سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئابووریی وەبەرهێنانی خانووبەرە یان تەعریبی هاوچەرخ: چۆن سیاسەتی گشتیی لە هەرێم یەکسانیی و ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە

لە فەلسەفەی سیاسەتی گشتییدا، دەوڵەت بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و قانوونی بۆ بەڕێوەبردنی شمەک و خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی ستراتیجییەکانی “دابەشکردن و دووبارە دابەشکردنەوە” (distributive and redistributive policies) هەیە. ئامانجی ئەم سیاسەتانە تەنها گەشەی ئابووری نییە، بەڵکوو دەستەبەرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و پاراستنی هاوسەنگییە لەنێوان ململانێی بازاڕ و ئازادییەکاندا. حکوومەتە هۆشیارەکان لە ڕێگەی ئەم ئامرازانەوە سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنن، بەو پێیەی لە کەتواردا دەیسەلمێنن، کە بێلایەنن و دژی پەراوێزخستنی چین و توێژەکانن. بەڵام ئەو مۆدێلەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، نەوەکوو هەر لادانە لەم بنەما زانستیی و عەقڵانییە، بەڵکوو گوزارشتە لە شکستێکی سیستەماتیکی دیزاینی سیاسەتەکان.

حکوومەتی هەرێم لەبری پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ، ڕێگەی داوە وەبەرهێنانی خانووبەرە ببێتە “دێوەزمەی ئابووری” و بەسەر هەموو کەرتە بەرهەمهێنەرەکانی دیکەدا زاڵ بێت. ئەمەش نابەرانبەرییەکی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی لێکەوتۆتەوە. کەرتی خانووبەرە لەبری ئەوەی چارەسەری قەیرانی کرێنیشینی بکات، بووەتە ئامرازێک بۆ “دەوڵەمەندکردنی خێرای توێژێک و پێڕێكی سیاسی و سەرمایەداری نزیك لە دەسەڵات و قووڵکردنەوەی هەژاریی زۆرینەی هاووڵاتییان.

حکوومەت نەیتوانیوە دەستێوەردان بکات بۆ ڕاستکردنەوەی شکستی بازاڕی خانووبەرە. لەبری بنەمای “خانووبەرە وەکوو ماف”، مامەڵە لەگەڵ “خانووبەرە وەکوو کاڵایەکی وەبەرهێنان” کراوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی “بڵقی خانووبەرە” (real estate bubble)، کە تەنها سوود بە پێڕ و تاقمێکی سیاسی و دەوڵەمەند دەگەیەنێت.

مەترسیدارترین ڕەهەندی ئەم سیاسەتە ناهاوسەنگە، گۆڕانی قەیرانە ئابوورییەکەیە بۆ هەڕەشەیەکی ستراتیجیی نەتەوەیی. لە هەرێم مۆدێلی وەبەرهێنان لە خانووبەرە، بەهۆی نەبوونی ستراتیجی نیشتمانی، جۆرێک لە “تەعریبی هاوچەرخ” یان “تەعریبی ئابووریی (Economic Arabization)  بەرهەمهێناوە. ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێم نەوەکوو لە ڕێگەی زەبری سەربازییەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی دینامیکی بازاڕی خانووبەرەوە، چونكە پڕۆژە لەکسەکان، کە لە توانای کڕینی هاووڵاتیی کورد دا نین، دەبنە مەکۆی ڕاکێشانی سەرمایە و کۆمەڵگەی عەرەبی لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە. ئەمەش هێماکانی تەعریب لەناو جەرگەی شارە کوردییەکاندا بەرجەستە دەکات.

ئەنجامەکانی ئەم سیاسەتە، نەوەکوو هەر قەیرانی کاتیی وەکوو زۆربوونی شارنیشینیی بێ پلان و قەرەباڵغیی و پیسبوونی ژینگە دەخولقێنێت، بەڵکوو قەوارەی سیاسیی هەرێم ڕووبەڕووی مەترسییەکی ئایندەیی دەکاتەوە. تێكچوونی هاوسەنگیی نەتەوەیی و گۆڕانی ناسنامەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتیی شارەکان، لە ئایندەدا زەمینە بۆ نەمانی سەقامگیریی و ململانێی نەتەوەیی دەسازێنێت.

وەکوو دەرئەنجام، ئەم دۆخە خزمەت بە هیچ سیاسییەکی ژیر ناکات و تەنها سوودمەند لێی گرووپە هەلپەرستەکانن، کە لە سێبەری دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنیدا بەرژەوەندییە نایاساییەکانیان دەپارێزن. گۆڕینی ئەم ئاراستەیە پێویستی بە دەستێوەردانی دەستبەجێی حکوومەتە بۆ دیزاینکردنەوەی سیاسەتی نیشتەجێبوون وەکوو بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی، نەک وەکوو کاڵایەکی بازرگانی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO