سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە «تەعریب»ەوە بۆ «بەئەویدیکردن»: لە وەڵامنامەیەکدا بۆ شێرکۆ کرمانج

ڕێبوار سیوەیلى

من جینۆسایدناس نیم و لەو بوارەشدا پسپۆڕ نیم، بۆیە ئەوەى لەم بارەیەوە بیرى لێ دەکەمەوە و دەینووسم هەم ڕێزلێنانە لە هەوڵى کەسانى دیکە و هەمیش بانگهێشتکردنیانە بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە چەمک و بیرۆکەکاندا. پرسی بونیادنانی زاراوە و چەمکسازیی ئەکادیمی لە شیکردنەوەی مێژووی تراجیدیای هاوچەرخی نەتەوەیی ئێمەدا، مەشقێکی ڕەوانبێژی یان داڕشتنێکی زمانی بێلایەن نییە، بەڵکوو گوزارشتێکی بوونناسانە و داناییناسانەیە لە ئاستى هۆشیاریی سیاسی و ڕەخنەیی ئێمە بەرامبەر بەو مەکینە جەستەیی و ئایدیۆلۆجییەی کە هەوڵی سڕینەوەمانى دا و دەیدات.

لە وتار و توێژینەوەیەکی شێرکۆ کرمانج دا لەژێر ناونیشانی “تەعریب و تەرحیل، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ لەناوبردنی کورد”، نووسەر بە وردی و بە بەڵگەی ئاماری و مێژوویی هەوڵی داوە نەخشەی تاوانەکانی دەوڵەتی عێراق بخاتە ڕوو. بەڵام بەدیاریکراوی لە ڕووی تیۆری و چەمکسازییەوە، توێژینەوەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گوتارێکی سەرانسەر باو و نەریتی لە بەکارهێنانی چەمکی «تەعریب» (بەعەرەبکردن) وەک کارتى سەرەکی بۆ پێناسەکردنی هەموو فۆرمەکانی سڕینەوە.

بەداخەوە ئەمجۆرە خوێندنەوەیە، کە پێگەکانی ئەکادیمیای یاسایی و سیاسیی کوردی داگیرکردووە، تاوانەکانی دەوڵەت لە چوارچێوەی «گۆڕینی دیموگرافیا» یان «نیشتەجێکردنی عەرەب»دا کورت دەکاتەوە. بەڵام وەک لە توێژینەوەکەم بەناوى “قەفەسی ئاسنین: یان بۆ ببمەوە بە عێراقی؟” پێش ٢٣ ساڵ ڕوونم کردۆتەوە، بەکارهێنانی زاراوەی تەعریب بۆ کردەوە بکوژ و کۆمەڵکوژکارەکانی بەعس، هەڵەیەکی مەعریفیی جیدییە. زاراوەی تەعریب، نەک هەر ناتوانێت جەوهەری ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو بە نائاگاییەوە پەردەیەکى «فەرهەنگی-کارگێڕیی» بەسەر سیاسەتێکدا دەدات، کە لە جەوهەردا ستراتیژە کۆنکرێتییەکەى بکوژانە و سەرکوتکارانە بووە. ئامانجی ئەم وەڵامنامەیە هەڵسەنگاندنی زانستییانەی دەقەکەی “شێرکۆ”یە لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێزە ڕەخنەیییەدا.

۱. کەوتنی چەمکی «تەعریب»

شێرکۆ کرمانج لە هەنگاوی یەکەمی پۆلێنکردنی چەمکەکەیدا دەنووسێت: «سیاسەتی تەعریب ستراتیجیەتێکی سیاسیی حکوومەتەکانی عێراق بوو… کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک داڕێژرا بوو بۆ گۆڕینی دیموگرافیا و ناسنامەی ناوچە پلان بۆ دانراوەکان، ئەویش بە دەرکردنی کوردەکان ‌و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردەکراو… لە جێگەی کورد». کێشەی بنەڕەتی من لەگەڵ ئەم پێناسەیەدا لەوەدایە، کە زاراوەی «تەعریب» لە ڕووی مێژوویی، ئەپستمۆلۆژی و زمانییەوە، هەڵگری گوتارێکە کە «ئیمتیاز» و گونجان و خۆگونجاندن بە قوربانییەکە دەبەخشێت. کاتێک دەگوترێت تەعریب، وا دەگەیەندرێت کە دەسەڵات هەوڵی داوە کورد وەک هێزێک بەشدارى پێ بکات لە ناو جەستەی نەتەوەی عەرەب یان شارستانیەتی ئیسلامیدا، واتە کورد ڕابهێنێت تا شانازیى بە عەرەببوونەوە بکات.

لە سەدەکانی ناوەڕاستى ئیسلامیدا، تەعریب پرۆسەیەک بوو لەلایەن فەقێ و مێژوونووسانەوە بۆ مێشکماڵیکردن و ڕامکردنی کورد لە ڕێگەی بەخشینی «نەسەب و ڕەچەڵەکی عەرەبی» بە میر و هۆزەکان، تا پێگەیەکی شەرعی لە ناو خەلافەتدا بەدەست بێنن و زۆریش وایان کرد و نەسەبنامەی خۆیان بۆ دروستکرا، کە لە (قەفەسى ئاسنین)دا باسم کردوون. کەچی، ئەو کردارەی دەوڵەتی عێراق لە سەدەی بیستەمدا کردی، هیچ پەیوەندییەکی بەم بەیەکگەیشتنە کولتوورییەوە نەبوو: دەوڵەتی عێراق هەوڵی نەدا کورد بباتە ناو قەڵەمڕەوى شانازی و «ئیمتیاز»ی عەرەببوون؛ بەڵکوو بوونی کوردى وەک بوونەوەرێکی مەترسیدار و وەک هەڕەشەى دەرەکی، لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەت و عەرەب پێناسە دەکرد.

بەمجۆرەش، پرۆسەکە تەنها «گۆڕینی دیموگرافیا» یان «نیشتەجێکردنی عەرەب» نەبوو، بەڵکوو داماڵینی سەروەریی جەستەیی و مادیی و ڕۆحیی کورد بوو لەسەر خاکی خۆی. کەواتە، ناونانی پرۆسەی دەرکردن، گۆڕی بەکۆمەڵ و سووتاندنی گوندەکان بە «تەعریب»، نەک هەر کورتهێنانە لە ڕاڤەی سیاسی، بەڵکوو داماڵینی ڕەهەندە ژینۆسایدکارییەکەی دەسەڵاتە و داپۆشینییەتی لەژێر بەرگێکی کولتووری یان دیمورافیی سادەدا.

۲. جیاکاریی نێوان «تەعریب» و «تەرحیل»

شێرکۆ کرمانج لە توێژینەوەکەیدا جیاوازییەکی ڕاستەکى لە نێوان چەمکی «تەعریب» و «تەرحیل»دا دەکات و دەنووسێت: «تەرحیل، واتە ڕاگواستن و چۆڵکردن… ئەوەی پڕۆسەی تەرحیل و تەهجیری گوندەکانی سەر سنووری لە دەرکردنی گوندە کوردییەکان لە بەشی خوارەوەی کوردستان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە حکوومەت ناوچە سنوورییەکانی تەعریب نەکرد، واتە عەرەبیان نەنارد بۆ گوندە چۆڵکراوەکان کەچی لە ناوچەکانی خوارەوە کوردیان لە هەر شوێنێک دەرکردبا عەرەبیان دەهێنا جێگەکەی.»

لە دیدی شیکاریی ڕەخنەییەوە، ئەم جیاکارییە دەری دەخات کە بۆچی چەمکی «تەعریب» توانای نییە وەک جەوهەری تاوانەکە دەربکەوێت و کارى خۆى بکات. کاتێک دەوڵەت لە ناوچە سنوورییەکان “بە قووڵایی ۲۰ کیلۆمەتر” ٨٧٢ گوند تەخت دەکات و ٦٠٠ هەزار کەس ڕادەگوێزێت (ئامارەکان لە وتارەکەى شیرکۆ‌ـوە وەرگیراون)؛ بەبێ ئەوەی عەرەبیان تێدا نیشتەجێ بکات، ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە ئامانجی سەرەکی دەوڵەت «بەعەرەبکردن» (تەعریب) نەبووە، بەڵکوو «خاڵیکردنەوەی جوغرافیاى کوردستان لە ڕەگەزی کورد» و سڕینەوەی بوونى فیزیکیی ئەو نەتەوەیە بووە.

ئەگەر ستراتیجیەتی دەوڵەت «تەعریب» بووایە، دەبوو ئەم گوندە سنوورییانەش پڕ بکرێنەوە لە عەرەب. بەڵام کاتێک ناوچەکە دەکرێتە «زۆنی قەدەغەکراو»، ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت لەسەر بنەمای بەئەویدیکەکردن (Othering) کار دەکات، واتە پاککردنەوەی خاکەکە لە بوونی کورد وەک ئامانجێکی سەرەکی، جا عەرەبی تێدا نیشتەجێ بکات یان بیباتە سەر زەوی سوتماک و بەتاڵ. لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێت، کە بۆ توێژینەوە لەم کارەساتە هەر تەنیا پێویستیمان بە ئامار و ژمارە و تۆماری مێژوویی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو پێویستیشمان بە گرتنەبەرى ڕوانگەیەکى شیکارى و ڕاڤەکارییە کە بتوانێت وردبینییە هزرییەکەیمان بۆ ئاشکرا بکات.

۳. ئەنفال و تەعریب

لە بەشێکی تری نووسینەکەی شێرکۆ‌ـدا، هەوڵ دراوە پەیوەندیی نێوان ئەنفال و تەعریب ڕوون بکرێتەوە. لەوێدا نووسیوێتى: «ڕاستە مەبەست لە ئەنفال قڕکردنی بەشێک لە خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام ئامانجێکی سەرەکی و ستراتیجی لە پشت پڕۆسەی ئەنفال سڕینەوەی کورد بوو لە پارێزگای کەرکووک، واتە تەعریبی کوردستان… ئەمەش ئەو ئارگیومێنتە دەسەلمێنێت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەنفال و تەعریبدا هەیە.» لێرەدا دیسانەوە دەکەوینەوە بەرامبەر پارادۆکسێکی هزریی گەورە: ئەگەر ئامانجی ئەنفال «تەعریب» بێت، چ پێویستییەکی لۆجیکی و سیاسی بە زیندەبەچاڵکردنی ١٨٢ هەزار مرۆڤی مەدەنی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە چل شوێنی جیاوازدا هەبوو؟

کەسێک یان سیستەمێک، کە بیەوێت نەتەوەیەک «بەعەرەب بکات» یان شوناسەکەى بگۆڕێت، پاکتاوی جەستەیی و بایۆلۆجی ناکات. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران منداڵ و ژن لە بیابانەکانی نۆگرە سەلمان، ئامرازی پرۆسەی «تەعریب» نین، بەڵکوو ئامرازی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدن کە لەسەر بنەماى ستراتیجیانەى تیۆریی بەدوژمنکردن (Enemification) وەک مەترسییەکی بوونەکى ئەنجام دراون. بۆیە بەستنەوەی ئەنفال بە تەعریبەوە، ژینۆساید لە ئاستی «ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی تەعریب» نزیک دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەنفال لوتکەی گوزارشتی ئایدیۆلۆجیای بکوژانەی دەوڵەت بوو بۆ پاکتاوکردنی ئەو نەتەوەیەی کە ڕەتی دەکردەوە بێتە ژێر بارگۆڕی نەتەوە و دەسەڵاتى سەردەستەوە.

٤. لێدوانی عەلی حەسەن مەجید: دانپێدانانە بە پڕۆسەى «بەدوژمنکردن» نەک بەعەرەبکردن

د. شێرکۆ لە نووسینە بەپێزەکەیدا بۆ سەلماندنی هەوڵەکانی دەوڵەت، دەقی وتەکانی عەلی حەسەن مەجید (ئەمینی سڕی مەکتەبی شیمالی بەعس لە ١٩٨٧) دەهێنێتەوە کە دەڵێت: «من دەمەوێت باس لە دوو خاڵ بکەم: یەکەم، تەعریب ‌و دووەم، خاکە هاوبەشەکانی نێوان ناوچە عەرەبییەکان ‌و ناوچەی حوکمی زاتییە… من قەدەغەم کرد کورد لە کەرکووک‌ کاربکەن، تەنانەت لە گوندەکان‌ و دەوروبەریشی… اروح للشمال لو البس سروال لو اخلیهم کلهم یلبسون عگل.» کاتێک بە وردبینی ئەکادیمی و لەسەر ئاستی سایکۆلۆجیای سیاسی لەم کۆتەیشنە ڕاستەوخۆیە دەکۆڵینەوە، بونیادی ڕاستەقینەی ئایدیۆلۆجیای بەعس‌ـمان بۆ دەردەکەوێت. کاتێک عەلی حەسەن مەجید دەڵێت “وایان لێ دەکەم هەموویان عەگالی عەرەبی لەسەر بکەن یان شەڕواڵ لەپێ دەکەم”، ئەمە گوزارشت لە پرۆسەیەکی فەرهەنگیی بەعەرەبکردن ناکات، بەڵکوو گوزارشت لە سووکایەتیپێکردن، زۆرداری و داماڵینی کەرامەت دەکات.

قەدەغەکردنی کارکردنی کورد لە گوندەکان و کەرکووک، هەوڵدان نەبوو بۆ ئەوەی کوردەکە ببێتە عەرەب، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ برسییکردن، خنکاندنی ئابووری و دەرپەڕاندنی فیزیکیی کورد لە سەر ماڵ و زەویی خۆی. بەعس باش دەیزانی کە بە بەستنی عەگالێک کوردێک نابێتە عەرەب، بەڵکوو ئەمە «نمایشێکی سەربازییانەی دەسەڵات» بوو بۆ سڕینەوەی ئیرادەی ڕەگەزێک، کە وەک دوژمن و سنوور بەزێن تەماشا دەکرا. کەواتە، بەکارهێنانی ئەم دەقانەی عەلی حەسەن مەجید وەک بەڵگە بۆ «تەعریب»، تەنها قبووڵکردنی ئەو ناونیشانە ڕووکەشەیە کە بەعس خۆی بەسەر تاوانەکانیدا دەیسەپاند تا لە بەرپرسیارێتیی جینۆساید ڕابکات.

٥. ئۆردوگا زۆرەملێیەکان

لە بەشێکی دیکە وتارەکەی شێرکۆ‌ـدا، تیشک دەخرێتە سەر دروستکردنی ئۆردوگاکان لەلایەن دەوڵەتەوە و دەنووسێت: «لەکاتێکدا کە کورد بە هەزاران لە کەرکووک دەردەکران… حکوومەتی عێراقی، وەک ئیسرائیل، سەدان ئۆردوگای نیشتەجێبوون (مستوطنات سکنیة) لە پارێزگای کەرکووک‌ و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دروست کرد… بەتێکڕا، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدی بیست، حکوومەت ٦٠٠ هەزار کوردی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی ڕاگواست بۆ ٥٩ ئۆردوگای بنیاتنراو لەسەر جادە سەرەکییەکان.» لەم گوتەزایەدا، ئامارەکان بە ڕوونی ئاماژە بە وێرانکارییەکی بێوێنە دەکەن، بەڵام چەمکسازییەکە دیسانەوە لە ڕاڤەکردنی جەوهەری کردەکەدا پەکی دەکەوێت. دروستکردنی ٥٩ ئۆردوگای زۆرەملێ و ڕاگواستنی ٦٠0 هەزار مرۆڤ بۆ ئۆردوگاى سەر جادە سەرەکییەکان، ڕێک پێچەوانەی پرۆسەی بەعەرەبکردنە.

لە زانستی کۆمەڵناسیی سیاسی و فەلسەفەی دەسەڵاتدا، ڕاگواستنى لادێنشینەکان بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەربازیدا، پرۆسەیەک بوو بۆ: یەکەم داڕماندنى بونیادی ئابووریی خۆبژێوی کورد: تاکو کورد نەکریتە «عەرەب»، بەڵکوو ببرێتە ئاستی بونەوەرێکی بەکاربەری بێ ئیرادە و سەرشۆڕ کە بەتەواوی پشتی بە کۆپۆنی خۆراکی دەوڵەت بەستووە. دووەم کۆنتڕۆڵی ئەمنی و پۆلیسی: کۆکردنەوەی سەدان هەزار مرۆڤ لە شێوەی زیندانی کراوەدا (Ghettoization) بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر جوڵەیەکی ڕزگاریخوازی بگیرێت.

ئەم ئۆردوگایانە شوێنی بەیەکگەیشتنی کولتووری یان تواندنەوەی نەتەوەیی نەبوون، بەڵکوو ناوچەی پەراوێزخستنی ڕەها بوون. ناونانی ئەم زیندانە جەماوەرییانە بە «ئامرازی تەعریب»، سادەکردنەوەی ئازاری ئەو ٦٠٠ هەزار مرۆڤەیە کە بونیادی ژیان و کەرامەتیان تێکشکێنرا.

٦. سایکۆلۆژیای «خۆبەعەرەبکردن»

شێرکۆ لە پوختەی وتارەکەیدا ئەنجامگیرییەکەی دەبەستێتەوە بە تیوریی دەوڵەت-نەتەوەوە و دەنووسێت: «هۆکاری سەرەکی لە پشت پڕۆسەی تەعریب و هەڵمەتەکانی ئەنفال هەوڵێک بوو بۆ تواندنەوەی کورد لە پڕۆسەی دروست کردنی دەوڵەت-نەتەوەی عێراق دا… بەواتایەکی دیکە تواندنەوەی کورد لە قازانی عەرەبی دا… ڕژێم دەیویست ژێرخانی ئابووری کوردستان، کە دێهاتەکان بوو، تەفروتونا بکات.» لەم بڕگە کۆتایییەدا، دەستەواژەی «تواندنەوەی کورد لە قازانی عەرەبی دا» جەوهەری ئەو تێگەیشتنە نیشان دەدات کە لە سەراسەری توێژینەوەکەدا پەیوەست بووە بە چەمکی تەعریبەوە.

وەک لە “قەفەسى ئاسنین” دا جەختم لەسەر کردۆتەوە، بەعس هیچ کاتێک «قازانێکی عەرەبی» بۆ تواندنەوەی کورد ئامادە نەکردبوو، چونکە لە دیدی بەعس دا کورد نەدەکرا بتوێتەوە و ببێتە عەرەب. بەعس کوردی وەک «تەنێکی زیانبەخش» وەک هەڕەشەیەک، لە ناو جەستەی دەوڵەتدا دەبینی؛ هەر بۆیە لەجیاتی «تواندنەوە و گونجاندنى»، پەنای بۆ «سڕینەوەی مادی و ئەنفالکردن» برد. کاتێک نووسەر یان توێژەری کورد ئەم کردەوە بکوژانەیە بە پڕۆسەیەکی سادەی «تواندنەوە» پێناسە دەکات، بێئاگایانە دەکەوێتە داوی پرۆسەی «خۆبەعەرەبکردن» (Self-Arabization). خۆبەعەرەبکردن تەنها گۆڕینی ڕەچەڵەک نییە، بەڵکوو قبووڵکردنی ئەو زمان و چەمکە بێ زیانانەیە کە جەللادەکە خۆی بۆ داپۆشینی تاوانەکانی بڵاوی کردۆتەوە. کاتێک ئێمە وشەی «تەعریب» بۆ کۆمەڵکوژی بەکار دەهێنین، لە ڕاستیدا تاوانکارییەکەی دەوڵەت دادەبەزێنین بۆ ئاستی ناکۆکییەکی سیاسی یان کولتووریی ئاسایی و بەمەش ئیرادەی قوربانییەکانمان لەکەدار دەکەین.

٧. «داوی زمانەوانیی جەللاد» و وەڵامی ئەرگیومێنتە باوەکان

لە بەرامبەر ئەم ڕەخنانەدا، ڕەنگە پارێزەرانی گوتاری باو لەبارەى تەعریبەوە، یان توێژەرانی وەک شێرکۆ کرمانج پەنا ببەنە بەر ئەم دوو هێڵە بەرگرییە: «دەوڵەت خۆی لە بەڵگەنامە فەرمییەکانیدا (وەک بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) زاراوەی تەعریبی بەکارهێناوە، بۆیە بەکارهێنانی لە ئەکادیمیادا بەڵگەیەکی کۆنکرێتیی مێژوویی و کارگێڕییە.» یان «تەعریب ئامانجە سیاسییەکە بوو و ئەنفال و تەرحیل ئامرازی توندوتیژ بوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.» بەڵام لە بونیادی ڕەخنەییی تێزی “قەفەسی ئاسنین”ـەوە، ئەم دوو پاساوە بەتەواوی لاواز دەردەکەون.

سەبارەت بە خاڵی یەکەم؛ پەنابردنی توێژەری کورد بۆ چەمکەکانی ناو بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت، کەوتنە ناو «داوی زمانەوانیی جەللاد»ـەوەیە. کاتێک دەسەڵاتێکی شۆڤێنی یان دەوڵەتێکی کۆمەڵکوژکار پەنا دەباتە بەر تاوانی جەنگ و پاکتاوی ڕەگەزی، هەمیشە ناونیشانێکی کارگێڕیی بێ زیان و یاسایی بەبەر تاوانەکەیدا دەکات تا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی نەبێتەوە (ڕێک وەک ئەوەی نازییەکان کۆمەڵکوژییان لەژێر ناوی “چارەسەری کۆتایی/Endlösung” ناودێر دەکرد، یان بەعس تاوانی پاکتاوی لەژێر ناوی “تصحيح القومية” و “تەعریب”دا دەشاردەوە). ئەرکی ئەکادیمیی ڕەخنەیی ئەوە نییە ببێتە دووبارەکەرەوەى چەمکەکانی دەوڵەت، بەڵکوو دەبێت دەمامکی سەر زاراوە بەعسییەکان لابەرێت.

سەبارەت بە خاڵی دووەم؛ تێکەڵکردنی «ئامراز» و «ئامانج» وەک لە ناونیشانى وتارەکەى شێرکۆ‌ـشدا هاتووە، بەسەراتێپەڕین و هەڵەیەکى هزرییە لە تێگەیشتن لە جینۆساید. ئەگەر ئامانجی دەوڵەت بەعەرەبکردن بووایە، دەکرا دوای وێرانکردنی گوندەکان خەڵکەکە زیندوو بهێڵرێنەوە بۆ تێکەڵبوونى کولتووری. بەڵام کاتێک دەوڵەت ١٨٢ هەزار مرۆڤ زیندەبەچاڵ دەکات و چەکی کیمیایی بەکار دێنێت، «سڕینەوەی فیزیکی» خۆی دەبێتە ئامانجی ڕەها. لێرەدا ئەنفال ئامرازێکی سادە نییە بۆ گۆڕینی دیموگرافیا، بەڵکوو ئەنجامی سەرەکیی پڕۆسەی «بەدوژمنکردن»ـە؛ واتە بڕوابوون بەوەی بەرامبەرەکەت جەستەیەکی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەک «پێکەوەژیان یان گونجاندنی» لەگەڵدا ناکرێت و دەبێت تەفروتونا بکرێت.

لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتیش، دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق و دادگاکانی هۆڵەندا و سوید، ڕژێمی بەعس‌ـیان لەسەر کەیسی ئەنفال بە ئەنجامدانی تاوانی «جینۆساید» تاوانبار کرد، نەک لەسەر «تەعریب». بەکارهێنانی تەعریب بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان تاوانەکە دادەبەزێنێت بۆ «ناکۆکیی زەوی و زار» یان «پڕۆژەیەکی وەک گۆڕینى دیموگرافی»، کە ئەمەش لاوازکردنی پێگەی یاسایی قوربانییانە.

ئەنجام

توێژینەوەکەی شێرکۆ کرمانج، بە هەموو ئەو داتا، ئامار و ناوە جوغرافییانەی کۆی کردوونەتەوە، خزمەتێکی گەورە بە دوکیۆمێنتکردنی مێژووی نەهامەتییەکانی کورد دەکات. بەڵام لە ڕووی چەمکسازیی ئەکادیمی و تیورییەوە، وەک زۆربەی نووسینە سیاسییەکانی تری کورد، لە «قەفەسی ئاسنین»ی زاراوەی «تەعریب»دا گیرساوەتەوە.

تەعریب چەمکێکە توانای هەڵگرتنی قورسایی ئەنفال، کیمیاباران، ئۆردوگاکان و گۆڕی بەکۆمەڵی نییە. دەوڵەتی عێراق نەیکردین بە عەرەب و هەوڵی بەعەرەبکردنى ئێمەشی نەدا، بەڵکوو ئێمەی کردە «ئەویدیێک» و «دوژمنێک» کە دەبێت لە هەرێمى جوغرافیاى کوردستان دا بسڕدرێتەوە.

بۆیە ئەرکی ئەکادیمیی سەردەمیانە و ڕەخنەییی کوردییە کە ڕاستەوخۆ دەستبەرداری بەکارهێنانی سادەوەرانەى زاراوەی تەعریب بێت بۆ تاوانەکانی جینۆساید. هەروەها پەنا بباتە بەر چەمکە وردە فەلسەفی و کۆمەڵناسییەکانی وەک «بەئەویدیکردن» (Othering)، «بەدوژمنکردن» (Enemification) و «پاکتاوی ڕەگەزیی مادی».

تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانین هۆشیارییەکی مێژوویی و ئەکادیمی وا بونیاد بنێین کە کەرامەتی مرۆیی قوربانییەکانمان بپارێزێت و ڕێگە نەدات جەللادەکان لە پشتی زاراوە شێوێنەرەکاندا خۆیان بشارنەوە.

تێبینى

شێرکۆ کرمانج، تەعریب و تەرحیل، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ لەناوبردنی کورد، لە فەیسبووکى خۆیەوە بینراوە Sherko Kirmanj.

ڕێبوار سیوەیلى، قەفەسى ئاسنین (یان بۆ ببمەوە بە عێراقى؟) چاپخانەى ڕەنج، سلێمانى: ٢٠٠٣.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO