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی لە عێراق دا بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام هەڕەشە توندەکانی کەسایەتییەکی وەکوو عەلی ئەکبەر ویلایەتی ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە پانتایی مانۆڕەکەی زەیدی زۆر سنووردارە.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین؛ کە عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە، یان دەبێتە نموونەی سەرکەوتووی هاوسەنگیی ئاڵۆز و مەحاڵ لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەک، یان دەبێتە قوربانیی یەکەم لە ئەگەری تێکچوونی هاوکێشەی خۆچەماندنەوە و گۆڕانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ. ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت، عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئابوورییەوە سیاسیەت و ئاساییشی لە داڕمان بپارێزێت، بەڵام هەر لادانێکی کەم بەرەو هەر لایەک، دەکرێت باجەکەی بۆ یەکپارچەیی و سەروەریی وڵاتەکە گران ببێت.


