دەشتی بەرزەواری
وەک زۆربەمان دەزانین، لە دوای وێرانکارییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیی ، پەیماننامەی سێڤر (١٩٢٠) بۆ یەکەمجار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دان بە مافی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتدا بۆ گەلی کورد نا. بەڵام ئەم ئومێدە زۆر زوو کەوتە ژێر پێی بەرژەوەندییەکانی هێزە سەرەکییەکان لە ناوچەکەدا. لە شاری لۆزانی سویسڕا، هەردوو زلهێزی بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ دەوڵەتی تازەدامەزراوی تورکیا بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک، پەیماننامەی سێڤریان سڕییەوە و لۆزانیان لە جێگای دانا.
پەیماننامەی لۆزان لە (٢٤-٧-١٩٢٣) تەنیا ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی نەبوو بۆ ئیمپڕاتۆریەت و زلهێزەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، بەڵکو لاپەڕەیەکی ڕەش و بڕیارێکی شومی مێژوویی جەرگبڕ بوو، کە تیایدا مافی سەربەخۆیی نەتەوەیەکی ئاشتیخواز وەک کورد لەسەر خاکی خۆیدا زەوت کرا. لە پێناو بەرژەوەندییە جوگرافی و ئابوورییەکانی هێزەبراوەکان و ڕۆژئاواییەکاندا، نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان کرانە قوربانیی کۆمەڵێک نەخشەی سیاسیی دەستکرد.
لە ئەنجامی پەیماننامەی لۆزاندا، کوردستان بەبێ ڕەزامەندی و ئیرادەی گەلەکەی پارچەپارچە کرا و خرایە ژێر چەقۆ و دەسەڵاتی چوار دەوڵەتی هەرێمی (تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران). ئەم دابەشکردنە تەنیا کێشانی هێڵێکی خەیاڵی لەسەر نەخشەکان نەبوو، بەڵکو تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی ملیۆنان خێزانی کوردی لە یەکتری دابڕی و خستنیانە نێوان دوو سنووری دەستکردی زاڵمانە.
بە سڕینەوەی پەیماننامەی سێڤر، دەوڵەتی کوردی لەسەر نەخشەی جیهان سڕایەوە، کە دواتر بەهۆی سیاستەکانی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) و حاشاکردن لە زمان و کلتوری کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە سایەی هەرچوار دەوڵەتی نەتەوەپەرستی داگیرکەردا، بە سیستماتیک زەمینەیان خۆش کرد بۆ زوڵم و زۆرداریی درێژخایەن؛ دواتریش بەرهەمی ئەو وەحشگەرییەی داگیرکەران، وێرانکردن، کیمیاباران، ئەنفال و جینۆسایدی کوردی بێ دەوڵەتی لێکەوتەوە لە ناوچەکەدا.
نووسەران و داڕێژەرانی پەیماننامەی لۆزان پێیان وابوو بە دابەشکردنی کوردستان و خنکاندنی خەونی دەوڵەتی کوردی، دەتوانن سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێننەوە. بەڵام مێژووی سەدەی ڕابردوو سەلماندی کە ئەو تێگەیشتنە چەندە هەڵە و کوێرانە بوو. ناڕەوایەتیی پەیمانی لۆزان، کوردستان و هەموو ناوچەکەی کردە مەیدانی شەڕ، پێکدادانی نێوان هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێران، و ڕاپەڕین و ناسەقامگیرییەکی بەردەوامی ناو دەوڵەتانی جێگرەوەی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر (ئینگلیز و فەرەنسا). تا ئەو کاتەی مافی ڕەوای گەلێک بۆ ژیانێکی سەربەست و سەربەخۆ لەسەر خاکی خۆی فەرامۆش بكرێت، هیچ ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتە دی و شەڕ و ڕاپەڕینەکان بەردەوام دەبن.
لۆزان توانى نەخشەی سیاسی بگۆڕێت، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد ڕیشەکێش بکات. دوای زیاتر لە سەدەیەک، دۆزی کورد تا ئێستاش وەک کێشەیەکی ڕاستەقینە و حاشاهەڵنەگر لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ماوەتەوە.
تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تەنیا یادکردنەوەی برینێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی ئەو مێژووەیە بۆ بەخۆداچوونەوە، یەکخستنی ناوماڵی کوردی، و گەیاندنی دەنگی ڕاستەقینەی کورد بە جیهان، کە نەتەوەیەک هەیە بە ناڕوا بێشکراوە و داوی مافی سەربەخۆیی و سەروەریی خۆی دەکات، بە هیچ ڕێککەوتننامەیەکی دیکەی ژێربەژێری داگیرکەران رازی نابێت و ئەو مافە ڕوایەی خۆی لەبیر ناکات.”
لە کۆتاییدا دەڵێن هەر هێزێکی کوردستانی لە هەر کونجێکی ئەم جیهانەدا کە هاتۆتە ناو کۆڕی خەبات یان ئەو هێزانەی لە داهاتوو لەدایک دەبن و دێنە ناو کۆڕی خەبات، جگە لە دروشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەر درشمێکیتری پابەندی مل کەچی لە چوار جێوی دەڵەتە داگیرکەرەکان هەڵبگرن، پێش ئەوەی خیانەت لەهەر کەسێک بکەن، خیانەت لە هزر و ئایدیای خۆیان دەکەن.


