دەسکۆ خەسرۆ
کاتێک نرخی لیترێک بەنزین بە پێنج سەد (٥٠٠) دینار بووبێت دوای ئەوە بەرزکرابێتەوە بۆ هەزار و پێنج سەد (١٥٠٠)، ئەوا نرخی هەشت سەد و پەنجا (٨٥٠)یی تەنها ئیدارەدانی قەیرانەکەیە نەوەکوو چارەسەر. ئەگەر لە شەقامێکدا، بەهۆى جەنجاڵى ئۆتۆمبێلەوە هاووڵاتییان نەتوانن بپەڕنەوە، دروستکردنى تاسەیەک دەکرێت خێرایى ئۆتۆمبێلەکان کەم بکاتەوە بۆ ئەوەى خەڵک بپەرێتەوە، بەڵام لە بەرانبەردا دەبێتە هۆى قەرەباڵغى شەقامەکە بەهۆى زۆرى ئۆتۆمبێلەکان و هێواشکردنەوەیان. کەواتە دروستکردنى تاسەکە ئیدارەدانى کێشەکە بوو، چارەسەرکردنەش دروستکردنى پردێکى پەڕینەوەیە. هەموو ئەوەی دەکرێت و کراوە هەر لەناو ئەم قەیرانەدا دەخولێتەوە، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەسەڵاتی کوردستانی بە هۆکاری نەبوونی دیدێکی نیشتیمانی و خەمخۆرانە.
بەنزین نموونەیەکی هەنووکەییەکەیە، دەنا ماوەی ئەو چەند ساڵە نرخی چی زیادی نەکردووە؟ ڕۆژ نەبووە کاڵایەک نرخی گران نەبووبێت و بڕیارێک نییە باجی زیادی نەکردبێت، ئەو دەبە زەیتەی بە یەک هەزار دینار دەتکڕی ئێستا بە ٣ هەزارە. خەڵک کە بە قەیران ڕاهاتووە مانای ئەوە نییە، کە قەیران باشە، بەڵکوو ڕاهاتن خراپە. مرۆڤ ناکرێت ڕابێت بە هەموو شتێک، لێرەدا فەلسەفەی بۆقەکەمان بیر دەکەوێتەوە، کە دەڵێت؛ ئەگەر بۆقێک بگریت و بیخەیتە ناو مەنجەڵێک ئاوەوە و ئاگرێک بخەیتە ژێر مەنجەڵەکەوە، دەبینیت کە بۆقەکە لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا خۆی دەگونجێنێت، لەناو ئاوەکەدا دەمێنێتەوە و وردە وردە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوەکە لە خۆگونجاندن بەردەوام دەبێت. بەڵام کاتێک ئاوەکە دەگاتە کۆتا پلەی کوڵاندن، چیدیکە بۆقەکە ناتوانێت لە مەنجەڵەکەوە باز بدات بۆ دەرەوە، چونکە بەهۆی زۆری ئەو هەوڵانەی کە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پلەی گەرمیدا دەیکات زۆر لاواز و ماندوو دەبێت، ئیدی دەمرێت. لێرەدا کێشەی ڕاهاتنمان بۆ دەردەکەوێت، کە چۆن مرۆڤ دەستەمۆ و لاواز دەکات. بۆیە لەبری ڕاهاتن مرۆڤ پێویستی بە بازدانە وەکوو دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان.
سەرەڕای پڕۆژەکان، قەیرانەکان بەردەوامن، ئەمە پێمان دەڵێت پڕۆژەکان لە خزمەتی تاک نین، گرانکردنی باری سەرشانی هاووڵاتی چاکسازی نییە، بەنزین دەکرێت بە پێنج سەد دینار بفرۆشرێت، ئەگەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ( کار و لاناز و قەیوان) لەو قازانجەی دەستییان دەکەوێت کەمتر داوا بکەن، بەڵام نایکەن. چونکە خاوەندارییەتییەکەی هی بەرپرسە باڵاکانە.
حکوومەتی خزمەتگوزار نەوەکوو بە دوای قازانجەوە نییە، بەڵکوو زەرەر بەخۆی دادەنێت بۆ خزمەتی خەڵک. حکوومەتی مالیزیا لە ڕێگەی “پڕۆژەی پاراستنی مەدانی” (Madani Protection)، بۆ هەمیشە نرخی تاکەکەسی بۆ بەنزین ستاندارد RON95 دادەنێت. دەوڵەت ساڵانە ملیارەها دۆلار دابین دەکات بۆ ئەوەی تێچووی گواستنەوە جێگیر بێت و توانای کڕینی بەکاربەر بپارێزێت. بەشێکی وڵاتان لە کاتی هەستکردن بە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵایەک باجی سەر ئەم کاڵایە کەم دەکەنەوە تاوەکوو ڕادەی سفر و قوربانی بە باجەکانی حکوومەت دەدەن لەپێناو خزمەتی خەڵک.
ململانێکانی ئەم دوایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی وزەی لە بەشێکی وڵاتانی جیهان دروست کرد، بەشێکی زۆر لەم وڵاتانە پەیڕەوی بەرنامەی کەمکردنەوەی باج و ئیمتیازاتیان کرد. بۆ نموونە؛ ئیتاڵیا بۆ ماوەیەکی کاتی باجی گومرگی سووتەمەنی ناوخۆیی و باجی وزەیان کەم کردەوە. ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر نرخی پەمپەکانیان لە ڕێگەی قوربانیدان بە داهاتی باجی دەوڵەت دابەزاند.
بەڵام لە کوردستان دا، لەبەر ئەوەی باج بۆ حکوومەت نییە و زۆرینەی بۆ حیزبە لەناو حیزبیش بۆ شەخس، هەر وەکوو لەسەرەوەش ئاماژەمان پێ کرد، ئەمانیش نایەنەوێت لە قازانجی خۆیان بێنە خوار و لەو داهاتەی هەیانە کەمترییان دەست بکەوێت. ئەمە کارەساتە حیزب لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی خۆیەوە بە دوای قازانجەوە بێت لە حکوومەت و لەسەر حیسابی خەڵک.
حکوومەتی عێراق تەنێک گەنمی دەرەجە یەک بە ٧٥٠ هەزار لە جووتیارەکانی وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر لە دەرەوە هاوردەی بکات لەو دەرەجەیە و باشتریش بە سێ سەد تاوەکوو چوار سەد هەزار دەستی دەکەوێت، بەڵام نایکات چونکە حکوومەتە و دەبێت خزمەت بە بەرژەوەندی خەڵک بکات.
لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت لە خزمەت کۆمپانیاکاندایە، بۆیە یان قەیرانەکان بەردەوام دەبن یانیش لە ڕێگەی ئیدارەدانی کاتیی دۆخەکە پەردەپۆش دەکرێن.
لە ئێستادا، نەوەکوو تەنیا نرخی بەنزین، بەڵکوو هەر کاڵایەک، کە دەستی بۆ دەبەیت سێ هێندەیە و داهاتی تاکیش بە بەراورد بە چەندین ساڵ پێش ئێستا کەمترە. کەواتە ئەم وڵاتە لە قەیرانێکی قووڵی چارەسەر نەکراودایە، ئەم قەیرانەش کە دەروونی خەڵکی تێکداوە و میللەتی دووچاری چەندی کێشەی کۆمەڵایەتی کردۆتەوە بە ڕاگەیاندنی چەواشەکار و دوو بێژەر و چوار پەیامنێری قورمیشکراو و دواندنی شەش کۆیلەی گیرفان بەتاڵ چارە ناکرێت.
ژوۆڵ شاربەهنۆ (Joelle Charbonneau) لە کتێبی تاقیکردنەوە (The Testing) باس لە دیاردەی فریودان و دەستکاریکردنی بیر و هۆشی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتەوە دەکات، لە ڕێگەی درۆ و زۆرەملێ و بەڵێنی پۆلیشکراو و چەواشەکردنی خەڵک. لە هەمان کاتدا دەسەڵات خەریکی شاردنەوەی ئەم ڕووە دڕندانەی خۆیەتی، کە کار لەسەر وەرینی ئەخلاق دەکات.
بابەتەکە پرسیار دەکات، کە ئایا مانەوە لەناو ئەم جۆرە سیستەمە و سەرکردایەتییەکەی هەرگیز دەتوانێت خزمەت بە چاکەی گشتیی بکات؟ هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکات، کە چۆن یادەوەرییەکان و گێڕانەوەی مێژوویی و چاودێریکردن و کاری خێرخوازی دەبنە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی گوێڕایەڵی. دروست ئەمەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت ئەمەیە.


