موحسین ئۆسمان
پێشکەوتنی هەر پارتێکی سیاسی لە جیهاندا، پەیوەستە بە پڕۆسەی “پاکبوونەوە” (Catharsis)، چونکە پارتێک نەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕیتمی دەوروبەرەکەیدا بکات، لە خەڵک دوور دەکەوێتەوە و تووشی بیرۆکراسی دەبێت. بەمەش سێ خاڵ بۆ هەر پارتێک گرنگن؛ مێژوویەکی پاک و پڕ لە خەبات، پارتێک کە لەسەر بنەمای دەزگا و دامەزراوەکان کار بکات، هەروەها خۆی لەگەڵ سەردەم و گۆڕانکارییەکاندا نوێ بکاتەوە.
لهسەر بنەمای ئەزموون و بارودۆخی ناوچەکە، هەر پارتێک پێویستی بە میرێک هەیە، میر نەوەکوو بە واتای کەسێک بێت، بەڵکوو بە واتای “فیکر و قووڵبوونەوە و ڕێکخستن”، کە بە گشتیی سیستەم و هێڵی پارتەکە ئاڕاستە دەکات. یەکێک لە کێشەکانی پارتەکانی ئێمە، چۆنیەتی پەیوەندی “ئەم میرەیە بە خەڵکەوە”، کە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت؛ پارت خۆی بزووتنەوەیەکی مێژووییە و میرەکانیش کەرەستەکانی پارتەکەن. بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کێشەی سەرکردایەتی هەیە، لەبەر ئەوە لەم سەردەمەدا، ئێمە پێویستمان بە میرێک هەیە، کە لەو هاوکێشە “تراجیدیایەی ئێمە، کە دەبێتە کۆمیدیا” ڕزگارمان بکات.
سەربووردە و بارودۆخی ئەمڕۆی نەتەوەی کورد، مرۆڤ ڕووبەڕووی پرسیارێک دەکەنەوە؛ گەلۆ بۆچی پارتەکان کەرت کەرت یان لاواز دەبن؟ دیارە ئەم ئەنجامە لە “نەبوونی دامەزراوەیی و نەبوونی شەرعییەت و بەرژەوەندیخوازیی و ئەنجام نەدانی چاکسازی”ی خودی پارتەکانەوە دێت، چونکە هەمیشە شێوازەکانی “سڕینەوە” لەم جۆرە پارتانەدا، زاڵ دەبن بەسەر شێوازەکانی “هاوکاری” و “پێکدانیشتندا”. لەبەر ئەوە لە پرسیاری ئەوەی، کە بۆچی فڵان پارت، یان تیۆر، یاخود ئایدۆلۆجیا هەڵوەشایەوە گرنگ نییە، لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ بۆچی ئەو پارتە ڕێگری لە پڕۆسەی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن دەکات؟ بەم شێوازە و بە کولتووری چەپڵەلێدان و بەرزکردنەوەی دروشم، هیچ کۆمەڵگە و پارتێک پێش ناکەون.
ڕاستە یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازی و هەڵوەشاندنەوەی “پارت و ئیمپراتۆریەت و دەسەڵات و…هتد” لە ئەنجامی نەبوون، یان ڕێگە نەدان بە ڕەخنە و نرخاندنەوە دێت، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ گەلۆ کێ لێرەدا ڕەخنە لەم توخمانە بگرێت؟ وێڕای ئەمەش، ئایا لە سەردەمی گۆڕانی بارودۆخەکاندا، کێ پێداچوونەوە بە ئامرازەکانی گەشەکردندا بکات؟ بە ڕاستی ئەوانەی دروشمی گۆڕانی دەرەکی وەکوو شێوەیەک بەرز دەکەنەوە و گۆڕانکاری ناوخۆیی ڕەت دەکەنەوە، ناتوانن یەک هەنگاو بەرەو پێشەوە بچن. لەبەر ئەوە، ئەمانە بەهۆی دوژمنی بەهێزی دەرەکییەوە لەناو ناچن، بەڵکوو بەهۆی نەبوونی توانای بەرهەمهێنانی فیکری نوێوە لەناو دەچن. واتە ڕاستە هەمیشە دوژمنی دەرەکی هەیە، بەڵام کێشەی گەورەکەی ئەم هۆشیارییە ئەوەیە، کە تەنیا کێشە و دوژمنە دەرەکییەکان دەبینن و چاویان لە ئاست کێشە ناوخۆییەکان دادەخەن.
ئەو لایەنانەی لە هەڵەکانی خۆیان و دەوروبەریانەوە فێردەبن، دەتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنن، بەڵام ئەو پارتانەی زیاتر بەرگری لە دوێنێی خۆیان دەکەن و شانازی پێوە دەکەن، ئەوا ئەمڕۆ یان سبەی دەبنە میوانی عەقڵیەتی ئەشکەوت. ئەو ئایدۆلۆجییایەی پارتە کۆنەکان پەیڕەوی دەکەن، لەبری ئەوەی ئایدۆلۆجیاکەیان بکەنە میتۆدێک بۆ تێگەیشتن لە دەوروبەر، دەیکەنە پەردەیەک بۆ ڕێگریکردن لە بینینی دەوروبەر. ئەمەش وادەکات ئەندام و لایەنگرانی باش و ڕژد و خاوەن فیکر و پرەنسیپ لە پارتەکان دوور بکەونەوە. لەبەر ئەوەش وەکوو ئەنجامێک، لەبری ئەوەی پارتەکە پڕەنسیپ و سیاسەت بەرهەم بهێنێت، خەڵکێکی گوێڕایەڵ و پاشکۆیەتییەکی کۆیلانە بەرهەم دەهێنێت.
بەو واتایە، پارتە سەرکەوتووەکان لە کاتی سەرکەوتنەکانیاندا، زیاتر پێداچوونەوە بە خۆیاندا دەکەن وەکوو لە کاتی شکستەکانیاندا. بۆیە تاقیکردنەوەی ڕەسەنایەتی هەر پارت و تیۆر و ئایدۆلۆجیایەک بە ڕەخنە و نرخاندن دەکرێت. ئیتر ئەو بیرکردنەوانەی نایانەوێت بگۆڕێن، لە کۆتاییدا خۆیان لە هەمبەر پێشکەوتندا ڕووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگ دەبنەوە. هەروەها ئەو پارت و بیرکردنەوانەی نایانەوێت بگۆڕێن، بە بیانووی پاراستنی پڕەنسیپەکانەوە دەچنە پێشەوە. بەڵام لە کۆتاییدا، ئامرازەکانیان ناتوانن شیکاری و ڕاڤە بۆ دەوروبەر و داهاتوو بکەن. واتە ئەو فیکرەی نەتوانێت ڕەخنە لە خۆی بگرێت، دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی ڕەق و وشک.
بە گشتی، کاتێک پارتێک خۆی لە کۆمەڵگە بە بەرزتر و گرنگتر دەبینێت، ئەو کاتە پارتەکە تەنها وەکوو دەزگایەک بۆ پاراستنی خۆی دەمێنێتەوە. بەمەش نەوەکوو هەر پارتە کوردییەکان کێشەی ڕێکخستنیان هەیە، بەڵکو کێشە گەورەکە ڕێگەی تێڕامان و هزرینی چەوتیانە. لەم کاتەدا، ئەرکی ئەندامەکان زیاتر دەبێتە پابەندییەکی کوێرانە، نەوەکوو بیرکردنەوە و بەرگری و ڕەخنە. واتە کاری ئەندامان زیاتر دەبێتە پابەندبوون و گوێڕایەڵی نەوەکوو ڕەخنە و لێپرسینەوە، چونکە چیتر دەرفەت بە فرەفیکری و ڕەخنە و پێداچوونەوە و پرسیارکردن نادرێت. بۆیە نەوەکوو هەر بە بێدەنگکردنی خەڵک چارەسەری کێشەکان ناکرێت، بەڵکوو ئەم قەوارەیە وەکوو ڕێکخستنێک یان پارتێکی دابڕاو لە خەڵکی لێدێت و بەرەو پەراوێزکەوتن دەچێت.
بەم پاشخانانە، ئەو پارتانەی زیاتر لە نێو فیکری سەرۆکەکەیاندا دەژین وەکوو لە نێو کۆمەڵگەدا، بە هەموو پێوەرێک هەژار و بێ داهاتوون. دیسان کاتێک پارت دەبێتە ئامانج، “دەوڵەت و حکوومەت و نەتەوە”یش دەبنە ڕێگە و ئامراز، ئەو کاتە گۆڕی داهاتووی ئەم نەتەوەیە هەڵدەکەنرێت. لەبەر ئەوە ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە خۆدا، نەوەکوو ترس و ڕاکردن نین، بەڵکوو مەرجەکانی سەردەم و بەردەوامبوونن. بەمەش کۆمەڵگە و فەرمانڕوایی بە پاشکۆیەتی کوێرانە ناکرێت، بەڵکوو بە توانای تێگەیشتن لە دەوروبەر و گوێگرتن لە دەنگە جیاوازەکان دەکرێت. ئیتر ئەو سیاسەتەی لە دەوروبەرێکدا لە دەرەوەی تیۆرییەکان بێت، کۆمەڵگەیەک بە گەرمکردنی دروشمەکان و سیاسەتێک، کە نەتوانێت لەگەڵ پێشکەوتندا بڕوات. ئەو کاتە ئەو پارت و ڕێکخستنە لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، خۆی دەگۆڕێت بۆ هۆکارێک بۆ ئاڵۆزکردنی زیاتری گرفتەکان.
وەکوو ڕۆژەڤ و دیفاکتۆ، ئەم قۆناغەی تێیدا دەژین، کە بە ژیریی دەستکرد (AI) دەناسرێت، دەبێت تەواوی “مۆدێل و ئایدۆلۆجیا و تیۆری و پارت و سیاسەت”ەکان بخەینە بەردەم “پێداچوونەوە و پێناسەکردنەوە”. چونکە ئەمڕۆ ڕەهەندەکانی ئەرک و ڕۆڵی پارت و سیاسەت گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. لەم سەردەمەی ژیریی دەستکردەدا، دەبێت سەرچاوەکانی دەسەڵات لە چەکی ڕەق و بەرگرییەوە، بگوازرێنەوە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی نەرمی فیکر و مەعریفە، وەکوو کایەکانی پەروەردە و توێژینەوە زانستییەکان و تەکنەلۆجیای مۆدێرن. لەبەر ئەوە دەبێت پارت و سیاسەتی کوردییش لە چوارچێوەی ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە، بگوازرێنەوە بۆ کایەکانی “ناسنامە و نەتەوە و بنیاتنانی دامەزراوەکان و گەشەپێدان و پاراستنی بوونی کولتوری کوردی”. لەم سەردەمەدا، دەبێت دروشمی پارتە کوردییەکان لە پڕوپاگەندەی ڕزگاریی نیشتیمانییەوە، بگوازرێنەوە بۆ کایە فیکری و مەعریفییەکان.
بەمەش پارت لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، تەنیا ڕێکخراوێکی سیاسی نییە، بەڵکوو وەکوو دامەزراوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی مانا و پاراستنی کەرامەت و ئازادی تاکەکانی کۆمەڵگەیە. لەبەر ئەوە بارودۆخی ئەمڕۆ داوای سازدانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەکات، چونکە ئەم سەردەمە پێویستی بە خۆئامادەکردنە بە ئامرازە نوێیەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پێشهاتە تەکنەلۆجییانەدا. واتە هەر قۆناغێک، شێواز و فۆڕمی مامەڵەکردنی خۆی داوا دەکات، تاوەکوو بتوانێت خۆی لەگەڵ سەردەمەکەیدا بگونجێنێت. لەبەر ئەوە ئەمڕۆ بمانەوێت یان نەمانەوێت، ژیریی دەستکرد زاڵ بووە بەسەر تەواوی ڕێڕەو و کەناڵەکانی ژیاندا، ئەمەش وادەکات، کە ئێمە وەکوو کورد میکانیزمێک بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی بدۆزینەوە. بەم شێوەیە، لە ئەمڕۆ بەدواوە، تەواوی کایەکان ڕێگەی ئۆنلاین دەگرنەبەر. لەبەر ئەوە، ئێمەش ناچارین خەڵکی خۆمان لەسەر بنەمای ئەم پێشهاتانە پەروەردە و ئاڕاستە بکەین.
بەکورتی، ئەگەر ئەمڕۆ نەوەی کۆن نەتوانێت لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکاندا خۆی پێش بخات، دابڕان لەنێوان هەردوو نەوەکەدا دروست دەبێت. ئەمەش وەکوو ئەنجام، دابڕانێک لەگەڵ مێژوو و ڕابردووی پارتەکانیشدا دروست دەکات. لەبەر ئەوە، ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە، پارت و سیاسییەکان بتوانن بەشێک لە ماناكانی خۆیان بگێڕنەوە، چونکە نەوەی نوێ تا سنووری ڕەتکردنەوە و نەمان، باوەڕی بە نەوەی کۆنی ئەم پارت و سیاسەتەی ئەمڕۆ نەماوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەکوو داهاتوو، دابڕان و نامۆبوون لەسەر ئاستی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دروست دەکات.


