نووسینێکم لە ماڵپەڕێکی عەرەبی بەرچاو کەوت بە ناونیشانی “کوردستان ئاوڕ لە کێشە پێکهاتەییەکانی خۆی ناداتەوە؛ بەبێ حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی کۆکەرەوە”. لە نووسینی سامان نوح، موچڕکێک بە لەشمدا هات. قسەی برادەرێکم بیرکەوتەوە، لە وتارێکی دەنگیدا دەڵێت؛ “با عەرەب فێری کوردی نەبن، چونکە نهێنییەکانمان دەزانن”، منیش پێم گوت، هاوڕێ نهێنییەکانمان هان لەناو میدیای عەرەبی، ببوون بە بنیشتە خۆشەی نەدیتەکانی بەغدا. تۆ باسی چی دەکەیت. ئینجا کاک سامان بەردەوام دەبێت و دەڵێت؛ “ساڵانێکە کوردستان وازی لە کێشە بنەڕتییە گەورەکانی خۆی هێناوە، پێ دەچێت، وازهێنانێکی ئەبەدی بێت لە چاوەڕوانی چارەنووسێکی نادیار و دەیەوێت لە دەرەوە بێت”، ئینجا وەرە شەرم دات نەگرێت. خۆ ڕاست دەکات، نەتەوەیەک تەنیا لە باشووری نیشتمانە دابەشکراوەکەی؛ بە زیاتر لە دوو سەد هەزار قوربانی، بە تۆڕێک لە دوژمنی هەرێمی و داگیرکراو لە لایەن چوار دەوڵەتی بێ ویژدان و جینۆسایدکارەوە بێت، تۆش بتوانیت لە پێتەختی دگیرکەردا سازش بۆ هەجەر و گوجەرەکانی دگیرکەر بکەیت، بەڵام لەناو ماڵی خۆتدا لەسەر چەند دەسەڵاتێکی وەهمی، وەهمی بە مانای هێشتا جڵەوی تۆ بەدەست داگیرکەرەوەیە، بکەویتە مشتومڕ و خۆت بیر بچێت، جێگەی شەرمە، بەو پاشۆڵە داڕماوە خۆتان و نەتەوەکەتان ببەنە ناو مێژوو.
بۆچی لە چاوەڕوانی گۆدۆدا؟ ناونیشانەکە ناوی شانۆنامەیەکە، لە لایەن نووسەری ئێرلەندی “سامۆیل بێکێت”ەوە نوسراوە، یەکێکە لە دیارترین بەرهەمە بێ واتاکان و لە دەقە شانۆییە بێ ماناکان. پوختەی دەقەکە دەربارەی دوو کەسایەتییە بە ناوەکانی ڤلادیمێر و ئێستراگۆن، لە تەنیشت درەختێکی وشکهەڵاتوودا وەستاون، چاوەڕوانی کەسێک دەکەن بەناوی گۆدۆ، بەڵام گۆدۆ هەرگیز نایەت.
وەکوو خەون بیرم دێت، کە دوای نسکۆی 1975 ئاوارە بووین بۆ ئێران، لە ئۆردوگایەک گیرساینەوە بەناوی “بەهرام”، لە نزیک ئەهواز. من ئەو کاتە هەشت نۆ ساڵێک دەبووم. ئێوارەیەک لەگەڵ هاوڕێیەکم یاریمان دەکرد، قەڵەباڵغییەکم بینی، ئێمەش بەرەو قەڵەباڵغییەکە ڕۆیشتین. خەڵکێکی زۆر دەوری سەکۆیەکییان دابوو، دوو کەسیش لەسەر سەکۆکە وەستابوون، یەکێکییان لەسەر چۆک خۆی نوشتاندبووەوە و دەموچاوی و دەستەکانی بەرەو ئاسمان بەرز کردبوونەوە و هاواری دەکرد “گۆدۆ، گۆدۆ” چاوەڕوانی تۆین. کەسەکەی دیکەش بەپێوە ڕووی لە ئاسمان بوو و بەبێ دەنگی و چاوەکانی ئەبڵەق بوون و وەکوو بتێک وەستابوو. لەوساتەوە “لە چاوەڕوانیی گۆدۆ دا” لە یادەوەری من جێگیر بوو و بوو بە پرسیار و دەبێت گۆدۆ کێ بێت.
دوای ساڵانێک لە ئاوارەیی و ئەو شار و ئەو شار، زانیم مەبەست و پەیامی سەرەکی ئەو چاوەڕوانییە، بیرۆکەیەکی فەلسەفی قووڵە. بیرۆکەکە چەند سەرەدەردییەکمان بۆ دەگێڕێتەوە، لەوانەش:
یەکەم، بێ واتایی ژیان. هەموومان دەزانین ژیان ڕاستە پڕە لە یادەوەری، بەڵام خودی ژیان بریتییە لە ئێستا، دێت و دەڕوات، بەو هۆیەشەوە پڕە لە چاوەڕوانی، بۆ شتێک کە ڕەنگە هەرگیز ڕوونەدات. مرۆڤەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن مانا بۆ ژیان بدۆزنەوە، بەڵام گەردوون بێ دەنگە و هیچ وەڵامێک ناداتەوە. ئێوەی سەرکردە چاوەڕوانی چین، داگیرکەر بتان کات بە شا. مەگەر شاعیر ناڵێت؛ “نایکەمە سەر خۆم بە دەستی موددەعی تاجی شەهی؛ قەت بە ئەمری دوژمنانم نامەوێت فەرمانڕەهی”. ئێوەی سەرکردە، کە شتێکتان لێ دەرچووە، بەهۆی ئەو نەتەوە پەرێشانەوە شتێکن و دوژمن نرخ و بەهایەکتان بۆ دادەنێت. ئەگەر هەر خۆتان و ماڵباتتان بن، لە پێتەختی ئەوانیش بن، گوللـەیەکیش بە ئێوەی دابڕاو و بێ نەتەوە سەرف ناکات.
دووەم، گۆدۆ کێیە؟ ڕۆماننووسەکە (بێکێت) بە مەبەست هیچ پێناسەیەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ گۆدۆ دانەناوە، بۆ ئەوەی هەر خوێنەرێک یان بینەرێک بەپێی تێگەیشتنی خۆی شیکردنەوەی بۆ بکات. گۆدۆ دەکرێت هێما و سیمبۆڵێک بێت. دەکرێت “خودا” یان “ڕزگارکەر”ێک بێت و لە چاوەڕوانی هێزێکی غەیبیدا بێت، ڕۆژێک بێت و لە ڕەنج و ئازارەکان ڕزگارمان بکات. دەکرێت دیاکۆیەک بێت، خێڵە وێڵ و دوژمندارەکان کۆ بکاتەوە و ئیمپراتۆرییەک دروست بکات و کۆتایی بە ئاوارەییمان بهێنێت. دەکرێت هیوایەک یان ئامانجێک بێت، یەکگرتن و سەروەری نەتەوەییمان بۆ بهێنێت و گۆڕانکاری لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەریماندا بکات، کە ساڵانێکی درێژە “مووچە”ی لێ کردووین بەو کابووسەی نە دێت و نە نایەت. بۆیە، ڕۆژانە لە ڕاکردنداین بۆ داهاتوویەک هەر نایەت. نوێنەر دەنێرین بۆ بەغدا و “مووچەمان” بۆ ڕێک بخەن، بەڵام هەر ناگەن. نە دیارە بێنەوە و نە دیارە بگەن. خۆ لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ماددەی (140)دا هەر بگەڕێ. ئەوەیان “گۆدۆ”یەکی دیکەیە و باسکردنی بووە بە عەیبە.
سێیەم، پڕوپووچی و کات، خاڵێکی دیکەن لەو چاوەڕوانییەدا. بەرپرسەکان بۆ ئەوەی کات بکوژن و هەست بە بێزاری و پڕوپووچی نەکەین (ماڵیان ئاوا)، لە میدیادا دەردەکەون، باس لە کۆبوونەوەی لوتکە دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەر ڕێک (فلادیمێر و ئێستراگۆنن). ئینجا میدیاکار دەپرسێت. ئەرێ بەڕاست، کەی بڕیارە کۆببننەوە؟ پەیامنێریش دەڵێت؛ هێشتا دیاری نەکراوە، دەکرێت سبەی بێت، یان هەفتەی داهاتوو، چونکە دووبەیانی پشووە و سێبەیانیش هەینی. ئەوجارە بە ئومێدەوە پاڵدەدەینەوە و “نەجار بنوو بێ خەم و خەیاڵ خوا یەکە و دەرگا هەزار”. لە هەفتەی داهاتوو یەکێک لە تارانە و ئەوی دیکەش لە بەغدا، بێکەسیش لەوساتەوە 27 ساڵە “لە چاوەڕوانی گۆدۆ”دا، هەر دەڵێت:
“گوناهم چی بوو بەو دەردەت بردم بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم”
چوارەم، ترس لە بێ تۆیی و لە تەنهایی و لە دوژمن، وا لە “فلادیمێر” و “ئێستراگۆن” دەکات، ماوە ماوە لە یەکدی بێزار ببن و باس لە جیابوونەوە بکەن، ئەویان دەڵێت لیستی مووچە بە سەربەخۆیی دەنێرین بۆ بەغدا، ئەوی دیکەش دەزانێت هەر وا ئاسان نییە، بێ دەنگ و قڕوقەپی لێ دەکات. هەرچەندە خۆیان جیان، یەکێک لەو زۆنە و ئەوی دیکەش لەو زۆنە، لەگەڵ ئەوەش خەڵکی بووە بە جیسکەکەی هەیاس، نە ئەوەتا واز لەیەکدی بێنن، نە ئەوەتا بتوانن بەیەکەوە کۆببنەوە و وەکوو هەموو دەوڵەتمەدارانی دنیا و وەکوو یەکێک لەو سیستەمە پێشکەوتوو و پاشکەوتووەکانی دونیا، کۆ ببنەوە. ئاخر منێک کە هەموو ژیانم لە ئاوارەییدا بووە، ناوێرم سەر بڵند بکەم، نەبادا جارێکی دیکە، گۆدۆ نەیەت و لە دەست داگیرکەری خوێنڕێژ ئاوارەی ئێران ببمەوە.
پووختەی قسان، “لە چاوەڕوانی گۆدۆدا”، ئەو پانتاییە پڕ لە ئومێدەیە ڕۆژێک بێت و سەردارەکان ببن بە مرۆڤی هاوچەرخ، واز لە داگیرکەر بێنن. پێکەوە مشوورێکی خەڵکی خۆیان بخۆن و دڵنیابن لەوەی گۆدۆ هەر نایەت. تەمەن وا دەڕوات و ئێمەش بەر لە ئێوە. لە خەفەتی ئێوە سەر دەنێینەوە، دڵنیابن ئەگەر دە ساڵێکیش زیاتر لە ئێمە بژین، ئێوش هەر بەدواماندا دێن و “گۆدۆ”ش هەر نایەت و خۆمان خۆمان ڕزگار نەکەین، کەس ڕزگارمان ناکات.


