سیاسەتی تەعریب ستراتیجیەتێکی سیاسیی حکوومەتەکانی عێراق بوو، نەک ڕژێمێکی دیاریکراو بۆ نموونە بەعس، کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک داڕێژرا بوو بۆ گۆڕینی دیموگرافیا و ناسنامەی ناوچە پلان بۆ دانراوەکان، ئەویش بە دەرکردنی کوردەکان و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردەکراو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق (ناوەڕاست و باشوور زیاتر) لە جێگەی کورد. تەعریب و ڕاگواستن و چۆڵکردن بەرنامەیەک بووە کە سێ جۆر ناوچەی کردبووە ئامانج: یەکەم، ناوچە سنوورییەکانی عێراق و تورکیا و سووریا. دووەم، ناوچە نەوتییەکانی پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێر و نەینەوا. سێیەم، ئەو ناوچانەی کە ڕژێمەکانی عێراق ناویان لێنابوون ناوچە ستراتیجییەکان، وەک قەزاکانی خانەقین و مەندەلی و شێخان و تەلکیف و تەلەعفەر و شنگال و زومار و سیمێڵ.
پڕۆسەی تەعریبکردنی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی (١٩٢١-١٩٥٨) ئەویش بە نیشتەجێکردنی عەرەبە بەدوەکان (گەڕۆکەکان) لە گەرمیان و ناوچەکانی حەویجە و مەخموور و ڕەبیعە و شنگال و زومار. هەندێک سیاسەتداڕێژ لە سەردەمی پاشایەتی، وەک یاسین هاشمی (١٨٨٢-١٩٣٧)، کۆنە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاسانکاریی زۆریان پێشکەش بە خێڵە عەرەبەکانی دیوی ڕۆژئاوای زێی دیجلە کرد تاوەکوو بێن لە دیوی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە ناوچەی حەویجە نیشتەجێ بن، ئەویش بە لێدان و ڕاکێشانی کەناڵێکی ئاو تاوەکوو عەرەبەکان لە دەوروبەری کەناڵەکە بەروبومەکانیان بچێنن. بەگشتی و بەتایبەتی لە سەروی زنجیرە شاخەکانی حەمرین، عەرەب لە مێژووی کۆن و نوێی عێراق لە بەری ڕۆژهەڵاتی دیجلە بە دەگمەن بوونی هەبووە، تاکوتەرا نەبێت. دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، دیاردەی نیشتەجێبوون، چاکترە بڵێم نیشتەجێکردنی عەرەبەکانی بەری ڕۆژئاوای دیجلە لە بەری ڕۆژهەڵاتی سەرهەڵدەدات.
سەرەڕای ئەوە، ئەم هەوڵانە وەک ئەوانەی دواتر زۆر سیستەماتیک نەبوون تاوەکوو هاتنی شۆڤینیستە عەرەبەکان بۆ سەر حوکم لە ١٩٦٣دا. تا ئەوکات هاتنی عەرەب بۆ کوردستان، کە بەنیاز بووبێت یان بێنیاز تەعریبی کوردستانی لێکەوتۆتەوە، زیاتر بەشێوەی گەشەیەکی سرووشتی بووە لەوەی سیاسەتێکی تەعریبی سیستەماتیکی لەپشت بووبێت، بۆیە لێرە تەنیا باس لەو سیاسەتانەی تەعریب دەکەین کە لەنێوان ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ ئەنجام دراون کە ئامانجی ستراتیجی پاڵنەریان بووە. هەر لەسەرەتاشەوە دەبێت ئەوە بڵێین کە سیاسەتی تەعریب لە ٢٠١٧ ەوە تا ئێستا زۆر بە چڕی دەستی پێ کردۆتەوە بەڵام لێرە کەمتر قسەی لەسەر کراوە چونکە پێویستی بە توێژینەوەی نوێ و هەمەلایەنە هەیە. لەم ماوەیەدا لە سێ بابەتدا باسم لە تەعریبی نوێ کردووە. یەکەم بەناونیشانی “هۆکاری پشت نەنووسینی مەزهەب و نەتەوە لە سەرژمێریی عێراق:مەترسییەکانی سەر کورد و سوننە”؛ دووەم بەناونیشانی “ترس و تۆقاندن، تەعریبی نوێ”؛ سێیەم لەژێر ناوی “تەعریب نییە، گەلۆ، بە بیلا تەعریب نییە”. دەرفەت هەبێتبێت ئیشی زیاتری لەسەر دەکەم.
بەگشتی، ڕووبەری ئەو ناوچانەی کە کوردەکان لە عێراق بە کوردستانی دەزانن نزیکەی ٨٦ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لەو ڕووبەرە، نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی، واتە ٤٢% باشووری کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان لە سەد ساڵی تەمەنی عێراق دا بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتووە.
بەهەرحاڵ، تەعریب سیاسەت و پڕۆسەیەکی ورد-داڕێژراو بوو و لە چەند قۆناغێکیشدا جێبەجێ کرا: قۆناغی یەکەم، لە ١٩٦٣ تا ١٩٦٨؛ قۆناغی دووەم لە ١٩٦٨ تا ١٩٧٥؛ قۆناغی سێیەم لە ١٩٧٥ تا ١٩٨٧؛ قۆناغی چوارەم لە ١٩٨٧ تا ١٩٩١؛ قۆناغی پێنجەم ١٩٩١ تا ٢٠٠٣. لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ تەعریبی سیستەماتیک و بەئاشکرا کەم دەبێتەوە بەڵام بنبڕنابێت، لە ٢٠١٧ ەشەوە تا ئێستا بە ڕۆژی ڕووناک تەعریب بە خەستی، بەتایبەتی لە ناوچە دابڕاوەکان دەستی پێ کردۆتەوە بەتایبەتی لە کەرکووک و دەوروبەری لەژێر سایەی پارێزگاری کەرکووک، ڕاکان جبوری. وەک ئاماژەی پێ کرا، ئەم توێژینەوەیە بەردەوامە بەڵام تەرکیزی لەسەر دوا قۆناغەکانی تەعریب نییە. بەهەر شێوەیەک بێت، هەموو قۆناغەکانی تەعریب یەک بەدوای یەک جێبەجێ کراون.
تەعریبی گوندەکان
لە قۆناغی یەکەم نزیکەی ٧٠ گوند لە دەوروبەری شاری کەرکووک و قەزای دووبز و ناوچەی کەندێناوە تەعریب کران، کە گوندەکەی ئێمە، گابەرەکە، یەکێک بوو لەو گوندانە. سیاسەتی تەعریب لە قۆناغی دووەمدا زۆر پچڕپچڕ و بەنهێنییەوە ئەنجام دەدرا چونکە دانوستان لەنێوان حکوومەت و سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردایەتی، لە ١٩٧٠-١٩٧٤، لەئارادا بوو. بەڵام لەدوای داڕمانی شۆڕشی ئەیلول لە ١٩٧٥، قۆناغی سێیەم لە تەعریبکردنی کوردستان بەچڕی دەستی پێ کرد. لەم قۆناغەدا نزیکەی ٦٦٠ گوند لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان تەعریب کران، کە گوندی پەلکانە یەکێک لەو گوندانە بوو کە خەڵکەکەی ئاوارەکران بۆ گوندەکەی ئێمە، گابەرەکە (خەڵکی گابەرەکە لە کۆتایی ١٩٦٧ ڕێگەیان پێدرا بوو بگەڕێنەوە جێگەی خۆیان). ئێستا پەلکانە بووە بە سیمبوڵی تەعریبی نوێ.
تەعریبی ناو کەرکووک
هاوکاتی تەعریب لە گوندەکانی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر گەڕەکیش لەناو کەرکووک و دەوروبەری دروست کران بۆ حەوانەوەی ئەو عەرەبانەی لەو سەردەمە بە لێشاو دەهێنران بۆ شارەکە. ئەو گەڕەکانەی کە لە کەرکووک بۆ عەرەبە هاوردەکان دروست کران، لەگەڵ ژمارەی ماڵەکان لێرە دەخەینە ڕوو، کە ئەمانەن: کەرامە (٦٠٠ خانوو)، موسەنا (٥٠٠ خانوو)، شوهەدای قادسیەی سەدام (٢٠٠ خانوو)، ئەندەلووس ( ٢٠٠ خانوو)، عەرەفە (٦٠٠٠ خانوو)، خانوەکانی عەمەل شەعبی (١٠٠٠ خانوو)، زوبات (٥٠٠ خانوو)، بەعس (٦٠٠ خانوو)، واسیت (٢٠٠ خانوو)، سیکەک (٤٥٠ خانوو)، ئیشتراکیە (١٠٠ خانوو)، غەرناتە (٢٠٠ خانوو)، حەجاج (١٠٠٠ خانوو)، عروبە (٢٠٠ خانوو)، شورتە (١٠٠ خانوو)، موسەڵا (٤٠٠ خانوو)، وەحدە (٢٠٠ خانوو)، حوریە (١٥٠ خانوو)، دورلئەمن (٢٢٠ خانوو)، دورل زوبات سەف (١٠٠ خانوو). ئەم داتایانە هی کۆتایی هەشتاکانە، ئێستا هەر خانەوادەیەکی عەرەب لانی کەم پێنج قەبارەی خۆی گەورە بووە. بێجگە لە هێنانی ئەم هەموو عەرەبە بۆ کەرکووک، ناوی گەڕەکەکان خۆی لەخۆیدا نەک هەر جۆرێکە لە تەعریب بەڵکوو هەناسەی بەعسی پێوە دیارە چونکە ناوەکان عەرەبی و هەڵقوڵاوی بیری بەعسی قەومەچیشن.
دابڕاندنی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک
بەئیزافەی ئەو پڕۆسە و میکانیزمانەی ئاماژەیان پێ کرا لە سەرەوە، پارێزگای کەرکووک دووچاری سیاسەتێکی دیکەی وردی حیساببۆکراو ببۆوە کە دەکرێت بە “بڕین و پڕکردنەوە” ناوببرێت. بۆ نموونە، لە ١٩٧٦دا، دوو قەزای کوردنشین، چەمچەماڵ و کەلار، لە کەرکووک دابڕێنران و خرانە سەر پارێزگای سلێمانی. قەزای توزخورماتوو لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنراو بە پارێزگای سەلاحەدین لکێنرا. بەهەمانشێوە، قەزای کفری لە پارێزگای کەرکووک پچڕێنراو خرایە سەر پارێزگای دیالە. وەک ڕووبەر، دوای ئەم سەوداوسەرە، ١٠٣٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە، واتە زیاتر لە ٥٠%، لە ٢٠٣٥٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە ڕووبەری پارێزگای کەرکووک دابڕێنراو دابەشکرا بەسەر پارێزگاکانی دیکەی دەوروبەری پارێزگای کەرکووک. لەپاڵ ئەمانەدا، لە هەمان ساڵدا، ناحیەی سەرگەران (کە تەنانەت ناوەکەشی تەعریب کرا و گۆڕدرا بۆ قودس) و گوندەکانی سنوورەکەیان تەعریب کرد و لە پارێزگای ‘هەولێر’یان دابڕی و خستیانە سەر پارێزگای کەرکووک. گابەرەکە یەکێک لەو گوندانەی ناحیەی سەرگەڕان بوو کە خرایە سەر کەرکووک بەڵام دوای تەعریبکردنی. لە ١٩٨٧ یشدا، قەزای عەرەبنشینی “زاب” لە پارێزگای نەینەوا پچڕێنرا و بە پارێزگای “کەرکووک”ەوە لکێندرا.
ئامانج لەم دەستکاریکردنانە تەعریبکردنی پارێزگا و شاری کەرکووک بوون، ئەویش بە کەمکردنەوەی چڕیی کورد لە پارێزگاکە و زیادکردنی چڕیی عەرەب. نیەتەکانی حکوومەت بۆ بەیەکجاری تەعریبکردنی کەرکووک لەگەڵ بەیاسا قەدەغەکردنی کورد لە کۆچکردن بۆ کەرکووک بەفەرمی کرا. ئەمەش لە قسەکانی عەلی حەسەن مەجید، ئەمین سری مەکتەبی شیمالی حیزبی بەعس لە ١٩٨٧ کە بۆ چەند هاوڕێیەکی بەعسی کردوون، دەردەکەوێت. عەلی حەسەن مەجید دەڵێت:
“من دەمەوێت باس لە دوو خاڵ بکەم: یەکەم، تەعریب و دووەم، خاکە هاوبەشەکانی نێوان ناوچە عەرەبییەکان و ناوچەی حوکمی زاتییە. ئەو خاڵەی کە ئێمە دەمانەوێت باسی بکەین کەرکووکـە. من کە هاتم، عەرەب و تورکمان [بە هەردووکیان] ٥٠% دانیشتوانی کەرکووکـیان پێک نەدەهێنا. سەرەڕای هەموو ئەم شتانە، من ٦٠ ملیۆن دینارم سەرف کرد تا گەیشتینە ئەم حاڵەتە… بۆ ئاگاداریتان ئەو عەرەبانەی، کە ئێمە هێنامانن بۆ کەرکووک ڕێژەکەیان نەگەیاند بە ٦٠%. بۆیە ئێمە ڕێنمایی دیکەمان دەرکرد. من قەدەغەم کرد کورد لە کەرکووک کاربکەن، تەنانەت لە گوندەکان و دەوروبەریشی”.
عەلی حەسەن مەجید لەو ڕۆژەی، کە وەک ئەمین سڕی مەکتەبی شیمالی حیزبی بەعس دەستنیشان کرا، گوایە بە سەدامی گوتبوو “اروح للشمال لو البس سروال لو اخلیهم کلهم یلبسون عگل”، واتە دەچمە باکوور [کوردستان] یان شەروالی کوردی لە پێ دەکەم یان وایان لێ دەکەم هەموویان عەگالی عەرەبی لەسەر بکەن.
لەکاتێکدا کە کورد بە هەزاران لە کەرکووک دەردەکران، لەهەمانکاتدا عەرەب بە هەزاران هاوردە دەکران. هاوکات، هاتوچۆ و کۆچکردن و کارکردنی کوردان لە کەرکووک دەیان تەگەرە و کۆسپی لەپێش دروست دەکرا، کەچی حکوومەت نەک هەر ئاسانکاری بەڵکوو پارەی بەبێ بەرابەر و پارەی وەک قەرد و زەوی و خانووبەرەی دەدا بەو عەرەبانەی لە شارەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق دەهاتن بۆ کەرکووک.
تەعریب بە دروستکردنی ئۆردۆگا
بۆ جێکردنەوە و حەوانەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ کوردستان، حکوومەتی عێراقی، وەک ئیسرائیل، سەدان ئۆردوگای نیشتەجێبوون (مستوطنات سکنیة) لە پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دروست کرد کە هەر یەکێکیان سەدان خانووی لەخۆدەگرت. بۆ نموونە: لە دارەمان و گەڵۆزی ( سەدان خانوو) لە ناحیەی شوان؛ جەمهوریە (سەدان خانوو) لە ناحیەی یایچی؛ مەیسەلون (١٠٠ خانوو)، ڕافیدەین (سەدان خانوو)، حوتەین (٥٠٠ خانوو)، حەیفا (١٥٠ خانوو)، یافا (١٠٠ خانوو)، قودس (١٠٠ خانوو)، تەمووز (٣٠ خانوو)، دور ئیزاعە (دەیان خانوو)، دور ئەمن (دەیان خانوو)، موسەننا (سەدان خانوو) و تەئمیم (سەدان خانوو) لە قەزای دووبز؛ یافای عەسکەری (٣٠٠ خانوو)، ئەلمەساوڵە (٥٠٠ خانوو) لە توزخورماتوو؛ مەحاویش (٣٠ خانوو)، عەسرییە (٥٠٠ خانوو)، حوسێن ئاغا (٤٠٠ خانوو) و داقوق (٥٠٠ خانوو) لە قەزای داقوق؛ کلێسا (٢٥ خانوو)، قەرەهەنجیر (٤٠٠ خانوو)، لەیلان (٣٠٠ خانوو)، گامێشەوان و تیرکاشان (٦٠ خانوو) و تەرجیل (٥٠ خانوو) لە ناحیەی قەرەحەسەن؛ یایچی (١٠٠ خانوو) لە قەزای حەویجە؛ موجەمەعی ئیشتراکیە (٥٠٠ خانوو) لە قەزای کفری، تەئمیم (٣٠٠ خانوو)، عەلی موراد (١٥٠ خانوو)، نەجەف (١٥٠ خانوو)، سەبعە نیسان (١٠٠ خانوو)، کارێزی خواروو (١٠٠ خانوو)، فیشخاپوور (٦٥٠ خانوو)، دێرابین (٥٠٠ خانوو) لە قەزای زاخۆ، سەرشۆر (٤٠٠ خانوو)، کانی سپی (٣٠٠ خانوو)، فایدە (٥٠٠ خانوو)، باستکەی سەری (٥٠٠ خانوو)، باتێل (٥٠٠ خانوو)، ئاڤزریک (٣٥٠ خانوو)، خراپ دێم (٤٥٠ خانوو)، کەلیک (٤٠٠ خانوو)، گڕشین (٣٠٠ خانوو) و باجیت کەندالە (٢٠٠ خانوو) لە قەزای سیمێل؛ عەین سوفنی (٧٠٠ خانوو) و ئەترووش (١٥٠ خانوو) لە قەزای شێخان.
سڕینەوەی کورد لە ڕێگەی تەرحیل
تەرحیل، واتە ڕاگواستن و چۆڵکردن، میکانیزم و ستراتیجێکی دیکەی دەوڵەتی عێراقی بوو بۆ سڕینەوەی کورد لە عێراق. بۆ نموونە، دەوڵەتی عێراق بەشێوازێکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ ناوچەکانی سەرەوەی کوردستان، مەبەستم ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سەر سنووری ئێران و تورکیا و سووریایە، دەکرد. دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئەم سێ وڵاتە بەقوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر تەرحیل (ڕاگواستن) و تەهجیر (چۆڵکردن) کران و گوندەکانیان تەخت کران. لە ١٩٧٨دا، ٨٧٢ گوند بە شۆفەڵ و بلدۆزەر لە ماوەی چەند مانگێک ڕووخێنران. ئەوەی پڕۆسەی تەرحیل و تەهجیری گوندەکانی سەر سنووری لە دەرکردنی گوندە کوردییەکان لە بەشی خوارەوەی کوردستان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە حکوومەت ناوچە سنوورییەکانی تەعریب نەکرد، واتە عەرەبیان نەنارد بۆ گوندە چۆڵکراوەکان کەچی لە ناوچەکانی خوارەوە کوردیان لە هەر شوێنێک دەرکردبا عەرەبیان دەهێنا جێگەکەی. بەتێکڕا، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدی بیست، حکوومەت ٦٠٠ هەزار کوردی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی ڕاگواست بۆ ٥٩ ئۆردوگای بنیاتنراو لەسەر جادە سەرەکییەکان و لە نزیک شار و شارۆچکەکان.
بەپاساوی شەڕی عێراق-ئێران لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨ حکوومەت ژمارەیەکی دیکە گوند و شارۆچکەی ڕووخاند و خەڵکەکەشی ڕاگواست.
بەکورتی، لە ١٩٦٣ تا ١٩٨٧ حکوومەتەکانی عێراق زیاتر لە ١٩٢٨ گوند و پێنج مەرکەزی ناحیە و دوو مەرکەزی قەزا و سێ ئۆردوگایان لە کوردستان وێران و خاپوور کرد، هەندێکیان تەعریب کرد و بەشێکیشان کاولکرد و خەڵکەکەشیان ڕاگواست (تەماشای خشتەی خوارەوە بکە).
تەعریب و ئەنفال
ڕاستە مەبەست لە ئەنفال قڕکردنی بەشێک لە خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام ئامانجێکی سەرەکی و ستراتیجی لە پشت پڕۆسەی ئەنفال سڕینەوەی کورد بوو لە پارێزگای کەرکووک، واتە تەعریبی کوردستان.
لە هەنگاوی یەکەمی ئەنفال، لە ٢١ی نیسانی ١٩٨٧ تا ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی حکوومەتی عێراق ٧٠٣ گوند و شارۆچکەیان، لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیان دابوو، وێران کرد. سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکانی ئەم گوندانە ئەنفال نەکران، بەڵام هەرزوو بەشێک لە گوندەکانیان تەعریب کرد، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی هاوتخووب بوون لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە پێشووتر تەعریب کرابوون، وەک ناوچەکانی گەرمیان و قەراج و کەندێناوە و شەمامک و شێخان و زومار. گوندەکەمان، گابەرەکە لە ڕۆژی لە دایکبوونی سەدام حوسێن، ٢٨ی نیسانی ١٩٨٧، بۆ جاری دووەم تەخت کرا و تەعریب کرا.
هەنگاوی دووەمی ئەنفال لە هەشت قۆناغ پێکهاتبوو، کە لە ٢٢ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێ کرد و لە ٦ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا کۆتایی پێ هات. بەسەریەکەوە لە هەردوو هەنگاوی ئەنفال نزیکەی ملیۆن و نیوێک هاووڵاتی کورد لە زێدی باوباپیرانیان دەرپەڕێنران و گوێزرانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان (موجەمەعە سەکەنییەکان)، ١٨٢ هەزاریشیان شونبزر کران. حکوومەتی عێراقی لەم ماوەیەدا بەشێوەیەکی بەربڵاو چەکی کیمیاوی بەکارهێنا. ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت لە نیسانی ١٩٨٧ تا ئەیلوولی ١٩٨٨ بە لانی کەم هێزە سەربازییەکانی عێراق لە چل شوێنی جیاجیا چەکی کیمیاوییان بەکارهێنا.
لێرە هەوڵ دەدەین نەخش و جوگرافیای شونبزرکردن و لەناوبردنی ئەو خەڵکە مەدەنییانە بخەینەڕوو، کە بەر هەڵمەتەکانی ئەنفال کەوتن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ناوچانەی، کە ئەنفالەکانیان تێدا ئەنجامدرا دابەش دەکەین بە سەر چوار حەوز. حەوزی دهۆک، حەوزی هەولێر، حەوزی سلێمانی و حەوزی کەرکووک (تەماشای نەخشەی هاوپێچ بکە).
بەپێی ئەو داتایانەی کە من توانیومە پشتڕاستیان بکەمەوە، لە ئەنفالەکان دا ٦٨٢٣٠ کەس کوژراون (شونبزر کراون). ئەوە بەو مانایە نییە کە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر نییە. بەهەر حاڵ، لە کۆی ٦٨٢٣٠ لەو کەسانەی لە هەموو قۆناغەکانی ئەنفال دوای گرتنیان بێسەروشوێن کراون ئەوە ٥١٢٣٦ کەسیان لە حەوزی کەرکووک بوون، واتە لە ٧٥% ی هەموو ئەوانەی لە کوردستان ئەنفالکراوەکان لە دوو قۆناغەکەی حەوزی کەرکووکن، قۆناغی سێیەم و چوارەم.
نابێت ئەوەش پشتگوێ بخرێت، لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێک لەو خەڵکەی کە لە حەوزی کەرکووک دەستبەسەر کرابوون بەناو شاری چەمچەماڵ، ئەوا خەڵکی شارەکە ڕێگریان لە کاروانەکە کرد و توانیان خەڵکێکی ئێجگار زۆریان لێ ڕزگار بکەن. ئەمە نەبووایە ژمارەی ئەو کەسانەی، کە لە حەوزی کەرکووک ئەنفالکران لەوە زۆر زیاتر دەبوو کە ئێستا هەیە.
بێجگە لەمە، ژمارەی ئەو کەسانەی، کە لە قۆناغی دووەمی ئەنفال شونبزر کراون ٨٨٣٥ کەسن، کە دەکاتە نزیکەی ١٣% ئەو کەسانەی لە ئەنفالەکان دا بێسەروشوێن کراون. ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆربەی هەرە زۆری ئەو ٨٨٣٥ کەسە لەو کەسانەن، کە لە قۆناغی دووەم لە ناوچەی قەرەداغ بەرەو خوار ڕوویان لە گەرمیان کرد. ئەو کەسانەی کە لەهەمان ناوچە لە کاتی هەڵمەت و هێرشەکان بەرە و عەربەت و سلێمانی، واتە حەوزی سلێمانی، بەڕێکەوتن بەگشتی بە سەلامەتی ڕزگاریان بووە. کەچی ئەو خەڵکانەی کە لە قۆناغی دووەم بەرەو خوار بۆ ناوچەی گەرمیان، واتە حەوزی کەرکووک، هەڵاتان هەموویان ئەنفال کراون. بۆیە دەکرێت ژمارەی ئەنفالکراوانی قەرەداغ لەسەر حەوزی کەرکووک نەک سلێمانی هەژمار بکرێن، چونکە وەک ئاماژەی پێ کرا لەوێدا دەستبەسەر کران و لەناوبردران. ئەگەری زۆرە، ڕژێم لە کاتی گرتنیان نەیزانی بێت ئەوانە لە کوێوە هاتوون بۆیە چارەنووسیان وەک چارەنووسی خەڵکە مەدەنییەکەی حەوزی کەرکووک بێسەروشوێن کردن بوو. بەمەش ژمارەی ئەوانەی لە حەوزی کەرکووک ئەنفالکراون دەبێتە ٦٠٠٧١ لە کۆی ٦٨٢٣٠ ئەنفالکراوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ٨٨% ی هەموو ئەو کەسانەی لە تەواوی کوردستان ئەنفالکراون لە حەوزی کەرکووک بوون. ئەمەش ئەو ئارگیومێنتە دەسەلمێنێت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەنفال و تەعریبدا هەیە.
پوختە
هۆکاری سەرەکی لە پشت پڕۆسەی تەعریب و هەڵمەتەکانی ئەنفال هەوڵێک بوو بۆ تواندنەوەی کورد لە پڕۆسەی دروست کردنی دەوڵەت-نەتەوەی (nation-state) عێراق دا، کە لەڕاستیدا لە کەیسی عێراق هەوڵەکان بۆ دروست کردنی دەوڵەت-نەتەوە بەمانا مەدەنییە سێکولارەکەی نەبوون بەڵکوو دەوڵەت-نەتەوە بەمانا ئیتنییە عەرەبییەکەی بوو. بەواتایەکی دیکە تواندنەوەی کورد لە قازانی عەرەبی دا، لەگەڵ لەناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان، کە بە ڕێگر لە پێش پڕۆسەی تواندنەوەکە و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکە دەبینرا. دواتریش قڕکردنی یان کپ کردنی کورد، بەتایبەتی بە وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان. ڕژێم دەیویست ژێرخانی ئابووری کوردستان، کە دێهاتەکان بوو، تەفروتونا بکات، بەمەش وا لە کوردەکان بکات، کە زیاتر پشت بە ناوچەکانی دیکەی عێراق ببەستن و هەوڵەکانی تواندنەوەی کورد لە قازانی عێراق دا سەرکەوتووتر بێت.
بە وردبوونەوە لە نەخش و جوگرافیای هەڵمەتەکانی ئەنفال هەندێک ئامانج و نیازی ستراتیجی دیکەی ڕژێمی عێراقی دەردەکەون. مەبەستی سەرەکی حکوومەتی عێراقی لە ئەنفالەکان دروست کردنی کەمەربەندێکی بێ-کورد (no-Kurd buffer zone) بوو لە چواردەوری شاری کەرکووک، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەت بوو بۆ قرتاندنی ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکانی پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری بوو.
سەرچاوەکان
١. مینا، ئەمین قادر (١٩٩٩) ئەمنی ستراتیجیی عێراق و سێکوچکەی بەعسییان: تەرحیل، تەعریب، تەبعیس، چاپی دووەم، سلێمانی: سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان.
٢. عبدالرحمن، زیاد (١٩٩٥) توونی مەرگ: هێرشەکانی ئەنفال لە بەڵگانەمەکانی ڕژێم دا، تەورێز (دەزگای چاپ دیار نییە).
٣. محمد، خلیل اسماعیل، سیروان کاکەیی ومحمد عبداللە عمر ومحمود حاجی (٢٠٠٤) سیاسة التعریب فی اقلیم کردستان العراق: دراسة وثائقیة، اربیل: دار اراس.
٤. کرمانج، شێرکۆ (٢٠١٧) شوناسی عێراق: ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، سلێمانی: دەزگای سەردەم.
٧. مەلا شاخی، ئەبوبەکر محەمەد حاجی (٢٠٠٧ئەلف) ئەنفالی خاڵخاڵان، کەرکوک: چاپخانەی کارۆخ.
٨. مەلا شاخی، ئەبوبەکر محەمەد حاجی (٢٠٠٧باء) ئەنفالی رەش، کەرکوک: چاپخانەی کارۆخ.
٩. نادر، کاوە (٢٠٠١) کەندێناوە لەنێوان راگواستن و بەعەرەبکردندا، هەولێر: رۆژنامەی میدیا.


