سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پڕۆسەی ˮتورکیای بێ تیرۆر“ چییە؟

شاهید محەمەد کەریم

زیاتر لە ساڵێکە پڕۆسەیەکی سیاسی هەیە، تورکیا پێی دەڵێت؛ “پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر”، لایەنە کوردییەکان پێی دەڵێن: “پڕۆسەی ئاشتی”. وا دیارە دەوڵەت باخچەلی و عەبدوڵا ئۆجەلان داڕێژەرەکەی بن. هەر بەوەشدا گریمانە دەکرێت،  کە باخچەلی پڕۆسەکەی داڕشتبێت، چونکە ئۆجەلان سوپاسی دەکات،  کە دەستی بە پڕۆسەکە کردووە. هەموو وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون. لە لایەک دەگوترێت تەنها تورکیا دەگرێتەوە. بەڵام ئاماژەی ڕوون هەن،  کە ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ـیش بگرێتەوە.

بە ڕای من، ئەم پڕۆسەیە بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئامانج لێی گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی پێی دەگوترێت “میساقی میللی”. لەم ڕاپۆرتەمدا هەوڵ دەدەم ئەم بانگەشەیەم پشتڕاست بکەمەوە.

تورکیای بێ تیرۆریان پڕۆسەی ئاشتی

ئێستا باسێکی گەرم لە ناوەندە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەیە سەبارەت بە پڕۆسەیەک،  کە ناونراوە “تورکیای بێ تیرۆر”. بەڵام هیچ پێناسەیەکی دیاریکراوی فەرمیی نییە، بەڵکوو گوتارێکی سیاسییە. وا دیارە باخچەلی، سه‌رۆكی پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌پەرستیی توركیا (مەهەپە)، دایڕشتبێت. لە چوارچێوەی گوتاری سەرکردەکانیشدا چالاکە، وەکوو وتارەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیا؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی (میت)؛ هەروەها یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا.

تاکە نووسراوی فەرمی لە بارەی تیرۆرەوە، یاسای دژەتیرۆری تورکیایە. دەوڵەتی تورکیا هەمیشە شەڕی دژی پەکەکە و ڕێکخراوەکانی دیکەی دژبەری حکوومەتی وەکوو “شەڕی دژی تیرۆر” و “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” ناوزەد کردووە. تەنانەت ئۆپەراسیۆنەکانی گرتنی عەفرین و ناوچەکانی دیکەیشی وەکوو “ئۆپەراسیۆنی دروستکردنی پشتێنەی دوور لە تیرۆر” و “ناوچەی بێ تیرۆر” ناوزەد کردووە.

ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی “پارتی کرێکارانی کوردستان” (پەکەکە) و پەکەکە وەک حیزب ناوێکی دیکەیان لەم پڕۆسەیە ناوە، ئەوان پێی دەڵێن: “پڕۆسەی ئاشتی”. ئەمەش لەگەڵ چەمکەکەی دەوڵەتی تورکیا یەک دەگرێتەوە، چونکە نەهێشتنی تیرۆر، واتە دابینکردنی ئاشتی. وا دیارە ئامانج لەم پڕۆسەیە گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی پێی دەگوترێت “میساقی میللی”.

میساقی میللی چییە؟

میساقی میللی ناوی بڕیارنامەیەکی شەش خاڵییە. دوایین پەرلەمانی خەلافەتی عوسمانی لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ پەسەندی کرد. ئەم بڕیارنامەیە سنوور و پاوانی تورکی دیاری دەکرد. وەکوو پەیمانێکی نەتەوەیی تورکیا دەبینرێت. خودی دەستەواژەی “میساقی میللی”ش واتە بەڵێنی میللی.

ئەم بڕیارنامەیە ڕاستەوخۆ ناوی کورد ناهێنێت. بەڵام ئەمە دەقی خاڵی یەکەمیەتی، کە بەشێکی زۆری کوردستان دەگرێتەوە: “ئەو بەشانەی دەوڵەتی عوسمانی، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی زۆرینە عەرەب تێیاندا نیشتەجێیە و لە کاتی مۆرکردنی ئاگربەستی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨دا، کەوتبوونە ژێر داگیرکاریی سوپاکانی دوژمنەوە، پێویستە چارەنووسیان بە گوێرەی ئەو دەنگ و ویستە دیاری بکرێت،  کە دانیشتووەکانی بە ئازادانە دەری دەبڕن. بۆیە سەرپاکی ئەو بەشانەی لە ناوەوە و دەرەوەی هێڵی ئاگربەستە ئاماژەپێکراوەکە دان، کە زۆرینە موسڵمانی عوسمانییان تێدا نیشتەجێیە و هاودین و هاوچاند و هاوئامانجین و پڕین لە ڕێز بەرانبەر یەکتر و قوربانیدان بۆ یەکتر، بە تەواوی ڕەچاوی مافە ئیتنیکی و کۆمەڵایەتییەکان و بارودۆخی ژینگەیی خۆیان دەکەن، چ لە ڕووی واقیعی و چ لە ڕووی یاساییەوە بە هیچ شێوەیەک جیابوونەوە قبوڵ ناکەن و یەک پارچەی دانەبڕاون”.[١]

ئەگەرچی ئەو دەقە زۆر دیاریکەر نییە، بەڵام لێکدانەوەکان دەڵێن، کە مەبەست لە “ئەو پاوانانە” ئەم شوێنانەن: تەواوی ئەو خاکەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن دەوڵەتی تورکیا (ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست و باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای ئەناتۆلیا)، لەگەڵ موسڵ و کەرکووک (باشووری کوردستان)

کوێ و کەی؟

پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” لە ٢٠٢٣وە دەستی پێ کرد. بە دیاریکراوی لەو کاتەی باخچەلی بۆ یەکەم جار دەستی بۆ تەوقە لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی دەم پارتی ڕاکێشا. پاشان لە وتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: “با سەرکردەی تیرۆر (عەبدوڵا ئۆجەلان) بێت و لە پەرلەمان تیرۆر هەڵبوەشێنێتەوە”.

بە ڕوواڵەت وا دیارە “تورکیای بێ تیرۆر” تەنها تورکیا بگرێتەوە. بەڵام باخچەلی و ئەردۆگان لە پاڵ “تورکیای بێ تیرۆر”دا دەستەواژەی “ناوچەی بێ تیرۆر” و “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بێ تیرۆر” بەکار دەهێنن. لە کاتی هێرشەکانی حکوومەتی ئەحمەد شەرع بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و ڕۆژئاوای کوردستان، دەستەواژەی “سووریای بێ تیرۆر”یان بەکار دەهێنا. لە کۆتایی هێرشەکانیشدا ئەردۆگان لە وتارێکدا وتی: “موبارەک بێت، بۆ هەمیشە تیرۆرمان لە ناوچەکەدا بنەبڕکرد”. واتە بوونی قەوارەی کوردی بە تیرۆر دادەنرێت.

کەسایەتییەکانی وەکوو مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە چەمکی “پڕۆسەی ئاشتی” بیری لێ دەکەنەوە. گوتوویانە: “ئێمە پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەین، کە تیایدا کێشەی کورد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، نەوەکوو بە چەک”. واتە دەستەواژەی “تورکیای بێ تیرۆر” بە کار ناهێنن.

کێ بەشدارە؟

بکەرە سەرەکییەکانی “تورکیای بێ تیرۆر” ئەمانەن: دەوڵەت باخچەلی و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و شوێنکەوتەکانی ئەردۆگان، وەکوو هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن و یەشار گولەر. بەرپرسانی قەندیل‌ـیش چەندین جار ئاماژەیان بەوە داوە، کە ئۆجەلان هەموو گفتوگۆکان دەکات و ئەمان زۆر ئاگادار نین. واتە ئۆجەلان یەکێکە لە بکەرەکانی ناو پڕۆسەکە. هەر چۆنێک بێت، گرنگترین پەرەسەندن و لێکەوتە و کاریگەرییەکانی “تورکیای بێ تیرۆر”، لە دەستپێکی پڕۆسەکەوە تاوەکوو ئێستا (ئایاری ٢٠٢٦)، ئەمانەن:

١. ساڵێکە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان وەستاون.

٢. پەکەکە بە یەکجاریی لە خاکی تورکیا و سنووری تورکیا کشاوەتەوە.

٣. ڕووخانی قەوارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاڤای کوردستان)، کە بەهۆی پەیام و نامەکانی ئۆجەلان دژی هێرشەکانی ئەحمەد شەرع شەڕ نەکرا.

٤. کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە، کە تیایدا خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت. وەکوو کردەیەکی هێمایی، هەندێک لە گەریلاکان و هاوسەرۆکی کەجەکە (بەسێ هۆزات) لە مەڕاسیمێکدا لە جاسەنە (نزیک دوکان لە باشوور) چەکیان سووتاند.

کەوانی گۆڕانکارییەکان

دەتوانین کەوانی پەرەسەندنی پڕۆسەکە بە سێ وتەی ئۆجەلان دیاری بکەین.

پێش پڕۆسەکە، ئۆجەلان لە پەڕتووکی “داستانی ژیانەوە”دا، هۆشداریی لە بارەی ئەم نەریتەی تورکەکانەوە داوە، کە لە کاتی تەنگانەدا بە کورد خۆیان دەپارێزن، لەوێدا دەڵێت:

“ساڵی ١٩١٧ (مستەفا کەمال ئەتاتورک) وەختێک لە دیاربەکر و سیلوان بوو، جلی کوردیی لەبەر دەکرد و لە کچانی کورد نێزیک دەبووەوە. بەسەرهاتێکی ئەو هەیە لەسەر خواستنی کچی پیاوماقووڵێک. لێرەوە ئەم دۆخەی خوارەوە بە ئەنجام دەهێنین. ئەو کاتە مەترسیی ئەوە لە گۆڕێدا بوو سەرتاسەری تورکیا دووچاری داگیرکردن ببێت. ئەگەر هەموو تورکیا لە دەست چووبایە، مستەفا کەمال دەبووە مەلیک یان موڵکدارێکی کورد. تا ئێستاش چەند وێنەیەکی ئەو لەوێ هەن دەستی چەند مەلایەک و سەرۆک خێڵێکیان تێدا ماچ دەکات. لەوێ چەندەها کۆبوونەوە و کۆنگرەی لە سیواس و ئەرزەڕۆم ساز دا. سەرباری ئەو نامە و بانگەواز و ڕاگەیاندنانەی کە ئاراستەی پێشەوایان و پیاوماقووڵانی کوردی کردن و تێیاندا دەڵێت: ‘با ئێمەی کورد و تورک پێکەوە دژی دوژمنی هاوبەش بکەوینە خۆ’. ڕاگەیاندنی گشتیی ئەماسیاش هەیە. گرنگ ئەوەیە مستەفا کەمال ئەم نەریتە مێژووییە و ئەم ئارەزووەی هەیە بۆ ڕزگارکردنی ڕاستی تورک و ڕێبەریکردن و ڕێنوێنیکردنی. ئەمەش نەریتێکی یەکجار ترسناکە. جارێکی دیکەش بۆ کوردستان گەڕاوەتەوە و سووربووە لەسەر هاوپەیمانەتیکردن لەوێ. لەوەدا لەو سوڵتان سەلجووقە دەچێ کە سووربوو لەسەر گەیشتنە دەرگاکانی بەغدا و لە سوڵتان سەلیم یاوزیش دەچێ، کە ویستی بگاتە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ و گەلەکەی تێدا جێنشین بکات. ئەمەش بەڵگەی دەستبەستەیی و سەرنەکەوتنە و لایەنێکی گرنگیشە. ئەم نەریتە سێ کەڕەت لە مێژووی تورک دا دووپات دەبێتەوە و نێوانی هەردوو کەڕەتێکیش نێزیکەی پێنج سەد ساڵە. لە هەر سێ کەڕەتەکاندا پشت بە کورد دەبەستن و بەو ڕێککەوتن و پەیمانانەی کە لەگەڵ پێشەوایانی کورد دا مۆریان دەکەن، دەگەنە ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکانیان و کردنەوەی گرێکوێرەکانیان تا مەترسییەکەیان لەسەر لادەچێت و بە پشتئەستووربوون بە کورد ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لە مەینەتییان دەدۆزنەوە. لە سەردەمی مستەفا کەمال دا، ئەمە ڕوویدا. هەموو بەڵگەنامەکان هەن و لەبەر دەستتان و ئەمە مەسەلەیەکی ئاشکرایە و نکۆڵیی لێ ناکرێت”.[٢]

دوای دەستپێکی پڕۆسەکە: ئۆجەلان لە بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا گوتی: “ئێمە خەریکی خۆدووبارەکردنەوەین” و دەوڵەتی سەربەخۆ و فیدرالی و خۆبەڕێوەبەریی کارگێڕی و مافی کولتوورییشی بۆ کورد ڕەت کردەوە. ئەمە دەقی گوتەکەیەتی:

“دەوڵەت-نەتەوە جیاجیاکان و فیدراسیۆن و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کولتوورییەکان، کە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆجیای کۆمەڵگەیەکی مێژوویی”.

ئێستا: لە ڕاگەیەنراوەکەی ٣١ی ئاداری ٢٠٢٦ی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)دا ئۆجەلان نووسیویە: “ئێمە کێشەمان لەگەڵ کۆماری تورکیا دا نییە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە، کە کۆمار دیموکراسی نییە. دیموکراسی تاکە چارەسەرە، کە بەهێزبوونی کۆمار دابین دەکات”. واتە:

  • ١٩٩٤: ئەگەر تورک مەترسیی لەسەر بێت، دەڵێن “با ئێمەی کورد و تورک پێکەوە دژی دوژمنی هاوبەش بکەوینە خۆ”. تاوەکوو مەترسییەکەیان لەسەر لادەچێت و بە پشتئەستووربوون بە کورد ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لە مەینەتییان دەدۆزنەوە.
  • ٢٠٢٥: سەربەخۆیی و فیدرالی و خۆبەڕێوەبەریی کارگێڕی و مافی کولتووریمان ناوێت.
  • ٢٠٢٦: کێشەمان لەگەڵ کۆماری تورکیا دا نییە.

گرنگی پڕۆسەکە

پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بۆ تورکیا و پەکەکەش گرنگە. بۆ تورکیا: ئاساییش و یەکپارچەیی خاکی تورکیا دەپارێزێت. بۆ پەکەکە: لە قووڵایی باوەڕیاندا دژی قەوارەی کوردین، چونکە بە مۆدێرنەتەی دەزانن و ئەوان دژی مۆدێرنەتەن.

ئێستاکانیش کە تورکیا بەرەو نیۆ-عوسمانی دەچێت، پەکەکەش هەر دژی مۆدێرنەکردنی تورکیا دامەزراوە. بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیەم، (کە پەکەکە دژی مۆدێرنەکردنی تورکیا دامەزراوە)، بگەڕێوە بۆ لێدوانەکانی جەمیل بایەک لەسەر کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە. ئێستا تورکیا خۆشی بە دیدێکی ئیسلامییەوە دژی مۆدێرنەکردنی تورکیایە، وەکوو چۆن ئەردۆگان دەڵێت: “خاکەکەمان لەت کراوە. خاکەکانی عوسمانیمان لێ سەندراوە”.

لە ڕووداوە هەنووکەییەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل و ئەمریکا دا دەردەکەوێت، پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بۆ پاراستنی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا چەندە گرنگە. ئیتر ئاوها ئامانجی پەکەکە و ئامانجی تورکیا یەک دەگرێتەوە. پڕۆسەکە بۆ هەردووکیان گرنگە و دژی ناسیۆنالیزمی کوردستانییە.

کاریگەریی درێژخایەن

کاریگەریی درێژخایەنی پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ئەوە دەبێت، کە هەرێمی کوردستان لاواز دەکات. ڕەنگە وا بکات هەرێمی کوردستان بکات بە دوو پارێزگا (وەکوو دوو ویلایەت)، نەک وەکوو قەوارەیەکی یەکگرتوو و خاوەن یەک بەرژەوەندیی هاوبەش بمێنێتەوە، کە ئەویش بەرهەمی گیانی نەتەوەیی کوردە.

خودی سیستەمی ئیمپراتۆریەتی، کە تورکیا دەیەوێت بۆی بگەڕێتەوە، لە کۆمەڵێک ویلایەت پێک دێت. تیایدا دەسەڵات بەسەر والی و پارێزگادا دابەش دەکرێت.

لەم پڕۆسەیەدا، شنگال و مەخموور و کەرکووک گرنگییەکی زۆریان هەیە. چونکە تورکیا دەیەوێت خۆی، یان کەسێکی سەر بە تورکیا تیایاندا دەسەڵاتدار بێت. لەوانەیە تورکیا لە مەودای درێژخایەندا کوردەکان بۆ دژایەتیی ئیسرائیل بەکار بهێنێت، چونکە پێی وایە، کوردەکان شیاوێتیی ئەوەیان تێدایە، کە ئیسرائیل دژی تورکیا بە کاریان بهێنێت.

پاشخان

یەکەم هەوڵی ڕژدی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەیشتن بە “چارەسەر”ی “کێشە”ی کورد لە تورکیا دا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٣. ئەو کاتە تۆرگۆت ئۆزال سەرکۆماری تورکیا بوو. بەڵام بەهۆی مردنە تەمومژاوییەکەی ئۆزال، پڕۆسەکە شکستی هێنا.

ئەردۆگان لە ٢٠٠٥ لە وتارێکیدا لە شاری ئامەد بە دروشمی “کێشەی کورد کێشەی منە” یەکەم هەنگاوەکانی بەرەو “پڕۆسەی چارەسەری” نا. بەڵام تاوەکوو ٢٠٠٩ هەر وا بە کراوەیی مایەوە. ئیدی لەو ساڵەدا بە شێوەی نافەرمی کەوتەوە هەنگاونان بەرەو “پڕۆسەی چارەسەری”. چەندین کۆبوونەوە لەنێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیادا کران. تاوەکوو ٢٠١٥ درێژەی کێشا، کە بە “پڕۆسەی ئۆسلۆ” ناسراوە. لە ٢٠١٢وە پڕۆسەکە بوو بە فەرمی. ئەردۆگان، کە ئەو کاتە سەرۆکوەزیران بوو، ٣٤ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان و ٣ منداڵی لە کەمپی مەخموورەوە لە ڕێگەی خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل گەڕاندەوە بۆ باکووری کوردستان. وەکوو دەربڕینی نیازپاکیی خۆی بەرانبەر “پڕۆسەی چارەسەری”. بەڵام پڕۆسەکە لە دوای ٢٠١٥وە دیسان شکستی هێنا. چونکە لە شاری نوسەیبین شەڕی خەندەقەکان هەڵگیرسا.

دەوڵەت باخچەلی هەر لە سەرەتاوە تاوەکوو ٢٠٢٣ سەرسەختانە دژایەتیی ئەم پڕۆسەیەی دەکرد. لە وتارەکانیدا دەیگوت: “ئەمە درێژەپێدەری پڕۆسە ئیسڕائیلی‌ـیەکەیە، کە دەیانەوێت کوردستانێکی گەورە دروست بکەن”. دەشی گوت: “ئامادەین پەنجا ساڵی دیکە لە شاخ بمێنینەوە و بجەنگین، بەڵام ئامادەی ئەم پڕۆسەیە نین”.[٣] باخچەلی لە درێژەدا دەیگوت: “ئەوانەی لەگەڵ تیرۆریستان لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن، ئەوانەی لە برۆکسل دەبنە ئەورووپی، لە یەریڤان دەبنە ئەرمەنی و لە هەولێر دەبنە پێشمەرگە، ناتوانن لە ئێمە تێ بگەن. ئەو سەربازانەی (محەمەدچیک)، کە لەسەر سنوورەکان ئێشک دەگرن، ئەوانەی شکۆیان بریندار کراوە و هەستیان شکێنراوە و شایەتی خیانەت بوون؟ ئەو شەهیدانەی لە پێناو نیشتماندا کەوتوونەتە سەر خاک و چاوەڕێی دەنگێکن. هەموو ئەوانەی چاویان بڕیوەتە تورکیاکەمان: یۆنانی و ئەرمەنی و پێشمەرگە و عەقڵییەتی خاچپەرستی و بکوژی موسوڵمانان و دوژمنی تورک و قەسابەکانی مرۆڤایەتی، هەموویان لە پشتی حکوومەتەوە ڕیز بوون. ئەوانەی دەیانەوێت تۆڵە لە گەلەکەمان و جوگرافیاکەمان بکەنەوە، لە پشتی سەرۆکوەزیرانەوە [ئەردۆگان] سەرەیان گرتووە”.[٤]

هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانەوەی پڕۆسەکە لە ژێر ناونیشانی “تورکیای بێ تیرۆر”، ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و پێشهاتەکانی دوای ئەوە و گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. حکوومەتی بەعسی سووریا ڕووخا و زەمینەی دروستبوونی هەرێمی ڕۆژاڤای کوردستان دەرکەوت. ئەمەش لە ڕوانگەی تورکیاوە بە مەترسییەکی ئاشکرا لەسەر یەکپارچەیی خاکی تورکیا دادەنرێت. چونکە تورکیا پێی وایە، دروستبوونی قەوارەیەکی دیکەی کوردی هانی کوردانی ناو سنووری تورکیا دەدات بەرەو دامەزراندنی کوردستانێک لە خاکی باکووری کوردستان، کە دەکەوێتە سنووری جوگرافیی تورکیاوە.

لێدوانە فەرمییەکان، پشتڕاستی چی دەکەنەوە؟

١. بەڵگەنامەی ئەمریکی لەسەر تۆقینی تورکیا لە کوردستان.

 لە ڕاپۆرتە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دا، بە ئاشکرا باس لە تۆقین و بێ ئۆقرەیی تورکیا دەکات هەم لە دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردستانی، هەم لە دروستبوونی کوردستانی گەورە. واتە تورکیا هەستیاریی بەرانبەر قەوارەی کوردستانی دەرەوەی سنوورەکانی خۆشی هەیە، چونکە کار دەکاتە سەر ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی تورکیا. یەکێک لەو ڕاپۆرتانە کە لە ١٩٧٢دا نووسراوە، دەڵێت: “تورکەکان زۆر توند هەستیارن بەرانبەر هەموو دەرکەوتنێکی ناسیۆنالیستیی کوردی لەسەر سنوورەکانیان. سێ ملیۆن کورد، بە نزیکی نیوەی ژمارەی کوردانی هەموو جیهان لە تورکیا دەژین. ئەگەرچی کوردەکان زۆر بە توندی سەرکوت کراون و ئێستاکانێ پێیان دەڵێن “تورکی شاخی”، بەڵام هێشتا تورکەکان وەکوو هەڕەشەی زۆر ڕژد سەیریان دەکەن، بەوەی کە کوردەکان دەتوانن سەقامگیریی ناوخۆیی و یەکپارچەیی دەوڵەتی تورکیا تێک بدەن. ئەگەرچی تورکەکان خۆشیان نایەت لە ڕژێمی بەعس و هاوپەیمانێتییەکەی بەعسییەکان و سۆڤێت، بەڵام حکوومەتی تورکی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی کوردی لە بەعس زیاتر بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆتر لەسەر ئاشتی و ئاسایشەکەی خۆی دەبینێت. ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٧٠، کە ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆکی عێراق سەردانی ئەنقەرەی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دا لە بارەی کێشەی کوردەوە دواون (دەقەکە نهێنییە). تورکەکان لە بارەی خواستی کوردەکانەوە ئۆقرەیان لێ بڕاوە، کە لە کۆتاییدا کوردستانی گەورە دابمەزرێنن، کە خاک و خەڵکی نێو عێراق و ئێران و تورکیا لە خۆ بگرێت” (دەقەکە نهێنییە).[٥]

کە دەڵێم ڕاپۆرتەکە نهێنییە، واتە بەشی زۆری دەقەکە بۆ ئەو ساڵانە نهێنی بووە. ئێستا حکوومەتی ئەمریکا بەشی زۆری دەقەکانی ئاشکرا کردووە. لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی ئەمریکا دا بڵاوی کردوونەتەوە. بەڵام هێشتا هەندێک شوێنیان تێدایە، کە ئاشکرا نەکراون. لەو جێیانەدا لەنێوان دوو کەوانەی ئاوهادا [] نووسراوە: “[دەقەکە نهێنییە]”.

٢. لێدوانەکانی سەرکردایەتی پەکەکە

ئۆجەلان بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە: “لە نێو ئەو تاریکییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، پێویستە هەنگاو بەرەو سیناریۆی ئەرێنی بنرێت”. “بەهێزکردنەوەی برایەتیی تورک و کورد بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە”. واتە کوردەکان لەگەڵ تورکەکان دا “برایەتی” بکەن، نەک جیا ببنەوە و قەوارەی سەربەخۆ دابمەزرێنن.[٦] ئۆجەلان خوازیاری نوێکردنەوەی پەیمانی قەسری شیرین‌ـیشە. ئەوەش واتە فراوانبوونی دەسەڵاتی تورکیا و ئێران بۆ ئەو خاکانەی کە لە دوای شەڕی چاڵدێرانی ١٥١٤ی نێوان عوسمانی سەفەوی دا لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کرد. دەقی وتەکەی بەم جۆرەیە: “پێویستە پەیمانی قەسری شیرین‌ـیش نوێ بکرێتەوە. پەیمانی قەسری شیرین لە لایەن فیوداڵەکانی ئەو سەردەمەوە کراوە. لە پەیماننامەی لۆزان واژۆی پەرلەمانتارانی کوردی تێدایە. لۆزان بۆ کورد بووە بە نیوە، میساقی میللی‌ـیش هەر بۆ کورد بووە بە نیوە. ئەمڕۆ دەبێت ئەمانە بە ڕێگەچارە و ڕێبازی دیموکراتیک چارەسەر بکرێن و مافەکانی کورد بدرێن، دەکرێت لە نێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا سیستەمێکی کۆنفیدراڵی دیموکراتیک دابمەزرێت. دەتوانرێت ئەو دامەزراوانە دابمەزرێن، کە گەلان کۆ بکەنەوە”.[٧] ئۆجەلان لە جێیەکی دیکەدا دەڵێت: “ئێستا سەرقاڵی مەسەلەی ڕۆژاڤاین. بەڵام ئەم باسە کار دەکاتە سەر عێراق‌ـیش. بۆیە دەبێت یەنەکە [یەکێتی]، پەدەکە [پارتی] و کەجەکە بۆ داهاتوو باش ئامادە بن… پێویستمان بە چارەسەرێک هەیە. بەڵام چارەسەر بە پشتبەستن بە ئەمریکا و ئیسڕائیل بە دەست نایەت. هەموو کەسێک ناچارە بەشداری پڕۆسەی یەکێتیی نەتەوەیی بێت”.[٨] واتە دەڵێت: لە هەرێمی کوردستانیش هەڕەشەتان لەسەرە. نابێت بۆ چارەسەر پشت بە ئەمریکا و ئیسرائیل ببەستن. کەواتە مەبەستی ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان پشت لە ئەمریکا بکات و بچێتە ژێر سایەی تورکیا. بەو جۆرە خۆی بپارێزێت.

دووران کاڵکان، تورکیا گەمارۆ دراوە

دووران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئۆجەلان و سەرکردەیەکی پەکەکە، دوای بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ی ئۆجەلان، گوتی: “تورکیا گەمارۆ دراوە. ئەوە ئێران و تورکیا بوون، کە کرانە ئامانج. ئێستا ئێران کراوەتە ئامانج. ئەوکات نۆرەی تورکیا دەبێت. هێرش بۆ سەر ئێران بە دڵنیاییەوە دەبێت بە هێرشکردنە سەر تورکیا لێک بدرێتەوە”.[٩] بە ڕای ئەو، هێرشی ئێستا بەرەو ئێران، بە دڵنیاییەوە هێرشە بۆ سەر تورکیاش. لە درێژەی هەمان لێدوانیدا دەڵێت: “پێویستە تورکیا ئەم ڕاستییە بزانێت: هێرشەکانی ئێستا، هەروەها هێرشەکانی دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان پێ کردووە، واتە بۆ ئەم مەبەستەیە: دەیانەوێت هەموو ئەو پێکهاتە سیاسیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پشتیان بە یەکێتیی سۆڤیەت و شۆڕشی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ڕووسیا بەستبوو، هەموو لەناو ببەن”. لە لێدوانێکی دیکەیدا دەڵێت: تاکە ڕێگەی قبوڵکردنی ئازادیی کورد، دیموکراتیزەکردن و گۆڕینی کۆماری تورکیایە. داهاتووی تورکیا بە دڵنیاییەوە لێرەدایە. داهاتووی ئازاد و دیموکراتیک و مانەوەی تورکیا لێرەدایە. بەم مانایە هەر کەسێک ئازادی و هەبوونی کورد قبوڵ نەکات و کار بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا نەکات، مەبەستی ڕاکێشانی تورکیایە بۆ ناو ئەو سیناریۆە دوو بژاردەیە، کە باسم کرد. ئێمە لە ئێستادا، خەریکی بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییەین. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: “دەستپێشخەرییەکەمان دەستپێشخەرییەکە بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسییە.” بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە گشتیی بانگەوازێکە بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسییە. شەڕەکە لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوام دەبێت. ئێمە لەم گۆڕان و گۆڕانکارییەدا پێداگرین. هەرکەسێک لەم بوارەدا لەگەڵمان یەکگرتوو بێت، ئێمە بە دۆست و هاوپەیمانی دەزانین و هەرکەسێک دژایەتی بکات، هەر کەسێک بێت، ئێمە لە هەر ئاستێکدا ڕووبەڕووی دەبینەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەمە بەو شێوەیە لێی تێبگەن.[١٠] واتە ئەوەی پێی دەگوترێت “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، بۆ پاراستن و هێشتنەوەی کۆماری تورکیایە. واتە ئۆجەلان دەیەوێت تورکیا بپارێزێت.

بەسێ هۆزات و پەیمان ڤیان، دژایەتی پڕۆژەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان)، بە هەمان شێوەی دووران کاڵکان گوتی: “ئەمریکا و ئیسڕائیل و بەریتانیا پلانی تایبەتیان بۆ کورد هەیە. پلانی داڕشتنەوەی ناوچەکەیان دیاری کراوە. بەڵام سەرۆک ئاپۆ بڕیاری داوە وەڵامی بانگەوازەکەی باخچەلی بداتەوە”.[١١] پەیمان ڤیان، هاوسەرۆکی پژاک، بە ئاشکرا گوتی: “ڕوون و ئاشکرایە و هەموو کەس دەزانێت، کە پڕۆژەیەک هەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی بچووک لە ناوچەکە لە لایەن هێزە ئیمپریالیستەکانەوە”.[١٢]

ئۆجەلان: جێگرتنی کورد لەناو هەژموونی تورکیا دا

ئۆجەلان بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە، کە لە ئەنجامدا ئەو دەوڵەتەی کوردەکان بە دوایدا دەگەڕێن کۆماری تورکیایە. کورد لەگەڵ ئەم دەوڵەتەدا جێی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت و لە فۆڕمێکی دیموکراتیکدا کورد ڕێک دەخرێت.[١٣] واتە ئۆجەلان دەیەوێت کەیسی هەموو کورد ببرێتە ژێر هەژموونی تورکیا، نوێنەرایەتییەکەشی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێکخستنەکەشی لە ژێر دەسەڵاتی تورکیا دا بێت. لەم پەیوەندەدا، ئۆجەلان دەڵێت: “تەنها ڕێگر لە بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دا منم”. لەوەش ترسناکتر، ئۆجەلان گوتی: “سەرکردایەتیی هەسەدە بوونەتە حەشدی شەعبیی ئیسرائیلی”.[١٤] واتە ئۆجەلان دژی دروستبوونی قەوارەیەک بوو لە ڕۆژاڤای کوردستان، کە مەزڵوم عەبدی بانگەشەی بۆ دەکرد. هێلین ئومیت نموونەیەکی ئاشکرای ئەم هەڵوێستەی داوە، کە گوتی: “ئەگەر ئێمەی پەکەکە نەبووینایە، ئەمریکا لە ڕۆژاڤای کوردستان هەرێمێکی وەکوو هەرێمی کوردستانی عێراقی دروست دەکرد و دەیکردە درێژکراوەی دەسەڵاتی باشوور”.[١٥]

لە پەیامی ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦دا ئۆجەلان ئاماژەی بە “تێهەڵکێشکردنی کورد لە کۆمار دا” کردووە.[١٦] واتە پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” بە گوێرەی قسەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە و تورکیاش، تورکیا و سووریا و عێراق و ئێران و کوردی ئەورووپاش دەگرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئۆجەلان دەڵێت: “کورد بۆ ئیسڕائیل زۆر گرنگە، چونکە تێکچوونی هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە جیۆپۆلەتیکی کوردەوە. ئیسرائیل بێ جیۆپۆلەتیکی کورد ناتوانێت هەژموونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەبێت”.[١٣]

٣. لێدوانەکانی تورکیا

لە لاپەڕە ٢٧ی نوسخە تورکییەکەی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاریی نیشتیمانیی برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا دا، لە بەشی “ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی برایەتیی تورک و کورد و یاسای برایەتی”دا دەڵێت: “چارەسەری هەمیشەیی بەندە بە لەناوبردنی هۆکارە ڕیشەییەکانەوە. وەها پەسەندە، کە تەنیا هاووڵاتییە کوردەکانمان نین لە وڵاتەکەماندا (تورکیا) ، کە پەیوەندیی سۆزدارییان بەرەو تورکیایە، بەڵکوو ئەو کوردانەی دیکەش، کە لە دەرەوەی سنوورەکانماندا دەژیین، هەر پەیوەندیی سۆزدارییان بەرەو تورکیایە. مێژوو و کولتوور و شارستانێتیی هاوبەشمان بە ناچاری ویستی هاوبەشمان بۆ داهاتوو بۆ دروست دەکەن”. هەمان ڕاپۆرت، هەر وەکوو پەیامەکەی میساقی میللی، دەڵێت: “تورک و کورد خاوەنی هەمان جوگرافیان، هاووڵاتیی هەمان وڵاتن، سەر بە هەمان باوەڕن، میراتگری هەمان شارستانێتی و کولتوورن، گەلانی برا و هاوچارەنووسن، کە پێکەوە ژیاون”. هەر لەوێدا هاتووە، کە ئۆجەلان دەیەوێت کولتووری کوردی لەناو کۆمار (کۆماری تورکیا) دا جێ بکاتەوە، ئەمە بە دەوڵەمەندییەک دادەنێت و نایەوێت شرۆڤەی جیاوازی بۆ بکرێت. لە پرسی ئێران و پڕۆسەی تێهەڵکێشکردنیشدا (ئینتیگراسیۆن) ، ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاریی نیشتیمانیی برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات، کە دەستپێشخەرییەک پێویستە. دیالۆگ و ئاگربەستی پژاک لەگەڵ ئێران دا پێویستییەکی هەنووکەییە و دەبێت ئینتیگراسیۆن بۆ ئێران پێشنیار بکرێت. لە باسی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و سووریاـشدا هەمان ڕاپۆرت دەڵێت: “ئەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا دەیەوێت، بۆ سووریاش دەیەوێت”.[١٧]

ئۆجەلان هەر لە گفتوگۆکەیدا، لەگەڵ شاندی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، کە هەسەدە بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسڕائیل، لانی کەم سەد هەزار هێزی چەکداری هەیە و ئێستاکانێ فراوانتر بووە و ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

سەبارەت بە کۆنگرەی کورد-جوو لە ئەورووپا و شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر (وا دیارە ئۆجەلان نەیزانیوە، کە کۆڕبەندەکە لە دهۆک بووە، نەوەکوو هەولێر)، ئۆجەلان دەڵێت: “ئەمە مانای ئەوەیە، کە لەم کاتەی لە ئیمراڵی بەرەو چارەسەرێک هەنگاو دەنرێت، ئەوانیش لەوێ بەرەو چارەسەرێکی تر هەنگاو دەنێن”.

ئۆجەلان لە هەمان دیالۆگدا گوتی: “کۆڕبەندەکەی هەولێر و کۆنگرەکەی ئەورووپا لەژێر چاودێریی ئەڵمانییەکان بەڕێوە چوون. بە بڕوای ئەوان، کورد گەیشتووەتە ئاستی دامەزراندنی دەوڵەت. ئێستا تاکە بەربەست لەبەردەم ئەمەدا ئاپۆیە. من (ئۆجەلان) وەکوو ڕێبازێک، کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشنیاز دەکەم و ئەوان بە دوای دەوڵەتۆکەیەکی کوردەوەن”.[١٣]

ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیا، لە وتاری ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦دا بە ڕوونی گوتی: “سەرەتا تورکیای بێ تیرۆر، پاشان هەرێمی بێ تیرۆر”.[١٨] جگە لە خۆی، پێشتریش باخچەلی و ئۆجەلان و فیدان و ئەحمەد داودئۆغڵو و موراد قەرەیلان و سەلاحەدین دەمیرتاش و جەمیل بایەک پڕۆسەکەیان بۆ هەموو کورد دیاری کردووە. واتە بەستنەوەی هەموو کورد بە تورکیا.

٤. لێدوانی دژ بە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر

تەنیا لێدوانێک هەیە، کە تا ڕادەیەک بە ناڕاستەوخۆ دژی پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر دەوەستێتەوە، ئەویش بڵاوکراوەکەی بارەگای بارزانییە (٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥) کە گوتی: “وامان دەزانی خودا دەوڵەت باخچەلیی هیدایەت داوە و وازی لە ڕەگەزپەرستی هێناوە، بەڵام وا دیارە هێشتا گورگەبۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا”.

ئەنجام

ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر تیرۆرکردنی قەوارەی کوردستانییە. دەبێت هەموو کوردستانیان و تەواوی حیزبەکان باش بزانن، کە مەبەست لەم پڕۆسەیە تەنیا ناوخۆی تورکیا نییە. پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” پڕۆسەی نەهێشتنی قەوارەی ڕۆژاڤای کوردستان و هەرێمی کوردستان و هەموو ڕێکخراوێکی سیاسیی کوردستانییە، کە لەژێر ڕکێفی تورکیا دا نەبێت.

ڕاستییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە نزیکەی دە ساڵە تیرۆر و شەڕ (بەو واتایە) لە ناوخۆی تورکیا دا نەماون. کۆتا پێکدادانی گەورە بۆ ساڵی ٢٠١٦ و “شەڕی خەندەقەکان” دەگەڕێتەوە. کەواتە ئامانجی ئەم پڕۆژە نوێیە دەرەوەی تورکیایە.

هەم ئامانجی تورکیا و هەم ئامانجی ئۆجەلان و سەرکردایەتیی پەکەکە لەم پڕۆسەیەدا “نیۆ-عوسمانی” و “گەڕاندنەوەی خاکەکانی میساقی میللی”یە. واتە لابردنی هەر شتێکە، کە ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی لەسەر ئاساییشی تورکیا. چونکە هەموو قەوارەیەکی کوردی بە مەترسی لەسەر ئاساییشی تورکی دادەنرێت. بۆیە پێویستە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر لە ناوی ببات، بۆ ئەوەی تورکیا پارێزراو بێت.

بە ڕای من و سەرکردایەتیی تورکیایش پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بەشێک لە ئامانجەکانی بە دەست هێناوە. بۆ نموونە، یەکەم، توانیی قەوارەی ڕۆژاڤای کوردستان لە ناو ببات. دووەم، توانی چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکانی تورکیا بکشێنێتەوە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدەن. سێیەم، توانیی لە کاتی پشێوییەکانی ناوچەکەدا، هەم لە کاتی هێرشەکانی سەر ڕۆژاڤای کوردستان، هەمیش لە کاتی هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمریکا و ئیسڕائیل، تورکیا بە ئارامی بهێڵێتەوە. تاوەکوو گەیشتە ئەوەی عومەر چەلیک، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان و گوتەبێژی پارتەکە بڵێت: “[ئامانجی ئیسرائیل] هەوڵدانە بۆ گۆڕینی برا کوردەکانمان لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی ببنە بەکرێگیراوی پلانە پیسەکانی زایۆنیستیی ئیسرائیل. بەڵام برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێران نەچوونە ناو ئەم هاوکێشە شەیتانییەوە و بە ئاوەزێکی ساغ مامەڵە دەکەن و لە بەرەی ڕاستی مێژوودا ماونەتەوە”.[١٩]

پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” هەم پڕۆژەی چەككردنی پەکەکەیە، هەم پڕۆژەی وەرگرتنی “کورسیی نوێنەرایەتیی کورد”ـە لە جیهاندا. گەڕانەوەی هەژموون و دەسەڵاتی تورکیایە بۆ “خاکەکانی میساقی میللی”، واتە ویلایەتی موسڵ (باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان).

تورکیا دەیەوێت ئەو ڕۆڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیپلۆماسییەت و نوێنەرایەتیکردنی کورد لە جیهاندا هەیەتی، لێی بستێنێتەوە و بیدات بە تەڤگەری ئاپۆچی. ئەمەشی بۆ ئەوەیە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت. واتە کورد لە ڕێگەی ئەنقەرە‌ـوە پەیوەندی بە جیهانەوە بکات، نەوەکوو ڕاستەوخۆ لە هەولێر.

جگە لە هەموو ئەو بەڵگانەی لەم ڕاپۆرتەدا خستمنە ڕوو، بەڵگەیەکی دیکەش بۆ ئەم بانگەشەیەم دەهێنمەوە. دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حیزبەکەیدا (٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦) هۆشیاریی دا لەوەی کە ئیسرائیل دەیەوێت مەزڵوم عەبدی پەروەردە بکات، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی ڕۆڵی ئۆجەلان لەناو کورد دا. گوتیشی: “مەزڵوم عەبدی بێڕێز و ناڕاستگۆیە بەرانبەر سەرکردەی دروستکەری پەکەکە (ئۆجەلان). ئاراستە ناکرێت بە ئەو پەیامانەی لە ئیمراڵی‌ـیەوە بۆی دەچن”.[٢٠] واتە دەوڵەت باخچەلی دەیەوێت تورکیا لەم مەترسییە ئاگادار بکاتەوە.

لەم ئاگادارییەی باخچەلی، پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت، بۆچی تورکیا دەیەوێت کەسێک سەرکردەی کورد بێت، کە خۆی پێشتر بە تیرۆرست ناوزەدی کردووە و ئێستاش بە تاوانی تیرۆر گرتوویەتی؟ وەڵامەکە ئەوەیە، کە هەم ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتدا ڕێک کەوتووە، هەم مەزڵوم عەبدی لە هەولێر‌ـ‌ەوە پەیوەندی بە جیهانەوە دەکات، نەوەکوو لە ڕێگەی دیمەشق و ئەنقەرە. ئەمەش وا دەکات کورد ڕاستەوخۆ لە جیهاندا ڕۆڵ بگێڕێت و پەیوەندی دروست بکات. باخچەلی نایەوێت کەسێک نوێنەری کورد بێت، کە ئەنقەرە بە پایتەختی خۆی نەزانێت، بۆیە مەزڵوم عەبدی بە مەترسی دادەنێت. پاشان مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە دا، کە هیچ پۆستێکی فەرمی وەرناگرێت، تەنها کار بۆ دروستکردنی مەرجەعیەتێکی کوردی دەکات لەناو کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان. ئەمە واتە قسەکەی باخچەلی ڕاست بوو لە بارەی جێگرتنەوەی ئۆجەلان. واتە مەزڵوم عەبدی لەژێر فەرمانی ئۆجەلان دا نەماوە و بە پەیامەکانی ئۆجەلان ناجووڵێتەوە. نایەوێت تەسلیمی تورکیا ببێت.

پێشبینی

بە ڕای من تورکیا بە جیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بە جیا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا دادەنیشێت. واتە وەکوو یەک حکوومەت دانانیشێت لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەیدا، کە نوێنەری ویست و بڕیاری خەڵکی کوردستانن. تورکیا هەنگاوی لەم جۆرەشی ناوە. بۆ نموونە بە جیا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریدا دانیشتووە. بۆیە ئەگەری زۆرە لەمەودوا وەکوو حیزب مامەڵە لەگەڵ کورد بکات، نەک وەکوو حکوومەتێکی یەکگرتوو.

تێبینی: پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە و بەڵگەمەندکردنی: نەوا موکرجی و هیوا نەسرەدین.

سەرچاوەکان

١. میساقی میللی. پەرلەمانی تورکیا. ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠. ماڵپەڕی کۆمەڵەی مێژوویی تورکیا (Türkiye Tarih Kurumu) (٣ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

٢. داستانی ژیانەوە – گفتوگۆیەکە مامۆستا یاڵچین کوچووک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەدا کردوویەتی. لە چاپکراوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. ١٩٩٦ (کوردییەکە – ساڵی ١٩٩٤ چاپە عەرەبییەکەی بڵاو کراوەتەوە) (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.kurdipedia.org/files/books/2012/66263.PDF

٣. وتاری دەوڵەت باخچەلی لە بارەی پڕۆسەی چارەسەری لە کۆبوونەوەی حیزبەکەی خۆیدا. کەناڵی سی ئێن ئێن تورک. ٢٧ی تەممووزی ٢٠٠٩ (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

٤. ئاک پارتی ئەسپی ترۆیایە (AKP bir Truva atı). بڵاوکراوەی ماڵپەڕی حورییەت. ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.hurriyet.com.tr/gundem/akp-bir-truva-ati-12893148

٥. دۆسێی ئێران و عێراق، ١٩٦٩-١٩٧٢. بڵاوکراوەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ١٩٦٩-١٩٧٦، بەرگی ئی٤. نووسینگەی مێژوونووس، نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76ve04
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76ve04/d321

٦. ئۆجەلان: ئامادەم بۆ هەنگاونان بەرەو پرۆسەی چارەسەریی ئاشتی نێوان تورک و کورد. ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤. ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.dengiamerika.com/a/7917612.html

٧. ڕێبەر ئاپۆ: بە لۆزانی کۆمەڵایەتی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دیموکراتیزە دەبن. ناوی نووسەر بە سەرەپیتی ب. ج. نووسراوە. ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٥. ماڵپەڕی ڕۆژ نیوز (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

٨. İmralı görüşmelerinde Kürt partilerine birlik çağrıları (لە دانیشتنەکانی ئیمراڵی دا داوای یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی کردووە). ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٦. ماڵپەڕی ئاژانسی میزۆپۆتامیا (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.mezopotamyaajansi44.com/tum-haberler/content/view/303696

٩. دووران کاڵکان: پێکهێنانی ئاشتی پێویستی بە هەردوولا هەیە. ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥. ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی فورات (ئەی ئێن ئێف نیوز) (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://sorani.anf-news.com/%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/dwwran-kakan-pkhnany-yashty-pwysty-b-hrdwwla-hy-70169

١٠. دوران کاڵکان: پڕۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی هاوتەریبی هەردوولا هەیە. ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥. ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی فورات (ئەی ئێن ئێف نیوز) (٥ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://sorani.anf-news.com/%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/dwran-kakan-psk-pwysty-b-hngawy-hawtryby-hrdwwla-hy-69435

١١. چاوپێکەوتن لەگەڵ بەسێ هۆزات سەبارەت بە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥. کەناڵی کوردستان ئۆنلاین ڤیدیۆکەی بڵاو کردووەتەوە (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://t.me/KurdistanOnlineTV/13425

١٢. چاوپێکەوتن لەگەڵ پەیمان ڤیان سەبارەت بە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ٦ی شوباتی ٢٠٢٦. کەناڵی پژاک میدیا سەنتەر (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

١٣. ڕاپۆرتی گفتوگۆی ئیمراڵی لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و شاندی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا. بڵاوکراوەی پەرلەمانی تورکیا. ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.tbmm.gov.tr/Files/Komisyonlar/MilliDayanismaKardeslikDemokrasiKomisyonu/GORUSME_TUTANAGI.pdf

١٤. تێبینییەکانی ڕاپۆرتێکی ١٣ لاپەڕەییی کە دەقی دیدارێکی نێوان پەروین بوڵدان و ئۆزگور ئێرۆڵ و عەبدوڵا ئۆجەلان‌ـە، لە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥ لە ئیمراڵی ئەنجام دراوە. لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە هەیە (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراون). یەکەم (تورکی):

https://www.nefes.com.tr/yazarlar/aytunc-erkin/ocalanin-agzindan-sdg-israilin-hasdi-sabisi-42405 دووەم (کوردی):  https://darkamazi.net/sorani/archives/1043475 

١٥. PKK yöneticisi: Suriye’nin kuzeyinde Kürdistan Bölgesi gibi bir yapının kurulmasını PKK engelledi (سەرکردەی پەکەکە: پەکەکە ڕێگری لە دامەزراندنی قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان لە باکووری سووریا کرد). ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢. ماڵپەڕی کوردستان٢٤ (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.kurdistan24.net/tr/story/484514/slug

١٦. ڕاگەیەندراوی شاندی ئیمراڵیی پارتی دەم پارتی (DEM Parti) سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ لای ئۆجەلان لە ڕێکەوتی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦. ١٨ی شوباتی ٢٠٢٦. ماڵپەڕی فەرمیی دەم پارتی (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.demparti.org.tr/tr/basina-ve-kamuoyuna/22547

١٧. ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ڕاوێژکاریی نیشتمانیی برایەتی و دیموکراسی (MİLLÎ DAYANIŞMA, KARDEŞLİK VE DEMOKRASİ KOMİSYONU RAPORU). بڵاوکراوەی پەرلەمانی تورکیا. ١٨ی شوباتی ٢٠٢٦ (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.tbmm.gov.tr/Files/Komisyonlar/MilliDayanismaKardeslikDemokrasiKomisyonu/Komisyon_Raporu.pdf

١٨. وتاری ئەردۆگان لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦دا. لە کەناڵی کەی ئێن ئێن بڵاو کراوەتەوە (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

https://www.knnc.net/Details.aspx?jimare=65390

١٩. تویتێکی عومەر چەلیک لە دژی ئیسرائیل. ١٢ی نیسانی ٢٠٢٦ کاتژمێر ٩:٥٨ی بەیانی لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

٢٠. دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حیزبەکەیدا. ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦. کەناڵی ئیلکە تی ڤی ڤیدیۆکەی بڵاو کردووەتەوە (٢ی ئایاری ٢٠٢٦ بینراوە).

٢١. سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا. لە ئاژانسی ئەنادۆڵدا بڵاوکراوەتەوە.

https://www.aa.com.tr/ks/توركيا/سەرکۆمار-ئەردۆغان-سەردەمی-تیرۆر-لە-ناوچەکەمان-کۆتایی-پێهات/3804397

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO